Home / بەشی مێژووی كورد / ”جەژنا سەر ساڵ“ ی ئێزدیەکان چەند هەزار ساڵ دێرینە و ڕەنگکردنی هێلکە لەو جەژنە و جەژنی ئیستەری کریستیانەکانی جیهان هۆکارەکەی چیە و هی کامیان دێرینترە؟

”جەژنا سەر ساڵ“ ی ئێزدیەکان چەند هەزار ساڵ دێرینە و ڕەنگکردنی هێلکە لەو جەژنە و جەژنی ئیستەری کریستیانەکانی جیهان هۆکارەکەی چیە و هی کامیان دێرینترە؟

17883751_1104412839686765_2604981666278249717_n

”جەژنا سەر ساڵ“ ی ئێزدیەکان چەند هەزار ساڵ دێرینە و ڕەنگکردنی هێلکە لەو جەژنە و جەژنی ئیستەری کریستیانەکانی جیهان هۆکارەکەی چیە و هی کامیان دێرینترە؟

نووسینی سۆران حەمەڕەش
هەموو ساڵێک لە چوارشەممەی ناوەڕواستی مانگی چواردا جەژنێکی گرنگی ئێزدیەکان بەڕێوە دەچێت کە لە ناو ئەواندا جەژنی سەری ساڵە و لە هەمان کاتدا بە “چوار شەمبوا سۆر/چوار شەممە سوری” ناوی دەهێنن. یەکێک لە دابونەریتەکانی ئەم جەژنە ڕەنگاوڕەنگکردنی هێلکەیە. ئیزدیەکان هێلکەکان بە ڕەنگی جیاواز ڕەنگ دەکەن و هەر کەسێک هێلکەیەکی ڕەنگاوڕەنگ بە دەستەوە دەگرێت و دەیکێشێت بە هێلکەی کەسێکی تردا، هەر کامێکیان هێلکەکەیان شکا ئەوا هێلکەکەی دەستی بە کەسەکەی بەرامبەری دەدۆڕێنێت. هەروەها وەک سیمبوڵی چوارشەممە سوری، ئێزدیەکان گوڵاڵە سورە لێ دەکەنەوە و دەیکەن بە دەرگای ماڵانەوە. ئەوەی کە مایەی سەرنجە کریستیانەکانیش بە هەمان شێوە لە مانگی چواردا هێلکە ڕەنگاوڕەنگ دەکەن و وەک دابونەریتی جەژنی ئاینی کریستیانیی “ئیستەر” دەیکەن و لای ئەوانیش هێلکە ڕەنگکردن یەکێک لە دابونەریتە گرنگەکانی ئەو جەژنەیە. کریستیانەکان دەڵێن لە ڕۆژی ئیستەردا عیسا هەستاوەتەوە و سێ ڕۆژ دوای لە خاچدانی لەو ڕۆژەدا زیندووبووەتەوە.
واتە هەردوو ئێزدی و کریستیانەکان لە هەمان مانگدا جەژن دەکەن. ئێزدیەکان بە جەژنی سەر ساڵ لە قەڵەمی دەدەن و کریستیانەکان بە جەژنی ئیستەر و ڕۆژی زیندوو بوونەوەی عیسا لە قەڵەمی دەدەن. ئایا ئەم جەژنە لای کامیان دێرینترە و بنەچەکەی بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟
ئاینی ئێزدی وەک مۆزەخانەیەکی دێرین و دەوڵەمەندی فەرهەنگی کوردی وایە زۆربەی جار دابونەریت و بۆنە و بیروبۆچوونەکانیان زۆر بە ئاسایی لێکۆڵەر دەبەنەوە بۆ سەردەمێکی دێرین و سەرەتای شارستانیەت. بەو شێوەیە بۆ تێگەیشتن لەم جەژنە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ تێکستە دێرینەکانی مێسۆپۆتامیا. سۆمەریەکان فەرهەنگێکی ئاینی دەوڵەمەندیان هەبوو، ئەوان کاریگەریان لەسەر هەموو خەڵکەکانی دوای خۆیان هەبووە. بۆیە زۆر لە خودا دێرینە سۆمەریەکان، کاتێک کە نەتەوەی وەک ئاشوری یان ئەکەدی پێیان ئاشنابوون، بە مەبەستی خۆماڵیکردنی، هاتوون خودایەکیان وەک ئەو بە ناوێک لە وشەی زمانی خۆیان بۆ دروست کردووە. یەکێ لە خودا مێینە گرنگەکانی سۆمەریەکان (ئینانا) بووە، ئاشوری و ئەکەدیەکان کە پێی ئاشنابوون، هاتوون خودای مێینەی عیشتاریان بەرامبەر داناوە و زۆربەی دابوونەریتەکانی ئەو خودا سۆمەریە دراوە بە عیشتار.
سەرچاوە دێرنەکان دەڵێت کە عیشتار لە هێلکەیەکی گەورەدا لە ئاسمانەوە کەوتۆتە ڕووباری فوراتەوە و دوایی لەوێوە ئەو خودامێینە هاتۆتە دەرێ. عیشتار سیمبوڵی بەپیتی و زیندووبونەوە و ژیانەوە و بەهار بووە. لە مێسۆپۆتامیادا سەرەتای مانگی چوار سەری ساڵ بووە و ئەوان پێیان وابووە عیشتار لەو مانگەدا زیندوو دەبێتەوە و لە دوای شەش مانگ لە پاییزدا دەمرێت و پرسەی مردنی بۆ گێڕڕاوە. ئاهەن بۆ زیندووبەونەوەی خوداکانی عیشتار و تەموز و هاوسەرگیری بۆ ئەو دوو خوادیە کراوە و لای ئەوان عیشتار لە سەرەتای بەهاردا زیندووبەوەتەوە و هێلکە ڕەنککردن وەک سیمبوڵێکی زینندووبوونەوە و بەپیتیی، بەشێکی گرنگی ڕێوڕەسمی جەژنی سەری ساڵی مێسۆپۆتامیا بووە. بۆیە لە مانگی چواردا ئاهەنگی سەری ساڵ کراوە و گەورەترین ڕێوڕەسم و چالاکی هەمەجۆر لەو مانگەدا بەڕێوە چووە. هەروەها بەپێی تەورات لە هەندێک قۆناغ و ناوچەدا ئاگریش وەک ئەمڕۆی کورد کراوەتەوە. نزیکی دوو هەزار و حەوت سەد ساڵ لەمەوبەر پێغەمبەری جوو “جەرمایا/یەرمیاهو” کە لە ناو ئیسلامدا بە “ئەرمایا” ناسراوە، ئاماژە بە دابونەریتێکی نەگونجاوی نامۆ بە جوەکان دەکات کە منداڵان داریان کۆکردۆتەوە و باوکان گڕیان بەرداوەتە ئاگرەکە و دایکانیش نانی تایبەتیان کردووە بۆ خوداژنی بەهەشت/ئاسمان کە عیشتار/ئینانا بووە.
بە هەمان شێوە ئاینی کریستیانی دوای ئەوەی کە بووە ئاینی ڕەسمی دەوڵەتی ڕۆم، وەک زۆر ئاینی تر، زۆر لەو جەژنانەی ئاوێتەی ئاینەکە کرد. ناوی “عیشتار” وەک خۆی وەرگیراوە و کراوەتە “ئیستەر” کە ئەوە گۆڕانێکی ئاساییە لە زماندا و زیندووبوونەوەی عیشتار لە سەرەتای بەهاردا کرا بە زیندووبوونەوەی عیسا لە هەمان وەرزدا. بەوجۆرە خەڵکی کریستیان بەردەوامییان بە جەژنێکی دیرین دا و ئاینە نوێکەیان ئاوێتەی دابونەریتێکی دێرینی وەرگیراو و چەسپاو لە فەرهەنگیاندا کرد.
بۆ ئێزدیەکان وەک خەڵکی زاگرۆس و مێسۆپۆتامیای دێرین، مانگی چوار مانگێکی زۆر پیرۆز و گرنگە. جگە لە هێلکە ڕەنگکردن و هەڵواسینی گوڵالە سورە بە ماڵانەوە، چەندین ڕێورەسمی تر لەو مانگەدا بەڕێوە دەچێت. ئێزدیەکان مانگی چوار بە بوکی ساڵ دادەنێن بۆیە لەو مانگەدا هاوسەرگیری نابێت بەڕێوە بچێت و بە گوناه سەیری دەکەن. هەروەها نابێت جووت بکرێت و زەوی بکێڵرێت. لەو مانگەدا جلی نوێ دەکەن و خۆیان پاک دەکەنەوە و قوربانی دەکەن. هەر لەو مانگەدا ئێزدیەکان هەتاوەکو چوارشەممە سوری (١٩ ی مانگ)، سەفەری ماست دەکەن. هەر ڕۆژێک خەڵکی گوندێک بە جلی ڕەنگاوڕەنگەوە خۆیان دەگۆڕن و ماست لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ لالش ولەوێ بە نانەوە دەیخۆن. ئەوەی کە لێشیان ئەمێنێتەوە بۆ ئەو خەڵکەی بەجێدەهێڵن کە هاتوون بۆ سەردانی لالش. جگە لەوانە چەندین ڕێوڕەسم و ئاهەنگێڕانی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت و گرنگترینیان لە چوارشەممە سوریدا دەکرێت.
لە ڕووی زمانەوانیشەوە ئەگەر سەیری “جەژنا سەر ساڵ” و “چوارشەممە سور” بکەین. دەبینین وشەی “جەژن” سۆمەریە، “سەر” لای هیتی، هوری و میدی بەکارهاتووە، “ساڵ” بنەچەکەی هورییە. هەروەها “سور” میدەکان بەکاریان هێناوە. وەک فەرهەنگیش “چوارشەممە” ڕۆژی ئاینیی کوردیی ڕابردووە. بۆیە هەتاوەکو ئەم دواییەش خەڵکی کورد لە چوارشەمماندا دەچووە سەر گۆڕی مردوان و پیاوچاکان و تەنانەت زۆر کەس لەو ڕۆژەدا خۆی نەدەشت وزۆر چالاکی ئاسایی ژیانیان دەوەستاند.
وەک ڕوون بووەوە، ئیزدیەکان هەمان جەژنی دێرینی سەری ساڵی سەرەتای مێسۆپۆتامیا بە بیروباوەڕوەکانی ئەو سەردەمەوە دەکەن و وەک مۆزەخانەیەکی دێرین ئەو فەرهەنگ و بیروباوەڕە دێرینەیان بە گۆڕانێکی کەمەوە پاراستووە. هەروەها بە بەڵگەوە دەردەکەوێت کە ئەو جەژنە نزیکەی پێنج هەزار ساڵە بەڕێوەدەچێت و دەشێت دەیان هەزار ساڵ بێت بەڕێوە چووبێت. لە هەمان کاتدا ئەو دابوونەریتە چووەتە ناو یۆنانی و ڕۆمەکانەوە و لەوانەوە لەگەڵ بە ڕەسمیکردنی ئاینی کریستیاندا، ئەو دابوونەریتە دێرینە ئاوێتەی ئاینی کریستاینی کراوە و جەژنی زینووبوونەوەی عیشتار کراوەتە جەژنی زیندووبوونەوەی عیسا. ئەوەش حاڵەتێکی نائاسایی نیە، ئاینی ئیسلامیش مانگ و ئەستێرەی پیرۆزی سەردەمی سۆمەری وەک خۆی گواستۆتەوە بۆ سەر مزگەوتەکان و ئەمڕۆ وەک سیمبوڵێکی پیرۆزی ئیسلامی مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
بە کورتی هێلکە ڕەنگکردن و جەژنی سەری ساڵ و بیروباوەڕە پەیوەستەکان بەو جەژنەوە لەناو ئێزدیەکاندا، بنەچەی دیڕینی مێسۆپۆتامیا و زاگرۆسی هەیە و دوای هەزاران ساڵ بە گۆڕانێکی کەمەوە لە ناویاندا ماوە. لە هەمان کاتدا زۆر درەنگتر ئەو ڕووداوە بە گۆڕانێکی زۆرەوە چووەتە ناو ئاینی کریستیانەوە. بە هەمان شێوە ئاگرکردنەوە لە سەری ساڵدا زۆر لە ناوی فارس و دەرکەوتنی فارس لە مێژوودا دێرینترە کە ئەمڕۆ هەندێک خەڵک بە هەڵە جەژنی نەورۆز دەبەستنەوە بە فارسەوە.
دەبا ئاگاداری ئەو مۆزەخانە فەرهەنگییە زیندووانەمان بین کە ئەمڕۆ لە ژێر ناوەکانی ئێزدی و یارسانیدا بەبێ ناز و بێ قەدرگرتن فەرهەنگەکەمان دەوڵەمەند دەکەن و تێگەیشتنمان لە خۆمان بۆ ئاسان دەکەن و باشتر پێمان دەڵێن کێین و نایەڵن لە پیرە درەختی فەرهەنگی کوریی داببڕێین. با هەموومان بەوپەڕی ڕێزەوە لە ١٩ ی ئەم مانگەدا پیرۆزبایی جەژنی چوارشەممە سوری لە ئێزدیەکان و خۆمان بکەین بۆ ئەو جەژنە ئیزدییە کوردییە دێرینە پیرۆزەی کە ئەوان هەزاران قوربانیان بۆ پاراستنی داوە.
تێبینی:
– سوپاسی زۆری خوێنەری پەیجەکەم Jundi S Jundi دەکەم کە کەسێکی ئێزدیە و بە هەندێک زانیاری هاوکاری کردم.
-وێنەکەی لای چەپ هێلکەی ڕەنگکراو و گوڵاڵە سورەیە کە بەشێکن لە ڕێوڕەسمی جەژنەکە. وێنەکەی ناوەڕاست وێنەی شێخ ناسر-ە کە سەرکردەی ئاینیی ئێزدیەکان بووە و لە ساڵی ١٨٤٢ دا وێنەکەی کێشراوە. وێنەکەی لای ڕاست دەرگای لالشی پیرۆزە کە لە ساڵی ١٨٤٢ وێنەکەی کێشراوە.
سەرچاوەکان
Attwell, L. (2007) Jesus Christ the Counterfeit Christian Messiah – Incorporating “What Really Happened in the Garden of Eden” and God, Genes and Evil, Shalom International Publishers, UK.
Brunel, P. (2015) Companion to Literary Myths, Heroes and Archetypes, Routledge, UK.
Merrick, R. (2012) The Venus Blueprint: Uncovering the Ancient Science of Sacred Spaces, Evolver Edition, USA.
Zuersher, B. (2014) Seeing Through Christianity: A Critique of Beliefs and Evidence, Bill Zuersher, UK.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …