Home / بەشی مێژووی كورد / نزیکی سێ هەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر چۆن بەرپرسێک لە کەرکوکدا ڕووبەڕووی دادگا بووەتەوە لەسەر گەندەڵی و دەستدرێژی بۆ سەر ئافرەتێک؟

نزیکی سێ هەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر چۆن بەرپرسێک لە کەرکوکدا ڕووبەڕووی دادگا بووەتەوە لەسەر گەندەڵی و دەستدرێژی بۆ سەر ئافرەتێک؟

10682201_808137949221874_8750260522822642731_o

نزیکی سێ هەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر چۆن بەرپرسێک لە کەرکوکدا ڕووبەڕووی دادگا بووەتەوە لەسەر گەندەڵی و دەستدرێژی بۆ سەر ئافرەتێک؟ (بابەتێک بۆ خوێندنەوە کە کەیسی گەندەڵی تەمەن سێ هەزار و پێنج سەد ساڵە و گێڕانەوەی بەشێکی نەبیستراوی مێژووی کەرکوک لەخۆ دەگرێت)
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
پێم وایە کورد لە ناو جیهاندا وەک خێزانێکی بێ دەرەتانی ناوشارێک وایە کە لە کەلاوەیەکدا دەژی و هەموو خەڵکێکی تر لەملاولای ماڵێکیان بۆ خۆیان دروستکردووە؛ کورد لە بێ دیواری و بێ خانەیی بووندا هەمیشە هەست دەکات کەموکوڕی هەیە و خۆی بە کەم دەزانێت، لە ئەنجامدا ئێمەی خەڵکی دێرینی ئەم خاکە هەرگیز نەمانتوانیوە کە خۆشی لەو فەرهەنگە دەوڵەمەندەمان ببینین و لێی تێبگەین، لەبری ئەوە سەرقاڵی پڕکردنەوەی کەموکوڕیەکین کە لە ئەنجامی بێ دەوڵەتیدا لە هزرماندا بۆیان دروستکردووین و لە ڕاستیدا بوونی نیە.
نموونەی ئەو کاریگەریە لە کەرکوکدا دەردەکەوێت؛ ئەم شارە پڕە لە مێژوو و ئاسەوار و لە ڕاستیدا ئاسەوار و جۆر و بڕی ئەو تێکستانەی کە لەم شارەدا دۆزراوەتەوە وای لێدەکات کە بیکاتە شارێکی دەگمەن لە جیهاندا. بەڵام سەرەڕای ئەوە وا لە خۆمان بزر کراوین و سەرقاڵ کراوین، تازە دەبێت تەقەلا بدەین کە بۆ عەرەب و تورکمانی بسەلمێنین ئەم شارە بەشێکە لە کوردستان، یان زۆر جار سەرقاڵی ئەوەبین کە بزانین کامیان باشە بیکەینە نازناوی ئەم شارە؛ دڵ یان قودسی کوردستان؟ پرسیارەکە ئەوەیە، باشە بۆ کەرکوک و مێژووەکەی هێندە تایبەتە و چۆن سێ هەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر سیستمێکی ئالۆزی یاسایی لەو شێوەیە لە کوردستاندا هەبووە؟
لە ڕاستیدا هیچ شارێکی کوردستان هێندەی نوزی لە کەرکوک تێکستی تێدا نەدۆزراوەتەوە، تێکستەکانی ئەم شارە بە تەنها نزیکی ٧٠٠٠ پارچە گڵی سورەوەکراوە و بە درێژایی سەد و پەنجا ساڵ لە تەمەنی ئەو شارەدا نووسراون. تێکستەکان تەمەنیان نزیکی ٣٥٠٠ ساڵە و بە جۆرێکن کە ووردەکاری ژیانی ڕۆژانەی خەڵک وەک کێشەی زەوی و زاری نێوان بنەماڵەکان، منداڵ هەڵگرتنەوە، زەوی کڕین، دابەشکردنی چەک و کەلوپەلی تر، گەندەڵیی حوکمڕانی، دەستدرێژی سێکسی و کێشەی هێرشی دەرەکی و چەندین بابەتی تری سەرنج ڕاکێش لە خۆ دەگرێت، بە جۆرێک کە دەتوانین زۆر ووردەکاری ژیان و چۆنێتی بیرکردنەوەی کەرکوکیەکانی سێ هەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر بە ووردی بزانین. جا پێش ئەوەی کە بچینە ناو ووردەکاری ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی کەرکوک لەو سەردەمەدا، با بەخێرایی سەیرێکی مێژووی ئەو شارە بکەین کە لە هەندێک سەرچاوەدا تەنانەت بە ڕوونی دروستکردنەوەی شەقامەکانی کەرکوک، نزیکی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر باسکراوە.
کەرکوک لە بنەچەدا ناوچەیەکی گوتی و هوری بووە و ئاسەوارەکانی ئەو شارە زیاتر لە پێنج هەزار ساڵ تەمەنیەتی. لە ناو شارەکەی ئەمڕۆ و دەوروبەریدا، دوو شوێنی سەرەکی ناوی هاتووە، ئەرەفە (Arrapha) کە نزیکی سێ هەزار و هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر ناوی هاتووە و ئەمڕۆ دەکەوێتە ناو کەرکوکەوە و ئەوی تریان (نوزی) کە دەکەوێتە نزیکی ١٠ کم لە باشوری ڕۆژئاوای شارەکە و ئەمڕۆ بە (یۆرگان تەپە) ناسراوە.
ئەم دوو شارە ووردە ووردە لەگەڵ فراوانبوونی دەسەڵاتی ئاشوریدا، خرایە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە. سەرەتا دەوڵەتی ئاشوریەکان خۆیان ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی میتانی بوون، بەڵام لە دەسەڵاتێکی ناوچەییەوە ووردە ووردە هەموو ناوچە دەشتاییەکانی هەولێر و موسڵ و کەرکوک و ناوچەی پشدەریان گرت. کاسیەکان بۆ ماوەی سەد ساڵێک کەرکوکیان لە ئاشوریەکان وەرگرتەوە، بەڵام دوایی ئاشوریەکان دیسان شارەکەیان گرتەوە.
دوای حوکمی ئاشوریەکان، ناوچەی کەرکوک نزیکی دوو هەزار و شەش سەد ساڵ لەمەوبەر کەوتەوە دەست میدەکان و دوایی دوای ڕوخانی میدەکان فارسە ئەخمینیەکان دەسەڵاتیان بەسەریدا هەبوو ئەمجا یۆنانیەکان زیاتر لە دوو هەزار و سێ سەد ساڵ لەمەوبەر، بە سەرکردەیی ئەلێکسەندەر ناوچەکەیان گرت و لەسەر شوێنەواری قەڵا دێرینەکەی کەرکوک، سێلۆکیە یۆنانیەکان قەڵای کەرکوکیان دروستکردەوە لە ژێر ناوی (قەڵای دەسەڵاتی سێلوکی Karka de Beth Selok). لە ڕاستیدا ناوی کەرکوک-ی ئەمڕۆ هەر لە گۆڕانکاری وشەی (کەرکە) وە پەیدا بووە کە مانای قەڵا دەدات، ڕوویداوە و پاشگری (ک) ی خراوەتە سەر.
سەرچاوە کریستیانیەکانی سەدەی شەشەمی زاینی، زۆر بە جوانی باس لە دروستکردنەوەی قەڵای کەرکوک دەکەن نزیکی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر. ئەو سەرچاوانە دەڵێن سێلۆکیەکان هاتن قەڵا کۆنەکەی ئاشوریان دروستکردەوە و لە دەرەوەی دیواری قەڵا کۆنەکە، دیوارێکی نوێ و بەرزتریان دروستکردەوە و حەفتا و دوو قوتە لەسەر دیواری قەڵاکە دروستکراوە و دوو دەرگای بۆ دروستکراوە. لە نزیکی دەرگای باکورەوە پەیکەرێکیان لەبەرد دروستکردووە و لە ناوەڕاستی شارەکەدا سێلۆکیەکان کۆشکی پادشاییان دروست کردووە و لە ناو شارەکەدا چەندین شەقام و کۆشکیان دروستکردووە و شارەکە حەفتا و دوو شەقامی تێدا دروستکراوە و دوانزە لەو شەقامانە ناوی پەیوەست بە پیشە تایبەتەکانی خەڵکەکەی پێدراوە. هەروەها پێنج بنەماڵەی ناوداریان لە (ئیستارخ) و چەندین خێزانی تریان لە شوێنی ترەوە هێناوە بۆ ناو شارەکە. پێنج خێزانە ناودارەکە زەوی و باخیان پێدراوە و سێلۆکیەکان باجیان نەخستۆتە سەر خەڵکی کەرکوک. لەوانەیە هەڵگرتنی باج تەنها بۆ ماوەیەکی سەرەتایی بووبێت و بە مەبەستی بوژانەوەی شارەکە ئەوە لەلایەن سێلۆکیەکانەوە کرابێت. ئەمە ووردترین وەسفە بۆ قەڵای کەرکوک کە لە مێژووی دێریندا کرابێت.
دوای کزبوونی دەسەڵاتی یۆنانی، هەزەبانیە کوردەکان کە پایتەختەکەیان نزیک هەولێر بوو، لە سەدەی یەکەمی پێش زایینەوە ئەو ناوچانەیان خستە ژێر دەستی خۆیان، هەزەبانیەکان دەسەڵاتێکی نیمچە سەربەخۆیان هەبوو، بەهۆی بوونیان لەسەر سنووری نێوان دەسەڵاتی ڕۆم و ئەشکانی، هەندێک جار دەبوو باج و پابەندیان بە ئەشکانیەکانەوە هەبێت و هەندێک جاری تر دەکەوتنە ژێر کاریگەری ڕۆمەکانەوە. هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئاینی کریستیانەوە کەرکوک شانبەشانی هەولێر بوو بوونە دوو ناوەندی گرنگی ئاینی کریستیان و لە نزیک کۆتایی سەدەی سێیەمی زاینیدا پاتشای کەرکوک دۆمژدانە لەگەڵ پاتشا کوردەکانی هەزەبانی و پاشای میدەکانی ئازەربایجان، هاوکاری ئەردەشیری پاپگانیان کرد لە ڕوخاندنی دەوڵەتی ئەشکانیدا کە بۆ چەندین سەدە بوو دەسەڵاتی گەورەی ناوچەکە بوون. بە درێژایی سەردەمی ساسانیەکان و هەتاوەکو چەندین سەدە دوای هاتنی ئیسلام، کەرکوک ناوچەیەکی گرنگی ئاینی کریستیان بوو بۆیە زۆرێک لە سەرچاوەکانی ئەو سەردەمە، سەرچاوەی کریستیانین، یەکێک لەو سەرچاوانە کتێبەکەی تۆماس مەرگەییە کە لە سەدەی نۆیەمی زاینیدا سەبارە مێژووی کڵێساکانی ناوچەکە نووسیویەتی.
کاتی ئەوە هاتووە بگەڕێمەوە سەر تێکستەکانی نوزی. وەک ئاماژەی پێکرا مێژووی تێکستەکان نزیکی سێ هەزار و پێنج سەد ساڵە لە ماوەی سەد و پەنجا ساڵ لە تەمەنی نوزیدا نووسراوە. بە هۆی بەردوامی و لێکنەپچڕانی تێکستەکان بۆ ئەو ماوەیە، دەتوانرێت شێوەی گۆڕینی هەلومەرجی ژیانی خەڵکەکە و گەورەبوونی هەندێک لە بنەماڵەکانی کەرکوک لەو تێکستانەدا ببینرێت. هەندێک سەرچاوە تێکستەکانی نوزی بە دەگمەن دادەنێت و پێیان وایە هاوشێوەی ئەو تێکستانە لە هیچ شوێنێک لە جیهاندا نە دۆزراوەتەوە.
نوزی شارێکی بچووکتر بووە لە ئەرەفە و سەر بە شانشینی ئەرەفە بوووە، شاری ئەرەفەش بەشێک بووە لە دەوڵەتی مەزنی میتانیە هوریەکان. هەرچەندە شاری نوزی دەسەڵاتێکی خۆجێیی تێدا بووە، بەڵام پاشای خۆی نەبوە و پاتشا لە ناو کەرکوک لە ئەرەفە بووە.
لە ڕاستیدا دەتوانرێت تێکستەکانی نوزی/کەرکوک، خوێندنەوەی جیاوازی بۆ بکرێت. هەندێک سەرچاوە هاتووە بە تایبەت سەبارەت بە ماف و ڕۆڵی ئافرەت لە نوزیدا بابەتی تایبەتی نووسیوە و کە ڕۆڵی گەورەیان هەبووە لەو شارەدا. هەندێک هاتووە بۆ نموونە سەیری کەیسی گەندەڵی کردووە کە لە لایەن هەندێک لە دەسەڵاتدارانی نوزی ئەنجام دراوە. کەیسەکە لەلایەن دادگاوە بەدواداچوونی بۆ کراوە و دەسەڵاتدارێک بە ناوی (کوشی هەرپێ) ئیفادەی وەرگیراوە لەسەر کەیسی گەندەڵی و دەستدرێژی بۆ سەر ئافرەتێک و بەکارهێنانی موڵکی گشتی بۆ بەرژەوەندی خۆی. دادگایکردنی (کوشی هەرپێ) ی دەسەڵاتدار زۆر سەرنج ڕاکێشە و ئەم کەسایەتیە زۆر وریایە، کاتێک کە کەسێک سکاڵای لەسەر دەکات و دەڵێت پارەی فرۆشتنی زەویەکی لێ وەرگرتووە و زەویەکەی پێ نەداوە، (کوشی هەرپێ) زۆر وریایانە دەڵێت ئەو پارەیە بە دیاری پێی بەخشراوە و پارەی زەوی فرۆشتن نەبووە. واتە (کوشی) یستوویەتی فێڵێکی یاسایی بکات بۆ داپۆشینی کارەکانی.
لە کاتی ئیفادە وەرگرتنی کەیسی دەستدرێژی بۆ سەر ئافرەتێک، بەم جۆرەی خوارەوە ئیفادەکان وەرگیراون:
زیلیپ تیلا دەڵێت “ساڵی ڕابردوو، (پیزاتوو) خاتوو (هومیر ئێلی) بەرەڵا کرد؛ کاتێک شەو داهات من و (شمی تیلا) چووین بەپێی فەرمان هێنامان بۆ (کوشی هەرپێ). ئەمجا سێکسی نایاسایی لەگەڵدا کرد”
(کوشی هەرپێ) دەڵێت “نەخێر جارێکی تر نەخێر! یەک وشەی ڕاست نیە. سێکسی نایاساییم لەگەڵدا نەکردووە.”
(پاڵ تێیا) دەڵێت “من بە بەپێی فەرمان (هومێر ئێلی) م هێنا و بردم بۆ ژێر کەپری (تیلون نایە). ئەمجا (کوشی هەرپێ) سێکسی نایسایی لەگەڵدا کرد.”
(کوشی هەرپێ) دەڵێت “بە دڵنیایی ڕووداوی لەو جۆرە ڕووی نەداوە کە (پاڵ تێیا)، خاتوو (هومێر ئیلی) هێنابیت بۆ ژێر کەپرەکەی (تیلون نایە) و من سێکسی نایاساییم لەگەڵدا کردبێت.”
……………
دۆسیەی گەندەڵی کوشی هەرپێ زۆر گەورەیە و کەسی مەڕ دزین، بەرتیل وەرگرتن و خەڵک فڕاندن و چەندین سکاڵای تری لەسەرە و لەم بابەتە کورتەدا ناتوانرێت هەمووی بخرێتە ڕوو. بەگشتی تێکستەکان کەیسی جیاوازی تری زۆر لە خۆ دەگرن و بە هۆیانەوە سیستمێکی یاسایی ئاڵۆز لە کەیسی پەیوەست بە زەوی و زاردا دەردەکەوێت. کاتێک کە کێشە لەسەر موڵکایەتی زەویەک دێتە پێشەوە و بانگکردنی شایەتەکان و مشتومڕی نێوان دوو لایەنەکە و پرسیارکردن لە شێوەی شایەتی و داوای دادوەر لە لایەنەکان بۆ هێنانی بەڵگە و شایەت و زۆر شتی تر دەردەکەوێت.
هەروەها لە تێکستەکاندا پرۆسەی هەوڵی ئاشوریەکان دەردەکەوێت کە چۆن ووردە وووردە ناوچەکانی دوروبەری ئەرەفە و دوایی ئەرەفە خۆی و نوزیان خستۆتە ژێر دەستیان. ئەوەش لە تۆماری جەنگەکان و زیانەکانی جەنگ و پێدانی چەک بە سەرباز و وەرگرتنەوە یان وەرنەگرتنەوەی کەلەپولی سەربازی هەمووی ڕوون دەبێتەوە.
بۆ نموونە کاتێک کە سوپا لە یەکێک لە جەنگەکان دێنەوە، دیوانی بەڕێوەبردنی ئەو شارە، ئاماژە بەم کەلوپەلانەی خوارەوە دەکات وەک کەلوپەلی بزربوو و من تێکستە تەرجومەکراوەکە بێ دەستکاری وەک خۆی دەنووسمەوە، هەرچەندە تێکستەکە ئاماژە بەوە ناکات ئایا لە ئەنجامی دەستگیرکردنی سەرباز یان کوشتنیان ئەو شتومەکە سەربازیانە بزر بوون:
– ١٠ دەست زرێپۆشی سەرباز و دەستێک زریپۆشی ئەسپ کە هەمووی لە گەنجینەی وەهری تای-وە هاتوون.
– ٦ دەست زریپۆشی سەرباز، ٤ دەست زریپۆشی ئەسپ کە هەموویان لە گەنجینەی تاولیپ ئاپو-وە هاتوون.
جگە لەوە لە ماوەی ئەو سەد و پەنجا ساڵەدا هەندێک لە بنەماڵەکان ڕۆڵیان لە شارەکەدا زیاد دەکات و هەندێکیان ڕوو لە لاوازی دەکات. لە ڕاستیدا تێکستەکان زۆرن و دەتوانرێت لە زۆر ڕووی ترەوە سەیر بکرێن و ئەمڕۆ چەندین لێکۆڵینەوە و کتێب لەسەریان نووسراوە.
لەوانەیە هەندێک کەس بڵێن، جا پەیوەندی هوریەکان بە ئێمەوە چیە؟ لە ڕاستیدا هوریەکان جگە لەوەی کە لەسەر خاکی ئێمە ژیاون و هەڵگری فەرهەنگی ئەوانین، بەشێکی زۆری ئەو وشانەی کە ئەمڕۆ بەکاریان دێنین، بە میراتی لەوانەوە بۆمان ماوەتەوە. لە کتێبەکەمدا بەشێکم بۆ هوریەکان داناوە و فەرهەنگێکی کوردی- هوریم داناوە و وا لە خوارەوە تەنها لایەنی زمانەوانی دەخەمە ڕوو و کۆمەڵێک وشە بە نموونە دادەنێم کە دەستی ڕاستیان هوریە و دەستی چەپ کوردی نوێ:
ئادا= ئازا
ئەسوەوانی =ئەسپەوانی
ئەسووسانی =ئەسپوەسێن/ئەسپوێسێن (ئەو کەسەی کە ئەسپ دەوەستێنێت یان کۆنتڕۆڵ دەکات) و پە زمانی میدی دەبێتە (ئەسپڤەیثانە)
ئانی = ئانە/ئەوە
ئەڵ= ئەڵ (ئەڵێ)
مشتانی= مژدانە
کاتسی =کاسە
واڵی = واڵی (خوشک)
شەران =سەران (سەرکردەکان)
مان = مان
ساواڵە = ساڵ
سی = سەح
وندو = ئەنجا
لە ڕاستیدا تەواوی ئەو تێکستانەی کە بە زمانی فارسی ئەخمینی دۆزراونەتەوە لە ڕووی ژمارە و ووردەکاریەوە بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت بەراورد بکرێت بەوانەی نوزی/کەرکوک کە تەنها شارێکی کوردستانە و نزیکی هەزار ساڵ لە تێکستە فارسیە ئەخمینیەکان کۆنترن، کەچی سەرەڕای ئەوە کوردی داماو وا گێل کراوە و لە خۆی بزر کراوە، کە ناوی فارس دەهێنن ترس دایدەگرێت و لە ئاستیاندا هەست بە شەرمەزاری دەکات.
نزیکی دوو ساڵ لەمەوبەر کە بە سەفەر هاتبوومەوە کوردستان، لە سەنتەرێکی کوردیەوە تەلەفۆنیان بۆ کردم و گوتیان لێکۆڵەرێک لە ئەمریکاوە هاتووە کە کار لەسەر ئاسەوار دەکات و دەخوازێت بتبینێت. کە کەسەکەم بینی، یەکێک لەو شتانەی کە باسی کرد و لای سەیر بوو ئەوە بوو کاتێک ویستبووی بچێتە سەر شوێنەواری نوزی لە کەرکوک، هیچ دەزگایەک و کەسێک نەبوو بوو لە کوردستاندا کە شوێنەکەی نیشان بدات. بۆیە ناچار بوو بوو کە پەیوەندی بە زانکۆکەیەوە بکات لە ئەمریکا، لەوێوە ئەو شوێنەیان بۆ دەستنیشان کردبوو. ئەم نموونەیە سوتفە نیە و گومان لەوەدا نیە کە هیچ نەتەوەیەک هێندەی ئێمەی کورد نائاشنا و خەمسارد بێت بەرامبەر بە مێژوو و فەرهەنگی خۆی. بە دڵنیایی یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ئەم نائاشناییە بۆ داگیرکردن دەگەڕێتەوە و کاریگەری داگیرکردن لەسەرمان هەتاوەکو ئەمڕۆ زۆر زیندووە، بەڵام ناکرێت بۆ هەتایی لۆمەی داگیرکردن بکەین و چاوەڕوانی خەڵکانی تر بین کە ئەوان پێمان بڵێن کێین و فەرهەنگەکەمان چۆنە. ئەمڕۆ بەشێک لە کوردستان نیمچە ئازادە و ئەو بەشە دەتوانێت ڕۆڵی گەورەی هەبێت لە پرۆسەی بوژانەوەی فەرهەنگیدا. بە داخەوە میدیا و دەزگاکانی خوێندنی کوردستان ڕۆڵێکی ئەوتۆ نابینن لە ژیانەوەی فەرهەنگ و مێژووی دەوڵەمەندی کوردستان و بگرە هەندێک جار بە ئاڕاستەی بزربوونمان دەبەن. ڕاستە ئەمڕۆ کوردستان لە سایەی نەوتدا خەریکی بینادروستکردن و ئاوەدانکردنەوەیە، بەڵام گەر ئەو بوژانەوە بیناسازی و ئابوریە بوژانەوەی فەرهەنگی لەگەڵدا نەبێت، ئەوا بینای بێ ڕۆح و کۆمەڵگەیەکی بێ فەرهەنگ و بزر لە خۆ دروست دەکەین.
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
تێبنی:
وێنەکەی لای ڕاست ئەو لۆگۆی هوریەکانە کە لەسەر بەرد هەڵیان کەندووە و ئەو دووباڵە هەتاوەکو سەردەمی نوێ لەلایەن خەڵکانی ترەوە دووبارە کراوەتەوە و وێنەکەی لای چەپ وێنەیەکی سەرەتای سەدەی بیستەمی کەرکوکە.
سەرچاوەکان:
حەمەڕەش، سۆران (٢٠١٣) کورد کێیە؟، لەلایەن نووسەرەوە چاپکراوە، لەندەن.
– Bruce, T. (2006) The Routledge Handbook of the Peoples and Placec of Ancient Western Asia, The Routledge, UK.
– Diakonoff, I.M (1981) Studies on the Civilization and Culture of Nuzi and the Hurrians, Eisenbrauns, USA.
– Gelp, I.J (1973) Hurrians and Subarians, University of Chicago Press, USA.
– Kim, Heerak Christian (2006) Nuzi, women’s rights, and Hurrian ethnicity, and other academic essays, The Hermit Kingdom Press, USA.
– Owen, D. I. and Morrission, M. (1987) General Studies and Excavations at Nuzi 9-1: Studies on the Civilization and Culture of Nuzi and Hurrians: 2, Eisenbrauns, USA.
– Richard F.S. Starr (1997) Studies on the Civilization and Culture of Nuzi and the Hurrians, V. 8), Capital Decisions Ltd, USA.
– Starr, R. F. S.(1939)Nuzi: report on the excavation at Yorgan Tepa near Kirkuk, Iraq, Volume 1, Harvard University Press, USA.
– Wilhelm, G., The Hurrians (Ancient Near East), Aris & Phillips Ltd, UK.

About دیدار عثمان

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …