Home / مێژووی ئیسلام / سەلیمی سێیەم

سەلیمی سێیەم

Konstantin_Kapidagli_002
 
 
ئاماده‌كردنی: ماڵپه‌ری ئیسلام كورد
 
سەلیمی سێیەم کوری موستەفای سێیەم، سالی ١٧٦١ تا ١٨٠٨ ژیاوە، یەکێکە لە سوڵتانەکانی دەوڵەتی عوسمانی، حوکمی گرتە دەست دوای وەفاتی مامیعەبدول حەمیدی یەکەم ساڵی ١٧٨٩، و شەڕەکان بەردەوام بوون، کات و هەولەکانی تەرخان کرد بۆ شەڕ، و یەکێک بوو لە هیمەت بەرز و چاکسازەکانی سەردەمەکەی.
 

سەرەتای سەردەمەکەی

کاتێک سوپای عوسمانی لاواز بوو، سوپای ڕووسی و نەمساوی توانیان دەست بگرن بەسەر ئەفلاق و بەغدان و بساربیا، و نەمسا توانیان سربیا داگیر بکەن بە پایتەختەکەی بەلەگرادەوە، لە ئەنجامی بەردەوام نەبوونی هاوپەیانی ڕووسی نەمساوی، نەمسا وازی لە سربیا هینا بۆ دەوڵەتی عوسمانی سالی ١٢٠٥ تا یەک لا بیتەوە بۆ شۆڕشی فەڕەنسی کە خەریکبوو ئەورووپای ئەگرتەوە وردە وردە بە تایبەت دوای دەرکەوتنی ئەستیرەی ناپلیۆن پۆناپەرت و تێکشکاندنی سوپای ئیتلڵی نەمساوی لە سەر دەستی یەک لە دوای یەک، بەڵام ڕووسیا بەردەوام بوو لە شەر و چەند شاریکی گرت و تاوانێکی گەورەی تیادا ئەنجام دان، هەریەک لە ئینگلتەرا و هۆڵەندا و بڕوسیا هاتنە ناوەوە بۆ ڕێکخستنیان لەبەر بەرژوەندییەکانی خۆیان و ئەو ڕێکەوتنەوەش بە پەیماننامەی یاسی ناسراوە ساڵی ١٣١٤ک، کە تیایدا رووسیا بە تەواوی قرم و ئۆزی و بیسارابیای وەرگرت.

دەولەت پێویستی بە چاکسازی بوو لە هەموو ڕوویەکەوە بە تایبەت لە ڕووی جەنگییەوە، کە لاوازبوونی دەسەڵاتی ئیستەنبوڵ هۆکار بوو بۆ ئەوەی هەندیک لە والیەکان شۆڕش بکەن و ئەو پارەیە نەدەن کە ریکەوتبوون لەسەر بیدەن بە خەزێنەی دەوڵەت.

چاکسازی ناوخۆیی

لە دوای ئارامی لە بەرەکانی شەڕدا خەلیفە دەستی کرد بە چاکسازی ناوخۆیی، هەوڵیاندا بۆ پاککردنەوەی ڕێگە بازرگانییەکان، و قەڵای نوێیان بنیاتنا و چەندین کەشتی جەنگییان دروستکرد لەسەر شێوازی فەڕەنسی و ئینگلیزی، ژمارەیەکی زۆر ئەندازیاری سویدی و فەڕەنسی لێهاتوویان هێنا بۆ داڕشتنی قاڵبەکانی تۆپخانە، و خەلیفە باڵیۆزی بەردەوامی دانا لە وڵاتە گەورەکانی ئەورووپا، و سەرقاڵبوونی ئەورووپای بە شەری شۆڕشی فەڕەنسیەوە قۆستەوە بۆ نویکردنەوەی دەوڵەت و سوپاکەی، ژمارەیەکی زۆر ئەفسەر و شارەزای فەڕەنسی هێنا بۆ ڕاهینانی سەربازە عوسمانییەکان، کە ئەمە کاردانەوەیکی سلبی هەبوو لەلایەن ئینکیشارییەوە.

ئیش کرا لەسەر چاکسازی خوێندنگە دەریایی و تۆپخانەکان، نووسینگەیەک دانرا بۆ خوێندنگەی تۆپخانە نوێتریین نوسراوەکانی لەسەر هونەرەکانی جەنگ تیا دانرا، هروەها سەلیمی سێیەم پلانی دانا بۆ فراوانکردنی ئاستی خوێندن لە دەولەتدا، چەندیین پەیمانگا و خوێندنگا کرانەوە، و پیاوێکی لێخۆشبوو بوو و لەوانە خۆش دەبوو کە شۆڕشیان ئەکرد لەسەر بابی عالی و لە دژی ستەم بوو ئەگەر تەنانەت لە بەرامبەر نا موسڵمانەکانیش بکرایە.

هەڵمەتی فەڕەنسی لەسەر میسر

سالی ١٧٩٩ فەڕەنسا بە سوپاکەیەوە کە ناپلیۆن پۆناپەرت سەرکردایەتی ئەکرد چووە میسرەوە بێ ئەوەی شەڕ بەسەر دەوڵەتی عوسمانییدا ڕابگەیەنێت، سوپای فەڕەنسی هەزاران سەربازی شارەزا و چەندین زانا لە لێکۆڵینەوەی خاکەکانی میسری تیدابوو، ئامانج لەمەش دەستگرتن بوو بەسەر ڕێگەی بازرگانی ئینگلیزی.

ناپلیۆن میسرییەکانی خەڵەتاند بەوەی ئەو هاوڕێی خەلیفەی عوسمانییە و هاتووە بۆ دەرکردنی مەمالیکەکان کە خراپەکارییان ئەکرد تیاییدا، و مەمالیکەکان شکستیان خوار لە شەری ئەهرام و نەیانتوانی بەرگری بکەن لە بەرامبەر چەکە فەڕەنسییە نویکاندا، ئەدمیراڵ نیلسۆنی ئینگلیزی هێرشی کردە سەر کەشتیگەلی فەڕەنسی و نوقمی کرد لە شەری ئەبی قیردا، کە ڕێگەی داخست لە بەردەم بەرەو پێشچوونی هەلمەتی فەڕەنسی، هەروەها هاتنی زستان و بڵاوبوونەوەی تاعوون، ناپلیۆنی ناچاری وەستان کرد لە بەردەم دیوارەکان عەککادا و گەڕایەوە بۆ میسر، دەوڵەتی عوسمانی ڕێکەوت لەگەل ئینگلتەرا و ڕووسیا بۆ دەرکردنی فەڕەنسا لە میسر، عوسمانییەکان و هاوپەیمانەکانیان چەند هەڵمەتیکیان برد کە فەڕەنسییەانیان ناچار کرد بە تەواوی میسر چۆڵ بکەن، ناپلیۆن ناردی بۆ لای خەلافەت لە ڕێگەی سەفیری عوسمانییەوە لە فەڕەنسا داوای گەڕاندنەوەی هاوسۆزی نیوان دوو وڵاتەکەی کردەوە وەک ئەوەی پێش شەڕ ، سولتان سەلیم رازی بوو لەبەرئەوەی ئەوە وەک گرەنتی بوو بۆ نەمانەوەی هیزەکانی ئینگلتەرا لە میسر و هەروەها لەبەر بەهیزی ئەو کاتەی سوپای فەڕەنسی، و دەوڵەتی عوسمانی بەردەوام بوو لە هینانی ئەفسەر فەڕەنسییەکان بۆ نوێکردنەوەی سوپاکەی، و هەروەها فەڕەنسییەکان نوێبوونەوەی تایبەتمەندییە بازرگانییەکانیان بە دەستهینا کە لە دەستیاندا بوو کاتی هەلمەتی میسر، هەروەها بابی عالی ڕێگەی دا بە کەشتییە فەڕەنسییەکان هاوبەشی بکەن لەگەڵ کەشتییە ڕووسیەکان لە گەڕان بە دەریای ڕەشدا.

کیشەکانی بەلقان

ئاژاوەیەکی گەورە ڕوویدا لە سربیا، بە هۆی ستەمی ئینکیشاری لەسەر خەلکەکەی، سولتان سەلیم پەیمانی بە والی بەلەگرد دا کە ڕووبەڕووی ئینکیشاری بیتەوە و سزای ستەمکارەکان بدات، والی پەنای بردە بەر سەباهی و ئینکیشارییان دەرکرد لە ولات و پاشان سەربازەکانی ئینکیشاری داوای لیخۆشبوونیان کرد لە سوڵتان ئەویش لێیان خۆشبوو و رێگەی دان بگەڕێنەوە بۆ سربیا، بەڵام بە گەڕانەوەیان دەستیان کرد بە ستەم و خراپەکاری هەتا گەیاندیانە کوشتنی والی بەلەگراد، خەلیفە فەرمانی کرد بە والی بۆسنە تا یارمەتی خەلکەکە بدات دژی ئەم کۆمەڵەیە، ڕێکەوت لەگەل سربییەکان تا بە تەواوی ئینکیشارییان دەرکرد لە سربیا.

لابردنی سوڵتان

موفتی دەولەتی عوسمانی کە لە لایەنگرانی چاکسازی بوو وەفاتی کرد یەکێک جێگەی گرتەوە کە بە پێچەوانەوە بوو و دژی هەموو گۆڕانێک بوو و ڕێکەوت لەگەل ئینکیشارییەکان بۆ لابردنی سولتان سەلیم و هەموو ئەوانەی کوشت کە لایەنگری ڕژێمە سەربازییە نوێکە بوون، موفتی ڕایگەیاند هەر خەلیفەیەک دەزگا و رێگەی ڕۆژئاوایی بهێنیتە دەوڵەتەوە بۆ ویلایەت نابێت، سەلیمی سێیەمیان گرت و لایانبرد و موستەفای چوارەمیان لە جێگەی دانا.

سەرچاوەکان

  • میژووی دەوەتی عوسمانی – محەمەد فەرید بەگ

About دیدار عثمان

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …