Home / بەشی مێژووی كورد / دەربارەی سروشتی ڕاپەڕینە گەورەکەی ساڵی ١٩٢٥

دەربارەی سروشتی ڕاپەڕینە گەورەکەی ساڵی ١٩٢٥

kurd72

دەربارەی سروشتی ڕاپەڕینە گەورەکەی ساڵی ١٩٢٥
د. کەمال مەزهەر
ڕاپەڕینە گەورەکەی ساڵی ١٩٢٥ ی کوردستانی تورکیا یەکێکە لە حەڵقە خوێناوییە هەرە گەورەکانی زنجیرەی خەباتی ڕزگاریخوازی – نەتەوەی کورد، بەڵام میللەتەکەمان تاوەکو ئێستا شتێکی یەکجار کەم و تا ڕادەیەکی زۆر سەرپێیی دەربارەی لاپەڕە گەورە پڕ شانازییەکانی دەزانێت کە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی قووڵ و دوور و درێژە بۆ دەرخستنی سروشتی ڕاستەقینەی ڕاپەڕینەکە خۆی و دیارکردنی ئەو دەرسە مێژووییانەی میللەتە خەباتکەرەکەمان پێویستی پێیانە، هیچ نەبێت بۆ ئەوەی یارمەتی ئەوەمان بدەن ئەمڕۆ هەڵەی دوێنێمان دووبارە نەکەینەوە.
لە دەرەوەی کوردستانیش تا ئێستا بە شێوەیەکی زۆر کورت و تا ڕادەیەکی دیار هەڵە لەم ڕاپەڕینە کۆڵراوەتەوە. بەشێکی زۆر لە مێژوونووسە بێگانەکان، بە ڕۆژهەڵناسە گەورەکانی سۆڤیەتەوە (وەک پرۆفیسۆری ناسراو ‌أ . ڤ . میللەر) ئەم ڕاپەڕینە بە جووڵانەوەیەکی کۆنەپەرستی دەستکردی ئینگلیز دائەنێن، کە گوایە دوو مەبەستی بنچینەیی هەبووە: یەکەمیان لاسەنگ کردنی هەڵوێستی ئینگلیز لەو خەباتە سەختە سیاسییەیاندا کە لەگەڵ تورکەکاندا دەیانکرد لەسەر «ویلایەتی موسڵ» و دووەمیشیان گوایە کۆنەپەرستیی ناوخۆ و دەرەوە دەیانویست لە ڕێگای ئەو ڕاپەڕینەوە بەرهەڵستی گۆڕانە شۆڕشگێڕییەکانی کەمالییەکان لە تورکیادا بکەن.
یەکێک لەو هۆ گەورانەی ڕێوشوێنی ڕاستەقینە و سروشتی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٢٥ ی لە مێژوونووسە بێگانەکان بەجارێک تێکداوە ئەو گێرە شێوێنییە بێ شومارە بوو کە کاربەدەستە شۆڤێنییەکانی تورکیا بۆ ئەم مەبەستە نایانەوە، بەتایبەتی دروستکردنی هەواڵ و دۆکیۆمێنتی درۆ کە لە دواییدا بوونە سەرچاوەی لێکۆڵینەوەی مێژووی ڕاپەڕینەکە. لە گفتوگۆیەکی تایبەتی نووسەری ئەم وتارە لەگەڵ ڕۆژهەڵاتناسی گەورەی سۆڤیەت ئەناتۆلی فیلیپۆڤیچ میللەر، کە وەک وتمان لەو بڕوایەدایە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٢٥ جووڵانەوەیەکی کۆنەپەرست بووە، ڕاست وڕەوان گوتی: «ئەو مەتریاڵ و بەڵگانەی بەدەستمەوەن ڕێگای ئەوەم نادەن بتوانم بە جۆرێکی تر سەیری ئەم ڕاپەڕینە بکەم، بەڵام کەی بەڵگەی مێژوویی باوەڕپێکراوی پێچەوانەیانم دەستکەوت ئەو کاتە هەڵبەتە منیش لەسەر ڕۆشناییان دەتوانم بیروڕایەکی نوێ داڕێژم و دان بەوەدا بنێم کە هەڵە بووم». لەو بڕوایەدام زۆربەی مێژوونووسە بێلایەنەکانی تریش هەر لەسەر ئەو ڕایەن.
ئەمە بێگومان ئەرکێکی یەکجار گەورە دەخاتە ئەستۆی مێژوونووسە کوردەکان و بەڵکو هەموو ڕۆشنبیرێکی کورد، بەتایبەتی ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگایان لە ڕووداوەکانی ئەم ڕاپەڕینەیە کە هەوڵبدەن کارێکی وا بکرێت ئەو ڕاستییە مێژووییە گرنگانەی پەیوەندییان پێوەی هەیە نەفەوتێن و کۆبکرێنەوە و بەشێوەیەکی قووڵ و زانیارییانەی دوور لە هەست و لە ڕووداوەکانی بکۆڵنەوە.
نووسەری ئەم وتارە لە سنووری توانایا لە ساڵانی خوێندن و کاریدا لە دەرەوەی وڵات بایەخێکی زۆری بەم باسە دا و شوێنێکی تایبەتیی لە نامەی دکتۆراکەیدا بۆ تەرخان کرد کە دەتوانم بڵێم بێ ئەنجام نەبوو. ئەوە بوو لە کاتی یەکەم لێکۆڵینەوەی ئەو نامەیەدا لە سەرەتای ساڵی ١٩٦٣ دا لە ئینستیتوتی ڕۆژهەڵاتناسی ئەکادیمیای زانستیی سۆڤیەتی بڕیار درا کە پێویستە شارەزاکانی «لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستییانەی لەو نامەیەدان جارێکی تر چاو بخشێننەوە بە بیروڕایاندا بەرامبەر ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٢٥ لە کوردستانی تورکیا». جگە لەوە یەکێک لە کوردناسە هەرە گەورەکانی سۆڤیەت و ڕۆژهەڵاتناسی بەتوانا «و . ڤیلچێڤسکی» ڕایەکی دە لاپەڕەیی دەربارەی ئەو نامەیە نووسی کە بەئاشکرا پاشگەزبوونەوەی خۆی لە هەڵەکانی ڕابردووی تێدا تۆمار کردبوو، دانیشی بە ڕاستیی ئەو ئەنجامەدا نا کە لەو نامەیەدا دەربارەی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٢٥ دەستنیشان کرابوون. دوای ئەوە بە ماوەیەک دەرزگای ڕۆژهەڵاتناسی ئەکادیمیای زانستیی ئازەربایجان و ئەرمینیای سۆڤیەت ئامادەکردنی باسێکی تایبەتیان دەربارەی ئەو ڕاپەڕینە بە نووسەری ئەم وتارە سپارد بۆ ئەو کتێبە گەورەیەی بەدەستەوەیە لەسەر هەموو مێژووی کورد بڵاوبکرێتەوە.
دوای هاتنە سەر حوکمی کەمالییەکان بیرتەسکییان لەوەدا دەرکەو کە نەک هەر نەیانتوانی یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی شۆڕشی بۆرژوازی دیموکراتی جێبەجێ بکەن کە ئەویش نەهێشتنی چەوساندنەوەی نەتەواتییە، بەڵکو بەتەواوەتی ڕێگایەکی پێچەوانەی ئەوەشیان گرتەبەر. سەرەتای ئەم ڕێگا نالەبارە هەر زوو دەرکەوت، بەتایبەتی کاتی دانانی دەستووری نوێی تورکیا لە نیسانی ساڵی ١٩٢٤ دا.
ئەوە بوو لەو دەستوورە تازەیەدا تەنها ئەو بەندانەی دەستوورەکانی ساڵ ١٨٧٦ و ١٩٠٩ هێڵرانەوە کە بە تەواوەتی لەگەڵ بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی بۆرژوازیی نیشتمانیدا دەگونجان، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان هەبوو بە بێبەریکردنی چینە چەوساوەکان و نەتەوە ژێردەستەکان لە مافە سیاسییە ڕەواکانی خۆیان (وەک بێبەریکردنی ئەو کەسانەی نەتوانن بە تورکی بخوێننەوە و بنووسن لە مافی دەنگدان و دانانی زمانی تورکی بە تاکە زمانی ڕەسمیی لە سەراپای وڵاتدا). هەر ئەم سیاسەتە پێش ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٢٥ لە گەلێک کردەوەی تردا خۆی نواند و زۆر بەخێرایی گەیشتە پلەی سیاسەتێکی شۆڤێنی لێکۆڵراوە کە ئامانجی، وەک نووسەری ئینگلیزی «ڤ . رایند» دەڵێت، ئەوەبوو «تورکیا بکرێتە دەوڵەتێکی یەک نەتەوەیی»، بۆ جێبەجێکردنی ئەمەش دیارە پێویست بوو هەموو نەتەوەکانی تری ئەم وڵاتە لە بۆتەی نەتەوەی گەورەدا بتوێنرێتەوە.
وردە وردە دیوی شاراوەی ئەم سیاسەتە کەوتە ڕوو. تەنانەت لەو بەیاننامانەشدا کە کەمالییەکان بە کوردستاندا بڵاویان دەکردەوە و بە ئاشکرا، وەک دیمان، مەرایی کوردیان دەکرد، هەر لەو کاتەشدا پەنجەی هەڕەشەیان لەو هێزە کوردانە ڕادەوەشاند کە بڕوایان بە هیچ هەرەوەزێک لەگەڵ تورکیادا نەبوو. کۆتایی ئەو بەیاننامەیەی لەسەرەوە باسمانکرد بەم جۆرە بوو:
«ئەوانەی دژی یاسای کۆمارەکەمان دەوەستن زۆر بەتوندی و بێبەزەیی لێیان دەدرێت، هەموو هەوڵێکی یاخیبوون یەکسەر دادەمرکێنرێتەوە بێئەوەی ماوەی بدرێت هیچ جۆرە سەرکەوتنێک بەدەست بهێنێت».
هەر لەو کاتەدا، وەک مامۆستا شاوەیس لە نووسینەکانیدا دەیگێڕێتەوە، کەمالییەکان نەیانهێشت کوردی تورکیا نوێنەری خۆیان بنێرن بۆ بەشداریکردن لە «کۆنگرەی میللەتانی ڕۆژهەڵات» دا کە لە شاری باکۆ لە ئەیلوولی ساڵی ١٩٢٠ دا گیرا، کەمالییەکان ویستویانە خۆیان وەفدێکی دەستکرد بەناوی کوردەوە بنێرن بۆ ئەو کۆنگرەیە، چونکە وا دیارە، مەترسی ئەوەیان هەبووە نیشتمانپەروەرانی کورد مەسەلەی میللەتەکەیان لەبەردەمی ئەو کۆنگرە جیهانییەدا بەجۆرێکی وەها بهێننە پێشەوە کە لەگەڵ سیاسەتی ئەواندا نەگونجێت.هەر لەو ساڵەدا کەمالییەکان بڕیاری خنکاندنیان بەسەر کامەران عالی بەدرخاندا دا کە خێزانەکەی سەدەیەک دەبوو بێوچان خەباتی لەپێناو ڕزگاریی کوردستاندا دەکرد. پاش ماوەیەک (زیا گێوک ئالپ ١٨٧٦-١٩٢٤) کە بە یەکێک لە فەیلەسووفە نەتەوە پەرستە هەرە گەورەکانی تورکیای نوێ دادەنرێت، لەو ڕۆژنامەیەدا کە لە شاری دیاربەکر بە زمانی تورکی دەردەچوو چەند وتارێکی بڵاوکردەوە دەربارەی ئەوەی گوایە دیاربەکر و دانیشتووانی و بگرە دانیشتووانی هەموو شارەکانی کوردستانی ژووروو تورکن. ئەم جۆرە نووسینانە بەجارێک هەستی ناسکی نەتەوایەتی بریندارکراوی کوردیان دەجوڵاند، بەتایبەتی هەستی ڕۆشنبیرە خوێنگەرمەکان.
لەلایەکی ترەوە سیاسەتی شۆڤێنی کەمالییەکان هەموو ڕێکخراو و ڕۆژنامە کوردییەکانی ناچارکرد یا بەتەواوی دەست لە ئیشکردن هەڵبگرن، یا بچنە کۆڕی خەباتی نهێنییەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەش کە کاربەدەستانی تورکیا خۆیان بەشێوەیەکی ڕەسمیی قەدەغەیانکردن. لە ساڵی ١٩٢٤ ـەوە کاربەدەستانی کوردستان بەئاشکرا کەوتنە ئەوەی داوا لە خەڵکیی بکەن لە کاروبار و گفتوگۆیاندا زمانی تورکی بەکاربهێنن، هەر لەو ساڵشدا ژمارەیەک لە سەرۆکە کوردەکان لە وڵات دوور خرانەوە.
ئەمانە و بە دەیان کردەوەی تری وا بەجارێک هەستی نەتەوەیی هەموو چینەکانی میللەتی کوردیان بزواند و، ئەمەش کارێکی یەکجار گەورەی کردە سەر ژیانی سیاسی کوردستانی تورکیا. لێرەدا زۆر گرنگ و پێویستە ئەو ڕاستییە بخرێتە بەرچاو کە ئەم بەشەی کوردستان لانکەی دروستبوون و گەشەکردنی بیروباوەڕی نەتەوایەتی و مەڵبەندی سەرەتای پەیدابوونی جوڵانەوەی ئازادی –نەتەوەیی هەموو میللەتی کورد بووە. زۆربەی جوڵانەوەکانی میللەتی کورد لە سەدەی نۆزدەمیندا لەم بەشەی کوردستان بەرپا بوون، بۆ یەکەم جار ساڵی ١٨٨٠ هەر لەم بەشەی کوردستاندا دروشمی سەربەخۆیی کوردستانی گەورە لەکاتی ڕاپەڕینەکەی شێخ عوبەیدوڵڵادا هەڵگیرا، هەر کوردە نیشتمانپەروەرەکانی ئەم بەشەی کوردستانیش بوون کە یەکەم ڕۆژنامەیان بە زمانی کوردی دەرکرد و یەکەم ڕێکخراوی سیاسییان لە مێژووی هەموو کوردستاندا دامەزراند، بۆیەکا سیاسەتی شۆڤێنی چینە کاربەدەستەکانی تورک زۆر بەخێرایی ڕەمەکی خەڵکەکەی جوڵاند، کە زۆربەی زۆریان لە بۆتەی خەباتی ساڵەهای ساڵی باوو باپیر و خۆیاندا قاڵبوو بوون. ئەمە ڕاستییەکی مێژوویی یەکجار گەورەیە کە کارێکی زۆری کردووەتە سەر بەرپابوون و سروشتی ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٢٥، بەڵام بەداخەوە زۆربەی مێژوونووسان خستوویانەتە پشتگوێ.
لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک مێژوونووسی بێگانەی دووربین پێش بەرپابوونی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٢٥ بە ماوەیەک سیاسەتی شۆڤێنی کەمالییەکان بەرامبەر کورد سەرنجی ڕاکێشاون و خەمڵی ئەوەیان لێداوە کە ئەو سیاسەتە لە ئەنجامدا پاڵ بە کوردەوە دەنێت ڕاپەڕن.
لەم ڕووەوە ڕای مێژوونووسی ئینگلیزی بەناوبانگ پرۆسیسۆر (ئارنۆلد تۆینبی) جێگا و سەنگێکی زۆر گەورەی هەیە. تۆینبی دوو ساڵ پێش ڕاپەڕینەکە چووەتە تورکیا و لەنزیکەوە گفتوگۆی لەگەڵ کاربەدەستە گەورەکان و پیاوە سیاسییە ناسراوەکانی ئەم وڵاتەدا کردووە و پاش گەڕانەوەی لە یەکێک لە وتارەکانیدا باسی ئەوەی کردووە چۆن لەوێ «هەوڵدەدرێت کورد بتوێنرێتەوە» و گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم سیاسەتە ڕۆژێک لە ڕۆژان «دەبێتە هۆی نانەوەی کێشە و ناخۆشی لەلایەن کوردەوە بۆ ئەنقەرە، بەڕادەی ئەو کێشە و ناخۆشییەی لەلایەن ئەلبانییەکانەوە کاتی خۆی بۆ ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی نرایەوە. وابزانم مستەفا کەمال و هاوەڵەکانی زیاتر حیکمەت دەنوێنن ئەگەر هەر لە سەرەتاوە بەربەستی ڕوودانێکی وەها بکەن بەوەی مافی هاونیشتمانی یەکسانی بدەن بە کورد، بەڵام ئەوان لە تێگەیشتنەوە بێت یا نا سیاسەتی تواندنەوەیان بۆ خۆیان هەڵبژاردووە» .
هۆیەکی تری ئابووریی لە ئارادا بوو کە کاری کردبووە سەر بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی کوردستان، بەتایبەتی هۆزە نیمچە کۆچەر و بازرگانەکانی. ئەوە بوو لە سەدەی نۆزدەمینەوە سەرەتای دروستبوونی یەک بازاڕی لە هەموو کوردستاندا دەستپێکردبوو، ئەم کارە گرنگە لە ئەنجامی بەستنی بازاڕی کوردستان بە بازاڕەکانی جیهانی سەرمایەدارییەوە و دەستپێکردنی ڕزگاربوون لە ئەنجامی ئەوەدا لە چوارچێوەی بەرهەمهێنانی سروشتی، ڕۆژ بە ڕۆژ لە پەرەسەندندا بوو، دابەشکردنی کوردستانیش بەناو لە نێوان تورکیا و ئێراندا لەو سەردەمەدا هێشتا نەبووبووە کۆسپ لەبەردەمیدا. لەو ساڵانەدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان کوردستانی خواروو و ژووروودا تا ڕادەیەکی دیار لە گەشەکردندا بوو بەهۆی ئەو کاروانانەوە کە لە نێوان هەردوو لایاندا لە هاتوچۆدا بوون بەو حەوت ڕێگایە و ئەو دۆڵە گەورەیەی کەوتووەتە ئاستی گەیشتنی خابوور بە ڕووباری دجلەوە و کە پانایی بیست کیلۆمەترێک دەبێت، ئەو ڕێگایانەی بەجارێک ئەمدوو ئەودیوی کوردستانیان پێکەوە بەستووە. تەنانەت لە کاتی دووبەرەکایەتی تورک و ئینگلیزدا لەسەر کوردستانی خواروو، تورکەکان زۆر لەسەر ئەوە سووربوون کە وا پەیوەندی بازرگانی لە نێوان ئەم بەشەی کوردستان و کوردستانی ژووروودا زۆر بەهێزە و بۆ بەڵگەش باسی ئەو حەوت ڕێگایە و دۆڵەکەی لای خابووریان کردبوو. جگە لەوە هەر ئەو پەیوەندیی ئابوورییە بوو کە پاڵی نابوو بەو لیژنە تایبەتییەی «کۆمەڵەی گەلان» ناردبووی بۆ لێکۆڵینەوەی ئەو کێشەیە لە ڕاپۆرتەکەیدا داوا بکات کە ئەگەر هاتو «ویلایەتی موسڵ» درا بە عێراق ئەوا پێویستە ڕێگای خەڵکەکەی بدرێت بە بازرگانەکانی کوردستانی تورکیا ڕێگاکانی ویلایەتی موسڵ بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەکاربهێنن.
بەڵام زرووفی نوێی دوای کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانی و بەڕادەی یەکەم داگیرکردنی کوردستانی خواروو لەلایەن ئینگلیزەوە و دابڕینی لە کوردستانی ژووروو، لەگەڵ سەرکەوتنی چینی بۆرژوازی لە تورکیا و ئێران مانای ئەوەیان دەبەخشی کە ئیتر کوردستان بەشێوەیەکی پراکتیکی دابەش بوو بە چەند پارچەیەکەوە کە بەزۆر هەوڵ دەدرا بە یەکجاری لێک داببڕێن، ئەمەش بێگومان کارێکی یەکجار گەورەی کردە سەر ژیانی ئابووریی کوردستان و بەتایبەتی سەر میکانیزمی دروستبوونی یەک بازاڕی تیایدا.
تورکەکان دەیانویست بەجارێک دەست بەسەر هەموو کوردستاندا بگرن، بەڵام زانییان ناتوانن کوردستانی خواروو بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان، بۆیەکا لە ساڵی ١٩٢٤ ـەوە کەوتنە ئەوەی بە سەرباز هەموو کون و کەلەبەری سنوورەکانیان لەگەڵ سوریا و بەتایبەتی لەگەڵ عێراقدا بتەنن. بەمجۆرە ڕێگای بازرگانی لە نێوان ئەم دوو بەشەی کوردستاندا تا ڕادەیەکی زۆر بەسترا و نەک تەنها بازرگانەکانی هەردوولا، بەڵکو هەردوو بازاڕەکەش لە ئەنجامدا زۆر زەرەربار بوون، تەنانەت نوێنەرانی عێراق کە کۆتایی ساڵی ١٩٢٦ لە زاخۆ گیرا بەشێوەیەکی تایبەتی سەرنجی هاوەڵە تورکەکانیان بۆ ئەم کێشە ئابوورییە ڕاکێشا.
دابڕینی کوردستانی ژووروو و خواروو بەزۆر لە یەکتر کارێکی زۆری کردە سەر ژیانی ئابووریی هۆزە نیمچە کۆچەرەکانیش. کاربەدەستانی تورکیا بەجارێک هاتوچۆی ئەو هۆزانەیان لە نێوان هاوین و زستانە هەوارەکانیاندا کە کەوتبوونە هەردوو بەشەکەی کوردستانەوە، قەدەغە کرد. لە ئەنجامی ئەمەدا بە هەزاران سەر مەڕ و بزنی ئەو هۆزانە فەوتان. بە وێنە تەنها لە هاوینی ساڵی ١٩٢٧ دا دەوروبەری ٦ هەزار کەس لە هۆزی ئەتروشی و سەندی لە ئەنجامی دابڕانیان لە هاوینە هەوارەکانیان بەجارێک زەرەرمەند بوون، لەپێش ئەوانیشدا بە دوو ساڵ دەوروبەری ١٢٠٠ خێزان لەهۆزی میران ناچار بوون بەیەکجاری کوردستانی تورکیا بەجێبهێڵن لەتاو بێبەریکردن لە هاوینەهەوارەکانیان کە کەوتبوونە کوردستانی خواروو لە قەراغ ڕووباری دجلەدا. دیارە لە ئەنجامی ئەمەدا نیمچە کۆچەرەکانی کوردستانیش بەتەواوەتی لە کاربەدەستە نوێکانی تورکیا داخ لە دڵ بوون.
ئەم نیمچە کۆچەرییانە لەگەڵ هەموو لادێکانی تری کوردستان و هەروەها کرێکار و هەژاری ناو شاریش هەر وەک چینە چەوساوەکانی هەموو تورکیا زەلالەتیان بوو بە دەست ئەو باج و سەرانە تازانەوە کە بە یەکجاری پەکی خستبوون و تەنانەت ماوەی کۆبوونەوەی سەرمایەشیان لە دەست پیشەگەرەکان و بازرگانە ناونجییەکانیشدا نەدەدا تا بتوانن لەگەڵ ڕێبازی سەرمایەداری نوێی تورکیادا خۆیان بەرن بەڕێوە. فشاری ئەم باج و سەرانانە بۆ سەر لادێیی لە هەمووان زیاتر بوو، چونکە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا زۆربەیان بە یەکجاری یا ساڵە و ساڵ خۆیان لە دانیان دەدزییەوە. بە وێنە ساڵی ١٩١٣ یەکێک لە خێزانە دەرەبەگەکانی ناوچەی بتلیس بیست ساڵی ڕەبەق بەسەر ئەوەدا تێپەڕیبوو کە پوولێک باج و سەرانەی دەوڵەتی نەدابوو، بەڵام لە سەردەمی دەسەڵاتی مەرکەزی بۆرژوازیدا دیارە ماوەی شتی وەها بە جارێک بڕا. گۆڤاری «ڕۆژهەڵاتی نزیک و هیتد» ی ئینگلیزی دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک بەسەر ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٢٥ دا دەربارەی ئەم باسە نووسیویەتی و دەڵێت: «وەزارەتی دارایی هیچ کون و کەلەبەرێکی نەهێشتۆتەوە دانیشتووانی تورکیا لە ڕێگایانەوە بتوانن خۆیان لە دانی باج و سەرانە ڕزگار بکەن». لەلایەکی ترەوە ئەو باج و سەرانانە تا دەهات لە زۆربووندا بوون. بە وێنە تەنها لە ماوەی ساڵێکدا (١٩٢٨-١٩٢٩) داهاتی دەوڵەت لە باج و سەرانە پتر لە ٦٪ ی زیادی کرد. ساڵی ١٩٣٨-١٩٣٩ باجی ڕاستەوخۆ گەیشت بەڕادەیەک کە پێنج ئەوەندەی ساڵی ١٩٣٠-١٩٣١ دەبوو.
تەنانەت فشاری سەرانە و باجیش لە کوردستاندا زیاتر بوو وەک لە ناوچەکانی تر، هیچ نەبێت لە ئەنجامی ئەوەدا کە بەشێکی زۆر لە سوپای دەوڵەت لێرە لە سەر ورگی ڕەمەکی خەڵکەکە دەژیان. عەبدولعەزیز یاموڵکی دەربارەی ئەمە نووسیویەتی و دەڵێت: «سوپای تورک بەڵایەکی گەورە بوو بە سەر شانی جوتیاری کوردەوە کە ناچار بوو شتومەکی بۆ کۆبکاتەوە و بە کۆڵی خۆی بیگەیەنێتە سەربازخانەکانی و لێرە بە ئارەزووی خۆیان نرخیان بۆ دادەنا و هەر ئەوەندەیان بۆ دەهێشتەوە کە بتوانێت زستانی بە کولەمەرگی بە نان و بەڕوو پێ بەرێتە سەر».
ئەم سیاسەتە بەجارێک خەڵکەکەی وەڕس کردبوو. بەشێک لە ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان هەستیان بەمە کردبوو بۆیەکا هەندێکیان، وەک «کۆمیتەی ئەرزرۆم»، لە کاتی ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٢٥ دا بەیاننامەی تایبەتییان بڵاوکردەوە کە تیایدا پەیمانی لابردنی باج و سەرانەیان دابوو.
ئەمە بوو بەگشتی باری ژیانی ئابووریی و کۆمەڵایەتی کوردستانی ژووروو دوای سەرکەوتنی شۆڕشی بۆرژوازی لە تورکیادا، هەر لەم شەپۆلە فراوانە پڕ پێچ و پەنایەشدا بەئاسانی دەتوانرێت هۆ بنەڕەتییەکان و هێزە بزوێنەرەکانی هەموو جوڵانەوەی ئازادی – نەتەوایەتی کوردستانی تورکیای دوای جەنگی یەکەم، بە ڕاپەڕینە گەورەکەی ساڵی ١٩٢٥ وە دەستنیشان بکرێن.
ئەو هۆیانە، وەک ئاشکرا دیمان، لە ناو کۆمەڵەکە خۆیدا و زۆربەیان لە هەلومەرجی سەرکەوتنی شۆڕشی بۆرژوازی نەتەوەی دەسەڵاتداردا دروست بوون، ئەو هۆیانەش نەک تەنها لە کوردستاندا، بەڵکو لە هەموو شوێنێک و هەموو کاتێکدا لەو سەردەمەدا بەس بوون بۆ ئەوەی هەر میللەتێکی تر بێت بیگەیەنێتە ڕادەی تەقینەوە، زۆر ئاشکرایە لە بارودۆخی ئاوادا ئەگەرچی هۆی دەرەوەش لە ئارادا بووبێت ئەوا ئەو هۆیە هەر بەپێی زانیاریی مێژوو خۆی لە ئەوپەڕیدا ئینجا نەیتوانیوە لە دەورێکی پچووک زیاتر ببینێت و هیچ کاتێک ڕاست نییە و ناتوانرێت بەچاوی هێزی جوڵێنەری بنچینەیی ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٢٥، وەک گەلێک مێژوونووس کردویانە، دابنرێت.
سەرچاوە: د. کەمال مەزهەر. چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی گەلی کورد. بەشی یەکەم ١٩٨٥ بەغدا.پوختەی وتاری « دەربارەی سروشتی ڕاپەڕینە گەورەکەی ساڵی ١٩٢٥ ل ٦٥-٨٨».

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …