Home / بەشی مێژووی كورد / نالی کەی کوردستانی جێ هێشتووە؟

نالی کەی کوردستانی جێ هێشتووە؟

53347679_393769981171369_6924910976911278080_n

نالی کەی کوردستانی جێ هێشتووە؟

ئوسامە حەسیب

زۆربەی بۆچوونەکان پێیان وایە، کە نالی لەگەڵ تێکچوونی دەسەڵاتی بابانەکان، سلێمانی بەجێ هێشتووە، تەنانەت مەسعود محەمەد باوەڕی وایە (نالی لەنێوان ساڵی ۱۲٥٤ک کە مەرگی سلێمان پاشای تێدا بووە و ساڵی ۱۲٦۱ک کە حوکمی بابان بەسەرچووە، ڕۆیشتووە بۆ حەج، ئیتر بەر لەوەی توانیبێتی بگەڕێتەوە کارەساتی نەمانی حوکمی بابان ڕوویداوە، هەر بەم لێکدانەوەیەم وادەزانم چوونەکەی نالی بۆ حەج دەبێ بایی خایاندنی یەکجار حەج کردن بووبێت پێش ڕووداوەکەی ۱۲٦۱ک، چونکە ئەگەر نالی چەند ساڵێک پێش ڕووداوەکە چووبایە حەج، دوای بەسەر چوونی حەجەکە گورج دەگەڕایەوە بۆ سلێمانی. وا دیارە هەر لەسەروبەری خەریک بوون بە حەجەکەوە قەدەر لە کارسازی میرایەتی بابان بۆتەوە و ڕێی گەڕانەوەی نالی بۆ سلێمانی بەستووە.) ئەم شڕۆڤەیەی مامۆستا مەسعود محەمەد ئەگەرچی خۆی پێی وایە (لە لێکدانەوەیەکی ڕووت بەولاوە چ بەڵگەیەکی مادی بێ دەمەتەقێمان لانیە ئەم بۆچوونەی من بسەلمێنێ، بەڵام بۆچوونەکە زۆر ڕێک دێت لەگەڵ مەنتقی ڕووداوەکان و ئەو مێژووانەی گومانیان تێدانیە). لێ ئەوەی مامۆستا دەڵێ پێچەوانەی بەڵگەکانە، چونکە نالی ئەو کاتەی بەرهەمەکەی بۆ ئەستەمبۆڵ نێردراوە لە (۲۳ی محەڕەمی ۱۲٦۳) بووە کە دەکاتە (۱۸٤۷/۱/۱۱)، ئەمە چەند ئەگەرێک لە خۆ دەگرێت: ۱-نووسراوەکە تەنیا لەلایەن وەزارەتی دارایی، یان فەرمانگەی دارایی نووسراوە و ئاماژە بەوە نەکراوە کە لەموسڵەوە هاتووە، کە ئەو کات ویلایەت بووە و سلێمانیش سەر بەو ویلایەتە بووە، چونکە ئەگەر نووسراوەکە لە موسڵەوە هاتبا، ئەوا نیشانەی ئەوە بوو نالی لەم مێژووە هێشتا لەکوردستان بووە. کە دەکاتە دوو ساڵ دوای ئەو مێژووەی مەسعود محەمەد باسی دەکات، واتە لە ساڵی ۱۸٤۷ نالی هێشتا سەفەری نەکردووە. ۲- ئێمە پێمان وایە ئەم کتێبە کەچەند ساڵێک پێش ئەم مێژووە نووسراوە، چونکە باس لە پلەو پایەی مەقامی خەلافەتی عوسمانی دەکات و ناشێ لە گەرمەی نزیک بوونەوەی ڕووخانی میرنشینی بابان لەلایەن عوسمانیەکانەوە، نالی بەم جۆرە ستایشی ئەوان بکات، چونکە ئەوە پێچەوانەی شعرەکەشیەتی کە بۆ سالمی ناردووە و لەحاڵی سلێمانی دەپڕسێت. ۳-لەم مێژووەدا ئەسعەد ئەفەندی کە نەقیبولئەشراف بووە و تەذکیرەی بۆ کتێبەکەی نالی کردووە، ئەو کاتە لە ئیستەنبوڵ بووە و نزیکەی چوار هەزار کتێبی کۆکردبووە و سەرپەرشتی دەکرد و دەیپاراستن و لەو وەزیفەیەدا بووە و تا ساڵی ۱۸٤۸ک کۆچی دوایی کردووە. ٤-ئەگەرێکی دیکە هەیە لەم مێژووەدا نالی لە ئیستەنبوڵ بووبێ و خۆی ئەم کتێبەی گەیاندبێتە دەستی ئەسعەدەفەندی و ئەسعەدەفەندیش وەک نێوەندگیرێک کارێکی بۆ کردووە و هەوڵی داوە پاداشتی بۆ وەربگرێت، لە بەڵگەکەشدا هیچ ئاماژە بەموسڵ و دەرەوەی ئیستەنبوڵ نەکراوە کە نووسراوەکەی لێوەهاتبێت، بەڵکو جەختکردنەوەیە لە نووسراوەکەیی نەقیبولئەشراف ئەسعەدەفەندی کە لە ئیستەنبوڵ نیشتەجێ بووە. ٥-نالی لەم ڕێککەوتەی کە ئەم نامەیەی تێدا نووسراوە، حەجی نەکردووە، واتە هێشتا نەچووبووە حەج، بە بەڵگەی ئەوەی لە بەڵگەکانی دیکەدا ناوی بەحاجی دێت و لەم بەڵگەشدا پەیڤی حاجی بۆ بەکارنەهاتووە. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە نالی ئەگەر لە سلێمانیش نەمابووبێت، هێشتا سەفەری بۆ حەج نەکردووە. ٦-ئەگەرێکی دیکە هەیە کە لەتەزکیرەکەی ئەسعەدەفەندی وەسفی نالی بەزانا و خاوەن پلەو پایەو سلێمانیی ڕەسەن کراوە، ئەوەی لێ دەفامرێتەوە کە نالی لەکوردستان بووبێت و ئەم نووسراوەش لەسەر بنچینەی نووسراوی کاربەدەستانی شارەزوور و موسڵەوە نووسرابێت، چونکە لە بەڵگەکانی مەککە دا ئەو وەسفە وردە ناکرێت و باسی سلێمانیی بوونی ناکرێت. وەک ئەوەیە کاربەدەستانی موسڵ بۆ ئەوەی شوێن و پێگەی نالی بۆ سەروو خۆیان دیاری بکەن، ئەو وەسفەیان کردووە. ئەمانەی سەرەوە هەموویان ئەگەرن و لەڕاستی نزیکن، بەڵام چونکە بەڵگەی یەکلاییکەرەوەمان لەبەر دەست نین، تەنیا ئەو ئەگەرانەیان لێ هەڵدەکرێنین و بەڵکو لەمەودوا بە دۆزینەوەی بەڵگەی دیکە، ئەم تەم و مژە لابکەوێت. سەرچاوە: نالی لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا (چەند زانیاریەکی تازە). نووسینی: هێمن عومەر خۆشناو

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …