Home / بەشی مێژووی كورد / ( چەرمۆ) لە ئاوێنەی مێژوودا

( چەرمۆ) لە ئاوێنەی مێژوودا

دوای ئەوەی ، بە درێژایی چاخی بەردینی کۆن ، مرۆ بە ئەو شێوەیە ماوەتەوە ، لە ژیانیدا ، پشتی بە کۆکردنەوەی خۆراک بەستووە، لە کۆتایی ئەو چاخەدا ، خۆی ئامادەکردووە و شێوازێکی دیکەی نویی ژیان و گوزەرانی هەڵبژاردووە، کە لە بنەڕەت دا ، شێوازی ژیانی گۆڕاوە ، کاتێ بە کشتوکاڵ و ماڵیکردنی ئاژەڵ ئاشنا بووە.

ئەم قۆناغە نوێیە ، بە ( چاخی بەردینی نوێ) ناونراوە ، یا بە ( قۆناغی بەرهەمهێنانی خۆراک و بژێوی) ناسراوە ، کە تێیدا مرۆ ، فێری بەرهەمهێنانی خۆراک بووە و بە دەستی خۆی ، زەویی کێڵاوە و کشتوکاڵی کردووە . ئەمە دوای ئەوەی ، لە چاخی پێشوودا ڕاهاتبوو ، تەنیا دانەوێڵەی کێوی کۆکاتەوە.
زانایان ، جەختیان لەسەر ئەوە کردووە ، کە هونەری کشتوکاڵ و ماڵیکردنی ئاژەڵ لە خۆرهەڵاتی نزیک دا ، بە تایبەتی لە ( عێراق) و ( میسر) ، پێش بەشەکانی دیکەی ڕووی زەویی دەستیپێکردووە . لە ڕاستیدا ، ئەو گۆڕانکارییە ، کارێکی زۆری ، لە ژیانی مرۆ کردووە و ڕێی بۆ خۆشکردووە ، تا پێ لە قۆناغێکی نوێی ( شارستانییەتی پێشکەوتوو) بنێ. ئەمە دوای ئەوەی ، زەمینەی کشتوکاڵ کردن فراوان بووە ، مرۆ وازی لە جووڵە و گەڕان ، ڕاونان و ڕاوکردنی ئاژەڵ هێناوە . واتە: ژیانێکی جێگیر ، دامەزراو و دڵنیای دەستپێکردووە ، بە شێوەی گرووپ ، لە نزیک کێڵگە کشتوکاڵییەکان نیشتەجێبوون و هێندێ لە ئەو خێزانانە ، لە پارچە زەوییەک دا کۆبوونەتەوە و شوێنێکی جێگیریان بۆ خۆیان دیاری کردووە ، ئیدی بە ئەو شێوەیە ، گوند درووستبووە. ئەمەش لەگەڵ خۆی دا ، بنچینەی ژیانێکی نوێی هاوبەش ، پێکهێنانی خێزان و کۆمەڵی هێناوە ، بە ساکارترین سیستەمی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری ژیاون . گومانی تێدا نییە ، ئەم هەڵگەڕانەوە و گۆڕانکارییە نوێیە لە ژیانی مرۆدا ، ئەم خاڵانەی خوارەوەی بە دیهێناوە:
١- ژمارەی دانیشتووان زۆر بووە.
٢- ژمارەی نشینگە مرۆییەکان زیادی کردووە.
پێویستە بگوترێ ، پاشماوەکانی چاخی بەردینی نوێ ، لە هێندێ شوێنی دیکەی     (خۆرهەڵاتی نزیک) دۆزراونەتەوە. لەوانە : ( میسر) و ( سوریا) . لە ( عێراق ) یش پاشماوەی ئەو چاخە ، لە چینەکانی خوارەوەی زۆر شوێنی ( باکووری عێراق) دۆزراوەتەوە ، کە بەڕێوەبەرێتی شوێنەواری ( عێراق) ، جێیەکی لە نزیک ( مووسڵ) دۆزیوەتەوە ، ناوی ( حەسوونە) بووە. لە ئەوێ ، ئاسەواری گوندێکی کۆن دۆزراوەتەوە ، ڕۆژگارەکەی بۆ سەردەمی ( چاخی بەردینی دوایی) دەگەڕێتەوە.
تیمێکی ( ئەمەریکایی) سەر بە زانکۆی ( شیکاگۆ) ، پێگەیەکیان دۆزیوەتەوە ، ناوی  ( چەرمۆ)بووە. نزیک شاری ( چەمچەماڵ) ی سەر لیوای ( کەرکووک) ، سەروو دۆڵی ( تۆقچای) بە یەکێ لە لقەکانی ( دیجلە) دادەنرێ ، لە خۆرهەڵاتی ( کەرکووک) دایە و (٣٥) کم لێوەی دوورە، پاشماوەکانی بۆ ( چاخی بەردینی نوێ) دەگەڕێتەوە. دوور نییە ، هی قۆناغی ڕاگوازەری نێوان ( چاخی بەردینی کۆن و بەردینی نوێ) بێ ، کاتێ مرۆ بۆ یەکەمین جار ، فێری کشتوکاڵ بووە! مامۆستا ( تەها باقر) لە پەرتووکەکەیدا ، بە ئەم شێوەیە باسی لە گوندی ( چەرمۆ) کردووە و نووسیوێتی : ( چەرمۆ) ، یەکەمین و کۆنترین گوندی کشتوکاڵییە و نموونەیەکە بۆ گوندە کشتوکاڵییەکانی سەرەتای سەردەمی فێربوونی کشتوکاڵ لە لایەن مرۆوە.
ئەم گوندە بچووکە ، قەبارەی مامناوەندیی بووە ، ڕووبەرەکەی نزیکەی سێ دۆنم بووە. ژمارەی دانیشتووانیشی نزیکەی ( ٣٠٠) کەس بووە. پاشماوەکانی ئەو گوندە ، ئێستە لە قووڵایی ( ٧) م دایە ، بە ئەو پێیەی کۆنترین خانووی نیشتەجێبوونی ئەو گوندە بووە ، لە خوارەوەی گردێکە . لە ئەستوورایی ئەم پاشماوەیەدا ، (٥) چین خانووی نیشتەجێ هەیە و لە ( قووڕ) درووستکراون . هەروەها ، لە پاشماوەی ئەم گوندەدا ، کۆمەڵێکی زۆر لە ئێسک و پروسکی گیانداران هەیە ، لە ( %٩٠ ) ی ئەو ئێسک و پروسکانە ، لە پاشماوەی ( مەڕ و بزن ، بەراز و مانگا ، ووڵاخی بچووک …) پێکهاتوون ، نزیکەی ( %٥ ) ی ئەو گیاندارانەش ، ماڵیی نەبوون . واتە: دڕندەبوون . هەروەها ، دوو جۆر گەنمی تێدا دۆزراوەتەوە . شایەنی باسە ، لە نێو داروپەردووی چینەکانی سەرەوەی ئەو گونددەدا ، پاشماوەی قاپ و قاچاخیش دۆزراونەتەوە.
کەسانێ هەن ، گومانیان لە ئەوە هەیە ، گوندی ( چەرمۆ)، نموونەی یەکەمین کشتوکاڵ بێ و لەوانەیە ، لە رووی شارستانییەوە ، لەسەردەمەکانی دوایی چاخی بەردینی کۆتایی ، پێگەیەکی سەروەریی دوایی بووبێ . لەوانە : ( ١٩٥٢ ، Chilad) پێی وایە ، گردی ( حەسوونە) ، لە باکووری ( عێراق) لە چینەکانی یەکەمی سەرەوەی دایە ، نموونەی یەکەمین کشتوکاڵە.
شارەزایان ، پێیان وایە ، لە ڕووی بیروباوەڕی ئاینیشەوە ، ( خواوەندی دایک) پەرستراوە و هاوشانی ( زەویی) ، نیشانەی بە پیتیی بووە ، کە ئەویش ، نیشانەی پیت و فەڕبووە. لە گوندی ( چەرمۆ) و گردی ( حەسوونە) ، نموونە و پاشماوەکانی دۆزراونەتەوە ، کە شانبەشانی ( زەویی و  دایک) ، ( خۆر) یش پەرستراوە. لە ڕووی خاوەندارێتی زەوییەوە ، ( خاوەندارێتی تاکە کەس ) هەبووە ، هەر ئەو سیستەمەش ، کاری لە درووستبوونیان کردووە. تەنانەت ، جارجار کشتوکاڵی گەڕۆک ، مرۆی ناچار کردووە ، هەوڵی فراوانخوازی بدا . لە ئەنجامیشدا ، لەگەڵ خەڵاکانی دیکە ، ڕووبەڕووی پێکدادان و پێکهەڵپژان بوون ، ئەوەش جەنگ و ئاژاوەی لێکەوتۆتەوە.
گۆڤاری  ( العربی) کوێتیش ، لە یەکێ لە ژمارەکانیدا ، ساڵی ( ١٩٧٧) دەرچووە ، لە بابەتێک دا بە ناونیشانی ( چیرۆکی یەکەمین کشتوکاڵ … کەی و لە کوێ بووە؟) ، بە ئەم  شێوەیە، باسی گوندی ( چەرمۆ)ی کردووە: ( مرۆ یەکەمین دەنکە گەنم و دەنکە جۆی لە مێژوودا ، لە گوندی ( چەرمۆ)ی عێڕاق ، لە شاری ( ئەریحا)ی شیوی ئوردوون ناسیوە ، چاندوویەتی و بەرهەمیهێناوە. ئەمەش ، ( ٩) هەزار ساڵ بەر لە ئێستا ڕوویداوە کە هیچ کەس و هیچ مرۆڤێ ، لە چاندنی شتێ لە هەر شوێنێ بووبێ ، پێش ئەمان نەکەوتووە ، بەڵکوو لە ئەو سەردەمە کۆنانەدا ، پشتیاب بە کۆکردنەوەی خۆراک لە ڕووەک و بەری درەخت بەستووە.)
واتە: ( مرۆڤی کۆن) ، سەرەتا خۆراکی کۆکردۆتەوە ، کۆچەربووە و لە شوێنێ جێگیر نەبووە ، بەڵکوو ، ئەشکەوتەکانی بە پەناگە و خانووی خۆی داناوە ، تا خۆی تێدا بپارێزێ و بحەوێتەوە.
لە ڕاستیدا ، دۆزینەوەی کشتوکاڵ ، مرۆڤی بە زەوییەوە بەستەوە چونکە کشتوکاڵ ناچاریکرد ، لە نزیک کێڵگە و شوێنە کشتوکاڵییەکان جێگیر بێ . ئەوەش ، بە سەرەتای جێگیربوونی دانیشتووان ، دامەزراندنی گوند و پەرەسەندنی کشتوکاڵ ، گوند و ژیان دادەنرێ . ئەو خانووانەش ، نزیک بە زەویی کشتوکاڵ و ڕووبارەکان بوون ، بۆیە کشتوکاڵ ، بە سەرەتای دامەزراندنی شارستانێتی مرۆ دادەنرێ .
شوێنەوارناسی ئینگلیزیی ( هێنری هۆدجز) ، لە پەرتووکی ( تێکنۆلۆژیا لە جیهانی کۆندا – Technology in the Ancient World) ، وێنەی گوندی ( چەرمۆ)ی نزیک بە شارۆچکەی ( چەمچەماڵ) ی بڵاو کردۆتەوە و لە ئەو وێنەیە دا ، شێوەی گوندەکە و نەخشەی خانووەکان دیارن ، لە بەر بایەخی ئەم گوندە ، کە یەکەمین نشینگەی مرۆڤایەتی بووە . بۆیە، زانایانی شوێنەوار ناسیی ، بایەخێکی زۆریان پێداوە و بە سەرەتای نیشتەجێنبوونی دەزانن . ئەم زانایە ، وا پێناسە و ڕاڤەی وێنەکەی کردووە: ( لە ئەم وێنەیەدا ، خانووەکانی ( چەرمۆ) ، ٥٠٠٠ ساڵ پ.ز دیارە ، کەرەسەی درووستکردنی بە بەردی نێوچەکە بووە ، بناغەکانی بەردە ، لە سەرەوەی وێنەکەش     ( فڕن) هەیە ، کە لە قووڕه درووستکراوە . هەڵبەتە زۆر گرانە ، بەرزایی دیوارەکان بزانرێ . هەروەها ، جۆر و شێوەی ساپیتەکانیش ئاشکرا نییە .
ھەندێک لە ئاسەوارەکانی چەرمۆ کە ئێستا لە مۆزەخانەی زانکۆی شیکاگۆدان (سەرچاوە: ویکی پیدیا)
لە پەرتووکی (A History of Knowledge)
نموونەیەکی دروستکراوی گوندی چەرمۆ لە زانکۆی شیکاگۆ
وێنەیەکی پێشبینی کراوی گوندی چەرمۆ لە یەکێك لە سەرچاوەکان دا
* لە پەرتووکەکەدا بە ئەوشێوەیە هاتووە و مەبەست لە ( باشووری کوردستان) ە . بۆیە وەک خۆی نووسیومە . ( نووسەر)
١*ئەوسا بە پارێزگە گوتراوە: ( لیوا).
٢*( تۆقچای) ، بە پێی نەخشەی شوێنەوارەکان ، شوێنی ئێستەی ( چەمی خاسە) ی ڕووباری ( عوزێم) ە.
٣*مامۆستا ( براید وود Bried wood) ، بە نوێنەرایەتی زانکۆی ( شیکاگۆ) ، ساڵی ( ١٩٥٠ ز) ، سەردانی ئەو شوێنەی کردووە و سەبارەت بە پاشماوەکانی گوندی (چەرمۆ) ، ئەم زانیارییانەی دەسەتکەوتووە.
٤*لە پاشکۆکەدا بە شار ناوی هاتووە ، نەک ( گوند) … ( نووسەر).
٥*( ئەریحا) ، ئێستە لە ژێر دەستەڵاتی دەوڵەتی ( ئیسرائیل) دایە . ( نووسەر).
بۆ نووسینی ئەم بابەتە ، کەڵک لە ئەم سەرچاوانەی خوارەوە وەرگیراوە:
١. طه باقر و مقدمة في تأريخ الحزارات القديمة ، القسم الأول تأریخ العراق القدیم ، من متبوعات دار المعلمین العالیة ، التبعة الثانیة ( منقحە) ، شرکة التجارة و التباعة المحدودة ، ١٩٥٥ .
٢. مجلة العربی الکویتیة ، العدد ٢٠٥ ، کانون الثانی / ١٩٧٧ ، ملحق العربی الصغیر.
٣. د.محمد عبدالله اللهونی ، خریطة کرکوک الأسریة ،  لە بڵاوکراوەکانی سەنتەری ڕۆشنبیری زەردەشت ساڵی ( ٢٠٠٧) زاینی.
٤. هێنری هۆدجز ، التکنولجیا فی عالم القدیم ، (Technology in the Ancient world) کە لە سەرچاوەیەکی کوردی وەرگیراوە ، بە ناونیشانی ( جارێکی تریش … پیرە کوردستان) ، نووسینی ( کاژڤان).
ئامادەکردنی :-
مامۆستا ئەحمەد موحەمەد ساڵح
ماستەری جوگرافیای گوندنشین
بەشی جوگرافیا/کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان/زانکۆی سلێمانی
سەرچاوە:-
گۆڤاری چەرمۆ
ئەم بابەتە لە بەرواری ( ١٢ / ١٢ / ٢٠١٣) دا ، جارێکی دیکە وەک خۆی و بێ دەستکاری لە لایەن بەڕێوەبەری بلۆگەری کشتوکاڵەوە نوسراوەتەوە
زۆر سوپاسی بەڕێز (حوسێن حەمەکەریم) بەڕێوەبەری گشتی باخداری و دارستان و پاوان لە وەزارەتی کشتوکاڵ، دەکەم کە ئەو کاتەی لە نەمامگەی سەرچنار بووم ، ئەم وتارەی وەک دیاری پێشکەش کردم
بۆیە داواکارین لەهەموو لایەک ، لە کاتی وەرگرتنی ئەم بابەتە لە ماڵپەری کشتوکاڵەوە ئاماژە بە ماڵپەرەکەش بدەن…. لە گەڵ ڕێزمان دا

About دیدار عثمان

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …