Home / بەشی مێژووی كورد / کێ مامۆستا ونمونەی باڵا بووە لای نەوشیروان مستەفا؟

کێ مامۆستا ونمونەی باڵا بووە لای نەوشیروان مستەفا؟

کێ مامۆستا ونمونەی باڵا بووە لای نەوشیروان مستەفا؟

FB_IMG_1495615701473

نوسینی:مجید ساڵح

جارێک لە کاتی سەردانی کردنی ماشەڵڵا شەمس ئەلواعزین بۆ لای کاک نەوشیروان زۆر سەرسام بوو بە فارسیەکەی.. وتی لای کێ فێری ئەم فارسیە جوانە بوویت.. وتی لای مامۆستا نەجمەدین مەلا.. پاش ماوەیەک لێم پرسی ئەو مەسەلەیە چۆن بوو، وتی لە کەشتی نۆحدا دەرسی فارسیم لای ئەو دەخوێندو ئەو رێنوسەشی کە پێی دەنوسم هەر ئەو فێری کردوم.. نەجمەدین مەلا سادە ژیا و بە سادەیی مرد و لە دارایی دونیا هیچی نەبرد لە گەڵ خۆیدا.. چیرۆکی ئەو مامۆستا و قوتابیە زۆر دەهێنێت، لە داهاتوودا بەدرێژی باسی دەکەم.. بەڵام خراپ نییە بەم بۆنە غەمگینەوە یادێکیش لەو پیاوە گەورەیەی کورد بکەینەوە:

 

نەجمەدین مەلا

 

نەجمەدین مەلا، كوڕی مەلا غەفوری مەلا عەلی مەلا ئیبراھیمە لەكاتی دروستكردنی شاری سلێمانی و گەشەداری فەرمانڕەوایی بابانییەكان دا لەسەر خواستی “ئیبراھیم پاشا” باپیرە گەورەی لە قەڵاچوالانەوە ھاتۆتە سلێمانی و بووە بە مامۆستا لە مزگەوتێك دا. پاش جێگیربوونی ئەم بنەماڵەیە لە سلێمانی و پاشان لە ساڵی ١٨٩٨دا نەجمەدین مەلا لەدایكبووە كە ڕێكەوتی ساڵی ڕشانەوەكەیە ئەو ڕۆژە ڕەشەی بۆتە ھۆی مردنی زیاتر لە ھەزارەھا ڕەششوڕووتی ئەم ناوچەیە سەرەڕای دەربەدەركردنی دانیشتوان بەرەو دێھاتەكان، ھەر ئەمەش مەلا غەفوری ناچاركرد كە خۆی و خاوو خێزانی رووبكەنە دێی (ڕەشەكان.)

 

نەجمەدین مەلا، خوێندنی لەلای “حاجی مستەفای قازی” ھەروەھا لەلای باوكی و پاشان لە سلێمانی و لە ساڵی ١٣٣٠ی كۆچی لەو قوتابخانەیەدا خوێندویەتی كە “سەفوەت یەكی تورك” كردبوویەوە لە سلێمانی و بە پلەی یەكەم دەرچووە.

مامۆستا نەجمەدین مەلا حەزی لە ژیانی موچەخۆری نەكردووە بۆیە ماوەیەك بەبێئیش‌و ماوەیەكیش بە نوكی پاچ‌و خاكەناز تەمەنی ھەرزەكاری بەسەربردووە.

 

مامۆستا نەجمەدین، لە سلێمانی حوجرەیەكی لەشێوەی خوێندنگەیەكی تایبەتی دا كردۆتەوە بۆ فێركردنی خوێندەواری. ھەر لەم حوجرەیەش دا كە ناوی نابوو (كەشتیی نوح) كتێبخانەیەكیشی دامەزراندبوو، كتێب و رۆژنامە ‌و بڵاوكراوەكانی ئەو سەردەمەی تێدا ئەفرۆشت. لەم حوجرەیەوە نەجمەدین مەلا نزیكەی حەوت ھەزار كەسی لە نەخوێندەواری ڕزگار كرد و ژمارەیەكی تریشی فێری زمانی فارسی كردووە.

 

نەجمەدین مەلا ھەروەكو زۆر لە ڕۆشنبیران و ئەدیبان بەر لافاوی نەھامەتی ڕۆژگارو كارەساتی جەرگ بڕ ھاتووە، لە ھێرشی توركە عوسمانییەكان دا بۆ سەر كوردستان “عەبدولمەجید”ی برای كە زۆر زاناو زیرەك بووە توركەكان لەگەڵ قوتابی و فەقێ‌یەكی تر گرتیانن و ڕەوانەی شاری (حەلەب)یان كردن. باوكیشی ھەر بەو داخەوە لە ساڵی ١٣٣٣ی كۆچیدا سەرینایەوە.

 

مامۆستا نەجمەدین مەلای خێرنەدیو حەزی لە مەلایەتی نەكردووە، زۆربەی ژیانی بە وانەوتنەوە لە قوتابخانەكەی دا بەسەربردووە، ھەرچەندە ماوەیەكیش لە (ڕانیە) موچەخۆری دەوڵەت بووە.

 

سەبارەت بە ژنھێنانی ھەندێك ئەڵێن ژنی نەھێناوەو بەڵگەشیان بۆ ئەمە لەوەدایە كە لە دەستنووسەكانی مامۆستا نەجمەدین دا ناوی نەھاتووە بەڵام لە ڕاستیدا ژنی ھێناوەو ھەتا كچێكیشی لێی بووە، بەڵام بە جوانەمەرگی سەریناوەتەوە، زۆری نەبرد پاش كۆچیدوایی كچەكەی مامۆستا نەجمەدین مەلا دەستی لە فاتمە خانی ژنی ھەڵگرت و لێی جیابووەوە.

 

سەرەتای ئەركی ماندوبوونی لە تەك ڕۆژنامەو گۆڤارەكان دا دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی ساڵی ١٩٢٦ی زاینی ھەروەك مامۆستا گیوی موكریانی دەڵێت: ((لە ساڵی ١٩٢٦ی زاینی دا كە ئێمە لە سوریاوە ھاتینە بەغداو لەوێشەوە چوینە ڕەواندوز گۆڤاری (زاری كرمانجی)مان پەخشدەكرد پێداویستیمان بەوە ھەبوو كە لە ھەموو لایەكەوە خوێندەوارو لاوە دڵسۆزەكانمان بە ناردنی ھەڵبەست و شوێنەواری وێژەیی لای خۆیان یارمەتیمان بدەن، لەو لایەنەوە مامۆستا “شاكر فەتاح” و “مامۆستا نەجمەدین مەلا” زۆر یارمەتیان داین، كە ئەو تواناو پشووە درێژەمان بە مامۆستا نەجمەدین دەدی لەڕووی ئەوەوە قوتابی نەبوو بێكاریش بوو وا لەگەڵیا ڕێكەوتین كە ئەو ھەڵبەست و بەسەرھاتی گشت بوێژەكانی سلێمانی-مان بۆ كۆبكاتەوەو لە بەرانبەر ئەو پیاوەتییەدا ئێمەش ھەرچییەكی چاپ بكەین چەند بەرگێكی پێشكەش بكەین كە بۆ خۆی بیان فرۆشێ و ئاتاجی خۆی پێ لەناو بەرێت)).

پاشان لە ڕۆژنامەی “ژین”دا سەدەھا شاعیری بە كورتەی ژیان و خەرمانێك لە ھەڵبەستەكانی لەژێر ناوی (شاعیرە بەناوبانگەكەمان) و گۆشەی (مەتەڵ) ئەو مەتەڵانەی كە نەك تەنھا زاخاوی بیرئەدەن بەڵكو دەروونە سوتاوەكانی بە وشەی ڕەنگین قارەمانان و زاناو سوارچاكان و شوێنەوارەكانی كوردستان ئاو ئەداو ھەڵبەستێكی ناسكی بۆ ئەكردنە قوربان.

 

مامۆستا نەجمەدین مەلا لەپاش كۆچیدوایی خۆی ھیچی لەپاش جێنەما تەنھا مۆزەخانەیەكی لە ڕووخسارا سەیرو بە ناوەڕۆك گەورە و بێپایانی بەجێھێشت ئەوەی لەپاش بەجێما یاداشت و یادگاری ڕابردوومانە.

 

مامۆستا نەجمەدین دەسەڵاتێكی گەورەی ھەبووە لە كۆڕی شیعریش دا ئەسپی خۆی تاوداوەو چەند پارچە ھەڵبەستێكی نووسیوە كە یەكێكیان بە بۆنەی لافاوەكەی ساڵی ١٩٥٧ ی شاری سلێمانی و لە تەك ھەڵبەستێكی تردا كە باسی ھەر چوار كەشەكە ئەكات، ئەمانە ھەمووی لە ژین دا بڵاوبوونەتەوە، ئەمەش نموونەی شیعرێكیەتی كە لە دیوەخانی “تاھیر بەگی شاعیر”دا وتویەتی:

 

ئەی پیاڵە گێڕی مەجلسی تۆ گووسی نەوزەڕی

كەی خوسرەوی زەمانی یا جەمشیدی كیشوەری

 

تەندووری دڵ بە ئاگری غەم جۆشی سەندووە

بەزمم دەمێكە ساردە لەبەر بێ سەماوەری

 

بەر لە ڕۆژنامەی ژین لە (ڕۆژی نوێ) ش دا مامۆستا نەجمەدین مەلا (دیوانی كۆڕی زانیاری) بڵاوكردۆتەوە كە باسی كەڵك‌و سودی ھەندێك ڕووەك ئەكات. لە بواری پزیشكی دا كە بە دەرمانی كوردەواری ناو ئەبرێت. تەنانەت ھەوڵیداوە ئەو دەرمانە كوردەواریانە لە قاڵبی ھۆنراوەدا دابڕێژێت تا بچنە سەر زاری خەڵكی و لە مردن و لەناو چوون بیانپارێزێت.

 

ھەڵبەت مامۆستا نەجمەدین مەلا زۆر چاك زانیویەتی كە دەردی نەخوێندەوارییە كە میللەتی ئێمەی كۆڵەوارو دواخستووە لەو جیھانە فراوانەی زانستدا زۆر بە گەرمی و بە كوڵەوە پێشوازی قوتابیانی كردوەو ھەموو ڕۆژی تا پاش نوێژی خەوتنان لە قوتابخانەكەی (كەشتی نووح) وانەی بە قوتابییەكانی وتۆتەوە، ھەتا قوتابییەكانی لاببوایە میوانی ھەرگیز قبوڵ نەكردوە جا ئەگەر میوانێكی دەستبەتاڵی ببوایە دیارە مامۆستای پەستكردووە.

 

نەجمەدین مەلا وەكو ھەر كوردێكی دڵسۆز ئامانجی شەكاندنەوەی ئاڵای سەربەخۆیی میللەتەكەی بووە بۆیە ھەمیشە ھانی كوردانی داوە بۆ یەكگرتن .. تەنھا وەسیەتەكەی بەسە بۆ ھەموو ئەو كەسانەی تا ئێستاش لە نەجمەدین مەلاو لەبیری مامۆستا تێنەگەیشتون.

 

بێگومان وەسیەتەكەی نەجمەدین مەلا ھاتەدی پاش كۆچیدوایی خۆی و مۆركردنی بەیاننامە مێژوویەكەی ١١ی ئازاری پیرۆزی ساڵی ١٩٧٠ كە لەسەر خواستی خۆی لە گردی سەیوانەوە بەرەو ئەزمڕ لە رێورەسمێكی مەزندا بەڕێخرا (تۆش داخوازییەكت ھەبوو كە (ئەزمڕ) بێت بە ئارامگەو جێگات! داوات كرد بخرێیتە باوەش ئەزمڕی لووت بەرزی سەر بڵند بۆ ئەوەی ھەمیشە چاوت لە كاژاوی گەردن كەش‌و پیرەمەگرون و سوركێو و مەرزی بابان، قەڵاچوالان و ئالان و سلێمانی قارەمان و شارەزوور و ھەورامان بێ).

مامۆستا نەجمەدین مەلا، بەدەست و خەتی‌ خۆی‌ دیوان و بەرھەمەكانی‌ گەلێ‌ شاعیری‌ پاراستووە لەوانە دیوانەكانی‌ حەمدی‌ و مەولەوی‌ و سالم و نالی‌ و كوردی‌، گەلێ‌ كەشكۆڵ و دەستنووسی‌ دانسقە‌شی‌ لەپاش بەجێماوە كە ئێستا بوونەتە سەرچاوەی‌ لێكۆڵینەوە‌ زانستییەكان لە بواری ئەدەب و مێژووی كورددا.

 

رۆژی‌ ٢٣/ ٤/ ١٩٦٢ ھەر لە حوجرەكەی‌ خۆیدا و بە بێكەسی‌ كۆچیدوایی‌ كرد. لەسەر وەسیەتی‌ خۆی‌ ولە هەفتاکاندا تەرمەكەی‌ بە دەم لێدانی دهۆڵوزوڕناوە برایە چیای‌ ئەزمڕ و جارێكی تر بە ‌خاك سپێردرایەوە. ئەو کەشتیەی کە ئێستا لە سەر چیای ئەزمەڕە ئارامگەی ئەو مامۆستایەیە کە کاک نەوشیروان هەمیشە بە گەورەیی ناوی دەهێنا..

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …