Home / بەشی مێژووی كورد / سەرپێڵی زەهاو شارێکی لە بیرکراوی کوردی لە نیگارە تەمەن چوار هەزار ساڵەکەی ئانوبانینیەوە بۆ کتێبخانەکەی سەدەی سیانزەیەمی زاینی.

سەرپێڵی زەهاو شارێکی لە بیرکراوی کوردی لە نیگارە تەمەن چوار هەزار ساڵەکەی ئانوبانینیەوە بۆ کتێبخانەکەی سەدەی سیانزەیەمی زاینی.

13165988_838346732960045_437309367767863937_n

سەرپێڵی زەهاو شارێکی لە بیرکراوی کوردی لە نیگارە تەمەن چوار هەزار ساڵەکەی ئانوبانینیەوە بۆ کتێبخانەکەی سەدەی سیانزەیەمی زاینی.
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
بەهۆی بەڵگە مێژووییە نوێکانەوە هاتنی تورک و عەرەب بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوونە، بۆیە زەحمەتە بتوانرێت ڕاستیەکانی هاتنی عەرەب و تورک بشارێتەوە، ئەوە فارسەکانە کە تۆزێک پێش ئەوان هاتوون و بۆ سەدان ساڵە توانیویانە زۆر لە ڕاستیە مێژووییەکان لە بەرژەوەندی خۆیان بگۆڕن. لە ڕاستیدا کە ڕوو دەکەیتە هەر ناوچەیەکی کوردستان و تۆزێک دەچیتە قوڵایی لایەنی مێژوویەوە، بۆت دەردەکەوێت کە چۆن کورد لە مێژووی خۆی دابڕێنراوە.
یەکێک لەو ناوچە گرنگە مێژووییانەی کوردستان کە ڕۆڵیکی گەورەی لە مێژووی کوردستاندا هەیە، ناوچەی کرماشانە. ناوچەی کرماشان بە گشتی ناوچەیەکی دێرین و گرنگی میدەکان بووە و ئەمڕۆ لە باخەڵیدا بەشێکی گرنگی مێژوو و فەرهەنگی کوردی پاراستووە. لە ناوچەی کرماشاندا شارۆچکەی سەرپێڵی زەهاو هەیە، کە یەکێکە لە شارۆچکە گرنگەکانی ئەو ناوچەیە.
سەرپێڵی زەهاو نزیک قەسری شیرینە و لە سنووری دەستکردی ئێران/ئێراقەوە نزیکە بە تایبەت لە خانەقین و کەلارەوە. ئەو شارۆچکەیە مێژووەکەی زۆر دێرینە، بەڵام وەک بەڵگە یەکەم جار لە مێژوودا نزیکی دوو هەزار و هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر بە ناوی (خەڵمانو/خاڵمانو) لە تێکستی ئاشوریدا ناوی هاتووە. ئەمڕۆ بێ سەرچاوەی زیاتر مانای ناوەکە نازانرێت، بەڵام ناوەکە لەژێر کاریگەری سروشتی زمانی کوردیدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. لە زمانی کوردیدا زۆرجار پیتی (م) دەکرێتە (و). بۆ نموونە زاما/زاوا، کەمان/کەوان، جمێن/جوێن، نام/ناو…. بەو جۆرە “خەڵمانو” گۆڕاوە بۆ “خەڵوان” و دواتر “هەڵوان/هەڵوەن/ئەڵوەن”. سەرچاوە ئیسلامیەکان ناوەکەیان لە کوردەوە وەرگرتووە و کردوویانەتە “حلوان”.
ئەو ناوچانە لە سەرەتای تۆماری مێژووەوە لە ژێر دەسەڵاتی لۆلۆبیەکاندا بووە و دواتر ناوچەیەکی گرنگی میدی بووە و کاتێک کە موسوڵمانەکان سوپای ساسانیان شکاند، ماوەیەک یەزدەگری دوایەمین پادشای ساسانی، پەنای بۆ شاری هەڵوان برد و دواتر لە نزیکی ساڵی ٦٣٨ ز دا موسوڵمانەکان ئەو شارەیان داگیرکرد. بە درێژایی سەردەمی ئیسلام، هەڵوان بەشێکی گرنگی ناوچە کوردیەکان بووە و لەژێر دەستی دەوڵەتە کوردیەکانی حەسنەوی و ماوەیەک لە ژێر دەسەڵاتی عەنازیەکاندا بووە و هەر ئەو دەوڵەتە کوردیەش ناوەندی دەسەڵاتەکەی بردە ئەو شارەوە. ئەم شارە لە سەدەی شەشەمی زاینیەوە ناوەندێکی گرنگی ئاینی کریستیانیش بووە و ڕۆڵی هەبووە لە بڵاوکردنەوەی ئەو ئاینە لە ناوچەی میدیای دێریندا. لە سەرچاوە کریستیانەکاندا، ئەو شارە لە سەدەی پێنجەمی زایینەوە بە شارێکی ناو (بیت مەدایێ/وڵاتی میدیا) ئاماژی پێکراوە و کۆمەڵگەی کریستیانی تێدا بووە. لە ساڵی ١٢٥٧ ز دا وەک زۆر شارەکانی تری کوردستان و ناوچەکە، هۆلاکۆ ئەو شارەشی گرت. شەرەفخان لە کتێبی شەرەفنامەدا وەک ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی کەڵهوڕەکان ئاماژەی پێکردووە. بەو جۆرە ئەو شارۆچکەیە شوێنێکی گرنگی هەبووە لە مێژووی ناوچەکە و کورد دا. وێنەی کتێبخانەیەکی سەدەی سیانزەی ئەو شارە کوردیە (بڕوانە وێنەکەی دەستی ڕاست) بە ڕوونی ئاستی فەرهەنگیی ئەو شارە دەردەخات کە هەر وەک لە وێنەکەدا دەردەکەوێت، خەڵکانێک سەرقاڵی کتێب خوێندنەوەن و لە تاقەکانیشدا ژمارەیەکی زۆری کتێب دەبینرێن و لە هەمان کاتیشدا دیزاینی کتێبخانەی شارێکی کوردی ئەو سەردەمەمان بۆ دەکەوێتە ڕوو.
جگە لەوانە سەرپێڵی زەهاو، شوێنی چوار نیگاری هەڵکەندراوی سەر بەردە و هەندێکیان لەلایەن لۆلۆبیەکانەوە لەو ناوچەیەدا هەڵکەندراون. گرنگترین و ڕوونترینیان نیگارە هەڵکەندراوەکەی ئانوبانینیە (بڕوانە وێنەکەی دەستی چەپ) کە تێکستی لەگەڵدا بووە و لە جەنگی ئێران- ئێراقدا هەندێک زیانی پێ گەیشتووە. زۆربەی سەرچاوەکان تەمەنی ئەو هەڵکەندراوەی ئانوبانینی بە زیاتر لە چوار هەزار ساڵ دەخەمڵێنن. بەداخەوە نیگارەکانی تر هێندەی ئەوەی ئانوبانینی ڕوون نین. هەر وەک لە وێنەکدا ڕوونە، ئانوبانینی وەک پادشایەکی سەرکەوتوو، دوژمنێکی لە ژێر پێدایە و کۆمەڵێک دیلی باڵ بەستراو لەوێنەکەدا دەردەکەون لەگەڵ خودای ڕۆژ و خودایەکی مێیە لە دەستی ڕاستی نیگارەکەدا. ئەم نیگارەی ئانوبانینی هاوبەشیەکی زۆری لەگەڵ نیگاری پادشا “ئیدین سینی” ی ناوچەی بتوێن/ڕانیە/سلێمانیدا هەیە.
ئەوەی کە مایەی سەرنجە نزیکی دوای هەزار و پێنج سەد ساڵ لە هەڵکەندنی ئەو نیگارە، داریوشی پادشای فارس لە ژێر کاریگەری نیگاری پادشای لۆلۆبیدا نیگارێکی لە بێستون هەڵکەندووە. زۆربەی سەرچاوەکان ئاماژە بەو هاوبەشیە دەکەن و بەراوردی نیگارەکان ئەو بۆچوونە دووپات دەکاتەوە کە داریوش لە ژێر ئەو کاریگەریەدا ئەو نیگارەی بۆ هەڵکەندراوە. دەبینرێت بە هەمان شێوە دیلە باڵ بەستراوەکان و دوژمن لە ژێر پێدا و لەجێی خودای ڕۆژ، ئاهورامەزدای بۆ دانراوە. نەک هەر ئەو نیگارانە، لە ڕاستیدا چەندین نیگار لەو ناوچەیەدا هەن و هەموو نیگارە دێرینەکانی وڵاتی بە ناو ئێران، لە ڕۆژئاوا (وڵاتی کوردان) ی ئەووڵاتەدا کێشراون و سەرپێڵی زەهاو/کرماشان، پشکێکی گەورەیان لەوەدا هەیە.
سەرپێڵی زەهاو شارێکی گرنگی کوردی/میدیە و بە درێژایی مێژووش ڕۆڵیکی فەرهەنگی گەورەی هەبووە و ئەو ڕۆڵەی هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە لەوەی کە شارستانیەت لە ڕۆژئاوا (کوردستان) وە بەرەو ئێران چووە و شوێنی نیگارە هەڵکەندراوەکان و ئەو شوێنەوارە مێژووییانەی کە سەرەتای نیشتەجێبوونی مرۆڤیان لەو ناوچانەدا تێدا دۆزراوەتەوە، ئەو ڕاستیە دووپات دەکاتەوە کە شارستانیەت لە وڵاتی کوردەوە چووە بۆ وڵاتی ئێران نەک بە پێچەوانەوە. سەرپێڵی زەهاو یەکێکە لەو شارانەی کە ئەو بۆچوونە پشت ڕاست دەکاتەوە.
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
تێبینی:
– وێنەکان لە راستەوە وێنەی کتێخانەیەکی سەدەی سیانزەی شاری سەرپێڵی زەهاوە. وێنەی دووەم هەڵکەندراوەکەی داریوشە لە بێستون و وێنەکەی لای چەپ نیگاری هەڵکەندراوی ئانوبانینیە. – ئەم بابەتە بە هیچ شێوەیەک بە مێژووی ئەو شارە دێرینە لە قەڵەم نادەم. ئەمە زیاتر ئاوڕدانەوەیەکە لە گرنگی مێژوویی ئەو شارە و هەوڵێکە بۆ بەبیرهێنانەوەی شارێکی لەبیرکراوی کوردی.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …