Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووى سەدەکانى ناوەڕاستى کورد / شوناسی کوردی لە ئیمپراتۆرێتیی عوسمانیدا

شوناسی کوردی لە ئیمپراتۆرێتیی عوسمانیدا

kol-ve-bacak-kesme-osmanli-iskenceleri-e1380123857523

جانێت کلین
و. لە ئینگلیزییەوە: عەتا قەرەداخی

بەشێک لەو چاکسازییە بەرفراوانەی، کە حکوومەتی ناوەندی عوسمانی هێنا بۆ بینینی ناوەندبوون- مەرکەزیەت- وەکوو ئامانجێکی نوێگەری، لەباریدا بوو یەکێتیی هەرێمایەتی، ئەوەی لە ئیمپراتۆرییەتەکە ماوەتەوە بپارێزیت، هەروەها بۆ بایەخدان بوو بە بڵاوکردنەوەی چەمکە نوێیەکانی هاووڵاتییبوون. ئەم ‌هێشتا ئیمپراتۆرێتێک بوو، بەڵام ئیمپراتۆریتێک کەوتبووە ئەوەی، وەکوو دەوڵەتی نەتەوە (بیر بکاتەوە). نیشانەکردنی یان کێشانی سنوور و هەروەها ناساندنی ئەو خەڵکەی لە چوارچێوەی ئەو سنوورانەدا دەژیان، بەشێکی گەورە بوو لەم گۆڕانکارییە. ناشێت ئەم پرۆسێسە جیا بکرێتەوە لە شەڕکردن لەپێناو سەروەرێتی و یەکێتیی هەرێمایەتیدا، کە بە بەردەوامی لە لایەن هێزە دەرەکییەکانەوە لاواز کراوە (١٤). یاسای هاووڵاتیبوونی- هاونیشتمانیبوونی- دەوڵەتی عوسمانی ساڵی ١٨٦٩ پایەی رەعیەتی دەوڵەتی عوسمانی، کە لەسەر بنەما ئایینییەکان رێکخرابوو، گواستەوە بۆ رێکخستن لەسەر بنەمای هاونیشتمانی-هاووڵاتی- بەوەی هەمووان هاونیشتمانیی هەمان دەوڵەتن و هەمووان یەکسانن لە “بابەتەکانی خزمەتی سەربازی و لە بەڕێوەبردنی دادپەروەری و لە باجدان و لە وەرگرتن لە قوتابخانە مەدەنی و سەربازییەکان و لە کاری گشتی و لە ڕێزگرتنی کۆمەڵایەتیدا (١٥)“، ئەمەش بنیات نرابوو لەسەر-هات هیومان-ی پێشتری ساڵی ١٨٥٦. لەکاتێکدا ئەم چاکسازی و گواستنەوانە لە زۆر بواری دەوڵەتی عوسمانیدا راگەیەندران، ئەو بیرکردنەوەیەی، کە دەوری چەمکەکانی “هاووڵاتیبوون”ی دابوو، لەکۆتایدا نەتوانرا لەو رووداو و پرۆسێسە فراوانترانە دەرباز بکرێت، کە ئەو کەسانە رووبەڕووی بوونەتەوە، کە بایەخیان داوە بە پاراستنی یەکێتیی هەرێمایەتی ئیمپراتۆریەت. وەکوو هێزە ئەوروپییەکان و رووسیا ئیدیعای بوونی بەرژەوەندییان لە پاراستنی “کەمینەکان” کردووە لە قەڵەمڕەوی عوسمانیدا (کریستیان بخوێنەوە)، چەمکی هاووڵاتیبوون لە قەڵەمڕەوی عوسمانیدا وەکوو ئەوە هاتووە، کە لەهەر شوێنیکی تر هاتووە، بۆ ئەوەی کەمتر گشتگر بێت لەچاو چاکسازییە ئامانجدارەکاندا و بۆ ئەوەی جەخت بکاتە سەر لە ڕەگ هەڵکێشانی ئەوانەی، کە گومان دەکرێت نەک تەنیا (هاووڵاتییانی پلە دوون)، بەڵکوو ئەوانەشی، کە دڵسۆزییان بۆ دەوڵەت جێگای گومان بوو. بەگوێرەی دەوڵەتی عوسمانی، وەک هەر دەوڵەتێکی هاوچەرخی تر، ئەوە دەشیا تەنیا بەڵگەنامەیەک نەبوایە بۆ پێناسەیەکی فراوانتری “ئینتیمای نیشتمانی”، بەڵکوو هەروەها پیادەکردنێکی کۆمەڵایەتی بوایە، کە لەلایەن چەمکی هەڕەشە و راستییەکانی دەست تێوەردانی بیانییەوە شێوێندرابوو. بەگوێرەی مەسیحییەکان، کە ئێستا وەکوو ئەو داردەستانەی ئیمپراتۆر سەیر دەکران، کە بەسترابوون بەو هێزە دەرەکییانەوە، کە لە هەوڵی دابەشکردنی ئیمپراتۆرێتەکە و دەستخستنە ناو کاروباری ناوخۆیدا بوون، لێرەوە هاونێشتمانیبوون- هاووڵاتیبوون- مانای یەکسانی نەبوو (١٦).ئەرمەنەکان پەیوەست کرابوون بەم هەڕەشانەوە و هەرگیز توانای سوودوەرگرتنیان لە چەمکی نوێی هاونیشتمانیبوون نەبوو، تەنانەت سەرباری ئەوەی زۆرینەی هەرە زۆری ئەرمەنەکان بەردەوام بوون لەسەر دڵسۆزییان بۆ ئیمپراتۆریەت، لەکاتێکیشدا زۆر کەس کۆششیان بۆ چاکسازی دەکرد، هانی جیابوونەوەیان نەدەدا.

لەکاتێکدا مێژووی کورد و ئەرمەن پێکەوە بەستراون، کە بەدرێژایی کات ئەم دوو پێکهاتەیە لە ئەناتۆڵیا وەکوو دراوسێ پێکەوە ژیاون، وەکوو “برا لە خاک و ئاودا”(١٧)، هەستێکی نوێ بە شوناسی کوردی لەم پرۆسێسەدا زەق کراوەتەوە. هەندێ لە کوردەکان کەوتنە دەربڕینی نیگەرانی لەسەر ئەو قسە و قسەڵۆکانەی، گوایە سوڵتان خەریکە میرنشینێک بۆ ئەرمەنەکان دروست بکات، بەپێی ئەوەش کوردەکان دەبوون بە رەعیەتی سەر بەو میرنشینە(١٨). ئەوانی تر سوودیان لەو بیرۆکەیە وەرگرت، کە گوایە ئەرمەنەکان دڵسۆز نەبوون و ناپاک بوون سەبارەت بە بوونی بەردەوامی ئیمپراتۆریێتی عوسمانی. ئەم لایەنانە پشتیان بە پێداویستیی بەردەوام و گۆڕان بەستبوو بۆ فەرمانڕەوایەتیی عوسمانی لە ناوچەکەدا، گومانکردن لە ئەرمەنەکان زیادی کرد و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ناوخۆ بە مەبەستی داگیرکردنی خاک و سامانی ئەرمەنەکان گەشەی کرد(١٩). لێکتر نزیکبوونەوەی هەموو ئەو هۆکارانەی، کە لەم بەشەدا باس کران و بەشدارییان کردووە لە دەرکەوتنی شوناسێکی دەگمەنی کوردیدا، ئەگەرچی شوناسێکی ناکۆکیشە، شتێکی لەبەرچاو بوو.

نووسەرانی کورد لە رۆژنامە و گۆڤارەکانیاندا هەستکردنی خۆیان بە ناکۆکی خستووەتە بەرچاو. زۆریان بەئاگاییەکی زیادیان پەیدا کردووە سەبارەت بەو دینامیکیەتەی چواردەوری داون و بەپێی ستراتیژەکانی خۆپارێزی، کە گەلێک لە سنوورەکاندا پەیڕەوی دەکات، ئەوان واتە کوردەکان دەستیان کرد بە ئاشکراکردنی بژارەی جۆراوجۆر، لەپێناو خۆپاراستن و مانەوەیاندا، یەکەم وەکوو تاکە سەرکردەکان هەوڵیان دا بۆ زیادکردنی بنچینەی سامانیان و پاشانیش وەک کۆمەڵ کەوتنە ناو پرۆسێسی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەییەوە. بەتایبەتی لە دوا چارەکی سەدەی نۆزدەیەمدا، کوردەکان شوناسێکی نوێیان داتاشی- بەرهەمهێنا- لە گفتوگۆدا، بەتایبەتی بە هەمان بنیاتەکانی شوناسەکانی ناسیۆنالیستی ئەرمەنی و تورکییەوە.

دوای پەیماننامەی بەرلین لە ساڵی (١٨٧٨)دا، کوردەکان وەڵامی ئەو قسە و قسەڵۆکانەیان دایەوە، کە گوایە دەرکەوتووە، سوڵتان شتێکی خستووەتە بەردەم هێزە ئەوروپییەکان، کە رۆژهەڵاتی دەوڵەتی عوسمانییان دیاری کردبوو (کوردستان بۆ کوردەکان) کە کوردستان وەکوو “شەش پارێزگای ئەرمەنی” دانرابوو، ئەوەش بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریێتەکە و دانی کوردستان بە ئەرمەنەکان و مانەوەی کوردەکان لەو چوارچێوەیەدا (٢٠). پێش ساڵی ١٨٧٩، بەکرێگیراوێکی بەریتانی لە ناوچەکەدا بڵاوی کردەوە، کە تورکەکان و کوردەکان لە (وان) تەواو تووڕە دیارن بەرامبەر بە بوونی کونسولەکانی ئەوروپا لە ناوچەکە و بڕوایان وایە مەسیحییەکانی ناوخۆ ئەو کونسولانەیان هێناوە بۆ ئەوێ، بۆ تێکدانی سیستێمی کۆنی شتەکان”(٢١). ئەو راپەڕینەی لە لایەن شێخ عوبەیدوڵاوە سەرکردایەتیی کرا لە دوو ساڵی دواتردا، پشتگیریی لەناو کوردەکاندا بەدەست هێنا، ئەویش بەهۆی ئەو قسە و قسەڵۆکانەوە، کە دەستی کردبوو بە گشتاندن، گوایە سوڵتان لە پەیوەندییەکی پتەودایە لەگەڵ هێزە ئەوروپییەکان و بە زوویی چەند ناوچەیەک بە ئەرمەنەکان و(هەروەها بە نێستۆرەکانیش) دەدات لەو خاکەی، کە دیسان کوردی تیادا نیشتەجێ بوو(٢٢). کاتێ سادتین پاشا، کە بەرپرسێکی دەوڵەتی عوسمانی بوو، ئەرکی رازیکردنی کوردەکانی گرتبووە ئەستۆ، بۆ ئەوەی لەگەڵ پاکێجی چاکسازیی ١٨٩٥دا بڕۆن، لە ساڵی ١٨٩٦دا سەردانی ناوچەی وانی کرد، تووشی راچڵەکان بوو بە ژمارەی ئەو کوردانەی بڕوایان بە راستی ئەو قسەوقسەڵۆکانە هەبوو(٢٣). لە وتارەکانیاندا، کوردەکان بەتایبەتی بایەخیان بە توندوتیژیی دژی ئەرمەنەکان دەدا، هەروەها بایەخیان دەدا بەوەی وا بکەن لە کوردەکان (لە راستیشدا ئیمپراتۆرێتی عوسمانی) چۆن لە چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دەربکەون. هەروەها ئەم توندوتیژییە وەکوو هۆکارێک خزمەتی ئەوروپییەکانی کرد بۆ دەستخستنە ناو کاروباری دەوڵەتی عوسمانییەوە (بەهۆی ئەو شوێنەوە، کە کوردەکانی تیادا دەژیان). توندوتیژیی زۆر بەرامبەر ئەرمەنەکان لە لایەن سوارەی حەمیدییەوە ئەنجام درابوو، کە هەوڵیان دا سوود وەربگرن لە کەشی ترس و گومان بۆ فراوانکردنی بارودۆخی خۆیان و زەوی بەدەستهێنان(٢٤). لە ساڵی ١٩٠٠دا عەبدولڕەحمان بەدرخان نووسی:

“ئەوەی لە ئەوروپا بەڕاستی بێزارم دەکات، هۆکاری نەتەوەییمە، کە من بەشانازییەوە ئەندامێکی نەتەوەکەمم، ئەوەی بێزارم دەکات، کۆمێنتە پڕ شەرمەزارییەکانی ئەوروپییەکانە لەسەر پێکدادانەکان لەگەڵ ئەرمەنەکاندا. هۆکارەکانی ئەم تاڵان و ڕاوڕووتکردنە چین، کە وا دەکات ئێوەی (کورد) تاوانبار بن لە چاوی…ئەوروپاوە؟ بڕوام پێ بکەن، من هەموو ئەم هۆکارانە دەزانم. من هەموو شتێک دەزانم سەبارەت بەوەی چۆن ئەرمەنەکان ئارەزووی جیاکردنەوەی ئەم خاکە پیرۆزەی کوردستان دەکەن لە جەستەی دەوڵەتی عوسمانی، بۆ ئەوەی بیکەن بە خاکی خۆیان… لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو ئەم رووداوانە مافی ئەوەتان پێ نادەن لەگەڵ ئەرمەنەکان پێکدادان بکەن. متمانەکردن بە سیسەتەکانی حکوومەت هەرگیز راست نییە”(٢٥).

هەندێ کورد تەنانەت لە رۆژنامە ئەرمەنییەکاندا بۆ هەمان کاریگەری وتاریان بڵاو کردەوە (کە زۆرجار یەک ناکۆکییش لە پەیوەندییەکانی کورد و ئەرمەندا نەبووە، بەڵکوو ناکۆکی سەبارەت بە دژایەتیکردنی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم هەبووە). لە یەکێک لەو وتارانەدا، عەبدوڵا جەودەت سەرزەنشتی سوڵتانی کردووە، چونکە لەمیانەی بانگەشەوە بۆ ئەو قسە و قسەڵۆکانە(٢٦) رێگای بۆ ململانێی ئەرمەن و کورد خۆش کردووە.

About دیدار عثمان

Check Also

جەنگێڪ ڪە موسڵمانانی ناچارڪرد گۆشتی مردووەڪانیان بخۆن!تا دواجار سوارچاڪێڪی ڪورد بوو بە فریادڕەسیان

یوسف نوری. لە ڕێکەوتی 19ی تەمووزی ساڵی 998ز، جەنگی ‘ئافامیا’ ڕوویدا لەنێوان ئیمپڕاتۆرییەتی بێزەنتی و …