Home / بەشی مێژووی كورد / کام ئەلفوبێ پەیوەندی بە زمانی کوردیەوە هەیە، لاتینی یان عەرەبی؟

کام ئەلفوبێ پەیوەندی بە زمانی کوردیەوە هەیە، لاتینی یان عەرەبی؟

1941331_812452745457061_2466839186355707645_o

نووسینی: سۆران حەمەڕەش
زۆر دەمێکە بە تەمابووم سەبارەت ئەلفوبێی لاتینی و پەیوەندی بە کوردەوە بنووسم، لەبەر ئەوەی لە منداڵیەوە وا تێگەیەندرابووم کە دەبوو زمانی کوردی بە ئەلفوبێی لاتینی بنووسرایە و هەتاوەکو ئەمڕۆش بەشێکی زۆر لە لێکۆڵەرانی کورد سوورن لەسەر ئەو بۆچوونە و هەروەها چەند بەڕێزێکیش پەیوەندیان کردووە سەبارەت ئەو ئەلفوبێیە و پرسیاریان کردووە کە کام ئەلفوبێیە پەیوەندی بە زمانی کوردیەوە هەیە.
زۆرینەی ئەو کەسانەی کە ئەلفوبێی لاتینی پەسەند دەکەن، لەسەر دوو بنەمای سەرەکی پەسەندی دەکەن؛ یەکەم پێیان وایە کە ئەلفوبێی لاتینی زمانی هیندۆئەوروپی پێ نووسراوە و بنەچەکەی هیندۆئەورپیە و زمانی کوردیش زمانێکی هیندۆئەوروپیە. دووەم بۆ نووسینی زمانی کوردی ئەو ئەلفوبێیە گونجاوترە. لەبەر ئەو هۆکارانە پێیان وایە دەبێت کورد بە ئەلفوبێی لاتینی بنووسێت. بۆ لێکۆڵینەوە دەبێت سەرەتا لە مێژووی ئەلفوبێی لاتینی و چۆنێتی دروستبوونی بگەین و بزانین ئەو بۆچوونانە تا چەند دروستن.
ئەو ئەلفوبێیەی کە ئەمڕۆ بە لاتینی ناودەبرێت سەرەتا لەلای یۆنانیەکان بەکارهاتووە پێش ئەوەی کە بچێتە زمانی لاتینەوە، واتە ئەلفوبێکە هی یۆنانیەکان بووە. یۆنانەکانیش ئەو ئەلفوبێیە هی خۆیان نەبووە، بەڵکو ئەو ئەلفوبێیەیان لە زمانی فینیقیەوە وەرگرتووە. لە ڕاستیدا فینییقیەکان خەڵکانێکی زمان سامی بوون و بە هیچ شێوەیەک هیندۆئەوروپی نەبوون و نیشتەجێی وڵاتی لوبنانی ئەمڕۆ و دەوروبەری بوون.
فینیقییەکان کە ئەو ئەلفوبێیەیان داناوە، ئەوان سوودیان لە میسریە کۆنەکان وەرگرتووە. لای فینیقیەکان کە ئەلفوبێکەیان داناوە، هەر پیتێک لە زمانی ئەواندا مانایەکی هەبووە. واتە لە زمانی فینیقیدا (ئەلیف) مانای (گا) دەدات و (بیث) مانای (خانوو) و (جیمێل) مانای حوشتر و (دالێث) مانای (دەرگا) … بەو جۆرە بە مەبەستی لەبیرنەچوونەوەی پیتەکان لەو زمانەدا، هەر پیتێک مانای تایبەتی خۆی هەبووە. واتە یۆنانیەکان پیتەکانیان لە فینیقیەکان وەرگرتووە بێ ئەوەی کە لە زمانی یۆنانیدا ناوی پیتەکان مانایان هەبێت. بۆیە یۆنانیەکان کە ئەلفوبێکەیان کردۆتە (ئەلفا، بێتا، گاما، دێلتا….) ناوی پیتەکان لە زمانی یۆنانیدا هیچ مانایەک نادەن و وەک خۆی یان بە تۆزێک گۆڕانەوە وەریان گرتووە و هەندێک پیتی بزوێنیان بۆ ئەلفوبێکە زیاد کردووە. واتە ئەو ئەلفوبێیەی کە ئێمە بە ئەلفوبێی هیندۆئەوروپی دادەنێین، بنەچەکەی سامیە و لە ڕووی ناوی پیتەکان و شێوەکانیشیانەوە هەر سامین (بڕوانە وێنەی ١). ئەگەر سەرنجی وێنەکە بدەین دەبینین بۆ نموونە ئاڕاستەی پیتی (ئەلیف) ی فینیقی گۆڕاوە و ووردە ووردە پیتی A ی لاتینی لێ دروستکراوە. بەو جۆرە هەر هەمان پیتی فینیقی بە تۆزێک گۆرانەوە لە شێوە و ناودا، چووەتە زمانی یۆنانی و دوایی چووەتە زمانی لاتین و ئەوروپا بە گشتی ئەمڕۆ بەکاری دەهێنن.
کەواتە بە بەڵگەوە بۆمان دەرکەوت کە ئەو ئەلفوبێیەی بە ئەلفوبێیەکی ڕەسەنی هیندۆئەورۆپیمان دادەنا، ئەلفوبێیەکە لە بنەچەدا خۆی لە ڕووی ناو و شێوەشەوە سامیە نەک هیندۆئەوروپی. هەروەها لە ڕووی مێژووییشەوە بەکارهێنانی ئەلفوبێی لاتینی لە ناو کورد دا نوێیە و مێژووی دێرینی نیە. لە نزیکی ساڵی ١٩٣٢ وە کوردانی باکور دەستیان کرد بە بەکارهێنانی و بەو جۆرە ئەلفوبێکە لە زمانی کوردیدا ڕابردوویەکی مێژوویی دێرینی نیە.
ئەلفوبێی دووەم کە بە ئەلفوبێی عەرەبی ناو دەهێنرێت، ئەم ئەلفوبێیە عەرەبە موسوڵمانەکان لەگەڵ خۆیان هێنایانە ناوچەکە و بنەچەی ئەلفوبێکە هەندێک بۆچوونی جیاوازی لەسەرە بەڵام زۆرینە پێیان وایە کە ئەلفوبێی عەرەبی لە ژێر کاریگەریی زمانی ئارامیدا دروست بووە کە ئەویش زمانێکی سامییە. کەواتە کورد دوو ئەلفوبێ بەکاردەهێنێت کە هیچیان هی خۆی نین و بنەچەی هەردووکیان سامین نەک هیندۆئەوروپی.
ئەی کەواتە کام ئەلفوبێیە کوردیە و کورد لە ڕابردوودا بە کام ئەلفوبێ نووسیویەتی؟
لە ڕاستیدا هەر کاتێک کە داگیرکەرێک دەسەڵاتی ڕووی لە فراوانبوون کردووە. ئەو داگیرکەرە زمانەکەی پاش ماوەیەک بووەتە زمانی نووسینی نامە فەرمیەکان و دیوەخانەکان. بۆ نموونە کاتێک کە لە کوردستاندا ئەلفوبێی پەهلەوی یان ئارامی و زمانەکانیان بەکارهاتووە، خەڵکی کورد بە زمانی پەهلەوی و ئارامی قسەیان نەکردووە، بەڵکو وەک ئەمڕۆ چۆن زۆرێک لە کورد بە زمانی تورکی یان عەرەبی دەنووسن بە هەمان شێوە بووە و هەندێک جار فارسەکانیش بە زمانی پەهلەوی نووسیویانە بێ ئەوەی کە زمانی خۆیان بێت. بۆیە هەندێک تێکستی یۆنانی و ئارامی لە کوردستاندا دۆزراوەتەوە کە تەمەنیان نزیکی دوو هەزار و سێ سەد ساڵە و تێکستەکان لەلایەن کوردەوە نووسراون، بەڵام بە زمان و ئەلفوبێی یۆنانی و ئارامی نووسراون. لە هەمان کاتدا لە کاتێکدا کە زۆر لە نامە فەرمیەکان بەو زمانانە نووسراوە، شانبەشانی ئەوە کورد بە ئەلفوبێی خۆشی بابەتی نووسیوە.
بە دڵنیایی کورد لە پێش یۆنان و فینیقیەوە زمانی خۆی نووسیوە و لێرەدا واز لەو مێژووە دێرینە دەهێنین. بەڵام بە ڕوونی لە سەدەی نۆیەمی زایین و لە کتێبی ئیبن وەحشیە کە سەبارەت ئەلفوبێ دێرینەکانی جیهان دایناوە، لەوێدا ئاماژە بە ئەلفوبێی کوردی کراوە وەک یەکێک لە ئەلفوبێ دێرینەکان و شانبەشانی ئەلفوبێی یۆنانی و میسری کۆن خستوویەتە ڕوو. واتە نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵ لەمەوبەر کورد ئەلفوبێیەکی هەبووە کە بە دێرین دانراوە و مێژووەکەی زۆر کۆنتر بووە و وەک ئیبن وەحشیە لە کتێبەکەیدا ئاماژەی پێ دەکات، کورد زمان و نووسینی خۆی زۆر پێ دێرین بووە و ئاگاداری مێژووی خۆی بووە. بەپێی ئیبن وەحشیە کورد هەموو زانستەکانی بەو ئەلفوبێیە نووسیوە. ئەم ئەلفوبێ کوردیە ڕەسەنە پێک دێت لە سی و حەوت پیت (بڕوانە وێنەی ٢) و سەرەڕای ناسینی زۆرینەی پیتەکانی ئەلفوبێ کوردیەکە بەڵام بە داخەوە بەهۆی نەدۆزینەوەی تێکستی دێرینی کوردیەوە، نازانرێت کە کورد چۆن ئەلفوبێکەی بەکارهێنابێت. ئەوەی کە لەم ئەلفوبێیەدا تایبەتە و ئیبن وەحشیە ئاماژەی پێکردووە ئەوەیە کە ئەلفوبێی کوردی لە ڕووی ژمارەوە لە هەموو ئەلفوبێ ناسراوەکانی ئەو سەردەمە جیاواز بووە بەوەی کە حەوت پیتی لە ستاندارد زیاتر بووە و لە ڕووی شێوەشەوە هەر تایبەتە و ناچێتەوە سەر ئەلفوبێکانی ئەو سەردەمە.
جگە لەو ئەلفوبێیە، ئەلفوبێیەکی کوردی تر هەیە کە بە ئەلفوبێی ئێزدیەکان ناسراوە (ىڕوانە وێنەی ٣)، ئەم ئەلفوبێیە سی و چوار پیتە و تێکستی کوردی کە بەو ئەلفوبێیە نووسرابێت، بریتین لە تێکستی کتێبە پیرۆزەکانی مەسحەفا ڕەش و جیڵوە و چەند شیعرێکی ئاینیی ئێزدیەکان. لە ڕووی شێوەوە، ئەلفوبێی ئێزدیەکان سادەتر لە ئەلفوبێ کوردیەکەی تر دەردەکەوێت. کە ئەوە تا ڕادەیەک وا نیشان دەدات کە نوێتر بێت لە ئەلفوبێکەی تر. واتە گەر کورد بیەوێت بە ئەلفوبێی ڕەسەنی خۆی بنووسێت کە لە سەدا سەد هی خۆی بن و مێژوویەکی دێرینی پەیوەست بە کوردیان هەبێت، دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەلفوبێ دێرینە کوردیەی کە لە سەدەی نۆهەمدا بە دێرین دانراوە یان دەتوانێت ئەلفوبێی ئێزدیەکان بەکاربهێنێت. کە پێم وایە لە ڕووی پراکتیکیەوە ئەنجامدانی ئەو کارە گرانە و ئەو ئەلفوبێ کوردیانە زیاتر وەک لێکۆڵینەوەی مێژوویی و تێگەیشتن لە ڕابردووی کورد دەتوانین سوودی لێ وەربگرین وەک لەوەی جارێکی تر نووسینەوەی زمانی کوردی بەو دوو ئەلفوبێ دێرینە کوردییانە ئەنجام بدرێت.
ئەی ئایا بە کام ئەلفوبێ بنووسین، ئەلفوبێی لاتینی یان عەرەبی؟
هەر وەک لە ڕوونکردنەوەی مێژووی ئەلفوبێی عەرەبی و لاتینیدا ڕوونکراوەیە، لە ڕاستیدا هەردوو ئەو ئەلفوبێیانە دوو ئەلفوبێن کە هیچ پەیوەندیەکیان بە کوردەوە نیە، بەڵام لەوانەیە نزیکی زیاتر لە هەزار ساڵ بێت ئەلفوبێی عەرەبی بەکاربهێنین بۆ نووسینی زمانی کوردی و لە ڕابردوودا کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان ئەو ئەلفوبێیەی بەکارهێناوە و بە هۆی مێژووی دێرینی بەکارهێنانی لە زمانی کوردیدا، ئەو ئەلفوبێیە تا ڕادەیەک خۆی چەسپاندووە. لە هەمان کاتدا نووسین بە ئەلفوبێی لاتینی تا ڕادەیەک نوێیە و لە نزیکی ساڵی ١٩٣٢ بۆ نووسینی زمانی کوردی دەستیپێکردووە کە بە دڵنیایی بەکارهێنانی زۆر نوێترە و هەرگیز وەک ئەلفوبێی عەرەبی بە شێوەیەکی بەرفراوان لە کوردستاندا بەکارنەهاتووە. واتە مێژووی بەکارهێنانی ئەلفوبێی عەرەبی لە ناو کورد دا دێرینترە وەک لە ئەلفوبێی لاتینی و ئەلفوبێی عەرەبی زیاتر خۆی چەسپاندووە و ئێمە چەندین دەستنووسی کۆنمان بەم ئەلفوبێیە هەیە، لە کاتێکدا بە هۆی نوێ بەکارهاتنی لە کوردیدا، هیچ دەستنووسێکی دێرینمان بە ئەلفوبێی لاتینی نیە.
ئەوەی کە لە ئارادایە ئەوەیە کە ئەمڕۆ کورد تووشی دوو ئەلفوبێی جیاواز بووە کە پێیان دەگووترێت ئەلفوبێی عەرەبی و لاتینی. سەرەڕای نوێبوونی بەکارهێنانی ئەلفوبێی لاتینی، زۆر گران دەبێت کە کوردانی باکور واز لەو ئەلفوبێیە بهێنن و کوردانی باشور و ڕۆژهەڵات و تا ڕادەیەکیش ڕۆژئاوا، واز لە ئەلفوبێی عەرەبی بهێنێنن. لەبەر ئەوەی کە چەندین ساڵە خەڵک بەو دوو ئەلفوبێیە ڕاهاتوون و هەروەها لەبەر نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی بۆ هەر چوار پارچەکەی کوردستان کە بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات، هەڵبژاردنی یەکێک لەو دوو ئەلفوبێیە لە ڕووی براکتیکیەوە کارێکی سەخت دەبێت، بۆیە لە ئێستادا زۆر گران دەبێت هیچ کام لە بەشەکانی کوردستان واز لە ئەلفوبێکانیان بهێنن.
کەواتە وەک روونکرایەوە ئەلفوبێی لاتینی بنەچەیەکی هیندۆئەوروپی نیە و پێشینەیەکی مێژووییشی لە نووسینی زمانی کوردیدا نیە و ئەو بۆچوونانەی کە زۆربەی جار سەبارەت ئەو ئەلفوبێیە دەخرێنە ڕوو، بنەمای زانستیان نیە. جگە لەوەش ئەلفوبێی لاتینی هیچ تایبەتمەندیەکی نیە کە کار ئاسانی بۆ نووسینی زمانی کوردی بکات لەبەر ئەوەی کە زمانی کوردی بێ کێشە بە هەردوو ئەو ئەلفوبێیە دەنووسرێت و نووسین بە هەر کامیان هیچ کێشەیەکی ئەوتۆی نیە. بۆیە ناکرێت چیتر بە هەڵە بگووترێت ئەلفوبێی لاتینی بۆ کوردی گونجاوە یان پەیوەندیەکی مێژوویی بە ڕابردووی زمانی کوردیەوە هەیە، لەبەر ئەوەی کە هیچ کام لەو دوو بۆچوونە بەڵگەی زانستیان لە پشتەوە نیە.
دەرئەنجامەکە ئەوەیە کە نازانرێت ئایا کورد لە داهاتوودا هەر بە شێوەی دوو ئەلفوبێ زمانەکەی دەنووسێت یان یەکێک لەم دوو ئەلفوبێیە هەڵدەبژێرێت، بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە بتوانین لە بنەچەی شتەکان بگەین. لەبەر ئەوەی کە تێگەیشتن لە ئەلفوبێکان و مێژوویان، هاوکاری دەکات کە بڕیاردان بە هەر جۆرێک بێت لەسەر بنەمای تێگەیشتن بێت نەک لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆجی و زانیاری هەڵە.
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
تێبینی:
– مێژووی تێکست و نووسینی زمانی کوردی لە کتێبی “کورد کێیە؟” ی بەندەدا روونکراوەتەوە، بۆیە گەر دەخوازیت زیاتر ئاشنای ئەو ڕابردووەی کورد ببیت، ئەوا تکایە پەنا بۆ ئەو کتێبە بەرە.
– سەبارەت لێکدانەوەی مانای پیتە فینیقیەکان، سەرچاوەکان هەندێک جیاوازی کەمیان تێدا بەدی دەکرێت و من لە وێنەکەدا ئەو مانایانەم دانایەوە کە زیاتر لە سەرچاوەکاندا دووبارە بوونەتەوە.
سەرچاوەکان
– Kreyenbroek, P.G and Sperl, S (2005) The Kurds a Temporary Overview, Routledge
– Pflughaupt, L (2003) Letter by Letter: An Alphabetical Miscellany, Princeton Architectural Press
– Markoe, G. E (2000) Phoenician, University of California Press,
– Woodhead, A.G (1992) The Study of Greek Inscriptions, Cambridge University Press

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …