Home / بەشی مێژووی كورد / پانۆڕامای مێژووی PKK

پانۆڕامای مێژووی PKK

PKKEinheit

حەسەن جودی
دوای دامرکاندنەوەی بیست و ھەشت سەرھەڵدان و تەڤگەری ئازادیخوازانەی کوردان لەلایەن سیستەمە داگیرکارییەکان و بێدەنگی لێکردنێکی قووڵ و پڕ لەئێش و مەینەتی کوردان، دوای خامۆشبوونێکی تراژیدیایانەی ئاگردانی سەرھەڵدانە پڕ لەھیواکان، دوای ھەموو نکۆڵی و قڕکردن و توانەوە بەردەوامەکان، تەڤگەری ئاپۆچێتی جارێکی تر وەک پشکۆیەک کە لەژێر خۆڵەمێشی ھەزاران ساڵەی مێژووی ژێردەستی و داگیرکاریدا خۆی حەشاردابوو و ھەر پزیسکی دەدا، لەزەمەنێکی شەوەزەنگی بەستەڵەکگرتوودا بڵێسەی گرت و گڕ و کڵپەی سەند و گڕکان ئاسا ھەڵقوڵا و گڕی لەمێژووێکی شووم، لەقەدەرێکی سەپێنراو بەردا… مێژووێکی نوێی ئافراند… ئیدی مێژوو لەسەرووی قەدەرە سەپێنراوەکانەوە رێڕەوی خۆی گرت… مێژووی ئەم تەڤگەرە بۆتە قۆناخێکی نوێ و گرنگ لەمێژووی ھاوچەرخی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی، پارچەیەکی دانەبڕاو لەمێژووی کوردستان، خۆرھەڵاتی ناوین و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. ئەمڕۆ کە ٣٨ ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە تێدەپەڕێت، لەرووپەلەکانی مێژووی تەڤگەری (پەکەکە)دا؛ پووختەی مێژووی گەلێک کە دەستبەرداری مەیلی ئازادیخوازانەی خۆی نابێت و لەپێناو گەیشتن بەئازادیدا، لەئاستی ھەرە بڵنددا قوربانی، قارەمانێتی و گیانفیدایی ھەرە مەزنی نواندووە و بۆتە سەرچاوەی مۆڕاڵ و وزە و توانستێکی بەھاداریش بۆ گەلانی خۆرھەڵاتی ناوین و جیھان.
لە دوای کودەتا سەربازییەکەی (١١)ی مارسی ساڵی (١٩٧١) لە تورکیا، رەوتی شۆڕشگێڕی و چەپگەری خوێندکاری و لاوانی کورد و تورک، لەژێر کاریگەری شۆڕشی ڤێتنام و بزاڤی خوێندکاری و لاوانی فەڕەنسا لە ساڵی (١٩٦٨)دا کەشوھەوایەکی شۆڕشگێڕی خوڵقاندبوو.
ئەوکاتە عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک خوێندکارێک سەبارەت بە کورد و کێشەکەی و گرفتەکانی دیکەی کۆمەڵگا لەنێو لێگەڕین و لێکۆڵینەوە دابوو و تا دەھات راستینەی کێشە و گرفتەکان و ناکۆکییەکانی زیاتر دەناسی و قووڵتر لێیان ورد دەبووەوە. ئۆجەلان بە چوونی بۆ ئەنقەرە و خوێندن لە زانکۆی ئەنقەرە و کۆلێژی زانستە سیاسییەکان کەوتە نێو دۆخ و کەشوھەوایەک کە لەلایەن رەوتی چەپگەری و شۆڕشگێڕی ئەو کاتەوە، بە تایبەتی کاریگەری بزاڤەکانی پارتی ـ بەرەیی ـ رزگاری گەلی تورکیا بەرێبەرایەتی “ماھیر چایان” و ئەرتەشی رزگاری گەلی تورکیا بەرێبەرایەتی”دەنیز گەزمیش” و ئارتەشی شۆڕشگێڕی رزگاریخوازی کرێکاران و جووتیارانی تورکیا (تییککۆ) بەرێبەرایەتی ” ئیبراھیم کایپاک کایا”دا بوو. ھەربۆیە ئۆجەلان لە نێو ھەموو گرووپە چەپگەرەکاندا، ئەم ٣ گرووپە ئاماژە پێکراوەی لەھەموو گروپەکانی دیکەی چەپڕەو پێ باشتر بوو.
بێگومان ھەبوونی دیاردە و کێشەی کورد ھۆکار و ھەلومەرجی سەرەکی دەرکەوتنی تەڤگەری پەکەکە بووە، بەڵام وەکو دەردەکەوێت ئەو دیاردە و کێشەیەش بەدەرنییە لەکۆی کێشە مرۆڤایەتییەکانی دیکە. بۆیە دەبینین کاتێک ئۆجەلان بەدوای گەوھەری سۆسیالیزمدا دەگەڕێ و لێکۆڵینەوە لەسەر مێژووی پێشکەوتنی کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی دەکات، لەمیانەی ئەو لێگەڕین و لێکۆڵینەوەیەشدا مێژووی کورد و دیاردە و کێشەی کورد قووڵتر دەناسێت. چونکە تا ئەوکاتە لە ھەلومەرجی ساڵانی حەفتاکانی تورکیادا بچووکترین زانیاری سەبارەت بەکورد و کوردستان دەست ناکەوێت، بەڵام دەرک بەوەش دەکات کە کورد وەکو گەلێک خاوەن کێشەیەکە.
ئۆجەلان لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکیدا لە زانکۆ، لەدژی ئەو رەشەکوژییەی کە ماھیر چایان سەرۆکی بەرەی ـ پارتی ـ رزگاری گەلی تورکیا و نۆ لەھاوڕێکانی لە(٣١)ی مارسی (١٩٧٢)دا لە ناوچەی قزلدەرە گیانی خۆیان لەدەست دا. ھەروەھا بۆ رێگیریکردن لە لەسێدارەدانی دەنیز گەزمیش سەرۆکی ئارتەشی رزگاری گەلی تورکیا و دوو لە ھاوڕێیانی “یوسف ئەسڵان و حوسێن ئینان، پێشەنگایەتی رێپێوانێکی پرۆتستۆیی دەکەن لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ئەنقەرە ” .
بەھۆی ئەو پێشەنگایەتیکردنەیەوە،‌ ئۆجەلان لەگەڵ ھاوڕێیەکی بەناوی “دۆغان فرتنە” لەرێپێوانەکەدا دەستگیر دەکرێن و نزیکەی (٧) مانگ لەزیندانی “ماماک”دا دەمێنێتەوە، ئەو زیندانی بوونەی ئۆجەلان بووە وێستگەیەکی وەرچەرخان لە گەیاندنی لێکۆڵینەوە و لێگەڕینەکانی بەئاستی بیرکردنەوە لە دامەزراندنی رێکخراوێکی شۆڕشگێڕی. بۆیە لەماوەی زیندانیبوونیدا بیر لە ئاواکردنی گروپێکی رێکخستنی شۆڕشگێڕی دەکاتەوە، لەدوای ئازادبوونی لەزیندانیشدا ھەموو ھەوڵ و تێکۆشانێکی بۆ ئەو مەبەستە دەخاتە گەڕ.
دوای ئازادبوونی ئۆجەلان لەزیندان و گەڕانەوەی بۆ خوێندن، ھەردوو کەسێتی شۆڕشگێڕی تورک “حەقی قەرار و کەمال پیر” دەناسێت، کە ئەوانیش خوێندکاری ھەمان زانکۆ بوون. ئیدی ئەم ٣ ھاوڕێیە بەیەکەوە دەژین و پێکەوە بناخەی یەکەم گروپی ئایدیۆلۆژی تەڤگەری ئاپۆچێتی دادەمەرزێنن.
تەڤگەری ئاپۆچێتی، ھەر لەبنەڕەتدا؛ ھەم لەپێکھاتە و سەرھەڵدانیدا، ھەم لەروانگە فەلسەفی و ئایدیۆلۆژییەکەیدا خاوەن سروشتێکی ئەنتەرناسیۆنالی و مرۆڤایەتییە. کاتێک ئۆجەلان دەیەوێت ئەوەی لەئەنجامی لێگەڕین و لێکۆڵینەوە ھزریەکانیدا ئاکامگیر بووە بۆ ھاوڕێ نزیکەکانی خۆی لەزانکۆ بدرکێنێت، دوو ھاوڕێی ھەرە دەستپێکی لە رۆڵەکانی گەلی تورکن، کە “حەقی قەرار و کەمال پیر” ن. ئەم دوو ھاوڕێیەی لەسەر بنەمای چەمکی ” تا گەلی کورد ئازاد نەبێت گەلی تورکیش ئازاد نابێت” ھەڤاڵێتی ئۆجەلان دەکەن و یەکەمین گروپی سێ کەسی بۆ سەرھەڵدانی تەڤگەری ئاپۆچیتی پێکدێنن.
ئۆجەلان لە نەورۆزی (١٩٧٣)دا لە لەمیانەی گەشتێکی ئاساییدا لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکی زانکۆی بۆ کەناری بەنداوی ” چووبوک”، بۆ یەکەم جار ئەو دەرئەنجامە فیکرییەی لەمیانەی قووڵبوونەوە و لێگەڕینی تیۆری خۆیدا پێیگەیشتبوو لەلای ئەو ھاوڕێیانەی باس دەکات و خوازیارە ھەڵوێست و بیروڕای ئەوان لەو بارەوە بزانێت، بەمەش ھەوڵدانێکی کرداری بۆ رێکخستەکردنی یەکەم گروپی رێکخستنی. ھەرچەندە زۆربەی بەشداربووانی ئەو دانیشتنەی سەر کەناری بەنداوی چوبووک نەکەوتنە ناو یەکەم گروپی رێکخستنی، بەڵام لەھەنگاونانی کرداریانەی ئۆجەلان بۆ دەستکردن بە تێکۆشانی ‌ڕێکخستنیانە واتایەکی گرنگی خۆی ھەیە. ئیتر لەو کاتە بەدواوە؛ ئۆجەلان تێکۆشانی خۆی دەگەیەنێتە ئاستی گروپێکی فیکری و ئایدیۆلۆژی و بەناوی “خوێندکارانی شۆڕشگێڕ” یان “شۆڕشگێڕانی کوردستان” یاخود “تەڤگەری ئاپۆچی”یەوە لەزانکۆ و ھەندێک گەڕەکی ھەژارنشین و کوردنشینی ئەنقەرە دەناسران و فیکر و بیروباوەڕەکانی خۆیان بڵاودەکەنەوە.
ئەوکاتە؛ ئۆجەلان ھەوڵیدەدا تێکۆشانی ئایدیۆلۆژی و ئەو دەرئەنجامە فیکرییانەی پێیگەیشتبوو، ھەر تەنیا لەسنووری خوێندکاران و زانکۆ و چەند گەڕەکێکی ھەزارنشیندا نەمێنێتەوە، بەڵکو بەپێویستی دەبینی کە بیگەیەنێتە ھەموو کۆمەڵگا. بۆیە لەساڵی (١٩٧٦)دا لە ئەنقەرە لە ھۆڵی”ژووری بیناسازان” ی “کۆمەڵەی ئەندازیاران” دا سیمینارێکی سەبارەت بە فیکر و بیر و باوەڕی خۆی بۆ مەسەلەی چەپ و کێشەی کورد ساز دەکات. ئەمەش یەکەم جار بوو کە ئۆجەلان لەدەرەوەی گروپەکە تێڕوانین و دەرئەنجامە فیکرییەکانی خۆی بە ئاشکرا بۆ خەڵکی دیکە باس و تاوتوێ بکات.
دوای ئەوەی ھەوڵ و تێکۆشانی ئۆجەلان و گروپی سەرەتا بۆ فراوانکردنی رێکخستنی گروپ ئەنجامگیر دەبێت، بیر لەوە دەکرێتەوە چۆن ئەو فراوانبوونەی گروپ خۆی بگەیەنێتە ئاستی رێکخستنێکی تۆکمە و خاوەن ناسنامەی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و رێکخستنی. بۆ ئەمەش لە (١٩٧٦)دا لە ئەنقەرە، یەکەم کۆبوونەوەی گروپەکە لە گەڕەکی “دیکمان ” ئەنجام دەدرێت. ئەم کۆبوونەوەیە بە یەکەم کۆبوونەوەی فەرمی تەڤگەری ئاپۆچێتی دادەنرێت. لەم کۆبوونەوەیەدا، بڕیاری گەڕانەوە لە ئەنقەرەوە بۆ کوردستان و دەستکردن بەتێکۆشانی ئایدیۆلۆژی، سیاسی و رێکخستنی دەدرێت. بڕیاری گەڕانەوە ‌بۆ کوردستان بڕیاڕی ھەرە گرنگی ئەو کۆبوونەوەیە بوو. چونکە ئەو گەڕانەوەیە ھەر بەواتای گواستنەوەی تێکۆشان لەگۆڕەپانی ئەنقەرەوە بۆ کوردستان نەدەھات، بەڵکو بەواتای دەستنیشانکردنی گۆڕەپانی سەرەکی تێکۆشانیش دەھات کە ‌کوردستان بوو. بۆیە گەڕانەوە بۆ کوردستان بەواتای دەستنیشانکردنی راستەڕێ و ئاراستەی تێکۆشانی گروپەکەش دەھات.
ئۆجەلان ھاوکات لەگەڵ تێکۆشانی کرداریانەی رێکخستەکردنی گەلدا، لەبواری تیۆری و ھزریشدا تێکۆشانی ئایدیۆلۆژیانەی خۆی پەرەپێدەدات. لەساڵی (١٩٧٦)دا نامیلکەیەک بەناوی “مێژووی کۆڵۆنیالیزم” دەنووسێ، ئەم نامیلکەیە سەرەتا لەسەر کاسێت تۆمار دەکرێت و پاشان لەلایەن ئەندام و پێشەنگێکی ئەو گروپە “محەمەد خەیری دوورموش”ەوە دەنووسرێتەوە و دەکرێتە نامیلکە. ئەو نامیلکەیە یەکەم نووسراو و ئەدەبیاتی فیکری ئۆجەلان و گروپی ئاپۆچێتییە.
ئەوکاتە ئەندامانی گروپی ئاپۆچێتی لەڕووی ئایدیۆلۆژیی و سیاسی و رێکخستنییەوە بەردەوام خەریکی خۆپەروەردەکردن دەبن. لەمەدا ئۆجەلان تەواوی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوە فیکری و ئایدیۆلۆژییەکانی خۆی بە ھەڤاڵانی خۆی دەبەخشێت. ئەمەش رۆڵێکی گرنگی لە پەروەردەکردنی ئەندامانی گروپدا دەبینێت.
لەساڵی (١٩٧٦) لەکاتی مەشقپێکردندا، بەھۆی بەکارھێنانی دەمانچەوە، “عەلی دۆغان یڵدرم” لە گەڕەکی “تووزلوچایر”ی ئەنقەرە فیشەکی لەدەست دەردەچێت و گیانی لەدەست دەدات. “عەلی دۆغان یڵدرم” لەمێژووی تەڤگەری پەکەکەدا یەکەم گیانبەختکرووی تەڤگەرەکەیە.
لەگەڵ گەورەبوونی گروپەکە و چالاکبوونی لەناو جەماوەردا، ئیتر ئەندام و لایەنگرانی گروپەکە دەبنە ئامانجی ھێرش و پەلامارەکانی رێکخستنە میللیگەرا کوردییەکان و رێکخراوە چەپگەرە شۆڤێنیستەکان و تیمە سیخوڕییەکانی وابەستە بەدەوڵەت. چونکە گروپی ئاپۆچێتی گروپی ھەرە چالاکوان و جیاواز بوون و بەبیروباوەڕی و تایبەتمەندییە شۆڕشگێڕییەکانیانەوە ببوونە جێی سەرنجی گەل بەگشتی و گەنجان بەتایبەتی. بۆیە لەئاکامدا لە(٨)ی مارسی ساڵی (١٩٧٧)یشدا لەشاری دێرسیم “ئایدن گول” بەدەستی رێکخراوێکی چەپی تورکی بەناوی (رزگاریخوازانی گەل – ھەلقن قورتولوش)ەوە دەکوژرێ. چونکە “ئایدن گول” دەستبەرداری رێکخراوەکەی ئەوان ببوو و تەڤلی تەڤگەری ئاپۆچێتی بووە.
ھێرش و پەلامارەکان زیاتر پەرەیان سەند و لەشێوەی ھەڵمەتێکی بڵاوەپێکردن و لەناوبردنی گروپ بەڕێوەچوو. تا لە ڕۆژی ١٨ی مارسی ساڵی ١٩٧٧ “حەقی قەرار” یاریدەدەری یەکەمی ئۆجەلان بەدەستی گروپێکی سیخوڕی “ستێرکا سۆر” لە چایخانەیەک لە گەڕەکی نووری پازاڕباشی شاری “عەنتاب” لەمیانەی پیلانگێڕییەکدا بەدەستی سیخوڕ “عەلائەددین قاپان” تیرۆر دەکرێت.
بە ‌تیرۆرکردنی حەقی قەرار لەلایەن ئەو رێکخراوە سیخورییەوە، گروپی ئاپۆچێتی دەکەوێتە بەردەم دووڕیانێکی چارەنووسازەوە، ئایا بەردەوامی بە تێکۆشان بدەن و ئەو رووداوە بکەنە زەمینەی قەڵەمبازێکی چۆنایەتی، یان دەستبەرداری ‌تێکۆشان ببن و ئەو رووداوە بێ وەڵامێکی راستەقینە بھێڵنەوە؟ راستترین وەڵام بۆ ئەو پیلانگێڕییە چییە و چۆن حەقی قەرار بە نەمری بمێنێتەوە و ببێتە پێشەنگی مەعنەوی تێکۆشان؟ ئەمانە گرنگترین پرسیارگەلێک بوون کە دوای گیانلەدەستدانی حەقی قەرار رووبەڕووی ئۆجەلان و ‌تێکۆشەرانی گروپ بووەوە. ئۆجەلان و ‌تێکۆشەرە دڵسۆزەکانی ناو گروپ بە بڕیارەوە پێداگری لەسەر مەزنکردن و تۆکمەکردنی تێکۆشانی گروپی ئاپۆچێتی دەکەن. پاشان ئەو بە ‌بڕیاربوونەی ئۆجەلان و تێکۆشەرانی تری ئاپۆچی لەگەڵ خۆیدا بیرکردنەوە لە ھەنگاونان بەرەو بەپارتیبوونی ھێنایەدی.
ئیتر لەساڵی (١٩٧٧)وە تا بەرپابوونی کودەتای سەربازی (١٢)ی سێپتەمبەری ساڵی (١٩٨٠) چەندین رێکخراوی فاشیستی و چەپی تورکی و رێکخراوی کوردی دژایەتی تەڤگەری ئاپۆچییان دەکرد. ھەندێک لەو رێکخراوانە دژایەتی خۆیان گەیاندە ئاستی کوشتن و ھێرش و پەلاماردانیش. لەمیانەی ئەو ھێرش و پەلاماردانانەشدا بەدەیان کادیر و لایەنگری تەڤگەری ئاپۆچییان لەناوبرد.
بەڵام سەرەڕای ئەو ھێرش و پەلامارانە ئۆجەلان و شۆڕشگێڕانی گروپی ئاپۆچێتی گوڕ بە تێکۆشانی ئازادیخوازانەی خۆیان دەدەن. ئۆجەلان لەبەھاری ساڵی (١٩٧٧)وە تا (١)ی مانگی مای (١٩٧٧) لە کوردستاندا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی بۆ کادیرانی پێشکەوتووی تەڤگەرەکە ئەنجام دەدات. ئەو سیمینارانە وەک ئامادەکارییەکە بۆ نووسینی رەشنووسی بەرنامەی پارتی. ئەم زنجیرە کۆبوونەوەیە بەماراتۆنی کۆبوونەوەکان دەناسرێت.
ھەر لەو چوارچێوەیەدا؛ لەپاییزی (١٩٧٧)دا ئۆجەلان دەست بە نووسینی یەکەم رەشنووسی پرۆگرامی پارتییەکی سیاسی کرد و لە زستان و بەھاری (١٩٧٨)یشدا لە شێوەی نامیلکەیەکدا بەئامانجی پەروەردەیی و تاوتوێکردن و وەرگرتنی بیروڕای کادیرانی گروپ، بەسەر تەواوی کادیرانی تەڤگەرەکەدا بڵاو کرایەوە. دواتر ئەو رەشنووسە بووە بنەمای پرۆگرامی پەکەکە و لە کۆنگرەی یەکەمی دامەزراندندا پەسند کرا.
ھاوکات لەگەڵ ئامادەکاری بۆ ھەنگاونان بەرەو بە ‌پارتیبووندا، ھێرش و پەلامارەکانی دژ بە ئەندام و ھۆگرانی تەڤگەرەکەش بەردەوام بوو. لە رۆژی (٩)ی مارسی ١٩٧٨ دا پارێزەر “حەسەن ئایدن لەعەنتاب بەدەستی گرووپی رزگاریخوازانی گەل (ھەلقن قورتولوش) دەکوژرێ.
لە مانگی مای ساڵی (١٩٧٨) لەشارۆچکەی حیلوان “خەلیل چاوغون” ئەندامی گرووپی ئاپۆچی لەلایەن عەشیرەتی سلێمانانەوە تەقەی لێدەکرێ و گیانی خۆی لەدەستدەدات. لەبەرامبەر ئەمەدا، لەھەمان ساڵدا (١٩٧٨)دا لەشارۆچکەی “حیلوان” تەڤگەری ئاپۆچێتی چالاکییەکی لەدژی سەرۆک جاش و سەرۆکی عەشیرەتی سلێمانان ئەنجام دەدەن و لە ئاکامدا سەرۆک عەشیرەتەکە و چەندین بەکرێگیراوی ئەو عەشیرەتە دەکوژرێن، لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا “حیلوان” دەکەوێتە دەستی ئاپۆچییەکانەوە، ئەوانیش دەسەڵات بە جەماوەری شارۆچکەکە دەسپێرن.
لەلایەکی تریشەوە، ھەموو ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی یەکەم کۆنگرەی دامەزراندنی پارت دەگاتە قۆناخی کۆتایی و لە رۆژانی ٢٦ و ٢٧ مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ١٩٧٨ لەگوندی “فیس”ی سەر بە قەزای”لیجە”ی شاری “ئامەد”، بەئامادەبوونی بیستو دوو کەس، کە دوویان کچ بوون، یەکەم کۆنگرەی تەڤگەری ئاپۆچێتی بەڕێوە دەچێ و لەو کۆنگرەیەدا پارتیا کارکەرێن کوردستان پەکەکە دادەمەزرێت و ئاشکراکردنی دا‌مەزراندنی پەکەکە دەھێڵرێتەوە بۆ کاتی ئەنجامدانی چالاکییەکی مەزن و بەکاریگەر. بڕیاری راگەیاندنی لەدایکبوونی پەکەکە ھاوکاتی ئەنجامدانی چالاکییەک بوو لەبەرامبەر سەرۆک عەشیرەت و سەرۆک جەردەوانی بەناوبانگی ئەوکاتەی حیلوان محەمەد جەلال بوجاک.
وێڕای کەمی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی چالاکیی راگەیاندنەکە، لە ڕۆژی ٣٠ مانگی جولای ساڵی ١٩٧٩ لەگوندی “قرباشی”ی سەر بە شارۆچکەی “حیلوان”ی سەر بە شاری “ئورفە” چالاکییەکە لەبەرامبەر “محەمەد جەلال بوجاک”ی سەرۆکی عەشیرەتی بوجاک و لەھەمانکاتدا سەرۆک جەردەوان لەلایەن ئاپۆچییەکانەوە ئەنجام درا و لەئاکامدا “محەمەد جەلال بوجاک” بەبرینداری خۆی رزگار دەکات. ئەمە یەکەم چالاکی فەرمی پارتی کرێکارانی کوردستان بوو، بەم چالاکییە وەک بڕیاربوو؛ دامەزراندنی پەکەکە رادەگەیەندرێت. لەو چالاکییەدا کادیری پەکەکە “ساڵح کەنداڵ” بریندار دەبێت و پاشان گیانی لەدەست دەدا.
راگەیاندنی لەدایکبوونی پەکەکە دەبێتە کۆتایی قۆناخێک و دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ لە مێژووی گەلی کورد و تورکیا و ھەرێمەکە و جیھاندا.
لەرێکەوتی نێوان (٢٧ ــ ٢٤)ی دێسەمبری ساڵی (١٩٧٨)دا دەوڵەتی تورک بەھاوکاری ھێزە فاشیستەکانی ئەوکاتە کۆمەڵکوژییەکی مەزن لەشاری “مەرعەش” ئەنجام دەدات، ئەم کۆمەڵکوژییە وەک کاردانەوەیەک لەبەرامبەر پەرەسەندنی تەڤگەری ئاپۆچێتی و لەدایکبوونی پەکەکە و وەک ھەنگاوێکیش بۆ بەرپاکردنی کودەتایەکی سەربازی ئەنجام درا. لەو کۆمەڵکوژییەدا بەسەدان کەس کوژران. ھەروەھا شانبەشانی ئەو کۆمەڵکوژییەش “رەوشی ئاوارتە”ی لە(١٣) پارێزگا کە (١٠) یان لە باکووری کوردستان بوو، راگەیاندرا.
بەڵام ئاپۆچییەکان ھەر زوو دەرکیان بەوە کردبوو کە وەڵامی ھەرە راست و شۆڕشگێڕانە بۆ ئەو کۆمەڵکوژییە تۆکمەکردنی باوەڕی و ئیرادەی تێکۆشانەی ئازادیخوازانەیە. تەنانەت ئۆجەلان بەر لە بەرپابوونی کودەتاکە بەماوەیەک، پێشبینییەکانی خۆی بۆ ئەگەری بەرپابوونی کودەتایەک باس دەکات و بەپێویستی دەبینێت کە تەگبیری پێویست وەربگیردرێت.
ئۆجەلان لەسەرەتای مانگی تەمموزی ساڵی (١٩٧٩)دا بە ھاوکاری ئەندامی پەکەکە بە ناوی “ئەدھەم ئەکچان” کە دواتر لە شەڕی ڕزگاریدا گیانی لە دەست دا، تورکیا و باکووری کوردستان بەجێدێڵێت و بەنھێنی بەرەو باشووری رۆژئاوای کوردستان و سوریا دەڕوات و لەوێ لەماڵی خزمێکی “ئەدھەم ئەکچان” لە شارۆچکەی کوبانێ، بەنھێنی ماوەیەک دەمێنێتەوە.
ھەر لەھەمان ساڵدا ئۆجەلان لە دیمەشق رێکخراوە فەلەستینییەکان دەناسێت و پەیوەندییان لەگەڵدا دەبەستێت، بۆ ئەوەی لە لوبناندا لەکامپی پەروەردەیی فەلەستینییەکاندا کادیرانی پەکەکە پەروەردەی ئایدیۆلۆژی، سیاسی و گەریلایی ببینن ھەوڵی زۆریان لەگەڵ دەدات تا بەوە رازیان دەکات کە لە کامپەکەیاندا پەروەردە ببینن. ھەر لەکۆتایی ھەمان ساڵدا بەدەیان کادیری پەکەکە بۆ مەشق و پەروەردە بینین بۆ کامپی فەلەستینییەکان لە لوبنان بەڕێدەکەون.
ھەر لەساڵی (١٩٧٩)یشدا، لەھەڵبژاردنی شارەوانیدا، لەشارەکانی حیلوان و باتمان لایەنگرانی پەکەکە لەھەڵبژاردنەکاندا سەردەکەون. بەڵام دوای (٣) مانگ سەرۆکی ھەڵبژێردراوی شارەوانی باتمان “ئەدیب سۆڵماز” لەلایەن دەوڵەتەوە تیرۆر دەکرێت. ئەو ئەزموونەی شارەکانی حیلوان و باتمان بەنموونەیەکی دیموکراتیانەی دەسەڵاتی گەل دادەنرێت، ھەروەھا ئەمە یەکێکە لە ئەزموونە سەرەتاییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەبواری تێکۆشانی مەدەنی و یاساییدا.
وەک ئۆجەلان مەزەندەی دەکرد، لە ڕۆژی ١٢ی سێپتەمبری ساڵی ١٩٨٠دا کودەتایەکی سەربازی لە تورکیا ئەنجام دەدرێت و بەھەزاران کەسی مەدەنی دەکوژرێن و بەدەیان ھەزار کەسی دیکەش دەخرێنە زیندانەکانەوە و بڕیاری داخستنی سەرجەم پارتە سیاسییەکان و رێکخراوە مەدەنییەکان و تەواوی رۆژنامە و گۆڤارەکان دەدرێت و حوکمی جۆنتای سەربازی لە تورکیا دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێ. ھەروەھا لە ھەموو تورکیا و باکووری کوردستاندا ڕەوشی ئاوا‌رتە ڕادەگەیەندرێ. لەو ھەڵمەتەدا بەسەدان کادیر و ھەزاران لایەنگری پەکەکە و کەسانی وڵاتپارێزیش دەستگیر دەکرێن. بەگشتی نزیکەی ٤ ھەزار کادیر و ئەندام و لایەنگری پەکەکە دەخرێنە زیندانەکانەوە.
ئیتر لەھەموو رووێکەوە قۆناخێکی نوێ و دژوار بوو، ئەوەی ئۆجەلان مەزەندەی دەکرد روویدا. کودەتای سەربازی وڵاتی کردبووە ئۆردوگایەکی سەربازی و میلیتاریزم باڵی خۆی بەسەر ھەموو بوارێکدا کێشابوو. لەبنچینەدا سەرەکیترین ئامانجی کودەتاکە لەناوبردنی تەڤگەری ئازادی پەکەکە بوو. بەڵام ئۆجەلان بەو پێشبینییەی بۆ بەرپابوونی ئەو کودەتایەی کردبووی، کۆچکردنیشی بۆ دەرەوەی وڵات وەک تەدبیرێکی پێشینە و وردبینانە، رێک لەئانوساتی خۆیدا ئەنجام دا. بەڵام ئەوەی بەلای ئۆجەلانەوە گرنگ و بایەخدار بوو، بێبایەخکردن و پووچەڵکردنەوەی ئامانجی سەرەکی کودەتا بوو. بۆیە پێویست بوو ئەو ‌کۆچکردنە بۆ دەرەوەی وڵات ببێتە قۆناخی خۆ ئامادەکردن بۆ گەڕانەوە بۆ وڵات و ھاوێشتنی ھەنگاوێکی نوێ لەتێکۆشان و قەڵەمبازێکی مێژوویی لە بەرخۆداندا.
لەو چوارچێوەیەدا، لەپێناو ھەڵسەنگاندنێکی نوێی دۆخی کودەتا و فاشیزمی میلیتاریستانەی رژێمی ١٢ی سیبتەمبەر لەلایەک و لەلایەکی ترەوە ‌ھەڵسەنگاندنی دۆخی تەڤگەر لە کۆچبەری و لەناو وڵات، لە(١٥)ی تەمموزی (١٩٨١)دا یەکەمین کۆنفرانسی پەکەکە لە لوبنان ئەنجام دەدرێت و تەڤگەر لەکۆنفرانسەکەدا؛ لەنێوان ژیانی کۆچبەری تەڤگەر و گەڕانەوەی بۆ وڵاتدا، لەنێوان تێکۆشان و دەستبەردان لە بەرخۆداندا بڕیاری گەڕانەوە بۆ وڵات و ئامادەکاری بۆ دەستپێکردن بە تێکۆشانی پڕوپاگەندەی چەکداری و دەستکردن بەتێکۆشانی گەریلایی دەدرێت.
لەزیندانەکانیشدا؛ کە ھەزاران دۆست و ئەندام و کادیر بەر ھەڵمەتی رەشبگیری کودەتاچییەکان کەتبوون و دەستگیر کرابوون، بۆ ئەوەی تەسلیمییەت پەسند نەکەن رووبەڕووی دژوارترین شێوازەکانی ئەشکەنجە و ستەمکاری و سوکایەتیکردن ‌بوونەوە. بەڵام کودەتاچییەکان لەبەرامبەر ئیرادەی بەرخۆدانی ئاپۆچییەکاندا چۆکیان دا. بەمەش کودەتای میلیتاریستی ١٢ ی ئەیلول سەرەتا لە زیندانەکاندا و لەبەرامبەر ‌بەرخۆدانی شۆڕشگێڕانی پەکەکەییدا شکستی ھەرە مەزنی خۆی دەخوات. ‌پێشەنگی ئەو بەرخۆدانییەش ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە مەزڵوم دۆغان بوو.
لە یەکەم رۆژی نەورۆزی (١٩٨٢)دا “مەزڵوم دۆغان” لەژێر دروشمی” بەرخۆدان ژیانە، تەسلیمییەت مردنە”دا لە ژووری (٩)ی قاتی (٤)ی زیندانی “ئامەد”دا ئاگر لەجەستەی خۆی بەردەدات و گیانی لەدەست دەدات. ئەمەش دەبێتە ھۆی زنجیرە چالاکییەکی بەرخۆدانڤانی لە زیندانی ئامەد و دواتر ئەو بەرخۆدانە لە زیندانەکانی دیکەی باکوور و تورکیاش پەرەدەسێنێت.
لە کاتژمێری نێوان دوو تا سێی شەوی ١٨ی مانگی تەمموزی ساڵی (١٩٨٢)دا لە ھۆڵی (٣٣)ی قاتی (٢)ی زیندانی “ئامەد”دا بۆ بەردەوامکردنی چالاکییە بەرخۆدانییەکەی “مەزڵوم دۆغان” کادیرانی دیکەی پەکەکە وەک “فەرھاد کورتای، مەحمود زەنگین، ئەشرەف ئانیک و نەجمی ئۆنەر” بەدروشمی “بەرخۆدان ژیانە، تەسلیمییەت مردنە” ھەر چواریان بەیەکەوە ئاگر لەجەستەی خۆیان بەردەدەن، لەنێو گڕ و کڵپەی ئاگری جەستەی خۆیاندا، ھەرچواریان بەھاوارێکی ئاگرینەوە، بەوشەی پڕ لەبلێسەوە ھاواردەکەن؛ با کەس ئاگری جەستەمان نەکوژێنێتەوە، ھەرکەسێک بیکوژێنێتەوە ‌خیانەتمان لێدەکات. بەدەم ھاوار و دروشمی پڕ بە گڕەوە ھەر چواریان گیان لەدەست دەدەن و دەبنە مەشخەڵی رێگای بەرخۆدانی ئازادیخوازانەی ئەو تەڤگەرەی مەشخەڵئاسا کاروانێکی بێپسانەوەی بەرەو لوتکەی سەرکەوتن ھەڵکشاندووە. چالاکییەکەی ئەو چوار کادیرە ئاپۆییە بە”چالاکی شەوی چوار قارەمانەکە” لە نێو ئەدەبیاتی پەکەکەدا دەناسرێت.
کاروانی بەرخۆدانی زیندانیانی پەکەکەیی راناوەستێت و خاو نابێتەوە. ھەر ھەنگاوێکی بەرخۆدانی دەبێتە تەواوکاری ھەنگاوەکانی دوای خۆی و بناخەی ھەنگاوێکی تری بەرخۆدانڤانێتی. ئەمەش سروشتی ئەو تەڤگەرەیە.
لە ڕۆژی ١٤ی مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٨٢دا ” محەمەد خەیری دوورموش، کەمال پیر، عاکیف یڵماز و عەلی چیچەک” دەستیان بەمانگرتن لەخواردن تامردن(رۆژووی مردن) کرد. پاشان ھەڤاڵانی تریشیان تەڤلی ئەو چالاکییە دەبن. دوای (٥٥ تا ٦٥) رۆژ لە مانگرتن ھەر چوار پێشەنگ دەبردرێنە نەخۆشخانەی سەربازی “دیاربەکر” و ھەموویان لەوێ، بەدوای یەکدا گیان لە دەست دەدەن؛
کەمال پیر لە ژووری (١)ی قاتی(٤)دابوو، لەرۆژی ٧ی سێپتەمبەری ھەمان ساڵدا گیانی لە دەست دەدات.
محەمەد خەیری دوورموش لە ژووری (٣)ی قاتی (٤)دابوو، لەرۆژی ١٢ی سێپتەمبەردا گیانی لەدەست دەدات.
عاکیف یڵماز لە قاتی (٣)دابوو، لەرۆژی ١٥ی سێپتەمبەردا گیانی لەدەست دەدات.
عەلی چیچەک لەرۆژی ١٧ی سێپتەمبەردا گیانی لەدەست دەدات.
لەکاتێکدا ‌زیندانی ئامەد و زیندانەکانی تر دەبنە شاھیدی مێژووییترین چالاکی بەرخۆدانڤانی، لە کامپی فەلەستینییەکان، لە دۆڵی بیقاعی لوبنانیشدا، لەپێناو وەڵامدانەوەیەکی ھێژای ئەو بەرخۆدانەی زیندان ئامادەکارییەکان لەھەموو رووێکەوە لەپێناو گەڕانەوە بۆ وڵات بەچڕوپڕی بەردەوامە. ئۆجەلان لەمڕووەوە شەو و رۆژی خۆی دەکاتە یەک تا توانست و ھێزی قەڵەمبازێکی بێوێنە بئافرێنێت.
لەو چوارچێوەیەدا؛ ئامادەکاری بۆ دووەمین کۆنگرەی پەکەکە دەکرێت. بۆئەوەی ھەموو ئامادەکارییەکان بگەیەنرێتە ئاستی رێنماییەکی کرداری و بەبڕیاربوونێکی تۆکمە. ھەر ئەو کاتەی ئامادەکاری بۆ سازدانی کۆنگرە دەکرێت شەڕ و پێکدادانەکانی رۆژھەڵاتی ناوین، لەنێوان فەلەستین و ئیسرائیلدا دەگاتە ئاستێکی دژوارتر لەجاران. تا ئەو رادەیەی لوبنانیش دەبێتە گۆڕەپانێکی ئەو شەڕ و پێکدادانە.
لەساڵی (١٩٨٢)دا سوپای ئیسرائیلی ھێرشەکانی خۆی بۆ سەر کامپی فەلەستینییەکان لە لوبنان و تەواوی باشووری لوبنان چڕتر دەکاتەوە. لەوکاتەدا پەکەکە لەبەرامبەر ئەو ھێرشانەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان و کەمپی فەلەستینییەکان، لە ‌بەردەم دووڕیانێکی مێژوویی و ویژدانی دابوو؛ ئایا بڕیاڕی پشتیوانیکردن لە گەلی فەلەستین و لوبنان بدات و بە لەبەر چاوگرتنی ھەموو مەترسییەکان ئامادەی ھەموو جۆرە فیداکارییەک بێت؟! یان ھەلپەرستانە و بەدوور لە پرەنسیپی ھاوپشتیوانێتی گەلانی ژێردەستە، ھاوکاری فەلەستینییەکان لەرۆژانی بێتوانستیدا لەیاد بکات و خۆی لەو شەڕە دژوارە بەدوور بگرێ و گەلی فەلەستین و بزاڤەکەی بەتەنیا بەجێبھێلێت؟! ئەمە بۆ پەکەکە پرسێکی گرنگ و جەوھەری بوو. بۆیە پەکەکە بەگەڕانەوە بۆ جەوھەری فەلسەفەی ئازادیخوازا‌نەی خۆی، بوێرانە بڕیاری پشتیوانیکردن لە گەلی ئازادیخوازی فەلەستینی و لوبنانی دەدات. بەمەش گەریلا تازە پەروەردەبووەکانی پەکەکە لە شارەکانی بەیروت، حەسبایا، ئەلدامور، سەیدا سور.. بەگشتی و لە قەڵای شەقیف و قەلای سەلاحەددینی ئەیوبی بەتایبەتی، بەرخۆدانێکی مەزن لەبەرامبەر سوپای ئیسرائیلییەکان ئەنجام دەدەن. بەمەش جەوھەری پرەنسیپی برایەتی و ھاوپشتیوانێتی تەڤگەری ئازادیخوازی کورد بە کرداری و لە دۆخی ھەرە دژواردا بەدیار دەکەوێت. ئەو بەرخۆدانە بە گیانلەدەستدانی یازدە گەریلا و بەدیلگیرانی یازدەی تر دەبێتە نموونەیەکی تری بەرخۆدانڤانی و کاریگەرییەکی مەزنیش لەسەر پەیوەندی پەکەکە و ھێزە شۆڕشگێرەکانی ئەوکاتەی عەرەب دادەنێت.
دوای ئەو شەڕ و پێکدادانە کە بۆ پەکەکە رێز و شکۆدارییەکی زیاتری بەدەستھێنا، ‌لە ڕۆژی (٢٠)ی ئوگۆستۆسی (١٩٨٢)دا، لە دۆڵی بیقاعی لوبناندا، دووەمین کۆنگرەی پەکەکە ئەنجام دەدرێت. لەو کۆنگرەیەدا لێبڕاوانە بڕیاری گەڕانەوە بۆ وڵات و دەستپێکردن بە تێکۆشانی گەریلایی دەدرێت. ئیتر دوای کۆنگرە بەشێوەیەکی کرداری گەڕانەوە بۆ وڵات دەست پێدەکات و پۆل پۆل گەریلا دەگەڕێنەوە بۆ وڵات.
لەسەرەتای ساڵانی ھەشتاکاندا ناکۆکی و ململانێی نێوان پارت و رێکخستنەکانی باشووری کوردستان گەیشتبووە قۆناخێکی خوێناوی مەترسیدار،‌ کە رێی لەبەردەم تراژیدیای گەورە دەکردەوە،‌ ئەو دەرفەتە زێڕینەشی لەدەست دەدا کە رووخانی رژێمی شای ئێران و شەڕی نێوان ئێراق و ئێران رەخساندبوونی.‌ بۆ ئەوەی چیدی کوردان خوێنی یەکتر نەڕژێنن و توانستی خۆیان و گەلەکەیان بەفیڕۆ نەدەن و تێکۆشان بگەیەننە سەرکەوتن، پەکەکە بەئامانجی ئاشتبوونەوەیەکی گشتی و ئاواکردنی بەرەیەکی ھاوبەشی سەرجەم پارت و لایەنەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان، دەستەیەک لەپەیامبەری ناوبژیوانێتی لەژێر بەرپرسیارێتی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە “محەمەد قەرەسوونگور” دەنێرێتە باشوور و لە ‌قەندیلدا لە ‌ھەوڵی ناوبژیوانێتیدا دەبن. بەڵام لەوکاتەدا لە ڕۆژی ٣ی مای ساڵی ١٩٨٣دا شەڕ و پێکدادانێک لەنێوان ھێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حیزبی شیوعی ئێراق روودەدات. لەئانوساتی ئەو شەڕەدا محەمەد قەرەسونگور و کادیری پێشکەوتوو “ئیبراھیم بیلگین” گیانی خۆیان لە دەست دەدەن و سێ لە ھەڤاڵانیشیان ‌دیل دەکرێن. بە گیان لەدەستدانی ئەو دوو کادیرەی پەکەکە ئەو ھەوڵی ناوبژیوانێتیەی پەکەکە و پرۆژەی ئاواکردنی بەرەیەک بۆ پارت و لایەنە کوردییەکان ئاکامگیر نابێت و شەڕی نێوخۆیی ئەوکاتەی نێوان ھێزەکانی باشووریش ھەر بەردەوام دەبێت.
وێڕای گیانلەدەستدانی یەکەم فەرماندەی گەریلای پەکەکە ئامادەکارییەکان بۆ ھاوێشتنی قەڵەمبازێکی مێژوویی لەبواری تێکۆشانی گەریلاییدا بەردەوام دەبێت و لە نێوان ساڵەکانی (١٩٨٢ ـــ ١٩٨٤)دا چەندین پۆل و یەکینەی گەریلاکانی پەکەکە لەسەر سنووری نێوان باکوور ــ باشووری کوردستان لە ‌لۆلان و خواکورک و خنێرە و چەندی ھەرێمی تری سەر سنوور جێگیر دەبن و دەست بە پروپاگەندەی گەریلایی و تێکۆشانی چەکداری دەکەن و خەریکی تەواوکردنی ئامادەکارییە کردارییەکان بوون بۆ دەسپێکردنی خەباتی گەریلایی لەباکووری کوردستاندا.
گەریلاکان بە دڵی پڕ لەجۆشوخرۆش و بە چاوی پڕ لە ھیوا و بە ھزری پڕ لەباوەڕی و ئیرادەوە چاوەڕێی تەقاندنی یەکەم فیشەک بوون. ئەو فیشەکەی ھەر لەگەڵ تەقاندنیدا کۆتایی بە مێژووێکی شووم و نەفرەتلێکراو دێنێت و سەرەتای مێژووێکی نوێی پڕ لەرووناکی و شکۆمەند دەستپێدەکات. ھەموو گەریلاکان چاوەڕێی گەیشتنی رێنمایی تەقاندنی یەکەم فیشەک بوون. لە خەیاڵ و ھزر و چاوانی ئەو گەریلایانەدا تەقاندنی یەکەم فیشەک بەڕووی دەوڵەتێکی خاوەن یەک ملیۆن سەربازی تەواو پڕچەککراو و ئەندام لەناتۆ، حەقیقەتێکی چاوەڕوانکراو بوو، بەڵام بەلای ئەو دەوڵەتەوە، دوای دامرکاندنەوەی بیستوھەشت سەرھەڵدانی کوردان، تەنانەت خەون بینین بە تەقاندنی تاقە فیشەکێکیش لەلایەن کوردانەوە، لەدەرەوەی ھەموو مەزەندە و بیرکردنەوەکان بوو.
بەڵام زۆری پێناچێت، ئەو فیشەکە بەدەستی عەگیدێکی ئەفسانەیی کوردان دەتەقێنرێ و دڕ بەتاریکی و ستمکاری و داگیرکاری دەدات و حەقیقەتە چاوەڕوانکراوەکە لەئەروە و شەمزینان بەرجەستە دەبێت.
لە (١٥)ی ئابی (١٩٨٤)دا دوای ئامادەکارییەکی چڕوپڕ بە فەرماندەیی و سەرپەرشتی (مەعسوم قۆرقماز) ناسراو بە عەگید لە شارۆچکەکانی” ئەروە ـ شەمزینان” ھەڵمەتی گەریلایی دەستپێدەکات و یەکەم فیشەک دەتەقێنرێت. بەمەش خەباتی گەریلایی پەکەکە دەستپێدەکات و قەڵەمبازێکی مێژوویی لە مێژووی تێکۆشانی پەکەکە و گەلی کورد دەھاوێشترێت. ھەروەھا لەگەڵ ئەو ھەڵمەتەدا، بە ‌بەیاننامەیەک، ھێزی رزگاری کوردستان (ھەڕەکە) دامەرزاندنی خۆی رادەگەیەنێت.
ئیتر تێکۆشانی چەکداری، بە شێوازی گەریلایی، دەبێتە راستیەک و سەرتاپای ئەو تەلیسم و وەھمانەی رەواندەوە کە دەگووترا ھیچ ھێزێک ناتوانێت بەرەنگاری ئەرتەشێکی یەک ملیۆنی و ئەندام لە ناتۆ ببێتەوە، ھەروەھا کۆتایی بەکاریگەری ئەو مەیلەش ھێنا کە دەیگووت: (با ژیانی “پەنابەرێتی تەڤگەر” پەسند بکەین، با نەگەڕێینەوە کوردستان، ئەوەی بگەڕێتەوە کوردستان دەگەڕێتەوە مردن). ئیتر تێکۆشانی گەریلایی بووە شێوازی تێکۆشانی شۆڕشی ژیانەوەی گەلی کوردستان.
تەڤگەری پەکەکە، وەک چۆن لە گۆڕەپانی تێکۆشانی گەریلاییدا قەڵەمبازێکی ھاوێشت و خۆی گەیاندە ئاستی بەڕێکخستنبوون و چالاکی نواندن، ئەوا بەھەما‌ن شێوە لەبواری رێکخستنی چین و توێژەکانی جەماوەریشدا لەنێوا ئامادەکارییەکی بەرفراواندا بوو.
‌لە نەورۆزی ساڵی (١٩٨٥)دا بەرەی رزگاریخوازی نەتەوەیی کوردستان (ئەنیا رزگاریا نەتەوا کوردستان، ئەڕنەکە) دامەزرا. ئەم بەرەیە لە رێکخستنە جەماوەری و دیموکراتییەکانی گەلی کوردستان پێکھاتبوو.
بەڕێکخستنبوونی ھەموو چین و توێژە وڵاتپارێزەکان و بەشداربوونی چالاکانە لەتێکۆشانی ئازادی و گردبوونەوە لەبەرەیەکی نەتەوەیی و دیموکراتیدا جەوھەری گەلەری و جەماوەریانەی تەڤگەری پەکەکەی زیاتر خستەڕوو. ئەمەش کاریگەرێتی کودەتای سەربازی و ئاستەنگییەکانی دۆخی مانەوە لە ‌دەرەوەی وڵاتی بەلاوە نا و گۆڕەپانێکی رێکخستنی و سیاسی بۆ تێکۆشانی گەل لەدەرەوە و ناوەوەی وڵات ئافراند و لەئاستێکی تۆکمەدا یەکتر تەواوکردنێک لەنێوان تێکۆشانی گەریلایی و تێکۆشانی سیاسی و جەماوەری بەدیھات. جاری یەکەم بوو، لەتێکۆشانی ئازادی کورداندا، دەرەوەی وڵات بەگشتی و ئەوروپا بەتایبەتی، ببێتە گۆڕەپانێکی گرنگی تێکۆشانی رێکخستنی، سیاسی، دیبلۆماسی، کولتووری و کۆمەڵایەتی و پشتیوانییەکی بەھێزی خەباتی ناوەوەی وڵات بکات.
بەڵام دەزگا سیخورییەکانی دەوڵەتی تورک و ھەندێک لەو وڵاتانەی کوردانی لێ نیشتەجێن، لەنێو ھەوڵدانی بەرفراوان و چڕوپڕ دابوون، تاکو راستینەی تەڤگەری ئازادیخوازانەی پەکەکە و کوردان لەپێش چاوی گەلی کورد و رای گشتی جیھان بشێوێنن و ناوی بزڕێنن و لە جەماوەری گەل دایببڕێنن و دەرفەتی ئەوەی پێنەدەن لە سەکۆ نێودەوڵەتییەکاندا دۆزی رەوای گەلی کورد بخاتە رۆژەڤەوە.
ئەوەبوو لە ڕۆژی ٢٨ی فێبر‌یوەر‌ی ساڵی ١٩٨٦دا “ئۆڵف پاڵمە”ی سەرۆک وەزیری سوێد تیرۆر کرا، پاڵمە کە کەسایەتییەکی ئەنتەرناسیۆنال و سۆسیال ـــ دیموکرات بوو و ھەروەھا سەرۆکی پارتی سۆسیال ــ دیموکراتی سوێدیش بوو، دەزگای ئیستخباراتی تورکی میت، و چەندین دەزگای سیخوری بە ئامانجی ناوزڕاندنی پەکەکە لە ئەوروپا، ئەو تاوانەیان دایە پاڵ پەکەکە. بەڵام پاش ماوەیەک لە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکی زۆر، راستینەی پیلانەکە ئاشکرا بوو و ئەم تاوانە لە سەر پەکەکە لابرا و چەند ئەندامێکی پەکەکە کە ھەر بەو بۆنەیەوە گیرابوون پاش قەرەبووکردنەوەی غەرامەت و داوای لێبوردن لێیان، ئازاد کران.
لەساڵی ١٩٨٦دا لەکاتێکدا تێکۆشانی گەریلایی تادەھات ئەنجامی گرنگی بەدەستدەھێنا و دەروازەی لەبەردەم پێشکەوتن و گۆڕانکاری مەزن دەکردەوە، لەلایەکی ترەوە، ئۆجەلان و تەڤگەری پەکەکە لەرووی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و رێکخستنی و کردارییەوە،‌ لەنێو ئامادەکارییەکی چڕوپڕ دابوون بۆ ئەنجامدانی سێیەمین کۆنگرەی پەکەکە. بۆ شیکردنەوەیەکی قووڵی دۆخی سیاسی و رەوشی رێکخستنی و ھەڵسەنگاندنی ئەو کێشە و گرفتانەی لەئاستی رێکخستنی و کەسایەتییدا لەنێو تەڤگەردا دەرکەوتبوون و گەیاندنیان بە تێگەیشتن و چارەسەری، ئۆجەلان لەنێو قووڵبوونەوەیەکی ھزری مەزن دابوو. لەکاتێکدا تەڤگەر لەنێو ئامادەکارییەکی وەھا دابوو، فەرماندەی ئەفسانەیی و فەرمانداری گشتی ھێزی رزگاری کوردستان ھەڕەکە،‌ مەعسوم قۆرقماز بە ئامانجی بەشداربوون لە سێیەمین کۆنگرەدا بەڕێدەکەوێت، بەڵام لەرێگادا لەرێکەوتی ٢٨ی ئاداری ١٩٨٦دا لە چیای گابار رووبەڕووی بۆسەیەکی ئەرتەشی تورک دەبنەوە، لەئاکامی پێکدادنێکی دژواردا عەگید گیانی ئەفسانەیی خۆی بە تێکۆشان و بە خاکەکەی دەسپێرێت.
فەرماندە عەگید وەک چۆن کاتێک لەتێکۆشاندا بوو رۆڵێکی پێشەنگانەی مەزنی لە جێبەجێکردنی قەڵەمبازی ١٥ی ئابدا بینی، ئەوا بە گیان لەدەستدانیشی پێداگری لەسەر تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەریلایی تۆکمەتر و جێگیرتر کرد.
دوای ھەموو ئامادەکارییە ئایدیۆلۆژیی و سیاسی و رێکخستنی و کردارییەکان، لە ٢٥ی مانگی ئۆکتوبەری ساڵی ١٩٨٦دا کۆنگرەی سێیەمی پەکەکە لە کامپی پەروەردەیی لە دۆڵی بیقاعی لوبنان بەسترا.
لەو کۆنگرەیەدا ئۆجەلان رێبەری تەڤگەری پارتی کرێکارانی کوردستان شیکردنەوەیەکی پڕ گرنگی سەبارەت بە تاک، کۆمەڵگا، سۆسیالیزم، سۆسیالیزمی بنیادنراو و بەسوپایبوونی گەریلا و پارتیبوون و مەیلە تەسفیەگەرییەکان پێشکەشی کۆنگرە کرد. ھەر لەو کۆنگرەیە دابوو کە ئۆجەلان شیکردنەوەیەکی مێژوویی و کۆمەڵناسی و ھزری بۆ کێشە و گرفتە ناوخۆییەکانی تەڤگەری کرد و گووتی:” ئەوەی لێرەدا شیدەکرێتەوە ئەمڕۆ نییە، مێژووە، شەخس نییە، کەسێتی و کۆمەڵگایە”. ھەر لەم کۆنگرەیەدا بڕیاری ئاواکردنی “ئارتەشی رزگاریخوازی گەلی کوردستان ئارگەکە ” درا و ئاکادیمیای پەروەردەیی دۆڵی بیقاعیش بە ناوی فەرمانداری گەریلا “مەعسوم قۆرقماز درا.
سێیەمین کۆنگرەی پەکەکە لەبنچینەدا کۆنگرەی خستنەڕووی ناسنامەی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و یەکلاییکردنەوەی ھێڵی تێکۆشانی شۆڕشگێڕانە بوو. بۆیە ئەو کۆنگرەیە پێگەیەکی گرنگی لەمێژوو تەڤگەری پەکەکەدا ھەیە.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی تێکۆشانی تەڤگەری ئازادیخوازی گەل و تۆکمەبوونی ئیرادەی سەربەخۆی پەکەکە، دەوڵەتانی ھاوکار و ھاوپشتیوان لە شەڕی دەوڵەتی تورکیشی تەنگەتاو کردبوو. بەڕادەیەک ئەو دەوڵەتانە لەدەوڵەتی تورک زیاتر دژایەتی تەڤگەریان بە ئەرکی بنچینەیی خۆیان دەزانی. لەم ڕووەوە حکومەتی ئەوکاتەی ئەڵمانیا ھەڵوێستی دژبەرانەی خۆی بە کرداری ئاشکرا کرد و ستراتیژیی: یان تەسلیمگرتن و بەخۆوە وابەستەکردن یان فشارھێنان و لەناوبردنی بەبنەما وەرگرت. لەو چوارچێوەیەدا لە ساڵی ١٩٨٨دا حکومەتی ئەڵمانیا “دوران کاڵکان و عەلی حەیدەر قەیتان ” و چەند ئەندامێکی دیکەی پەکەکەی گرت و خستنییە زیندانەوە. ئەڵمانیا دەیویست لە کەسایەتی ئەو کادیرانەی پەکەکەدا؛ تێکۆشانی پەکەکە و خەباتی ئازادیخوازی گەلی کوردستان بخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە. بەڵام بەرگریکردنی رەوایانە و یاساییانەی ئەو کادیرانەی پەکەکە لە دادگایی دۆسڵدۆرفدا، وایکرد کە ئاراستەی دادگاییەکە بە بەرژەوەندی حکومەتی ئەڵمانیا بەڕێوە نەچێت و لەئەنجامدا ئەو کادیرانە ئازادکران.
چەندە تێکۆشانی گەریلایی پێشدەکەوت ئەنجامگیرتر دەبوو، بەو رادەیەش دەوڵەتی تورک فشار و گوشارەکانی دژ بە گەلی زیاتر دەکرد. بەڵام گەلیش بەھەنگاوی دلێرانە و جەربەزانە وەڵامی ئەو گوشار و فشارانەی دەدایەوە و زیاتر لەدەوری ئەو تێکۆشانەدا گرددەبوونەوە و گوڕیان بەتێکۆشانی خۆیان دەدا و بەرۆحی بەرخۆدانی نەورۆزیانەی کاوەی سەردەم مەزڵوم دۆغان بە ئاگری جەژنی نەورۆز دڕیان بە تاریکی ستەمکاری و داگیرکاری دەدا. ئەگەر دوێنێ لە کونجی ‌زیندانی ئامەددا مەزڵوم دۆغان بە جەستەی خۆی جەژنی نەورۆزی پیرۆز کرد و پەیامی بەرخۆدانی نەتەوەیی دا، ئەوا ئەمجارەیان لەسەر قەڵای ئامەد و بەگڕی جەستەی کەنیشکە کوردێک نەورۆز پیرۆز دەکرێت و پەیامی “بەرخۆدان تا ئازادی بەردەوامە”‌ دەدات. لەنەورۆزی ساڵی (١٩٩٠)دا کچە خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی زانکۆی دیجلە “زەکیە ئاڵکان” لەسەر قەڵاکەی شاری ئامەد گڕی لەجەستەی خۆی بەردا و بەگیانی خۆی ئاگری نەورۆزی پیرۆز کرد.
ئیتر بەگڕی گیانی زەکیە ئا‌لکان نەورۆزی ساڵی ١٩٩٠ دەبێتە نەورۆزی بەرخۆدان و سەرھەڵدان و لەنەورۆزی (١٩٩٠)وە تا ساڵی (١٩٩٢) لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستاندا سەرھەڵدانی گەل بەرپا بوو. تێکۆشان گەیشتە ئاستێکی جەماوەری، گەل بە ئافراندنی سەرھەڵدانی جەماوەری سیاسەتی ملیتاریستی ریسواکرد و زەبرێکی گەورەشی لە سیاسەتی لەیەک جیاکردنەوەی ماسی و ئاو دا، بەمەش گەل بە سەرھەڵدان و گەریلاش بە ‌بەرخۆدان ئاوێتەی یەکتر بوون.
سەرھەڵدانی گەل دەستپێدەکات. سەرەتا گەریلای ئارگەکە (کامەران دوندار) ناسراو بە زانا لە ڕۆژی ١٠ی مارسی ساڵی ١٩٩٠ لە ماردین لەگەڵ ھەڤاڵی خۆی گیانیان لە دەستدا، بەو ھۆیەوە گەل ناڕەزایی خۆی دەردەبڕێت و دەیگەیەنێتە ئاستی سەرھەڵدان و لە شارۆچکەی نسێبیندا سەرھەڵدان دەستپێدەکات. دواتر لە”جزیرە” و “بۆتان” یش سەرھەڵدان بەرفراوان دەستیپێکرد و لەنێو سەرھەڵدانەکەدا کادیری شۆڕشگێڕ (بنەوش ئاگال) ناسراو بە بێریڤان لەساڵی (١٩٩٢) لە “جزیرە” گیانی لە دەستدا.
لە مانگی گوڵانی ساڵی (١٩٩٠)دا کۆنفرانسی نەتەوەیی دووەمی پەکەکە بەسترا. رۆژەڤی گشتی کۆنفرانسەکە ھەڵسەنگاندنی پراکتیکی دوای سێیەمین کۆنگرە بوو، لەو کۆنفرانسە چەمکی چەتەگەرێتی شیکرایەوە و مەحکوم کرا و بڕیاری تێکۆشان لەدژی چەتەگەرێتی درا.
ھەر لەپاییزی ھەمان ساڵدا کۆنگرەی چوارەمی پەکەکە لە کوردستان بەسترا. کە نوێنەری ھەر چوار پارچەی وڵات و کوردەکانی دەرەوەی وڵات تێیدا بەشدار بوون. ئەم کۆنگرەیە بە کۆنگرەی نەتەوەیی ناودێر کرا. لەم کۆنگرەیەدا، بڕیاری مەزنکردنی سوپای گەریلا و فراوانکردنی شەڕ و پێشخستنی سەرھەڵدانی گەل لەباکووری کوردستان درا. ھەروەھا بڕیار درا کە ئەنجوومەنی نەتەوەیی دابمەزرێت، کە بتوانێت رۆڵی پەرلەمانی گەلێکی بێ قەوارە ببینێت. لەم کۆنگرەیەدا ئۆجەلان دۆخی ئەو کاتەی جیھان و رۆژھەڵاتی ناوین و کوردستان بەقووڵی ھەڵدەسەنگێنێت و پێشبینی روودانی گۆڕانکاری مەزن لە رۆژھەڵاتی ناوین و ئێراق و تورکیا و باشوور و باکووری کوردستان دەکات و ئەوە دەستنیشان دەکات کە بەھۆی پەرەسەندنی قەیرانی کەنداوەوە، لەبەردەم لایەن و پارتە کوردییەکان و خەڵکی باشوور دەرفەتی زێڕین دێتە پێشەوە و توانستی دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکان لەباشوور دەخوڵقێت.
لە ساڵی (١٩٩١)دا بۆیەکەمین جار کۆنفرانسێکی تایبەت بە زیندانیانی زیندانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان لە ئەکادیمیای مەعسوم قۆرقماز لە “دۆڵی بیقاع” دا سازدرا. لەو کۆنفرانسەدا دۆخی زیندانیان لە زیندانەکاندا ھەڵسەنگێنرا و لەلایەن ئۆجەلان و بەشدارانی کۆنفرانسەکەوە سەبارەت بەھەردوو مەیلی بەرخۆدان و مەیلی تەسفیەگەرایی و تەسلیمییەت خوازی ناو زیندانەکان و سیاسەتی دەوڵەت لەبەرامبەر زیندانیان شیکردنەوەیەکی بەرفراوان پێشکەوت.
لەبەھاری ساڵی ١٩٩١دا لەگەڵ بەرپابوونی راپەڕینی جەماوەری گەل لەباشووری کوردستان دژ بەرژێمی دیکتاتۆری بەعس، گەریلاکانی ئەرتەشی رزگاری گەلی کوردستان ئارگەکەش، بەشداری لە بەجۆشکردنی راپەڕینەکە لەھەرێمی بادینان دەکەن و بەشێوەیەکی کردرایش لەگەڵ جەماوەردا رۆڵێکی بەرچاو لە ئازادکردنی زاخۆ و گوند و شارۆچکەی تری نزیک بە سنوور دەبینن. بۆ جاری یەکەم بوو گەریلا لەباشووردا ھاوشانی گەلەکەی خۆی بکەوێتە نێو چالاکییەوە. بەم بەشداربوونەی گەریلا لەسەرھەڵدانی جەماوەری باشوور، رۆحی سەر‌ھەڵدانی باکووری کوردستان ئاوێتەی سەرھەڵدانی باشوور بوو و زەمینەیەکی رەخساند تا تێکۆشانی نەتەوەیی باکوور و باشوور یەکبخرێت و ببنە تەواوکەری یەکتری.
لەسەر ئەو بنەمایە، بەئامانجی پاراستنی دەستکەوتەکانی تێکۆشان و راپەڕینی جەماوەری گەل و گردکردنەوەی تێکۆشانی پارچەکان لەدەوری ستراتیژییەکی نەتەوەییدا، لە ساڵی (١٩٩١)دا پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لەلایەن کادیرانی خەڵکی باشوور کە تا ئەو کاتە لەنێو پەکەکەدا لەتێکۆشان دابوون، دامەزرا. بەڵام ھەر زوو ئەو پارتە لەلایەن دەسەڵاتی پارتە کوردییەکانەوە رووبەڕووی فشار و پەلامار و ھێرشی دژوار بووەوە.
لەباکووری کوردستانیشدا، تادەھات گیانی سەر‌ھەڵدانخوازی گەل بەجۆشتر دەبوو، لە نەورۆزی (١٩٩٢)دا لەنێو ئەو جۆشو خرۆشەی سەرھەڵدانی گەلدا رەھشان دیمیرال لە شاری ئیزمیر، لەسەر قەڵای قەدیفە گڕی لەجەستەی خۆی بەردا و بە جەستەی خۆی جەژنی نەورۆزی پیرۆز کرد. بەمەش نەرورۆز بەشکۆدارییەوە پیرۆز کرا. دەوڵەتیش بۆ کپکردنەوەی ئەو جۆشوخرۆشەی گەل، دەستی بە ھەڵمەتێکی بەرفراوانی رەشبگیری و رفاندن و گرتن و داپڵۆسین کرد. لەژێر ناوی “کوشتنی بکەری نادیار”دا رێکخراوە داپڵۆسێنەرکانی ژیتەم، حزبوڵڵا، کۆنترا گەریلا و چەندین دەزگا و رێکخراوی تر، دەستیان بە کوشتنی خەڵکی وڵاتپارێز و چالاک کرد. بە ھەزاران رۆشنبیر، رۆژنامەوان، سیاسەتمەدار، خوێندکار، پیشەوەر و چالاکوانانی بواری مافی مرۆڤ بەھەڵمەتی کوشتنی نادیار کەوتن و زۆربەشەیان گۆڕبزر و شوێنبزرکران.
لە ڕۆژی ١٠ی مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٩٢ ویداد ئایدن سەرۆکی لقی ئامەدی پارتی رەنجی دیموکراتی (دەپ) دەکوژرێت. کوشتنی ویداد ئایدن لەلایەن گەلەوە ناڕەزایەتییەکی گەورەی لێکەوتەوە و لە شاری ئامەددا سەرھەڵدانێکی مەزن روویدا.
لە ساڵی (١٩٩٢)دا کۆنفرانسی نەتەوەیی سێیەمی پەکەکە بەسترا. لەکۆنفرانسەکەدا دۆخی سیاسی جیھان و ناوچەکە و جیھان کوردستان شرۆڤە کرا. پراکتیکی خەباتی گەریلایی، رێکخستنی، سیاسی ھەڵسەنگێنرا و پێداگری لەسەر بەرخۆدان لەسەر ھێڵی شۆڕشگێڕی بە مەرجی سەرکەوتن بینرا.
لە ڕۆژی ٤ی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٢دا تورکیا بەھاوکاری ھەردوو ھێزی دەسەڵاتدارەکانی باشووری کوردستان و بەپشتیوانی سیاسی و راگەیاندنی ئەمریکا، ھێرش کرایە سەر گەریلاکانی پەکەکە و شەڕ ھەرێمەکانی وەک حەفتانین، خواکورک و چوقورجەی گرتەوە، کە گەریلاکانی پەکەکەی تێدا جێگر ببوو.
لەھەمان شەڕدا (گوڵناز قەرەتاش) ناسراو بە بێریتان لەخواکورک لە ڕۆژی ٢٥ی ئۆکتوبەردا دوای ئەوەی فیشەک و تەقەمەنی پێ نامێنێت، تفەنگەکەی خۆی دەشکێنێت و خۆی لەسەر لوتکەی چیادا دەھاوێژێتە خوارێ و گیانی لەدەستدەدا. تورکیا بەو شەڕەی دەگووت”ئۆپەراسیۆنی سەندەویچ” ، لەناو کوردانیشدا بە ‌شەڕی خیانەت و پیلانگێڕی ھاوبەشی دژ بە تەڤگەری ئازادی گەلی کورد ناسراوە. لەم شەڕ و ئۆپەراسیۆنەدا ھەرچەندە بەئامانجی لەناوبردنی تەڤگەری ئازادی ئەو شەڕە دژ بە پەکەکە بەڕێوەچوو، بەڵام لەمیانەی بەرخۆدانێکی بێوێنەوە ئامانجی ئەو پیلانە پووچەڵ کرایەوە و مەیلی سازشکاری ناو تەڤگەریش شکستی ھێنا.
دوای ئەو شکستەی ئۆپەراسیۆنی سەندەویچ، لەناو دەوڵەتی تورکدا بۆ یەکەمجار مەیلی” ئەو کێشەیە بە شێوازی سەربازی و سیاسەتی نکۆڵی و قڕکردن و توانەوە چارەسەر نابێت.” دەرکەوت. بەمەش ئەو لایەنانەی دەوڵەت، کە تۆرگۆت ئۆزالی سەرۆککۆماری ئەو کاتە سەرکێشی دەکرد، لەرێگەی نامەوە داوای لە تەڤگەری پەکەکە کرد کە ئاگربەست رابگەیەنێت تا ئەوان بتوانن لەناو دەوڵەتدا ھەنگاو بۆ چارەسەری بنێنن.
لەئاکامدا؛ لەپێناو تێگەیشتنی نیازی راستەقینەی دەوڵەت و ھەنگاونان بۆ چارەسەرییەکی سیاسیانەی دۆزی کورد، لەڕۆژی ١٧ی مانگی ئاداری ساڵی ١٩٩٣دا رێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییەوە لە دۆڵێ بیقاع یەکلایەنە ئاگربەستی راگەیاند و دواتر ئەو ئاگربەستە لەڕۆژی ١٥ی نیسانی ھەمان ساڵدا وەک ئاگربەستێکی یەکلایەنەی بێوادە درێژکرایەوە. بەڵام ئەو ئاگربەستە لەلایەن حکومەت و دەوڵەتی تورکیاوە بێ وەڵام مایەوە.
لەگەڵ مردنی گوماناوی تۆرگۆت ئۆزالی سەرۆککۆماری ئەوکاتە پێواژۆی ئاگربەست و دیالۆگی ناراستەوخۆ کەوتە نێو دۆخێکی ئاڵۆزەوە.‌ لەماوەی پێواژۆی ئاگربەستدا زیاتر لە ٥٠ گەریلا بەھۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەرتەشی تورک گیانی خۆیان لەدەست دا.
ھەروەھا لەرۆژی ٢٤ی گوڵانی ١٩٩٣دا لەمیانەی پراواکسیۆنێکی دەوڵەتی شاراوە و ئەرگەنەکۆن و ناردنی ٣٣ سەبازی بێ چەک بەبێ پاراستن بە ئۆتۆبیسێک و کوشتنی ئەو سەربازانە لەلایەن شەمددین ساکیکەوە پێواژۆی ئاگربەستی یەکلایەنە کە پەکەکە دەستیپێکردبوو، ئیتر تادێت شەڕخوازان و ئەرگەنەکۆنچییەکان پەرە بە پراواکسیۆنەکانی خۆیان دەدەن و ‌تا لەکۆتاییدا لە ئاگربەستی یەکلایەنە بەتەواوی کۆتایی پێدێت و جارێکی تر شەڕ و پێکدادان دەستپێکردەوە.
لە ساڵی (١٩٩٤)دا پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە لە شاری ژنێف، پەیمانی نێودەوڵەتی بەناوی پەیمانی مافی مرۆڤی ئیمزا کرد، پاش ئیمزاکردنی ئەو پەیمانە پەکەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەکو لایەنێکی شەڕ ناسرا.
لەرۆژی نەورۆزی (١٩٩٤)دا بۆ شەرمەزارکردنی سیاسەتی دژە دیموکراتیانەی حکومەتی ئەڵمانیا بەرامبەر بە تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کورد لە ئەڵمانیا؛ ھەردوو کچە کورد “رووناھی و بێریڤان” ئاگریان لەجەستەی خۆیان بەردا و گیانیان لە دەستدا.
لە کۆتایی مانگی کانونی دووەمی ساڵی (١٩٩٤)دا کۆنگرەی پێنجەمی پەکەکە لەسەر خاکی کوردستان بەسترا. لەم کۆنگرەیەدا وێڕای شیکردنەوەیەکی دۆخی جیھان و ھەرێمەکە و کوردستان، رەوشی رێکخستنی و سیاسی و گەریلایی تەڤگەر بەچڕوپڕی گفتوگۆی لەسەر کرا، مەیلە چەتەگەرێتی و تەسفیەگەرێتییەکان لەگۆڕەپانی گەریلاییدا خرایە بەر لێکۆڵینەوە و مەترسییەکانی خرایە ڕوو. ھەروەھا بڕیار لەسەر پێداگریکردن لەسەر پێشخستنی پارتیبوون درا.
لەبەھاری ساڵی (١٩٩٥) سوپای تورکیا بەھاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستان ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی بەناوی (ئۆپەراسیۆنی پۆڵایین) بەئامانجی لەناوبردنی پەکەکە ئەنجام دا. بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنە بە ئامانجی خۆی نەگەیشت و تووشی شکستێکی گەورە ھات.
لەنەورۆزی (١٩٩٥)دا لەمیانەی کۆنفرانسێکدا؛ یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان یەنەدەکە لەلایەن کادیران و تێکۆشەرەکانی وڵاتپارێزی نزیک بە پەکەکە دامەزرا، لەو کۆنفرانسەدا کاوە عەلی ناسراو بە د. سیروان بە سکرتێری گشتی ھەڵبژێردرا، بەڵام ھەر لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا، لەلایەن ھێزە دەسەڵاتدارەکانی باشوورەوە رووبەڕووی دژایەتیکردن و ھەوڵی پارچەکردنی درا. لەساڵی (٢٠٠٠)دا بەھۆی دۆخی ئەوکاتەوە،‌ یەنەدەکە وەک رێکخستن ھەڵوەشایەوە.
لەئەنجامی تێکۆشانی ئازادیخوازانەی خۆیاندا، کوردستانیانی دەرەوەی وڵات توانیان لە ڕۆژی ٣١ی مارسی ساڵی ١٩٩٥، یەکەم کەناڵی ئاسمانی کورد مەد تیڤی(MED -TV) لەئەوروپا بکەنەوە و دەستی بە پەخشی فەرمی خۆی کرد و بووە گۆڕەپانێکی بە ‌کاریگەری تێکۆشانی ئازادیخوازی کورد لە ھەموو پارچەکانی کوردستاندا و رۆڵیکی مەزنی لەپاراستن و پێشخستنی زمان و کولتووری کوردیدا بینی.
ھەروەھا لەلایەن کەسایەتییە سیاسی و رۆشنبیرییەکان و لایەنە وڵاتپارێزەکانەوە لە ڕۆژی ٢١ی ئابریلی ساڵی ١٩٩٥دا پەرلەمانی کوردستان لەدەرەوەی وڵات (PKDW) دامەزرا. ئەو پەرلەمانە وەک سەکۆیەکی سیاسی و دیپلۆماسی گەلی کورد رۆڵێکی گرنگی بینی لەناساندنی دۆزی رەوای گەلی کوردستان لەئاستی ئەوروپادا. ئەو پەرلەمانە لەنوێنەری زۆر پارت و رێکخراوی سیاسی و مەدەنی و کەسایەتی سەربەخۆی ھەر چوار پارچەی کوردستان و ھەندەران پێکھاتبوو.
لە ڕۆژی ٢٤ی مانگی دێسەمبری ساڵی ١٩٩٥ جارێکی دیکە پەکەکە ئاگربەستی یەکلایەنەی لەبەرامبەر تورکیا و (پەدەکە) راگەیاند. بەڵام دیسان ئەو ئاگربەستەش لەلایەن دەوڵەت و حکومەتی تورکەوە بێ وەڵام مایەوە.
لە ڕۆژی (٦)ی ئایاری ساڵی (١٩٩٦) لە پیلانگێڕییەکی بەرفراواندا؛ لە دیمەشقی پایتەختی سوریا ترومبێلێکی بۆمبڕێژکراو لەنزیک شوێنی مانەوەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان تەقێندرایەوە. لەم پیلانگێڕییەدا ئیستخباراتی چەندین دەوڵەت تێیدا بەشدار بوون. بەڵام پیلانەکە سەرنەکەوت.
لە ڕۆژی ٣٠ مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٦دا، کچە گەریلای ئارتەشی رزگاریخوازی گەلی کوردستان(ئارگەکە) (زەینەب کناجی) ناسراو بە زیلان لە شاری دێرسیم لەنێو ژمارەیەک ئەفسەر و سەربازی ئەرتەشی تورک چالاکییەکی گیانبازی ئەنجام دا و لەئاکامدا بەدەیان سەرباز و ئەفسەری تورکی کوژران.
لە ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٦ کاوە عەلی ناسراو بە دکتۆر سیروان، سکرتێری گشتی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان “یەنەدەکە” لەنزیک گوندی “قەڵاچووغەی سەی کەریم”ی سەر بەناوچەی”ئاغجەلەر” لەلایەن چەکدارانی (پەدەکە)ەوە لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکی بە ناوەکانی حاجی قامشلۆیی، عەگید گەرمیانی، بابان و دیلان ماردینی دەدرێنە بەر رێژنەی گوللە و لە ئاکامدا گیانیان لە دەستدا.
لە ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٦ لە شاری ئامەد (لەیلا کاپڵان) ناسراو بە ڕەوشەن لەبەرامبەر فراوانبون و دژواربوونی پیلان و ھێرشە ھەمەلایەنەکانی دەوڵەتی تورک دژ بە ئۆجەلان و پەکەکە و گەلی کورد، بە چالاکییەکی گیانبازی گیانی خۆی لە دەستدا.
ھەروەھا لە ڕۆژی ٢٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٦ لە شاری سیواس (گولەر ئاتاچ) ناسراو بە بەرمال بە چالاکییەکی گیانبازی گیانی لەدەستدا.
لە ڕۆژی ١٤ی مانگی گوڵانی ساڵی ١٩٩٧دا ئەرتەشی تورک بەئامانجی لەناوبردنی تەڤگەری ئازادی کوردان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوانی ئەنجام دا و پەدەکەش بەھاوکاری خۆی لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکدا بەشداری کرد و بەو شێوەیە جارێکیتر شەڕ و پێکدادان دەستیپێکردەوە.
لەسەرەتای حوزەیرانی ساڵی (١٩٩٧)دا لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی سەربازیدا بۆ باشووری کوردستان، لە ھەرێمی زاب ھەلیکۆپتەرێکی سوپای تورک لەلایەن گەریلاکانی “ئارگەکە”وە بەردرایەوە، کە چەندین گەورە ئەفسەری باڵای تێدا کوژران، بەم شێوەیە دەوڵەتی تورک پاشەکشێی خۆی لە ئۆپەراسیۆنی زاب راگەیاند.
ھەر لەو چوارچێوەیەدا، لە ١٦ی گوڵانی ھەمان ساڵی١٩٩٧یشدا ھێزەکانی (پەدەکە) لە شاری ھەولێر ھێرشی بردە سەر چەندین بنکە و بیرۆی رێکخراوی سیاسی و دەزگای رۆشنبیری و رۆژنامەوانی نزیک بە تەڤگەری ئازادی و لەئاکامدا بەدەیان شۆڕشگێڕ و کادیری سیاسی و گەریلای نەخۆش و کەمئەندام و ھونەرمەند و رۆژنامەوان گیانیان لەدەست دا و بێسەروشوێن بوون.
لە(٢٠)ی ئەیلولی (١٩٩٧)دا جارێکی دیکە سوپای تورک پەلاماری باشووری کوردستانی دایەوە و دیسان شکستی ھێنا.
لە ڕۆژی ١ی مانگی ئەیلولی ساڵی ١٩٩٨، بەبۆنەی رۆژی جیھانی ئاشتییەوە و لەپێناو زەمینە خۆشکردن بۆ دیالۆگ و چارەسەرکردنی پرسی کورد، پەکەکە ئاگربەستێکی تری یەکلایەنەی راگەیاند. بەڵام ئەو بانگەوازییەی ئاشتی وەک بانگەوازەکانی دیکەی پەکەکە لەلایەن حکومەت و دەوڵەتی تورکەوە بێ وەڵام مایەوە.
لە(١٩٩٨)دا سەما یوجە لە زیندانی ساغمالجیلەر (لە ئەستەنبۆل) دژی مەیلە سازشکاریەکانی ناو زیندان و ھێرش و شاڵاوەکانی دەوڵەتی تورکیا دژ بە گەلی کورد و تەڤگەرە ئازایخوازەکەی، ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات و پاشان دوای ماوەیەک گیان لەدەستدەدا.
زێدەڕۆیی نابێت ئەگەر بگووترێ؛ ھیچ گەلێک بەڕادەی گەلی کورد پیلانگێڕێتی لەدژدا ئەنجامنەدراوە. رەنگبێ سروشت و پێکھاتەی دڵسافی و سادەیی ئەم گەلە و ژیۆپۆلەتیکی وڵاتەکەی و مەیلە ئازادیخوازانەکەی خۆی، کە لەنێو قۆناخی نیۆلۆتیکەوە سەرچاوە دەگرێت، ھۆکارێکی بنچینەیی چنینی پیلانگێڕییەکان بێت لەدژیدا.
پەکەکەش وەک تەڤگەرێکی سەربەخۆی ئازادیخوازی ھەڵقوڵاوی نێو ئەم گەل و وڵاتە لەبەرامبەر مەیلە ئازادیخوازنەکەیدا زۆرترین و چڕوپڕترین و مەترسیدارترین پیلانگێڕێتی لەدژدا ئەنجامدراوە. سەرجەم ئەو ھەوڵە پیلانگێڕییانەی ئەنجامدراون؛ لەناوەندێک یان لەچەند ناوەندێکی ھاوبەشدا چنراون و بەڕێوەبراون، کرۆک و ئامانجی سەرجەم پیلانگێڕییەکان؛ سەرەتا دەستپێکردنی کەمپینی ناوزڕاندن و رەشکردنی تەڤگەرە، ئەگەر ئەمەش ئەنجامگیر نەبوو ئەوا ھەوڵی بێکاریگەریکردن و مارژیناڵکردن، ئەگەر ئەمەش ئەنجامگیر نەبوو، ھەوڵی پارچەکردن و بەخۆوەگرێدان و بەلاڕێدابردن دەدرێت، ئەگەرنا ھەوڵی لەناوبردن و تەسفیەکردنی دراوە.
لە ١٧ی سێپتەمبەری ١٩٩٨دا بە سەرپەرشتی و ھاوکاری ئەمریکا و تورکیا رێککەوتنی واشنتۆن لەنێوان (یەنەکە) و (پەدەکە) ئەنجام درا، لەم رێککەوتنەدا، وێڕای بڕیاری ئاشتبوونەوەی ئەو دوو ھێزە، لەھەمان رێککەوتندا، سەبارەت بە تەڤگەری ئازادیش بڕیاری دژایەتی کردنی دەدرێت. ھەر دوای ئەو رێککەوتنە؛ لەرێکەوتی ٩ی ئۆکتۆبەری (١٩٩٨)دا، بەتۆمەتی داڵدەدانی ئۆجەلان ھەڕەشە لەسوریا کرا. ئۆجەلان لە خۆرھەڵاتی ناوینەوە بەرەو ئەوروپا چوو.
رێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕۆژی ٩ ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٨ رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی بەجێھێشت و ڕووی لە یۆنانستان کرد، پاشان چووە مۆسکۆی پایتەختی روسیا. دواتر لە ١٢ نۆڤەمبەر ئۆجەلان رووی لە رۆما کرد و لەوێ بە پێشکەشکردنی پرۆژەیەکی چارەسەری پرسی کورد لە باکووری کوردستان، ئامادەبوونی خۆی بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو پرسە بە شێوەی سیاسی ڕاگەیاند.
ھەر لە گەڵ بیستنی ھەواڵی چوونی ئۆجەلان بۆ رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، کوردان شەپۆل شەپۆل لە ھەموو وڵاتانی ئەوروپاوە خۆیان گەیاندە لای ئۆجەلان و بانگی ئەوەیان کرد کە ئێمە دیوارێکی ئاگرین بە دەوری ڕێبەرەکەماندا ساز دەکەین و ھەتا چارەنووسی سەرۆکمان ڕوون نەبێتەوە ڕۆما بە جێ ناھێڵین.
کاتێک ئۆجەلان، بەکوردانی ڕاگەیاند کە وڵاتانی ئەوروپایی وەڵامی بانگەوازی ئاشتیخوازانەکەم نادەنەوە ‌و لەچوارچێوەی بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا ھەڵسوکەوت دەکەن، کوردان دەنگیان خستە پاڵ ئۆجەلان و لە ھەموو دەڤەر‌ێک ناڕەزایەتی کوردان بەرز کرایەوە. کوردەکانی دانیشتووی ئەوروپا خۆپیشاندانی سەدان ھەزار کەسیان وەڕێخست و شەو و ڕۆژ لە چالاکی بەردەوامدا بوون. تەنانەت ژمارەیەک کوردیش ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا.
بە ھۆی گوشارەکانی تورکیاوە ‌و ھاوکات پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی وڵاتانی ئەوروپاییدا، ھەوڵە ئاشتیخوازانەکانی ئۆجەلان بایەخیان پێنەدرا و تەنانەت وڵاتانی ئەوروپایی جێگای حەسانەوەو مانەوەشیان بە ئۆجەلان نەدا. وڵاتانی وەک ڕووسیا، ئەڵمانیا، و یۆنان بە شێوەی فەرمی مۆڵەتی مانەوەی ئۆجەلانیان لە وڵاتەکانیان رەتکردەوە. بۆیە ئۆجەلان نێردرایە نایرۆبی پایتەختی کینیا و لەوێ لەمیانەی ھاوکاری سیخوڕی نێوان دەزگا سیخوڕییەکانی ئیسرائیل، ئەمریکا، یۆنان و کینیا و چەندین دەزگای تری ئیستخباراتی، ئۆجەلان دەسگیر کرا و ڕۆژی ١٥ی فێبریوەری (شوبات) ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرایەوە ‌و ھەر ئەو ڕۆژەش بەرەو تورکیا ڕفێندرا و لەزیندانی ئیمرالی لەنێو رەوشێکی پڕ دژواردا لەژوورێکی تاکەکەسییدا زیندانیکرا.
وەک دژکردەوە بەرانبەر بەپیلانگێڕی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ناپاکی حکومەتی ئەوکاتەی یۆنان و ڕۆڵی ھەرە مەزنی ئەمریکا لەم پیلانگێڕییەدا، کوردان و ئازادیخوازان لە ھەموو گۆشە ‌و کەناری جیھان ھەستانە سەرپێ و بە دەنگی بەرز وەفاداریان بۆ ئۆجەلان دووپات کردەوە. گەلی کورد؛ ھەم لە کوردستان و ھەم لە دەرەوەی وڵات، بە چاوی پڕ لە فرمێسک و دڵی پڕ لە کڵپەوە،‌ چوونە سەر شەقام و کۆڵانەکان. لە ‌باکووری کوردستاندا ڕۆژ و شەو چالاکییە لە دوای یەکەکان بەردەوام بوون. یەکێک لەو شارانەی کە لە نێو تێکۆشان و چالاکیدا دەھەژا، ئامەد و ناوچەکانی دەوروبەری بوو. لە شار و ناوچەکانی وەک باتمان، وان، سێرت، روحا و دیلۆک بە دەیان زنجیرە چالاکی ئەنجامدران. لە شارە گەورەکانی تورکیا و شارەکانی وەک ‌ ئەستەمبوڵ، ئیزمیر و ئەدەنە ژنان و جەوانان شەو و ڕۆژ لە چالاکیدا بوون.
رۆژی ٣ی ڕەشەممە بە ھاتنە سەر شەقامی خەڵکی شاری سنە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکانی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستانیش دەستی پێکرد.‌ ھێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ھێرشیان بردە سەر خۆپیشاندانی شاری سنە و ١٧ کوردی ڕاپەریوی ئەو شارەیان شەڵاڵی خوێن کرد. شاری سنەی خوێناوی جارێکی دیکە و لە بەرەبەری نەورۆزیێکی دیکەدا خەڵتانی خوێن بوو. خەڵکی شارەکانی ورمێ، مەھاباد، سەقز، کامیاران، پیرانشار، سەر‌دەشت و زۆربەی ھەرە زۆری شار و شارۆچکەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەستیان بە ‌سەرھەڵدان کرد. لەشاری مەریوان ٤ کەس لە خۆپیشاندانەکاندا بەدەستی ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی کوژران. لە شاری ورمێ ھێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ھێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و لە ئاکامدا، ٣ کەس کوژران. لە شاری ماکۆ لە رۆژھەڵاتی کوردستان کوردان لەلایەن بنکە پاسەوانییەکانی ئەرتەشی تورک لە ناوچەی ئۆرگەلی ‌سەر سنووری تورکیا ھێرشیان کرا سەر. لە شاری سەڵماسیش کوردان ڕژانە سەر شەقامەکان و نەفرەت و بێزاری خۆیان لە دژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دەربڕی.
لە شار و ناوچەکانی باشووری کوردستانیش ناڕەزایەتی و پرۆتیستۆی کوردان لە ھەموو لایەک دەستی پێکرد. زیاتر لە ٥٠ ھەزار کورد لە شاری سلێمانی بۆ بەردەم بنکەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو شارە ڕێپێوانیان ساز کرد و دەنگی بێزاری خۆیان لە بەرانبەر دۆخی ئۆجەلان بەرز کردەوە.
گەورەترین خۆپیشاندان لە مێژووی کوردەکانی دانیشتووی ئەوروپا ھەر لەو سەردەمەدا ھاتە ئاراوە، ئەوروپا لە پاش شەڕی دووەمی جیھانی خۆپیشاندانی واگەورە ‌و کەم وێنەی بە خۆوە نەدیبوو. سیاسەتمەدارانی ئەوروپا لەئاستی کۆبوونەوەی سەدان ھەزار کەسی کوردان پەشۆکابوون. شەو و ڕۆژ باڵوێزخانەکانی، تورکیا، ئەمریکا، ئیسرائیل و یۆنان لە گەمارۆی پۆلیسدا بوون و بە ھەمان شێوەش کوردان بەردەم ئەو باڵوێزخانانەیان چۆڵ نەدەکرد.
مادلێن ئوڵبرایت، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی ئەمریکا دانی بەوەنا کە ئەوان حیسابی ھەڵەیان کردبوو و قەد پێیان وانەبوو، ئۆجەلان و پەکەکە ئەو پێگە جەماوەرییە رێکخستووەی لە نێو کورداندا ھەیە.
لە فێبریوەر‌ی ساڵی (١٩٩٩)دا شەشەمین کۆنگرەی پەکەکە سازدەدرا، لەئانوساتی بەستنی کۆنگرەکەدا ھەواڵی رفاندن و دەستگیرکردنی ئۆجەلان بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی دەبیسترێت… ئیدی کۆنگرە دەستبەرداری رۆژەڤە ئاساییەکانی خۆی دەبێت و بڕیاری بەرزکردنەوەی شەڕ و بەرخۆدانی نەتەوەیی دەدات..
دەکرێ لەو پیلانگێڕییانەی کە لەبەرامبەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە و گەلی ئازادیخوازی کورددا ئەنجامدراون کۆی ئەزموونی پیلانگێڕێتی مێژووی مرۆڤایەتی ببینین. واتا لەناواخن و شێوازەکانی ئەو پیلانگێڕییانەدا سەرجەم شێواز و تاکتیک و نەخشە و ئامرازە بەکاربراوەکان بەکارھاتوون. بۆیە پیلانگێڕییەکان نموونەی ھۆڤانەترین و مەترسیدارترین پیلانگێڕیین. لەکۆی ئەو پیلانگێڕییانەدا پەیامێک یان ئامانجێکی زلھێزە باڵادەستەکانی جیھانی و داگیرکەرانی کوردستان خۆی حەشارداوە، ئەویش ئەمەیە:” نابێ لە خۆرھەڵاتی ناوین بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی ھیچ ھێز، تەڤگەر و سیستەمێکی سەربەخۆ و ئازاد سەرھەڵبدات، ئەگەر سەریشھەڵبدات ئەوا مسۆگەر مەحکومی ناوزڕاندن، بێکاریگەرکردن، مارژیناڵکردن، پارچەکردن و بەخۆوەگرێدان، بەلاڕێدابردن و لەناوبردنە” سەرجەم ئەو شێواز و تاکتیکانەش شێواز و تاکتیکی پیلانگێڕیین.
لە ساڵی (١٩٩٩)دا لەپێناو دروستکردنی زەمینەی دیالۆگ و ئاشتی و چارەسەری، بڕیاری کشاندنەوەی سەرجەم ھێزەکانی گەریلا لە تورکیا و باکووری کوردستانەوە بۆ سەر سنووری باشوور دەدرێت. لەکاتی کشاندنەوەی ھێزەکانی گەریلا بۆ سەر سنووری باکوور باشوور بەدەیان لە پۆلەکانی ‌گەریلا رووبەڕووی بۆسە و ھێرشەکانی ئەرتەشی تورک بوونەوە و بەدەیان گەریلا، کە ‌بەمەبەستی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتی دەکشانەوە، گیانیان لەدەستدا.
ھەر لە ٢٩ی ئۆکتۆبەری ھەمان ساڵدا دوو گروپی ئاشتی بە مەبەستی نیشاندانی نیازپاکی و داخوازی دیالۆگ و ئاشتی بەرەو تورکیا بەڕێدەکەون. ئەم دوو گروپە یەکێکیان لەناو ھێزەکانی گەریلا و ئەوەی تریشیان لە ئەوروپاوە ھەڵگری نامە و پەیامی ئاشتی و نیازپاکی بوون و ئەو نامەیە ئاراستەی سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکوەزیران و سەرۆک ئەرکانی گشتی کرابوون. بەڵام ھەر لەگەڵ گەیشتنی ھەردوو گروپەکە دەستگیر کران و ھیچ وەڵامێکی ئەو نامانەیان نەدایەوە.
لە زستانی ساڵی (٢٠٠٠)دا حەوتەمین کۆنگرەی پەکەکە بەشێوەیەکی ئاوارتە ساز درا و لەو کۆنگرەیەدا بڕیار لەسەر گۆڕانی ستراتیژی پەکەکە درا.
لە مانگی سێپتەمبری ساڵی (٢٠٠٠) یەکێتی نیشتمانی کوردستان (یەنەکە) دوای داخستنی چەندین دامودەزگای مەدەنی نەتەوەیی لەشاری سلێمانی، پەلاماری کەمپی پەروەردەیی قەرەداخی دا و پاشان ھێرش و شاڵاوەکانی خۆی بۆ سەر چیای قەندیل دەستپێکرد و شەڕ و پێکدادان پەرەیسەند… لەئاکامی بەرخودانی گەریلاکانی ھێزی پاراستنی گەل (ھەپەگە) ئەو ‌ھێرش و پەلامارا‌نەی یەنەکە بێ ئەنجام مایەوە.
لەساڵی (٢٠٠١)دا شەشەمین کۆنفرانسی پەکەکە سازدرا. لە ھاوینی ھەمان ساڵدا، یەکەمین کۆنفرانسی ھێزی پاراستنی گەل (ھەپەگە) سازدرا. بڕیاری ھەرە گرنگ پێداگریکردن بوو لەسەر پابەندبوون بەمافی بەرگری رەوا، لە ئەگەری ھەر ھێرش و پەلامارێکدا. ھەروەھا لەکۆنفرانسەکەدا ئەکادیمیای ئەفسەری گەریلایی کرایەوە.
لە ساڵی (٢٠٠٢)دا ھەشتەمین کۆنگرەی پەکەکە سازدەدرێت. لەم کۆنگرەیەدا ناوی پەکەکە دەگۆڕدرێت و دەبێتە کۆنگرەی ئازادی و دیموکراتی کوردستان کادەک.
لەکۆتایی ساڵی (٢٠٠٣)دا دووەمین کۆنگرەی (کادەک) سازدەدرێت. لەم کۆنگرەیەدا (کادەک) خۆی ھەڵدەوەشێنێتەوە و کۆنگرەی گەلی کوردستان (کۆنگرا گەل) دادەمەزرێت. لەھەمانکاتدا ئەو کۆنگرەیە دەبێتە یەکەمین کۆنگرەی “کۆنگرەی گەل”یش. بەڵام بەھۆی مەیل و جموجۆڵە تەسفییەگەراییەکانەوە سیستەمی کۆنگرەی گەل بەشێوەیەکی راست جێگیر نابێت و لەگەڵ خۆیدا پەرشوبڵاوی دێنێت.
لە ساڵی (٢٠٠٤)دا دووەمین کۆبوونەوە (کۆنگرە)ی جڤاتی گشتی کۆنگرەی گەل سازدەدرێت. لەو کۆنگرەیەدا مەیل و جموجۆڵە تەسفیەگەرییەکان زیاتر ئاشکرا دەبن و مەحکوم دەکرێن.
لەڕۆژی١ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٤دا لەسەر بنەمای مافی بەرگری لەخۆکردندا؛ ھەڵمەتێکی بەرفراوانی بەرگری لەخۆکردن ئەنجام دەدرێت. لەمیانەی ئەو ھەڵمەتەدا تەڤگەر خۆی کۆدەکاتەوە و ھێرش و پیلانگێڕییەکان بێکاریگەر دەکات و جارێکی دیکە توانستی ھەنگاو ھاوێشتن بەرەو پێشەوە دەئافرێنێت.
لە ٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٠٤ دا پێنج کادیری تەڤگەری ئازادی بەناوەکانی “شیلان کوبانێ، جەمیل، زەکەریا، فوئاد، جوان” لەمیانەی پیلانێکدا لەلایەن گروپێکی تیرۆریستییەوە لە دەوروبەری موسڵ دەستگیر دەکرێن و پاشان دەکوژرێن. ئەو کادیرانە کە لەھەمانکاتدا لە بەڕێوەبەرایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)شدا بوون، رۆڵیکی گرنگیان لە پێشخستنی تێکۆشانی ئازادی و پاراستنی ھێڵی تەڤگەری ئازادیدا بینی.
لە نەورۆزی (٢٠٠٥)دا ئۆجەلان لەرێگەی پارێزەرەکانییەوە سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی بەناوی کۆما کۆمەڵێن کوردستان (کەکەکە) رادەگەیەنێت و گەلیش لەمیانەی پیرۆزباییەکانی جەژنی نەورۆزی ھەمان ساڵدا وەک ریفراندۆمێکی جەماوەری ئەو سیستەمە پەسند دەکات و بە ھەڵکردنی ئەو ئاڵایەی ئۆجەلان بۆ (کەکەکە) وێنای کردبوو، خەڵک لەئاھەنگەکانی پیرۆزباییدا ئەو ئاڵایانەیان بەرز کردەوە. لەو کاتەوە (کەکەکە) کە پاشان ناوی گۆڕدرا و بووە کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) یەکەمین سیستەمی گەلە لەمێژوودا کە لەدەرەوەی پێکھاتەی دەوڵەتگەراییەوە دادەمەزرێت و بەڕێوە دەچێت.
لە نێوان ڕۆژەکانی (١٥ ـ ٢٢)ی مانگی گوڵانی ساڵی (٢٠٠٥)دا سێیەمین کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی کۆنگرەی گەل سازدەدرێت و لە کۆبوونەوەکەدا بەفراوانی سیستەمی کۆنفیدراڵی دیموکراتی تاوتوێ دەکرێت و بەتێکڕای دەنگ سیستەمی کۆنفیدراڵی دیموکراتی پەسند دەکرێت و بڕیاری چەسپاندن و جێگیرکردنی دەدرێت. ھەروەھا وێڕای مەحکومکردنی ھێڵی تەسفیەگەرێتی بەکرێگیراو، بڕیاری پێداگریکردن لەسەر ھێڵێ شۆڕشگێرێتی ئاپۆچێتی دەدرێت و ھەڵمەتی ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٤یش بەرز دەنرخێنرێت.
لەشەوی یەک لەسەر دووی فێبریوەر‌ی (٢٠٠٦)دا ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری (پەکەکەی نوێ) و فەرمانداری ھێزی پاراستنی گەل (ھەپەگە) و یەژا ستار، ڤیان لەناوچەی حەفتانیندا بۆ پرۆتستۆکردنی پیلانگێڕی (١٥)ی فێبریوەری بەدروشمی”کاتێک گووتن بێواتا دەبێت نۆرەی چالاکی دێت، ئاگر لەجەستەی خۆی بەردەدات. ڤیان بەرلەوەی چالاکییەکەی ئەنجام بدات، نامەیەکی ٢٤ لاپەڕەیی لەدوای خۆیدا بەجێدێڵێت. دوای گیانلەدەستدانی ڤیان، لەلایەن گەریلاکانی ھەپەگە و یەژاستار و جەماوەری باشوورەوە، بەشکۆداری بەخاک سپێردرا.
لە مارسی ھەمان ساڵدا ژنە یۆنانی ئەلەفتەریا فۆرتاکی لە یۆنانستانەوە دژ بەسیاسەتی گۆشەگیری لەسەر ئۆجەلان و کوشتوبڕکردنی گەلی کورد و بێدەنگی وڵاتەکەی و وڵاتانی تری ئەوروپا لەئاست ھەموو ئەو ستەم و نادادییەی دژ بەکوردان دەکرێ، ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و گیانی خۆی لەدەست دەدات.
لە بەھاری ساڵی (٢٠٠٦)دا چوارەمین کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی کۆنگرەی گەل سازدرا. لەکۆبوونەوەکەدا وێڕای ھەڵسەنگاندنی رەوشی سیاسی و رێکخستنی، جەخت لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی کۆنفیدراڵی دیموکراتی لە گۆڕەپانەکاندا کرایەوە.
لەمیانەی وردبوونەوە لە مێژووی تەڤگەری پەکەکەدا، رۆڵ و پێگەی ئۆجەلان وەک ئافرێنەر و بنیادنەری تەڤگەری پەکەکە دەردەکەوێتە ڕوو، ئۆجەلان بەتێکۆشانی مەزن و بەردەوامی فەلسەفی، ھزری، ئایدیۆلۆژی، سیاسی و رێکخستنی خۆی سیما و گەوھەری بەم تەڤگەرە داوە و پێشیخستووە و مەزن و فراوانی کردووە. سەرچاوەی بنچینەیی ھزری، باوەڕی، مۆڕاڵ، جورئەت و فیداکاری و قارەمانێتی ھێز و ئیرادەی تەڤگەر و گەل رۆڵگیربووە و رێبەرایەتی و سەرۆکایەتی سەرجەم قۆناخ و قەڵەمبازەکانی کردووە. ھەروەھا لەکەسێتی خۆیدا سیستەمێکی ھزر و ژیان و پراکتیکی ھاوچەرخ و رادیکاڵی بەرجەستە کردووە و خۆی لەنێو رۆح و ھزر و ژیان و پراکتیکی تەڤگەر و گەلیشدا تواندۆتەوە و وەک فەلسەفە و پارادیگمایەک بۆ ژیانەوەی نەتەوەیی و ئافراندنی کەسێتی و کۆمەڵگایەکی ئازاد ئاوێتەگیر بووە.
لەگەڵ ھەڵکشانی تێکۆشانی تەڤگەری پەکەکەدا؛ پیلانگێڕییە دەرەکی و نێوخۆییەکانیش لەبەرامبەر ئەو تەڤگەرە بەگشتی و کەسێتی ئۆجەلان بەتایبەتی، تا ھاتووە چڕوپڕ و شەڕانگێزتر بووە. تەوەری سەرەکی زۆربەی پیلانگێڕییەکان لەدەوری کەسێتی ئەودا خولاوەتەوە. چونکە ئەو راستییە دەرکی پێکراوە کە ئافرێنەری فەلسەفە و سیستەمی تێکۆشان و ژیانی ئەم تەڤگەرە (رێبەر ئۆجەلان)ە.
لە ڕۆژی ٣١ی جولایی ٢٠٠٧دا پارێزەرانی ئۆجەلان لە ئەوروپادا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند کە ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالیدا بە ماددەی سترانسیۆم و کرۆم ژەھرخوارد کراوە. بەمەش بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بەو پلانگێڕییەی ژەھرخواردنە گەلی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات بەچەندین شێوە دەستیان بە چالاکی شەرمەزارکردن کرد.
ھەر داوی ئەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەدا بە بەشداری (٦٨) کەس، (١٨)یان ھەمیشەیی و (٥٠)یان بەنۆرە لەبەردەم بینایەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە ستراسبۆرگ دەستیان بە مانگرتنی بێکۆتایی کرد، بەمەبەستی شەرمەزارکردنی پیلانی ژەھرخواردکردنی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان و فشارخستنە سەر رێکخراوی دژ بە ئەشکەنجە (CPT) بۆ ئەوەی دەستەیەک پزیشکی سەربەخۆ سەردانی ئیمرالی بکات و بەزووترین کات پشکنینی پزیشکی ئەنجام بدرێت و چارەسەر بکرێت و لە زیندانی ئیمرالی دەربخرێت. ئەو چالاکییە (٣٩)ی خایاند. ئەو رێکخراوە لەژێر فشاری ئەو چالاکییانەدا سەردانی ئیمرالی کرد.
ڕۆژی ١ی ئۆکتوبەری ھەمان ساڵدا لەچوارچێوەی تێکۆشان بۆ راوەستاندنی زوڵم و تیرۆری دەوڵەتی تورکیا و وڵاتانی تری سەردەستی کوردستان و زەمینە خۆشکردن بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و ئازادی ئۆجەلان، ھەڵمەتی” ئیتر بەسە” بە شێوەیەکی فەرمی ڕاگەیاندرا…
لە مانگی نۆڤەمبەری ھەمان ساڵدا لە چوارچێوەی ھەڵمەتی ئیدی بەسەدا، لە سلۆپی شەرناخ، نوسەیبین، مێردین، باتمان، وان، جۆڵەمێرگ و شەرناخ، کۆبونەوەی جەماوەری بە شکۆ ساز کران. لە ڕۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەردا زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کەس لە ئامەد لە ھەڵمەتی ئیدی بەسەدا بەشداریان کرد و داوا لە تورکیا کرا کە کۆتایی بە ھێرش و گوشارەکانی بۆ سەر گەلی کورد بێنێ و لە گەڵ بزووتنەوەی کورد زمانی دیالۆگ و وتووێژ بەکار بێنێ.
لە ئەوروپاش بە دەیان ھەزار کورد لە ھەڵمەتی ئیدی بەسەدا لە وڵاتانی ئەڵمان ، فەرەنسا، سویسرا، ھۆڵەند، بەلژیک، بریتانیا و ئوتریش بەشداریان کرد. گەورەترین ھەڵمەت لە رۆژی ١٥ دیسامبر لە شاری دوسلدۆرفی ئەڵمان بەڕێوە چوو کە بە دەیان ھەزار کەس بەشدار بوون و درووشمی ئیدی بەسەیان وتەوە.
ھەروەھا لەمیانەی بەشداربوونی ملیۆنان کەس لە کەمپینی ” من بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک ئیرادەی سیاسی خۆم دەبینم و دەبێت بە موخاتەب وەربگیردرێت” ریفراندۆمێکی جەماوەری بوو بۆ دەرکەوتنی رۆڵی چارەنووسازانە و بە موخاتەب وەرگرتنی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە چارەسەری پرسی کورد و سەقامگیرکردنی ئاشتی و بەیەکەوە ژیانی گەلان.
لە ٥ ی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٠٧دا بە ھۆی باوبۆرانەوە خدر خرینگە ناسراو بە عاکیف ئەندامی کۆردیناسیۆنی پژاک و فەھمی رۆستەمی ناسراو بە سیروان ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی کۆمیتەی راگەیاندنی پژاک لە چیای قەندیل گیانیان لەدەست دا.
لە ڕۆژی ٣٠ نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٠٧دا کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) و دیوانی سەرۆکایەتی کۆنگرەی گەل پرۆژەیەکی چارەسەری بەناوی “جاڕنامەی چارەسەری دیموکراتیانە”ی لە حەوت خاڵدا بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی کورد پێشکەش کرد. بەڵام ئەم پرۆژەیە بە پیلانگێڕی و ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی سەربازی وەڵام درایەوە.
لەشەوەکانی (١٥ ـ ١٦)ی مانگی دێسەمبەری ساڵی (٢٠٠٧)دا (٥٣) فرۆکەی جەنگی سوپای تورک گوندەکانی باشووری کوردستانیان بۆردومان کرد. لە ئاکامی ئەو بۆمبارانانەدا (٢) گوندنشینی بناری قەندیل و (٥) گەریلا گیانیان لەدەستدا و بەدەیان کەسیش بریندار بوون. ھەروەھا چەندین نەخۆشخانە و خوێندنگا و خانووی گوندنشین وێران کران و بەسەدان سەر مەڕیش لەناوچوون.
لەگەڵ پەرەسەندنی ھەڕەشەکانی ئەرتەشی تورک بۆ لەناوبردنی پەکەکە و ھەوڵدان بۆ داگیرکردنی باشوور، گەریلاکانی ھەپەگە لە میانەی ئەنجامدانی چالاکیەکانی ئۆرەمار و بێزەڵێدا، پەرلەمان و حکومەت و ئەرتەشی تورکی ھوشیار کردەوە کە لەئەگەری ھەر لەشکرکێشییەک بەئامانجی لەناوبردنی تەڤگەری ئازادی و داگیرکردنی باشووری کوردستان، ئەوا رووبەڕووی گەورەترین شکست دەبێتەوە. بەڵام وێڕای ئەو ھۆشدارییەی ھەپەگە، دوای ئەوەی لەرۆژی ١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٧دا پەرلەمانی تورکیا بڕیاری سنووربەزاندن و لەشکرکێشی بۆ سەر باشووری کوردستانی دا، ئەرتەشی تورکیش کە پێشتر زیاتر لەساڵێک دەبوو ئامادەکارییەکی بەرفراوانی سیاسی، راگەیاندنی، دیبلۆماسی، لۆجیستی و سەربازی دەکرد، بە دەیان ھەزار سەربازی ئەرتەشی تورک بەئامانجی زەبر وەشاندن و لەناوبردنی تەڤگەری ئازادی کورد و داگیرکردنەوە دەربازی باشووری کوردستان کرد. بەڵام لەئەنجامی بەرخۆدانێکی ٨ رۆژەی گەریلاکانی ھەپەگە لە زاب و ھەڵوێست نواندنی بوێرانە و نەتەوەییانەی خەڵکی بامەڕنێ و ئانیشکێ و تەواوی گەلی کوردستان، ئەو لەشکرکێشییەی ئەرتەشی حکومەتی تورک دووچاری گەورەترین شکست بووەوە، بەناچاری و بەشکستخواردوویی بەپەلە پاشەکشەیان کرد. لە ئاکامی ئەو لەشکرکێشییەی ئەرتەشی تورک سەدان سەرباز کوژران، ٩ گەریلاش گیانیان لەدەست دا.
لەبەردەوامی ھێرشی فرۆکە جەنگییەکانی ئەرتەشی تورک بۆ سەر ھەرێمی پاراستنی مەدیادا لەرۆژی ١ی گوڵانی ٢٠٠٨دا ٦ کادیری چاپەمەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بەناوەکانی (رامان جاوید، ویداد ئامەد، ئەرگەش باوەڕ، دیاکۆ بەختیاری، ئارمانج مەریوانی، ھێرش مھاباد) گیانیان لەدەست دەدەن.
پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە لە نێوان ڕۆژەکانی ٢١ و ٣٠ی ئوگۆستی ٢٠٠٨دا، ١٠ھەمین کۆنگرەی خۆی بەست. کۆنگرەی دەیەمین لە چیاکانی کوردستان بەڕێوە چوو و لەودا نوێنەر لە ھەموو پارچەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵاتەوە بەشداری کۆنگرە بوون و دوا ڕووداوەکانی کورستان و ڕۆژھەڵاتی ناوین بە بەرفراوانی ھەڵسەنگێندران. یەکێک لە پەیامە ھەرە گرینگەکانی کۆنگرەی دەیەمینی پەکەکە ئەوەبوو کە دەوڵەتی تورکیا بە ھێرشی سەربازی ناتوانێت پرسی کورد چارەسەر بکات و پەکەکەش پێداگری لەسەر ھێڵی چارەسەری دیموکراتی و ئاشتیانەی ئۆجەلان دەکاتەوە و لەئەگەری ھەر ھێرش و پەلامارێکیشدا بۆ سەر نرخ و بەھا نەتەوەییەکان لەئاستێکی بەرزدا ئامادەی ھەموو جۆرە بەرخۆدانێکن.
لە ١٣ی ‌ئاداری ٢٠٠٩دا کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە، لەپێناو دەستپێکردنی پێواژۆیەکی نوێ بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی و چارەسەرکردنی دیموکراتیانەی پرسی کورد و ھەروەھا لەپێناو دروستکردنی کەشێکی ئارام بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی گشتی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا دۆخی بێچالاکی تا ٣١ی ئادار راگەیاند.
لە ٢٩ی ئاداری ٢٠٠٩دا پارتی کۆمەڵگای دیموکراتی دەتەپە لەھەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکاندا، وێڕای ھەموو فشار و ساختەکارییەک لەھەڵبژاردنەکاندا ٩٩ شارەوانی بەدەستھێنا. ئەمەش لەگەڵ خۆیدا شکستێکی گەورەی بۆ پارتەکانی دەوڵەت (ئاکاپە، جەھەپە، مەھەپە) ھێنا.
لە ٣١ی ئاداری ٢٠٠٩ دا جارێکی دیکە دۆخی بێچالاکی لەلایەن کەجەکەوە درێژکرایەوە. ھەروەھا لە لەمانگی ئەیلولی ھەمان ساڵدا بۆ جاری دووەم دۆخی بێچالاکی درێژ کرایەوە.
لە١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٩دا لەچوارچێوەی پێشنیاز و رێنماییەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دوو دەستە لە پەیامبەرانی ئاشتی، دەستەیەک لە چیای قەندیل و دەستەیەکی تریش لە وارگەی مەخمور لەلایەن کەجەکەوە بۆ باکوری کوردستان و تورکیا نێردران. لەگەڵ ناردنی ئەو دوو دەستەیەی پەیامبەرانی ئاشتیدا، کەجەکە نامەی نیازمەندی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیانەیان بۆ سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیر، سەرۆکی پەرلەمان و سەرفەرمانداری ئەرتەشی تورک نارد.
لەگەڵ بەڕێکەوتنی ھەردوو دەستەی پەیامبەرانی ئاشتی، جەماوەر بە جۆشوخرۆشێکی مەزنەوە، بەکەڕنەڤاڵێکی شکۆدارەوە لەباشووری کوردستان بەدەیان ھەزار کەس ئامادەی بەڕێکردنی پەیامبەرانی ئاشتی بوون، لە باکووری کوردستانیشدا بە ملیۆنان کەس بە جۆش و دڵخۆشییەکی بێوەنەوە پێشوازیان لێکردن.
بە ناردنی پەیامبەرانی ئاشتی ھەم نیاز و پێداگیری گەلی کورد و تەڤگەرە ئازادیخوازەکەی بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیانە خشتەڕوو، ھەمیش پەردەی لەسەر راستینەی بێچارەیی و بێ پرۆژەیی دەوڵەت و حکومەتی تورکیای ھەڵماڵی.
بەھۆی کاردانەوەی پراواکسیۆنانەی حکومەتی ئاکاپە و دەوڵەتی تورک لەبەرامبەر ناردنی گروپەکانی ئاشتی و پێواژۆی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیانە، سێیەمین گروپی ئاشتی کە وابڕیار بوو لە ئەوروپاوە بچنە باکووری کوردستان و تورکیا، لەراگەیاندنێکدا لەرۆژی ٢٧ی ئۆکتۆبەردا گروپەکە چوونی خۆیان بۆ کاتێکی نادیار دواخستووە.
لەئاکامی تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلی کورد و تەڤگەرە ئازادیخوازەکەیدا، لەرۆژی ١٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٠٩دا بۆ یەکەمینجار بەشێوەیەکی فەرمی گفتوگۆ لەسەر پرسی کورد کرا، کەجەکە بەر لە دەستپێکردنی گفتوگۆکی ناو پەرلەماندا لەراگەیاندنێکی فەرمیدا بە شەش خاڵ پێشنیازەکانی خۆی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاشتی و چارەسەری سیاسی و دیموکراتیانەی پرسی کورد خستەڕوو. داننان بە ھەبوونی گەلی کورد و بەرۆژەڤکردنی پرسی کورد لەپەرلەمانی تورکیا یەکێکە لە بەرھەم و دەستکەوتە ھەرە گرنگەکانی تێکۆشانی ٣٥ ساڵەی گەلی ئازادیخوازی کورد.
لە ١٧ی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٠٩دا بۆ یەکەمجار ٥ زیندانی دۆزی پەکەکە بۆ زیندانی ئیمراڵی گوازرانەوە. ناوەکانیان بەم شێوەیەن: ‌شێخمووس پۆیراز، جومالی کارسوو، ھەققی ئاڵکان، حەسبی ئایدەمیر و بایرام کایماز.
لەبەرامبەر سیاسەتی نکوڵیکارانەی دەوڵەتی سوریا دژ بەکورد بەگشتی و زیندانیانی سیاسی کورد بەتایبەتی، نزیکەی ٣٠٠ زیندانی دۆزی پەکەکە و پەیەدە لە زیندانی ناوەندی عەدرا لە دیمەشقی پایتەختی سوریا لە ٣٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٩ دەستیان بە مانگرتنێکی کراوە کرد و بۆ ماوەی ٤٠ رۆژ بەردەوام بوو و لە ٩ی دێسەمبەردا کۆتاییان بە مانگرتنەکە ھێنا.
دوای ئەوەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵلا ئۆجەلان شوێنی زیندانییەکەی گۆڕدرا، پارێزەرانی ئۆجەلان رایانگەیاند کە شوێنە نوێیەیەکەی لە ھی رابردووی خراپترە. پارێزەران لە زمانی ئۆجەلانەوە ڕایانگەیاند کە، ژوورە نوێیەکەی ٦ متری چوارگۆشەیە، پەنجەرەکان و سیستەمی ھەوای ژوورەکە خراپە. ئۆجەلان رایگەیاند: ‌جێگەی ئێستای من وەک چاڵێکی مردنە. لێرە ‌ھەناسە ‌وەرگرتن و ھەناسەدانی مرۆڤێک دژوارە. بێھەوایی خانەکانی مێشکی من دەکوژن. من ھەست بەمردنی خانەکانی مێشکی خۆم دەکەم”
لەبەرامبەر ئەوەدا گەلی کورد لەھەرچوارلای کوردستان و دەرەوەی وڵات چالاکی جەماوەری بەڕێوەچوون و لەتەواوی زیندانەکانی ئێران و رۆژھەڵات و باکوور و رۆژئاواشدا مانگرتن لەخواردن دەستیپێکرد.
سەرلەبەیانی رۆژی ٦ی ژانیوەری ٢٠١٠ یەکێکی تر لە جەوانان و چالاکانی سیاسیی وڵاتپارێزی کورد بەناوی فەسیح یاسەمەنیی دوای ئەشکەنجەیەکی دژوار لەلایەن ڕژێمی ئێران لە سێدارە درا.
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوازدەھەمین ساڵی پێلانگێڕیدا، ڕایگەیاند کە ئەوان پێلانگێڕییەکەیان بێئەنجام کردووە و گووتی:” من لێرەوە دەتوانم مزگێنی بدەم بە گەلەکەم. ھەڵوێستی بە سەبری من لێرە و، بە ھەوڵی ھاوبەشی گەل، ئێمە ئەو پیلانگێڕییەمان بێئەنجام ھێشتەوە. لێرە چۆن من ١١ساڵ بەرخۆدانم کرد، لە ١٢ ھەمین ساڵیشدا من ئاوا بەرخۆدان دەکەم. لە ئاکامدا سەرەڕای پیلانگێڕی و سەرجەم ھەوڵە تەسفیەکاریەکان، تەڤگەر و گەلەکەمان، لە پێڤاژۆیەدا بەھێزتر بووە. لە ١١ھەمین ساڵڕۆژی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات لە دژی گەلی کورد، شاری ئامەدی باکوری کوردستان ڕۆژێکی تری مێژوویی تۆمار کرد. دەیان ھەزار ئامەدی بە جلوبەرگی ڕەشەوە ڕژانە ناو مەیدانەکان و، بە خاوەندارێتیکردن لە ئۆجەلان، دووپاتیان کردەوە کە پیلانگێڕی ١٥ی شوبات پووچەڵ کراوەتەوە.
سەرەڕای ھەموو بانگەوازییەکانی ئۆجەلان و تەڤگەری ئازادی گەلی کورد لە پێناو پێشگرتن لە چالاکی خۆسوتاندن، جەوانێکی ١٨ ساڵە بە ناوی موسلم دۆغان لەدژی پیلانگێڕی پازدەی شوبات ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و گیانی لەدەستدا.
موسلم لە لاپەڕەی شەخسی فەیسبوکەکەیدا لە پەیامێکدا دەڵێت، مردنی ھەرە ئابڕوومەندانە، مردنێکە لە وێنەی مەزڵووم. بژی ئەو کەسەی کە لەپێناو ئازادیدا نرخی داوە، ھەر بژی ئەو کەسانەی لەپێناو ئازادیدا خۆیان فیدا کردووە.
لە پێناو ئاشتیەکی ئابڕوومەندانە و چارەسەریی دێموکراتیکی پرسی کورد، تەڤگەری ئازادیی ھەنگاوێکی تری مێژوویی نا. رۆژی ٣ی ئابریلی ٢٠١٠دا کۆما جڤاکێن کوردستان، کەجەکە،‌ جاڕنامەی ئاشتی و چارەسەریی دیموکراتییانەی راگەیاند. کەجەکە لە جاڕنامەکەیدا ٣ پرەنسیپ و ھاوکات ٤ خاڵی بۆ چارەسەرییەکی دیموکراتیانە و سەقامکردنی ئاشتیەکی دڕێژخایەن ڕاگەیاند و، دەست نیشانی کرد کە دەبێ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ماڵێک بگوازرێتەوە، ئەو بە مخاتەب بگیرێ و، پاشان دانوساندنەکان لە پێناو چارەسەریدا دەستپێبکەن.
کەجەکە لە جاڕنامەی چارەسەریی دێماکراتیک و ئاشتیدا، ٣ پرەنسیبی وەھای خستەڕوو:
١. نەتەوەی دیموکراتیک کە تێیدا ھیچ ناسنامەیەک لە سەر ئەوی تر دەسەڵاتدار و خاوەن ئیمتیاز نەبن.
٢. و‌ڵاتێکی دیموکراتیک کە تێیدا خاکی ھیچ کۆمەڵگەیەک نکۆڵی لێنەکرێ و، کۆمەڵگەکان ھەموو لەسەر خاکەکەی بژین.
٣. کۆماری دیموکراتیک کە تێیدا سنوور کێشە نییە و، مافە نەتەوەیی و سیاسیەکانی کۆمەڵگاکان لەناو دیموکراتیدا ناسراون.
کەجەکە ڕایگەیاند کە دەبێ ھەر سێ پرەنسیب بە گۆڕینی دەستووری بنچینەیی پێک بێن. کەجەکە لەجاڕنامەکەی خۆیدا لەپێناو زەمینە خۆشکردن بۆ چارەسەری ئاشتیانەی ھەمیشەییدا ئەو ھەنگاوانەی کەوا سەرەتا پێویستە بھاوێژرێن لەچوار خاڵدا کۆیکردۆتەوە:
١-بۆ پێشخستنی پێواژۆیەکە، بێدەنگکردنی دوولایەنی چەکەکان مەرجە.
٢- پێویستە ھەموو ئەو سیاسەتمەدارە دیموکراتیخوازانەی کورد کە لە ١٤ی نیسانەوە دەستگیر کراون ئازاد بکرێن.
٣- بۆ ئەوەی ئۆجەلان بتوانێت رۆڵی خۆی لەچارەسەری سیاسی و دیموکراتی ببینێت، وەکو ھەنگاوی سەرەتایی لە دۆخی دەستبەسەرکردن لەماڵەوە” بمێنێتەوە.
٤- پێویستە لەنێوان لایەنەکاندا دانوستاندن و پێشخستنی پێواژۆیەکە وەکو ئامانج دەستنیشان بکرێت.
لە ١١مین ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتیدا، لە گەورە شاری ئامەد لە باکووری کوردستان سەدان ھەزار کەس ھاتنە سەر شەقامەکان و، گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتیان شەرمەز‌ار کرد. ھێزەکانی پولیسی تورک لە بەرانبەر چالاکواناندا خۆیان پێ ڕانەگیراو، بە ھەلیکوپتەری جەنگی و بە گرتنی جەوانان و لێدان و سەرکوت، جارێکی تر تیرۆری دەوڵەتی تورکیان لە بەرامبەر گەلی کورد نیشاندا.
سەرلەبەیانی رۆژی ٤ی مارسدا پۆلیسی بێلژیک ھێرشیان کردە سەر پەلاماری چەندین ناوەند و کومەڵەی کوردی داوە و ناوەندەکانی کۆنگرەی گەل و ناوەندی ئوروپای بەدەپەیان داگیر کردووە و چەندین سیاسەتمەداری کوردیان دەستگیر کرد کە لە ناویاندا ڕەمزی کا‌رتاڵ سەرۆکی کۆنگرەی گەل، زوبێر ئایدار، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان، ئادەم ئوزون و ئەیوب دۆرو ئەندامانی کونگرەی نەتەوەیی کوردستان، ھەن. پۆلیس بێجگە لە گرتنی ئەندامانی ئەو ناوەندانە، کەل و پەلی ناو بارەگاکەیان شکاندوە و شێواندووە.
لە ڕۆژی ٢١ مارس لە شاری “کەیپ تاون”ی ئافریقای باشوور، کەمپینی ١ ملیۆن واژۆ بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستی پێکرد. لە ڕۆژی نەورۆزدا فستیڤاڵی مافی مرۆڤ لە شاری کەیپ تاون لە ئافریقای باشوور بەڕێوە چوو.
رێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستنیشانی کرد کە لەگەڵ نەورۆزدا پێڤاژۆیەکی نوێ دەستیپێکردووە و گووتی:”وا باس دەکرێ کەلەگەڵ نەورۆزی ٢٠١٠دا پێواژۆیەکی نوێ دەستیپێکردووە. ئەمەراستە. منیش لەمەدا ھاوڕام. قۆناخی سێیەمین کۆتایی ھات. قۆناخی یەکەمین لە١٩٧٣وەتا ١٩٨٤ بوو، ئەوەی دووەمینیش لە١٩٨٤دا تا ١٩٩٣ بوو. قۆناخی سێیەمینیش لە١٩٩٣وەتا رۆژی ئەمڕۆ بوو. لەراستیدا من کۆتایی ھاتنی ئەو قۆناخی سێیەمینەم لەساڵی ٢٠٠٢دا رادەگەیاند. بەڵام بەھیوای ئەوەی ئەم حکومەتەشتێکی بکردبایە، من رامنەگەیاند و لەچاوەڕوانی دابووم. ‌
لە رۆژی ٢٠ی ئابریلدا تەڤگەری ئازادی گەلی کورد پێی نایە قۆناغێکی نوێوە. ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، دوران کالکان، دەستنیشانی کرد کە ئەوان دەربازی قۆناغی ستراتیژی چوارەم بوون، سەرنجی ڕاکێشایەسەر دوو تایبەتمەندی ئەو قۆناغە ‌و ووتی: ئێمە چارەسەری بەدەستی خۆمان دەخوڵقێنین. ئەگەر لایەنی تر ئامادە بێت بۆ دانوسان، ئێمە ھەمیشە ئامادەین، بەڵام لەوەزیاتر چاوەڕوانی ناکەین.
سەرلەبەیانی رۆژی ٩ی مایسی ٢٠١٠ چوار چالاکوانی ئاپۆجی بەناوەکانی مامۆستا فەرزاد کەمانگەر، فەرھاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان و شیرین عەلەم ھولی لە زیندانی ئەوین لەسێدارە دران چالاکێکی تری سیاسی بەناوی مەھدی ئیسلامیان لە زیندانی ئەوین لە سێدارە دران. لەمبارەیەوە کۆما جڤاکین کوردستان کەجەکە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی چالاکوانانی کوردی بە زمانێکی توند شەرمەزار کرد و ڕایگەیا‌ند: کە ئێران بەو کردارەی دەیەوێت کۆتایی بە قۆناخی بێچالاکیی بھێنێت و ئێران بە کۆمەڵکوژکردنی کوردان، دەیەوێ دڵی دەوڵەتی تورک ڕازی بکات.
رۆژی ٢٨ی مایس رێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەڵان بۆ دواھەمین جار ھۆشداری خۆکشاندندەوەی دا و گووتی:” لە بەر ئەوەی کە موخاتەبێک نابینم ، لە دوای ٣١ی مەی خۆم دەکێشمەوە.”
ئەمەو سەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کۆما جڤاکێن کوردستانیش رۆژی یەکی حوزەیرانی ٢٠١٠دا بە لێدوانێک کۆتایی بەو ئاگربەستەیان ھێنا کە لە ڕێکەوتی ١٣ی ئاپریلی ٢٠٠٩ دا یەک لایەنانە ڕایانگەیاندبوو، دەستنیشانیان کرد کە ئاکەپە زەمینەی ئاشتی و دیالۆگی تێکدا و لەبەر ئەوەی ئاکەپە بڕیاری بێ چالاکی یەکلایەنەی بێواتا کرد، ئیدی پرۆسەکە ھیچ واتایەکی نەماوە. کەجەکە ئاکەپەی بەرپرسیار بینی لە کۆتایی ھاتنی ئاگربەستی ١٣ مانگی ڕابردو و ڕادەگەیەنێت ئەوان تێپەڕی قۆناخی چوارەمین بوون. سەرۆکایەتی کەجەکە ڕادەگەیەنێت کە ئەوان خۆکشاندنەوەی ئۆجەلان بەڕێزەوە پێشوازی دەکەن
رۆژی ٤ی حوزەیران لە سلۆپی ١٠ ھەزار کەس لە دژی ئۆپەراسیۆنەکان،ویستیان ڕێپێوانێکی ئاشتیانە ئەنجام بدەن،بەڵام پۆلیسی دەوڵەتی تورک خۆیان لەبەرامبەر ھەڵوێستی گەل پێڕانەگیراو، بە بۆمبی گازی و ئاوی بەتەوژم ھێرشیان کردە سەر گەل.
رۆژی ٧ی حوزەیران سەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە موراد قەرەیلان ئەو چالاکییەی کەوا لە ئەسکەندەروونە ئەنجام درا، وەکو دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی وەسف کرد و دەستنیشانی کرد کە پێواژۆی پاراستنی لەم قۆناخە نوێیەدا ،بە چالاکییەکەی ئەسکەندەروونەوە دەستیپێکرد و ئەو ھەڵسەنگاندنانەی کەوا چالاکییەکەی ئەسکەندەروونە بە ئیسرائیلەوە پەیوەست دەکەن بە ھەڵسەنگاندنێکی دوور لەڕاستی وەسف کرد.
لە ٩ی حوزەیرانی ٢٠١٠دا سەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە موراد قەرەیڵان بانگەوازی ئاگربەستی دوو لایەنەی لە ئێران و ھێزەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک کرد. قەرەیلان دەستنیشانی کرد کە ئەوان بەشەڕ و پێکدادانەکانی نێوانیان نیگەران و بانگەوازی لە دەوڵەتی ئێران کرد کە سیاسەتی خۆی لەبەرامبەر کوردان ڕەچاو بکاتەوە.
دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سیاسی کە تێیدا ١٥٠٠ سیاسەتمەدار و شارەدارانی کورد دەستیگرکران، لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠١٠دا سەردۆزگەری کۆماری تورک لە شاری ئامەد ، بانگەشەنامەیەکی کە لە ٧ ھەزار و ٥٧٥ لاپەرە پێک دێت و بۆ ١٥١ سیاسەتمەدار و شارەدارانی کورد، لە سزای ٥ ساڵ زیندان تا سزای ھەتاھەتایی تێدایە، پێشکەش دادگا کردووە.
دەوڵەتی تورک تەرمی ١٠ گەریلای ھەپەگەی زۆر بە دڕندەیی شێواند، کە لە سێرت گیانیان بەخت کردبوو. ئەمەش ناڕەزاییەکی مەزنی گەلی کوردی لێکەوتەوە. کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە دەستنیشانی کرد کە ئەو وەحشیەتیەی لەبەرامبەر ‌تەرمەکانی گەریلادا کراوە، دژی پێوانەکانی مرۆڤایەتیە و دەچێتە چوارچێوەی تاوانەکانی شەڕەوە.
رۆژی ٩ی تەممووز رێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان چەند پێشنیارێکی گرنگی سەبارەت بە چارەسەری دیموکراتیانەی کێشەی کورد خستەڕوو. ئۆجەلان گووتی:” من ئەو پێشنیارانەی بەمەبەستی چارەسەری دیموکراتی بۆ کەجەکە و بەدەپە و ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم:
– یەکەم؛ ھەردوو لا دەست بە پێڤاژۆیەکی بێچالاکی بکەن. دووەم؛ دەکرێ لەژێر سایەی پەرلەماندا کۆمسیۆنێکی داد و حەقیقەت، یان شتێکی وەکو ئەوەی لە باشووری ئەفریقیا پێکھاتبوو، پێکبێنن. سێیەم؛ تا بەدیھاتنی چارەسەری،ھێزەکانی گەریلا لەژێر گەرەنتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە شوێنێکی دیاریکراودا کۆبکرێنەوە پاشان بگەڕێنەوە وڵات.
رۆژی ١٩ی تەممووزی ٢٠١٠ پەیامبەرانی ئاشتی کە لە مەخموور و قەندیلەوە گەڕابوونەوە باکووری کوردستان، بە بڕیارێکی مێژوویی گەڕانەوە باشووری کوردستان. ھۆی گەڕانەوەکەشیان ،بۆ دەستگیرکردنی ئەوان، پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنەکان و ھێرشەکانی ئەمدواییە گەڕاندۆتەوە. ژمارەی پەیامبەرانی کە گەڕاونەتەوە، ١٧ کەسن کە سێیان لە قەندیلەوە چووبوون بۆ باکور.
رۆژی ١٤ی ئابی ٢٠١٠دا دیوانی سەرۆکایەتی کۆنگرەی گەل و سەرۆکایەتی بەڕێوەبەرایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان “کەجەکە” ڕایانگەیاند، کە ئەوان شانسێکیتر دەدەنە ئاشتی و لەمڕۆ بەدوواوە لە ناو پاراستنی پاسیڤ یان ڕەوشی بێچالاکیدا دەبن.
رۆژی ٢٠ی ئاب رێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان شەش خاڵی سەرەکی وەکو چوارچێوەی سیستەمی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی دەستنیشان کرد کە خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیک پرۆژەی کوردانە بۆ چارەسەری و چوارچێوەکەیشی بەو شەش خاڵە خستەڕوو. کە بریتییە لە لایەنی سیاسی لایەنی یاسایی، لایەنی ئابووری، لایەنی چاندی، لایەنی دیبلۆماسی و لایەنی پاراستنی گەوھەری خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیکە.
وێڕای نکوڵیکردنی کاربەدەستانی دەوڵەتی تورک بۆ دەستپێکردنی دیالۆگ لە ئیمرالیدا، رۆژی ٢٧ی ئاب رێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئاشکرای کرد کە دیالۆگ لەگەڵ دەوڵەت راستییەکە و بەناوی دەوڵەتەوە دیداری لەگەڵ ئەنجام دەدەن.
رۆژی ٩ی سێپتەمبەری ٢٠١٠دا ھێزەکانی پاراستنی گەل ھەپەگە ڕایگەیاند، ھێزەکانی ئەرتەشی تورک لە جۆلەمێرگ لە ٦ ی سێپتامبردا، دەستی بە ئۆپەراسیۆن کردووە. بەھۆی بۆمبارانکردن لەلایەن ٤ ھەلیکۆپتەری کۆبرا و فڕۆکە شەڕکەرەکان، ٩ گەریلا ژیانیان لەدەستداوە.
رۆژی ١٢ی ئەیلولی ٢٠١٠ ڕیفراندۆم بۆ ھەموارکردنی دەستووری بنچینەیی تورکیا لە تەواوی تورکیا ئەنجام دراو لەئاکامدا بڕیاری ” ئەرێ” و لە باکووری کوردستانیش بڕیاری ”بایکۆت” سەرکەوت. ھەموارکردنی دەستووری بنچینەیی بە دەنگەکانی لە سەدا ٥٨، پەسند کرا و لە سەدا ٤٢ یش، دەنگی ”نا” یان دا.
سەرلەبەیانی رۆژی ١٦ی سێپتەمەر لە شارۆچکەی ‘سلەھێ’ لە جۆلەمێرگ، کاتێک مینیبووسێک تێپەڕ دەبێت،تەقینەوەیەک ڕوودەدات. لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیەدا ٩ کەس ژیانیان لەدەستداوەو ٤ کەسیتریش برینداربوون. زانرا کە لەشوێنی رووداوەکەدا دوو جانتای سەربازی لە شوێنی تەقینەوەکە دۆزراوەتەوە کە سێ مینی نەتەقیوی تێدابووە.
سەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کۆما جڤاکین کوردستان کەجەکە، سەبارەت بەھێرشەکەی جۆلەمێرگ ڕایگەیا‌ند کە ئەو ھێرشە کاری کۆنترایە. رێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش کۆمەڵکوژییەکەی جۆلەمێرگی وەک ڕووداوی ھەرە گرینگی میژووی تورکیا ناودێر کرد.

رۆژی ٢٠ی سێبتەمبەری ٢٠١٠ سەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە، جارێکی دیکە پێواژۆی بێچالاکی گەریلایی کە لە ١٣ی ئاگۆستۆسدا راگەیاندبوو، بۆ ھەفتەیەکی تر درێژکردەوە.
کەمپینی بایکۆتی ھەفتەی یەکەمی ساڵی پەروەردەی تورکی ،کە ڕۆژی دووشەممە ١٨ی سێپتەمبەر لەلایەن تەڤگەری زمانی کوردی – تەزەپەوە دەستی پێکرد، بەسەرکەوتوویی کۆتاییھات و ئەنجامی گرنگی لە گەڵ خۆی ھێنا.
رۆژی ٢٩ی سێبتەمبەری ٢٠١٠ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رایگەیاند: ئەو دیدار‌انەی لەگەڵ ئەودا ئەنجام دەدرێن، لەسەر ناوی دەوڵەتەوە پێک دێن. ئۆجەلان ڕایگەیاند کە ئەنجامی ئەو دیدارانە، لە چوارچێوەی دوو پرۆتۆکۆڵدا کە لە ڕووی ئاسایشی، مافە دیموکراتیکیەکان و دەستوورێکی دێموکراتیکییە و ‌ ھەردوولایەن دەتوانن لەسەری کۆک بن، ھەڵسەنگاند.
رۆژی ٣٠ی سێبتەمەبەر کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە لە کۆبونەوەیەکی رۆژنامەوانیدا جارێکی دیکە بڕیاری بێچالاکی بۆ ماوەی یەک مانگ درێژ کردەوە و دەستنیشانی کرد کە ئەگەر بێتو ھەوڵدانەکانی دوولایەنە ھەبێت، ئەوا ئاگربەستی بێ مەودا دەکەوێتە ڕۆژەڤیانەوە.
رۆژی ١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٠ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستنیشانی کرد کە ئەو تا ٣١ی ئۆکتۆبەر چاوەڕێ دەکات. ئەگەر تا ئەو کاتە بە ئامانجی چارەسەری نەچنە لای ئەو، ئەوا ئەگەر سەریشی تێدا بچێت، ئیتر بەھیچ شتێکەوە پەیوەندیدار نابێت.
رۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٠ یەکێک لە دۆزە ھەرە گرنگەکانی مێژووی کۆماری تورکیا دۆزی سیاسەتمەدارانی کورد، پارێزەرانی مافی مرۆڤ و نوێنەری دامەزراوە مەدەنییەکان لە شەشەمین دادگای گرانی شاری ئامەد بەڕێوەچوو. کە دوای چەندین دانیشتن کە دادوەر رێگەی بە گیراوان نەدا بە زمانی کوردی بەرگری لەخۆیان بکەن لەگەڵ خۆیدا قەیرانێکی مەزنی ھێنا. دۆزگەری لەو داوایەدا داوای ٣ ھەزارو ٣٢٦ ساڵ زیندانی دەکات بۆ ئەو ١٥١ سیاسەتمەدارە کوردە. جێی ئاماژەیە، دۆزگەری تورک بە بەھانەی ئەندامبونی ئەو سیاسەتمەدارانەی کورد لە پەکەکە و بەشداریکردنیان لە ڕێپێوانەکاندا دەستگیرکراون.
رۆژی ٢٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٠ ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە دوران کاڵکان ئاشکرای کرد کە ١٣ی ئاگۆست، بە رێککەوتنی ھەردوو لایەن پێکھاتووە. دوران کالکان ئاشکرا کرد کە ئەو رێککەوتنە لەسەر بنەمای ٦ خاڵ پێکھاتووە. بەڵام حکومەتی ئاکەپە تاکو ئێستا بە گوێرەی ھیچ یەکێک لەو ماددانە ھەڵسوکەوتی نەکردووە.
دوران کاڵکان شەش خاڵەکانی وەھا ریزبەند کرد:
-١دەبێت ھەر دوو لا پێواژۆی بێچالاکی بەھەستیارییەوە جێبەجێبکەن.
-٢خەباتی دەستووری بنچینەیی نوێ دەستپێبکات.
-٣لە پێناو چارەسەرکردنی پرسی کورد بە رێگەی ئاشتی و دیموکراتیانەدا دەبێت پرۆتۆکۆلی ئاسایشی پێک بێت.
-٤دەبێت کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوە لە راستییەکان ئاوابکرێت.
-٥بۆ ئەوەی قۆناخەکانی چارەسەری بە ‌شێوەیەکی باش بەڕێوە بچێت دەبێت رەوشی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان باش بکرێت.
-٦ئەو سیاسەتمەدارانەی کورد کەوا لە ‌ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی قڕ کردنی سیاسی دەستگیرکران، ئازاد بکرێن و کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی قڕکردن بێت.
بڕیاری بێچالاکی کەجەکە کە لە ١٣ی ئاگوست، ڕاگەیاندرابوو و بۆ ٣١ ی ئوکتوبەر درێژکرابووەوە، رۆژی ٣١ی ئۆکتۆبەر سەرۆکایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە ھەڵوێستی خۆی بۆ ڕای گشتی دەربڕی و بڕیاری دا تا دوای ھەڵبژرادنەکانی تورکیا بڕیاری بێچالاکی درێژ بکاتەوە.
سەبارەت بەو تەقینەوەیەی کەوا لەھەمان رۆژدا لە مەیدانی تەقسیمی شاری ئەستەنبول روویدا، کەجەکە ئەو چالاکیەشی بەتوندی شەرمەزار کرد.
رۆژی ٤ی نۆڤەمبەردا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئاشکرای کرد کە چاوپێکەوتنەکانی دەوڵەت لەگەڵ ئەودا گەیشتونەتە ئاستێکی جددی و گوتی: قۆناخی دیالۆگ تا ئێستاش تێپەڕی دانوستاندن نەبووە، بەڵام مرۆڤ دەتوانێ بڵێ قۆناغەکە بەرەو دانوستاندن دەڕوات.
رۆژی ١٢ی نۆڤەمبەر چواردەیەمین دانیشتی تایبەت بە گیراوانی سیاسی کورد لە دادگای ئامەد بەرێوەچوو و سیاسەتمەدارانی کورد، لەدانیشتنەکەدا پێداگرییان لە سەر بەرگری لەخۆکردن بەزمانی کوردی کردەوە. بەڵام دادگا ئەو داواکارییە و داواکاری ئازادکردنی سیاسەتمەدارانی کوردی ڕەتکردەوە و ناچار بەردەوامی دانیشتنی دۆزەکەی بۆ ڕێکەوتی ١٣ ی ژانوویەی ساڵی ٢٠١١ دواخست.
ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی ٣٨ ساڵ بەسەر دامەزراندنی پەکەکە، دەرک بەو راستییە دەکرێت کە تەڤگەری پەکەکە ھەروا بەئاسانی، بەبێ کۆسپ و تەگەرە، کێشە و گرفت قۆناخەکانی تێکۆشانی خۆی نەبڕیوە، بەڵکو رێک بەپێچەوانەوە لەھەر قۆناخێکدا ژان و ئازارێکی بێسنوور، قوربانی و فیداکاری و قارەمانێتییەکی نەوازە، کۆسپ و تەگەرەی تاقەتشکێن، کێشە و گرفتی لەبن نەھاتوو، کەموکوڕی و ھەڵەی کوشندە ھەبووە، تەنانەت رووبەڕووبوونەوەی چەندین تەڵەزگە و پیلانگێڕی ناوخۆیی، ھەرێمی و نێودەوڵەتی بۆتەوە. لەبەرامبەر ھەر خیانەتێکی مەزندا، بەرخۆدانێکی مەزنیش ئامادەیە، لەبەرامبەر ھەر پیلانگێڕییەکەدا قەڵەمبازێک بەرسڤدارە، لەنێو نەبوونی و بێ توانستییەکی دژواردا باوەڕی و ھێز و ئیرادەی ئافراندن و مەزنکردنی توانست و توانستەکان دەردەکەوێتە روو. لەبەرامبەر بێ باوەڕی، بێ ھێزی، بێ ئومێدی، بێ چارەییدا، کانگای باوەڕی، ھێز، ھیوا و توانستی چارەسەری دەتەقێتەوە و ملی رێ دەگرێ و دەھەڕکێت. ئیدی تەڤگەری پەکەکە وەک دیجلە و فورات لەکانیاوە رەسەنەکاندا ھەڵدەقوڵێ و ھیوای ژیانێکی ئازاد لە میزۆپۆتامیای لانکەی لەدایکبوونی مرۆڤایەتییەوە بە گەل، رەگەز و چینە ژێردەستەکان دەبەخشێ و ھیچ لەمپەر و کۆسپ و ھێزێک ناتوانێت بەربەستی بکات یان لەگەوھەر و تایبەتمەندییە رەسەنەکانی خۆی دووریبخاتەوە. ھەڵبەتە لەم مێژووەدا نھێنی مانەوە و مەزنبوونی ئەم تەڤگەرە دەردەکەوێتەڕوو، کە لەگەوھەر و تایبەتمەندییەکانی خۆیدا بەرجەستە دەبێت. لەسەرووی ھەمووشیانەوە پەیوەستبوونییەتی بە فەلسەفەی ئازادی، ئیرادەی سەربەخۆ، گیانی بەرخۆدان و خۆھێزی و ئافراندنەوە.
ئیدی لەئاکامی تێکۆشانی شکۆدارانەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان و تەڤگەری پەکەکە و خودی گەلی کوردستان نموونەی تاک و کۆمەڵگایەکی نوێ و ھاوچەرخ ئافرێنرا، تا ئاستێکی بەرزیش توانیویەتی قۆناخی “بەگەلبوون” و “بەنەتەوەبوون” ببڕێت و بەڕادەیەک بتوانێت خۆی ئاوێتەی فەلسەفەی ئازادی بکات و بەجورئەتەوە بێژێ:” ئەگەر ژیانێک ھەبێت با بەئازادی و بۆ ئازادی بێت، ئەگەر مردنێکیش ھەبێت با ھەر بەئازادی و بۆ ئازادی بێت” و ببێتە نموونەی” گەلی سەرکەوتن”، ببێتە ناسنامەیەکی ئازاد بۆ خۆرھەڵاتی ناوینێکی نوێ، بۆ جیھانێکی نوێی ئازاد …
ئەمڕۆ گەلی کورد، تەڤگەری پەکەکە و ئۆجەلان لەھەموو کاتێکی دیکە زیاتر بەکاریگەرتر، تۆکمەتر، بەھیواتر و بەباوەڕتر و بەئیرادەترن، لەھەموو کاتێک زیاتر پەیوەستی یەکدی و پەیوەستی ئازادین، ئەمڕۆ گەلی کورد لەرووی چۆنایەتییەوە گۆڕان و وەرچەرخانێکی مەزنی بەخۆیەوە بینیوە و بانگەشەی ئازادیخوازانەی خۆی لەھەر کاتێکی دیکە زیاتر بەرزتر و بەھێزترە.
تێبینی: ئەم پانۆڕامایەی مێژووی پەکەکە تا ساڵی ٢٠١٠ی نووسراوە، لە داھاتوودا ئەو چەند ساڵەی دیکەش دەنووسینەوە.
حەسەن جودی

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …