Home / بەشی مێژووی كورد / بیرۆکەی ئیسلامگەرایی سولتان عەبدولحەمید و کاریگەری لەسەر بوژانەوەی بیری نەتەوایەتی کورد به‌شی4- 4

بیرۆکەی ئیسلامگەرایی سولتان عەبدولحەمید و کاریگەری لەسەر بوژانەوەی بیری نەتەوایەتی کورد به‌شی4- 4

esh2535_3

.

 

بیرۆکەی ئیسلامگەرایی سولتان عەبدولحەمید و کاریگەری لەسەر بوژانەوەی بیری نەتەوایەتی کورد

 

به‌شی 4- 4

شاسوار هەرشەمی..

سەرەنجامی کارەکانی سوڵتان عەبدولحەمید لە کوردستانی عوسمانیدا

ئەگەر سەرەنجامی کارو کاریگەریەکانی سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمید، لانی کەم لە کوردستانی ژێر دەستی تورکان، (ئەوەی کە ئەمڕۆ بە سێ پارچه‌که‌ی، باکور، باشور و ڕۆژئاوا ناودەبردرێن) پوخت بکەینەوە، ئەوا من ئەو کاریگەریانە، یان کاریگەریە قوڵ و سەرەکیەکان، لەم چوار خاڵەدا دەبینم :

١- بە ھۆی کردنەوەی مەدرەسەی عەشایەری لە ئەستەمبول، کە خودی سوڵتان لە نزیکەوە ئاگاداری ڕاپەراندنی کارەکانی ئەو فێرگەیە بوو، ھەروەھا بە ھۆی کردنەوەی ژمارەیەکی زۆرتری فێرگە، بە تایبەت فێرگەکانی روشدیەی سەربازی، لە زۆرێک لە شارەکانی کوردستاندا، ژمارەیەکی بەرچاو و دیار، لە لاوانی گۆشە و کەناری جۆراو جۆری کوردستان، بە خوێندنی ھاوچەرخ ڕاھاتن و چاویان کرایەوە. ئەوانە ئەو کەڵە مرۆڤانە بوون، کە دواتر کەوتنە جموجۆڵ و چالاکی نواندن، لە بوارە جۆراو جۆرەکانی، وەک دروستکردنی حیزب و ڕێکخراوی سیاسی، پێکھێنانی ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی و دیموکراتی، ڕێکخراوی خێرخوازی، ھەروەک دەرکردنی گۆڤارو ڕۆژنامە، نوسینەوەی مێژوی کوردستان و، نوسینی ڕێزمان و ئەدەبی کوردی و..ھتد. زۆرێک لەوانە، توانیان لە قۆناغی جیاجیادا ڕۆڵی ڕێبەری ببینن. ڕۆڵی گەورەی ئەو نەوەیە، لەوە دەرکەوت کە ئه‌وانیش دوای هه‌وڵ و کۆشانی به‌رده‌وامیان، توانیان نەوەیەکی گۆشکراوو خوێندەوار، لە دوای خۆیان پێبگەیەنن، تا درێژە بە ڕێگا سەختەکەی ئەوان بدەن.

ئەگەر سەیر بکەین، ھەموو ئەو کارە گرنگانەی، کە (بۆ یەکەمین جار) لە (کوردستان) ئەنجامدراون، ئەوا لە لایەن ئەو کەسانەوە بووە، کە پەروەردەی ئەو سەردەمەن، کە ڕیفۆرمەکانی سوڵتان، زەمینەی بۆ خۆش کردبوو. ھەر بۆ نمونە، چاوێک بخشێنە بە ناو و سەربوردەی ئەو پێشەنگانەی کە:

یەکەمین ڕۆژنامەیان بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە. یەکەمین ڕێکخراوی وشیارکردنەوە و فێرکردنیان بۆ کوردان دامەزراند. یەکەمین ڕێکخراوی سیاسی، یان حیزبی کوردیان دامەزراند، یەکەمین ڕێکخراوی ژنانیان دامەزراند. یەکەمین گۆڤاریان بە کوردی بڵاوکردەوە. یەکەمین چیرۆکیان بە کوردی نوسی، یەکەمین شانۆیان کردە کوردی. یەکەمین فێرگەیان بە زمانی کوردی کردەوە. یەکەمین کتێبیان بۆ ڕێزمانی کوردی نوسی. بۆ یەکەمین جار داخوازیەکانی خەڵکی کودستانیان، گەیاندە نێوەندە نێو دەوڵەتیەکان. یه‌که‌مین کوده‌تای سه‌ربازیان له‌ وڵاتێکی داگیرکه‌ری کوردستان و، هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست کرد و، زۆر یەکەمینی دیش، کە ناویان لە لاپەڕەکانی مێژوی کوردستان بە گەشی نوسراوە، ھەموویان پەروەردەی ئەو شوێن و سەردەمەن، کە سوڵتان عەبدولحەمید، بە مەبەستێکی دی زۆر جیاواز، کەژو ھەواکەی ئافراندبوو.

٢- بە ھۆی سیاسەتی ھاوئایینی سوڵتان عەبدولحەمیدەوە، جیاوازی کردن لە نێوان تورک و گەلانی دی موسوڵمانی وەک عارەب، کورد، لاز، چەرکەس، ئەلبان و بۆسنی، کەمتر و کاڵتر بووەوە. چەندان کەسایەتی کورد، توانیان بگەنە پلەی بەرزی بەڕێوەبەرایەتی و بەرپرسێتی، لە دەزگاکانی دەوڵەت و، له‌ ناو سوپاشدا، وەک والی، قازی، سەرلەشکر و ئەفسەری پلە بەرز و، تەنانەت وەزیر و ئەندامێتی پەرلەمانیش، که‌ پێی ده‌گوترا (ھەیئەتی مەبعوسان). چەند کوردێکی وەک شەریف پاشای خەندان، توانیان پۆستی دیپلۆماسی بەرز، لە وەزارەتی دەرەوەی عوسمانی وەربگرن. جگە لەوانەش، ژمارەیەکی دیار لە خوێندەوارانی کورد، بە تایبەت ئەفسەرانی سوپا و کوڕە میرەکان، بۆ فێربوون و مەشق کردن، ناردرانە وڵاتانی ئەوروپی. ئەمانە، درەنگتر و دوای ھەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی، گەڕانەوە کوردستان و، بوونه‌ ناوکی گه‌شانه‌وه‌ی بیری نیشتیمانی کوردی. ھەریەکە له‌وانه‌، بە ئەندازەی فێربوونی خۆی و، ئەو بوارانەی بۆی ھەڵکەوت، توانی ڕۆڵی ھەبێت، لە وشیارکردنەوەی خەڵک و، تەنانەت گێڕانی ڕۆڵی سیاسی و ڕۆشنبیریش. ژمارەیەک لەوانەی لە ئەوروپا خوێندبویان، سودیان لە فێربوونی زمانە ئەوروپیەکان وەرگرت و، چەندان کتێبی بە نرخیان، لە بواری جۆراو جۆردا، لە دوای خۆیاندا بۆ ئێمە بەجێھێشت. دەکرێ لەوانە ناوی موحەمەد ئەمین زەکی، ڕەفیق حلمی و تۆفیق وەھبی بەرین. یان ئەفسەرانی وەک مسته‌فا پاشا یاملکی، که‌ یه‌که‌مین کورد بوو، له‌ دادگایه‌کی سه‌ربازیدا، بڕیاری مه‌رگی بۆ سه‌رۆکی ده‌وڵه‌تێک (که‌ماڵ ئه‌تاتورک)ده‌رکرد. هه‌روه‌ها کۆلۆنێل بەکر سیدقی، که‌ یه‌که‌مین ئه‌فسه‌ر بوو له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، کوده‌تای کرد و، ویستی له‌ ڕێگای ده‌سته‌ڵاته‌وه‌، کوردستانی سه‌ربه‌خۆ دامه‌زرێنێت، و هێشتا زۆر ناوی ناسراوی دیش.

ئەو ڕۆشنبیرانەی کە پەروەردەی ئەو سەردەمە بوون، ھەر زوو توانیان لە ناو کۆمەڵگای ئه‌وسای کوردیدا، جێگای شیاو بۆ خۆیان دابین بکەن. ئەوانە ئەو کەسانە بوون، کە لە دوای شەڕی جیھانی یەکەمدا، لەلایەن خەڵکیەوە بە (منەوەران ) واتا (ڕۆشنگەران ) ناونراون. ناوێک پڕ بە پێستی ئەو ڕۆڵەیە بوو کە گێڕایان.

 

٣- بڕیارێکی دی مەزن، کە کاریگەریەکی قوڵی جیۆپۆلەتیکی لە دوای خۆیدا بەجێھێشت، چەکدارکردنی کوردان بوو، یان وردتر بڵێین، چه‌کدار کردنی ڕۆڵه‌کانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌ کوردانه‌ بوو، کە بە شێوەیەکی سروشتی، خۆیان زووتر لە پێکھاتەی خێڵ و ھۆز ڕێکخرا بوون. مەبەست ئەوانەن کە لە ڕێکخراوێکی نیوە سوپایی دا، بە ناوی (سوارەی حەمیدی) ڕێکخران، تا ناوچەکانی خۆیان بپارێزن. دیارە ئەو کارەی سوڵتان، لە چوارچێوەی بیرکردنەوەی ئیسلامگەرایی خۆیدا بووە، بۆ به‌ یه‌کڕیزی هێشتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ناو سنوری ده‌وڵه‌تی عوسمانی.

ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژھەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی، ھەمیشە دەکەوتنە بەر پەلاماری ڕووسه‌کان و، ھەمیشەش کەمایەتیە مەسیحیەکان، بەتایبەت ئەرمەنەکان، دەبوونە پێشقەرەوڵی سوپای ڕووس، بۆ کوشتن و دەرکردنی ئەو کوردانەی، کە زۆر پێش دەرکەوتنی تورکان و ڕووسه‌کان لە ناوچەکە، ئەوان ھاوسێی خۆیان بوون. واتا هاوسێی ئه‌رمه‌ن و ئاسوریان بوون. ڕۆڵی گرنگی سوپای، یان سوارانی حەمیدی، لە سەروبەندی شەڕی جیھانی یەکەمدا دەرکەوت. ناوچەکە دیسان کەوتەوە بەر پەلاماری له‌شکری ڕووسی. پەلاماری ئەوجارە، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ جاره‌کانی دی، ھەرە گه‌وره‌ و فراوان بوو. تێکڕای مەسیحیەکانی ناوچەکە، چونە پاڵ لەشکری ڕووس. (پتر مه‌به‌ست له‌ ئەرمەنەکان و ئاسوریەکانه‌ بە گشتی). لەشکری عوسمانی، کە لە ھەموو بەرەکانی شەڕ، بە توندی لە شەڕەوە گلابوو. لە توانایدا نەبوو بە تەنیا بەرگری لە ناوچەکانی باکوری ڕۆژھەڵات بکات. بەشێکی زۆری ناوچەکە، لە لایەن ڕووسه‌کانەوە داگیرکرا، بەڵام چەکدارانی خێڵە کوردیەکان، توانیان لە دۆڵ و شاخ و گوندەکانی خۆیان بمێننەوە و، بەرگری لە سەرو ماڵ و سامان و ناوچەکانیان بکەن. چەک بەدەست بوونیان، یارمەتیەکی گەورە بوو، تا توشی بە کۆمەڵ کوژران و، کۆچی بە کۆمەڵ نەبنەوە. ھەرچەندە بە ھەزاران کەسیشیان لێ کوژرا. ھەزارانی دیش، لە برسان و لە سەرمان، ڕەق ھەڵاتن و، گیانیان لە دەست دا. چیرۆکی جوڵه‌ و جموچۆڵی به‌رده‌وامی شکاکه‌کان، له‌ نێوان سه‌لماس و ورمێ، بۆ ئه‌و باره‌ ناسه‌قامگیره‌ی ده‌ڤه‌ره‌که‌یان، له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

من دڵنیام ئەگەر سوارانی کورد چەکدار نەبان، ئەمڕۆ مێژوی ناوچەکە، بە جۆرێکی دی زۆر جیاواز دەنوسرایەوە. ڕۆڵی چەکدارانی کورد، کە بەشی ھەرە زۆریان، چەکی سەردەمی سوارەی حەمیدیان لامابوو، لە دوای شەڕی جیھانیەوە، ھیچی لە ڕۆڵیان لە ساڵەکانی شەڕ، کەمتر نیە. بەشداری بێئاگایانەی چەکداری کورد، لە پاڵ لەشکری مستەفا کەمال ئەتاتورک، لە شەڕەکانیدا لە دژی ھێزی ھاوپەیمان و یۆنانیەکان، زۆر بە قازانجی کوردان شکایەوە. ئەگەر کورد لەو سەردەمەدا ھەر ھەڵوێستێکی دی بنواندبایە، تەنانەت ئەگەر بێ چەک و بێ وەی و بێلایەنیش بوەستابایەن، ئەوا لانی کەم بوار خۆش دەبوو، تا باکوری کوردستان بکەوێتە بەر، بەرەنجامی خاڵ و بەندەکانی ڕێککەوتننامەی سێڤر (سیڤەر). بە گوێرەی ئەو بەندانە، تەنیا باکوری کوردستان، کرابووە پێنج پارچە. ھەندێک لەو پارچانە، بۆ ھەمیشەش لە کوردستان دادەبڕێندران. (سەیری گوتارێکی دیمان بکە، بە ناوی “سیڤەر، کارەساتێک کە بەدی نەھات”). لەوانەیە ژمارەیەکی یەکجار کەم، یان ھیچ یەکێک لەو چەکدارە زۆرەی کورد، کە دابویانە پاڵ لەشکری مستەفا کەمال ئەتاتورک، نەیانزانیبێت کە ئەوان بەو کارانەیان، پیلانێکی گەورەی ھاوپەیمانان لە گۆڕ دەنێن و، وڵاتەکەیان لە داگیرکردن و کۆلۆنیال کردن و دەست بەسەر داگرتن و بەخشینەوە دەپارێزن. ئەوان بە کورت و کرمانجی، کەوتبوونە ژێر کاریگەری پڕوپاگەندەی ئیسلام و، وایان دەزانی ئیسلام لە ھەڕەشەو مەترسی دایە و، دەبێ بۆ ڕزگارکردنی بچنە غەزا. ھەندێ لە ڕوناکبیرانی ئەو سەردەم، سەریان لە بارودۆخەکە دەردەچوو. ئەوانە ھەوڵی زۆریان دا، تا بارەکە بەرەو پێشتر بەرن و، مافەکانی گەلەکەیان دەستەبەر بکەن. بەڵام ئەوان ھەموویان کەوتنە بەر ئاگری ڕقی ئەتاتورک و پان تورکیستەکان. ئه‌وان زۆریان گیانیان لەدەستدا، یاخود ئاوارەی شام و لوبنان و وڵاتانی دی بوون.

ئەو دەستکەوتانەی کە خۆیان لە (یەک پارچە) مانەوەی باکوری کوردستان و، بە کوردی مانەوەی ئەو بەشەی کوردستان دەبینیەوە، بە خوێن و بەھایەکی یەکجار گەورە بەدەست ھاتن. جگە لەوەی کە بە ھەزاران کورد، شان بەشانی لەشکری ئەتاتورک شەڕیان کرد و گیانیان لە دەست دا. ژماره‌یه‌کی دی لەوەش پتر، دوای خۆسەپاندنی ئەتاتورک تیاچوون. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌، که‌ دوای بڕانه‌وه‌ی شه‌ڕ، بە دەستی لەشکرەکەی وی بوو، ژمارەیەکی یەکجار زۆر کورد کوژران و ڕاگوێزران.

 

٤- یەکێکی دی لەو کاریگەریە قوڵەی کە سوڵتان عەبدولحەمید، بە ھۆی ھەڵوێست و سیاسەتە ئیسلامگەراییەکەیەوە، بەسەر کۆمەڵگای کوردستانی بەجێھێشت، بەھێز کردن و سەپاندنی سیسته‌می شێخایەتیە، پێش ھاتنە سەرکاری عەبدولحەمید و، لە سەردەمی میرایەتی میرنشینە کوردیەکان، ئەوە پتر مەلاکان بوون، کە لە دیوەخان و دەرباری میران، ڕێزو پلەو پایەیان ھەبوو. شێخان وەک تاک، لە زۆر شوێنی کوردستان ھەڵکەوتون و، کاریگەری زۆریان بەسەر دەورو بەریانەوە بەجێھێشتووە. به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ وه‌ک تاکه‌ که‌س و، به‌هۆی کاریزمای که‌سایه‌تی خۆیانه‌وه‌ بووه‌، که‌ توانیویانه‌ شوێن په‌نجه‌ به‌سه‌ر ڕووداوه‌کاندا دابنێن. شێخایەتی لەسەردەستی عەبدولحەمید، لە ڕۆڵی دابڕاوی تاکه‌ که‌س دەرچوو. ئەو بەھۆی بەخشینی زه‌وی و زاری (وەقف)و، پشتگیری سیاسی لێیان، توانی شێخایەتی بکات بە، تۆڕه‌ سیستەمێکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی، بە لەشکرێکی گەورە، لە مریدو سۆفی و دەروێشانەوە. ئەو شێخانە، ئیدی چاویان لە دەستی ئاغا و میرو دەوڵەمەندان نەبوو، تا سکات و سه‌رفتره‌یان بده‌نێ، بەڵکو خۆیان بە خێرایی چوونە ڕیزی زەویدارە ھەرە دەوڵەمەندەکان. لەوەش پتر، ئەوان خاوەنی ھەزاران دەستی کاری بەخۆڕایی مریدەکانیان بوون. فه‌رمان و بڕیارەکانیان، لە سەرچاوەیەکی بەھێزی سێلایەنەوە ده‌هاتنه‌ ده‌رێ. (مه‌به‌ست له‌و سێ لایه‌نه‌یه‌، لای سیاسی، لە پشتگیری سوڵتانەوە لێیان. لای ئابووری، لە توانای دارایی خۆیانەوە، به‌هۆی زه‌وی و زاری زۆریانه‌وه‌. لای ئایینی، لە ئیلھامی خوداییەوە، کە بانگه‌شه‌یان بۆ دەکرد). ئەوانەی لە ئاست بڕیارە نا دادپەروەرەکانی شێخیش، دەوێران دەم لێک بکەنەوە و بڵێن نا، زۆر دەگمەن بوون، چونکە دەکەوتنە بەر سزای ھەر سێ دەستەڵاتی شێخەوە. لە لایەکەوە نانبڕاو دەبوون. لە دەوڵەت قسەیان بە ھەند وەرنەدەگیرا. نه‌یان ده‌توانی شێخ لاواز و هه‌ژار بکه‌ن. لە بەرامبەر شێخ و لای خەڵکیش، بە دەرچوون لە فرمانی خودا تاوانبار دەکران.

ھەموو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و مێژویی، خاوەنی پتر لە ڕوویەکن. من لە دیاردەی شێخایەتیش ھەر لایەنە زەق و بەدەکەی نابینم، کە ڕێگر بوون لە بەرەو پێشەوە چوونی کۆمەڵگا و، سروشتی دواکەوتویی سەدەکانی ناوەڕاستیان زیندو دەکردەوە. دیاردەیەکی دی، کۆمەڵگای کوردی و کۆمەڵگا موسوڵمانەکانی دی لێکجیا دەکاتەوە، ئەویش سەرەڕای باوەڕ توندی خەڵکی مه‌ بە ئیسلام، کەچی بیری توندڕەوی ئیسلامی، کە بە (ئوسولی، فۆندەمیتال) دەناسرێت، سەرەڕای ھەڵڕژانی پارەیەکی زۆر لە لایەن دەزگا سیخوڕیەکانی وڵاتانی کەنداو و، کۆمەکی ماددی زۆر لە ئێرانەوە،( وه‌ک دروست کردنی له‌شکری ئیسلامی کورد، بۆ عه‌بباس شه‌به‌ک. حیزبوللای بارزانی، بۆ ئه‌دهه‌م بارزانی، کۆمه‌کی به‌رده‌وامی ده‌سته‌ چه‌کداره‌ ئیسلامیه‌کانی له‌ بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی جیابووه‌وه‌، له‌ ساڵانی 90 و…)، ئیسلامی توندڕه‌و، ھەرگیز نەیتوانیوە، لە ناو خەڵکی کوردستاندا پێگەیەکی جەماوەری دابنێت. من ئەمە بۆ دەستەڵات و ھژمۆنی و کاریگەری شێخان بەسەر تاکی کوردەوە دەگێڕمەوە، کە تا ئێستاش گەورە و بەھێزە. شێخان دانویان لەگەڵ ئیسلامگەرایی و قوڵبوونەوە لە ڕێساکانی ئیسلام ناکوڵێ. ھۆی سەرەکی ئەوەیە کە زۆربەی شێخەکان، یان نەخوێندەوارن، یاخود ئاستی خوێندەواریان ئه‌مه‌نده‌ بەرز نیە، تا خۆیان بەو ئەرکە ھەڵبستن، کە خۆیشیان ئەمە نەکەن، کەواتە دەبێ دەست لە ڕێبەرایەتی ھەڵبگرن و، مەیدانەکە چۆڵ بکەن، بۆ ئەو گەنجانەی کە خەریکی کارن لەو بوارەدا. به‌مه‌ش شێخان نه‌ک هه‌ر ڕێبه‌رایه‌تی خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، به‌ڵکو ده‌سته‌ڵاتی داراییشیان داده‌ته‌پێت. هۆیه‌کی دی ناکۆکی نێوان هه‌ردوو لا ئه‌مه‌یه‌، که‌ شێخایەتی ھەمیشە، بایەخی بە ڕواڵەت داوە نەک ناوەرۆک. وەک ڕیش بەردانەوە و زیکرو کۆبونەوە و، کردنی دیاردەی نائاسایی و پێڕەوکردن لە سیستەمێکی ھیرارکی توند، لەسەری سەرەوە، واتا لە شێخەوە ئینجا بۆ ده‌ستوپێوه‌ندی ناو ژووری شێخ. جا بۆ خەلیفەکان و، ئینجا مریدان.

زۆر جار بۆ ئەوەی باشتر لە کاریگەریەکانی ڕیفۆرمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بگەم، دێم و بەراوردێک لە نێوان ھەردوو پارچەکەی ئەو سەردەمەی کوردستان دەکەم: پارچە کوردستانی ژێر دەستی تورکانی سوننەی عوسمانی و، پارچە کوردستانی ژێر دەستی تورکانی شیعەی قاجاری ئێران. هه‌ر بە خێرایی بۆم دەردەکەوێت، کە ھەموو ئەو دەستپێشخەری، یان کاره‌ (یەکەمانەی)، کە پێشتر ئاماژەمان بۆ کردن، یان لە کوردستانی عوسمانی ڕوویانداوە، یاخود لە لایەن ڕوناکبیرانی پەروەردەی بارودۆخی ڕیفۆرمەکانی سوڵتانەوە، لە میترۆپۆڵ (ئاستانە و وڵاتانی دی دنیا) ئەنجامدراون. کەچی کوردستانی ژێر دەستی تورکە قاجارەکانی ئێران، لە ھەموو بوارەکاندا، چەندان ھەنگاو لە دواوە بەجێمابوون. ئەوان ھەرگیز بوارێکی ئەوتۆیان بۆ خۆپێگەیاندن و خزمەتکردنی گەلەکەیان بۆ نەڕەخسا. له‌ کوردستانه‌ دووره‌که‌ی خوراسان، تا ئێستاش ئه‌م دابڕان و پوکانه‌وه‌ی کوردان هه‌ر به‌رده‌وامه‌.

لە کۆتایدا دووپاتی دەکەمەوە کە سوڵتان عەبدولحەمید، ئەو کارانەی بۆ پاراستنی خەلافەتی عوسمانی کرد. واتا وای تێمەگەن، کە لە بەر چاوی کاڵی کورد بووە. سوڵتان لەو کارانەی دا، سەرکەوتنی باشی بە دەستھێنا، بەڵام درەنگ بوو. ئه‌و سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م کارانه‌شی، نەیتوانی دەوڵەتی عوسمانی لە داته‌پین و مەرگ ڕزگار بکات. ئێمەش دەبێ دان بەوەدا بنێین، کە ڕیفۆرمەکان، دەسکەوتی زۆر و زەوەندی بۆ کورد تێدا بوو. لە ڕاستیشدا ئەو دەستکەوتانە، تێشوی چوونە ناو سەدەی بیستەمی کۆمەڵگای کوردستان بوو(13).

_________________

پەراوێزەکان:

١ – شاسوار.خ. ھەرشمی، مێژوی ئارامیەکان لە کوردستاندا، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ١٩٩٩.ل ٢٤١.

٢- ھەمان سەرچاوە. ل ٢١٣.

٣- ھەمان سەرچاوە. ل ٢١٤.

٤- لە ڕاستیدا کۆشکی یەڵدز لەسەر بڕیاری سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم دروستکراوە.

٥- مارتین فان برونسن. ئاغاو شێخ و دەوڵەت، بەرگی یەکەم، کوردۆ لە ئەڵمانیەوە کردویە بە کوردی . سوید ١٩٩٦،ل١٤٩.

٦- ھەمان سەرچاوە ، ل١٤٨.

٧- ھەمان سەرچاوە، ل ١٤٧-١٤٨.

٨- المستشار/ فۆاد حسن حافظ، تأریخ الشعب الأرمنی منذ البدایة حتی الیوم، القاھرە ١٩٨٦،ص٢٠٣.

٩- ھەمان سەرچاوە ، ل ١٤٨.

١٠- شاسوار .خ.ھەشەمی، مێژوی ئارامیەکان لە کوردستاندا. دەزگای چاپ و بەخشی سەردەم، ١٩٩٩، ل٥١.

١١- ھەمان سەرچاوە، ل ٢٣٤. [

12- دکتور عثمان علي. دراسات في الحرکة الکردیة المعاصرة 1833-1946. اربیل. 2002.ص 131. هه‌روه‌ها

Steven Shaw , history of Ottoman Empire and modern Turkey , University of Cambridge press ,p.202-203 1979

13- کاریگەری ڕیفۆرمەکانی سوڵتان بەسەر باکوری کوردستان، زوو لەناوبردراو پوکایەوە، دوای زاڵبوونی ئەتاتورک، ئەو ڕۆشنبیرانەی باکور کە ڕۆڵی دیارو بەرچاویان ھەبوو، یان کوژران و زیندانی کران و بێدەنگ کران، یاخود بۆ شام ڕایان کرد و، لەوێ چالاکی ڕۆشنبیری و سیاسی بەرچاویان ھەبوو. کەچی لە باشوری کوردستان، زۆریان لە حکومەتی شێخ مەحمود گردبوونەوە. دواتریش ئەوانە، بە شێوەی جۆراوجۆر، ڕۆڵی گەورەی ڕۆشنبیریان بینی.

سەرچاوەکان:

١- شاسوار .خ. ھەرشەمی، مێژوی ئارامیەکان لە کوردستاندا، دەزگای چاپ و بەخشی سەردەم، ١٩٩٩، سلێمانی .

٢- مارتین فان برونسن. ئاغاو شێخ و دەوڵەت، بەرگی یەکەم. کوردۆ لە ئەڵمانیەوە کردویە بە کوردی. سوید، ١٩٩٦.

٣- المستشار/ فۆاد حسن حافظ، تأریخ الشعب الأرمنی منذ البدایە حتی الیوم، القاھرە ١٩٨٦.

٤- محمد حرب عبدالحمید ، مذکرات السلطان عبدالحمید الثانی، ترجمە: دار الانتصار، القاھرە ،١٩٧٨.

٥- أنور الجندی. یقضة الاسلام فی ترکیا. دار الأنصار، القاھرە،١٩٧٣.

٦- موفق بنی الأجە. السلطان عبدالحمید الثانی و مشروع الجامعە الاسلامیە ، ١٩٧٩.

٧- مۆسسە الرسالە ، المذکرات السیاسیە للسلطان عبدالحمید الثانی، بیروت، ١٩٧٧.

٨- سوڵتان عەبدولحەمید، یادەوەریە سیاسیەکانم. ئاوات ئەحمەد وەریگێڕاوە.

9- دکتور عثمان علي. دراسات في الحرکة الکردیة المعاصرة 1833-1946. اربیل. 2002.

10- Steven Shaw , history of Ottoman Empire and modern Turkey , University of Cambridge press, 1979

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …