Home / بەشی مێژووی كورد / «خەونی دەوڵەتی کوردی لە نێوان و ھاتنەبوون و لەباربردنیدا» ھەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ پەیمانی لۆزان و پرسی ویلایەتی موسڵ.

«خەونی دەوڵەتی کوردی لە نێوان و ھاتنەبوون و لەباربردنیدا» ھەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ پەیمانی لۆزان و پرسی ویلایەتی موسڵ.

نووسین: چــرا یاســـین محمدامین

 النص-الكامل-لمعاهدة-لوزان-1923-

 کۆتایھاتنی جەنگی جیھانی یەکەم لە ساڵی ١٩١٨دا لە مێژوودا ساتێکی وەچەرخان بوو، کە چەندین ھەل و مەرجی مێژوویی لەوەی پێش خۆی ھێنا کایەوە، وەکوو ڕووخانی چوار ئیمپراتۆریەتی گەورەی جیھان کە ئەوانیش بریتیبوون لە: «ئیمپراتۆریەتی نەمسا و مەجەر، ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانی، و ئیمپراتۆریەتی ڕووسی، ئیمپراتۆریەتی عوسمانی»

ھەروەھا دابەشکردنی خاک و زەوی ئەم ئیمپراتۆریەتییەتانە و پاشەکشەی باری ئابووری، ھەروەھا بەستنی چەندین کۆنگرە و ڕێککەوتنامەی بەدوای خۆیدا ھێنا کە ھەر یەکێکیان تایبەتمەند بوون بە بە وڵاتێک و بەسەر وڵاتانی شکستخواردووی جەنگدا سەپێنران، ھەروەھا چەندین کێشە و ئارێشەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا ھێنا. «کێشەی ویلایەتی موسڵ» لە بنەڕەتدا کێشەی کوردستانی باشوور بوو، کە لە دوای جەنگی یەکەمی جیھانی وەک یەکێک لە کێشە و دەرھاوێشتەکانی جەنگی جیھانی یەکەم لە ئەنجامی شکستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دروستبوونی دەوڵەتی عێراقی نوێ لە ژێر سەرپەرشتی بەریتانیادا بەدیار کەوت.

 «چەمکی ویلایەتی موسڵ»

 چەمکی ویلایەتی موسڵ بەو ناوچە جوگرافیەی ژێر دەستەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی دەگوترا کە ھەرسێ سەنجەقی (موسڵ و سلێمانی و کەرکوک)ی دەگرتەوە، یەکێک بوو لە سێ ئەیالەتە گەورەکانی دەوڵەتی عوسمانی لە عێراقدا، کە زۆربەی ناوچەی باشووری کوردستانی پێک دەھێنا، و ئێستاش دەکەوێتە باکووری عێراق. پێشتر ویلایەتەکە ناوی ویلایەتی شارەزوور بوو، ئەم ویلایەتی شارەزوورەش لە لایەن دەوڵەتی عوسمانی بە کوردستان ناودەبرا.

یەکەم: سەرھەڵدانی کێشەی ویلایەتی موسڵ

 دەوڵەتی عوسمانی لە دوای جەنگدا لە ئەنجامی شکستھێنانی لە جەنگدا، تووشی بارودۆخێکی سەختی سیاسی و سەربازی و ئابووری و تەنانەت کۆمەڵاتیش ھاتبوو، ھەرزوو چاوتێبڕین بۆ ناوچەکانی ژێردەستی دەستیپێکرد، بەریتانیا لە ھەنگاوەکانی بۆ داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ١٩١٧  ھێزێکی نوێیان ئامادە کرد بە سەرکردایەتی جەنەڕاڵ مۆد و ھێرشیان بۆ سەر دەوڵەتی عوسمانی دەست پێکردەوە و تا لە ١١ی ئاداری ھەمان ساڵدا شاری بەغدایان داگیرکرد، و دواتر ھەنگاویان نا بۆ داگیرکردنی ویلایەتی موسڵ.

ویلایەتی موسڵ یەکێک بوو لە ناوە ڕیزکراوەکانی نێو لیستی دووروودرێژی نیگەرانییەکانی بەریتانیی بۆ پاراستنی،لە سەرێکەوە موسڵ لە ڕووی ستراتیجی و ئابوورییەوە خاوەن بایەخێکی بێ شوماربوو بۆ بەریتانیا لەوانە:

١-دۆزینەوەی نەوت و بەهای ئابووری كوردستان.

هەنگاوی دووەمی ستراتیژیەتی بەریتانیا لەدوای دروستكردنی دەوڵەتێكی عەرەبی لە هەردوو ویلایەتی بەسەرە و بەغدا, بریتی بووە لە دەست بەسەراگرتنی ویلایەتی موسڵ و لكاندنی بەدەوڵەتی نوێی عیراقەوە, لەڕاستیدا بەریتانییەكان گەیشتبوونە ئەو باوەڕەی كە لەبەرژەوەندی ستراتیژی ئەواندایە دەست بەسەر بیرە نەوتەكانی موسڵدا دابگرن, بەهەر نرخێكی كە هەبێ‌ ودەوڵەتێك درووست بكرێت كە هەر سێ‌ ویلایەتی بەسرە و بەغدا و موسڵ بگرێتەخۆ, سەبارەت بە ئەو هەموو گرنگی و بایەخەی كە بەریتانیا بە ویلایەتی موسڵی دەدا, زۆربەی بۆچوونەكان وای دەردەخەن كە بەریتانیا هەستی بەوە كردبوو, كە ئەم ناوچەیە لە ڕووی نەوتەوە دەوڵەمەندە, بەریتانییەكانیش لە ڕۆژهەڵاتی

ناوەڕاستدا لە پێناوی پەتڕۆڵدا شەڕیان دەكرد

٢- هەڵكەوتەی جیۆپۆلۆتیكی ویلایەتی موسڵ.
سەرەڕای ئەوەی ئەم ناوچەیە دەوڵەمەندە لەڕووی نەوت و سامانی سروشتییەوە هاوكات لەڕووی سەرچاوەی ئاوی و كشتوكاڵ و سامانی ئاژەڵیشەوە جێی بایەخدانە, بەهەمان شێوە هۆكاری ئاسایش بووە بۆ هەرێمە كۆڵۆنییەكانی بەریتانیا, لەگەڵ ئەوەشدا هۆكارێك بوو كە بەرژەوەندییەكانی بەریتانیای بە هیندستانەوە دەبەستەوە, بنكەیەكیش بووە بۆ گواستنەوەی پەترۆڵ بۆكەشتییەكانی لە كەنداوی فارس و دەریای سپی , بە هێڵی یەكەمی بەرگریش دادەنرا بۆ پاراستنی هەرێمی عەرەبی(میزۆپۆتامیا) لە بەرامبەر ڕوسیای قەیسەری, ئەمانە هۆكار گەلێكن كە وای لە بەریتانیا كرد چاو بخاتە سەر ویلایەتی موسڵ، بۆیە بە هەموو توانایەكییەوە هەوڵی داگیركردنی دەدا، بەڵگەش بۆئەمە دوای ڕاگرتنی جەنگ و بە پێی ئاگربەستی مۆدرۆس دەبوایە لە هەموو بەرەكاندا شەڕ ڕابگیرێت، بەڵام ئینگلیزەكان بەسوود وەرگرتن لە ئاگربەست و ڕێككەوتنی نێوان بەریتانیا و توركیا چوونە ناو موسڵەوە.

بۆ ئەم مەبەستەش شارەکانی کەرکووک و ھەولێریان داگیرکرد و بەرەو مەڵبەندی ویلایەتەکە بەڕێکەوتن کە  شاری موسڵ بوو، تەنیا ١٢ میلیان مابوو بگەن بە شارەکە کە  «ئاگر بەستی مۆدرۆس» لە ٣٠ تشرینی یەکەمی ١٩١٨ لە لایەن بەریتانیا بە ناوی ھاوپەیمانان لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی بەست و بڕیاریان دا ناکۆکی نێوانیان بە ئاشتی چارەسەر بکەن و ھەر ھێزێکیش تا ئەو ناوچەیەی پێی گەیشتووە، زیاتر پێشڕەوی نەکات، بەڵام سوپای ئینگلیز بە  بەردەوام بوون لە پێشڕەوی کردن و لە لە ٨ی تشرینی دووەمی ١٩١٨  چوونە ناو شارەکەوە، ئینگلیزەکان فەرمانی داگیرکردنی ویلایەتی موسڵی پێ درابوو، بە پێی ھەردوو بەندی (٧،١٦)ی ئاگربەستی مۆدرۆس، کە ماددەی ٧ دا ھاتووە {ھاوپەیمانان بۆیان ھەیە ھەر شوێنێکی ستراتیجی داگیر بکەن, ئەگەر ببێتە مایەی مەترسی و کار لە ئاساییشیان بکات} وە لە ماددەی ١٦دا ھاتووە{پەشماوەی ھەموو ھێزەکانی عوسمانی لە حیجاز و یەمەن و سوریا و میزۆپۆتامیا رادەستی نزیکترین بنکەی ھاوپەیمانان بکرێت لە ناوچەکەدا}

بەمجۆرە سوپای ئینگیز داوای چۆڵکردنی شارەکەیان لە  عەلی ئیحسان پاشای فەرماندەی ھێزی عوسمانیەکان لە موسڵ کرد، سەرەتا ڕازی نەبوو پاشەکشە بکا و موسڵ چۆڵ بکات، بەڵام دواتر لە ئەستەمبوڵەوە فەرمانی پێدرا پاشەکشە بکات و موسڵ بداتە دەست ئینگلیزەکان.

بەم جۆرە موسڵ و دەورووبەری بە بێ شەڕ کەوتە ژێر دەستی سوپای ئینگلیز دەوڵەتی عوسمانی ڕەخنەی لەم داگیرکاریە گرت و و ناڕەزایی دەربڕی بەو پێیەی کە لەگەڵ ناوەڕۆکی ئاگربەستی مۆدرۆس ناگونجێت و وە لە ھەمان کاتدا ئەو ناوچەیە بە پێی ڕێکەوتنامەی سایکس بیکۆ بەر فەرەنسا کەوتبوو.

لێرەوە کێشەیەک دروستبوو لە نێوان بەریتانیا و عوسمانیەکان و دواتر لە نێوان بەریتانیا و تورکیا و عێراقدا، کە لە مێژوودا بە  «کێشەی ویلایەتی موسڵ »ناسراوە.

شیاوی باسکردنە ھەرچەندە پێشتر بڕیار لەسەر ویلایەتی موسڵ درابوو کە دوای کۆتای ھاتنی جەنگی یەکەمی جیھانی و بە پێی ڕێکەوتنامەی «سایکس بیکۆ» ١٩١٦، کاتێک دەستیان کرد بە دابەشکردنی موڵکەکانی ناوچە عەرەبیەکانی ژێر دەستی دەوڵەتی عوسمانی، ویلایەتی موسڵیش لە چوارچێوەی موڵک و ناوچە  ژێر دەستەکانی دەوڵەتی عوسمانی دابەشکرا و ئەو ناوچەیە بەر فەڕەنسا کەوت، دواتر بەریتانیا چاوی تێبڕی بەھۆی ھەستکردنی بە  گرنگی ئەو ناوچەیە لە ڕووی ستراتیجی و ئابووریەوە  کەو ئەو ناوچەیە ناوچەیەکی دەوڵەمەند بوو بەھۆی بوونی نەوت و کەرەستەی خاو، بۆیە بەریتانیا داوای ئەو ویلایەتەی لە فەڕەنسا کرد، سەرەتا فەڕەنسا ڕازی نەبوو،

بەڵام دواتر لە دوای سەردانی کەلیمانسۆ سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا بۆ لەندەن لە کانوونی یەکەمی ١٩١٨ لەگەڵ لوید جۆرج سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا  بە چەند مەرجێک گەیشتنە ڕێکەوتن و فەڕەنسای ناچار کرد کە واز لە ویلایەتە بھێنێت بۆ بەریتانیا.

دووەم: پرسی ویلایەتی موسڵ لە ڕێکەوتنامەکانی سان ریمۆ، سیڤەر، لۆزان

لە کۆنگرەی سان ڕیمۆ لە ٢٥ نیسانی ١٩٢٠دا بڕیاردرا بە داھێنانی سیستەمی ئینتیداب، بەمەش ویلایەتەکانی «لوبنان و دیمەشق حەلەب و ئەسکەندەروونە»خرانە ژێر ئینتیدابی فەڕەنسا و ویلایەتەکانی «بەغدا و بەسرا و موسڵ و فەڵەستین» خرانە ژێر ئینتیدابی بەریتانیا.

لە ١٠ی ئابی ١٩٢٠ ھاوپەیمانان و دەوڵەتی عوسمانی «پەیمانی سیڤەر»یان بەسەر دەوڵەتی عوسمانیدا سەپاند، ئەم پەیمانە سیفەتی یاسایی بە سان ریمۆ و سیستەمی ئینتیداب بەخشی لە ناوەرۆکەکەیدا لەگەڵ پێدانی مافی کەمینە نەتەوەییەکان، بەڵێنی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ ھەریەکە لە  نەتوەی کورد و ئەرمەن درابوو.

ھاوپێچ ئەم ڕێککەوتنامەیە یەکەمین دانپێدانانی جیھانی بوو بە بوونی کورد، و یەکەمین ڕێککەوتننامە بوو کە تێیدا بە شێوەیەکی فەرمی باس لە مافی گەلی کورد کرابێت، ئەویش لە ھەرسێ بەندەکانی ٦٢،٦٣،٦٤دا تایبەتکرابوو بە کورد و مافەکانی،

بەندی ٦٢: لیژنەیەک کە مەڵبەندەکەی ئەستەمبوڵەو لە سێ ئەندام پێکدێت، لە ھەریەکە لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا تاوەکوو شەش مانگ دوای مۆرکردنی ئەم پەیمانە لیژنەکە نەخشەیەک بۆ خودموختاری بۆ ئەو ناوچانەی کە کوردی تێدایە پێشکەش دەکات.

٦٣: کاتێ ئەو کۆمیسیۆنە کاروباری خۆی دروست کرد و بڕیاری لەسەردا پێویست دەوڵەتی عوسمانی لە ماوەی سێ مانگدا بڕیاری ئەو ئۆتۆنۆمیە لە پڕاکتیکدا جێبەجێ بکات.

٦٤: ئەگەر لەماوەی ساڵێکدا گەلی کورد کە لە بڕگەی ٦٢ دا  دەستنیشان کراوە توانیان دەریخەن کەوا ئارەزووی سەربەخۆییان لە تورکیا ھەیە، لە ھەمان کاتدا کۆمەڵەی گەلان گەیشتە ئەو بڕوایەی لە کورد توانای خۆبەڕێوەبەریان ھەیە ئەوا تورکیاش بە پێی ئەم ڕێککەوتننامەیە پەیمان دەدا ئەم ڕاسپاردەیە جێ بەجێ بکات و واز لە ھەموو ماف داخوازیەکی یاسایی خۆی لەم بارەیەوە بھێنێت.

ھەرچەندە کە تورکەکان تا ڕۆژی واژووکردنی پەیماننامەکە لە ھەوڵدا بوون کە کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانی بھێڵنەوە،

بەڵام ھەوڵەکانیان لە لایەن ھاوپەیمانان پشتگوێخرا.

بەڵام ھەر زوو بارودۆخەکە گۆڕا و وەک خۆی نەمایەوە، بزوتنەوەی کەمالی کە لە ساڵی ١٩١٩ بە سەرکردایەتی «مستەفا کەمال ئەتاتورک» سەریان ھەڵدا بوو دەستیان بەسەر چەند ویلایەتێکی ئەنادۆڵدا گرتبوو پەیمانی سیڤەریان ڕەتکردەوە

دووبارە بە چەند بیانویێک خۆیان بە خاوەنی ویلایەتی موسڵ ناساندەوە و داوای گێڕانەوەیان دەکرد بۆ سەر تورکیا، بەڵام دەسەڵاتدارانی بەریتانیا لە عێراق بە تایبەتی (لۆرد کرزن) ھەموو ئەو بیانوانەی ڕەتدەکردەوە، بەو پێیەی کە زۆرینەی دانیشتوانی ناوچەکە کوردن و بەرژەوەندییە ئابووریەکانیان لەگەڵ عێراقدا یەکانگیرە.

بەم جۆرە ئەم کێشەیە بە چارەسەرنەکراوی و ھەڵپەسێردراوی لە نێوان عێراق و تورکیادا مایەوە و نەگەیشتنە ھیچ ئەنجامێک، تاوەکو بەستنی کۆنگرەی لۆزان.

پەیماننامەی لۆزان زادەی گۆڕانی ڕەوشی نێودەوڵەتی بوو لەو ماوە مێژووییەدا، ھەر زوو کاریگەریەکانی پەیمانی سیڤەر لەنێو دەوڵەتی عوسمانیدا ڕەنگیدایەوە، بەشێكی زۆری شوێنەكانی داگیركرابوو، لەسەر كاغەز پارچە پارچە كرابوو، نیاز وابوو دوو دەوڵەتی تازە بۆ ئەرمەن و كورد لەسەر خاكی ئێستای توركیا دابمەزرێ‌، وڵاتەكانی تری وەك «سوریا و عێراق و لوبنان وئوردون» ئەمانەی دوایی بوون بەدەوڵەت، هەموویان لەتوركیا سەندرابوونەوە. بەمەش دەوڵەتی عوسمانی کەوتبووە بارودۆخێ تەواو شێواو، بەڵام لە ساڵی  ١٩٢٣دا هەلومەرجێكی تر هاتبووە كایەوە، ئەویش ئەوە بوو هێزێكی تر لەتوركیا پەیدابووبوو مستەفا كەمال ڕابەرایەتی ئەكرد، ھەروەک ئاماژەمان پێدا بە دەرکەوتنی بزوتنەوەی کەمالییەکان بارودۆخەکە گۆڕانێکی ڕیشەیی بەسەرداھات، «مستەفا کەمال» توانی تورکیا ھەستێنتەوە سەرپێ و پەیوەندی لەگەڵ کوردانی باکووردا دووبارە ڕێکبخاتەوە، ھەروەھا ھاوپەیمانێکی ستراتیجی بەھێز لەگەڵ ڕووسیادا گرێ بدات و ڕووبەڕووی بەریتاندا بوەستێتەوە.

جگە لەمانەش توانی ھێزە داگیرکەرەکانی یۆنان لە ئیزمیردا دەربکات و سەرکەوتنێکی گەورە لە شەڕی «سەقاریا»دا بە دەستبھێنێت.

بەھۆی ھەموو ئەو ھۆکارانەی باسمان کرد ھاوپەیمانان بیریان لەوە کردەووە کە ھەل و مەرجەکان گۆڕاون و باڵانسی ھێزەکانیش بە ھەمان شێوە گۆڕانیان بەسەرداھاتووە، سەركەوتنی دەوڵەتی نوێی توركیا لەسەر دەستی ئەتاتورك ئەو مانایەی وەرگرت كە لێرە بەدوا كۆماری توركیا بەهیچ جۆرێك دەوڵەتی عوسمانی نییە. بۆیە ڕەنگە نەتوانن بەندەکانی پەیمانی سیڤەر جێبەجێ بکەن.

ھاوپێچ ئەم پەیمانە نوێیە بۆ پێداچوونەوە بوو بەماددە و بڕگەكانی پەیمانی سیڤەر، ھەروەھا پێداچوونەوە بەسنووری دەوڵەتی عوسمانی ئەو دەوڵەتەی كە لەجەنگی جیهانی یەكەمدا شكستی خوارد و ناوچەكانی بووبوونە جێگای چاوتێبڕینی وڵاتانی سەركەوتوو لەجەنگدا.

جگە لەمانە ئەگەر بە ڕوانگەی بەریتانیا سەیری باسەکە بکەیین، دەبینین کە ھەڵوەشاندنەوەی پەیمانی سیڤەر و جێگرتنەوەی بە پەیمانێکی نوێ لە لە بەرژەوەندی بەریتانیاشدا بوو.

ھەڵوەشانەوەی سیڤەر نەک بەتەنیا بەرژەوەندی بەریتانیا بەڵکو بەشێکی زۆری لە بەرژەوەندییەکانی ئەوروپای دابین دەکرد لەوانە نەھێشتنی دوو حکومەتی لە تورکیادا، لەبری ئەوەی دوو حکومەت ھەبێت لە ئەنقەرە و لە ئیستەمبوڵ، یەک جۆر حکومەت بێتە کایەوە. کە ئەمە لە دیوێکەوە دەبووە ھۆی لێدان لە خەلافەتی عوسمانی و وایدەکرد کە دانیپێنەنرێ، کاربکرێت بۆ ئەوەی یەک حکومەت ھەبێت ئەویش ئەو حکومەتە بوو لە ئەنقەرەدا دامەزرابوو، ئەمەش وایدەکرد کە ڕزگاریان ببێ لە یادەوەری خەلافەتی عوسمانییەکان و ھەروەھا دەربازبن لە بیروباوەڕەی (پان ئیسلامیزم) کە لەوکاتەدا لایەنگرێکی زۆری لە ناوچەکەدا ھەبوو، لە دیوێکی تریشەوە دەبووە ھۆی ئەوەی کە گەلانی موسڵمان ئیتر لەمەولا یەک مەرجەعی باڵای نابێت و ناگەڕێتەوە بۆ ئەو مەرجەعە ئەویش کە خەلیفەی عوسمانی بوو.

گرنگترین ھۆکاریش ئەوە بوو کە ئەمە وادەکات تورکیا وردە وردە لە ئەوروپا نزیکبێتەوە و ببێت بە ئەندام لە «کۆمەڵەی گەلان»، بە ئەندامبوونیشی لە کۆمەڵەی گەلان وادەکات کە تورکیا لە ڕوسیادا دووربکەوێتەوە، کاتێکیش کە تورکیا لە ڕووسیا دووردەکەوێتەوە بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا لە کەنداو و عێراقدا پارێزراو دەبن. ھەموو ئەو ھۆکارانە و ھەروەھا وەک پێویستیەک لەو کاتەدا بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی ناوچەکانی ڕۆژھەڵات لە نێوان ھەریەکە لە «بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، یوگسڵاڤیا، ژاپۆن، ڕۆمانیا، یۆنان و تورکیا بە نوێنەری کەمالی»

وایکرد کە ھاوپەیمانان ڕازیبن بە ھەڵوەشاندنەوەی پەیمانی سیڤەر و جێگرتنەوەی بە پەیماننامەیەکی نوێ ئەویش پەیمانی «لۆزان» بوو، کە کۆتایی بە خەونی کوردەکان ھێنا بۆ بوون بە دەوڵەت.

لە رۆژی ٢٠ی تشرینی دووەمی ١٩٢٢ کۆنگرەی ئاشتی لە شاری لۆزان لە سویسڕا دەستی بە کارەکانی کرد لەم كۆنگرەیەدا شاندی تورکیا بە سەرۆکایەتی «عیسەمەت ئینۆنۆ»ی سەرۆك وەزیرانی توركیای بەرەگەز كورد وەك نوێنەری حكومەتی توركیا و لۆرد كرزۆن سیاسەتمەداری ناسراوی ئینگلیزی وەك نوێنەری حكومەتی بەریتانیا لەسەر بابەتی چارەسەركردنی كێشەی ویلایەتی موسڵ لەنێوان دەوڵەتی توركیای نوێ‌ و دەوڵەتی عێراق و حكومەتی بەریتانیا، پرسی سەرەكی لەم پەیماننامەیەدا بریتی بوو لەكێشەی ویلایەتی موسڵ، ئایا موسڵ ئەبێ‌ بخرێتە سەر توركیا یاخود ئەبێ‌ سەربەو دەوڵەتە نوێیە بێت كە ناوی عێراقە لەژێر ئینتیدابی بەریتانیا؟ توركیا كۆمەڵێك پاساوی گرنگی خۆی هەبوو لەڕووی دیموگرافیاوە، لەڕووی دانیشتوانەوە توركەكان پێیان وابوو زۆرینەی دانیشتوانی ناوچەكانی ویلایەتی موسڵ بریتین لەكورد و تورك بۆیە ئەمە پاساوێكی بەهێزە تا بخرێتە سەر دەوڵەتی توركیا، هەروەها پاساوێكی تری ئابووریشیان هەبوو كە بریتی بوو لەوەی بازرگانی و ئابووری ناوچەكانی ویلایەتی موسڵ زیاتر لەگەڵ رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵدایە، واتە لەگەڵ باكووری كوردستاندایە، پاساوێكی تری یاساییان هەبوو توركەكان ئەویش ئەوە بوو ئەیانوت ویلایەتی موسڵ لەكاتی جەنگدا داگیرنەكراوە، بەڵكو لەدوای كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانییەوە، واتە ئاگربەستی مۆندۆرس لەو كاتەوە ئەو ویلایەتە خراوەتە سەر عێراق واتە بەریتانیا هاتووە داگیری كردووە كە ئەمە پێشتر ویلایەتێكی عوسمانی بووە، لەرووی مافی چارەی خۆنووسینیشەوە پاساوێكی تریان هەبوو، ئەویش ئەوەبوو كە كوردەكان هاوسۆزی ئاینیان لەگەڵ توركەكاندا هەیە. بۆیە عیسمەت ئینۆنۆ هەموو ئەمانەی خستە بەردەم کرزن كە لەو كاتەدا نوێنەری دەوڵەتی بەریتانی بوو، هەموو ئەمانە پاڵپشتن بۆ ئەوەی ویلایەتی موسڵ بخرێتە سەر دەوڵەتی توركیا، بەڵام لەبەرانبەر ئەوە  کرزن وەڵامی ئەم پاساوانەی دایەوە سەبارەت بەدیموگرافیا ئەوەی راگەیاند زۆرینەی ناوچەكانی ویلایەتی موسڵ كوردن نەك تورك، هیندوئەورپین ئەمەش لەڕووی نەژادەوە لەگەڵ توركەكاندا بێگومان جیاوازن، لەڕووی ئابووریشەوە ئەوەی خستیبووەڕوو ناوچەكانی ویلایەتی موسڵ زیاتر لەگەڵ ناوەڕاست و باشووری عیراقدایە واتە لەگەڵ ئەو دەوڵەتەدایە كە بەریتانیا ئەیەوێت، لەڕووی مافی چارەی خۆنووسینیشەوە توركیا ئاماژەی پێكردبوو كوردەكان ئەیانەوێت لەگەڵ توركیادابن، ئەم ئەوەی راگەیاند كە هەر لەسەرەتای سەدەی نۆزدەوە كوردەكان بەبەردەوامی لەشۆڕشدابوون بەرانبەر بەدەووڵەتی عوسمانی تاجەنگی جیهانی، ئەمەش بەڵگەیەكی بەهێزە كە وا لە بەریتانیا ئەكات دەستبەرداری ویلایەتی موسڵ نەبێت، چونكە كوردەكان بەكرداری نایانەوێت بخرێنە ژێر دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتە نوێیەی كە پێی ئەوترێت توركیا، بەڵكە ئەیانەوێت لەگەڵ عیراقدا بژین، لەڕووی یاساییشەوە پاساوێكی تری توركەكان بوو، دەوڵەتی بەریتانی پێی وابوو ئەبێ‌ بخرێتە سەر عێراق، چونكە بەفەرمانی كۆمەڵەی نەتەوەكان ئەوكاتە بەفەرمی لەژێر ئینتیدابی بەریتانیا بوو، هەر كاتێكیش هەر هەنگاوێك ئەنرێت ئەبێ‌ بەرەزامەندی كۆمەڵەی نەتەوەكان بێت بۆیە ئەمە گرنگترین ئەو پاساوانە بوون هەریەك لەدەوڵەتی توركیا و بەریتانیا بۆ یەكلایی كردنەوەی چارەنووسی كێشەی ویلایەتی موسڵ ئەیانخستە روو، ئێمە لێرەدا ئەوە بەدی ئەكەین، ئەوەی غیابی هەیە، ئەوەی هەژماری بۆ ناكرێ‌ بریتییە لەكورد.

لە ڕۆژی ٢٤ی تەممووزی ١٩٢٣، لە شاری لۆزانی وڵاتی سویسڕا، واژۆ لەسەر پەیماننامەکە کرا، کە  خۆی لەچەندین بڕگە و مادەدا بینییەوە، لەنێو ئەو بڕگەومادانەدا، مادەكانی ٣٧ تا ٤٤ تایبەت بوون بەمافی كەمینە نەوەییەکان لەچوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیدا لەنێو ئەوانیشدا گرنگترینی ئەو مادانە تایەبەت بوون بە كورد، ماددەی ٣٧: حكومەتی توركیا مافی دەركردنی هەر بڕیارێكی هەیە كە نەگونجا لەگەڵ بڕیار و بەرژەوەندییەكانیدا،

ماددەی ٣٨: حكومەتی توركیا بەڵێن بەدانیشتوانی توركیا ئەدات كە بەرگری لەماف و سامان و سەربەستیان بكات ئەوەش بەبێ‌ جیاوازی زمان و رەگەز و ئاین.

ماددەی ٣٩:حكومەتی توركیا هیچ كۆستێك ناخاتە بەردەم كەس كە لەژێر چاودێری توركیادان و هەروەها ئازادن بەزمانی خۆیان رۆژنامەگەری و بازرگانی و خودا پەرستی و هەموو چالاكی سیاسی خۆیان بكەن.

بڕگەی دووەم لە ماددەی سێیەمی پەیمانی لۆزان ھێڵی سنووری نێوان تورکیا و عێراقی دیاری کردبوو بە ڕێکەوتنێکی برایانەی نێوان بەریتانیا و تورکیا کە ئەگەر لە ماوەی ٩ مانگدا، وە ئەگەر لەو ماوەیەی کە دیاریکراوە نەگەیشتن بە ئەنجام ئەوا کێشەکە بۆ کۆمەڵەی گەلان بەرز دەکرێتەوە.

سێیەم: پرسی ویلایەتی موسڵ و چارەنووسی لە کۆمەڵەی گەلان

دوای تەواو بوونی وادەی دیاریکرا و  نەگەیشتنیان بە ھیچ ئەنجامێک، کێشەی ویلایەتی موسڵ لە ٦ی ئابی ١٩٢٤ خرایە بەردەم کۆمەڵەی گەلان، نوێنەری بەریتانیا داوای کرد لیژنەیەک پێکبھێنرێت،

بڕیاردرا لە  ٣٠ ئەیلوولی ١٩٢٤ کۆمەڵەی گەلان بڕیاریدا لیژنەیەکی تایبەت لە سێ ئەندام پێکبێت،

 بە سەرۆکایەتی «کونت تیلیکی» سەرۆکی پێشووی مەجەر، و بە ئەندامیەتی ھەریەکە لە (م. اڤ ڤیرسن)وەزیری خانەنیشینکراوی سویدی و (کۆلۆنێل پاولس) ئەفسەری خانەنیشینکراوی بەلجیکی، ئەندامانی ئەو لیژنەیە بە (کنیج _ کراین) ناسران،بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر سنوورەکانی عێراق، بەھۆی ئەوەی ئەو کێشەیە نەتوانرا لە کۆبوونەوەی ئاشتی لۆزان ١٩٢٣ چارەسەر بکرێت،

 لیژنەکە لە ١٦ی کانوونی دووەمی ١٩٢٥ گەشتیان بەرەو ئەو ناوچەیە کرد و لە ڕووی زەوی و پێکھاتەی دانیشتوانەکەیان لە ڕووی نەتەوەیی و ئایینیەوە کۆڵیەوە و سەرژمێری دانیشتوانەکەیان کرد، وە ھەروەھا لەو کاتەدا مەلیک فەیسەڵ یاداشتێکی پێشکەش کردن و باسی لە گرنگی ویلایەتی موسڵ بۆ عێراق کرد،

وە ھەروەھا بۆچوونی دانیشتوانەکەیان وەرگرت کە لەو کاتەدا دانیشتوانەکە دوو بۆچونیان ھەبوو:

١/ یان ئەوەتا بخێرێنە سەر ئەو دەوڵەتە کوردیەی کە لە باکووری کوردستان لە پەیمانی سیڤەری ١٩٢٠ بڕیاری لەسەر درا بوو.

٢/ یاخوود ویلایەتەکە دەوڵەتێکی سەربەخۆی لەژێر فەرمانڕەوایی شێخ مەحموود لێ دروست بکرێت.

دوای لێکۆڵینەو و بەدواداچوون سەرەنجام لیژنەکە لە ١٩ی ئاداری ١٩٢٥ گەڕانەوە و ڕاپۆرتێکیان لە ١٦ی تەمموزی ١٩٢٥ پێشکەش کرد بە کۆمەڵەی گەلان کرد. لیژنەکە بۆچوونی وابو وکە چاکتر وایە ناوچەکە دابەشنەکرێت، و داوای دامەزراندی ئیدارەیەکی سەربەخۆیان کردبوو لەژێر چاودێری بەریتانیا و کۆمەڵەی گەلان، جێی سەرەنجە بەریتانیا ڕۆڵێکی کارای گێڕا تاوەکو  ویلایەتی موسڵ بۆ عێراق بمێنێتەوە کێشەکە ڕەوانەی دادگای دادی ھەمیشەیی نێودەوڵەتی کرا، دادگاش بڕیاریدا کە ئەو بڕیارەی ئەنجوومەن دەریدەکات دەبێت ھەردوولایەن(بەریتانیا، تورکیا) پێوەی پابەند بن و جێبەجێی بکەن وە ھەروەھا بڕیاری کۆتاییش سەبارەت بە ھێڵی سنووری نێوان عێراق و تورکیا دەبێت بە کۆی دەنگ بێت.

ئەنجوومەنی کۆمەڵە بە ڕای لیژنە ڕازی بوو بڕیاریدا بە:

١/ ھێڵی برۆکسل بە ھێڵی جیاکەرەوەی نێوان عێراق و تورکیا دابنێرێت، پێویستە ھەموو ئەو ناوچەیەی دەکوێتە باشووری ھێڵی برۆکسڵ بخرێتە سەر عێراق.

٢/بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ لە ژێر ئینتیدابی بەریتانی دا

بمێنێتەوە.

٣/ بایەخ  و گرنگی بدرێتە ویستی کوردەکان بە دانانی کاربە دەستی کورد لە دام و دەزگا و قوتابخانە و دادگا و زمانی کوردی زمانی ڕەسمی بێت.

ھەروەھا لیژنەکە لەو بڕوایە دابوو کە ئەگەر دەسەڵاتی کۆمەڵەی گەلان بە تەواوی بە پێی پەیمانە چوار ساڵیەکەی نێوان بەریتانیا و عێراق کۆتایی بێت، ئەگەر جۆرە گرەنتیەکی کارگێری ناوەخۆیی نەدرێ بە کورد، ئەوا زۆربەی زۆری خەلکەکە دەسەڵاتی تورکیان پێ باشتر دەبێ لە سەروەری عەرەب، ھەروەھا لیژنەکە لەو بروایە دایە کە کەڵکەکانی یەکێتی ناوچە ناکۆکیەیە لەگەڵ عێراقدا لەو حاڵەتە دەگۆڕێ، کە دووچارێ کێشە و مەترسی سیاسی دەبێتەوە.

ئەوەبوو کۆمەڵەی گەلان لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٢٥ ھێڵی برۆکسڵی بە ھێلی جیاکەرەوەی سنوور دیاری کرد، ویلایەتی موسڵ بە فەرمی خرایە سەر عێراق  و داواشی لە بەریتانیا کرد کە رێکەوتنامەیەک ببەستن.

لە ٥ی حوزەیرانی ١٩٢٦ رێکەوتنامەیەکی سێ قۆلی لە نێوان (بەریتانیا،عێراق،تورکیا) مۆرکرا و بە پێدانی ١٠٪‏ی داھاتی نەوتی موسڵ بە تورکیا و دەستبەرداری ویلایەتی موسڵ بوو، دواتریش لەبەرامبەر وەرگرتنی (٥٠٠٠٠٠) پاوەند وازی لەو بەشە نەوتەش ھێنا.

چوارەم: ئەزموونی کورد لەگەڵ پەیمانی لۆزان

واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکە ھەر زوو چەندین کاردانەوەی بەدوای خۆیدا ھێنا و کە ئاگری شۆڕش کڵپەی سەند، کە دەرخەری قبوڵنەکردنی بارودۆخەکە بوون لەلایەن گەلی کوردەوە.

بۆنمونە لەدوای کەمتر لە دووساڵ لە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی لۆزان لەساڵی ١٩٢٥ شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران ئەنجامدرا، لە ساڵی ١٩٣٠ شۆڕشی ئاگری، ساڵی ١٩٣٧-١٩٣٨ شۆڕشی سەید ڕەزای دێرسیم لە باکووری کوردستان ئەنجامدران و شۆڕشەکانی شێخ مەحموود و ھەردوو شۆڕشەکانی بارزان و شۆڕشی ئەیلوول لە باشووری کوردستاندا و شۆڕشی سمکۆی شکاک لە ڕۆژھەڵات  ھەروەھا    بەدامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، گەواھیدەری ئەم ڕاستیەن و دەرھاوێشتەی واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزانن.

 لێزانی تورکەکان لە سیاسەت و خۆشباوەڕی کورد، زەمینەسازی کرد بۆ ئەوەی توركەكان و بەشێک لە كوردەكان لەو سەردەمەدا ببن بە هاوپەیمانی یەكتری و نزیکبوونەوە لە نێوانیاندا ھەبێت، لە ڕوانگەی ئەوەی كە هەردووکیان موسڵمانن و ئینگلیزیش دەوڵەتێكی ئەوروپی ناموسڵمانە، و ڕقی لە موسڵمانانە لەبەر ئەوە پێویستە كورد و تورك هەردووكیان دژایەتی بكەن، ئەمە خاڵێک، بۆیە سەرانی تورک کاریان لەسەر ڕاکێشانی ھەستی ئایینی کورد دەکرد و لەم ڕێگەیەوە کوردیان ھەڵدەخەڵەتاند ئەوەتا کاتێک ھاوپەیمانان بەرھەڵستی ھەڵوەشانەوەی دەوڵەتی کوردیان کرد

مستەفا کەمال ئەتاتورک بانگی کوردێکی شاری دەرسیمی کرد ناوی(حەسەن خەیری) بوو، داوای لێکرد ڕۆژی دوایی بەرگی کوردی بپۆشێت و لەگەڵی بچێت بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی پیشانی ڕۆژنامەنووسان و وەفدی وڵاتانی دیکە بدات کە حکومەتی تورکیا کورد و بەرگی نەتەوەیی و زمان و کەلتووری کوردانی پەسەند کردووە.

خاڵێکیتر لەو سەردەمەدا دوو بابەت هەبوو كوردی ورژاندبوو، یەكێكیان دروستكردنی دەوڵەتی ئەرمەنستان بوو، كورد زۆر دژی بوو، پێی وابوو ئەگەر دەوڵەتێكی مەسیحی بەتەنیشت كوردەوە دابمەزرێ‌ لەبەرژەوەندی كوردا نییە، و ھەروەھا دەستبەسەر خاکەکەشیان دادەگیرێت. مەسەلەیەكی تریش هەیە پاش ئەوەی ئەرمەن تووشی کۆمەڵکوژی ھاتن لەسەردەستی دەوڵەتی عوسمانی بەشێكی زۆری موڵک و سامانی ئەرمەنەكان بەر كوردەكان كەوتبوو، لەبەر ئەوە ئەگەر دەوڵەتی ئەرمەن دروست بوایە ئەم موڵك و سامان و ماڵە هەمووی لەكورد وەردەگیرایەوە، ھەربۆیەش  كورد دژی ئەوە بوو دەوڵەتی ئەرمەنستان دابمەزرێت، كەمالیستەكانیش بێگومان دژی ئەوەبوون دەوڵەتی ئەرمەنستان دابمەزرێ‌، ئەمەش كورد و كەمالیەکانی لەیەك نزیك كردەوە لەم لاشەوە بەهۆی هەستی ئاینییەوە یۆنان بەشێك لەخاكی توركیای داگیركردبوو بەتایبەتی شاری ئیزمیر و دەوروبەری، كوردیش پێی ناخۆش بوو گەلێكی مەسیحی بێت دەوڵەتی عوسمانی و خاكە عوسمانی داگیربكات، ھەر بۆیە كاتێك لەشكری مستەفا كەمال بەرێكەوت بۆ شەڕ بۆ دەرپەڕاندنی یۆنانەكان لەوانەیە نیوەی ئەم لەشكرە لەكوردەكان پێكهاتبێت.

سەبارەت بە کاریگەریەکانی ئەم پەیماننامەیەش، یەكەم بەرهەمی پەیماننامەی لۆزان كوشتنی خەونی دەوڵەتی كوردی بوو. ھەروەھا دابەشکردنی کوردستان بەسەر هەریەک لە «تورکیاو عێراق و ئێران و سوریا»و بێ بەشکردنی کورد لە هەموو مافەکانی، و لێدان لە بزوتنەوە ڕەواكەی، و بێ ئیرادەکردنی کوردو ئەنفال کردن و جینۆسایدو کیمیابارانکردن و کۆمەڵکوژکردن و ڕاگوێزان و تعریب تەتریک و تەفریس کردنی ڕۆڵەکانی گەلی کورد کە ھەموو ئەوانە دەرهاویشتەی پەیماننامەی لۆزان بوو، تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و کاری لەسەر دەکرێت.

 خاڵێکی تری گرنگی پەیوەست بە کورد، کە ناکرێت فەرامۆش بکرێت، ھەوڵ و کۆمەکەکانی بەریتانیا بوو بۆ ئەوەی کە ویلایەتی موسڵ نەبێت بە بەشێک لە وڵاتی تورکیا، بەریتانیا لەوەشدا بێگومان بەرژەوەندی تایبەتی خۆی ھەبوو. ئینگلیزەكان زیاتر هەوڵیان دەدا بۆ ڕاكێشانی كورد بۆ بەرەی خۆیان, ئەوەی دەردەكەوێت بە هیچ جۆرێ‌ هەوڵێكی جدی نەبووە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێك یان ئیدارەیەكی كوردی لە ناوچەكەدا, بەڵكو بە پێچەوانەوە بە هەموو شێوەیەك هەوڵی ئەوەی دەدا كە دەسەڵاتی خۆی بچەسپێنێت و خۆی لە ناوچەكەدا بەهێز بكات, و کورد وەک کارتێک بەکاربھێنێت دژی تورکیا ئەوەی ئامانجی سەرەکی بەریتانیا بوو، یەکلایی کردنەوەی پرسەکە بوو بە قازانجی وڵاتی عێراق، واتە مەبەستی بوو ویلایەتی موسڵ بە عێراقەوە بلکێنێت و دەتوانین بڵێین بەریتانیا لە سەرەتاشدا لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەت بۆ کورددا نەبووە، بۆ نموونە كۆمەڵێك نامە لەنێوان شەریفی مەكە «شەریف حوسێن»و ماندوبی سامی«مەكماهون» لەقاهیرە ئاڵوگۆڕكراون، لەوێدا بەئاشكرا بەڵێن بەعەرەبەكان دەدەن دەوڵەتێكی عەرەبی دابمەزرێنرێت و دواتریش لەكۆنگرەی ئاشتیدا بەڵێن بەمەلیك فەیسەڵی كوڕی شەریف حوسێنی مەكکە ئەدرێت بیكەن بەسەرۆكی ئەو دەوڵەتە، لەساڵی ١٩٢٢یشدا بەهەمان شێوە بەڵێنی پاراستنی خاكی عێراق بەویلایەتی موسڵەوە بە «مەلیك حوسێن» دەدات، ئەوكاتە پەیماننامەی لۆزان لەسەرەتاكانیدا بوو، واتە بەریتانیا لەسەرەتاوە لەگەڵ دروستكردنی دەوڵەتێكی كوردیدا نەبووە، چونكە خۆی بەستوەتەوە بە كۆمەڵە شتێكەوە بەرژەوەندی خۆی تێدابووە، سەرباری ئەمەش ناکرێت ئەم ھەوڵانەی بەریتانیا بە خراپ ناو ببەیین، چونکە ئەگەر ویلایەتی موسڵ بە تورکیاوە بلکێندرابا، ڕەنگە بارودۆخی ئیمەی کورد و کوردستانیان زۆر جیاوازتر لەو ھەل و مەرجەی ئێستامان بووایە، دوور نەبوو تەنانەت بوونیشمان وەکوو کورد بەوتبایە مەترسیەوە، بە تایبەت لە ژێر سۆزی کەسێکی وەک مستەفا کەمال بووینایە، کە بە تورککردنی کورد بۆ ئەو وەک ھەڵمژینی ئۆکسجینی پاک وابوو.

بە تێڕامانمان لەو باسە پرسیارێک پەیوەست بە کورد خۆی قووت دەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی لەدوای بەستنی پەیمانی سیڤەر دەوڵەتی عوسمانی بە تەواوی لاوازکرا و سنوورەکانی بەرتەسکرابوونەوە و بارودۆخی ناوەخۆیی تەواو شێوابوو، پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی زلھێز لەق ببوو و سەرباری ئەوانەش دژایەتیکردنی لەلایەن بەریتانیا و بوونی ناکۆکی بەردەوام لە نێوانیاندا، بۆچی كورد نەیدەتوانی سوود لەناكۆكییەكانی هەریەكە لەم دوو هێزە وەر بگرێ‌؟ كە لەكاتێكدا ناكۆكییەكان بەئەندازەیەك بوو بۆماوەی یەك ساڵ یەكلایی كردنەوەی چارەنووسی ویلایەتی موسڵ بەس لەپەیمان نامەی لۆزاندا دواخرا،

بێگومان ئەمەش  پەیوەندی بە پەرتەوازەیی و نەبوونی یەكێتی نێو ماڵی كوردی  هەبوو‌ واتە كوردەكان خاوەنی گوتارێكی یەكگرتوو نەبوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڕەوشە، ھەروەھا لێنەزانی لە سیاسەتدا و مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو ڕەوشەی دەھاتە پێشی، کورد لەو سەردەمەدا ھەمیشە وەک پاشکۆ لە ڕووداوەکانی دەڕوانی و چاوەڕێی ئەنجامی کێشەکانی دەکرد، تا بزانی ھێز بەلای کامەیاندا دەشکێتەوە، کوردەکان لە نێوان خۆیاندا ببوونە چەند گرووپ و دەستەی جیاواز، و ھەر یەکەو لایەنگری لە ھێزێکی دەکرد. ھەروەھا نەبوونی کەسایەتیەک کە ببێت بە پاڵەوانی مێژوویی ھاوشێوەی مستەفا کەمال لەو کاتەدا بۆ کورد.

لەگەڵ ئەوەی لە ڕێککەوتننامەی لۆزاندا، تورکیا گەرەنتی دروستنەکردنی دەوڵەتی کوردی و ئەرمەنی لە وڵاتانی بەشداربووی پەیماننامەی لۆزان وەرگرت، بەڵام تاوەکو ئێستاش کار لەسەر ئەو خاڵە دەکات.

لە کۆنگرەی لۆزان ئەوەی کە تورکیا لەدەستی دا، یان نەیتوانی بەدەستی بهێنێت لەو پەیماننامەیە ویلایەتی موسڵ بوو، کە بەدرێژایی چەندین ساڵە ئەمە قبوڵ ناکەن و  خەون بە گێڕانەوەی دەبینن، چونکە وەک چۆن کورد زوڵملێکراو بوو لەو پەیماننامەیە، تورکیاش بە ھەمان شێوە خۆی بە زوڵملێکراو دەبینێت، بەوەی کە ویلایەتی موسڵ بەشێک بووە ناوچەی دەسەڵات و بەشێک بووە

لە مساقی میللی (گەڵاڵە نامەی نیشتیمانی)ئەوان

کە دوابەدوای گەشانەوەی ئەستێرەی بەختی «مستەفا کەمال ئەتاتورک» و درکوتنێکی وەک کارەکتەرێکی سیاسی لێھاتوو و دروستکردنی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە خالی تورکیادا،

 لەنێوان ٤-١٢ی ئەیلوولی ١٩١٩دا، مستەفا کەمال و هاوەڵەکانی کۆنگرەیەکیان لە شاری سیواس رێکخست. لەو کۆنگرەیەدا بنەما سەرەکییەکانی جووڵانەوەکەو بەرنامەی کارکردنی لە دەقێکدا داڕێژران کە بە “میساقی میللی” ناسراوەو لە شەش مادە پێکهاتووە. ئەم پەیمانە سنوورەکانی تورکیای نوێ بەو هێڵە دەستنیشان دەکات کە لە رۆژی ئیمزاکردنی رێکەوتننامەی مۆدرۆسدا لە نێوان هێزەکانی دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتانی هاوپەیماندا هەبووە. واتە باشوورو رۆژاوای کوردستانیش بە بەشێکی دانەبڕاوی دەوڵەتی تورکیا دەزانێت کە بەهیچ شێوەیەک شیاوی دابەشکردن نیە، چونکە بە خوێندنەوەی کەمالییەکان، دەبوو لە ٣٠ی تشرینی یەکەمەوە هەموو شەڕو داگیرکارییەک رابگیرێ و ئەوەی تا ئەو ڕۆژە بە شەڕ لەلایەن هاوپەیمانەکانەوە داگیر نەکراوە، خاکی تورکیایە. بۆیە جەختیان لەوە دەکردەوە کە داگیرکردنی ویلایەتی مووسڵ “پێشێلکردنی رێکەوتننامەکەو یاسای نێودەوڵەتییە”و ئامادە نەبوون دانی پێدا بنێن و ئێستاش ئامادەنین.

ئەو سنوورانەش کە میساقی میللی دەستنیشانی کردووە، باشوورو رۆژاواوی کوردستان بەشێکن لە تورکیا، وەک لە نەخشەکەدا بە ڕوونی دیاریکراوە.

شایەنی ووتنە کە لە ھیچ بەندێکی ئەم پەیماننامەیە باس لە وادەی تەواوبوونی پەیماننامەکە نەکراوە. یاخوود ھیچ مەرجێک بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەکە دانەنراوە. وە تورکیاش ڕەزامەندی لەسەر داوە، جا بە خۆشی خۆی بێت یان بە زۆری بووبێت.

دوای سەردەمانێك لەو ڕوداوەوە جێگەی خۆیەتی هەر تاكێكی كورد بەوردی بڕوانێتە ئەو مێژووە و بەوریاییەوە ھەڵسەگاندنی بۆ بکات، چونكە بۆ نەتەوەیەكی وەكو كورد كە ئەزموونەكانی مێژووی بۆی سوودی نەبێت پێویستە بۆ لای بگەڕێتەوە.

 نەتەوەی کورد لەلای وڵاتانی باڵا دەستەوە بە دۆست و بە دوژمن، ھەمیشە وەک پاشکۆ سەیرکراوە و تەنیا بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەکاریان ھێناوە، ھەر زوو بە  قسە ڕازاوەکانی دوژمنان ھاتۆتە باوەڕ.

پەیمانی لۆزان بەسبوو بۆ ئەوەی کە کورد ئەزموونی لێوەرگرتبوایە، بەداخەوە بەھۆی پەند وەرنەگرتنمان  لە ئەزموونانە ئێستا بێ دەوڵەت ماوینەتەوە و باب و باپیرانمان ھەموو بە ھیوای سەربەخۆیی و بوونی دەوڵەتێکی کوردی سەریان نایەوە و ئەو ئاواتەیان بەدی نەھات، چەندان ڕۆڵەمان لەم پێناوەدا بەخشی، ئەوەی پێویستە لە ئێستادا بکرێت

کارکردنە لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری نەتەوەیی تاک و کۆمەڵگە، ئاشتبوونەوە لەگەڵ خۆمان و ھاوخوێن و ھاو زمانانمان، وە کارکردنە بۆ گۆڕینی ئەو ڕێگایەی کە لە ماوەی ڕابردوودا گرتوومانەتە بەر و پەند وەرگرتنە لەو ھەڵانەی ئەنجامدراون و بە ھۆیەوە چارەنووسمان بەرەو تاریکی ڕۆیشتووە.

لیستی سەرچاوەکان:

١/ کێشەی ویلایەتی موسڵ، د فازڵ حسین، و. مەحمەد شاکەلی/ ١٩٩٩ سلێمانی

٢/ویلایەتی موسڵ کۆمەڵەی نەتەوەکان، و.مینە/٢٠١٢

٣/کێشەی ویلایەتی موسڵ لە دوو ڕۆژنامەی سلێمانیدا، نەوزاد عەلی ئەحمەد/ ٢٠٠٤_ سلێمانی

٤/مێژووی عێراق لە سەردەمی عوسمانی، بەختیار سعید/٢٠٢١، ھەولێر

٥/کۆمسیۆنی ویلایەتی موسڵ،E.af wirsen,و. کاوە ئەمین  / ٢٠١٠،ھەولێر

٦/ چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی ھاوچەرخی عێراق، ئەحمەد باوەڕ/ ٢٠١٧، سلێمانێ

٧/ کوردستان و سەرکردە و دەسەڵات و شۆڕشەکانی

نەجم سەنگاوی ٢٠١٤

٨/ زلھێزەکان لە جەنگی جیھانی یەکەم تا کۆتایی جەنگی سارد/ سامان حسێن، ٢٠١٢، ھەولێر.

٩/کوردستان لە نێوان ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، کامەران محمد ئەمین/٢٠٠٠، سلێمانی

١٠/ مەسەلەی کوردستان لە نێوان تورک و ئینگلیزدا، سەلام ناوخۆش/ ٢٠١٠، ھەولێر

١١/کورد و عەجەم، نەوشێروان مستەفا ئەمین/٢٠٠٧، سلێمانی

١٢/ وریابوونەوەی کورد، جەرجیس فەتحوڵا، و. حەسەن جاف/ ٢٠٠٩، دهۆک

١٣/ گەڕان بەدوای مرواری، د. نەجاتی عەبدوڵڵا/٢٠٢٢،ھەولێر.

١٤/ بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا و دابڕینی موسڵ، دارت بروکس رسلی دووەم،و. شەفیقی حاجی خدر، ٢٠٢٣، ھەولێر.

١٥/ پەیماننامەی لۆزان، گەلەكۆمەكییەك بوو لەكورد كرا، دیمانە، ئامادەکردنی: زاهیر سدیق، ناوەندی چاپەنی وڕاگەیاندنی خاک تی ڤی.

١٦/ ویلایەتی موسڵ، لکاندنی باشووری کوردستان بە عێراقەوە، ڕزگار حاجی حەمید، وتار، پێگەی ئەلیکتڕۆنی چاودێر، ٢٠٢١.

About دیدار عثمان

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …