Home / مێژووى جیهان / فەلسەفەی شۆڕشی ١٤ـی تەممووز

فەلسەفەی شۆڕشی ١٤ـی تەممووز

589838Image1

نووسینی چـــرا

ئەو بەرەبەیانەی بنەماڵەی شا بە دەنگی تۆپ و فڕۆکە لەخەو ڕابوون

ئایا ١٤ـی تەممووز شۆڕش بوو یان کودەتا؟
کارەکتەرە سەرەکیەکانی شۆڕشەکە:
ھۆکاری شۆڕشەکە
میکانیزمی شۆڕشەکە
ئەنجامی شۆڕشەکە
شۆڕش و پەیوەندی بە گەلی کورد
چواردەی تەممووزی لە شیعرێکی شێخ نووری شێخ ساڵدا
سەرچاوەکان

فەلسەفەی شۆڕشی ١٤ـی تەممووز

١٤ـی تەمووز، ئەو بەرەبەیانەی بنەماڵەی شا بە دەنگی تۆپ و فڕۆکە لە خەو ڕابوون.

{ئێرە کۆماری عیراقە، ئەمڕۆ ڕۆژی سەرکەوتن و شانازی ئێوەیە، دوژمنی خوا و ئاجغاکەی کوژراون و لە کۆڵانەکاندا کەوتوون}. بێژەری ڕادیۆی بەغدا لە سەعات ئەوتی بەیانی ڕۆژی ١٩٥٨/٧/١٤ دا، بە دەنگی بەرز ئەم قسانەی لە ڕادیۆی بەغداوە پەخش دەکاتەوە…
بەرەبەیانی ١٤ـی تەمووز، کۆتایی بە قۆناغێک لە مێژووی عێراق ھێنا کە قۆناغی سیستەمی پادشایەتی بوو لە عێراق، کە لەسەر دەستی بەریتانیای مەزن لە دایکببوو و تێیدا دەستی بەسەر ئەو قۆناغە گرتبوو،
لەگەڵ خانەوادەی ھاشمی و ئەفسەر و فەرمانبەرانی دەوڵەتی عوسمانی پێشوو ھەوڵیان دەدا کۆنتڕۆڵی دامودەزگاکانی حکومەت بکەن.
بەرەبەیانی ١٤ـی تەممووز ژمارەیەك ئەفسەری عێراقی كە لەلایەن عەبدولكەریم قاسم و عەبدولسەلام عارفەوە سەرپەرشتی دەكران، هێرشیان كردەسەر كۆشكی كۆماری و هەموو ئەندامانی خێزانی پادشایان كوشت و دەستیان لە ھیچ کام لە بنەماڵەی شا نەپاراست.
بنەماڵەی شا کە بنەماڵەی «هاشمییەکان»بوون بنەماڵەیەکی سونی مەزهەب بوون لە هۆزی قوڕەیشییەکان و نەوەی پێغەمبەری ئیسلام
(محمد دروودی خوای لەسەر بێت) بوون.
کاتێک کە دەوڵەتی پاشایەتی عێراقی لە ساڵی ١٩٢١ دامەزرا، یەکەم پاشای عێراق فەیسەڵی یەکەم بوون بە ھاوکاری بەریتانیا دەسەڵاتی وەرگرت،
وە کۆتا پادشاش «شا فەیسەڵی دووەم»
بوو کە لەژێر فەرمانڕەوایی بەڕیتانییەکان خرانە سەرحوکم و بنەماڵەکە بەهۆی شۆڕشی ٥٨ ـەوە لەسەر دەسەڵات لابران، لەم کودەتایەدا هەریەکە لە مەلیک فەیسەڵ و خاڵی پاشا عەبدوڵئیلا و
لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق «نوری سەعید» کوژران.

ئایا ١٤ـی تەممووز شۆڕش بوو یان کودەتا؟

شۆڕش له بواری ڕەچەڵەکناسییەوە بە مانای گۆڕانکاری، وەرچەرخان، سەرەونخوونی و جێگۆڕکێ پێکردن و هەروەها، لە ڕوانگەی سیاسییەوە بە مانای هەوڵ و تێکۆشانی خەڵک بۆ ڕووخاندن و دامەزراندنی حکوومەتێکی نوێ دێت.
له ‌فەرهەنگی‌ سیاسیدا (شۆڕش) چەند پێناسەیەكی‌ هەیە، لەپێناسە كۆنە باوەكەدا كە لەگەڵ یەكەمین كڵپەی‌ شۆڕشی‌ فەرەنسیدا دانراوە، شۆڕش بەو جوڵانەوەیە دەوترێت كە تێیدا گەل بەسەرۆكایەتی‌ دەستەبژێر‌ و رۆشنبیرە پێشەنگەكانی‌ رژێمی‌ حوكم لە وڵاتدا لەرێگەی‌ هێزەوە بگۆڕێت.
تێگەیشتنی‌ هاوچەرخ بۆ شۆڕش بریتیە لەو گۆڕانكارییەی‌ كە گەل لەرێگەی‌ ئامرازەكانیەوە وەك هێزە چەكدارەكان یاخود لەرێگەی‌ كەسایەتییە مێژوییەكانەوە ئەنجامی‌ دەدات، بەمەبەستی‌ بەدیهێنانی‌ ئارەزوەكانی‌ بۆ گۆڕینی‌ ئەو ڕژێمی‌ حوكمەی‌ كە ناتوانێت ئارەزووەكانی‌ بەدی‌ بهێنێت، بەڵام كودەتا کە بە واتای لێدانێکی لەناکاو دژی حکومەت دێت، و بە جوڵانەوەیە دەوترێت كە كۆمەڵێك ئەفسەری‌ سەربازی‌ بە سەركردایەتی‌ یەكێك لە ئەفسەرەكان پێی‌ هەڵدەستن بەمەبەستی‌ دەستگرتن بەسەر دەسەڵات‌و بەدیهێنانی‌ بەرژەوەندییە تایبەتەكانی‌ خۆیان.

شۆڕشی ١٤ـی تەمووزی ئەگەرچی لێدانێکی لەناکاو بوو و سوپا پێی ھەڵسا، ئەمەش وا دەکات کە ھەندێک بە کودەتا ناوی ببەن، بەڵام ھەر لەگەڵ ھەڵکوتانە سەر کۆشکی کۆماری و ڕاگەیاندنی ڕووخانی ڕژێمی پادشایەتی لە عێراق، خەڵکی بە ھەموو چین و توێژەکانیەوە ھاتنە سەر شەقام و پشتگیریان لە شۆڕش کرد ھەروەھا ئەم ڕووداوە لەناوچەكە و جیهانیشدا بە یەكێك لە گۆڕانكارییە گەورەكان دێتە ئەژمار لەبەر ئەوەی گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە شێوازی فەرمانڕەوایی وڵاتی عێراق هاتە ئاراوە، گۆڕانێك كە عێراقی لە ڕژێمی پادشایەیتی و پشتتاو پشتەوە بەرەو حوكمی كۆماریی برد، گۆڕانێك دوای ٦٥ ساڵ لەو ڕوداوە هێشتا گەلانی عێراق پێیان وایە ئەگەر ئەو گۆڕانكارییە نەبوایە ژیان و گوزەرانی خەڵك لە ئێستە باشتر دەبوو، هەندێكیش پێیان وایە پێیچەوانەكەی ڕاستە، بۆیە درووستە کە بە شۆڕش ناوببرێت نەک کودەتا.

کارەکتەرە سەرەکیەکانی شۆڕشەکە:
١/ شا فەیسەڵی دووەم: سێیەمین و دواهەمین پادشای هاشمییەکان بوو له عێراق ناوی تەواوی فەیسەڵی دووەمی کوڕی شا غازی کوڕی شا فەیسەڵی یەکەمە، و دایکی ناوی شاژنە عالیە بوو، لە ساڵی ١٩٣٥ لە دایکبووە، لە ماوەی ٤ی نیسانی ١٩٣٩ تاکوو تەمموزی ١٩٥٨ پاشای عێراقبوو، لە ڕۆژی ١٤ـی تەممووزی ١٩٥٨ لەگەڵ ماڵباتەکەی کۆمەڵکوژران.

٢/ عەبدولئیلاھ: عەبدول ئیلاهـ لە ساڵی ١٩٠٩ لە دایکبووە، خاڵی فەیسەڵی دووەمی پادشای عێراق، برای شاژن عالیە کە ژنی شا غازی بوو. ساڵی ١٩٣٩ کاتێک شا غازی باوکی فەیسەڵ لەڕووداوی هاتوچۆدا کۆچی دوایی کرد، لەبەر بچوکی تەمەنی فەیسەڵی کوڕی، عەبدول ئیلاهــ بوو بەوەسی عێراق تا شا فەیسەڵ بوو بە ١٨ ساڵ، ئەویش ڕۆژی ١٤ـی تەممووزی ١٩٥٨ کوژرا.
٣/ نوری سەعید: نووری سەعید سیاسەتمەداری عێراقی بوو لە سەردەمی ئیستعماری عێراق لەلایەن بەریتانیاوە، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بوو. ئەو حەوت جار لە نێوان ساڵانی ١٩٣٠ ھەتا ١٩٥٨ بوو بە سەرۆک وەزیرانی.
نووری سەعید بە لایەنگری بەریتانیا ناسراوە و دوژمنی زۆری لە نێو عێراقدا ھەبووە. لە ڕۆژی ١٤ـی تەممووزی ١٩٥٨ بە دەستی خەڵکی عێراق کوژرا.

٤/ عەبدولکەریم قاسم: دامەزرێنەری سیستەمی کۆماری لە عێراق و دوایی پێهێنەری سیستمی پادشایەتی لە عێراق، لە ساڵی ١٩١٤ لە گەڕەکی مەهدییەی نزیک ناوچەی ڕەسافەی شاری بەغدا،
لە ڕۆژی ١٤ـی تەممووزی ساڵی ١٩٥٨ کودەتای بەسەر شای عێراقدا کردوو سیستەمی کۆماری دامەزراند و خۆشی بوو بە سەرۆک وەزیران تا
ساڵی ١٩٦٣، عەبدولسەلام عارف هاوڕێ و دۆستی نزیکی عەبدولکەریم کودەتای دژی بەرپاکرد، بە یارمەتی حزبی بەعس.ڕۆژێک دوای کودەتاکە خۆی هاوەڵەکانی لە بارەگای ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی دیجلە گولەبارانکران.

٥/ عەبدولسەلام عارف: لە (٢١ـی ٣ـی ١٩٢١) لە ناوچەی کەرخ لە بەغدا کە دایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە بەغدا لە ساڵی ١٩٣٨ تەواوکردووە، لە ھەمان ساڵدا چۆتە خوێندنی سەربازی، لە ساڵی ١٩٤١ بە پلەی مولازمی دووەم دەرچووە. ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی بینیوە لە ھەڵگیرسانی شۆڕشی ١٤ـی ترممووز لە عێراق و پیلاندابەری شۆڕشەکە بووە، لە ساڵی ١٩٦١ بە ھاوکاری بەعسیەکان عەبدولکەریم قاسمی کوشتووە، بۆە سەرۆک کۆماری عێراق، تاوەکوو لە ١٣ـی نیسانی ساڵی ١٩٦٦ لەناو فڕۆکەدا سووتاوە و کۆچی دوایی کردووە.

٦/ عەبدولستار سەبع عەبوسی: سەربازێکی پلە نزمی سوپای عێراق بوو، لە بەرەبەیانی ١٤ـی تەممووز و کاتی گەمارۆدانی کۆشکی کۆماری لەگەڵ ئەوەی بنەماڵەی شا خۆیان بە دەستەوە دابوو و بێ بوونی ھیچ فەرمانێکی کوشتن، دەستڕێژی گووللەی کردە سەر شا فەیسەڵ و کوشتی. دەوترێت کە عەبدولستار عەبوسی ڕقێکی زۆری بەرامبەر بە پاشا ھەبوو، ئەم ڕقەشی لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو کە دوو برای لە دوو کاتی جیاوازدا لە سوپای عێراقدا کوژرابوون.

ھۆکاری شۆڕشەکە:
بێگومان هیچ گۆڕانكارییەك بە بێ هۆكارو پاڵنەر نایەتە پێشەوەو ڕوو نادات بەتایبەتی ئەو كارانەی بەپێی پلان و بەرنامەی ڕوون بەڕێوە دەچێت و بەتایبەتی تر شۆڕشە گەورەكان، لە شیکردنەوەی ڕووداوە مێژوویەکانیشدا ھەمیشە دوو جۆر ھۆکارمان ھەیە تاوەکوو ببێتە پاڵنەر بۆ ڕوودانی ڕووداوێک ئەوانیش ھۆکاری ڕاستەوخۆ و ھۆکاری ناڕاستەوخۆن، ڕووداوی ١٤ـی تەممووزیش بەدەر نییە لەم ھاوکێشەیە، و چەندین ھۆکار و پاڵنەری ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆ ھەبوون.

ھۆکارە ناڕاستەوخۆکان:
شۆڕشی ١٤ـی تەمووز لە کاتێکی زۆر ھەستیاری مێژووی ناوچەکە و جیھان ڕوویدا،
ژماره‌یه‌ك هۆكار هه‌بوون كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌رییان هه‌بو له‌سه‌ر دروستبونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ١٤ـی ته‌ممووز‌و روخاندنی‌ رژێمی‌ پادشایه‌تی‌ له‌ عێراق، له‌وانه: ١-‌ له‌باربردنی‌ شۆڕشه‌كه‌ی‌ ڕه‌شید عالی‌ گه‌یلانی ‌‌و شكستهێنانی‌ حكومه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌كان له‌جه‌نگی‌ ساڵی‌ (١٩٤٨)ی‌ فه‌ڵه‌ستین‌و ده‌ركه‌وتنی‌ ته‌وژمی‌ نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی‌ له‌دژی‌ هه‌ژموونی‌ به‌ریتانیا‌و فه‌ره‌نسا‌و ئه‌مه‌ریكا له‌ناوچه‌كه‌دا. ٢- له‌ناو وڵاتانی‌ عه‌ره‌بیدا له‌و كاته‌دا ته‌وژمی‌ شۆڕشگێڕی‌ له‌ بره‌ودا بوو، جه‌ماوه‌ری‌ عه‌ره‌بی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ چڕ پشتیوانیان له‌سه‌ركرده‌ لاوه‌ شۆڕشگێڕه‌كان ده‌كرد به‌تایبه‌تیش بزوتنه‌وه‌ی‌ ته‌مموزی‌ ساڵی‌ (١٩٥٢)ی‌ میسر. ٣- ڕێككه‌وتنی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ نوری‌ سه‌عید له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ خۆرئاوا له‌ چوارچێوه‌ی‌ (په‌یمانی‌ به‌غدا) كه‌ له‌و كاته‌دا وه‌ك گرێبه‌ستێكی‌ ستراتیژی‌ بۆ هێنانی‌ هه‌ژمونی‌ به‌ریتانیا‌و فه‌ڕه‌نساو دواتر هێنانی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر سامانی‌ نه‌وتدا له‌ناوچه‌كه‌ وه‌سفده‌كرا، ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌مه‌به‌ستی‌ وه‌ستانه‌وه‌ به‌ڕووی‌ یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌تدا بوو.

ھۆکارە ڕاستەوخۆکان
١- توڕەیی‌ خه‌ڵك له‌ داگیركاری‌ به‌ریتانیا بۆ عێراق دوای‌ ڕووخانی‌ شۆڕشه‌كه‌ی‌ «ڕه‌شید عالی‌ گه‌یلانی‌» له‌ ساڵی‌ (١٩٤١) ‌و له‌ سێداره‌دانی‌ ئه‌فسه‌ره‌ ئازادیخوازه‌كان كه‌ به‌شدارییان له‌ شۆڕشه‌كه‌دا كردبوو هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ به‌رپابوونی‌ شۆڕشی‌ ١٤ـی‌ ته‌ممووز بووه‌. ٢- خراپی‌ بارودۆخی‌ گوزه‌رانی‌ خه‌ڵك، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ شكستهێنانی‌ رژێمی‌ پادشایه‌تی‌ له‌به‌دیهێنانی‌ خواسته‌كانی‌ خه‌ڵك‌و ده‌ركه‌وتنی‌ وه‌ك رژێمێك كه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ به‌ریتانیاوه‌ له‌سه‌ر حسابی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ گه‌ل. ٣- هه‌ژمونی‌ كۆمپانیا بیانییه‌كان به‌سه‌ر ئابوری‌ عێراقدا یه‌كێكه‌ له‌و هۆكارانه‌ی‌ كه‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ ده‌كرێت به‌تایبه‌تیش له‌بواری‌ نه‌وتدا كه‌ ده‌وترێت بوه‌ته‌ هۆی‌ داكشانی‌ ئابوری‌ عێراق‌ و هه‌ڵاوسانی‌ نرخ‌ و گرانبوونی‌ كاڵا له‌ وڵاتدا.
٤- له‌و كاته‌دا رژێمی‌ عێراق له‌ژێر هه‌ڵمه‌تێكی‌ توندیی‌ راگه‌یاندنی‌ میسرو سوریادا بوو به‌هۆی‌ به‌شداریكردنی‌ له‌ (په‌یمانی‌ به‌غدا) ڕادیۆكانی‌ قاهیره‌و میسر كاریگه‌ری‌ راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر بیری‌ خه‌ڵكی‌ عێراق دانابوو سه‌باره‌ت به‌ حكومه‌ته‌كه‌یان كه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی خۆرئاوا رێككه‌وتنی‌ كردبوو.

میکانیزمی شۆڕشەکە:

بەھۆی بە دەنگەوە نەھاتنی حکومەتی عێراقی لە داواکارییەکانی گەل و بارودۆخی سیاسی عێراق کە تا دەھات بەرەو خراپتر دەچوو، ئەمەش وایکرد کە پارتە سیاسییەکان لە یەک نزیک بکەونەوە، لە ئاکامدا لە ٩ی ئاداری ١٩٥٧ یەکەمین بەیاننامەی دامەزراندنی بەرەی نیشتیمانی ڕاگەیەنرا، ئەو بەرەیەش پێکھاتبوون لە (پارتی سەربەخۆیی، پارتی سۆسیالستی عەرەبی، پارتی نیشتیمانی عەرەبی، حزبی شیوعی عێراقی)
ھەر لەگەڵ دامەزراندنی ئەم بەرەیە، ژمارەیەک داواکارییان پێشکەش بە حکومەت کرد کە تێیدا ھاتبوو (لە کارخستنی کابینەی نوری سەعید، دەرچوونی عێراق لە پەیماننامەی بەغدا، ڕێگەدان بە ئازادی دیموکراتی دەستووری، ھەڵوەشانەوە حوکمی عورفی، ئازادکردنی زیندانییە سیاسیەکان، گەڕانەوەی خوێندکاران و فەرمانبەرە دەرکراوەکان بۆ سەر کارەکانیان کە بەھۆی باری سیاسی دەرکرابوون، لەگەڵ بەرنگاربوونەوەی دەستێوەردانی کۆلۆنیالیزمی).
دایەنی وتنە ئەم ھەوڵ و کۆششانە بێ ئەنجام مانەوە. بۆیە ڕێکخراوێکی تر سەریھەڵدا ئەویش ڕێکخراوی ئەفسەرانی ئازادیخواز بوو، ئەفسەرە ئازادیخوازەکانی عێراقی یەکەم شانەی خۆیان بە شێوەیەکی نھێنی دامەزراند، و ھەریەک لە «رەفعەت حاجی سری» و «محیەدین عەبدولمەجید» وەکوو ڕاوێژکاری ئەو شانەیە ھەڵبژێردران. لافاوە گەورەکەی ساڵی ١٩٥٤یش کە لە بەغدا ڕوویدا ڕێگەخۆشکەر بوو لەبەردەمی ئەفسەرەکان تا لە بەغدا یەکترببینن و یەکتربناسن و چاویان بە عەبدولکەریم قاسم بکەوێت.

ئەگەر سەیری پێکھاتەی ڕێکخراوی ئەفسەرانی ئازادیخواز بکەیین، ھەرچەندە لە ڕووی ڕێکخستنەوە شێوازێکی نھێنیان پەیڕەو دەکرد، بەڵام پڕۆگرامێکی یەکگرتوویی لە نێوانیاد دا نەبوو، لە ڕووی ھزریشەوە لە یەکتر جیاوازبوون، ئاراستەی ھزری جۆراوجۆر و پێکھاتەی نەتەوەیی و مەزھەبی تێدا دەبینین، ئەم ڕێکخراو بەبێ بوونی سەرکردایەتیەکی یەکگرتوو بەردەوام بوو، تا گەیشتە ساڵی ١٩٥٧، و توانیان بگەنە گەشەکردنێکی سیاسی و ھەموو گرووپەکانی ئەفسەرانی ئازادیخواز یەکیان گرت و لیژنەیەکیان لە پازدە ئەفسەری پلەدار پێکھێنا بە سەرۆکایەتی «عەبدولکەریم قاسم»
دیارترین ئامانجی ئەم ڕێکخراوەش بریتیبوو لە ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی و جێگرتنەوە و ھێنانە کایەوەی ڕژێمی کۆماری لە عێراقدا، لەگەڵ ئازادبوونی عێراق بوو لەژێر دەسەڵاتی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا و بەڕیتانیا، کە هێزی ڕۆژئاوا دەستیان گرتبوو بەسەر هەموو چەمکە سەرەکییەکانی عێراقدا، و دەرچوونی عێراق لەو ڕێککەوتنامەیەی کە عێراقی بە دەوڵەتە داگیرکەرکان دەبەستایەوە، سەرەڕای ئەوانەش دابینکردنی سەربەخۆیی خۆیان و حکومەتێکی نیشتیمانی دابمەزرێنن کە مافەکانی گەل بەدی بێنێت.
بەم شێوەیە ئەفسەرە ئازادیخوازەکان کەوتنە بیرۆکەی نەخشەکێشان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان، لە سەرووی ھەمووشیانەوە ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین ھەوڵدرا.
یەکەمین ھەوڵی ئەم ڕێکخراوەش بۆ ئەم مەبەستە لە تشرینی دووەمی ١٩٥٦ ڕوویدا، کاتێک پەلاماری سێ قۆڵی (بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیسڕائیل) کرایە سەر میسڕ، ئەمەش خەڵکی عێراقی بە تەواوی توڕەکرد و ھەڵسانەوە بەرامبەر ڕژێمی پاشایەتی لە عێراقدا، لەم کاتەشدا ئەفسەرانی ئازادیخواز مەشقیان ئەنجام دەدا لە ناوچەی حەمرین و کەوتنە گفتوگۆیەکرن بۆ دانانی پلانی لەناوبردی پاشایەتی، بەڵام بەھۆی مەترسی ھەل و مەرجە سیاسیەکان لەو کاتەدا بابەتەکەیان دواخست.

ھەوڵی دووەم بۆ ئەنجامدانی شۆڕش عەبدولکەریم قاسم کە لەوکاتەدا فەرماندەی لیوای نۆزدە بوو لە ئوردن، لە پلانی دا ھەبوو کە کانوونی دوەەمی ١٩٥٦ نامەیەکی ئاراستەی ئەفسەرانی ئازادیخواز کرد لە بەغدا، کە تێیدا ھاتبوو لە ڕێگای گەڕانەوەیدا لە نزیک سنووری عێراق شۆڕش ڕادەگەیەنێت، لەبەر ئەوەی ھەرسێ دەسەڵاتدات پاشایەتی
«مەلیک فەیسەڵی دووەم و عەبدولئیلاھ و نوری سەعید» لە پێشوازیدا دەبن، بەڵام ئەم ھەوڵەش سەرکەوتوو نەبوو بەھۆی ئامادەنەبووبی نوری سەعید لە لایەک و ڕازینەبوونی ئەفسەرانی ئازادیخواز لە لایەکیتر.

ھەوڵی سێیەمی ئەفسەرانی ئازادیخواز بۆ ھەڵگیرسانی شۆڕش لە پاییزی ١٩٥٧ بوو، لەوکاتەدا دەبوو سوپای عێراق مانۆڕێک ساز بکات بە چەکی ڕاستەقینە کە مەبەست تێیدا پێشاندانی چەکی ئەمریکی بوو کە سوپای پێ بەھێز کرابوو، لەو مانۆڕەش بڕیار وابوو ھەرسێ دەسەڵاتداری عێراق تێیدا ئامادەبن بەڵام دووبارە بەھۆی ئامادەنەبوونی ھەریەکە لە «نوری سەعید و عەبدولئیلاھ» پیلانەکەیان شکستھێنا.
دووبارە لە ھەوڵێکیتردا لە ڕۆژی٦ـی کانوونی دووەمی ١٩٥٨ یان دانا، کە یادی دامەزراندنی سوپای عێراق بوو، ھەروەھا جارێکیتر لە ١١ی مایسی ١٩٥٨ پلانیان دانا، بەڵام لە ھەردووجار پلانەکانیان شکستی ھێنا.
ئیتر بەم شێوازە چەند جارێک پلانەکانیان دووچاری شکست ھات و بارەکە بەم شێوەیە مایەوە، تا دواجار لە بەرەبەیانی ١٤ـی تەممووز،
«عەبدولسەلام عارف» تەواوی پیلانەکەی داڕشتبوو، دەستیکرد بە دابەشکردنی تەقەمەنی بەسەر ھێزەکاندا و بەرەو بەغدا ھەنگاویان نا، و عەبدولکەریم قاسمیش سەرکردایەتی ھێزەکانی شۆڕشی گرتە دەست و لە ئامادەباشیدا بوو بۆ پاراستنی ھێزەلانی دواوەی شۆڕش لە ھەرجۆرە مەترسیەک. ئەفسەرانی ئازادیخواز لەگەڵ بەرپاکردنی شۆڕش زۆر گرنگیان بەوە دەدا کە لە کاتی دەستگرتن بەسەر کۆشکی ڕیحاب ھەرسێ دەسەڵاتدار بە زی دوویی یان بە مردوویی دەستگیربکەن، چونکە دەستگیرنەکردیان مەترسیەکی گەورەی لەسەر داھاتووی شۆڕش دروستدەکرد.

کۆمەڵکوژکردنی بنەماڵەی شا و سەرکەوتنی شۆڕش:

دوای ھەڵکوتانە سەر کۆشکی ڕیحاب، بەھۆی تۆپبارانکردنەوە نھۆمی سەرەوەی کۆشکەکە گڕی گرت و عەبدولئیلاھ فەرمانی بە ئەندامانی بنەماڵەکەیدا کە دابەزنە ژێر زەمینی کۆشکەکە، بەڵام زانیان دەرفەتی ھیچ نەماوە «مەلیک و عەبدولئیلاھ» و تەواوی ئەندامانی بنەماڵەی شا خۆیان بەدەستەوە دا و ھەموویان لە باخچەی کۆشکدا کۆکرانەوە قورئان و ئاڵای سپیان بەرزکردەوە و ڕازیبوون لەسەر دادگاییکردنیان.
لەگەڵ ئەوەی ھیچ فەرمانێکی فەرمی کوشتنی مەلیک نەدرا بوو، بەڵام یەکێک لە سەربازە پلە نزمەکانی ناو سوپای عێراقی بە ناوی «عەبدولستار سەبع عەبوسی» دەستڕێژی گوللەی کردە سەر
«شا فەیسەڵ» و دواتر سەربازەکانیتریش بە ھەمان شێوە کەوتنە گوللەبارانکردنی بنەماڵەی شا،
کوشتنی «شا فەیسەڵی دووەم» بێ لێپرسینەوە و دادگاییكردن بوو، تەنانەت «عەبدولستار سەبع عەبوسی» خاوەنی كۆمەڵكوژیەكە خۆی دانی بەوەدا ناوە كە هیچ كەسێك فەرمانی كوشتنی پێنەكردووەو لە خۆیەوە ئەو بڕیارەی داوە لەكاتێكدا ئەوان پەڕۆی سپی‌و قورئانیان بەرووی سەربازەكاندا بەرزكردەوە و خۆیان ڕادەست كرد بوو.
شا فەیسەڵ دەستبەجێ کۆچی دوایی دەکات و تەرمی شا فەیسەڵیش ڕەوانە کرا بۆ نەخۆشخانەیەکی بەغدا و لە ناوچەیەکی دوورەدەست نێژرا، دوای چەندان ساڵ لەسەر داوای شای ئوردون تەرمەکەی شا فەیسەڵی دووەم گوێزرایەوە بۆ گۆڕستانی شاهانەی ناوچەی ئەعزەمییەی بەغداد.
خاڵی شا عەبدولئیلاھ کوژرا و تەرمەکەیان ھەڵواسی و سوتاندیان و خستیانە ڕووباری دیجلەوە.
ئەوەی مابوویەوە «نوری سەعید» بوو، ئەویش دوای گەڕان بەدوایدا لەناو تەکسەک دۆزرایەوە و لەلایەن خەڵکەوە کوژرا، و تەرمەکەی ڕەوانەی وەزارەتی بەرگری بۆلای عەبدولکەریم قاسم و ھەندێک لە ھاوەڵانی بردرا.

بە کوشتنی ئەمانە شۆڕش سەرکەوتنی بەدەستھێنا، کە جەماوەر و پارتە سیاسیەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان تێدا گێڕا و بۆ بەرەبەیانی ١٤ـی تەممووز لە بەغدا و سەرجەم شار و شارۆچکەکانی دیکەی عێراق خەڵکی بە سەرجەم چین و توێژەکانیەوە، ھاتبوونە سەر شەقام و پشتگیری خۆیان بۆ شۆڕش دووپات دەکردەوە. گەلی کوردیش وەکو بەشێک لە دانیشتوانی عێراق ھاودەنگی خۆی بۆ پشتگیریکردنی شۆڕش دەربڕی پیرۆزبایی سەرکەوتنی شۆڕشی کرد.

دەرئەنجامی شۆڕشەکە:
ئەم شۆڕشە بووە خاڵی وەچەرخان لە مێژووی عێراق، بووە هۆی نەھێشتنی سیستەمی پادشایەتی لە عێراق و کەمکردنەوەی دەسەڵاتی وڵاتان لەناوچەکەدا، بەمەش سیستەمی کۆماری فیدڕاڵ بوو بە بناغەی وڵات و تا ئێستاش ئەم سیستەمە کاریپێدەکرێت لە سەرانسەری وڵاتدا، گۆڕانکاریەکی گەورە لە ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای عێراقەوە ھاتە ئاراوە، لە سەرووی ھەمووشیانەوە ھێنانە دی ئازادی سیاسی، و دەستکرا بە ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی و ئاوەداکردنەوە، دواتر دوای شۆڕش بە ماوەیەکی کەم ڕژێمی بەعسی دروستبوو کە بۆ ماوەی ٣٥ ساڵ حوکمی وڵاتیان بەدەستەوەبوو.

شۆڕش و پەیوەندی بە گەلی کورد:

شۆڕشی ١٤ـی تەممووزی ١٩٥٨ خاڵێکی وەچەرخان بوو لە مێژووی سیاسی ھاوچەرخ لە کوردستان و قۆناغێکی نوێ بوو لە ژیانی نەتەوەیی دوای کۆمەڵێک ڕووداو و کارەساتی دڵتەزێن، کە دەمێک بوو نەتەوەی کورد بە دڵێکی پڕ لە ھیوا و ئاوات و لەسەرخۆ، و پاش لەناوبردنی ھەموو شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی لە پێناوی سەربەخۆیی و ئازادی کوردستان، چاوەڕوانی ڕۆژێکی وا پیرۆز بوو
کوردەکان بە ھۆی ئەو سیاسەتەی کە ڕژێمی پاشایەتی لە ماوەی ٣٧ ساڵی دەسەڵاتیدا لە عێراق بەرامبەر بە کورد پیادەی دەکرد پاش دامرکاندنەوەی شۆڕشەکان و دەربەدەرکردنی دانیشتوانی کورد و زیندانیکردنی سەرکردەکانیان.
سەبارەت بە ھەڵوێستی گەلی کورد لەسەر شۆڕشەکە، ھەر لە یەکەم ڕۆژی شۆڕش جەماوەری شارەکانی «ھەولێر، سلێمانی، کۆیە، زاخۆ» ھاتنە سەر شەقام و پشتیوانی خۆیان بۆ شۆڕشەکە دەربڕی، وئەفسەران و سەربازانی کورد بوون بە شۆڕشگێڕی و دڵسۆزی خۆیان بۆ کۆماری تازەی عێراق دەربڕی، ھەروەھا پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١٦ی تەمووزدا بەیانێکی دەرکرد کە لیژنەی ناوەندی بە کۆی دەنگ پەسەندی کردبوو، تێیدا جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە پارتی پێی وایە ھەلومەرجی نوێی عێراق زەمینەی ژیانێکی پڕ لە ئازادی و یەکسانی بۆ ھەردوو گەلی کورد و عەرەب فەراھەم دەکات، «ئیبراھیم ئەحمەد» کە سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان بوو دەستبەجێ پشتگیری بەیانێکی بڵاوکردەوە و بە گەرمی پێشوازی لە ڕژێمی تازە و ئازادی و برایەتی ھەردوو گەلی کورد و عەرەب دەکرد.

گەلی کورد نەک ھەر پشتیگیری کۆماری کرد بەڵکو ڕۆڵێکی گرنگیشیان گێڕاوە لە سەرخستنی شۆڕش
شان بە شانی عەرەبەکان. بە تایبەت ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەفسەرانی کورد کە بە جۆرێک لە لە سێ بەشی سوپای عێراق بەشێکی کورد بوون و ڕۆڵێکی بەرچاویانگێڕا. ئەمەش نەک ھەر تەنیا لە کوردانی عێراق، بەڵکو کوردانی دیوی ئێرانیش کەوتنە جۆش و خرۆش.
ھەروەھا ڕێکخراوی ئەفسەرانی ئازادیخواز لە عێراقدا کە نەخشەی بەرپاکردنی شۆڕشەکەیان دانابوو ژمارەیەک لە ئەفسەرانی ئازادیخوازی کورد لە  بەرەبەیانی هەڵگیرساندنی شۆڕشەکەدا بەشداری چالاکیەکانی شۆڕشیان کردووە، لە هێرشکردن بۆ سەر بەغداد و دەست بەسەراگرتنی دام و دەزگاکانی دەوڵەتی و هەردوو کۆشکی (الرحاب) و (الزھور) لەوانە «مستەفا عەبدوڵا» و «عەبدولفەتاح شالی»، کە ئەندامی دادگای تایبەتی بوو، پاشان کورد بە یەک ئەنجام کە عەقید «خالید نەقشبەندی» بوو بەشداری لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کرد، کە لە سێ ئەندام پێکهاتبوو، هەروەها  وەزیرێکیشان هەبوو کە «بابەعەلی حەفید زادە»ـیان کردبە وەزیری ئابووری لە ئەنجوومەنی وەزیران کە لە ١٠ وەزیر پێکهاتبوو.

دوای سەرکەوتنی شۆڕش و کۆتاییی ھاتنی سیستەمی پاشایەتی و ھاتنەکایەوەی ڕژێمی کۆماری، بارودۆخێکی جیاواز ھاتە کایەوە و بواری جموجۆڵە سیاسی و چالاکیە جەماوەرییەکان چووە قۆناغێکی تازەوە، لەم چوارچێوەیەدا چالاکیەکانی ئاشتیخوازانی کورد لە ھەموو ڕووداو و بۆنە و چالاکیە جەماوەرییەکاندا ھەڵوێست و بەشداری گرنگ و بەرچاوی بینیوە.
سەبارەت بە دەستکەوتی گەلی کورد لەم شۆڕشەدا شایەنە کە بوترێت ئەم شۆڕشە چەندین دەستکەوتی پڕ بایەخ و کەم وێنەی بۆ گەلی کورد فەرامکردبوو
لەوانە:
١/ لە ماددەی (سێیەم)ـی دەستووری کاتی کۆماریدا هاتووە: (عەرەب و کورد هاوبەشن لەم نیشتیمانەدا واتە عێراق).
٢/ شۆڕش لێبوردنی گشتی دەکرد بۆ هەموو ئەوانەی کە عێراقیان لەسەردەمی پاشایەتی جێهیشتبوو، ئەوەبوو بارزانی و هەڤاڵانی گەڕانەوە عێراق پاش ئەوەی (١١) ساڵیان لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو دوور لە وڵات بردە سەر، ھەروەھا «شێخ لەتیفی کوڕی شێخ مەحموود» و «گۆران»ی شاعیریش بەر ئەم لێبووردنە کەوتن.

٣/ شۆڕش ڕێزی لەو چوار ئەفسەرە کوردە نا کە ڕژێمی پادشایەتی لە ١٩ حوزەیرانی ١٩٤٧ لە سێدارەی دان، ئەوانیش چوار شەهیدەکەی ڕێگای ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان «خەیروڵا عەبدولکەریم و مستەفا خۆشناو و عیززەت عەبدولعەزیز و محەمەد مەحموود قودسی»

٤/ ھەروەھا بڕیاردرا فەرمانبەرانی كورد لەكوردستان دابمەزرێن لە شوێنی فەرمانبەرانی عەرەب.
لە کانوونی دووەمی ١٩٦٠ عەبدولکەریم قاسم بواری بۆ پارتە سیاسیە کوردییەکان ڕەخساند، تا بە ئاشکرا کاربکەن و مۆڵەتی کارکردنیان پێدرا، بەمەش (پ.د.ک) بۆ یەکەمینجار دوای دامەزراندنیەوە مۆڵەتی کارکردنی بە شێوەیەکی ئاشکرا لە سەرتاسەری وڵات پێدرا.

٥/ ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان بە ئاشکرا دەرچوون لەوانەش ڕۆژنامەی خەبات کە زمانحاڵی (پ.د.ک) بوو، لە نێوان ساڵانی(١٩٥٩ _١٩٦٠) بە ھەردوو زمانی کوردی و عەرەبی دەردەچوون.
ئەم دەستكەوتانە‌و چەندین دەستكەوتی تریش لەئەنجامی ئەم شۆڕشەبۆ كورد هاتەدی.

چواردەی تەممووز لە شیعرێکی
«شێخ نووری شێخ ساڵح»دا

شێخ نووری شێخ ساڵح سەرنووسەری ڕۆژنامە و شاعیر و چالاکوانی کورد لە ساڵی ١٨٩٦ لە گەڕەکی دەرگەزێن لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. ڕوودای چواردەی تەمموزی بە ھەڵبەستێک ھۆنیوەتەوە
ئەمەش دەقی ھۆنراوکەیەتی:

چواردەی تەمموز و ڕۆژانی دوای ئەو
کەس نەیئەوێرا بیبینێ بە خەو
هەناسەی سارد و هەنسکی گیراو
لەگەڵ هاواری بێدەنگ تێکەڵاو
زوبانی لاڵی پشکۆ پیا چزاو
گەرووی وشکبووی، نووزە لێ بڕاو
بەبیری کێدا ڕائەبوورد دوێنێ
گیروگرفتی هیچ تیا نەمێنێ
زوبان بەم ڕەنگە تەڕ و پاراو بێ
ڕقی لە دەنگی کپ و نووساو بێ
لەشی بێ تاوان بەدەم دارەوە
لەت لەت بوو ڕزی کەوتە خوارەوە
خاڵ و خوشکەزاش بە تەلارەوە
بە دەنگی نای و عوود و تارەوە
بە ویسکی و کچی چاو خومارەوە
شەوان ڕابوێرن بە قومارەوە
بە بیری کێدا ڕائەبوورد یاران
تەلار ببێتە گۆڕ و گۆڕستان
باسی ئازاری نینۆک دەرکێشراو
لەش هەلاهەلای دەست و پێ شکاو
دایکی توند کراو لە بەندیخانە
ڕۆڵە جێماوی خانەوێرانە
ڕۆڵەی باب خنکاو، دایک حەپس و دیل
کوڕووزانەوەی، هەتیوی زەلیل
بە بیری کێدا ڕائەبوورد دوێنێ
وا شەعب لە خەو زوو ڕاپەڕێنێ
پریاسکەی شیعری تووند گرێ دراو
لە ترسی گەڕان لە کوون ئاخنراو
بیری ئازادی، وتاری نووسراو
لە کونە مشکی قووڵا هەڵگیراو
وتاری جوانی تێکەڵاو بە خۆڵ
شیعری شاراوەی لە چیا و لە چۆڵ
بێنرێتە دەرێ و بخوێنرێتەوە
باسی ڕابووردوو بگێڕێتەوە
چواردەی تەمموزە و جەژنی هەژاران
بە زێڕ بینووسن لە مێژووی جیهان
ڕۆژی ئازادی عەرەب و کوردان
جمهووریەتی تیا کرا ئیعلان

ئەو سەرچاوانەی کە سوودم لێبینیووە:
١/ سەجادی، عەلائەدین سەجادی، شۆڕشەکانی کورد و کۆماری عێراق، ٢٠١٧، ڕۆژھەڵات.
٢/گەڵاڵی، کەوسەر عەزیز گەڵاڵی، باشووری کوردستان لە ساڵی (١٩٥٨) تا ئەمڕۆ، ٢٠٠٩، ھەولێر
٣/ئەحمەد حەمەدەمین،چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی نوێ و ھاوچەرخی عێراق،٢٠١٠، ھەولێر.
٤/چاڕلز تریپ، چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی عێراق،و. محمەد حوسێن،عەبدولقادر کەلھوڕ،چاپی سێیەم،٢٠١٣، ھەولێر.
٥/ مەھدی محەمەد قادر، ڕۆڵی کورد لە بزووتنەوەی ئاشتیخوازن لە عێراقدا (١٩٥٠-١٩٦٣)،٢٠١٤، ھەولێر.
٦/ شێخ نووری شێخ ساڵح، دیوانی شێخ نووری شێخ ساڵح، ٢٠٠٨، ھەولێر.
٧/ کریس کۆچێرا، کورد لە سەدەی نۆزدە و بیستدا، و. حەمە کەریم عارف، ٢٠٠٤، ھەولێر.

پێگە ئەلیکتڕۆنیەکان
https://www.zamenpress.com/Default.aspx

https://wwww.zaniary.com/

https://www.rachlaken.com/Home

About دیدار عثمان

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …