Home / بەشی مێژووی كورد / بانیشار: مۆزەخانەیەک لە ئاسەوارى دێرین..

بانیشار: مۆزەخانەیەک لە ئاسەوارى دێرین..

بانیشار: مۆزەخانەیەک لە ئاسەوارى دێرین..

FB_IMG_1491389265153

نوسینی :حسن محمود حمە كریم.

لەسەر پێشنیارى براى دڵسۆزو خۆشەویست و شارەزا کاک ساڵح  غەفار حەمە ساڵح بانیشارى، ڕۆژى هەینى 31|3|2017 لەسەر میواندارى جەنابیان لەگەڵ مامۆستا ڕێبوارى براى و بەهێزى کوڕم و دکتۆر فەریقى عەریف باقى پورزاى، بە ماڵ و منداڵیانەوە گەشتینە پاشماوەو کەلاوەکانى بانیشار لە بنارى سورێن و هەورامان، لە شوێنێکى بەرزى عاسى، بەڵام جوان و خۆش و فراوان، دەڕوانێ بەسەر هەموو شارەزوورو هەڵەبجەو دەریاچەى سیرواندا، 3کم لە خورماڵ و 10کم لە هەڵەبجەو 5کم لە سەیدسادق و 1کم لە سنورى ئێرانەوە دورە، هەموو سەیارەیەک نایگاتێ، نزیکە لە دێیەکانى هانەى قوڵ و چنارەو کانیسکان و ڕیشێن و سورێن و نەوێ و عامورەو میرى سورو ڕەقەى شیرەمەڕ کە بانیشارى نوێى لێدروسکراوە، سەرم سوڕما لەو بەهەشتە خۆش و سروشتە سەخت و دۆڵە قوڵ و کێوە سەرکەشانە، ناوچەکە بە جۆرەها گوڵ و گوڵزارو گیاو باڵندەو مێروو ڕازابویەوە، چیرۆکى ورچ و ڕەوە بەرازو پڵنگ و سوچەڕو ئاسکە کێوى لاى خەڵکى هەر ماوە، ئێستەش ترسى گیاندارى دڕندە لەو چەم و کێوانە هەیە، ژمارەى خێزانەکانى تا کاتى گواستنەوەی 150 ماڵ دەبوو، ساڵى 1979 گوازرانەوە بۆ ئۆردوگاى زۆرە ملێى شانەدەرى، خەڵکەکەى بەزۆرى خەریکى حەیواندارى و زەراعەتن، ئێستە هەموو چوارسەد ماڵ دەبن، مرۆڤى پاک و ڕەفتار جوان و ناخ سادەو ڕەوشت بەرزو خۆشەویست و بێکێشەن، کێشەی عەشایەرى و کۆمەڵایەتیان نیە، مێژووى کۆنى دێیەکە وەک هەموو ناوچەکانى کوردستان ونە، بەڵام کێوى بەرزو دۆڵى قوڵ و ئەشکەوتە عاسیەکانى پڕن لە ڕوداوو دیرۆک و ئەفسانە، دێیەکى کۆن و بەتەمەنەو مەڵبەندى شارستانى بووە، زۆرى و کۆنى گۆڕستانەکانى ئەوە نیشان دەدەن کە دەیان نەوە بۆ هەزاران ساڵ لەو بەرزاییەدا ژیاون و، ژیانى کۆن و شکۆى پێشوترى لە ئێستە گەشترو ڕوناکتر بووە، لەسەر کێلەکانى وێنەو نەخش و نیگارو تابلۆو زەخرەفەو دیکۆرى شێوە جیاوازو، وێنەى مانگ و خۆرى پرشنگدارو شمشێرو تیریان لەسەر هەڵکۆڵراوە، وەک مۆزەخانەیەکى دەوڵەمەند پڕە لە ئاسەوارى بەنرخ کە هەتا ئێستە دەستى کنەو پشکنینى نەگەشتوەتێ و لەسەرى نەنووسراوە، ڕەنگە ئەم نووسینەى من یەکەم باسى نووسراو بێت لەسەر بانیشار، کێلە نووسراوە پارێزراوەکانى تەمەنیان بۆ هەزارساڵ پێشتر دەگەڕێتەوە، خاوەن خوێندن و حوجرەو ئیدارەو دەسەڵات و پێشکەوتن و شارستانى بووە، کە من لە هیچ دێ و شارێکى ترى کوردستان لەو نووسراوانە کونترم نەدیتوە، شێوازى ئەشکەوتە تاشراوەکان و دیوارە سوتاوو بەردە هەڵچنراوو خۆڵە کەوەو ناوە کۆنە ئەفسانەییەکانى ئەوە نیشاندەدەن کە هیچى لە زەرزێ و هەزارمێردو شانەدەر کەمتر نیە، تەمەنى دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاى ژیان و مرۆڤى کۆن و چاخى بەردینى یەکەم و دووەم، بەردى کێوەکانى ئاگرینن، ئێستەش شێوەى تەقینەوە گەورەکەو بورکانەکان لە تابلۆى شاخ و جۆرى بەردەکاندا دیارە، ئەشکەوتى زۆرى هەیە، (مەڕ بە شێوەزارى هەورامى واتە ئەشکەوت)، ئەشکەوتى مڵە خوردو خۆرنەوازان پەناگەو بارەگا بوون لە شۆڕشى کۆن و نوێدا، سەروەزان، ئەشکەوتى مەڕداڵ، لوتکەى منارەکەوە، چەمى قەڵاتگە، چەمى مەڕگاوان، ڕێ پڵنگان، ئەشکەوتى مەڕنیان، مەڕشنگان، مەڕ سەودۆ، مەڕ چنگان، مەڕە دڵۆپە، تاقى مێگەرە، شەوگە شڕە، شەوگەى درە، شاخى هانە ئەحمەو، کانى هانە ئەحمەو، لوتکەى پرشنگ کە یەکەم تروسکەى هەموو ڕۆژێکى خۆر بۆ بانیشار لەو کەلەوە دەردێ، ئەشکەوتى کنیواڵ، مەڕنارۆ، شاخى مەڕداڵ، مەڕداڵ گەورەترین ئەشکەوتى ناوچەکەیەو لە شارەزورەوە دیارە، شەوگەى براخاس، شاخى پەڕۆکەرۆ، هار هانە، سین بیرۆ، بانە گەوڕێ، بانى یاڵانپێ، دەرەى سماقان، کانى سەڵە، هەرمێلە، ملەو سیانى، کوێخا حمە کەریم سیانى، کاحەمەمین، کاخێرە، ملە قازانگە، ملە گاڕوتە، ملەى عامورە، قەڵاتگ، کانى مامەحا، سەروەزەن، بانى گەپڵان، پیرغەیب، مەڕگوڵان، چەم ئەحا کوژیاو، کامەران، چاڵە ڕەش، کانى ڕەش، کانى نەیجە کۆڵە، ئەمانە مۆزەخانەو پێشانگای مێژوویى پڕ تابلۆو نەخش و نیگارو دیرۆک و ئەفسانەن .. ئەشکەوت بە منداڵانى یەکەم و ژینگەی لەبارى سەرهەڵدانى ئەفسانەو ئایین و بیرکردنەوە دادەنرێ، شاخى سورێن و هەورامان چاخێکى باراناوى پێوە دیارە، کە بۆ 10هەزار ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە، لە دوا چاخى سەهۆڵینى ناسراو بە (ڤۆرم) دا، خۆرهەڵاتى ناوەڕاست و کوردستان توشى پەستانى نزمى دەریاى ناوەڕاست بووە، هەواى شێدار لە پەستانى بەرزەوە هێرشى هێناوە بۆ ناوچەى پەستانى نزم و چاخێکى باراناوى دروستکرد، کوردستان و شام و دۆڵى نیلى گرتەوە، گۆڕانى گەورەى لە سروشتى ناوچەکەدا دروستکرد، سەرهەڵدانى گژوگیاو ڕوەک گۆڕانى لە ژیانى مرۆڤ و ئاژەڵ دروستکرد، بەپێى بەڵگەنامەکان ئەشکەوتەکانى هەورامان و سورێن پەناگە بوون بۆ شوان و حەوانەوەى خەڵک، لە ناو ئەشکەوتەکاندا دۆڵیانى لەبەرد هەڵکەندراوى تیایە بۆ هەڵگرتنى ئاو، ئاسەوارى سەردەمى عوبێدو چاخى بەردینى ناوەڕاست و سەردەمى ئۆرگەنیش و گریباڵدى تیا دیارە، واتە لە هەزارەى 8ـــ28 پ.ز چالاکى و ژیانى تیا دەرکەوتوە، بەمانەدا دەردەکەوێ کە ئەشکەوتەکانى بانیشار هاوتەمەنى هەزارمێردو شانەدەرو زەرزێ و چەرموون، دکتۆر ئەحمەد سوسەش هەمان ڕاى هەیە، مرۆڤى بانیشار کەمتر پەیوەندى بەناوچەکانى ترەوە بووە، تێکەڵ خەڵک نەبوون، ڕەسەنى خۆیان پاراستوە، سپایزەر شوێنەوارناسی ئەمریکی کنەو پشکنینى زۆر شوینەوارى کوردستانى کردوە، خاتوو (گاردۆ) زاناى بەناوبانگى چاخەکانى پێش مێژووە، دەزگایەکى شوێنەوارناسى ئەمریکى (گاردۆى) لەگەڵ (بیرسى سلادن) نارد بۆ کنەو پشکنینى ناوچەى سلێمانى، لە چینى ئەشکەوتەکاندا سێ سەردەمیان دیاریکرد، چینى سەرەوە لەتە گۆزەو گۆزەى ساغ و خۆڵى سوورو یەسقان و گۆڕى مرۆڤ و پارچە ئاسن و سەرە ڕم و دراوى بێزەنتى و ساسانى و بەردە ئەستێ و یەسقانى ئاژەڵ و ئاسک و باڵندەیان دۆزیەوە، چاخى ناوەندى مێژوو و چاخى بەردینى ناوەراست و چاخى مستیرى و، تەمەنی 50 هەزار ساڵى ناوچەکەیان دیاریکرد، چاخى بەردینى کۆن بۆ 30ــ 50 هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، ساڵى 2800 پ.ز پاشاى ئەکەدی نەرامسین هێرشى کردە سەر پاشاى لۆلۆ لە شارەزورو قەرەداغ، دواى ئەوان هێرشى سۆمەری و بابلى و ئاشورى و عیلامیەکان و پاشتر ئەخمینى و ئەشکانى و ساسانى و ڕۆم بۆ شارەزورو هەورامان ساڵانە بەردەوام بووە.

خەڵکى بانیشار مێژوویەکى نوێیان لایە، کە لە سێ چوار پشت زیاتر تێناپەڕێ، بەڵام شوێنەکە ماناى هەواڵى ژیانى زۆر لەوە دوورترو کۆنترمان پێ دەبەخشێ، ئەوان دەڵێن گوایە دوانزە کەسى جیاواز لە شوێنى جیاوازەوە هاتوون و ئەو دێیەیان ئاوەدان کردوەتەوە، ئەوەند لەگەڵ یەک ڕێک و تەبا بوون، خۆیان بە خزمى یەک و یەک عەشیرەت زانیوە، دوانزە کەسەکەش ئەمانەن: عەبدوڵا ئاغاى بارام ئاغا، کوێخا حمە کەریم باوکى حاجى ڕەشیدو حاجى محمود، خەلیفە حمە ڕەزا، میکایل شوان، عەبدولمحەمەد باوکى ڕەشەى ئەولێ، مامە خواداد باوکى حمە شەل، خوا کەرەم محمود زێڕوڵخا باوکى حاجى ئەحمەد، شێرزاد باپیرەى دەروێش حسین، بنەماڵەى ئەوڕەحمانە سوور باپیرەى حەمە لاوو ئەحە کۆڵ، عەزیزى ڕەحمان باوکى حاجى سەعیدى عامورە، محموى مارف باپیرى عەریف باقى، نەسروڵا بەگ ئاغا گەورەى بانیشارو باوکى بەگەکانى نەوێ، ناوى کوڕەکانى نەسروڵا بەگ: حەسەن بەگ، حمەخان بەگ، قادر بەگ، عزەت بەگ، کەریم بەگ، بەڵام ئەمە هەمووى نیە، ئەگەر هەر لەم ناوانە ورد بیتەوە، دەتباتەوە بۆ سەرەتایەکى زۆر دوورتر، ئەم دوانزەیە کەسى یەکتر بوون و لەیەک بەرەباب کەوتونەوە، لە ناوەکانى ئەو دوانزەیەدا کۆمەڵێک شت ڕون دەبێتەوە: بونى ناوى بەگ و ئاغاو کوێخا پەیوەندیەکى قوڵە بە عوسمانیەکانەوە، بونى نازناوى خەلیفەو دەروێش پەیوەندیەکى ئاینیە بە تەریقەى قادرى و نەقشى و یارسانەوە، بونى ناوى خوداداد نیشانەى پەیوەندیە بە زەردەشتى و مەردۆخی و پیرشالیارانەوە، بونى ناوى میکائیل و شێرزاد پەیوەندیە بە ئەفسانە زۆر دورەکانى ناوچەکەوە، لە خوار ئاواییەوە قەڵایەک بەبەرزاییەکەوە هەیە پێى دەڵێن ملەى قەڵاتکە، شوێنى پاشایانى زۆر کۆن بووە، ئاسەوارى زۆر کۆن و قەبرو لاشەى مرۆڤ و ئێسقان لە هۆدەکانى ژێر زەویدا هەیە، هۆدە هۆدە بووە، گۆزەو دیزەو لاشەى مرۆڤى زۆر کۆن کە سەریان بە بزمارێک داکوتراوەوە لاشەیان چەندین تیرى ئاسنینى بچوکى یەک بستى زۆر جوان دروستکراوى تیا بووە، بە پلیکانە بۆى دەچیتە خوار، وێنەى بەردین و گڵین و سکەى زۆر کۆن هەبووە، لەم بەینەدا دواى ئەوەى کەناڵێک سەردانێک دەکات و هەندێ لەو شارستانیە نیشاندەدات، دەستى خراپى دزى کە ئیشەکەیان بۆ ئێران کردوە، هەندێ لەو کێلە بەنرخانە دەبەن، ژێر زەوى ناوچەکە لە زۆر شوێنى ترەوە پڕە لە ئاسەوارو کەلوپەلى کۆن، لەم بەینەدا تیمێکى ئێرانى بە نهێنى دێنە ناوچەکە، موەلیدەو کۆسەر دێنن و هەندێ ئاسەوار دەدزن، کەلوپەلێکى زۆر لە ئامێرو موەلیدە جێدەهێڵن کە نرخى حەوت هەشت هەزار دۆلار دەبێت، کە دیارە ئیشەکە زۆر لەو مەبلەغە گرنگتر بووە، هەر ئەم تیمە کارى دزینى ئاسەوارى ناوچەى بێلولەشیان کردبوو، دیارە حکومەتى هەرێم و دەزگا مێژوویى و شوێنەواریەکانى سلێمانى و هەڵەبجە لە بێئاگایى و بینرخ سەیرکردنى کولتورو کەلەپورو ئاسەوارو شوێنەوارە دێرینەکانماندا دەژین، هیچى ئەم گەلە لاى ئەوان نرخى نیە، ئەوەى لاى ئەوان بەنرخە ئەو دزى و ڕاوڕوت و بە هەدەر دانەیە کە هەموومان زۆرى لێدەزانین، ئاگادارم کە زۆر لە بەرپرسانى ناوچەکە کارئاسانیان بۆ دەزگا سیخوڕیە ئێرانیەکان کردوە، لە بانیشار سێ گۆڕستانى پیر غەیب و سەروەزەن و شەخسى قەڵاتکى لێیە، مەرقەدو جێ نزرگەى پیر محمەدى غەیبى و پیرى بوخارى لێیە، قەبرێکى لێیە لەسەرى نوسراوە محمود محمد سمرقندى بخارى، قەبریێکى تر ناوى گەوهەرە، ساڵى 110ى کۆچى، ساڵى 115ى کۆچى، ساڵى 131ى کۆچیان لەسەر هەڵکۆڵراوە، هەموویان شایەتومانیان لەسەرە، بەڵام الفاتحەى لەسەر نیە، دیارە ئەوانە هى پێش داهێنانى فاتحایە بۆ مردوو، کە لەسەردەمى عەباسیەکان داهات، بە خەتى نوسخ نوسراون، شیعرى بۆ مردوەکە تیایە بە خەتى فارسى، ڕەنگە بڵێم ئەمە کونترین قەبر بێت لە کوردستان، خەڵکى ئاوایى وەک ئەفسانەیەک دەگێڕنەوە کە دیویانە چرایەک لە قەڵاتکەوە هاتوەو بەرەو پیر غەیب چوەو ئیتر دیار نەماوە، ئەوە لە بیرى خەڵکى ئاوایى کاریکردوە، زۆر لە پیران و ژنان کە لە دێ دوردەکەوتنەوە بۆ شار یان لە کاتى کۆچ و بارو داگرتنەکەدا پارچە دارێکیان لەو شەخسانە دەکردەوەو لەگەڵ خۆیان دەیانبرد بۆ پیرۆزى و پارێزگارى، خەڵکى ئاوایى خۆیان بە جاف و هۆزى میکائیلى دەزانن، بەڵام تا پەنجاکانی سەدەى پێشوو ەموو بەهەورامى دواون و کەسێک نەبووە لەو ئاواییە بە سۆرانى قسە بکات، تەنانەت ناوى هەموو شوێنەکان ئێستەش هەورامیە، قوێخا حمە کەریم و نەسروڵا بەگ و بەگەکانى نەوێ و عامورە لە ئەسڵدا بانیشارین.. لەم گەشتەدا هەستم بە حەوانەوەو هەناسەى ژیان دەکرد، دێیە کۆنەکە بەیانى تا ئێوارە لەبەردەم بەرەکەتى خۆردایە، زوتر شیناییەکانى پێدەگات، ڕەنگە بڵێم پێش شوێنانى تر لاسکى دەپزوێ و چزو دەچوکێ و خونچە دەتەقێ و گوڵ خۆى دەکاتەوە، تەرزى بەرسیلەو چنورو شەوبۆ دەردەکەون، هەستم بە تێکەڵى بۆنى خۆڵ و گوڵ و گیا دەکرد، چزوى گلک و کینواڵ و پیشۆک و تریشکە دێمیلەو لاسکى ڕێواسم بینى، گوڵاڵەو نێرگزو شەوبۆو شەهلا دەلەرینەوە، گوێم لە فرتەى کەو بوو، بەندەن و جێ نزرگەى بەرزى ئاسکانم دى، خواردنیان لاسکى ناسک و چوزى خەرتەلەو بازەڵەو ڕێواسە، بەدەم شنەباوە بۆى خۆشى شەونمى سەر گەڵاى شێوانى نزارەکان دەهات، دەرونى یەحیا دەکردەوە، دارە شۆکەو سیچکەى دار دۆشاوو قەشقەو گەزۆى سەرگەڵاى دارمازو گزگلە پڕ تەرزەکان دەجوڵان، لە بانى گەپڵان شەوبۆو شیلان و گوڵاڵەو گوڵە فەقێ وەک ملوانکەى گەردانە دەستیان لە ملى یەک کردبوو، بەدواى نەخشى تابلۆو وێنەى خۆیاندا دەگەڕان، شێوەى کۆنى ئاواییت لە پەڕەى گوڵدا دەبینێ، لە کەلاوەکاندا دەتدۆزیەوە، لە ئاوێنەى گەڵاى قوسواندا دیار بوو، لەو سەر ئەشکەوتانەوە بەردەکان بانگیان دەدا، کەوەکان هۆرەیان دەچڕى، قەدپاڵەکان دەیانوت وەرن دەستى ئێمەش بگرن و سەرێکیش لە ئێمە بدەن با هەواڵى وێرانەى بانیشارتان بۆ بگێڕمەوە، ئاسمان وتى لایەک بۆ ساماڵى ئێمەش بکەنەوەو نەخشى ئاوایى ببینە، خۆر وتى تا ئێوە لەم لاپاڵ و کەل و بەرزییانەبن ئاوا نابم، دەڵێى ڕێواسى ناسکى کەلیخانن و لەم نزارە بەرزانە ڕواون، ئێوەش کوردى پوختى سروشتى کێوین، خۆڕست و خۆڕسک و خاکى و خۆماڵین، لە خۆڕاو لە خواوە وەک ئێمە ڕواون، گیا دەڵێ کەم لە ئەشکەوت و سروشت ڕامێنن، بەدواى گوژەو گیاى دۆکوڵیوو دۆخەواو ڕوسقەو بەڕەزاو گێلاخەو شین و هاڵەکۆکدا بگەڕێن، سەیرکەن چۆن گەزەنەو هەراڵەو گاوگۆراڵ و گەپڵەو لۆو کەماو مەنێ و گۆزروان و گەوەن و گلک و پیشۆک و کینواڵ پێدەکەنن، وێنەیەکیش لە پاڵ کاشمەو شیشمەو قارچک و دومەڵان و ڕەشکەو شمڵى و چنوورو شەوبۆو شویت و شەوەرو شەوەو شیلان و شەونم و شاتەڕەى ملەى مەڕنارۆو مەڕداڵیش بگرن، مزارى هانەحمەو دەڵێ وەرن ئەوە ڕێواس و کنرو کێوارو چەقچەقەو چاوبازەو جاتەڕەیە، لەوبەرمەوە تاتۆڵ و پیچک و پیشۆک و پونگەو پەیکوڵ کۆکەرەوە، ئەوانە داودەرمانى هەزار دەردى ئازار پەڕێنن، نەخۆش لە گیانەڵادا ڕاستدەکەنەوە .. بانە گەوڕێ لە دونیا گەشاوەترە، ژیان لە مەڕگوڵان خۆشترە، خۆر لە نێو چاوی لوتکەى پرشنگەوە هەڵدێ، ئاسک لە جێ پێى ئێوە پێ دادەنێ، بازو هەڵۆ لە جێ ژوان و حەوانى شەوگەى براخاس دەخەون، کەوەکان سەمفۆنیاى سروشت دەچڕن، لێتان دەڕوانن، گلک و کارگ و پیشۆک و دومەڵان دەڵێن خۆڵ لادەن بمانبین، شەو دەڵێ بمێننەوە بزانن میوانداری ئێمەش چۆنە .. کە دەمەو عەسر هاتینەوە لە حەپەساوى سروشت نە چەپکە چنور بە دەستەوە، نە وەنەوشە بە سنگەوە، نە ڕەیحانە کێویلەو دەستە ڕێواس بە کۆڵەوە، بەڵام بۆنى خاک و بۆنى خۆڵ و بۆنى گڵ و بۆنى ئاوو بۆنى هەواو بۆنى سروشت و بۆن و بەرامى لاپاڵى کێوەکانمان لێدەهات، بوبوینە بەرچینەیەکى پڕ لە چەپکە گوڵى ڕەنگاو ڕەنگى کێوى، لە بوخچەى نەکراوەى پڕ وەنەوشەو نێرگزو ڕەیحانەو چنوورو شەوبۆو شیلان و سمڵ و مێخەکە دەچوین و بۆنى ئەو لاپاڵانەمان لێدەهات، جلە بۆن خۆشەکانمان کردە سەرینى شەوو، بە بۆى کێوەکان خەوى خۆشمان بینى، هەڵاڵەى هەموو گوڵەکانى نزارمان پێوە بوو، گیرفانمان پڕبوو لە خۆڵ و ڕەگ و بۆن و پەڕەى گوڵ، بوبوینە دیوەخانى جوانیەکان و، کۆگاى گیاکان و خەزێنەى گوڵەکان و ئەستێلکى بۆنەکان و، جۆگەى هەموو کانیاوە پڕ جۆش و خرۆشە خۆشەکانى بانیشار..

بۆ ئەم باسە سودى زۆرم لە کاک (ساڵح غفار بانیشارى) و (حاجى ئەکرەم محمد ڕەشید بانیشارى) بینی، سوپاسیان دەکەم..

About زريان احمد

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …