Home / بەشی مێژووی كورد / گۆشەیەكی مێژووی ئاڵای كوردستان

گۆشەیەكی مێژووی ئاڵای كوردستان

717122018kurdflag171220185

لە مێژووی هاوچەرخی كورددا چەند ئاڵایەك وەك نیشانە و ئاڵای جوڵانەوەی سیاسی كوردستان نمایشكراوە.

لانیكەم دیارترینیان ئاڵاكەی شێخ مەحمود، ئاڵاكەی شۆڕشی ئارارات و خۆییبوون، ئاڵای كۆماری مەهاباد و ئاڵای هەرێمی كوردستان.

ئاڵای ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان كە لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەنگی لەسەردراوە، نزیكترین و بگرە تەنها لە تیشكی خۆرەكەدا نەبێت، هەمان ئاڵای كۆمەڵەی خۆییبوون و شۆڕشی ئاراراتە(١٩٢٧-١٩٣١). كۆمەڵەی خۆییبوون لە ئەنجامی خۆهەڵوەشاندنەوەی هەر چوار رێكخراوی سیاسی كوردستانی پێكهات كە بریتیبوون لە: كۆمەڵەی تەعالی كوردستان، تەشكیلاتی كوردستان، میللیەتی كورد و كۆمیتەی ئیستیقلال، كە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەیدا و رێكخراوێكی دی بە ناوی كۆمەڵەی خۆیبوون سازدا، پاشان لە هەناوی ئەم كۆمەڵەیەشدا شۆڕشی ئارارات(دژی حكومەتی توركیا و ئەتاتورك) هەڵگیرسا.(كندال و دیگران، كردها، ١٣٧٩: ص١١١)(كۆچرا، جنبش ملی كرد، ١٣٧٧: ص١١٥)

هەندێ لەو باوەڕەدان لەناو ئەم گروپانەی خۆیبوون-یشدا ئاڵاكە تایبەت بووە بە باڵی كۆمەڵەی تەعالی كوردستان و لە ساڵی ١٩٢٠ دا كێشراوە و پاشتر بووەتە ئاڵای خۆییبوون.

حكومەتی دووەمی شێخ مەحمود (مەلیكی كوردستان) ئۆكتۆبەری ساڵی 1922 ئاڵای كوردستانی لە شاری سلێمانی هەڵكرد و (حكومەتی خوارووی كوردستان)ی راگەیاند. ئەو ئاڵایەی كە لەلایەن حكومەتی خوارووی كوردستان بە رێبەرایەتی شێخ مەحموود هەڵدرا پێكهاتبوو لە زەمینەیەكی سەوز و مانگێكی سپی لەسەر رەنگی سوور لە ئاڵاكەدا دەبینرا.

كۆماری كوردستانیش لە مەهاباد ئاڵایەكی تایبەت بە خۆی هەبوو كە لە رۆژی ٢٦ی سەرماوەزی١٣٢٤(١٧/كانونی یەكەم/١٩٤٦ز) لە شارەوانی شاری مەهابادی پێتەختی كۆماری كوردستاندا هەڵكراو و ئاڵای حكومەتی ئێران هێنرایە خوارەوە(نەوشیروان مستەفا، كۆماری كوردستان، ٢٠٠٦: ل٩٦)، ئاڵاكەی كۆماریش سێرەنگە و قەڵەمێك و خۆرێك و گولەگەنمێك بە دەوریدا لە ناوەڕاستی ئاڵاكەدا دەبینرێن.

هەژار موكریانی(١٩٢١-١٩٩١) لەبارەی ئاڵاكەی كۆماری كوردستان(مەهاباد) ئەم شیعرەی نوسیوە:

پارچەكەی سێ رەنگی خۆی دەنوێنێ؛ رەنگی سوور دەڵێ
تا تنۆكێ خوێنی كورد مابێ قەدی من نانەوێ
یان دەڵێ لێم سوورە دێموكراسی لە عالەم سەركەوێ
موستەبید و مورتەجیع كەوتوونە گێژی گێژەوێ
سپیەكەی موژدەی بەیانی بەختی كوردی كرد بەیان
رۆژی بەختی كوردە پەیدا بوو نەما پەردەی شەوێ
دوو گوڵی گەنمی دەڵێ ئاگات لە رزقی خۆت ببێ
خۆت كە برسی بۆچی دوژمن پێی بژی لێرە و لەوێ
پێت دەڵێ نووكی قەڵەم گەر ژینی خۆشت پێدەوێ
غەیری من دەس ناكەوێ بۆ رێی تەرەقی پێشرەوێ
رەنگی سەوزی یانی دایكی نیشتمان لەورۆكەوە
جوان و سەر سەوزە وەگیری كەوتووە عومری نەوێ
(هەژار موكریانی، ئاڵەكۆك، ئاڵای كوردستان)
بەڵام ئاڵاكەی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان، هەرسێ رەنگی سوور لەسەرەوە و رەنگی سەوز لە خوارەوە و رەنگی سپی لە ناوەڕاستدا لە خۆگرتووە و لەسەر زەمینە سپیەكەش خۆرێكی زەرد دەدرەوشێتەوە كە نزیكە لەو ئاڵایەی لە یەكەم كۆبوونەوەی دامەزراندنی رێكخراوی (خۆیبوون) لە ساڵی ١٩٢٧ وەك ئاڵای كوردستان بڕیاری لەسەردراوە.

لە دوای پێكهێنانی حكومەت و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان(١٩٩٢)، ئاڵاكە لە لایەن ھەندێك لە رێكخراو و دەزگاكانەوە هەڵدەكرا و بەكاردەهێنرا، بەڵام لە ١١/١١/١٩٩٩ یاسای ژمارە ١٤ و بڕیاری ژمارە ٢٨، بەدواوە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بەرەسمی وەك ئاڵای كوردستان بڕیاری لەسەر درا، كە تیشكی خۆرەكەی ٢١ تیشكە و لە چوار رەنگی سوور، سپی، زەرد، سەوز پێكھاتووە، لە ساڵی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی ١٩-٦-٢٠٠٤ بە بڕیاری ژمارە (٤٨) رۆژی ١٧ ی كانونی یەكەمی هەمو ساڵێكی كردە رۆژی ئاڵای كوردستان لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان. هۆكاری دیاریكردنی ئەم رۆژەش ئەوەیە كە ھاوكاتە لەگەڵ رۆژی داگرتنی ئاڵای كۆماری كوردستان لە مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٦ز، لەلایەن ڕژێمی ئەوكاتەی ئێرانەوە(پەهلەوی).

هەر لێرەوەوە بە ناوی ناوەندی كوردستان بۆ دۆكیۆمێنت و لێكۆڵینەوەی ئەكادیمی لە زانكۆی سلێمانی، رۆژی ئالای كوردستان لە هەموو هاونیشتمانییانی كوردستان پیرۆزبێت و بە ئومێدی بونیادنانی نیشتمانێك بۆ هەمووان و هی هەمووان.

هەردی مەهدی

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …