Home / بەشی مێژووی كورد / بەبۆنەی یادی راپەڕینەوە بۆیەکەمجار نامەیەکی عومەر فەتاح بۆ نەوشیروان مستەفا بڵاودەبێتەوە

بەبۆنەی یادی راپەڕینەوە بۆیەکەمجار نامەیەکی عومەر فەتاح بۆ نەوشیروان مستەفا بڵاودەبێتەوە

بەبۆنەی یادی راپەڕینەوە بۆیەکەمجار نامەیەکی عومەر فەتاح بۆ نەوشیروان مستەفا بڵاودەبێتەوە

54109532018_mille01010

میللەت

بەبۆنەی تێپەڕینی ٢٧ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی مەزنیی کوردستاندا، کوردستانی نوێ نامەیەکی عومەر فەتاح بۆیەکەمجار بڵاو دەکاتەوە، کە پێش دەستپێکردنی ڕاپەڕین بۆ نەوشیروان مستەفای ناردووە، کوردستانی نوێ نووسیویەتی: “لە ساڵانی رابردووداو لە یادكردنەوەی راپەڕیندا زۆرێك لەو بەڵگەنامەو دیكۆمێنتانە بڵاوكراونەتەوە كە گەواهیی ئەوەیان داوە یەكێتیی رۆڵی پێشڕەویی هەبووە لەو راپەڕینەدا، چ لەڕووی بیرۆكەو چ لەڕووی ئامادەكاریی لەسەر ئاستەكانی رێكخستن ‌و پێشمەرگەیی ‌و راگەیاندن‌و هاوئاهەنگی. بەڵام یەكێك لەو بەڵگەنامانەی لەم كتێبەدا بڵاوكراوەتەوە، نامەیەكی پێش راپەڕینە كە لەلایەن هەڤاڵ عومەر فەتاح-ەوە ئاراستەی خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا ئەمین كراوە‌و لێرەدا كوردستانی نوێ بەپێویستی زانی وەك خۆی بڵاوی بكاتەوە.”

ئەمەش دەقی نامەكەیە:

برای بەڕێزو خۆشەویستم كاك نەوشیروان
سڵاوێكی گەرم
هیوام خۆشی ‌و سەركەوتنتانە
كاكە گیان..
ئێمە لێرە ئیشەكانی خۆمان تەواوكردووە، هەموو ئامادەین، چاوەڕوانی ئەمری بەڕێزتانین، پێش ئەم تەوزیعە تازەیەش لەگەڵ بەتالیۆنی دوو كۆبوونەوەمان كردبو، هەموو كارەكانمان تەوزیع كردبو بەسەر ناوچەكاندا ‌و چەند رۆژێك لەلایان بووم، رێگاو شوێن ‌و ئازوقەو هەموو پێویستیەكانیمان باس كردو ئامادەكرابوون و كە كاك فەرەیدون هات پێم باش بوو لەگەڵ ئەم برادەرانەی گەرمیان بمێنمەوە لە مرحلەی یەكەمدا لەبەر ئەهمیەتی ناوچەكە.
-هێزەكەی ئێمە ئێستا لێرە 310 كەسن دیارە هەر لەم بەتالیۆنە تیپی 11 ‌و هەموو ئەوانەی خەڵكی هەڵەبجەو هەورامان ‌و شارەزور چون بۆ ئەوێ كە 115 پ. م بوون.
-لێرە برادەرەكان ‌و كادرەكان ‌و پێشمەرگەش بە پێ ی ناوچەكەو شارەزاییان دابەش كراون.
مەسئولەكان: كاك محمود سەنگاوی بۆ دەربەندیخان ‌و كاك كوردۆ بۆ پێباز ‌و كاك عەدنان بۆ كەلار، شێخ محمد بۆ صمود، كاك عادل بۆ كوڵەجۆی زەنگاباد‌و كاك عوسمانی حاجی مەحمود بۆ دوز ‌و مامۆستا عەلی بۆ كفری.
-لێرە لەگەڵ شێخ جعفر هەوڵماندا شوێنی بنكەیەك لەتەپەڕەش بكەینەوە، خۆمان لێرە لەگەڵ قرارگاە چوینە كرماشان، ئێستا بڕیاریانداوە بۆ ئەم فترەیە كاك عەدنان لەوێ ئەبێت، هەم بۆ ئەوەی پەیوەندی بە خوارەوە بكات‌و چیمان هەیە بیگەیەنێ ‌و هەرچی لەوێ وە هات پێمان بگات ‌و هەم بۆ رێگەی چونیشمان باشە.
-كاك عوسمانی حاجی مەحمود چاوەڕێ تەواوبونی وەرەقەیە كە بەتەماین سبەینێ دەرچێت ئەچیێتە خوارەوە بۆئەوەی هەندێ كارئاسانی بكات.
-تا ئێستا بۆ ئێرە كەسی تر نەهاتووە، لەسەرەتاوە برادەرانی پارتی لەپاوە كاك فەرەیدون جوانڕۆیی ‌وە لەمەریوان كاك عوسمانی قادر منەوەر هاتن ‌و قسەمان لەگەڵ كردن. لەوە ئەچێ هەر لە مەریوان هەندێ خەڵكیان كۆكردۆتەوە، لێرە ئاگاداریان كردین كە كەسیان لێرەوە ناچێت. وە ئەوەی هەیانە لە مەریوانەوە ئەڕوات ‌و حركەو لایەنەكانی تر كەسیان نەهاتوون بۆلامان.
برادەرانی سۆسیالیست دیارە بەشداری ناكەن ‌و مام عەبدولخالق هەر ئەپرسێت ‌و ئەڵێ هەق وایە بەرە شتێك بكات، بەڵام دیارە رأی سەرەوەیان چاوەڕوان ئەكەن.
-من تەندورستیم زۆرباشە و هیچ غەمت نەبێت، هەرچی پێم بسپێری بەوپەڕی تواناوە جێ بەجێ ئەكەم ‌و من ژیان بەم چەند رۆژەی داهاتوو ئەزانم كە ئەگەر بكری، شتێك بۆ ئەو خەڵكە لێ قەوماوە بكەین.
شێخ جەعفەر و برادەران هەموو سڵاویان هەیە ‌و خۆمان ‌و پێشمەرگەكان هەموو ئامادەین ‌و هەموو خەڵك ورەی زۆر باشە
دووبارە سڵاوو رێزمان هەیە و هەربژین

براتان عومەر فەتاح

About زريان احمد

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …