Home / مێژووى جیهان / شوێنەواری گەلە لەناوچووەكان 

شوێنەواری گەلە لەناوچووەكان 

وَلَقَدْ كَذَّبَ أَصْحَابُ الحِجْرِ الْمُرْسَلِينَ

ئا: عادل لەتیف مەولەوی
یەكێك لە گرنگترین بوارەكانی موعجیزەكانی قورئانی پیرۆز (ئیعجازی مێژوویی)ە، كە بوارێكی گرنگ‌و فراوانی موعجیزەكانی قورئانی پیرۆزە, هەروەك بوارەكانی دیكەی ئیعجازی زانستی‌و ڕەوانبێژی. كاتێك هەڵوێستەیەك لە بەردەم هەر كام لەو ئایەتە قورئانیانەدا دەكەین، كە باس لە سەرئەنجام یان شوێنەواری هەر گەلێك لە گەلانی پێشوومان بۆدەكات‌و وردەكارییەكانی شوێنی نیشتەجێبوونی هەركام لەوانمان بۆ وەسفدەكات، مرۆڤ سەرسام دەبێت, هەموو مرۆڤێكی ژیر دەگاتە ئەو ڕاستییەی، ئەم باس‌و وەسفانە ئاستەمە وتەی مرۆڤێكی وەك سەروەرمان محمد (صلی الله علیە وسلم) بێت, هەرگیز ناگونجێت ئەو زانیارییە زۆر وردانە زادی لێوردبونەوەی مرۆڤ بن، بە تایبەت ئەگەر بە ڕێبواری بەو شوێنانەدا تێپەڕ بێت. لە كاتێكدا مرۆڤ لەم سەردەمەدا لەڕێی تەكنەلۆجیای مانگە دەستكردەكان‌و پێشكەوتنی زانستی جوگرافیاوە لەڕاڤەی ئەو ئایەتە پیرۆزانە تێدەگات.
قورئانی پیرۆز لە سورەتی (الفجر)دا ئاماژە بە دیارترینی شوێنەوار لە شوێنەوارەكانی هەرسێ گەلانی پێشوو (عاد), (ثمود) و(فیرعەونەكان) دەكات‌و دەفەرموێت:[أَلَمْ تَرَ كَيْفَ فَعَلَ رَبُّكَ بِعَادٍ (6) إِرَمَ ذَاتِ الْعِمَادِ (7) الَّتِي لَمْ يُخْلَقْ مِثْلُهَا فِي الْبِلَادِ (8) وَثَمُودَ الَّذِينَ جَابُوا الصَّخْرَ بِالْوَادِ (9) وَفِرْعَوْنَ ذِي الْأَوْتَادِ (10) ] –الفجر- واتە: [ئایا نەتزانیووە پەروەردگاری تۆ چی كرد بە هۆزی عاد(6) كە ئەویش هۆزی (ارم)و خاوەنی پایەی بەرزو كۆڵەكەو نیرگەی درێژ بوون (گەلی عاد لە شاری ئیرەم كە باڵا بەرزو تێكسمڕاو بوون, خانوبەرەو كۆشك‌و تەلاری گەورەو بەرزیان دروست دەكرد) (7) لە سەردەمی ئەواندا لە هیچ شارو شوێنێكدا, كۆشك‌و تەلاری وەك ئەوەی ئەوان دروستنەكراوە(8) ئایا نەتزانیوە گەلی (ثمود)یش خوا چی لێكردن, ئەوانەی لە دۆڵ‌و شیوەكانەوە بەردیان دەتاشی‌و دەیانگواستەوە بۆ ناو قەدی چیاكان‌و لەوێ خانوویان دروست دەكرد؟ (9) هەروەها فیرعەونی خاوەن ئەهرامەكان (چ كۆشك‌و بینایەكی مەحكەمیان وەكو مێخ دادەكوتی بە زەویدا) (10) ].
لە دیارترینی شوێنەوارەكانی (عاد) شاری (ئــیــرەم)ەو گەلی (ثمود)یش بە بنیادنانی كۆشك‌و تەلارەكانیان لە ناو بەردی شاخەكاندا بەناوبانگن، هەروەها (فیرعەونەكان)یش بەو شوێنەوارانە بەناوبانگن، كە لە وڵاتی مصر دیارن‌و هەن (هەرەمەكان).
لەم وتارەدا ڕوونكردنەوەیەك لەسەر ئەو باسە قورئانییە پێشكەشدەكەین، كە باس لە گەلی (ثمود) دەكات، كە هۆزی پێغەمبەر (صــالح) –سەلامی خوای لەسەر بێت- بوون‌و ڕادەی وردەكاریی ئەو وەسفەمان بۆ دەردەخات سەبارەت بە پێگەی شارو شوێنەوارەكەیان, دیارە ئەمەش بە پشتبەستن بە وێنەكانی پرۆگرامی (Google Earth), ئەوەی لە وێنەكانی (Google Earth)دا دەركەوتووە بواری بۆ گومان نەهێشتووەتەوەو بوونی مەدائنی صالح لە دۆڵێكی فراواندا، كە كۆمەڵێك بارستەی بەردینی لە خۆگرتوەو لە كاتی خۆیدا ئەو گەلە هەستاون بە بڕین‌و داتاشینی ئەو پارچە بەردانە.


هەروەك لە وێنەكاندا ئەوسەرچاوە ئاوییە دەركەوتووە، كە بووەتە هۆی گۆڕینی ئەو دۆڵە بۆ دۆڵێكی بە پیت‌و بەبەرهەم لە گشت بوارە جۆراوجۆرەكانی كشتوكاڵیداو كۆكردنەوەی ئاو لەو دۆڵانەوە بەو شێوە سەیرانە، كە ئەمانیش سەرچاوەیان لە ئاوی چیاكانی دەوروبەرەوە گرتووەو سەرەنجام ئەم دۆڵە لمینەی پێ ئاواشتە دەبێت‌و لە گشت شوێنە جیاوازەكانی دۆڵەكە بە شێوازی كانیاو دەرەكەون، بەبێ ئەوەی بە هەدەر بڕواتە دەریاكەوەو بەفیڕۆ بڕوات. لە زۆرێك لە سورەتەكانی قورئانی پیرۆزدا باسی (ثمود) هاتووەو لە ئایەتەكاندا زۆرێك لە لایەنەكانی چیرۆكی ئەو هۆزەو پێغەمبەرەكەیان گەورەمان صالح (سەلامی خوای لەسەر بێت)مان بۆ باس دەكات، وەك ئەو ئامۆژگارییانەی ئامۆژگاری پێكردون‌و ئەو موعجیزانەی پێشانی داون‌و جۆری ئەو سزایانەی تووشی ئەو هۆزە هاتوون.
هۆزی (ثمود) لە قورئانی پیرۆزدا بە ناوێكی تریش دەركەوتوون كە (أَصْحَابُ الحِجْڕ)ە وەك لە (الموسوعە الاسلامیە) بەرگی (5) لاپەڕە (475)دا هاتووە جوگرافی ناسی ئیغریقی بلینی پێی وایە (دوماسا)و (هجرا) شوێنی نیشتەجێبوونی هۆزی (ثمود)ە، كە بە واتای (حجر) دێت, هەروەها لە دێرینترینی ئەو سەرچاوانەی ئاماژە بە (ثمود) دەكات، تۆماری سەركەوتنە مێژووییەكەی پادشای بەناوبانگی بابلی (سەرجۆنی دووەم)ە، كە لە یەكێك لە هێرشەكانیدا بۆ باكوری دورگەی عەرەبی بەسەر ئەم هۆزەدا سەركەوتووە, هەروەك ئیغریقییەكان لە كتێبەكانی ئەرەستۆو بتولمی‌و بلینی بە (تامودی) واتە: (ثمود) ناویاندەبەن و خوای گەورەش دەفەرموێت: {وَلَقَدْ كَذَّبَ أَصْحَابُ الحِجْرِ الْمُرْسَلِينَ  }(80)الحجر واتە: [سوێند بە خوا دانیشتوانی (حجر) یش بڕوایان بە بەرنامەی پێغەمبەران نەكرد (حجر: شوێنێكە لە نێوان تەبوك‌و مەدینەدا, قەومی ثمود, تیایدا ژیاون].
ئەوەی، كە لە ئاماژە قورئانییەكانەوە تێیدەگەین‌و سەرچاوە مێژووییەكانیش ئاماژەی پێدەكەن ئەوەیە، كە هەرچەندە هۆزی (عاد) دەكەونە باشوری دورگەی عەرەبیەوەو هۆزی (ثمود) یش دەكەونە باكوری دورگەی عەرەبیەوە واتە: لە ڕوی جوگرافییەوە دوورییەكی زۆر هەیە لە نێوانیاندا, بەڵام سەرچاوەكان پەیوەندییەكی توندوتۆڵی مێژویی لە نێوان ئەم دوو هۆزەدا گرێدەدەن‌و پێیان وایە هەردوو هۆز لە یەك بنەچەن هەر وەك (دائرە المعارف البریطانیە الصغیرە) پێی وایە كە لە بنەڕەتدا هۆزی (ثمود) لە باشوری دورگەی عەرەبیدا بوون‌و ژمارەیەكی زۆریان كۆچیان كردووە بۆ باكوری دورگەی عەرەبی‌و لە قەدپاڵەكانی چیای (أثلب) گیرساونەتەوە. هۆزی (ثمود) كە دەكەونە نێوان شام‌و حیجازەوە بە (أَصْحَابُ الحِجْڕ) ناسراون, شوێنەوارو نوسراوی بەردینی زۆر گەورە نەك هەر لە چیای (أثلب) بگرە لە ناوەڕاستی دوورگەی عەرەبیشدا دۆزراونەتەوە. بگرە دەستخەت‌و شێوە ڕێنوسی (ثمود)ی لە باشوری دورگەی عەرەبیش لە نێوان حیجازو یەمەن، كە بە (حەزرەمەوت) ناسراوە دۆزراونەتەوە.

گەر ڕیزبەندییەكی مێژویی لە ڕوانگەی قورئانەوە بۆ هۆزەكان بكەین، دەتوانین بڵێین هۆزی (عاد) لە پێش (ثمود) دەركەوتوون‌و (ثمود)یش لە پێش هۆزی (لوط)و هۆزی (شعیب)ەوە بووە، بەم جۆرە كەمترین خەمڵاندن بۆ ماوەی دەركەوتنیان زیاد لە چوار هەزار ساڵ لەمەوبەرە لە كاتێكدا (لوط) برازای (ئیبراهیم) پێغەمبەر بووە -سەلامی خوایان لەسەربێت- كە پێش چوار هەزار ساڵ ژیاون‌و ڕیزبەندی ئەم هۆزانە بەمجۆرە لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە: َ[ َيَا قَوْمِ لَا يَجْرِمَنَّكُمْ شِقَاقِي أَنْ يُصِيبَكُمْ مِثْلُ مَا أَصَابَ قَوْمَ نُوحٍ أَوْ قَوْمَ هُودٍ أَوْ قَوْمَ صَالِحٍ وَمَا قَوْمُ لُوطٍ مِنْكُمْ بِبَعِيدٍ ] (89) هود.
واتە: [ئەی گەل‌و خزمانم ناكۆكی‌و دژایەتیتان لەگەڵ مندا, واتان لێنەكات (ئەو ئاین‌و بیرو باوەڕەی هێناومە لە لایەن خواوە بە درۆی بزانن و…) جا ئەو كاتە ئەوەی تووشی هۆزی نوح‌و هودو صالح بوو تووشی ئێوەش ببێت, خۆ هۆزی لوگ لێتانەوە زۆر دوورنیە].

هەر وەك لە وێنەكەی (Google Earth)دا دەركەوتووە مەدائنی صاڵح بە تەواوی دەكەوێتە سەر هێڵی نێوان شاری مەدینەی پیرۆزو شاری تەبوك, كە لە مەدینەی پیرۆزەوە نزیكەی سێ سەد كیلۆمەترو لە شاری تەبوكیشەوە دووسەد كیلۆمەترو سەدو پەنجا كیلۆمەتر بە لای رۆژهەڵاتدا لە شاری (الوجە)ەوە دوورە، كە دەكەوێتە سەر دەریای سور, جارێك پێغەمبەرمان محمد (صلی الله علیە وسلم)و یارانی لە گەڕانەوەیاندا لە جەنگی تەبوك پێیدا تێپەڕبوون.
هەروەك قورئانی پیرۆز باسیكردووە مەدائنی صالح دەكەوێتە دۆڵێكی فراوانەوە لە باكورەوە بۆ باشور درێژ دەبێتەوەو ئەوپەڕی پانییەكەی دەگاتە پازدە كیلۆ مەترو هەتا بەرەو باشور بێت ڕوو لە تەسكی دەكات تا پانییەكەی لە شاری (العلا)دا دەگاتە یەك كیلۆمەتر, شاری (العلا) دەكەوێتە باشوری مەدائنەوە لە دووری بیست كیلۆمەترەوە. ئەم دۆڵە لە گشت لایەكەوە بە كۆمەڵێك زنجیرە شاخی بەرز دەورەدراوە, بەرزی زنجیرە شاخی رۆژئاوای باكوری دۆڵەكە دەگاتە هەزارو پێنج سەد مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە لە كاتێكدا بەرزی زنجیرە شاخی باشوری ڕۆژهەڵات دەگاتە هەزار مەتر, بەڵام بەرزی ئاستی زەوی دۆڵەكە دەگاتە هەشت سەد مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە. ئەو كەسەی كە لە مەدائنی صالحدا دەوەستێت ناتوانێت ئەم دەشتە فراوانە بە دۆڵ ناو ببات بە هۆی پان‌و بەرینییەوە, بەڵام كاتێك لە بەرزییەكی پێویستەوە لە ئاسمانەوە تەماشای ناوچەكە دەكرێت دەردەكەوێت، كە ئەمە دۆڵە نەك دەشت، هەروەك لە وێنەی (Google Earth)ە كەدا دەردەكەوێت كە لە بەرزی سی كیلۆمەترەوە گیراوە.
لە وێنەی (Google Earth)ەكەدا سنوری دۆڵەكە لە رووی رۆژهەڵاتەوە بە روونی دەركەوتووە, بەڵام لە رووی رۆژئاواوە شوێنەواری سنورەكەی زۆر دیارو ئاشكرا نییە، چونكە پلە بەندییەك لە بەرزی زەوییەكەدا هەیە.
ئەو بارانەی لەسەر زنجیرە شاخەكانی چوار دەوری مەدائنی صالح دەبارێت دێتەوە دۆڵەكەو لەژێر لمی ئەم دۆڵە گەورەیەدا كۆ دەبێتەوەو بە شێوەی كانیاو لە شوێنە جیا جیاكانەوە دەردەكەونەوەو هۆزی صالح لە كاتی خۆیدا بۆ كشتوكاڵ‌و چاندنی بابەتی كشتوكاڵی جۆراوجۆر بەكاریان هێناوە بە تایبەت دار خورما.
ئێستاشی لەسەر بێت ئەو دۆڵە دۆڵێكی بەپیت‌و بەبەرهەمە، خەڵكی ناوچەكە ئەو ئاوە زۆرەی كە هەیانە لە بەرهەمهێنانی بەروبوومی جیاوازدا لێی سودمەند دەبن، وەك خوای گەورە لە وەسفی ئەو دۆڵەدا لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: [كَذَّبَتْ ثَمُودُ الْمُرْسَلِينَ (141) إِذْ قَالَ لَهُمْ أَخُوهُمْ صَالِحٌ أَلَا تَتَّقُونَ (142) إِنِّي لَكُمْ رَسُولٌ أَمِينٌ (143) فَاتَّقُوا اللَّهَ وَأَطِيعُونِ (144) وَمَا أَسْأَلُكُمْ عَلَيْهِ مِنْ أَجْرٍ إِنْ أَجْرِيَ إِلَّا عَلَى رَبِّ الْعَالَمِينَ (145) أَتُتْرَكُونَ فِيمَا هَا هُنَا آمِنِينَ (146) فِي جَنَّاتٍ وَعُيُونٍ (147) وَزُرُوعٍ وَنَخْلٍ طَلْعُهَا هَضِيمٌ (148) وَتَنْحِتُونَ مِنَ الْجِبَالِ بُيُوتًا فَارِهِينَ (149) فَاتَّقُوا اللَّهَ وَأَطِيعُونِ (150) وَلَا تُطِيعُوا أَمْرَ الْمُسْرِفِينَ (151) الَّذِينَ يُفْسِدُونَ فِي الْأَرْضِ وَلَا يُصْلِحُونَ (152) قَالُوا إِنَّمَا أَنْتَ مِنَ الْمُسَحَّرِينَ (153) مَا أَنْتَ إِلَّا بَشَرٌ مِثْلُنَا فَأْتِ بِآيَةٍ إِنْ كُنْتَ مِنَ الصَّادِقِينَ (154) قَالَ هَذِهِ نَاقَةٌ لَهَا شِرْبٌ وَلَكُمْ شِرْبُ يَوْمٍ مَعْلُومٍ (155) وَلَا تَمَسُّوهَا بِسُوءٍ فَيَأْخُذَكُمْ عَذَابُ يَوْمٍ عَظِيمٍ (156) فَعَقَرُوهَا فَأَصْبَحُوا نَادِمِينَ (157) فَأَخَذَهُمُ الْعَذَابُ إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآيَةً وَمَا كَانَ أَكْثَرُهُمْ مُؤْمِنِينَ (158) ] الشعراء
واتە: [گەلی (ثمود)یش بڕوایان بە پێغەمبەرانیان نەكرد (141) كاتێك صالحی برایان پێی وتن: باشە, ئەوە ئێوە لە خواناترسن, پارێزكار نابن(142) بەڕاستی دڵنیابن كە من فرستادەیەكی ئەمین‌و دڵسۆزم بۆتان….(143) كەوابوو لە خوا بترسن‌و فەرمانبەرداری من بكەن…(144) من كە داوای هیچ جۆرە پاداشتێكتان لێناكەم لەسەری, من تەنها پاداشتی خۆم لە پەروەردگاری جیهانەكان دەخوازم(145) ئایا وادەزانن هەروا ئالێرەدا بە خۆشی‌و ئاسودەیی دەهێڵرێنەوە (ژیانتان كۆتایی نایەت)؟ (146) لە ناو باخ‌و باخات‌و كانیاوی سازگاردا؟!!(147) لە ناو بێستان‌و دارخورمادا كە خورمای نەرم‌و ناسك‌و بە تام دەگرێت؟!!(148) (هەروەها بۆتان دەلوێت) ماڵ‌و شوێنی خۆش لە چیاكان دابتاشن‌و بە جوانی دروستی بكەن‌و بە خۆشی تیایدا كەشخە بكەن(149) لە خوا بترسن‌و فەرمانبەرداری من بكەن (150) بە فەرمانی موسریف‌و لە سنوور دەرچووەكان هەڵسوكەوت مەكەن….(151) ئەوانەی كە تۆوی فەسادو تاوان لە زەویدا دەچێنن‌و هەرگیز چاكسازی ناكەن (152) خوانەناسان وتیان: وادیارە تۆ بەڕاستی لەوانەی كە فێڵ و جادوت لێكراوە!! (153) تۆ جگە لەوەی كە هەر بەشەرێكی وەكو ئێمە, هیچی تر نیت, بەڵگەیەكمان نیشان بدە ئەگەر لە ڕاستگۆیانیت؟! (154) (جا خوای بە توانا حوشترێكی بۆ بەدیهێنان, تادەمكوتیان بكات‌و بیانویان ببڕێت), ئینجا –صالح- پێغەمبەر پێی وتن: ئەمە وشترێكەو موعجیزەیەكە دەبێت ڕۆژێك ئاو تەنها بۆ ئەمبێت, ڕۆژێكیش بۆ ئێوە, دیاری كراوبێت(155)].
لە وێنەی (Google Earth)ەكەدا سنوری دۆڵەكە لە رووی رۆژهەڵاتەوە بە ڕوونی دەركەوتووە, بەڵام لە رووی رۆژئاواوە شوێنەواری سنوورەكەی زۆر دیارو ئاشكرا نییە، چونكە پلە بەندییەك لە بەرزی زەوییەكەدا هەیە.

لەم وێنەیەدا شاری (العلا)و مێرگوزارەكانی دەوروبەری دەركەوتوون، كە دەكەوێتە لای خوارووی دۆڵەكەوە لە ئێستادا بەو ئاوە ئاواشتە دەبێت كە لە شاخەكانەوە دێتە ژێر لمی دۆڵەكەوە ئەمەش بەڵگەیە لە سەر ئەوەی ئەم دۆڵە پێش زیاد لە چوار هەرزار ساڵ لەمەوبەر هەمووی سەراپا مێرگێكی گەورەی سەوز بوو، كە پڕ لە كۆشك‌و تەلاربووە لە دەشتەكاندا‌و بینای تاشراویش لە بەردەكاندا.
ئەم دۆڵە درێژ دەبێتەوە‌و دەشتەكەیشی بەردی گەورە گەورەی زۆری لە خۆ گرتووە، كە لە هەموو شوێنەكانیدا بڵاوبووەتەوە, هەندێك جار بەرزیی بەردەكان لە ڕووی زەوی دۆڵەكەوە دەیان مەتر دەبێت, لە سەردەمی خۆیاندا ئەو گەلە هەستاون بە هەڵكۆڵینی ئەو بەردانە، كە وەك بیناو كۆشكی نیشتەجێبوون سودیان لێ بینیوە، بەڵام داتاشینەكەی لەوپەڕی وردەكاری‌و لوتكەی جوانیدا بووە، هەر وەك خوای باڵادەست دەفەرموێت: [وَإِلَى ثَمُودَ أَخَاهُمْ صَالِحًا قَالَ يَا قَوْمِ اعْبُدُوا اللَّهَ مَا لَكُمْ مِنْ إِلَهٍ غَيْرُهُ قَدْ جَاءَتْكُمْ بَيِّنَةٌ مِنْ رَبِّكُمْ هَذِهِ نَاقَةُ اللَّهِ لَكُمْ آيَةً فَذَرُوهَا تَأْكُلْ فِي أَرْضِ اللَّهِ وَلَا تَمَسُّوهَا بِسُوءٍ فَيَأْخُذَكُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ (73) وَاذْكُرُوا إِذْ جَعَلَكُمْ خُلَفَاءَ مِنْ بَعْدِ عَادٍ وَبَوَّأَكُمْ فِي الْأَرْضِ تَتَّخِذُونَ مِنْ سُهُولِهَا قُصُورًا وَتَنْحِتُونَ الْجِبَالَ بُيُوتًا فَاذْكُرُوا آلَاءَ اللَّهِ وَلَا تَعْثَوْا فِي الْأَرْضِ مُفْسِدِينَ (74) قَالَ الْمَلَأُ الَّذِينَ اسْتَكْبَرُوا مِنْ قَوْمِهِ لِلَّذِينَ اسْتُضْعِفُوا لِمَنْ آمَنَ مِنْهُمْ أَتَعْلَمُونَ أَنَّ صَالِحًا مُرْسَلٌ مِنْ رَبِّهِ قَالُوا إِنَّا بِمَا أُرْسِلَ بِهِ مُؤْمِنُونَ (75) قَالَ الَّذِينَ اسْتَكْبَرُوا إِنَّا بِالَّذِي آمَنْتُمْ بِهِ كَافِرُونَ (76) فَعَقَرُوا النَّاقَةَ وَعَتَوْا عَنْ أَمْرِ رَبِّهِمْ وَقَالُوا يَا صَالِحُ ائْتِنَا بِمَا تَعِدُنَا إِنْ كُنْتَ مِنَ الْمُرْسَلِينَ (77) فَأَخَذَتْهُمُ الرَّجْفَةُ فَأَصْبَحُوا فِي دَارِهِمْ جَاثِمِينَ (78) فَتَوَلَّى عَنْهُمْ وَقَالَ يَا قَوْمِ لَقَدْ أَبْلَغْتُكُمْ رِسَالَةَ رَبِّي وَنَصَحْتُ لَكُمْ وَلَكِنْ لَا تُحِبُّونَ النَّاصِحِينَ (79) ] اڵاعراف.
واتە: [بۆ سەر گەلی (ثمود)یش (صاڵح)ی برایانمان نارد (ئەویش پێی وتن): ئەی گەلەكەم خوا بپەرستن، چونكە جگە لەو خوایەكی ترتان نییە, ئەوەتا بە ڕاستی موعجیزەی ئاشكراتان لە لایەن پەروەردگارتانەوە بۆ هاتووە, ئەمە وشترێكە لە لایەن خواوە بە تایبەت بۆ ئێوەی بەدیهێناوە (لە سەر داخوازی خۆتان) كە موعجیزەیەكی ئاشكرایە, وازی لێ بهێنن با بلەوەڕێت لە زەوی خواداو دەست درێژی مەكەنە سەرو ئازاری مەدەن، (چونكە هەر ئازارتاندا) سزاو بەڵایەكی بە ئێش‌و ئازار داوێن گیرتان دەبێت.(73) یادی ئەو كاتەش بكەنەوە كە خوا ئێوەی كردە جێنشین لە دوای گەلی عاد, ژیانی لە سەر زەویدا بۆ ئاسانكردن, لە دەشتەكاندا كۆشك‌و تەلار دروست دەكەن, لە شاخ‌و كێوەكانیشدا خانوو دادەتاشن, كەواتە یادی نازو نیعمەتەكانی خوا بكەن‌و تۆوی خراپەو فەسادو گوناه لە سەر زەویدا مەچێنن.(74) (دوای ئەو یادخستنەوانەی صاڵح پێغەمبەر) دەستەی دەستەڵاتداران, ئەوانەی لووت بەرزییان كرد لە گەلەكەی وتیان بەوانەی كە چەوسێنراونەتەوە, لە وانەیان كە باوەڕیان هێناوە: باشە ئێوە دەزانن كە صاڵح لە لایەن پەروەردگارییەوە ڕەوانە كراوە؟! ئیمانداران وتیان: بە دڵنیاییەوە ئێمە باوەڕدارین بە و پەیامەی كە بەودا رەوانە كراوە.(75) (بەڵام) ئەوانەی كە خۆیان بەزل‌و گەورە دەزانی وتیان: بەڕاستی ئێمە بێ باوەڕین بەوەی ئێوە بڕواتان پێ هێناوە!(76) یەكسەر (چوون) وشترەكەیان سەربڕی و لە فەرمانی پەروەردگاریان یاخی بوون‌و وتیان: ئەی صاڵح ئەگەر تۆ لە پێغەمبەرانیت ئادەی ئەو هەڕەشانەی كە لێمان دەكەیت بۆمان پێش بهێنە (77) ئینجا یەكسەر (دوای سەربڕینی وشترەكە) بوومەلەرزەیەك‌و دەنگێكی سامناك گرتنی‌و پێچانییەوەو دوابەدوای ئەوە هەموو لە ماڵەكانیاندا بە چۆكدا هاتن‌و هێزی ئەژنۆیان شكاو تیا چوون(78) (جا صاڵح پێغەمبەر, پشتی لێهەڵكردن)و وتی: ئەی گەل‌و هۆزم سوێند بە خوا بەڕاستی پەیامی پەروەردگارم بە چاكی پێڕاگەیاندن‌و دڵسۆزیم لە گەڵ كردن, بەڵام (بە داخەوە) ئێوە دڵسۆزانتان خۆش ناوێت(79)].
هەروەك لەم ئایەتانەی پێشەوە بە تایبەت ئایەتی ژمارە (74) دەیبینین‌و لە ڕاڤەكەیەوە تێی دەگەین ئەوەیە كە هۆزی (ثمود) پەیوەستن بە هۆزی (عاد)ەوەو خوای گەورە بە جێنشینی مێژووی‌و ژیاری ئەوان ناوی بردون‌و پێغەمبەر صالح (سەلامی خوای لەسەر بێت) بەوە ئامۆژگاری هۆزەكەی دەكات كە پەند لە هۆزی (عاد) وەربگرن.
پێغەمبەری (عاد) هەواڵی هۆزی (نوح)ی بە هۆزەكەی ڕاگەیاندووە، كە پێش خۆیان هەبوون‌و چییان بەسەر هاتووە, هەروەها هۆزی (پمود)و (عاد)یش پەیوەندییەكی مێژووییان پێكەوەهەبووە، هەروەك چۆن پەیوەندییەكی توندوتۆڵی مێژوویی لە نێوان هۆزی (عاد)و (نوح)دا هەبووە, بە گشتی ئەو هۆزانە یەكترییان ناسیوەو ئەگەری ئەوەش هەیە لە یەك بنەچە بن.
ئەم وێنانەی كە لە (Google Earth)ەوە وەرگیراون چەند تاوێرەبەردێكی دەرخستووە كە بە دۆڵەكەدا بڵاوبوونەتەوە جا تاك تاك بن یان كۆمەڵ كۆمەڵ, كتێبەكانی راڤەی قورئانی پیرۆز دەفەرموون خوای گەورە لە یەكێك لەم بەردانەوە وشترێكی گەورەی هێنایە دەرەوە, دیارە ئەمەش وەك موعجیزەیەك بۆ هۆزی (پمود)و جێگیر كردنی ڕاستگۆیی (صالح) (سەلامی خوای لەسەر بێت)، ئەوەی كە سەرنج ڕاكێشە ئەوەیە لە پێكهاتەی ئەم بەردانەدا بەشێوەو شێوازێك دەردەكەون لە وشە گەلێك دەچن، كە بە رێنوسی عەرەبی نوسرابن، بە هۆی ئەوەوە كە بە گورزەی شێوە لاكێشەیی درێژی جیاواز پێكهاتوون. دەمەوێت ئەوە بە بیر خوێنەری ئازیز بهێنمەوە، كە پێویستە ئەم شێوەو وێنانە لە (Google Earth) بە سەرەو خواری تەماشابكات، واتە بە جۆرێك كە ئاڕاستەی باكورەكە بكەوێتە بەشی خوارەوە، هەروەك لە لای ڕاستی وێنەكەی سەرەوە دەركەوتووە.
وێنەی هەندێك خانوو و گۆڕ دەركەوتووە، كە لە لایەن هۆزی (پمود)ەوە لە بەرد داتاشراون ‌و بەڵگەن لەسەر ئەو كارامەیی‌و هێزە زۆرەی خوای گەورە پێیداون, بەڵام ئەم خانە بەهێزانە توانای پاراستنیانی نەبوو لە توڕەیی‌و سزای خوای گەورە، دوای ئەوەی باوەڕیان بە پێغەمبەرەكەیان كە پێغەمبەر (صاڵح) بوو نەدەهێنا. هەستان بە كوشتنی ئەو وشترەی خوای گەورە وەك موعجیزەیەكی گەورەو تەواو بۆی ناردن تا قایلیان بكات لە ڕاستی پێغەمبەرەكەیان.
خوای گەورە ڕاستی فەرموو: [وَيَا قَوْمِ هَذِهِ نَاقَةُ اللَّهِ لَكُمْ آيَةً فَذَرُوهَا تَأْكُلْ فِي أَرْضِ اللَّهِ وَلَا تَمَسُّوهَا بِسُوءٍ فَيَأْخُذَكُمْ عَذَابٌ قَرِيبٌ (64) فَعَقَرُوهَا فَقَالَ تَمَتَّعُوا فِي دَارِكُمْ ثَلَاثَةَ أَيَّامٍ ذَلِكَ وَعْدٌ غَيْرُ مَكْذُوبٍ (65) فَلَمَّا جَاءَ أَمْرُنَا نَجَّيْنَا صَالِحًا وَالَّذِينَ آمَنُوا مَعَهُ بِرَحْمَةٍ مِنَّا وَمِنْ خِزْيِ يَوْمِئِذٍ إِنَّ رَبَّكَ هُوَ الْقَوِيُّ الْعَزِيزُ (66) وَأَخَذَ الَّذِينَ ظَلَمُوا الصَّيْحَةُ فَأَصْبَحُوا فِي دِيَارِهِمْ جَاثِمِينَ (67) كَأَنْ لَمْ يَغْنَوْا فِيهَا أَلَا إِنَّ ثَمُودَ كَفَرُوا رَبَّهُمْ أَلَا بُعْدًا لِثَمُودَ (68) ] هود.
واتە: [ئەی خزمەكانم ئەمە وشترەكەیە كە لەلایەن خواوەوە كراوە بە موعجیزەو نیشانەیەكی تایبەت، (لەسەر دەستەڵاتی خۆی‌و ڕاستی پێغەمبەرێتی من)‌و جا وازی لێبهێنن با لە زەوی خوادا بلەوەڕێت, بە نیازی خراپەوە دەستی بۆ نەبەن, ئەگینا سزایەكی نزیك دەتانگرێتەوە.(64) یەكسەر چوون سەریانبڕی, جا (صاڵح)یش پێی وتن : رابوێرن لە ماڵ‌و مەنزڵی خۆتاندا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ, (دوای ئەو ماوە دیاریكراوە تیا دەچن)و ئەوەش پەیمانێكەو هەرگیز بە درۆ ناخرێتەوە.(65) جا كاتێك فەرمانی ئێمە هات‌و بڕیاردرا لە كاتی دیاریكراوداو ئەوە صاڵح‌و ئەوانەی بڕوایان هێنابوو لە گەڵیدا ڕزگارمانكردن بە میهرەبانی‌و بەزەیی خۆمان, لە سەرشۆڕی ئەو ڕۆژەش پەناماندان, بەڕاستی پەروەردگارت هەر خۆی خاوەنی هێزەو باڵا دەستە. (66) جا ئەو دەنگە سامناكەی بووە هۆی تیاچوونیان هەموو ئەوانەی گرت، كە تاوان‌و ستەمیان كردو فەرمانبەرداری پەروەردگاریان نەبوون, سەرەنجام هەموویان لە شوێنەكانی خۆیاندا كەوتن بەڕووی زەویداو تیا چوون لە بەرەبەیاندا…(67) وەك ئەوەی كە هەر لەو شوێنەدا نەبووبن‌و تیایدا نەژیابن, ئاگادارین, بەڕاستی هۆزی پمود بێبڕوا بوون بە پەروەردگاریان‌و بێوەفا بوون بەرامبەری, ئاگاداربن بڕیاری دووری لە بەزەیی خوا, درا بۆ هۆزی ثمودیش(68)].
ئێستاشی لە سەربێت ئەو خانەو كۆشكە چاكانە وازلێهێنراون‌و یەك كەسی تێدا ناژی، ڕاستگۆیی بۆ فەرموودەی خوای گەورە كە دەفەرموێت: [وَكَمْ أَهْلَكْنَا مِنْ قَرْيَةٍ بَطِرَتْ مَعِيشَتَهَا فَتِلْكَ مَسَاكِنُهُمْ لَمْ تُسْكَنْ مِنْ بَعْدِهِمْ إِلَّا قَلِيلًا وَكُنَّا نَحْنُ الْوَارِثِينَ (58) وَمَا كَانَ رَبُّكَ مُهْلِكَ الْقُرَى حَتَّى يَبْعَثَ فِي أُمِّهَا رَسُولًا يَتْلُو عَلَيْهِمْ آيَاتِنَا وَمَا كُنَّا مُهْلِكِي الْقُرَى إِلَّا وَأَهْلُهَا ظَالِمُونَ (59) ] القصص.
واتە: [ زۆر شارو شارۆچكەمان لە ناوبرد، كە دانیشتوانی یاخی‌و لە سنوور دەرچوو بوون لە ژیانی دنیایاندا, جا ئەوەتە خانووبەرەو شوێنەكانیان چۆڵە, مەگەر كەمێك نەبێت, هەر ئێمەش خاوەنی موڵك‌و خانووبەرەو سامانیان بووین(58) پەروەردگاری تۆ هیچ وڵات‌و شارێكی كاول نەكردووە, تا لە پایتەخەتەكەیدا پێغەمبەرێكی نەناردبێت كە ئایەتەكانی ئێمەیان بە سەردا بخوێنێتەوە, وەنەبێت ئێمە شارو وڵاتمان كاولكردبێت بە بێ هۆ, مەگەر كاتێك نەبێت كە دانیشتوانی ستەمكار بوون.
سەرچاوەكان:
1- قورئانی پیرۆز
2- Google Earth.
3- بۆ راڤەی ئایەتەكان سود لە تەفسیری ئاسان وەرگیراوە.
4- وتارێكی دكتۆر منصور أبو شریعە العبادی -جامعە العلوم و التكنلوجیا الاردنیە- كە لە پێگەی –موسوعە الاعجاز العلمی فی القران والسنەhttp://www.quran-m.com/ وەرگیراوە.
5- وتارێكی بانگخوازی ئیسلامی هارون یحیی- كە لە پێگەی –موسوعە الاعجاز العلمی فی القران و السنە- http://www.quran-m.com/. وەرگیراوە.

ئیعجازی مێژوویی و پەنهانی بە یەكێك لە گرنگترینی بوارەكانی دەرئاسا(موعجیزە) قورئانییەكان دێتە ژماردن, بێگومان لەناو ئەمانیشدا پلە بەندی هەیە و بە گوێرەی گرنگی پێدانی خودی قورئانی پیرۆز بۆ بابەتەكە لە لایەك و دركپێكردن و دۆزینەوەی ئیعجازەكەش لە لایەن مرۆڤەوە لە لایەكی ترەوە دەرئاساكە زیاتر لە لە بواری (باوەڕبە پەناهان) و (دوو دڵ نەبوون لە ڕاستیی قورئانی پیرۆز) ەوە دەخاتە سەر شانۆی واقیع و ئەوكات باوەڕداران باوەڕیان پێی بەهێزتر دەبێت و بێباوەڕانیش دەخاتە بەر بەرپرسێتییەكی گەورەترەوە.
(گەلی عاد)، (گەلی هود –سەلامی خوای لەسەربێت-), (ئۆبار)، (دورگەی لمین)، (اڵاحقاف)، (ئیرەم) و كۆمەڵێك دەستەواژە و زاراوەی تر كە هەمووان ئاماژە بە گەلی (عـــــاد) دەكەن، ئەو گەلەی كە خوای گەورەو میهرەبان پێغەمبەرێكی بۆ ناردبوون بە ناوی (هـــود) – سەلامی خوای گەورەی لێبێت- و بانگی دەكردن بۆ یەكخوا پەرستی و دوركەوتنەوە لە هاوەڵ پەیداكردن بۆ زاتی پەروەردگار
[وَإِلَى عَادٍ أَخَاهُمْ هُوداً قَالَ يَا قَوْمِ اعْبُدُوا اللَّهَ مَا لَكُمْ مِنْ إِلَهٍ غَيْرُهُ إِنْ أَنْتُمْ إِلَّا مُفْتَرُونَ ] -هود:50-. واتە [بۆگەلی عاد هـــودی برایانمان بۆناردن، پێی گوتن ئەی خزمینە خودای تاك و تەنها بپەرستن، هیچ خودایەكی تر نییە شایستەی پەرستن بێت جگە لە زاتی ئەو، ئێوەش كە خوای تر دەپەرستن و هاوەڵ بۆ خوا دادەنێن، ئەوا تەنها درۆیەكە لە گەڵ خوای گەورەدا دەیكەن و جگە لەدرۆ هیچی تر نییە. ].
خوای گەورە خۆی دەفەرموێت و سوێندی لەسەر دەخوات، كە ئەو دەستەڵات و توانایەی بەخشی بووم بە گەلی عاد بە ئێوەمان نەبەخشیوە، هەروەها هۆكاری بیستن و بینین و لێكدانەوە كە سودی پێ نەگەیاندن.
[وَلَقَدْ مَكَّنَّاهُمْ فِيمَا إِن مَّكَّنَّاكُمْ فِيهِ وَجَعَلْنَا لَهُمْ سَمْعاً وَأَبْصَاراً وَأَفْئِدَةً فَمَا أَغْنَى عَنْهُمْ سَمْعُهُمْ وَلَا أَبْصَارُهُمْ وَلَا أَفْئِدَتُهُم مِّن شَيْءٍ إِذْ كَانُوا يَجْحَدُونَ بِآيَاتِ اللَّهِ وَحَاقَ بِهِم مَّا كَانُوا بِهِ يَسْتَهْزِئُون]-اڵاحقاف26-
دیارە گەلی عاد ڕویانكردووەتە بتپەرستی و خوای تاك و تەنهایان لەیادكردووە، هود پێغەمبەریش-سەلامی خوای لەسەر بێت- ئامۆژگاری كردوون و بانگی كردوون بۆ خواپەرستی, بەڵام ئەوان بە سەرلێشێوا و نەفام و درۆزنیان داوەتە قەڵەم. ئەم پێغەمبەرە بەڕێزەش هەر بەردەوام لەگەڵیان دەدوێت و دەفەرموێت من نەفام نیم من پێغەمبەرم، بەڵام بێسودە، تا ئەوكاتەی خوای گەورە عەزاب و خەشمی خۆیان دەخاتە سەر و موجادەلە و زۆربڵێی ئەوان لەسەر كۆمەڵێك بت، كە خۆیان و باو باپیرانیان ناویان لێنابوون هیچ سودێكی پێنەگەیاندن. خوای گەورە هود پێغەمبەر و ئەوانەی لەگەڵیدابوون ڕزگاری كردن و گەلی عادیشی لەناو برد.
هەروەك لە مێژوو ناسی ناسراو (الطبری) ەوە وەرگیراوە مێژووناسان دەڵێن گەلی عاد سێ بتیان پەرستووە كە ناویان (صدا‌ء), (صمود) و (الهبا‌ء) بووە .

لەڕاستیدا باسكردن لە گەلی عاد و هەوڵی بێوچانی هود پێغەمبەر -سەلامی خوای لێبێت- هەموو ئەو دانایی زانیارییانەی لە بواری بیروباوەڕ و بانگەواز و بوارە ئیمانییەكاندا وەریدەگرین زۆرن و بێشومارن، چونكە خوای گەورە جگە لە هەردوو سورەتی (هود) و (اڵاحقاف) لەچەندین سورەتی تردا باسی ئەم گەلە لەناوچوەمان بۆدەكات و وەك پەندێك دەیخاتەوە پێش چاومان.
دۆزینەوەی شوێنەواری شاری ئیرەم:
لە سەرەتای ساڵی 1990ز دا هەموو ڕۆژنامە جیهانییە گەورەكان بە ڕیپۆرتاژ و نووسراوی سەرنجڕاكێش هەواڵی دۆزینەوەی (شارێكی عەرەبی ئەفسانەیی) ونبویان دایە جیهان و بەمەش بۆ یەكەمجار شوێنەواری گەلی عاد ئاشكرابوو.
خوای گەورە دەفەرموێت [وَاذْكُرْ أَخَا عَادٍ إِذْ أَنذَرَ قَوْمَهُ بِالْأَحْقَافِ وَقَدْ خَلَتْ النُّذُرُ مِن بَيْنِ يَدَيْهِ وَمِنْ خَلْفِهِ أَلَّا تَعْبُدُوا إِلَّا اللَّهَ إِنِّي أَخَافُ عَلَيْكُمْ عَذَابَ يَوْمٍ عَظِيمٍ ] -اڵاحقاف-21-
واتە [یادی براكەی عاد، كە هود پێغەمبەرە (سەلامی خوای لەسەر) بكەرەوە كە نیشتەجێی ناوچەیەك بوون بە (ئەحقاف) ناسرابوو- ناوچەیەكی لمینە دەكەوێتە خواروی دورگەی عەرەبییەوە- كە ئەو قەومە پێش هود و دوای هودیش كۆمەڵێك نێردراوی تر ئینزاری كردن، كە جگە لە خوای تاك و تەنها خوایەكی تر نەپەرستن، هود فەرمووی من لە عەزابی خوای گەورە دەترسم بكەوێتە سەرتان لە ڕۆژی قیامەتدا ]
پێش ئەوەی باس لە دیاری كردنی ناوچەی (اڵاحقاف) بكەین، پێویستە شیكارییەك بۆ مانای وشەی (اڵاحقاف) بكەین: ابن كثیر) لە تەفسیرەكەیدا وشەی (اڵاحقاف)ی بە كۆمەڵە شاخێكی لمین لێكداوەتەوە، بە ڵام (الماوردی) پێناسەیەكی زۆر وردی بۆ كردووە، كە لە ڕاستیدا زۆر دەگونجێت لە گەڵ وێنەكانی (Google Earth)دا و دەڵێت ((اڵاحقاف) كۆی وشەی (حقف)ە بریتییە لە لمێكی زۆر و درێژ و لار، كە نەگەیشتبێتە ئاستێك پێی بگوترێت شاخ. هەروەها لە بارەی پێگەی ناوچەی (اڵاحقاف) لە لایەن ڕاڤەكارانی قورئانەوە جۆرەها بۆچوون هەیە، كە زۆرینەیان پێیان وایە دەكەوێتە خواروی دورگەی عەرەبییەوە. لەم وێنانەی لای خوارەوەدا وینەی هەندێك لە ناوچەی ئەحقاف دەركەوتووە :

وەك لە نەخشەكەدا دیارە ناوچەی (چارەكی خاڵی) –Empty Quarter- دەركەوتووە.

لەم وێنەیەدا كە لە Google Earth ەوە وەرگیراوە ناوچەی ئەحقاف بەڕەنگە قاوەیی باوەكە ی جیادەكرێتەوە.
زانایانی جیۆلۆجی پێیان وایە ئاوی ژێرزەوی لەژێر شاخە لمینەكانی ئەم ناوچەیەدا بەڕێژەیەكی زۆر هەیە و بە هۆی بوونی لێژییەكی لەبەرچاوی زەوییەكان هەموو ئاوی ژێرزەوی ئەحقاف بەرەو ئەو ناوچەیە دەهێنێتەوە، كە ئێستا زانایان پێیان وایە گەلی عادی لێ نیشتەجێبوون .
ساڵی 1990 هەواڵی دۆزینەوەی (شارێكی عەرەبی ئەفسانەیی) ڕوپەڕی ڕۆژنامە جیهانیەكانی داگیر كرد و ئەو هەواڵە دونیای ڕۆژنامەگەری ئەوكاتەی هەژاند شاری (ئیرەم) ، (ئۆبار) ، (عبار) یان (دورگەی لمین).
ئەوشارەی كە پێش 14 سەدە لەقورئانی پیرۆزدا باسی لێوەكراوەو زۆر لە بێباوەڕان، یان ئەوانەی پێیان وابوو، كە پێگە و شاری گەلی عاد تەنها ئەفسانەیە و پشتاو پشت لە عەرەبی دەشتەكی ئەوناوچانەوە وەرگیراوە و گومانیان لە قورئانیش هەبوو، یان دەیانگوت ئەگەر ڕاستە،بۆچی ئەوشارە هیچ شوێنەوارێكی دیار نییە و تەنانەت شوێنەكەشی نازانرێت كوێیە .
پاك وبێگەردیی بۆخوای گەورە، كەپاش چواردەسەدە ئەو جێگایە دۆزرایەوە و پەردە لەسەر شارێكی ونبوو لادرا، كە قورئان لە چەندین جێگادا باسی لێوە كردووە.
زانای لاوی شوێنەوارناس (Nicholas Clapp) ئەو زانایە بوو لە ساڵی 1990ز دا ئەم شارە
ونبووەی دۆزییەوە، ئەم زانایە لە هەوادارانی مێژووی عەرەبی و لەهەمانكاتدا دەرهێنەری فیلمی دۆكیومێنتەری بوو . نیكۆلاس كلاپ لە میانەی ئەو توێژینەوانەی لەم ناوچەیەدا دەیكرد كتێبێكی زۆر گرنگی زاناو توێژەری ئینگلیزی (Bertram Thomas)ی دۆزییەوە كە بەناوی (Arabia Felix) لەساڵی 1932ز دا داینابوو. ناونیشانی كتێبەكەی (بێرترام تۆماس) بریتتیە لەو نازناوە ڕۆمانییەی كە بۆ بەشی باشوری دورگەی عەرەبی داندراوە – شایەنی باسە یەمەن و عومانیش لەو ناوچەیەدان- . یۆنانیەكان بەم ناوچەیەیان گوتووە (Eudaimon Arabia) واتە ناوچەی ( عەرەبی بەختەوەر)، بەڵام توێژەرانی عەرەب لەچاخەكانی ناوەڕاستدا بەم ناوچەیەیان گوتووە (یەمەنی بەختەوەر).
بەواتایەكی تر بەگشتی لەلایەن عەرەب و یۆنان و ڕۆمانییەكانیشەوە ئەم ناوچەیە بە (ناوچەی عەرەبی بەختەوەر ) ناوبراوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەو كەسانەی لە سەردەمی خۆیدا لەم ناوچەیەدا ژیاون خەڵكێكی زۆر بەختەوەر و خۆشگوزەران بوون لە كاتێكدا كەوتونەتە سەر ڕێگای بازرگانی بەهارات كە شوێنێكی ستراتیجی بووە لە نێوان وڵاتی هیند و دورگەی عەرەبیدا لە باشور، هەروەها خاوەنی درەختێكی زۆر بەنرخ بوون، كە (بخور) یان لێبەرهەم دەهێنا و جۆرە بۆنێك بوو لە دابوو نەریتە ئاینییەكانی عەرەبەكاندا بەكار دەهێنراو نرخی ئەوجۆرە بەرهەمە لەوسەردەمەدا هیچی وای لە ئاڵتون كەمتر نەبوو .
بەڵێ (بێرترام تۆماس)،كە ئەم بابەتەی زۆر بەگرنگ گرتبوو خودی خۆشی سەردانی مەیدانیی بۆ ناوچەكە كردووە و لەسەر زاری عەرەبە دەشتەكییەكان سۆراغی شارێكی بەناوی (ئۆبار) یان (عبار) كردووە و لەوپەڕی كاركردندابووە بۆ گەیشتن بە ئامانج ، بەڵام مەرگ مۆڵەتی ئەم زانایەی نەداوەو توێژینەوەكەی نەگەیاندە پایان.
(نیكۆلاس كلاپ) پاش ئەوەی كتێبەكەی ئەم توێژەرە ئینگلیزەی بینی هێندەی نەخایاند دەستیكرد بە توێژینەوەكەی و بڕوای بە بوونی ئەوشارە ونبووە هەبوو، بۆ سەلماندنی هەبوونی شاری (ئۆبار) یان (عبار) كلاپ دوو ڕێگای گرتە بەر:
یەكەم: كاتێك بۆی دەركەوت ئەو شارەی دەشتەكییەكان باسی لێوە دەكەن ڕاستە و هەیە ڕاستەوخۆ داوای لە ئاژانسی ئاسمانی و فەزایی ناسا ی ئەمریكی كرد بۆ دەستخستنی وێنەیەكی ئەوناوچەیە لەڕێگەی مانگە دەستكردەكانەوە، دیارە ئەمەش بەهەوڵێكی بێوچان و لێبڕانێكی زۆر هەتا توانی دەستەڵاتداران ڕازی بكات بەگرتنی ئەو وێنەیە.
دووەم: كلاپ هەستا بە خوێندنەوە و توێژینەوە لە سەر ئەو دەستنووس و نەخشە كۆنانەی كە لە كتێبخانەی ( هانتینغتون ) لە ویلایەتی كالیفۆرنیا بە مەبەستی ئەوەی نەخشەیەكی ناوچەكەی دەست بكەوێت.
پاش ماوەیەكی كورت نەخشەیەكی دۆزیەوە كە لەلایەن (بطلیموس) ی زانای جوگرافیناسی مصری – ئیغریقی یەوە ساڵی (200) ز كێشرابوو، كە لەو نەخشەیەدا پێگەی شارەكە وئەو ڕێگایانەی دێن بۆ شارەكە ڕونكراوەتەوە، لەمكاتەدا هەواڵی تەواوبوونی وێنەكانی ئاژانسی ناسا هاتەوە، كە لە وێنە كەدا هەندێك ڕێگای كاروانچییان دەركەوتووە ، زۆر ئەستەمە لە سەر زەوی ئەوڕێگایانە جیا بكرێتەوە مەگەر لە ئاسمانەوە كاتێك تەماشای هەموو ناوچەكە دەكرێت لە ڕێگەی مانگە دەستكردەكانەوە ئەو ڕێگایانە جیابكرێنەوە.
كلاپ نەخشە كۆنە مصرییەكەی لەگەڵ وێنەكەی ناسادا بەراوردكردو بۆی دەركەوت هەردووكیان لە ڕێگاكاندا لێكدەچن و كۆتا وێستگەی ڕێگاكانیش كە شوێنێكی بەرفراوانە ئەوە شارێكی گەورە و كۆنە.

لەڕێگەی وێنەی مانگی دەستكردەوە ڕێگاكانی كاروانچیانی كۆن دەركەوتووە.
كلاپ دڵنیابوو لە دروستی كارەكەی خۆی و هەمووی چەند ڕۆژێكی نەخایاند دەستی بە هەڵكەندن كرد و وردە وردە شت لەدوای شت لە شوێنەواری ئەو شارە ونبووەی، كە لە زاری دەشتەكییەكانەوە دەبیسترا دەدۆزرایەوە و شاری (ئۆبار- دورگەی لمین-) كە تا دوێنێ شارێكی ئەفسانەیی بوو ئێستا گومانی تێدا نەماو شوێنەوارەكەی وەدەر كەوت.

وێنەی هەندێك لە شوێنەواری گەلی عاد و تیمی هەڵكەندن بۆ دۆزینەوەی شوێنەواری ئەو ژیارە كە لەڕاستیدا وەك لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی پێفەرمووە تەنها شوێنەوارەكەی ماوە و كارە هونەرییەكانی ئەو ژیارە لەسەر زەویدا سڕاوەتەوە.
بەڵام بەڵگە چییە ئەم شارەی كلاپ دۆزییەوە پێگەی ئەوگەلی (عـــــاد)ە یە كە قورئانی پیرۆز باسی لێوە دەكات؟
دكتۆر زارینز یەكێك لە ئەندامەكانی ئەوتیمە توێژەرەو لێپرسراوی تیمی هەڵكەندنی ئەم شوێنەوارە بووە دەڵێت :پایەی زۆر گەورە یەكێكە لە نیشانە زۆر دیارەكانی شاری (ئۆبار)،لەهەمانكاتدا شاری (ئیرەم) یش بە خاوەن پایە ناودەبرێت، جۆرە پایە و كۆڵەكەیەك كە نموونەی لە ناوچەكەدا نەبووە، ئەمەش باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئەم شارەی دۆزراوەتەوە ئەو شارەیە، كە قورئان باسی لێوە فەرمووە لە سورەتی (الفجر) داو دەفەرموێت:[أَلَمْ تَرَ كَيْفَ فَعَلَ رَبُّكَ بِعَادٍ (6) إِرَمَ ذَاتِ الْعِمَادِ (7) الَّتِي لَمْ يُخْلَقْ مِثْلُهَا فِي الْبِلَادِ (8)  ] (الفجر )
واتە: [ئایا نەتزانیوە ئەی موحەمەد پەروەردگارت چی كردووە بە گەلی عاد-6- ئیرەم كە خاوەنی هێز و تەلاری بەرز و پایە و كۆڵەكەی ناوازەبوون-7- لەسەردەمی ئەواندا لە هیچ شوێنێكدا كۆشك و تەلار و پایەی وەك ئەوەی ئەوان دروستنەكرابوو-8- ]
یەكێكی تر لەو بەڵگانەی ،وامان لێدەكات بڵێین ئەم شارەی دۆزراوەتەوە شاری (ئیرەم) ە ئەوەیە، كە شارێكی بازنەییە و ڕاڕەوەكانی بە شێوەی بازنەییە و پایەی خڕ یان بازنەیی تێدایە، كە لەڕاستیدا ئەم جۆرە پایانە تایبەتن و هەموو شارە دێرینەكانی تری ناوچەكە بگەڕێیت تەنها پایەی چوارگۆشە دەبینیت و پایەی خڕ تەنها لەم شارەدا بەدیدەكرێت، هەروەها دەشڵێن پایەكانی ئەم شارە بە ئاڵتون ڕوكەشكراون، یان لە زیو دروستكراون، ئەمەش جوانییەكی كەموێنەی داوە بە پایەكان، ئەمەی باسكرا دەبێتە ڕاڤەیەكی واقیعی فەرموودەكەی خوای گەورە كە دەفەرموێت [ الَّتِي لَمْ يُخْلَقْ مِثْلُهَا فِي الْبِلَادِ (8) ] –الفجر- .
ئەمە وێنەی یەكێك لە قەڵاكانی شاری (ئیرەم) ە كە (10) م لەژێر چینەكانی لمی بیابانەوە بوو لەڕێگەی مانگی دەستكردی پێشكەوتوی ئەمەریكییەوە گیراوە، لەڕاستیدا ئەم قەڵایە بە گەورەیی و تایبەتمەندی پایەكانی جیادەكرێتەوە .

1- وێنەی شاری ئۆبار پێش هەڵكەندن كە ئاستەمە جیابكرێتەوە چونكە بەتەواوی لم دایپۆشیوە.
2- دەركەوتنی شاری ئۆبار پاش هەڵكەندن و لابردنی 12 م لم .
كە خوای گەورە لە بارەی توانای بیناسازی ئەم گەلەوە لەسەر زاری هود پێغەمبەرەوە -سەلامی خوای لەسەر بێت- پێیان دەفەرموێت [أَتَبْنُونَ بِكُلِّ رِيعٍ آيَةً تَعْبَثُونَ {128} وَتَتَّخِذُونَ مَصَانِعَ لَعَلَّكُمْ تَخْلُدُونَ {129}وَإِذَا بَطَشْتُم بَطَشْتُمْ جَبَّارِينَ {130} فَاتَّقُوا اللَّهَ وَأَطِيعُونِ {131}وَاتَّقُوا الَّذِي أَمَدَّكُم بِمَا تَعْلَمُونَ {132} أَمَدَّكُم بِأَنْعَامٍ وَبَنِينَ {133}وَجَنَّاتٍ وَعُيُونٍ {134} إِنِّي أَخَافُ عَلَيْكُمْ عَذَابَ يَوْمٍ عَظِيمٍ{135} قَالُوا سَوَاء عَلَيْنَا أَوَعَظْتَ أَمْ لَمْ تَكُن مِّنَ الْوَاعِظِينَ {136}] –الشعراء-واتە: [ئایا ئێوە لە هەموو شوێنێكی بەرزدا بینای بڵند دروستناكەن؟ و گاڵتە بە خەڵكانی ڕێبواریش ناكەن؟ ئەمەش زیادەڕەوییەو هیچ سودێكی بۆ دین و دونیاتان نییە-128- لەڕێی كارگەكانتانەوە هەر خەریكی دروستكردنی قەڵا و باڵەخانەی بەرزن، یان خەریكی كۆگای ئاون لە ژێر زەویدا وادەزانن ئیتر نامرن-129- كاتێك دەست دەوەشێنن بە مەبەستی كوشتن یان لێدان زۆر بە ستەمكارانە ئەنجامی دەدەن-130- لەخوابترسن و گوێڕایەڵم بن ئەوە باشترە بۆتان-131- لەخوابترسن لەو هەموو نازو نعمەتەی پێی بەخشیون و لێیشتان شاراوانییە-132- ئاژەڵی پێبەخشیون لە وشتر و مانگاو ماڵات… و منداڵ و نەوەیشی پێبەخشیون-133- هەروەها باخچە و باخات وبێستانی زۆر لەگەڵ كانی و ڕوبار و سەرچاوەی ئاو-134- هود پێغەمبەر –سەلامی خوای لەسەر بێت – فەرمووی من لەوە دەترسم، ئەگەر ئێوە سوربن لەسەر كوفر و باوەڕنەكردن و ستەم و پێنەزانینی نیعمەتەكان ئەوا سزای گەورەی دونیاو ڕۆژی دواییتان بكەوێتە سەر-135- گوتیان لای ئێمە یەكسانە بیرمان بخەیتەوە و بمانترسێنیت، یان وازمان لێبهێنیت و قسە نەكەیت، چونكە ئێمە باوەڕت پێناهێنین-136- ]

تۆمارە مێژووییەكان دەریانخستووە، ئەم ناوچەیە سەوز و تەڕو پاراو و بەبەرهەم بووە، هەروەك لە قورئانی پیرۆزیشدا ئاماژەی پێكراوە، بەڵام توشی گۆڕانكاری ئاووهەوا هاتووە و بووە بەناوچەیەكی بیبان و وشك و بێبەرهەم .
هەروەك لە وێنەكانی یەكێك لە مانگە دەستكردەكانی سەر بە ئاژانسی ئاسمانی و فەزایی ناسای ئەمەریكییەوە دەبینرێت، كە لە ساڵی 1990 ز دا گیراوە دەریخستووە، كە ئەم ناوچەیە كۆمەڵێك زۆر بەندا و كەناڵ و جۆگای ئاودێرییان هەبووە و سیستمێكی ئاودێری ڕێكخراویان هەبووە، كە توانای فەراهەم هێنان و كۆكردنەوەی ئاوی بۆ 200,000 كەس هەبووە. هەروەها وێنەی دوو ڕوبار گیراوە كە لە ئێستادا تەنها شوێنەكەیان لە ئاسمانەوە دەردەكەوێت و وشكیان كردووە ، لێكۆڵوەران پێیان وایە ئەم ناوچەیە ناوچەیەكی سەوز و كشتوكاڵی بووە.

وێنەی دوو روبار كە گەلی عاد سودیان لێبینەوە و لە ئێستادا وشكیان كردووە..
ئەوەی كە مایەی سەرسامییە ئەوەیە، وەك لەسەرەوە باسمانكرد قورئانی پیرۆز لە لایەك و تۆمارە مێژوییەكانیش لە لایەكی تر ئاماژە بە ئاو و باخ و باخاتی ئەم ناوچەیە دەكەن، بەڵام لە ئێستادا دەبینین ناوچەیەكی وشك و بیبانە!. بەڵێ ئەمە ئەو خاڵەیە كە گرنگە باسی لێوە بكەین، وەك گۆڤاری (Am’ interesse) ی فەرەنسی ئاماژەی پێكردووە، شاری ئیرەم یان (ئۆبار) توشی ڕەشەبا و گەردەلولێكی لمین هاتووە چین بەچین بووەتە هۆی داپۆشینی شارەكە و بەرزی ئەو لمەش كە داباریوەتە سەر ئەو شارە بە (12)م مەزەندەكراوە.
خوای گەورە باس لە چركەساتی دەست پێكردنی لەناوبردنی ئەو شارەو گەلەكەی ناویمان بۆ دەكات و دەفەرموێت: [كَذَّبَتْ عَادٌ فَكَيْفَ كَانَ عَذَابِي وَنُذُرِ{18} إِنَّا أَرْسَلْنَا عَلَيْهِمْ رِيحاً صَرْصَراً فِي يَوْمِ نَحْسٍ مُّسْتَمِرّ{19} تَنزِعُ النَّاسَ كَأَنَّهُمْ أَعْجَازُ نَخْلٍ مُّنقَعِر{20}] –القمر-
واتە [گەلی عادیش بڕوایان بە هود پێغەمبەر نەكرد- سەلامی خوای لەسەر بێت- تۆڵەی ئێمەش لەسەر كوفر و ئینزاركردنیان بۆ بڕوانەكردنیان بە پێغەمبەرەكەیان، باوەڕنەهێنان پێی بێگومان بەهێز و بە ئازار بوو-18- بێگومان بایەكی زۆر سارد و دەنگ بەرزمان هەڵكردە سەریان لەڕۆژێكی شومدا كەبەردەوام بوو لەسەریان -19- خەڵكی لە ڕەگ دەردەهێناو لە سەر سەر دەیدان بە زەویدا و سەریان لەلاشە دەبووەوە، هەروەك چۆن دارخورما لە قەدەكەی جیادەبێتەوە-20-]. هەروەها لە شوێنێكی تردا قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: [ وَأَمَّا عَادٌ فَأُهْلِكُوا بِرِيحٍ صَرْصَرٍ عَاتِيَةٍ{6} سَخَّرَهَا عَلَيْهِمْ سَبْعَ لَيَالٍ وَثَمَانِيَةَ أَيَّامٍ حُسُوماً فَتَرَى الْقَوْمَ فِيهَا صَرْعَى كَأَنَّهُمْ أَعْجَازُ نَخْلٍ خَاوِيَةٍ{7}]- الحاقە- واتە: [گەلی عاد بە بایەكی زۆر سارد و دەنگ بەرز و بەهێز بە هیلاكدا بران و لە ناو بران -6- لەگەڵ توڕەیی خۆیدا بۆی ناردن حەوت شەو و هەشت ڕۆژی یەك لەدوای یەكی خایاند بێ پشوو و بێ وەستان، لەوشەو و ڕۆژانەدا دەتبینی ئەوخەڵكە مردون و هەروەك قەدی دارخورمای ناوكلۆر لێی دەكەوتن-7- ].
ئەوەی لەم وتارەدا دەرفەتمان مابێت باسی لێوە بكەین دواین تابلۆی قورئانییە، كە بە وشە پیرۆز و پڕ ڕەوانبێژییەكەی باس لە تەنها ساتە وەختێكی زۆر كەممان بۆدەكات پێش ڕووداوەكە، كە دەفەرموێت: [فَلَمَّا رَأَوْهُ عَارِضاً مُّسْتَقْبِلَ أَوْدِيَتِهِمْ قَالُوا هَذَا عَارِضٌ مُّمْطِرُنَا بَلْ هُوَ مَا اسْتَعْجَلْتُم بِهِ رِيحٌ فِيهَا عَذَابٌ أَلِيمٌ{24}]- اڵاحقاف- واتە: [جاكاتێك هەورێكیان بینی ڕووەو دۆڵ و ناوچەكەیان دێت، گوتیان ئەوە هەورێكی باراناوییەوە بارانمان بۆ دەبارێنێت، نەخێر ئەوە ئەو كارەسات و بەڵایەیە كە پەلەتان دەكرد بۆتان بێت، ئەوە بایەكی بەهێزە و سزایەكی بە ئێش بەئازاری لە خۆگرتووە ].
لەو ئایەتانەی سەرەوە بۆمان دەركەوت، كە جۆری ئەو بایەی هەڵیكردووەتە سەریان یەكەم (ڕیح صَرْصَر) بایەكی زۆرسارد بووە كەواتە بایەك بووە لە باكورەوە هاتووەو لە بیبانی چارەكی خاڵییەوە( ربع الخالی) كە خۆڵێكی زۆر وردی هەیە ، دووەم (عاتیە) واتە خێراییەكەی زۆر زۆر بەهێز بووە، كە سەدان كیلۆمەتر بووە لە كاتژمێرێكدا بیگومان بایەكی تێكدەرە و هەرچی بەر دەكەوێت لە مرۆڤ و ئاژەڵ و دارو درەخت لولیدەكات و دەیفەوتێنێت هەروەك لەگەردەلولەكاندا (اعصار) دەیبینین.كەواتە گەردەلولێكی لمینی زۆر گەورە بووە لەم وێنەیەدا تەماشای ئەم گەردەلولە لمینە بكە بۆ تێگەیشتنت لە باسەكە.

وێنەی گەردەلولێكی لمین .
بۆیە جێی خۆیەتی بە بێباوەڕان بڵێینن كە قورئان فەرموودەی خوایە و خوای گەورە خۆی مرۆڤ و بونەوەری فەراهەمهێناوە هەرخوای گەورەش گەلی عادی دروستكردووە و لەناویشی بردوون خۆیشی لەڕێگەی قورئانەوە ئاماژەی بە شوێن و شێوازی لەناوچونەكەشیان كردووە. ئێمەی مرۆڤیش پاش چواردە سەدە لە دوای هاتنە خوارەوەی ئەو ئایەتانە و بەبەكارهێنانی ئەم هەموو تەكنەلۆجیاو مانگی دەستكردو ئامێرە پێشكەوتووانەوە، ئینجا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە كۆمەڵێك ڕاڤە بۆ ئەو گەلە و شوێنەوارەكانیان بكەین لە كاتێكدا خوای گەورە لە قورئاندا باسی لێوە فەرمووە و پێغەمبەرەكەشی سەروەرمان موحەمەد-درودی خوای لەسەر بێت- بە ئەمانەتەوە ئەو قورئانەی پێگەیاندوین و ئێمەش جارێكی تر بەم بەڵگە ڕوونانە و چەندین و هەزاران بەڵگەی تری ئاوا بەهێزیش بەوانە دەڵێین كە گومانیان لە بێگەردی قورئانی پیرۆز هەیە، دەڵێین قورئان فەرمودەی خوایە، بێگەردیشە و بە بێگەردیش دەمێنێتەوە بۆیە خۆشبەختی بۆ ئەو كەسەی دەیكاتە دەستوری ژیانی و نێردراوەكەشی كە دواین پێغەمبەرە دەكاتە ڕابەر و ڕێگای بەرەو بەهەشت دەگرێت.

ئەو جێگایەی گەلی عادی تێدا ژیاوە ئێستا پڕبوە لە لم و بۆتە شاخی لەلم پێك هاتوو.

سەرچاوەكان:
1- قورئانی پیرۆز
2- تەفسیری الجلالین .
3- تەفسیری المیسر.
4- Google Earth.
5- اڵامم البائدە ………… هارون یحیی.
6- وتارێكی فراس نور الحق – كە لە پێگەی –موسوعە الاعجاز العلمی فی القران و السنە وەرگیراوە.

7- وتارێكی دكتۆر منصور أبو شریعە العبادی -جامعە العلوم و التكنلوجیا الاردنیە- كە لە پێگەی –موسوعە الاعجاز العلمی فی القران و السنە-وەرگیراوە.

About دیدار عثمان

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …