Home / به‌ڵگه‌نامه‌ / نامەیەکی (لینین) رۆژێک بەر لەشۆرشی ئۆکتۆبەر

نامەیەکی (لینین) رۆژێک بەر لەشۆرشی ئۆکتۆبەر

Lenin-Propaganda

نامەیەکی (لینین) رۆژێک بەر لەشۆرشی ئۆکتۆبەر

بۆ ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی

هاورێیان!

من ئەم چەند دێرە لە پاشنیوەرۆی بیست و چوارەمین ئەنووسمەوە، هەلومەرجەکە لەرادەبەدەر قەیراناوییە. وەک رۆژ روناکە، کە ئێستا ئیتر بەراستی، دواکەوتن لەڕاپەرین یەکسانە بەمەرگ.

بە جورئەتێکی تەواوەوە، هاوڕێیان دڵنیا ئەکەم، کە ئێستا ئیتر هەموو شتێک بە تاڵە موویەکەوە بەندەو بابەتگەلێک لەدەستوری رۆژدایە، کە نە بە ڕاوێژکردن ئەکرێت وەڵامی پێ بدرێتەوە، نە بەکۆنگرەکان( تەنانەت ئەگەر کۆنگرەی شوراکانیش بێت)، بەڵکو وەڵامی ئەوانە لە عەهدو پەیمانی خەڵک، جەماوەر و خەباتی جەماوەری چەکداردایە.

گوشاری بۆرژوازی کۆرنیلۆفییەکان(١) و خستنەلاوەی ورخوسکی ئەوە دەردەخات کە، ناتوانێت لەچاوەروانیدا بێت. پێویستە بەهەر نرخێک بێت ئەمرۆ پاشنیوەرٶ یان شەو، لەدوای چەککردنی یونکەرەکان(٢) ( و لەحاڵەتی بەرگری، زاڵبون بەسەریاندا) و چەکدارانی دیکە، ئەندامانی دەوڵەت دەستگیر بکرێن.

ناکرێت لەچاوەروانیدا بیت! رەنگە هەموو شتێک لەدەست بچێت!

بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات، یەکسانە بە: بەرگری لە خەڵک (نەک لە کۆنگرە، بەڵکو لە خەڵک، لەسوپاو بەپلەی یەکەم لە جوتیاران) لە هەمبەر دەوڵەتی کۆرنیلفی، کە ورخوسکی دەکرد و دووەمین پیلانی ئامادەیە.

چ کەسێک ئەبێ دەسەڵات بەدەست بهێنێ؟

ئەم مەسەلەیە بۆئێستا گرنگ نییە، با کۆمیتەی شۆرشگێر جەنگ(٣) یان (دامەزراوەیەکی تر) دەسەڵات بەدەستبهێنێ و رایبگەیەنێت کە، دەسەڵات رادەستی نوێنەرانی راستەقینەی بەرژەوەندیەکانی خەڵک، بەرژەوەندیەکانی سوپا (پێشنیاری دەستبەجێی ئاشتی) بەرژەوەندیەکانی جوتیاران (ئەبێ یەکسەر دەست بەسەر زەوی و زارەکاندا بگیرێن و خاوەندارێتی تایبەتی هەڵوەشێنرێتەوە) و بەرژەوەندیەکانی برسیەکان، ئەکرێت.

ئەبێ سەرجەم بەشەکان، سەرجەم تیپەکان و سەرجەم هێزەکان، دەستبەجێ سازو ئامادەبن. بەپەلە نوێنەرانی خۆیان خۆیان بۆ کۆمیتەی شۆرشگێری جەنگ و کۆمیتەی ناوەندی بەلشەفیەکان رەوانە بکەن، پێدابگرن و داوابکەن کە بەهیچ جۆرێک هەتا رۆژی بیست و پێنجی مانگ، دەسەڵات لەژێر دەستی کیرنسکی(٤) و هاوکارانی نەمێنێتەوە، بەهیچ جۆرێک، ئەم مەسەلەیە ئەبێ هەر ئەمڕۆ پاشنیوەڕۆ یان شەو هەنگاوی عەمەلی بۆ دابنرێت.

مێژوو، لەشۆرشگێرانێک کە ئەتوانن ئەمڕۆ سەرکەوتن بەدەست بهێنن (و بەدڵنیاییەوە ئەمڕۆ سەردەکەون) بەڵام ئەگەر کارەکەیان بۆ بەیانی هەڵگرت، ترسی ئەوە هەیە کە، زۆر شت لەدەست بدەن، ترسی ئەوە هەیە هەموو شتێک لەدەست بدەن، لەبەرامبەر دواخستنێک کە بەدروستیان زانیوە، خۆشنابێت.

ئێمە کە ئەمرۆ دەسەڵات بەدەست نەهێنین، نەک لەدژی شوراکان، بەڵکو بۆ شوراکانە.

گرتنە دەستی دەسەڵات کاری راپەرینە، ئامانجە سیاسیەکەی لەدوای گرتنەدەست دەسەڵات، دەرکەوێ.

چاوەرێکردنی راگیری ڕاڕاکان لە دانیشتنی ٢٥ ئۆکتۆبەر، یانی لەناوچوون بەهۆی فۆرمالیتەوە(٥). خەڵکی ئەو مافەیان هەیە و ئەرکی سەرشانیانە کەمەسەلەی لەم جۆرە نەک لەرێگەی راگیری بەڵکو لەڕێگەی زەبرو زۆرەوە چارەسەر بکەن. خەڵکی ئەو مافەیان هەیە و ئەرکی سەرشانیانە کە لەساتە وەختەکانی قەیرانی شۆرش، نوێنەرانی خۆیان و تەنانەت باشترین نوێنەرانی خۆیان ڕینوێنی بکەن و لەچاوەروانی ئەواندا، دانەنیشن.

مێژووی سەرجەم شۆڕشەکان ئەو راستیەیان سەلماندووە، کە هەرکاتێک کەسانی شۆڕشگێر بزانن کە رزگاربوونی شۆڕش، پێشنیاری ئاشتی، رزگاربوونی پێترۆگراد، ڕزگاربوون لە قات و قڕی و دانی زەوی بەجوتیاران- لەسەر ئەوان راوەستاوەو ساتێک لەکیس ئەدەن، ئەوا تاوانی ئەوکەسانە، تاوانێکی گەورەو لەڕادەبەدەرە.

دەوڵەت لەحاڵی لەرزین و لەرینەوەدایە. ئەبێ بەهەر نرخێک بووە، کاری بەکۆتا بگەیەنرێت!

دواکەوتن لە هەنگاونان، یەکسانە بەمەرگ.

مێژووی نووسین ٢٤ ئۆکتۆبەری(٦ نۆڤەمبەر) ١٩١٧

بۆیەکەمین جار، لەساڵی ١٩٢٤ چاپ کراوە.

دووبارە نووسینەوەی: رۆبێرت هاکوپیان، ئابان ١٣٨٣

تێبینییەکان:

*کۆرنیلۆف ل،گ.(١٨٧٠-١٩١٨): ژەنەرالێکی تزار(قەیسەر)یی، شاهەنشاهی بوو، لەدووساڵی ١٩١٧ و ١٩١٨دا، یەکێک بوو لە ڕابەرانی شۆڕشی چەواشە.(و.کوردی).

*یونگەر: لەروسیای تزاریدا، بەو قوتابخانانە ئەگوترا کە لە قوتابخانەی سەربازیدا بوون. لە ڕۆژگاری شۆرشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧دا، ئەم یونگەرانە بەرابەری پارتە بۆرژوا فیوداڵەکانی شۆڕشی چەواشە، لەشارەکانی مۆسکۆ و پیترۆگراد و هەندێک شاری دیکە، بەرگریەکی چەکدارانەیان لەدژی کرێکاران و سەربازان، ئەوانەی دەسەڵاتی شوراییان دامەزراندبوو، بەڕیوەبرد.(و، کوردی)

*کۆمیتەی شۆڕسگێری جەنگ” بە شورای پێترۆگرادەوە وابەستە بوو، لەمێژووی ١٢(٢٥)ئۆکتۆبەری ١٩١٧، بەفەرمانی کۆمیتەی ناوەندی حزبی بۆلشەویک، دامەزرا.

*کیرنسکی ئی، ف.(لەساڵی ١٨٨١ لەدایک بووە): سەرۆکی حکومەتی کاتی بۆرژوازی بوو لەماوەی نێوان مانگی تەموز(یۆنیو) تا تشرینی یەکەم(ئۆکتۆبەری ١٩١٧. کاتێک کەشۆرشی سۆشیالیستی لە ٢٥ ئۆکتۆبری ١٩١٧ روخاند، کینسکی هەوكی ئەوەیدا کەلەدژی شۆرش و دەسەڵاتی شورایی کردەوەگەلێک ڕیکبخات.(و.کوردی)

*شتی رواڵەتی، شکڵی، رۆتینی، تەشریفاتی.(و.کوردی).

سەرچاوە:

(نامەی لنین بە اعچای کمیتە مرکزی)

 

 

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

بەڵگەنامەیه‌کی زۆر گرنگ دەربارەی مێژووی کورد کە بەڵگەنامەکە دەربارەی ئاوارەبوونی 20هەزار کەسە لە خەلکی هەورەمان لە دیوی ئیران بەرەو خاکی عوسمانی

ناوەرۆکی بەلگەنامەکە هو ، ئاماژەیە بۆ بِسْمِ اللّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ تەلەگرافنامە بۆ سەفارەتی تهران لەو …