Home / بەشی مێژووی كورد / سمکۆ و بازرگانی جوولەکە

سمکۆ و بازرگانی جوولەکە

Simko-kurds-missionaries

ئۆڕا یاکوبی
وەرگێڕ: نەبەز هێمن

تێبینیی وەرگێڕ: ڕاستی و دروستی ئەو نووسین و یادکردنە، لە ئەستۆی ژنە نووسەری جوو ئۆرا یاکوبییە.

ئاغا دەیهەوێ کاڵانێکی نوێ بۆ شمشێرەکەی سفارش بدا.
کالان؟ خۆ من معامەڵەی چەک و چۆڵ ناکەم. من بازرگانی قوماش و جل و بەرگم!

ئەو بڕوای تەواوی بە تۆ هەیە، هەر بۆیە سفارش و ناساندنی باشترین وەستا کار لە لایەن تۆوە گرینگە. هەروەک بۆ خۆت باش ئەزانی باشترین وەستاکارانی زێڕ و زێو لە ورمێ جوولەکەکانن. باشترین وەستاکارم بۆ ڕەوانە کە. ئاغا کالانێکی گەرەکە تا ئێستا کەس بە چاوی خۆی شتی وا جوان و بە نرخی نەدیتبێت.

شلۆمۆ بۆ ساتێک ڕاما و دووشک بوو. دوو زێڕنگەری بە ناوبانگ لە کۆمەڵگەی جوولەکەکانی شاری ورمێ بوون. هەردووکیان شاڕەزایی تەواویان لە هەڵکەندنی سەر پارچەی زێڕ و زێو و هەروەها دانانی نەقیمەی گرانبایی و کارەکانی تری پێوەندیدار بە زێڕ و زێو بوون.

ئەمە بۆ ئەو بەرپرسیایەتییەکەی گەوەرەی بە دواوە بوو. لە نزیکەوە باش شاڕەزای خوو و خدەی سمایڵ ئاغا بوو. ئەیزانی ئاغا لە هەڵە یان خیانەتی کەس خۆش نابێت. دەبوایە باشترین سفارشی کردبا و باشترین زێڕنگەڕ بۆ سمکۆ بدۆزێتەوە. پاش کەمێک تێڕامان و تێفکرین بڕیاریدا هەردوو وەستاکارەکە دەسنیشان کات و ئینجا نێردراوانی سمکۆ بۆ خۆیان یەکیان هەڵبژێڕن.

دەست خۆش سولەیمان. ئێستاش ڕێگەمان پێ نیشان بدە. سەلیم گوتی.

لەبەروەیکە نە ڕەحیمیان و نە یەحیا لەوی نەبوون، شلۆمۆ ناچار بوو دڕگای دوکانەکەی بە نوێژی نیوەڕۆ داخات. سەرەتا ئەمان ڕوویان لە شوێنی یەحیا یان ئیتشاک ئەو زێڕنگەڕەی لە هاوکارەکەی بە تەمەنتر بوو، کرد. دوکانەکەی بچووک و بەرتەنگ بوو. لە سەر کورسییەکی گچکە دانیشتبوو و خۆی شۆڕکردبۆوە سەر زنجیرێکی ناسکی زێوین و گەرەکی بوو بە قاپێکی نەخشێندراوی کە هی شەکر بوو، بیلکێنێت.

کە هەڤاڵانی ئاغا وەژوور کەوتن، کوڕیژگەکە بە سەرسوڕماوییەوە سەری بەرز کردەوە و تێیان ڕاما. بانگی لە باوکی کرد کە لە ژووری پشتەوە خەریکی کار کردن بوو.

بەڕێزان فەرموو دانیشن. شلۆمۆی هاوڕێم تۆش دانیشە. چیم لە دەست دێ بیکەم؟

ئێمە هاتووین بۆ بینینی هەندێ شتی هونەری دەگمەن، بۆ وینە کارەکانی ئێوە.

ئیتشاک پیاوێک نەبوو پەسنی خۆی بکات و بە خۆی هەڵابڵێت، هەربۆیە خێرا چووە بۆ ژووری پشتەوە و هەندێ لە ناو شت و مەک و کەرەسەکان دا گەڕا و بە شەمعێک و چەند دەوری زێوین و جووتێک گوارەی تێکەڵ بە یەک هاتەوە.

هەڤاڵانی سمایل ئاغا سەیری ئەو شتانەیان کرد و پاش کەمێک هەڵسەنگاندن لە وەستایەتی ئیتشاک دڵنیا بوون.

سمایل ئاغا گەرەکیەتی باشترین جۆری کایڵان سفارش بدات، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە ئەندازەی ئەو کایلانەی دەبێ ساز بکرێ بۆ ئێوەمان هێناوە.

شلۆمۆ کە تا ئێستا بێدەنگ بوو، قسەی ئەمانی هەلپچڕی و وتی: ئێوە هێشتا کاری زێڕنگەڕەکەی تریشتان نەبینیوە.

سەلیم یەکێ لە هەڤاڵانی سمکۆ بە ئاشێرەیێک نیشانی دا کە هیچ پێویستی بە بینینی ئەو نییە.

ئیتشاک وتی: دەبێ سێ مانگ دەرفەتم پێ بدەن تاکوو باشترین کاڵان بۆ سمکۆ ساز بکەم.

ئێمە تا سی و پێنج ڕۆژ کاتمان هەیە!

سی و پێنج ڕۆژ؟ شتی وا مەحاڵە! کارێکی وا بەو ماوە کورتە ناکرێت، ئەویش بۆ کالانێکی تایبەت

ئێمە کارمان بەسەر ئەو شتانەوە نییە، بە شەو کار بکە، بۆ خۆت ڕێگەیێک بدۆزەوە! دوای سی و پینج ڕۆژی تر ئێمە دێینەوە لات بۆ بردنی کالانەکە و پێشتان دەڵێین کە تا ئەو کات حازر بێ.

ئینجا یەکێ لەو کەسانەی تەکسەلیم بوو مشتێک سکە خستە سەر چوارپایە گچکەکە.

سەلیم وتیئەوەش پێشەکییە، بۆخۆت زێڕ و گەواهیراتی پی بکرە.

بە وتنی ئەو قسەیە کە ئاماژەیێک بۆ حیمایە و ئیسکۆرتەکانی بوو خێرا دوکانەکەیان بەجێهێشت.

کاتێ ئەو کەسانە بە تەواوی دوور کەوتبوونەوە ئیتشاک سەیری شلۆمۆی کرد لە حاڵێکدا زۆر پەشۆکاو و ترسا بوو. شمایە گەورەترین و بە کارترین کوڕی کە دەیتوانی یارمەتیدەری بێ ئێستاکە لە سەفەری باکۆ بوو و بەو زووانە نەدەگەڕایەوە.

هاواری کردە سەر شلۆمۆ و وتی: ئەو شەیتانانەت بۆ هیناوەتە لای من؟ سی و پێنج ڕۆژ!

دواتر سمکۆ سەری منی دەوێت ئەگە کاڵانەکە حازر نەبێ.

شلۆمۆ وتی:ئەوە ژیانە و کار و کاسبی هاورێم، ئەی دەبا لە جیاتی تۆ چ کەسێکم بەوان ڕاسپاردبا؟

بۆ مانگێک ئیتشاک لە دوکان نەهاتە دەر. لەگەڵ کوڕەکانی شەو و ڕۆژ کاریان دەکرد. بە هاوکاری کوڕەکانی کاڵانیکی نەخشێندراو بە شێڕ، هەڵۆ، هێشووی ترێ و گەڵای پێچکی شەڕابی یان بەرهەم هێنا.

ڕۆژێک دوای تەواو بوونی ئیشەکە سێ هاوڕێی سمکۆ هاتنەوە. بە بینینی دەسک و کاڵانی ئێجگار جوانی شمشێڕ سەریان سوڕماو و هاواری خۆشحاڵییان لێ بەرز بۆوە.

ئەوان دوکانەکەیان بێ دانی پارەی زیاتر بە ئیتشاک بەجی هێشت.

حەوتوویێک دواتر هاوڕێیەکی تری سمکۆ وەژوور کەوت.

سمکۆ لە ڕادەبەدەر خۆشحاڵە بە سازکردنی ئەو کالانە. هەربۆیە دەیهەوێ لە نزیکەوە بتبینێ.

ئیتشاک عادەتی بە سەفەر و ئەو شتانە زۆر نەبوو. بیری دەکردەوە خۆزیا ئێستە شمایە لەوێ بوایە و تەک هاوڕێانی سمکۆ بچووبایە، بەڵام بە داخەوە هێشتا شمایە لە سەفەری باکۆ نەگەڕابۆوە. بە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر داوای لە براکەی کرد لەگەڵیا بچێت.

گشتیان تەک نێردراویسمکۆ بەرەو قەڵای چەریک وەرێکەوتن. شلۆمۆ کە لەگەڵیان بوو، بۆ ڕەواندنەوەی ترس و پەشۆکاوی هاوکارەکانی وتی، خەمتان نەبێ سمکۆ گەرەکیەتی بە دانی پارە و خەڵات بمانلاوێنێتەوە.

بەڵام ئیتشاک زۆر ترسابوو. ئەندامانی کۆمەڵگەی جوولەکەی شاری ورمێش کە تا دەروازەی شار لەگەڵیان هاتبوون لە دووربوونەوەی ئەواندا گوێیان لە هاواری ئیتشاک و براکانی بوو کە بانگی خاخامی پیرۆز (ڕابی مەئیر) یان دەکرد کە پشتیوانیان بێ لە کاتێکدا بە سواری هێستر کە سمکۆ بۆی ناردبوون لە دەروازەی شار دوور دەکەوتنەوە.

دوای چەند ڕۆژ لە بەجێهێشتنی شاری ورمێ برای ئیتشاک خۆی دە دوکانی شلۆمۆ هاویشت.

هاواری دەکرد: ئەی خوایە، کارەسات ڕووی لە ئێمە کردووە! شلۆمۆ بە حەپەساوی و ترسەوە بە پیری هات ئاغا ناڕازییە؟ خۆ کالانەکە بێ هاوتابوو!

ئەوە بە ڕاستی کارەساتە! دەزانی ڤیلەین چی وتووە؟

بێژە پێم دەی.

بۆ دڵنیا بوون لەوەیکە هیچ کەسی تر لەو کالانەی نابێ، ئاغا (سمکۆ، وەرگێڕ) بڕیاری داوە دەستی ئیتشاک لێوەکەن و بیبڕن!

خوا بۆ خۆی بمانپاڕێزێ. دەبێ خێرا و بێ یەک و دوو بە دانی پارە و بەرتیلێکی زۆر ڕزگاری کەین.

دەبێ بە خێرایی هەوڵ بدەین. من لە لە بەر خاتری ئێوە ئەورۆ بۆ کەنیسە ناچم. پیاوانی جوولەکەش ئێستە خەریکی پارە کۆکردنەوەن.

شلۆمۆ بە زاڵبوون بە سەر خۆیدا بەڵێندا:منیش لەگەڵ ئێوە بۆ لای ئاغا دێم. ئەگە بتوانم بە قسە کردن یان هەر شتێکی تر لە دەستم بێت بیر و ڕای سمکۆ بگۆڕم.

نزیک بەرەبەیانی شلۆمۆ و برای ئیتشاک و کوڕی مامناوەندی ئیتشاک بەرەو قەڵای چەریک کەوتنە ڕێ. ئەوان دەستیان دایە ئەو پارە و پووڵی ژنانی جوو کە شەوی ڕابردوو کۆیان کردبۆوە .

شلۆمۆ دەوری بەرچاووی بوو لەو کارە ئینسانی و خێرخوازانە و هەروەها دوعا و پاڕانەوەیان کردبوو بەشکەم ڕای سمکۆ بگۆڕدرێ. هەموویان سام لێ نیشتوو و پەشۆکاو بوون. بێتوو سمکۆ ئەو کارە شەیتانییەی کردبێ!

ئەوان بە خێرایی و بێ فێرو دانی کات ڕێگەیان دەبڕی، و بەس شەوان لە کادێن و تەویلەی جووتیاران لە سەر ڕێگەکەیان ڕادەوەستان.

نیوەڕۆی ڕۆژی سێهەم گەیشتنە قەڵای سمایل ئاغا. شلۆمۆ داوای چاوپێکەوتنێکی ڕەسمی تەک ئاغا کرد بەڵام ئاغا هیج پەلەیێکی بۆ دیتنی ئەوان نەبوو. دوای مەودایێکی درێژ کە شلۆمۆ هەواڵی ناردبوو کە ئەمان هەڵگری پارە و بڕێکی زۆر سکە و دراوی زێڕ وزێوە، ئینجا کوڕی سمایل ئاغا بەدیار کەوت. ئەو پارە و زێڕ و گەواهیراتەکەی دەست دایە و بەڵێنی دا ئەوەی لە دەستی بێ بیکا بە بێ کەمتەر خەمی. تەواوی ئێوارە لە چاوەڕوانیدا تێپەڕی. لە نزیکبوونی شەودا ئیتشاک گێژ و وێژ بۆ لایان هات. ڕەنگ و ڕووی دەموچاوی ئێجگار سپیی هەڵگەڕابوو، دەستیان نەقرتاندبوو بەڵام پڕی بڕین و ناسۆر بوو. ئەوان بۆ ماوەی دوو شەو و دوو ڕۆژان ئیتشاکیان لە ناو ئاوی سارد خستبوو بەجۆرێ پەنجەکانی دەستی بە تەواوی شکڵیان گۆڕابوو.

کاروانی جوولەکەکان بە دڵی خەمبارەوە بەرەوە شاری ورمێ گەڕانەوە. بە باشترین شێوە ئەندامانی کۆمەڵگەی جووی شار خزمەتی ئیتشاکیان کرد تاکوو بەرە بەرە قامک و پەنجەکانی دەستی هەتا ڕادەیێک باشتر بوونەوە. چەند مانگ تێپەڕی تاکوو ئیتشاک توانی دەست بە ئیش کردن بکاتەوە بەڵام ئیتر ئیش و کارە هونەرییەکانی وەکوو جاران پڕ بایخ و پڕ شکۆ نەبوون.

نەفتالی سەیری شەقام و ئەو درەختانەی دەکرد کە چاندرابوون.

لە خوارەوی کۆڵانەوە چوار پیاوی حکومەت سەر و سەکوتیان وەدیار کەوت، بە سەرسووڕمانەوە بینی کە پێشیان بە ڕێبوارێک گرت و قسەیان لەگەڵی کرد ، بە سامناکی بینی ڕێبوارەکەش بە دەست ئاماژەی بۆ دوکانی باوکیان کرد، ئەوانیش ڕێک بەرەو دوکانی باوکی هاتن. بەر لەوەیکە بتوانێ درگاکە بە توندی داخا و خۆی لەنێوان تۆپەکانی قوماش بشارێتەوە یەکێ لەو پیاوانە پرسیاری کرد: تۆ کوڕی سولەیمانیت؟

لە ترسان تاقە وشەیێک چییە لە دەمی نەهاتەدەر، پیاوانی حکومت پێیان سەیر بوو ئەو کوڕە شەیتان و بەدفەڕە بۆ وا مات و بێدەنگ بووە. لە وەڵامدا بەس سەری لەقاند.

باوکت لە کوێیە؟
ئێستە دەگەڕێتەوە.
زۆر باشە، ئێمەش چاوڕێی ئەو دەبین.
لەبەرچاوی پیاوانی حکومەت شلۆمۆ لە ناو شیپانەی درگا دەرکەوت.

بەڕێزان؟
ئێوەسولەیمانن؟
بەڵێ.

ئێوە سمایل ئاغای سمکۆ دەناسن؟

بە کاتی دەسەڵاتی ئەو بە سەر ئازەربایجان من جاروبار سات وسەودای بازرگانیم تەکیا بوو.

دەتوانی بیناسیتەوە و دەسنیشانی کەیت؟

دەرفەتی زۆری بۆ وەڵامدانەوە نەبوو، نەیدەویست بە خیانەت کردن لە ئاغا خۆی بخاتە ناو مەترسی و چەنگ و چەڵەمە. کەسێک کە لە ساڵانی نێوان ١٩١٨ و ١٩٢٢ گەورەترین دەسەڵاتی لە ناوچەکەدا بوو و لەڕاستیدا هەنووکەش شوێن دانەر بوو و وەک کەسایەتییەکی بە توانا دەوری گرینگی بوو.

تۆ دەبێ لەگەڵمان بێیت بۆ شنۆ.

بە بیستنی ناوی شنۆ موچرکیک بە لەشی داهات، ترسا. چوون بۆ ناوەند و دڵی شارێکی کوردنشین و دەسنیشاکردن و ناساندنی تەرمی سمایل ئاغا جورێک خۆکوژی بوو.

ئەوڕۆ کابرایێک لە شنۆ کوژراوە، گەرەکمانە تەواو دڵنیابین کە سمایل ئاغا خۆیەتی. بە سەرسووڕمان و هاوسۆزییەوە پرسی:ئەوە چۆن شتی قەوماوە؟

پیاوانی حکومەت بە قاقاڵێدانەوە وتیان: سەرگورد موقەدەم لە سپای ئێرانەوە بەڵێنی دابوو بە سمایل ئاغا کە بیکاتە حاکمی ئازەربایجان، بەڵام کاتێ دەچێت بۆ کۆبوونەوە تەک سەرگورد موقەدەم، پیاوانی ڕەزاشا تەقەی لێدەکەن و دەیکوژن.

لە چاوتروکانێک دا شلۆمۆ وەبیر ئەو قسەیەی سمایل ئاغا کەوت کە ساڵانێک لەمەوبەر پێی وتبوو: لەگەڵ هاوبیران و کەسانم لە زەوی و زار بووین، لە بیری چارەسەری گیر و گرەفتە سەرەکییەکان دابووم ، هەربۆیە ملی شاخم گرتە بەر.

کاتێ لە سەر تەختە ڕەوەزێک دانیشتبووم هەستم بە ئازاری پەنجەکانی دەستم کرد. لەپڕێک هەڵبەزیمەوە، مارێک بە دەستمی وەدابوو و خەریک بوو دوور دەکەتەوە. زانیم ئەوە یانی چی و چ مانایێک دەدات. ئەگە بە خێرایی ئەو پەنجە یان قامکەی دەستم کە مار پێیوەدابوو ژارەکەی لێ نەخەمە دەر دەبوایە بەر لە خۆرهەڵاتن چووبامە دیداری خوا و خاڵقی خۆم!

هەربۆیە یەک و دووم لێ نەکرد و شمشێرەکەم دەست دایە و دەستی زامدارم خستە سەر تاشە ڕەوەزێک و ئەوەی دەبا کرابا کرا. هەروەک ئێستە دەبینی ئەوە منم لێرە لە کاتێکدا دەستم پەنجەیێکی نەماوە، بەڵام هێشتاکەش هەر بە هێزم.

من بەو هاسانییانە خۆ بەدەستەوە نادەم

شلۆمۆ بە مەئمورەکانی وت: ئێستە پێتان دەڵێم سمکۆ بە چی دەناسرێتەوە، دەستی ڕاستی قامکێکی نییە.

خەڵکانێکی زۆر وان، پێویستیمان بە نیشانەی ترە. پیاوانی حکومەت وتیان.

بەڵام بە دڵنیاییەوە بە سەدان کەس باشتر لە من هەن بۆ دەسنیشانکردنی سمکۆ. شلۆمۆ وتی.

ئەوە تەواوی شتەکە نییە. ئێمە گەرەکمانە تەواوی ئەو خەڵکانەی بە جۆرێ لە جۆرەکان پێوەندییان تەک ئاغا(سمکۆ، وەرگێڕ) بووە، بێن و شایەتی بدەن کە ئەو مرددوە تاکوو لە ناو خەڵکدا هیچ شک و گومان لە سەر مەرگی ئەو نەمێنێت. بۆیەش هاتوین بە شوێن تۆ بۆ دەسنیشانکردنی تەرمەکە.

شلۆمۆ هیچ بژارێکی تری لە بەردەما نەمابوو، ئەگە بۆی کرابا قەت بۆ ئەو کارە نەدەچوو، هەربۆیە درگای دوکانەکەی قفڵ دا و بە نەفتالی کوڕی وت بچێتەوە بۆ ماڵێ یان بە حەزی خۆی چی دەکا بیکا، و خۆی تەک پیاوانی دەوڵەت بەرەو شنۆوەڕێکەوت. لەوێ بۆ لای گۆڕەپانی سەرەکی شاریان برد ئەو شوێنەی تەرمیسمکۆ یان لە سەر عەرز بۆ پێشاندانی جەماوەر درێژکردبوو.

کابرای جوو زۆر وشیار و خۆپاڕێز بوو ئەی نەکا لەپڕ هەست و سۆزی خۆی لە هەمبەر تەرمی سمکۆ نیشان بدات. بە دەنگێکی ساف و لە سەرخۆوە وتی: ئەوە خۆیەتی. تەرمی سمایل ئاغایە.

لە پاش ئەوەیکە خەڵکی شاری شنۆ تەرمی سمکۆ ڕێبەری نەتەوەیی خۆیان بە کوژراوی بینی، ئەو ڕێبەری بەڵێنی وڵاتی کوردستانی ئازادی پێیان دابوو، پیاوانی حکومەت تەرمەکەیان خستە ناو ئاڕەبانەیێک و بۆ ورمێ ناردرا. لەوێ بە سەدان کەس لە خەڵکی شار بانگ کران تا بە چاوی خۆیان تەرمی سمکۆ ببینن و بزانن بۆ یەکجار و بۆ هەمیشە دەسەڵاتی سمکۆ لەناوچووە و ئیتر ڕەزاشا ببوو بە گەورەترین دەسەڵاتداری وڵات.

سەرچاوە: کتێبی ورمێ لە ژێڕ سێبەری کوندە بوو

– See more at: http://www.nnsroj.com/detiles.aspx?id=7892#sthash.KEdTdMOZ.dpuf

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …