Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووی كۆنی كورد / بە هیندۆئێرانیی کردنی کوردەکان

بە هیندۆئێرانیی کردنی کوردەکان

هه‌ڵكه‌وت پشده‌ری

بەشی یەکەم

مشتومڕی بنەچەی کورد تا ئێستا ساغ نەبووەتەوە و بە ئاسانیش ناگاتە ئەنجام. هۆکارێکی زۆر سادەی ئەو بابەتە ئەوەیە ئەوانەی ئێستا بە کوردی دەدوێن و خۆیان وەکو نەتەوەی کورد دەناسێنن، لە سەردەمانی بەر لە مێژووەوە هەبوون و لەسەر ئەو خاکەی ناوی کوردستانە ژیاون. کاتێک دەڵێین بەر لە مێژوو، هەڵبەت مەبەست ئەوەیە جارێ مرۆڤ نووسینی دانەهێنابوو، بۆیە بەشێکی زۆری ئەو مێژووەی باب و باپیرانی کورد لە کوردستان هەیانبووە، تۆمارنەکراوە. کارێکی هەرە قورسی مێژوونووسانی کوردیش هەر ئەوەبووە کە نەیانتوانیوە جگە لە ئاماژەی کورت و کەمی پەرتوبڵاوی سەرچاوەی هەمەجۆری ئەو کاتە، شتێکی تێروتەسەل نەدۆزنەوە. سەرباری ئەوانەش، چەندی دێ توێژینەوە و زانیاریی تازە دێتە دەست و لایەنێکی کەمی مێژووی دێرینمان، ڕووناک دەکەنەوە.

لە کارە هەرە قورسەکانی مێژوونووسان ئەوە بووە ئایا کورد ئاریایین یان نا. تا کۆتایی سەدەی ڕابردوو هەموو بۆچوونەکان کۆک بوون و پێیان وابوو کورد ئاریایین. تا ئێستاش ئەوانەی پشت بە سەرچاوە کۆن و باییەکانی سەدەی ڕابردوو دەبەستن لە ژێر هەمان کاریگەردا ماون. پاڵنەری ئەو بۆچوونەیان لێکچوونی زمانی کوردی بووە لەگەڵ زمانەکانی دیکەی خێزانی هیندۆ-ئێرانی و هیندۆ-ئەوروپی بە گشتیی. لە سەرودەمی سەرهەڵدانی شۆڕشی کشتوکاڵیدا بەر لە ١٠ تا ١١ هەزار ساڵ لەمەوبەر، باب و باپیرانی کورد تاکە نیشتەجێیانی خاکی کوردستان بوون. هەرنەبێ بە درێژایی مێژووی چوار هەزار ساڵی ڕابردوو، پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی لە زاگرۆس و دەورووبەری، دووچاری گۆڕان و تێکەڵبوون لەگەڵ کۆچبەران و داگیرکەران بوون. ئەگەرچی پاشماوەی بەشی هەرە زۆری ئەو جۆرە تێکەڵبوون و داگیرکارییە لە مێژوودا نییە و وێنەکە لەو بارەیەوە هەر لێڵە و ئاسۆیەکی ڕوون نییە لەوە ڕوونتر ببێت، بەڵام جینەکان و هەموو ماددەی بۆماوەیی کوردانی ئێستا و ئەوانەی پێش هاتنی ئاریاییەکان لە کوردستان دەژیان، ئەو تۆمارەیان لەخۆدا هەڵگرتووە و سەلمێنەری کۆمەڵێک گۆڕانکاری و تۆماری چاوەڕواننەکراون. زانیارییەکان تەواو پێچەوانەی ئاریاییبوونی کوردن.

لەگەڵ ئەو بیردۆزانەی بۆ دیاریکردنی ڕەچەڵەک پشت بە زمان دەبەستن، هەندێ هەوڵی دیکەی ڕەگ قووڵ لە سەدەی نۆزدە دەرکەوتن و تا ئەمڕۆ هەر ماون، ئەوەیە کە ڕەچەڵەکی کورد بە پەت و تۆڕی گریمانەکانی زمان، مەزهەب و هەبوونی “نەژاد” وەک جیاکەرەوەی مرۆڤ، دەبەستێتەوە. ئەو گریمانانە بە تەواوی چەند جارێک لە لایەن کۆمەڵەی مرۆڤناسیی ئەمەریکا ڕەت کراونەتەوە (بڕوانە گۆڤاری زانستی مرۆڤناسیی جەستەیی ئەمەریکا، ژمارە ١٠١ ساڵی ١٩٩٦ ، ٥٦٩-٥٧٠)، چونکە هەموو تاقیکردنەوە بڵاوکراوەکان بۆ هەوڵدانی سەلماندنی نەژادێکی هاوبەشی کوردەکان بە تەواوی بێ ئەنجام بوون، ئینجا ئەوەی چەند جێی متمانەیە و لە ڕاستییەوە نزیکە، لە لایەکی دیکەی دانێ. کەواتە لێکچوونی زمان هەرگیز نابێتە یەکلاکەرەوەی ڕەچەڵەکی کورد. لە لایەکی دیکەوە، هەبوونی نەژادێکی پاک و بێگەرد لە ناو نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەمێکە نەماوە. هەر پێناسەی نەژاد وەک دەستەواژە، بۆ یەکلاکردنەوەی رەچەڵەک، گونجاو نییە. چونکە نەژادی پاک، نە هەبووە و نە هەیە.

هاتنی ئاریاییەکان بۆ ناوچەکانی زاگرۆس و ئەو خاکەی ئێستا ناوی ئێرانە بەیەک کۆمەڵ و یەک کۆچ نەبووە. تۆمارەکانی میسۆپۆتامیای کۆن ئاماژە بۆ ئومان-ماندا دەکەن. زاراوەی میسۆپۆتامیای کۆن ئومان-ماندا سەلمێنەری هەبوونی کۆچبەری کۆمەڵە سەربازی چەند نەژادێکی جیاوازی سەدەی بیست و یەکی پ. ز.ە. ئومان لە زمانی ئەکادی بۆ ئێرین-مێش (جۆرێک سەربازی ئەکاد بوون) وەک ئاماژە بۆ سەربازی چەکدار بەکارهاتووە (جەنگاوەر). هاوڕاییەکی تەواو لەسەر بەشی دووەم “ماندا” نییە، بۆ نموونە لای بابلیەکان “ماندوم” واتای سەرباز بووە؛ یان سۆمەریەکان “ما –(ن) دو (م)” بۆ زەوی و شاخەکانی ڕۆژهەڵاتی دوور بەکارهاتووە. بەلای زۆری دیکەوە ئومان-ماندا، زاراوەیەکی گشتیی بووە بۆ ئاماژە بەهەر کۆمەڵێکی نەژاد و پێکهاتەی سەربازیی و/یان خەڵکی بیانیی لە گەلانی ئوراسیا و ڕۆژهەڵاتی نزیک.

لە ناو ٥١ سەرچاوەی نێوان ٢١٠٠ بۆ ٦٠٠ ساڵ پ. ز. و لەسەردەمی ئیشبی-ئیرا دامەزرێنەری خێزانی دەسەڵاتداری ئیسین (١٩٨٥ تا ٢٩١٧ پ. ز.) تا سواڵەتەکانی (تابلۆ قوڕیینەکان) سپارتۆلی سەردەمی ئەخمیدیەکانی فارس (٤٠٠-٦٠٠ ساڵ پ. ز.) نزیکتیرن سەرچاوەی نوێ ئەوەی توێژەری لاوی تورک سەلیم فێروح عەدالی (ئومان-ماندا و بایەخەکەی لە هەزارەی یەکەمی پ. ز.، ساڵی ٢٠٠٩ لە زانکۆی سیدنی ئوسترالیا). عەدالی لە ناو ٥١ سەرچاوەدا ٢٨ یان بۆ ئەفسانەکانی میسۆپۆتامیا دەگەڕێنێتەوە، ٢٣ شیان دەکرێت وەک دەقی مێژوویی نێوان سەدەکانی ١٨ بۆ ٦ ی پ. ز. تەماشا بکرێن. پێدەچێت وشەی ئومان-ماندا کۆچی هەڵگرانی جینی ئاریاییەکان (جینی R1a1) دەچەسپێنێت یان یەکلا دەکاتەوە، وەک ئەناتۆلی کلیۆسۆڤ دەڵێت “کاتەکانی کۆچکردنی هەڵگرانی جینی R1a1 لە ناوچەکانی باشووری ڕوسیاوە بەرەو باشوور بە ئەرمەنستاندا بۆ ئەناتۆلیا، باکووری ڕۆژئاوای ئێران و ناوچەی عەرەبی بە تەواوی لەگەڵ کاتی بەکارهێنانی وشەکەدا ٣٦٠٠ بۆ ٤٠٠٠ ساڵ لەوانەیشە ٣٣٠٠ بۆ ٤٢٠٠ ساڵ پ. ز.، یەکدەگرێتەوە و تەبان.

About دیدار عثمان

Check Also

بە هیندۆئێرانیی کردنی کوردەکان

هه‌ڵكه‌وت پشده‌ری بەشی دووەم لە ناو ٥١ سەرچاوەی نێوان ٢١٠٠ بۆ ٦٠٠ ساڵ پ. ز. …