Home / بەشی مێژووی كورد / ڕۆڵ و پێگەی حەمە ئاغای كۆیە لە سەرەتاكانی سەدەی ڕابردوودا

ڕۆڵ و پێگەی حەمە ئاغای كۆیە لە سەرەتاكانی سەدەی ڕابردوودا

ئامادەکردنی :
کۆچەر عبدالرحمان سۆفی
قوتابی قۆناغی چوارەم،مێژوو
زانکۆی سۆران.

حەمە ئاغا، كوڕی مەحموود ئاغا كوڕی حەمەد ئاغای كۆیە، لە ساڵی 1836 لەدایك بووە و لە 1920ی زایینی لە تەمەنی 84 كۆچی دوایی كردووە. لە ماوەی فەرمانڕاوایی
(كاپتن های) حاكمی ئینگلیز لە كوردستاندا، حەمەئاغا كراوەتە قایمقامی قەزای كۆیە، ئاوازەی مەردی و سەخای ئەو وەهابڵاوبووەتەوەگەیشتووەتە دەرەجەی تەواتور. لەبەر ئەوە منیش ئیعتیمادم بەم تەواتورە هەبوو داخڵی «گەنجینە»م کرد. من خۆشم لە مەدحیا ئەڵێم:
‎حەمە ئاغای کۆیە مەردێ بوو هونەروەر
‎تەبیعەت بەرزو خاوەن فکری ئەنوەر
‎لەبۆ میوان و موحتاجینی ناوشار
‎دیواخانی موهەییا بوو بەیەکجار
مەردێ بوو ڕەعیەت پەروەر، میهمان نەواز، دۆستی ئەهلی فەزڵ و عیلم. ئەگێڕنەوە ڕۆژی هەرچەند میوان ڕووی بکردایە لەی ئەوە ، کەس پرسیاری لە میوان نەدەکرد کە لەکوێوە هاتووی، یا بۆچی هاتووی یا بۆکوێ ئەچیت؟ هەرچەند دابنیشتایە ئێوارە و بەیانی خزمەتی ئەکرا. زۆر لە فەقیران بەڕۆژ لە بازاڕ کاسبییان کردووە، شەو بۆ نووستن و خواردن ئەچوونە ئەوێ. بیستوومە سوارێکی عەشایر لەوێ میوان ئەبێ ئەسپەکەی ئەتۆپێ. ئەویش هیچ دەنگ ناکا، وەکو ڕۆژان ئێوارە و بەیانی لە عەمار ئالیکی ئەسپەکەی وەرئەگرێ ئەیبا ئەیفرۆشێ. ئەوەندە ئەمێنێتەوە کە بە پارەی ئالیک ئەسپێک ئەکڕێتەوە، حەمە ‌ئاغا، هەمیشە وەك كەسێكی كاسبكار و چاكەخواز و خێرخواز دەركەوتووە، كەسێكی باڵابەرز بووە و زۆریش گرنگیی بە ڕێكپۆشی و جوانیی جل و بەرگی نەداوە. هەروەها ئەو موڵك و ماڵەی حەمە ئاغا لەبەردەستیدا بووە، هەمووی بەخۆی كڕیویەتی، یان بە كرێ لە ‌دەوڵەت وەری گرتووە، هەو‌ڵی داوە زۆر كێشە دروست نەكات، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هەندێ كات بارودۆخەكە وایخواستووە، كە ڕووبەڕووی دەسەڵات و دەوڵەتیش ببێتەوە، هەروەك مەسعوود مەحەمەد لە شوێنێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە حەمە ئاغا ماوەیەك لە دەوڵەتی عوسمانی یاخی بووە و خۆی و چەكدارەكانی چوونەتە چیای دێدەوان،
د. بژار عوسمان ئەحمەد، لە پەرتووكی (حەمەئاغای گەورە لە بەڵگەنامەكانی عوسمانیدا) نووسیویەتی: ”لە ماوەی ساڵانی جەنگی یەكەمی جیهاندا، لەدوای شكستە یەك لەدوا یەكەكانی دەوڵەتی عوسمانی لە شەڕەكاندا، كە دەبوونە هۆی لەدەستدانی خاكەكەیان و كشانەوەیان بەرەو پایتەختی سەڵتەنەت (ئیستەمبۆل)، بەمەش هەموو ناوچەكانی میراتی عوسمانی دەكەونە دەست زلهێزەكانی ئەو سەردەم، لەنێوان ئەوانەشدا خاكی عێراق و باشووری كوردستان كەوتنە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیزەكان و لەلایەن ئەوانە بەڕێوە دەبردرا، هەربۆیە لە ماوەی فەرمانڕاوایی كاپتن های لە كوردستاندا، حەمە ئاغا كرایە قایمقامی قەزای كۆیە، چونكە ئەوكات كەسێكی دیار و شیاو بووە بۆ ئەم پۆستە، بۆ ئەوەی بارودۆخی نالەباری ئەو شارە ڕابگرێت.”
 دوای دەستبەكاربوونی حەمەئاغای گەورە وەك قایمقامی شاری كۆیە، لە ساڵانی (1919 بۆ 1920) گرووپێك لە خەڵكی كۆیە بە سەرۆكایەتیی حاجی میرزا عەوڵا، رێكخراوێكی نهێنی پێكدەهێنن، بەمەبەستی ئەوەی خزمەتێك پێشكەش بە گەلەكەیان بكەن، لە كۆبوونەوەدا ژمارەیان نزیكەی 30 كەس دەبێت، چەند كەسێك بە نوێنەرایەتی دەچن بۆ لای حەمەئاغا، بارودۆخی خۆیانی تێدەگەیەنن. دەگوترێت، حەمەئاغا سەبارەت بە هەستی نەتەوایەتییان دەستخۆشیی لێ كردوون، هەروەها هاوكارییەكی باشی مادییشیان دەكات، تا لەو رێگەیەوە خەرجی بكەن.

حەمەئاغا وەکوو سەماحەتی مەشهوور، غیرەت و شەجاعەتیشی باراوبەر سەخاوەتەکەی بوو. لە زەمانی عوسمانیدا کە هەرکەس دەستی بڕۆییایە بەسەر کەسێکدا تاڵانی ئەکرد، غەدری لێ ئەکرد، حوکومەت پرسیاری نەدەکرد، عەشیرەتی شێخ بزەینی تەماعیان کردبووە دێهاتی کۆیە، بە دەستە دەستە لە ئاو ئەپەڕینەوە، ئەچوونە سەر ئەو دێهاتە فەقیرانە تاڵانیان ئەکردن، جەریمەیان ئەکردن، ماڵیان بەدەستەوە نەدەهێشتن، حەتتا تەجاوزاتیان هەتا ناوشاری کۆیە هاتبوو. حەمەئاغا ئەم ئەحواڵەی پێ هەزم نەکرا، دەستی کرد بە شەڕ کردن لەگەڵ عەشیرەتی شێخ بزەینی. ئەهالییش هەموو چونکە مەغدوور بوون عەلاوەی لەشکری حەمەئاغا بوون. لەپاش چەند موسادەمەیەک و کوشتار لە هەردوولا شێخ بزەینی لووتیان هاتەوە بەر خۆیان، ئیتر نەیانئەتوانی لە ئاو بپەڕنەوە بێن بۆ حودوودی کۆیە و حەمە ئاغاش برازای خۆی لە حودوودا بۆ موحافەزە دانا کە شێخ بزەینی لە ئاو نەپەڕنەوە.
لەسەر مەسئەلەیەک حوکوومەت لە بەغدا تەوقیفی کرد، چەند ساڵ لە حەبسا مایەوە، هەروەک دیواخانی کۆیە لە حەبسخانەش دیواخانی لێ ڕاکێشا. ژاندرمەی نۆبەتچی و مودیری حەبسخانە و زۆر لە حەبسی موستەحەق لەسەر نان و خوانی ئەو ئەژیان. چەند ئەشیا بۆ دیواخان پێویست بێ وەک مەنجەڵ، سینی، تەشت، دەوری، لەگەن، جام، کەوچک، هەموو بە زیادەوە بۆ مەتبەخی حەبسخانە ئامادە کرابوو. کە لە حەبس نەجاتی بوو ئەو هەموو ئەشیاو حاجەت و لەوزایماتی مەتبەخەی تەرک کرد بۆ مەتبەخچی و مودیری حەبسخانە. هەر ئەو زەمانەش قیمەتی هەزار قران زیاتر بوو.
هەر جووتیارێ یا ڕەعیەتێ کە بچوایە لای بۆ گایی جووت یاریدەی ئەدا، گاجووتی پێ ئەبەخشی. زۆر شوانکارەی بووە پرسیاری لێ نەکردوون بە ڕۆن و خوری و کاوڕەوە هەموویان خواردووە. ئەمما ئەگەر بە غەدر بە ناحەق گاجووتێکیان ببردایە سەد قات ئینتیقامی ئەسەند. وەکو بە ماڵ، بە نەقد، بە حەیوان ئینعامی بووە، بە موڵکیش بەخشندەییی کردووە. دێی مەلاهۆمەر لە ناحیەی مەرگە کە بەخشیویە بە شیلانەیی، ئێستاش بەدەستیانەوەیە خۆیان تەسەڕڕوفی ئەکەن ،
هەروەها لە سەردەمی حكومڕانیی شێخ مەحموودەوە، حەمەدئەمین ئاغا دەبێت بە نوێنەری شێخ مەحموود، تا ببێتە قایمقامقامی قەزای كۆیە، بەڵام حەمەئاغا هەر وەك قایمقام دەمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ململانێیە هیچ كاریگەریی ناكاتە سەر پەیوەندیی نێوان شێخ مەحموود و حەمە ئاغا، وەك باسی لێوە دەكەن، حەمەئاغا ڕاسپاردەی بۆ لای شێخ مەحموود ناردووە، داوای ناردنەوەی حەمەدئەمین ئاغای بۆ كۆیە كردووە، شێخیش بە ڕێزەوە وەڵامی داوەتەوە و داوایەكەی جێبەجێ‌ كردووە.
لەکۆی خوێندنەوەم بۆ بابەتەکە وەك مێژونووسان ئاماژەی بۆ دەكەن، حەمە ئاغا هەمیشە هەوڵی داوە پشتگیری و هاوكاریی كەسانی هەژار و كەمدەرات بكات و دیواخانەكەی بۆ میواندۆستی هەمیشە كراوە بووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەستی نەتەوایەتی هەبووە و زۆڵم و زۆرداریی دوژمنان و پلانگێڕانی قبووڵ نەكردووە.
ئەمانەی من نووسیومن بەنەزەر گەورەی ئەو قەترە بە دەریایە. من چونکە شارەزای هەموو کرداری نەبووم و کەسی واشم دەس نەکەوت شتێک لە ئەوسافی ئەوم بۆ بنووسێ، بەم میقدارە قەناعەتم کرد.

‎سەرچاوەكان
‎1- حەمەئاغا.. یەكەم قایمقامی قەزای كۆیە لە سەردەمی ئینگلیزەكان، لاپەڕەی مێژووی سیاسی باسكورد 10-8-2023
‎توێژینەوەی محەمەد هەسنانی ..

‎2- ماڵپەڕی وژینبوکس گەنجینەی مەردان. موحەمەد ئاغای کۆیە (1875-1948)

‎3-د. بژار عوسمان ئەحمەد، لە پەرتووكی (حەمەئاغای گەورە لە بەڵگەنامەكانی عوسمانیدا) هەوڵێر ٢٠٠٣

About دیدار عثمان

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …