Home / بەشی مێژووی كورد / ڕۆڵی کورد لە پەیماننامەی سیڤەر

ڕۆڵی کورد لە پەیماننامەی سیڤەر

شەونم عەزیزناوخۆش

بە گشتی مێژووی کورد بەدوو جۆر نووسراوە، یان ئەوەی کورد بەتەواوی دەکاتە قوربانی یان تاوانبار. دیارە هیچ کامیان بەتەواوی راست نیە. پەیماننامەی سیڤەر، یەکێکە لەو رووداوە سیاسییانەی کە پشکی شێری بەرکەوتوە لە سەقەتگەرایی مێژوونووسینی کوردی. سیڤەر تەنها تایبەت نیە بەکوردەوە، ئەمە راستییەکە گرنگە بوترێت. رەنگە یەکەم رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بێت کە ئاماژە بەکورد و نیشتمانی کوردەکان بکات بەشێوەیەکی پەرت، بەڵام لەهەمانکاتدا بەشێکە لە پرۆسەیەکی گەورەو دوورو درێژ لەپەیوەندی ئەوروپا.
پەیماننامەی سیڤەر هەلێکی لە دەست چوو بۆ کورد بزانین
پەیماننامەی سیڤەر چییە؟ کاریگەری لەسەر کوردەوە چییە..!؟
پەیماننامەیەکی ئاشتیە لە نێوان کۆمەڵیک وڵاتان بەستراوە لە 10ی 8ی 1920 لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانی لەو کاتەی کە براوەکانی جەنگ زەوی دۆڕاوەکانی جەنگیان دابەش دەکرد، کە هەریەکە لە (عوسمانی و ئەڵمانیا و نەمساو و هەنگاریا) بوون. کورد، وەکوو نەتەوەیەکی ژێردەستی عوسمانی نوێنەری خۆی ناردە کۆنفرانسی ئاشتی لە شاری “سیڤەر” بە هیوای ئەوەی کە وەکوو نەتەوەکانی تری ژێردەستی عوسمانی، ئەمانیش دەوڵەتێکی سەربەخۆیان پێبدرێت لەلایەن براوەکانی جەنگەوە. نوێنەری کورد ژەنەڕاڵ (شەریف پاشا) بوو، توانی مافەکانی کورد جێ بکاتەوە لە بەندەکانی (٦٢ و ٦٣ و ٦٤) لە (پەیماننامەی سیڤەر)، کە ئەمەش لە کۆی ٤٣٣ بەند لە ڕێککەوتنامەی سیڤەر (١٩٢٠) تەنها ٣ بەندی تایبەت بوو بە کورد و کوردستان. کە ئەمەش دەقی بەندەکانە:-
ماددەی (62)
لیژنەیەك لە سێ‌ ئەندام پێك دێت كە لە (3) كەسایەتی (بەریتانی و فەڕەنسی و ئیتاڵیا) كە حكومەتی ئەو سێ‌ دەوڵەتە دیاری دەكەن، مەڵبەندی لیژنەكەش شاری (ئەستەنبوڵ) دەبێت، ئەم لیژنەیەش پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا یاسایەک بەرنامەیەکی خۆبەڕێوەبەری ناوخۆیی بۆ زۆرینەی کوردەکان لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی فوڕات، باشوری سنورەکانی ئەرمینیا کە ئەمەش لەوەیە لەمەولا دیاری بکرێت، وە باکوری سنوری تورکیا لەگەڵ سوریا و میسۆپۆتامیا عێراق ، وەک لە بەشی دووەم، بەندی 27 بڕگەکانی 2 و 3 پێناسە کراوە، ئەگەر نەتوانرێ بە گشتی پارێزگاری لەسەر پرسێک بکرێت، ئەوا پەسەند دەکرێت لەلایەن ئەندامانی لیژنەکە بە پلەبەندی حوکمەتەکان، پێویستە بەرنامەیەک دابنرێت تیایدا بەتەواوی پارێزگاری لە (کلد و ئاشوری) و نەتەوە و ئاینەکانی تر بکات لەو ناوچەیە، وە لەگەڵ ئەم ئامانجانەشا لیژنەیەکی تێکەڵ کە پێویستە (بەڕیتانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، ئێران، کوردەکان) نوێنەری خۆیان هەبێت و سەردانی شوێنەکان بکەن بۆ پشکنین و بڕیار بدەن چی چارەسەر بکرێت، لەکاتی ڕاستکردنەوەی سنور ئەبێ لە سنوری تورکیادا بێت لە ژێر ڕۆشنایی ئەم پەیماننامە بێت ئەو سنورەش لەگەڵ ئێراندا یەکبگرێتەوە.
ماددەی (63)
دەوڵەتی عوسمانی پەیمان دەدات بەپێی بڕیارەكانی لیژنەی ناوبراو كە لە بەندی (63)دا هاتووە دوو لیژنە ئامادەبكات و لە ماوەی (3) مانگدا دوای دەرچوونی ئەم بڕیارانە بڕیاری پێویست جێبەجێ‌ بكات.
بەندی 64/ لە ماوەی یەک ساڵدا لە کاتی چونە بواری جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتنامەیە ئەوا کوردەکانی ئەو ناوچانەی کە لە بەندی 62 ئاماژەی پێکراوە ویستی خۆیان دەردەبڕن لە بەردەم (ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان) بەشێوەیەک کە پیشانی بەن زۆرینەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە ویستی ئەوەیان هەبێت کە سەربەخۆبن
لە تورکیا، لە پاشاندا ئەنجومەنکە ڕەچاوی ئەوەدەکات کە ئەو خەڵکە توانای ئە جۆرە سەربەخۆییەیان هەیە، ڕاسپاردەی ئەوە دەکات کە سەربەخۆییان دابینبکرێت، تورکیا ڕازی دەبێت بە جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکە و وە دەستبەرداری هەموو ماف و ناونیشانەکانی خۆی دەبێت لەو ناوچانەدا.
وردەکاری ئەو دەستبەرداربونەش بە ڕێکەوتنێکی جیا ئەکرێت لە نیوان تورکیا و هاوپەیماناندا.
ئەگەر کاتێک ئەم دەستبەرداربونە ڕوبدات نابێ هاوپەیمانان ناڕەزایەتی دەرببڕن بۆ ئەو کوردانەی کە خۆبەخشانە ئەچنە ناو دەوڵەتە سەربەخۆ کوردیەکەوە لەم جۆرەش ئەو کوردانەی کە دانیشتوی ئەو بەشەی کوردستانن ئەوەیکە تا ئێستا لە ژێر ویلایەتی موسڵدا بووە.
کورد لە سیڤەر وەک نەتەوەیەکی کۆمەڵایەتیی-سیاسیی ناسێندرا، هێشتا نەگەشتبوو بە مافی چارەی خۆنووسین و دانپێدانانێکی یاسایی بەدەستنەهێنابوو، تورکە فاشیستەکان هەوڵەکانیان دەست پێکرد.
عیسمەت ئینۆنۆ، کە سەرۆکایەتی شاندی نوێنەرایەتی تورکیای بوو لە پەیماننامەی لۆزان، بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیڤەر، هەموو ڕێگایەکیان گرتەبەر. لە کۆبوونەوەکەدا شاندی وڵاتانی ئەورووپا لە پەیماننامەکە پرسیاری ئارەزووی کوردییان کرد بۆ ئەم حکومەتە نوێیەی تورکیا، ئەویش لە وەڵامدا باسی پێکەوەژیان و دۆستایەتی و برایەتی نێوان کورد و تورکی کرد گەڕایەوە تورکیا و داوای لە ئەتاتوورک کرد، دەمودەست کەسێک ئامادە بکەن بۆ ئەوەی وەک نوێنەرایەتی کورد بیناسێنین و ڕەزامەندی کوردەکان بۆ مانەوەیان لەژێر قەڵەمڕەوی تورکەکان دەربڕێت.
ئەو کەسەش (حەسەن خەیری بوو) ئەو کوردەی خیانەتی لە گەلەکەی کرد و کەوتە ژێر باری داوایەکی تەڵەکەبازانەی مستەفا کەمال ئەتاتورک، بۆ نوێنەرایەتیکردنی گەلی کورد لە پەیماننامەی لۆزان، چونکە ئەورووپییەکان ئامادە نەبوون بەبێ ڕەزامەندی کورد، پەیماننامەکە واژۆ بکەن، بۆیە حەسەن خەیری، ئەوکات نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتمانی تورکیا بوو، لە سەر داوای ئەتاتورک، نامەیەک ئاڕاستەی دیوانی بەڕێوەبەرایەتی لۆزان دەکات و ڕەزامەندی گەلی کوردیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیای نوێ نیشان دەدات.
سەرئەنجام ٢٤ــی تەمووزی ١٩٢٣ دا لە شاری (لۆزان)ـی سویسرا پەیمانێكی تر لەنێوان دەوڵەتانی (بەریتانیا و فەڕەنسا و ژاپۆن و یۆنان و ڕۆمانیا و سڕبیا و كرواتیا و سلوانیا و توركیا) بۆ ناسینی دەوڵەتی نوێی توركیا و پێداچوونەوە بە پەیمانی سیڤەردا كرا، توركیا لەبەرئەوەی پەیماننامەی سیڤەری بە زۆر واژۆ كردبوو لەبەر دۆڕانی لە جەنگدا، بۆیە دەیویست حكومەتی نوێ بە چاوێكی دیكەوە سەیربكرێت. پەیماننامەی لۆزان واژوو كرا و پەیماننامەی

سیڤەر هەڵوەشایەوە، ئەمەش دابەشکردنێکی ترسناک و دڕندانەی تورک بوو بەرامبەر کورد و ئاوارەکردنێتی بە سەر چەندین دەوڵەتدا، کە بە زەبروزەنگ ولەگەڵ کورد دەجووڵێنەوە
پەیمانی سیڤەر بۆ ئێمە وەک کورد گرنگە بە بایەخێکی گەورەوە سەیر دەکرێت پەیوەندی نێوان کورد و سیڤەر، وەک ئەوە وایە، ئەم پەیمانە بەبێ دانانی هیچ ئەگەر و کۆسپێک، مافی دروستکردنی دەوڵەتی لەسەر سینییەکی ئاڵتونی پێشکەش بە کورد کردبێت .لە یادەوەری مێژووی کوردا بە بەشی هەرە گەورەی ئەکادیمی و سیاسییەکانیشمانەوە، سیڤەر شوێنێکی گرنگ و پڕ بایەخی داگیرکردووە. چونکە مافی نەتەوەیی بۆ ئێمە وەک کورد سەلماندووە، بەڵام مستەفا کەمال بە ناوی بزووتنەوەی سەربەخۆیی تورکیا، جوڵانەوەیەک بە هاوکاری کورد، بەرپای کردبوو. سەرەنجام دەوڵەتی تورکیای نوێی دامەزراند، بناغە تیۆرییەکانی ناسیۆنالیزمی تورکی داڕشت، پاداشتی هاوکاری کوردیش بریتیبوو لە جینۆساید، قڕکردن و نکوڵی لە ناسنامەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوری. کورد لە ڕۆژگارێکدا،
کە دونیا بەشێک لە مافەکانی لە پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتیدا بۆ سەلماندووە، لەبری گەڕانەوە بۆ خۆی و کارکردن لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ چەسپاندنی ئەو مافە یاسایی و سیاسییانە، بە هەموو هێزی خۆیەوە دەبێتە بەشێک لە بزووتنەوەی کەمالی و سەرخستنی پرۆژەی ناسیۆنالیزمی پەلاماردەری تورکی کە دوژمنی سەر سەختی کوردە.
چەند تێروانینێکی نوسران سەبارەت بە سیڤەر لەوانە کەمال مەزهەر دەبێتە دەفرێک، بەڵام ئەم دەفرە پڕ درزی گەورە و بە ئاسانی ورد و خاش دەبێت
ولیام ئیگلتن دەڵێت: “پەیمانی سیڤەر هیچ نەبوو، جگە لە چەند پیتێکی مردوو، چونکە ئەو کاتەی سیڤەر واژۆکرا، مێژوو لەلایەن مستەفا کەمالەوە بەشێوەیەکی دیکە دەنووسرایەوە”.
دیپلۆماتکاری ئەمریکی (جۆرج کینن)یش لەبارەی پەیمانەکانی ئاشتی ئەو ڕۆژگارەوە گووتوویەتی: “ئەو پەیماننامانەدا، تراژیدیاکانی داهاتوو بە دەستی شەیتان دەنووسرانەوە”. کە مەبەستی لە کەمال ئەتاتورکە هەر بە ڕاستیش وابوو، بەشێکی گرنگ لە تراژیدیاکانی کورد دواتر لە لۆزاندا، بە دەستی شەیتان و لە سەرووی هەموویانەوە، مستەفا کەمال، نووسرانەوە.
سیڤەر تەنیا مافی بۆ کورد نەسەلماندووە، بەڵکو، کورد دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی خۆناسین و بەردەم پرسیار لە ناسنامە و بوونی خۆی تاقیکردنەوەی پێشاندانی توانای سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبردن، کە بە بڕوای من، سەرەنجام کورد لە هیچ یەکێک لەو تاقیکردنەوانە بە سەرکەوتوویی دەرنەچوو
ئێستا با بزانین کورد بۆ لە دوای سەلماندنی بەشێک لە مافەکانی لە سیڤەردا، بە ئێستاشەوە نەیتوانیوە پرسیار لە بوونی خۆی بکات. بۆچی ناتوانێت بەشێوەیەکی زانستی و بابەتی ئاوڕ لە ڕابردووی خۆی بداتەوە، هۆکار چییە نایەوێ لە خۆی تێبگات، خۆی بناسێت و ڕابردووی لەپێناوی خزمەت بە پرسە ئینسانی و نەتەوەییەکەی لە ئێستادا، شرۆڤە بکات، بۆ لە ناسینی خۆی و ڕابردووی خۆی ڕادەکات.
ئەگەر بەس تەماشای ئەو هەڵبژاردنەی ئەو ماوە کارا لە کەرکوک دوو کورسی مان لە دەست دا لەسەر یەکنەبوون و قبوول نەکردنی یەکتر ئەگەر ئێستا هەمووی بە یەک لیست بەشداری کردبا ٩ کۆرسی سەد لە سەد مسۆگەرە بوو.

سەرچاوەکان :
١.چەند لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی بزاڤی هاوچەرخی کورد
د.عوسمان علی -وەرگێران کامەران جەمال بابان زادە. بەرگی یەکەم- دووەم
٢.بزوتنەوەی سیاسی و رۆشنبیری کورد لە کۆتایی چەرخی نۆزدەهەمەوە تا ناوەراستی چەرخی بیست، نووسینی رەمزی قەزاز
٣.چەند لاپەرەیەك له مێژووی گەلی کورد
‎ن/ د. کەمال مەزهه ر
‎٤.جولانەوەی نەتەوەیی کورد بنەما و پەرەسەندنی له ئینگلیزییەوه
پروفیسور ی. د. ياسين سەرده شتیی
٥.کوردەکان ليكولينەوەیەکی مێژوویی و سیاسی
ن/حەسەن نەرفەع و سەردار محەمەد
٦.میژووی کورد و کوردستان هۆکارەکانی دروستنەبوونی دەولەتی کوردستان
ن/ حەمه گوپاله

About دیدار عثمان

Check Also

بارودۆخی کورد لە سەردەمی حزبی بەعسدا

ساکار خدر حمدامین/ قۆناغی چوار بەشی مێژوو-زانکۆی سۆران لە سەردەمی دەسەڵاتی حزبی بەعس لە عێراق، …