Home / بەشی مێژووی كورد / «پێشەکی» بۆ گوتاری «بەرکوتێکی خەرمانی کوردناسی لە ئەورووپا»

«پێشەکی» بۆ گوتاری «بەرکوتێکی خەرمانی کوردناسی لە ئەورووپا»

MM_Celizad_17

مسعود محمد

ژیان لە نووکیەوە کێشە و گرێ و گاڵ و تەنگوچەڵەمەیه. بەر لە ژیان، بوون و سروشت بە تێکڕایی، لە یەکتر خشان و بەیەکدا هاتن و تێکهەڵقژان و یەکتر خستن و کاری ئەوتۆییە… بە داخەوە.

لەم دەریا بێ سەروبن و پایانەی ئەرک و سەختی و دژایەتی و بینبڕکێ و دەستەویەخە بوونی ژیان و بووندا، بە پێی کەم و زۆری چەکی لەسەرەخۆ کردنەوە و هەڵمەت بردن، هەڵوەست زۆرتر وەیا کەمتر زەحمەتی تێدا دەبێ: کە بەرەنگاری دڕندەیێک بوویت و چەکی خۆپاراستن و ڕاو کردنت دەست و ددانەکانت بوون رەنگە خۆت ببیتە نێچیر، خۆ ئەگەر تیروکەمانێک وەیا شیر و ڕمێکت پێ بوو ئەوسا تەرازووی بەخت ڕوو لە گۆڕان دەکات، کە دەستت گەیشتە دەمانچە وەیا تفەنگ وەیا نارنجۆک ئیتر دەبیتە ڕاوکەری ڕاستەقینە.

گەلانیش، وەک تاکە مرۆڤەکان، لە هەنگامەی بەیەکەوە ژیان و خۆ سەپاندن و مامڵەتی ژین و ژیاردا خۆیان لەم هەڵوەستە پڕ ترس و لەرزەی «خوران و ڕەسین» دەبیننەوە. هەرچەند شتێکی بەرچاوە کەوا پێ بە پێی تێهەڵکشانی ئادەمی لە پلەی شارستانەتی و زۆر بوونی پەیوەندی و پەرەسەندنی ڕۆشنبیریی و داهاتنی مەیدانی تازە بە تازەی هاریکاریی – بە کورتیی لەگەڵ پێشکەوتنی تێکڕایی ئادەمییدا، باری تێکگەیشتن و ڕێککەوتن و گونجانی بەرژەوەند و تەبایی گشتیی وردە وردە پتر خۆ دێنێتە بەر هەستی هەستیار و سەر پەڕەی داستانی بوون و ژین، بەڵام هێشتان گەلێکی بە بەرەوە ماوە تا ئەو کاتەی پێویست نامێنێ بە ئەندێشەی خۆپاراستن و لەسەرخۆ کردنەوە. بە نیسبەت منەوە کە تاکێکی کوردم و وتووێژم لەگەڵ ئەوە، چەندی بە قسەکانم ڕێی ئامادە بوونی کورد خۆش کەم بۆ بەهێز بوون و پەیدا کردنی چەکی لەسەرخۆ کردنەوه، ناگەم بە سنووری توهمە و تاوانی ستەمخوازیی و دەستدرێژیی چونکە گەلی کورد لە بارێکدا نییە چاوەنواڕی ستەم و دەستدرێژیی لێ بکرێت، هەتا پەل بکوتێ و تێڵا بوەشێنێ دەست و کوتەکی لە سنووری ماڵە کاولەکەی خۆی تێپەڕ ناکات. کەسێک بکەوێتە بەر کوتەکی کورد دیارە بە پێی خۆی هاتۆتە بەر ئەو کوتەکە و هەر خۆی دەستدرێژی کردووه لە سنوور و ماڵ و ژیانی کورد.

بێگومان گەلی بێدەسەڵات پتر حەز بە خۆشی و برایەتیی و داد و ئاسایش و هێمنی دەکات، چونکە هەر لەو مەیدانەدا ئومێدێکی بە سوود و بەختیاری هەیە…‌ ئەگەر ڕێم هەبێ  لێم بە عەیب نەگیرێ دەڵێم هەموو ئەو گیانلەبەرانەی گۆشتیان دەخورێ ئامادەن مەزبەتەی حەرام کردنی کوشتن و بڕین و گۆشت خواردن مۆر بکەن، مەرج ئەوەیە شێر و پڵینگ و گورگ ئیقناع بن و گۆشت حەرام کردن بسەلمێنن. گیانلەبەری بێدەسەڵاتی گۆشتنەخۆری گۆشتخوراو هەر بە جارێ قڕانی دێت کە هات و لە خۆی غافڵ بوو و کەمتەرخەمی کرد لە خۆ بەهێز کردن.

گەلی کورد، وەک گەلێکی نموونەیی لە بەرەنگار بوونی هەڕەشەی سەخت بە دەسەڵاتی کەمەوە، خۆی لە بارێکدا دەبینێ ئەویش بارێکی نموونەییە لە پێویست بوونی پارسەنگ کردنی لایەنی کەم و کوڕی و بێهێزیی، بەو چەکانەی کە دەستی پێیان دەگا و پێیان بەهێز دەبێ و دەسەڵاتی لەسەرخۆ کردنەوەی فراژوو دەبێ. بێگومان لە هەموو چەکان نێزیکەدەستتر و لەگەڵ نێزیکەدەستییدا یەکجاریش کاریگەر، چەکی زانست و ڕۆشنبیرییە بە تایبەتی ئەو زانست و ڕۆشنبیرییانە کە وا پەکیان لەسەر «مختبر و تطبیقات» نەکەوتووە بە خۆیان و ئەرک و مەسرەفی قورسیانەوە کە وا ڕەنگه بە کورد هەڵنەستێ. هەر ئەم لایەنەی زەحمەت و ئەرکی «مختبر و تطبیقات» ـە هۆی کەم بوونی پسپۆڕی کورد لەو زانستانەی بەندن بە دامودەزگای تاقی کردنەوە و بەکارهێنانی «مختبر» و کەرستەی گرانبەها… کوردێک بیەوێ لەو زانستانە ببێتە پسپۆڕ دەبێ خۆی لە گۆشەیێکی یەکێک لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان قایم بکا و دەست بگرێ بە دامەنی دەسەڵات و دارایی ئەو وڵاتەوە بۆ بەردەوام بوونی لەسەر ڕەوتی پڕ ئەرک و خەرجی زانستی «تطبیقی».

تا ئێستا شەقامێکی بەرفرەوان لەبەر پێ و هەنگاوی کورددا هەبێت کە گەشتی ڕۆشنبیرانەی تێدا بکا شەقامی زانستیی ‌«‌نظری‌»یە بە تایبەتی بابەتی ئەدەب و زمان. داهاتی ڕۆشنبیرانی کورد لە مێژوو و جوغرافیای کورد و کوردستان، تا ئێستا، لەچاو خەرمانی ئەدەب و زمانی کوردی وەک ‌«‌بەرکوت‌» وایە. دیارە مێژوو و جوغرافیا، هەرچەند زانستی ‌«‌تطبیقی‌»ش نین بەڵام هێندەی ئەدەب و زمان نێزیکە دەست نین. کەرستەی لێدوان و لەسەر نووسین و تۆژینەوەی ئەدەب و زمان لەبەر دەستی هەموو ڕۆشنبیرێک و نووسەرێک دایە، خۆ ئەوەی ڕاستی بێ بە نیسبەت ئەدەبەوە نووسەر بۆ خۆی دەتوانێ تێیدا ببێتە سەرچاوە، لەو ڕوەوە کە کاتێک خۆی گەیاندە پایەی ‌«‌نووسەریی وەیا بوێژیی‌» نووسین و هەڵبەستەکانی دەبنە بابەتی لێکۆڵینەوە بۆ غەیری خۆی. وا هەیە نووسەر وەیا بوێژ بەهۆی بەکارهێنانی شێوازێکی ڕەمزی هێمایی پڕ لە ڕستە و وشە و تەعبیری سەیر و قەت کەس نەبیستوو و کەس تێنەگەیشتوو، بۆتە سەرە باسی ڕۆژانەی نووسەران لە گۆڤار و ڕۆژنامە و نامێلکە و کتێباندا.

باری زمانیش تا ڕادەیێک وەک باری ئەدەب وایە: کەرستەکەی هەمیشە لەبەردەماندایە، بە کوردی با بڵێین ئاوی بیری زمان ‌«‌دەست هەڵێنجە» و پێویستی بەوە نییە شریت و دەولکەی بۆ بەکار بێت، چونکە خەریک بوونی مرۆڤ بە زمانەوە خەریک بوونە بە جوزئێک لە زاتی خۆی، بەو مانایە کە زمان و وتووێژی مادەرزاد بەشێکی بنجییە لە سروشتی مرۆڤ.

کە بمانەوێ دەتوانین لیستەیێکی ئەو زانستانەی ‌«‌نظری‌» بگرین کە لە جغزی دەسەڵاتی پێوە خەریک بوونی کورددا هەیە و هەمووشیان لە نزیکەوە خزمەتی ڕاستەوخۆی کورد بکەن. بەڵام لێرەدا ڕێی دوور کورت دەکەمەوە و دەلکێم بە هۆی نووسینی ئەم پێشەکییەوە کە ناوەڕۆکی سێ وتاری ناو ئەم کتێبەن. بابەتی وتارەکان، هەرچەند زوربەی ئەو بابەتە نووسینی بێگانانە لەسەر کورد، بەقەدەر هەر بابەتێکی پاتەوپاتی کوردایەتی لەگەڵ بەرژەوەندی کورد خەریکە و پێکهێنەری سوودە بۆ کورد. پێ بە پێی نووسینم لە ڕووپەڕەکانی لێرە بە دواوەدا مەبەسم ڕوون دەبێتەوە. بەدەم ڕوون بوونەوەی مەبەسیشەوە بیر و باوەڕێکم، کە لە ناوەڕۆکی گوتارەکانەوە هەڵدەقوڵێ، ئەویش دەخەمە بەر چاوی خوێنەر.

من لە گۆشەی نیگای سوودی میللەتی کوردەوە سەیری ئەم نووسینانە و زانستانە دەکەم ئنجا بە تەرازووی ڕاستیی و بێفێڵیی هەڵیاندەکێشم. بێگومان هەموو زانستێک و ڕۆشنبیریێک بایەخی خۆی هەیە، بەڵام بۆ میللەتێکی پارچە کراوی ماف خوراوی وەک میللەتی کورد ئەو نووسینانە و زانستانە و ڕاستییانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە کوردەوە هەیە و دەوروبەری تاریک و نەزانراوی ڕۆشن دەکەنەوە و چەکێکی لەسەرخۆ کردنەوە دەدەنە دەستی یەکجار بەکەڵکتر و پێویستترن لە زانست و ڕاستیێکی سادە و دوورەپەرێز لە سوودی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و ئابووری… وەیا هەر لایەنێکی ژین و ژیار بێ. تا بڵێی حەز دەکەم بزانم لە زوهرەدا ژیان هەیە یان نییە، کەی گیانلەبەر باڵی گرت، چۆن بوو بە دوو کەرتی لەیەکتر جودای ئاژەڵ و ڕوەک، ناوەڕۆکی ئاتۆم چ هەرا و سەدای تێدایە، مێروولە چۆن ڕێگەدەر دەکا بۆ سەر خواردەمەنی، با هەر لەوە گەڕێم کە چەند تێنووم بۆ زانینی نهێنیە زلەکانی ئەم جیهانە کە زانا و فەیلەسووفە گەورەکان تێیدا سەرسامن.

لەگەڵ ئەمەشدا هەموو ئەم پرسیارانە و وەرامەکانیان هێندەی ئەم تاکە پرسیارە و وەرامەکەی دڵم نابزوێنن. ئایا کەی بۆ یەکەم جار لە مێژوودا وشەی «‌کوردستان» کەوتە سەر زاران. زانینی وەرامی پرسیارەکانی پێشووتر بۆ کورد و غەیری کورد یەک بابەتە و هەمان نرخ و بایەخی هەیە، بەڵام دۆزینەوەی سەرەتای داهاتنی زاراوەی «‌کوردستان‌» پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ژین و بوون و چارەنووسی کوردا هەیە سەرەڕای ئەوە کە ئەویش وەک هەموو بابەتێکی تر خۆی لە خۆیدا داهاتێکی ڕۆشنبیری و زانستە.

هەرچەند ڕۆشنبیران و زانایان و ئەدیبانی کورد لە بارێکدا نین بتوانن ئامانج بۆ هەر یەکێک لە خۆیان دانێن تاکوو بە پێی پێویستی و گرینگی بابەتەکان تین و توانی مێشک و خامەیان ئاڕاستە بکەن و لە «‌گرینگتر‌»ەوە بۆ ‌«‌گرینگ‌» هەنگاو هەڵێنن. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، کە لە خۆوە و بێ پلان دانان و نەخشە کێشان ئەم مەبەستەی دەست پێکردن بە ‌«‌گرینگتر‌» لە بەرهەمێکی ڕۆشنبیرییدا هاتە دی، ڕێکەوتێکی خۆش و پیرۆزی تێدا ڕەچاو دەکەین کە وا هێندەی ‌«‌بەرهەمی بە پێی پلان‌» سوود و بایەخی هەیە. چ فەرقێک نییە لەوەدا نێچیر بە ڕێکەوت بکەوتە دەستت یاخود تەڵەت بۆ دانابێتەوە و هەرگیز نێچیری ‌«‌ڕێکەوت‌» لە بازاڕی نرخدا کەمتر نییە و نەبووە لە نێچیری بەر تەڵە کەوتوو.

بابەتی ئەم کۆمەڵە وتارە کە لێرەدا کۆڕی زانیاری کورد لە شێوەی کتێبدا دەیخاتە بەرچاوی خوێنەرانەوە، بێگومان، یەکێکە لەو بابەتە ڕۆشنبیرییەی کە پەیوەندی هەیە لەگەڵ سوودی ڕاستەوخۆ و پاتەوپاتی گەلی کورد. لە یەکەم وشەی یەکەم وتاریەوە تا دوا وشەی وتاری کۆتایی، وتووێژ و لێکۆڵینەوە و دوان و ڕەخنەگرتنی لە ڕاستە شەقامی ماف و بەرژەوەندی کوردەوە سەر هەڵدەدا.

بە پێی باوەڕی بێ لایەنگیری خۆم، سەرلەبەری نووسیەنەکانی ناو ئەم وتارانە لە ڕووی سوودی کوردایەتییەوە وەک ئەو تەرزە میوەیە وایە کە توێکڵ و دەنکی نەبێ و هەمووی هەر خۆراک بێ ئەگەر ناوناوەیێک یەکێک لە نووسەران خۆی تێدا خوێندبێتەوە زێدە شانازی کردن بە کوردایەتیی وای لی کردوە وەک دلێر و سوارچاکانی کۆنینە کە هەڵسوڕ و داسوڕی شاریان بە شیر و ڕم دەکرد لە مەیدانی موبارەزەدا، ئەویش خامە هەڵکێشێ لە ڕووی ناحەزانی کورد و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لێ بکا بۆ کورد. لەمەشدا سەیروسەمەرە نییە. دیارە ڕۆڵەی میللەتی زۆرلێکراو و مافخوراو بەهەستتر و گوێ قوتترە بۆ تیر و توانج.

خۆناسین یەکێکە لە کەرستە و چەکی بەرگری. دۆزینەوەی هێز و بێهێزی و چاکە و خراپە و کەم و زۆری و پلەی پێشکەوتن و دابڕان و هەموو سەروبەرێکی گەل، یارمەتی ئەو گەلە دەدا بۆ ئەوە بتوانێ هەڵوەستی ڕاست و بێ هەڵە و تەلەزگە بوەستێ لە کۆڕی ژین و بووندا. کوردی گوتەیێکی هەیە دەڵێ ‌«‌چەند دەخوا و چەند دەبەزێ‌» ئەم گوتەیە بۆ گەل پێویستترە لە تاک هەرچەند لە بنەڕەتدا پەندەکە بۆ تاک هەڵبەستراوە. کەم وا هەیە، یاخود ڕاستتر ئەوەیە بڵێین هەر مومکین نییە، مرۆڤ لە خۆوە بێ مامۆستا و ڕابەر وەیا بێ ڕەخنەگر و ناحەز بتوانێ لایەنی ڕاستەقینەی «‌پەسەند و ناپەسەند‌» لە خۆیدا هەست پی بکا و بە تەواوی، وەیا نیوەچڵی، بزانێ چەند دەخوا و چەند دەبەزێ. مرۆڤ زۆر بە ئاسانی و ئاسایی لە عاست خۆیدا بە سەهوو دەچێ هەم لە ڕووی ئەوەوە کە هەست کردنی بە لایەنی چاکەی خۆی چەند جاران لە پایەی ڕاستەقینە پتر دەبێ و بایەخی گەلێک زیاد بەو چاکەیە دەدا و هەم لە ڕووی ئەوەوە کە چاوی لە زوربەی خراپە و عەیب و کەم و کەسری خۆی هەڵدەنگوێ و نایان بینێ.

بە دوا ئەم ڕاستییەدا ڕاستیێکی تری وەک ئەو هەیە کە بەیەکەوە هەردوویان مەوزوعی «‌بەسەهو چوون‌» تەواو دەکەن. مرۆڤ چەند کوێرە لە عاست عەیبی خۆی هێندە زەڕڕەبینە لە عەیبی خەڵقدا، لەم خوەشدا دەگاتە ڕادەی ‌«‌بە عەیب گێڕانی شتی بێ عەیب‌». لە پەند و فۆلکلۆری میللەتان ئەم لە خۆ و لە خەڵق بەسەهو چوونە بارەها و جارەها ڕوون کراوەتەوە و چی من لێرەدا دەیڵێم دووبارە کردنەوەی تەجرەبەی لە خۆم بە پێشەوەیە.

لە کولانەی ئەم ڕاستییانەوە سەیرێکی ناوەڕۆکی ئەم کتێبە دەکەم و نرخی پێ دەدەم. لە ئاوێنەی بێگانەدا قەد و قەڵافەتی کورد دەبینم و بە چاوی ئەوان تێوەی ڕادەمێنم و هیچ وەتەنگ نایێم لەو ڕەخنە و پلار و توانجانەی بەسەهو چوون وەیا دەستدرێژییان تێدایە. چەندێکی لە کورد بە سەهو چووبن و بە قسە لێیان داشکاندبێ، ئەوەی لەسەر خەرمانی تێکرایی نووسینەکانیان دەمێنێتەوە سامانێکە بۆ کورد کە ئەگەر لەوانەوە نەبوایە هەرگیز کۆ نەدەکرایەوه.

لەگەڵ مندا بنواڕە لاپەڕه  43  قسە‌ شڕ و دڕەکانی دوکتۆر هێرتزفیلد بخوێنەوە(*)  هەرچەند حەزم دەکرد قسەی خۆشتر و بە ئینسافتری کردبا دەربارەی کورد، بەڵام کە ئەمەی نەکردوە لە لای خۆمەوە مەمنوونی هەموو کارەکەی ئەوم تەنانەت جنێوەکانیشی. بە ڕاستی پێویستە خاوەنماڵ شتومەکی مێوان نەکۆڵێتەوە، مێوانیش هەقی هەیە وەتەنگ بێ لە دەست تێوەردانی کەلوپەلەکەی بە تایبەتی گەر ئەو شتومەکە کەرستەی دیراسەی ئارکایۆلۆجی بێ. تۆ بڵێ ئەگەر لەو ساڵە پڕ ترس و لەرزەی 1914 دا پسپۆڕێکی کورد بۆ لێکۆڵینەوەی زمان و مێژووی ئەڵمان چووبایە باڤاریا و خاوەنماڵە ئەڵمانەکەی کاغەزەکانی لێ دڕاندبا وەیا نەقشی نووسینەکانی لێ سڕیبایەوە وەیا وردە ئامڕازی کاری ئارکایۆلۆجی لێ تێکەڵپێکەڵ کردبا دەبوا ئەو پسپۆڕە بە کام زمانی مەرحەبا و ڕەزامەندی باسی خانەخوێیەکەی کردبا؟ ئێمەی کوردی ئیمڕۆش بە چ چاوێک سەیری لەخۆبوردنی پسپۆڕه کوردەکە و نانکوێری ئەڵمانەکەمان کردبا؟

من لێرەدا قسە زیادەکانی هێرتزفیلد ناڕازێنمەوە، لە مێوانداری کوردەکەش دانالەنگێنم. من دەمەوێ بە چاوێکی واقیعبین سەیری خوێش و بێگانە و چاکە و خراپە بکەم. ئاخۆ ئەگەر ئەم ‌«‌هێرتزفیلد‌»ە بەر له ‌ 60 ساڵ نەچووبا ناوچەی «‌زەردی ئاو‌» و نووسراوەکانی دێی ‌«‌پەیکۆڵی‌» نەخوێندبایەوە کام ڕۆژهەڵاتی، با نەڵێم کام کورد، زەحمەتی وەهای بە خەرج دەدا بۆ پاراستنی ئەم نووسینانە؟ لەوانە بوو نەک هەر شتومەک، بەڵکو گیانیشی دەست تێوەردرابا ئەم دکتۆر هێرتزفیلدە!

خۆمان باشی دەزانین پیشەی تێکدان و شکاندنی شوێنەواری مێژوویی پیشەیێکی کۆنینەی کورد و هەموو مسڵمانانە بە فەخر و شانازییەوە. لەناوبردنی دروشمی «‌کافران‌» پتەو کردنی بیروباوەڕی موسڵمانەتیی بووە بە درێژایی زیاتر لە هەزار ساڵی ڕابردوو… تا ئێستاش لەناو خەڵقی دەشتودەر و بەشێکی زۆر لە دانیشتووی شارەکانمان بەو پەیکەر و نەقش و شوورە و وێرانگەی قەڵای کۆن دەڵێن ‌«‌گاوربار‌»، هەر لە گوێرەی ناوە ناحەزەکەشیان ڕەفتاریان لەگەڵدا دەکرێت.

لە نووسینی هەندێک لەو نووسەرە ئەوروپییانەی لێرەدا ناویان دێت زمانی کوردی بە لەهجەیێکی فارسی لە قەڵەم دراوە. بێگومان ئەم ڕایەیان ناڕاحەتمان دەکات، بەولای ناڕاحەت کردنی ئێمەشەوە، گەلێک لە ڕاستی دور دەکەوێتەوە. بەڵام دەبێ دوو تێبینی گرینگ بگرینە بەرچاو لەبارەی سەرجوملەی ئەم نووسینە غەڵەتانەوە.

یەکەم: نووسەرەکان چ مەبەستێکی ناپەسەندی دژایەتیی کورد و مێژوو و ڕاستییان نەبووە، بە ئارەزۆ و ئانقەستیش ئەو غەڵەتەیان نەکردووە. کە بیانزانیبا ڕایەکەیان هەڵەیە هەر نەبێ لەبەر خاتری خۆیان و ناو و شۆرەتی زانستییان لە هەڵە دوور دەکەوتەنەوە. دیارە بە پێی تێگەیشتنی خۆیان بۆ مەوزووعەکە ڕۆیشتوون و دووچاری هەڵە بوون.

دوەم: ئەوسا، کە ئەو نووسەرانە خەریکی تۆژینەوە بوون لە بارەی زمانی کوردییەوە و لە تۆژینەوەیاندا هەڵەیان دەکرد هێشتان تاکێک لە گەلی کورد پیتێکی نەنووسی بوو له ‌بارەی زمانی کوردی و ئەسڵ و ڕەچەڵەکیەوە. لەو دواییانەشدا کە زمانزانی کورد گەیشتنە پایەی تۆژینەوە و پشکنینەوەی فیلۆلۆجی و سوودێکی باشیان وەرگرت لە دیراسەی ئەو مامۆستایە بەهەڵە چوانەی ئەورووپا.

بەسەهو چوونی بێگانە لە عاست خزمایەتی زمانی کوردی و فارسی تا ئەو ڕادەیە کە کوردی بە لەهجەیێکی فارسی بزانێ ڕووداوێکی یەکجار ئاسایی و چاوەڕوان کراوە، چونکە لەیەکچوونی هەردوو زمان دیمەنێکی بەرچاوە و لە هەست پێکراو بەولاترە. کوردی لەهجەیێکی فارسی بێ وەیا فارسی شێوە کوردیێکی ڕەسمی و پێشکەوتووی کوردی بێ، وەک لەهجەی سولێمانی کە شێوە ئاخاوتنێکی پێشکەوتووی کوردییە، ڕواڵەتێکە ڕەشکەوپێشکە بە چاوی بینەر دەکا.

دۆزینەوەی ڕەسەن بوونی هەردوو زمانیش کارێکە پڕ ئەرک. ئەوەی ڕاستیی بێ تا ئێستاش لەو ڕوەوە دەمەتەقە لە میانی شارەزایانی زمان هەر بەردەوامە. بە نموونە سەیرێکی گوتاری مامۆستا تۆفیق وەهبی بکە کە لە بەشی دوەمی ژمارە دووی گۆڤاری کۆڕی زانیاری کورددا بڵاوکراوەتەوە لە ژێر ناونیشانی ‌«‌أصل الاکراد ولغتهم‌» لەم گوتارەدا وێنەیێکی دەستەویەخەبوونی ناوخۆیی زمانزان و مێژووناسان دەبینی لەسەر ساغ کردنەوەی کوردبوون و نەبوونی لەهجەی وڵاتێکی بەرفرەوانی باشووری ڕۆژاوای ئێرانی ئێستا‌کە.

ئەگەر لە بیر خۆمانی نەبەینەوە، تا ئەو دواییانە کە ڕاپەڕینی ڕۆشنبیری کورد چاوی خەڵقی کردەوە بۆ دیتنی ڕاستی لەو مەسەلانەی پەیوەندییان هەیە بە کوردایەتی و ماف و مێژوو و وڵات… و هەموو شتێکی کوردەوە، بەشێکی زۆر لەو کوردانەی بە ناو ساڵان کەوتبوون و فرچکیان بە ژێردەستی و خۆ بەکەم گرتن گرتبوو زمانی کوردییان بە لاوە زمانێکی دواکەوتوو بوو، تەنانەت حیسابی مەسرەفی ڕۆژانەیان بە فارسی دەنووسی. لە نووسینێکی ئایندەمدا دەخوێنیتەوە کە وا لە ساڵی 1205(1) ی کۆچیدا مەلای «ئیبنو ئادەم» ئەو کوردانە عەیبدار دەکا کە ڕەخنەیان لێ گرتبوو لەوەدا دیباچەی نامێلکەیێکی بە کوردی نووسیوە… حاجی قادر لە چەندین جێگە ئەو کەسانە دەشکێنێتەوە کە دژی نووسینی کوردین، بە تووڕەییەوە باسی یەکێک(2) دەکات کە ناڕازی بووە لەوە کاک ئەحمەدی شێخ دەرسی بە کوردی گوتۆتەوە. بێگومان ئەمە ئەنجامێکی ئاسایی ئەو بارەیە کە بۆ ماوەی هەزاران ساڵ کورد خۆی تێدا دیوە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دەبێ دان بەوەدا بنێین کە کورد لە عاست زمان و مێژووی خۆی ئەم هەڵوەستەی هەبێ و ئێمە عوزری بێنینەوە، ڕێی ئەوەمان نامێنی داوا لە بێگانە بکەین ببێتە پارێزەر ‌«‌محامی‌» بۆ کورد و کوردی. هەر هێندەمان ڕێی گلەیی بەسەر بێگانەوە هەیە کە وا بە ئانقەست دژایەتیمان بکا و چاو لەو ڕاستییانە بپۆشێ سوودی کوردی تێدایە. کە ئەمە دەڵێم یەک زەڕڕەش لە نرخی ئەو لەسەر کردنەوەیە کەم ناکەمەوە کە ڕۆڵەیێکی کورد بۆ میللەتەکەی بە گیانبازیی و سۆزەوە دەیکا و لەم مەیدانەدا قسەی ناحەزان وەیا بەسەهوچووان بە درۆ دەخاتەوە.

لەم تێبینیانەدا جارێکی تریش سوودی خۆ دیتنەوە لە ئاوێنەی باوەڕ و دڵ و دەروونی بێگانەدا لە بەرچاوان نوێ دەبێتەوە. هەروەک دەشێ ناڕێکی ئاوێنەکە بووبێتە هۆی ناڕێکی وێنە، دەشێ عەیبی خاوەن وێنەکە خۆی لە ئاوێنەدا دەر کەوتبێ و ئاوێنە چ سوچێکی نەبێ لە دزێو نواندنی وێنە.

من تا ئێستا لایەنی ‌«‌سلبی‌» و نەیاری ئەو نووسینانەم کردوە بە سەرچاوەی سوود و کەڵک بۆ میللەتی کورد، کە لە ڕاستیشدا هەرچەند ڕواڵەتی ‌«‌سلب‌» و نەیاریش بن سوودی بێ خەوشن. کە بێین و لایەنی ‌«‌موجب‌» و باری نووسینەکان بۆ کورد بخەینە بەر چاو، ئیتر پێی ناوێ من و یەکێکی تر واتای چاکەی لێ بدۆزێتەوە وەیا تەئویلی ئینسافکارانەی بۆ لێبداتەوە. زوربەی نووسینی ئەوروپییەکان لەگەڵ ڕاستی جووت دەڕۆن و شان بە شانی بەرژەوەندی کورد جموجۆڵیانە، لەوەشدا چ نیازێکی تایبەتی ‌«‌زاتی‌»یان مەبەس نەبووە ئەو مەبەسە نەبێ کە لە ڕاستیی لانەدەن ئەو ڕاستییەش لە خۆوە و بێ لایەنگیریی لەگەڵ سوودی کورددا ڕێک هاتبێت. کە بۆیان ڕوون بووبێتەوە زمانی کوردی کەرت و لەهجەی زمانێکی تر نییە و لەسەر ڕەگ و بنجی خۆی ڕواوە و بەولای سەربەخۆیی و ڕەسەنیشیەوە پڕە لە جوانی و ڕێکی و دەوڵەمەندی چ توهمەیێکی لایەنگیریی و مەبەسی شەخسیی مومکین نییە لەو ڕێکەوتە سەر هەڵدا.

بێگومان بەرەنگار بوونی دۆزینەوە و سەپاندنی ڕەسەنی و سەربەخۆیی زمانی کوردی ئەرکێکی یەکجار قورس دەخاتە سەر شانی ئەو نووسەرانە و زانایانەی ئەورووپا. ئەگەر چاومان لێڵایی دانەهاتبێ لە دیتنی ئەم وێنەیەمان لەناو نووسینی بێگانەدا، دەبێ وەک مرۆڤی مەردی ملکەچ بۆ حەق و ڕاستی، خێرا و ئازایانە ئەم ئەرکە لەسەر شانی ئەوان هەڵەنگێوین بۆ سەر شانی خۆمان یاخود هەر نەبێ ئێمەش شانی خۆمان بدەینە سەر بەشێکی ئەو ئەرکە. حەیفە، ئەگەر نەڵێم عەیبە، بێگانە بە مێژوو و زمانمانەوە خەریک بێت و خۆمان لە خۆمان غافڵ بین.

گەلانیش وەک تاکە مرۆڤ هەر لە تەمەنی منداڵی و هەرزەکارییدا نوستنی ناو کۆش و باوەشی خەڵقی لێ بە عەیب ناگیرێ و پارووی دەستی خێرەومەندانی پێ ڕەوایە، کە هەستی بە خۆی کرد و چەپ و ڕاستی خۆی زانی و گەیشتە پایەی رەخنە گرتن و لێڕازی بوون و بە ڕاست گێران و بە درۆ خستنەوە، زۆر لێی ناشیرنە چاو چڕکاتەوە لە دەست و خامەی بێگانە ئاخۆ کەی و چەند و چۆن و چی دەڵێ دەربارەی مێژوو و زمان و ئەدەب و هەموو شتێکی.

جگە لە لایەنی عەیب و بێ عەیبیشەوە لایەنێکی بەرژەوەندی ‌«‌مادی‌» هەیە لەوەدا کە کورد خۆی خەریکی خۆی بێت، چونکە بە ڕاستیی زانای بێگانە هەرگیز ناتوانێ وەک کورد لەو شتانەی کورد بگات کە پەیوەندییان بە زمان و ئەدەب و هونەر و بیر و باوەڕ و تێکڕای لایەنی نامادییەوە هەیە.

گوتەیێکی مەشوور هەیە دەڵێ پیاوەکی ئەورووپایی لە بەڵەدەکەی کوردی پرسیوە ئەم ئاواییە ناوی چییە؟ و بەڵەدەکەش گوتوەتی ‌«‌نازانم‌» و لە خەریتان ناوی ڕۆییوە بە دێی ‌«‌نازانم‌»! ئەم گوتەیە ئەگەر ڕاستیش نەبێ پەنجە بۆ ڕاستیێکی بێفێڵ درێژ دەکات. هەر وەک کوردێک لە واتای ئاشکرا و هێمایی گوتە و کردە و بردەی کوردی تێدەگا هەرگیز ئیمکان نییە زانایێکی بێگانە کە لە نووسین و خوێندنەوەڕا کوردی فێر بووە بەو شێوەیە و تا ئەو ڕادەیە تێی بگا. بە نموونە دەڵێم لە زۆر ناوچەی خاوەن کشتوکێڵی کوردستان کە گوترا فلانەکەس مڵکانەی زەویەکانی ‌«‌دوو زەکات‌» وەردەگرێ مەبەس لەم «دوو زەکات» ـە پێنجێکە، کەمیش وایە خەڵقەکە وشەی پێنجێیکیان لە بیر بێ یا بەسەر زمانیاندا بێت. دەوجا مرۆڤێکی بێگانە کەی دەچێتە ناو ناوەڕۆکی وشەی ئەوتۆیی کە بە ئەسڵ لەسەر بنەڕەتێکی ئاینیی و ‌«‌زکاة‌»ی ئیسلامەتی هەڵچەقیوە لەو ڕوەوەکە زەکاتی دەغڵ و دان دەیێک بێ. ئەوەش بزانە لەو ناوچانە هەرگیز زاراوەی ‌«‌دوو زەکات‌» بۆ شیناوردی وەک تووتن بەکار نایەت هەرچەند خاوەن زەویەکه پێنجیێکی ئەو تووتنەش وەرگرێ کە لێی بەرهەم دێت، چونکە زەکات لە تووتن وەرنەگیراوە تاکوو «دوو زەکات» ی بۆ بەکار بێت.

لێرەدا نموونەی بەسەهوو چوونی نووسەرێکت بۆ دێنمەوە کە لە ئەنجامی نەشارەزایی تووشی هاتووە بەڵام لە مەیدانی ئایین نەک زمان.

ڕەئیف خوری، نووسەرێکی بەناوبانگی مارکسیستی دیانی عەرەب، لە گێڕانەوەی سەرگوزەشتێکی مێژوویی کۆندا وا ڕادەنوێنێ کە ‌«‌حسێنی کوڕی ئیمامی عەلی‌» ئافرەتێکی تەڵاق دراوی مارە کردەوە و لای خۆی هێشتیەوە بێ ئەوە سەر جێی بکا تا ئەو کاتە کۆنە مێردەکەی پەشێمان بۆتەوە لەو کارە نامەردانەی کە کردبووی ئیتر ‌«‌حوسێن‌» ئافرەتەکەی تەڵاق داوە و ئافرەت چۆتەوە لای کۆنە مێردەکەی. ڕەئیف خوری کە ئاگاداری شەریعەتی ئیسلام نییە نازانێ ئافرەتی تەڵاق دراو بۆ مێردی پێشووی حەڵاڵ نابێتەوە ئەگەر مێردی دووەمی نەچوبێتە لای. زەوقی حیکایەت گێڕانەوە و نەزانینی یاسای ئیسلام وەهای لێ خۆش هێناوە کە دەوری «‌حوسێن‌» لە بەسەرهاتەکەدا تەنها دەوری جوانمەردیی و پارێزگاریی بێت، ئافرەتەکەش وەک بوخچەی نەکرایەوە و گوڵی نەژاکاو بۆ لای هەمسەری ڕاستەقینەی خۆی چووبێتەوە.

لەم بابەتە بەسەهوو چوونە بەهۆی کەم شارەزاییەوە گەلێک جاران گوتە و نووسین دێنە بەر گوێ و چاو. بێگومان بابەتی ئایینی بێ وەیا مێژوویی وەیا هەرچی دەبێ با ببێ هەموویان جێگەی تەلەزگە و لێ هەڵخلیسکانن بۆ مرۆڤی نابەڵەد. هەڵبەت من نامەوێ بڵێم پسپۆڕ و زانایێکی ئەورووپایی هێندەی ڕەئیف خوری نابەڵەد دەبێ، ئەوەی مەبەستی منە شتێکی ترە.

من دەڵێم بەڵەدێکی ئەورووپایی لە زمانی کوردی و مێژووی کورد و نەریت و ئاداب و ئایینی کورد هەرگیز ناگاتە پایەی بەڵەدێکی کورد لەو مەیدانانەدا. لەوەش بترازی، بەڵەدی ئەورووپایی چی دەبێ با ببێ، تازە بەڵەدی کورد گەییوەتە ئەو تەمەنە ڕۆشنبیرییە کە بەرپرسی زمان و مێژوو و ئەدەبی میللەتەکەی بێ. پێی ناوێ بشڵێم خەریک بوونی کورد بە خۆیەوە چ ڕێیان لە خەڵقی بێگانە ناگرێ، بە پێچەوانە هاریکاریی هەر دوو لا فەرمانی زۆر سەختی ڕوون کردنەوەی مێژوو و زمانی کورد بۆ هەموان ئاسانتر دەکا.

نووسینەکانی زانایانی جیهان دەربارەی کورد کە بکەینە ئاوێنە و خۆمانی تێدا ببینین، دەتوانین تێبگەین بە تێپەڕینی کات ئاخۆ زیادمان کردوە یا کەم؟ گەورەتر بووین یا چووکتر لە بارێکدا وەستاوین نە زیاد دەکەین نە کەم! چونکە گومان نییە لەوەدا تاکوو لە زیاد کردن بین نووسینی بێگانان لە بارمانەوە ئەویش زیاد دەکا. میللەتی داوەستاو و بێ جمووجۆڵ و کەم بڕشت تەنها لە ڕووی ئەوەوە لەسەری دەنووسرێ کە پاشماوەی یەکێکە لە گەلان و خڵتەیێکی میژووە. میللەتێک لە ئێستاکەیدا هەڵمەت و بەرهەم و پێشکەوتنی نەبێ وەک ئەو کێلە بەردە سەیری دەکرێ کە بەسەر قەبری مردوەوە هەڵچەقیوە، ئیشارە بۆ ژیانێکی لەمەوپێش دەکا…

لە هەر ڕوێکەوە سەیری ئەم نووسینانە بکەیت و بە هەر تەرازوێک هەڵیانسەنگێنی، لە چاکەی کورد بەولاوە تێیاندا نابینیت. وەی کاشکی سەرلەبەری نووسینی ئەورووپاییەکان کە لە ناوەڕۆکی ئەم سێ وتارەدا ناویان هاتووە وەردەگێڕدرانە سەر کوردی و کتێبخانەی کوردناسیمانی پێ دەوڵەمەندتر دەبوو.

لە نووسینی وتارەکاندا هەستی تەوژمی خوێنی نووسەرەکانمان دەکەیت لەوەی دەینووسن. هەڵمەتیان دژی ئەو هێرشانەی بۆ سەر کورد هاتووە چ هێرشی نەشارەزایانە بێ چ هێرشی ئانقەست، هەڵمەتی سەربازانە و مەجزوبانەیە بەڵام بێ ئەوەی شێوازی مەوزووعی خۆیان دۆڕاندبێ. بە نموونە سەیری لاپەڕە حەڤدە و هەژدە بکە و سرنج لە لایەنی گیانی کوردپەروەرانەی خاوەن نووسین بگرە. من لەگەڵ ئەم باسەی لەسەرخۆ کردنەوە و ناحەز بە درۆخستنەوەدا وتووێژێکی دوور و درێژ و پان و بەرفرەوانم هەیە، لە بەرەو دوای ئەم پێشەکیەدا کورتەیێکی لێ دەنووسم.

بابەتی ئەم کتێبە وەک لێرە بە پێشەوە گوتم لە جەرگەی سوودی کوردایەتییەوە هەڵدەستێ لەو ڕوەوە کە خەریکی چشتی ئەوتۆیە پەیوەندیی ‌«‌عضوی‌» بە کوردەوە هەیە، ئەم پەیوەندییە یار بێ وەیا نەیار بێ فەرقێکی چەندان ناکا، تەنانەت ئەوەی نەیارە ئەگەر ڕاستیش کا لە ڕەخنە و هێرشی بۆ سەر کورد هەر نەبێ وەک نەشتەر هۆشیارمان دەکاتەوە بۆ دیتنی کەم و کورتی و عەیب و عارێک کە مومکین نییە چ میللەتێک لێیان رەها بووبێ و خۆ لێ دوور خستنەوەشیان تا بڵێی پێویستە. میللەت بە تێکڕایی، سەرەڕای عەیبی تاکەکانی، دووچاری چەندین عەیبی کۆمەڵایەتی دێت کە هی وایان تێدایە عەیبی کوشندەن و لە مێژوودا وا بووە فەلاکەتی بێ سامانی بەسەر هێناوە.

زوربەی خەڵق، بە تایبەتی گەنجان، حەز بەوە دەکەن باس کردنی گەل شریتەیێکی پێدا هەڵگوتن و هەڵدانەوه و ئارایشت دان بێت تەنانەت، بە زۆری، نووسەران و بوێژان و هونەرمەندانیش لە هاڤڕکێ ‌«‌مسابقه» ی یەکتر بەجێهێشتنەوەن لە مەیدانی گوتنەوەی سروشت و ڕەوشته پاکەکانی گەل وەک ئەوەی گەل کۆمەڵێک فرشتە و پەری بێت. ئارەزۆی وەها سادە و پیوریتانی هەرچەند لە تەنکاوێکی ڕوون و بێگەردی چاکەخوازی و گەلدۆستییەوە دێت بەڵام لە هەمان کاتدا رەتەڵ بردنێکی دەبەنگانەیە بەسەر هەرچی دەرد و دەرمانی کۆمەڵە.

چاو کە عەیب و نەخۆشی و ناتەواوی گەلی نەدیت دیارە بە دوا دەرمان کردن و چارەسەر کردنیدا ناگەڕێت. کە بە دواشدا بگەڕێ بێگومان خەیاڵێکی چەوت بۆ دەرمانێکی هەڵەی دەبا. وا هەیە نووسەر دانی بە عەیبی گەل داناوە بەڵام دەرلەحزە کەڵکی دانپێدانانەکەی بڕیوە چونکە هۆی عەیبەکەی داوەتە پاڵ مەلا و شێخ و دەرەبەگ و بازرگان… هەر دەڵێی ئەم کۆمەڵە خەڵقەی کە وا بە لای ئەوەوە هۆی عەیبی گەلن لە لاوە، وەک تاعون، هاتوون بۆ ناو گەل. دیوومە یەکێک نووسیوەتی تاقمێک فێڵباز گەل گێل و نەزان دەکەن، لەمەوە وا دەردەکەوێ بەلای ئەوەوە لە بنەڕەتا گەل هەمووی ئەرەستۆ و لوقمان بوو بەڵام فێڵبازێکی وەک ئیمامی شافیعی و عەبدولقادری گەیلانی هات و گێلی کرد…

خاڵێکی تری بەسەهوو چوون کە ئەویش هێندەی ‌«‌هەڵدانەوەی بێ بنج‌» مەترسی لێ دەکرێ، تاوانبار کردن و ناشیرن کردنی ئەو لایەنەیە کە بە ناحەز دادەنرێت. تاوانبار کردنی لایەنی ناحەز بووە بە فەرمانێکی ئایینی و لەوە دەرچووە دەمەتەقەی لەسەر بکرێ وەیا ڕەخنەی لێ بگیرێ. لایە نی ناحەز کە منداڵێکی لە خنکان ڕزگار کرد وەیا برسیێکی تێر کرد وەیا چاوی کوێرێکی ڕووناک کردەوە، بۆ نیازی بەد و گڵاوی خۆی ئەم کارانە دەکات. لایەنی دۆستیش کە بە قەمچی ئاگر لە پشتی خەڵق هەڵستێنێ بۆ سوودی ئەو خەڵقە قەمچیکاریی دەکات. ئەم تێبینییانە دەمگەینێ بە شی کردنەوەی ئەو ئیشارەیە کە نەختێک لەمەوبەر بەسەریدا تێپەڕیم و بەڵێنم دا کورتەیێکی لێ بنووسم.

لەخۆ ڕازیی بوون، بەخۆدا هەڵگوتن، لە عەیبی خۆ بێ دەنگ بوون، ڕەوا دیتنی چاکە بۆ خۆ و هەموو خوو و ڕەفتارێکی ئەوتۆیی لە لایێکەوە، لە لایێکی تریشەوە گومان لە خەڵق کردن، دیتنی عەیبی ئاشکرا و نهێنییان، نەسەلماندنی مافیان، داننەهێنان وەیا ئینکار کردنی چاکەیان، ڕق هەڵگرتن لێیان… خولاسە سەیر کردنیان بە پێچەوانەی سەیری خۆ کردن، ئا ئەم دوو خوە لە مرۆڤدا دیمەنێکی بەرچاوە بۆ چاوێکی عەینەکی ڕەنگ لێ دراوی بەسەرەوە بێ.

چ سەرپێچیی لەوەدا ناکرێ کە ئەم خوە دوو لایییەی لە خۆ ڕازی بوون و لە خەڵق هەڵسەنگرانەوە، لە بنەڕەتا داهاتی سروشتی مرۆڤن، بەر لە مرۆڤ هەرچی گیانلەبەریش هەیە بە ڕوەک و ئاژەڵیەوە «‌خۆویستن و پەلەی ژیان‌»ی تێدا بەدی دەکرێ. سەیری منداڵی یەک دوو ساڵی بکە دەبینی تا بۆی بکرێ شتێک بە دەستی منداڵی ترەوە ناهێڵێ، تەنانەت ڕازیی نابێ برا و خوشکی لە خۆ گچکەتری مەمکی دایکی بمژێ.

بەڵێ، «خۆویستنی و خۆسەپاندن» ‌(‌انانیة و تأکید الذات‌) لە مرۆڤدا هەیە وەک گۆشت و خوێن و دەمار و مێشک، لەوانەیە بوێرم بڵێم هەر ئەم لایەنەی خۆپەرستیی لە مرۆڤدا بە پێچەوانه دەر دەکەوێتەوە و دەبێتە بێگانە نەویستیی. من ئەمە بە ڕاست دەزانم و لەگەڵ ئەمەشدا کە حەزی لێ ناکەم لێی وەتەنگ نایەم چونکە بەشێکی پێکهێنەری مرۆڤی ئاساییە. وا دەزانم تا ئێرە چی وام نەگوتبێ خوێنەرم لێ ناڕازی بکا و بە دەنگی بێنێ چونکە لەو بابەتە قسەیەی بیستووە و گوێی پێ ڕاهاتووە. بەڵام شتێکی ترم ماوە دەیخەمە سەر قسەکانم ڕەنگە ئاشنا نەبێ لەبەر گوێ و چاوان.

من دەڵێم سەرەڕای ئەوە کە وا مرۆڤ وەک هەموو گیانلەبەرێک بەهۆی «پەلەی ژیان» ـەوە سوود و چاکە و خۆشیی بۆ خۆی دەوێ و لەگەڵ غەیری خۆی دەجەنگێ، جارێکی تر سەرلەنوێ باری کۆمەڵایەتیی، کە تایبەتی مرۆڤە، وای لێ کردووە زیاتر لە گیانلەبەرانی تر هۆی بێگانە نەویستنی بۆ پەیدا ببێ، واتە هەر وەک لە سروشتدا پەلەی ژیان شەڕ بە مرۆڤ و گیانلەبەران دەکا بۆ وەدەست هێنانی هۆی ژیان و مانەوە، کۆمەڵایەتی شەڕێکی تایبەتی بە مرۆڤ دەکا لەگەڵ مرۆڤی هاوجینسی خۆی کە ئەم شەڕە لە نێوان جانەوەرانی تردا نییە و نابێ. ئەم گوتەیە بەبەریەوە هەیە لە کتێبێکی سەربەخۆدا شی بکرێتەوە، من لێرەدا هەر ئەوەندەی لەسەر دەڕۆم کە یەکێک لە موناسەبەکانی بابەتێکی ناوەڕۆکی هێنایە بەر سۆزی خامە.

کۆمەڵایەتیی و گۆڕان و پیشکەوتن و وەستان و دواکەوتنی بە هەموو ناوەڕۆکە لە ئەژمار بەدەر و لە یەکتر نەچووەکانیەوە ئادەمیزادی لە بارێکدا داناوە لێی دەوەشێتەوە «‌بارام‌» لە هەڵەبجە هەڵوەستێک بوەستێ بە لای خۆی و دراوسێکانیەوە زۆر شیرن بەڵکوو پیرۆز بێ، کەچی بەلای ‌«‌کریشن‌»یێکی هیند و «جۆرج» ێکی ئەورووپا و ‌«‌تاناکا‌»‌یێکی ژاپۆنەوە سزای ئیعدام کردنی پێ ڕەوا بێ.

ئەمەی لەم سێ چوار دێڕەدا گوتم شتێک نییە دەمەتەقە هەڵگرێ مەگەر ئەو دەمەتەقەیەی کە بۆ شەڕە دندوکێ و نەسەلماندن بێ. ئا لەم کاتەدا ئەگەر خێزانی کابرایێکی دێی هێرۆ لە پشدەردا جلکی وەک کیژێکی کۆلیجی ئۆکسفۆردی لەبەر کرد، بێگومان دەرحاڵ سەری دەبڕێ، پیاوێکی فرەنسەییش ئەگەر لێی ئاشکرا بوو سێ ژنی مارە کردوە دادگەی فرەنسە بێ سێ و دوو دەیخاتە بەندیخانەوە. پێی ناوێ من نموونان بێنمەوە، کۆمەڵایەتی سەرلەبەری زنجیرەیێکە لەو جۆرە نموونانە.

لەم لێکدانەوەم، کە ئەگەر مەو‌دا هەبا دەبوا تەواوێک لە شی کردنەوەی خەریک بم، دەگەم بەم ئەنجامە. مرۆڤ کە خاوەنی کۆمەڵایەتییە و کۆمەڵایەتیش بە هەموو بارێکیەوە لە جێگەیێکەوە بۆ جێگەیێک و لە پلەیێکەوە بۆ پلەیێک و لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێک و لە میللەتێکەوە بۆ میللەتێک دەگۆڕێ تا ڕادەی دژایەتیی و پێچەوانەیی، ئا ئەم مرۆڤە زیاد لە هەموو گیانلەبەران هێندە لەیەکتر جودا و بێگانە و دژ و ناحەز و دوشمن دەبێ و هۆی دژایەتیی و لەیەکتر بێگانە بوونی هێندە زۆر دەبێ لزوم بە پەلەی ژیان و خۆویستیی نەهێڵێ، نەخێر بەر لەوە پەلەی ژیان دەخلێکی هەبێ، لەیەکتر نەچوون و لەگەڵ یەکتر دژ بوون بە گژ یەکتریاندا دێنێ. مرۆڤ کە نەختێک لە مرۆڤەکەی تر دوور کەوتەوە باری کۆمەڵایەتیی هەردوویان ئەوەندەیان لەیەکتر دەترازێنێ بۆ یەکتریان دەکا بە گیانلەبەری نامەفهوومی نامەعقوول، جیاوازی زمان، دین، نەریت و عادەت، جلوبەرگ، خواردەمەنی، جۆری نووستن و خانوو و ژنهێنان و منداڵ بەخێو کردن بگرە جووت لێخوڕین و ڕەز بڕین و هەزاران جیاوازی تر وا دەکا لە کابرایێکی ئەفغانی کە ڕازی نەبێ لە هەرچی کابرایێکی هۆڵەندەیی دەیکا.

بە ڕاستیی بێگانە بە لای مرۆڤەوە نامەفهوومە کردەوە و ڕەوشتیشی نا جایەزە. کوردێکی شارەزوور لە لایەن فەللاحێکی چینی دەوروبەری پەکینەوە بانگهێشتن بکرێ لەوانەیە خواردنەکەی بۆ نەخورێ یا ئەگەر خواردی بیهێنێتەوە، گوێی خۆی بە پەمۆ بئاخنێ نەوەک ئەو ئاوازە ناخۆشانە ببیسێ کە گۆرانیبێژێکی پێشکەوتوی چینی لە شەرەفی ئەو دەیان چڕێ. بێگومان هەموو مەرحەبا و بەخێرهێنانەکانیشی بەلاوە کاری سەرسوڕهێنن. ڕەنگە لە ڕەفتاری فەللاحەکە بەرامبەر ماڵ و مناڵی خۆی هەر بە جارێ ناڕاحەت بێ. با میسالێکی ترت بۆ بێنمەوە.

سەد ساڵ لەمەوبەر فەللاحێکی کورد نانی لە ماڵی ئاغا وەیا کوێخای گوند دەخوارد، بانگهێشتنیشی دەکردن لە موناسەبەی ژنهێناندا بۆ ماڵەکەی خۆی. چ مانیعێکی نەبوو کچی خۆی بدا بە کوڕی ئاغا و کوێخا، مەمنونیش دەبوو ئاغا کچی خۆی بە کوڕەکەی دابا. بەڵام هەمان فەللاحی کورد دەسکوژی فەللاحێکی ڕوسی نەدەخوارد، بگرە گۆشتی لە فەللاحێکی دیان نەدەکڕی نەک هەر لەبەر دەسکوژ نەخواردن بەڵکوو لەبەر ترسی ئەوە کە ڕەنگە هی بەراز بێت. کە دەسکوژ و گۆشتی فەللاحێکی ڕوسی نەدەخوارد بشیان کوشتبا کچی خۆی نەدەدا بە کوڕەکەی کچیشی لێ نەدەخواست بۆ کوڕی خۆی.

دیتت نێزیکی و هاوئاینیی چەوسێنەرەوەی دەکرد بە ئاشنای چەوسایەوە کەچی لەیەکتر دووریی و جوداوازیی ئایین دیوارێکی هێند بڵند و مەحکەمی لە میانی دوو چەوسایەوە هەڵدەنا کە وا نە بڕمێ و نە کەسی لێ سەرکەوێ. ئەمانە ڕاستی و بەدیهین با من وەیا تۆ وەیا چینپەروەرێک و نیشتمانپەروەرێک حەزیشی لێ نەکا.

جاران کە دەگوترا ‌«‌دین دوشمن‌» هەرچی پەیوەندیی و لەیەکتر نزیک بوونەوە و دۆستایەتیی هەیە لە خۆوە دەپچڕاو دەبوە دوشمنایەتی… سەر و ماڵ و ناموسی ‌«‌دین دوشمن‌» بێ دوودڵی و لێکدانەوە حەڵاڵ بوو، چەندین کەس ناوی جەوانمەردییان دەردەکرد لە ڕێی کوشتنی ‌«‌دین دوشمنان‌»ەوە. سەد ساڵ لەمەوبەر مرۆڤ بە پیاو کوشتن و دزی کردن و جەردەیی حەیای نەدەچوو، بەڵام دوو فڕی عەرەق خواردبایەوە لە جێگەیێکی وەک چوارتادا ناوی دەزڕا تا ئەو ڕادەیە کە بێ ئابڕو دەبوو.

بێگومان جوداوازیەکانی کۆمەڵایەتی خەڵقی ئەوەندە لەیەکتر جودا دەکردەوە کە سنووری نەبێ. تۆ لەوە بە سەهوو مەچۆ کەوا ئیمڕۆ لەسەر دەمی فڕۆک و گەڕۆک و ڕادیۆ و میللەتانی یەکگرتوو و دەیان و سەدان هۆی لەیەکتر نزیک بوونەوە و یەکتر ناسین ئەو نامەفهوومیە و ناجایەزیە بەرەو کەم بوون چووە، بیری خۆت بۆ ئەو سەردەمە بگێڕەوە کە پەیڕەوی مەزهەبێکی ئایینی وای دەزانی پەیڕەوی مەزهەبێکی تر کلکی ڕاستەقینەی هەیە. کە سرنج بگری لە ڕۆژگاری ئێستاکەشماندا نموونەی بێ ئەژمار دەبینی و دەبیەی لەو تەرزە دژایەتیەی کە لە سەرچاوەیێکی جیاوازی کۆمەڵایەتیی هەڵدەقوڵێ نەک لە جیاوازی بەرژەوەندی مادییەوە.

لە شوێنێکی وەک ‌«‌قبرس‌»دا جیاوازی زمان و ئایین دانیشتوانی وڵاتەکەی گردەبڕ کردوە بە دوو کەرتی جودای لەگەڵ یەکتر دوشمن. نە بەرژەوەندی گشتیی نە هی چینایەتیی نە هی مرۆڤایەتیی نە هەرچی هۆی دۆستایەتیی میانی ئادەمیزاد هەیە توانیوەتی ئەم دو جوداوازیەی زمان و ئایین کە هیج کامێکیان ماددی نین بوەستێنێ. سەرلەبەری تورکە موسڵمانەکانی قبرس لە شەڕدان لەگەڵ سەرلەبەری یۆنانیە دیانەکانی قبرس بە وەرزێڕ و عەمەلە و قوتابیی و کاسبکار و ڕۆشنبیر و چاک و خراپی هەر دوو لایانەوە.

ئەو بانگەوازەی کە وا دلێرانە دەنگ هەڵدێنێ و دەڵێ سەرلەبەری ئادەمیزاد وەک یەکن، هەرچەند بانگەوازێکی تا بڵێی خۆش و پەسەند و بەشەرەفە بەڵام داخەکەم لە هەموو هەنگاوێک و هەموو لەحزەیێکدا لە عاست حەقیقەتدا کورت دێنێ و لە تەجرەبەی ڕۆژانەدا چەندین جار هەموو ڕۆژێک بە درۆ دەخرێتەوە و دووچاری دڵشکەستەیی دەبێت.

من لەو باوەڕەدام خۆ گێل کردن بەرامبەر واقیع هەرچەند لە ڕواڵەتدا دڵسۆزانەش بێ ئەنجامێکی خراپی هەیە دژی سوودی تێکڕای ئادەمیزاد. ئێمە دەبێ دان بە ڕاستیی و واقیعدا بێنین و دەردەکانمان چارەسەر بکەین لەبەر تیشکی ئەو ڕاستییە. نەک سافیلکانە خۆمان باوێینە سەر باوەڕی خۆشکەڵەی لە سەر زار و زمانان شیرن. من کە لە کولانەی ئەو ڕاستییانەوە سەیری هەڵوەستی ئەو نووسەرانەی ئەورووپا دەکەم کە هەڵوەستەکەیان بە دڵی ئێمە نییە لێم ڕوون و ئاشکرا دەبێ کە هۆی لەیەکتر ڕازی نەبوونمان ئەم نامەفهومیەی بێگانەیە نەک دژایەتیی و دوشمنایەتیی ئانقەست. بۆ گۆڕینی هەڵوەستیشیان بەرامبەرمان دەبێ وا بکەین تێمان بگەن و بەلایانەوە مەفهووم بین. بێگومان داوا دەکرێ لە مرۆڤی زانا کە وا لە خۆوە لە خەڵق بگا بەڵام وا دیارە ئەم تێگەیشتنه هێندە ئاسان نییە وەک بۆ هەوەڵ نیگا دەردەکەوێ.

پێویستە ئێمەش لەوان بگەین و لێیان شارەزا بین. دەبێ عوزریان لێ بسەلمێنین کە عوزریان هەبێ. ئێمە و ئەوان و هەموو جیهان دەبێ بێینە سەر هەست بە عەیبی خۆ کردن و چاکەی بێگانە دیتن. کە ئەمە نەکەین و ئەو گوتە پەرەسەندو‌یە بڵێینەوە کە وا ڕادەنوێنێ هۆی دژایەتیی و ناحەزیی و تێکنەگەیشتن لە میانی گەلاندا سوچی دەرەبەگ و خوێنمژ و کۆنەپەرستانە بە مەدا خۆمان بە رایەک خەریک دەکەین لە تەنکاوێکی ڕۆشنبیریی ئەوتۆوە هەڵدەقوڵێ ڕەوایە پێی بگوترێ نەخوێندەواریی.

پێش ماوەیێک موحەمەد عەلی کلای لە بێروت لەمیانی قسەکانی کە بۆ ڕۆژنامەنووسێکی دەکرد گوتی هەرگیز لەگەڵ ئافرەتی سپی جووت نابم، نە تێم دەگا و نە تێی دەگەم. من ڕەش و ئەو سپی ڕێک ناکەوین.

من دژی بەردەوام بوونی ئەو حاڵەم کە پیاوێکی ڕەش گوماناوی دەکا لە ئافرەتی سپی، بەڵام دەزانم کلای لەو قسانەیدا دەروونی خۆی ڕوون دەکاتەوە و بەرتیلی لە کۆنەپەرستان وەرنەگرتووە بۆ ئەم گوتانە. کە بمانەوێ دڵی کلای پاک کەینەوە بەرامبەر ئافرەتی سپی نابێ مستێکی لە بەردەمی بدەین و بڵێین ناماقوڵیت کرد، هۆ خزمەتکاری کۆنەپەرست و چەوسێنەران.

کە بێین و بەراوردی چارەسەر کردنی ئەو جوداوازیانە بکەین کە گەلان لەیەکتر دوور دەخاتەوە دەبینین نووسین لە هەموو شتێک پتر دەتوانێ خەڵق بەیەکتر بناسێنێ و لە یەکتریان حاڵی بکا. گەلان ناتوانن گەشتی دوور و بەردەوام بکەن بۆ تێگەیشتن و لێ ڕاهاتنی یەکتر بەڵام دەتوانن بە خوێندنەوە لەیەکتر بگەن. زۆر حەیف و مەخابنە ئەم تاکە هۆیەی یەکترناسینی نێو گەلان بە پێچەوانەی مەبەس بەکار بێت و ئەسبابی دژایەتییان پتر بکا. ئادەمیزاد لە ڕێی چار کردنی هۆیەکانی تێکنەگەیشتنیەوە بەرەو برایەتی دەڕوا نەک ئینکار کردنیان.  ‌

پەراوێزەکان

1- پەراوێزی مەلای ئیبنو ئادەم بە سەر نامیلکەی شەرحی ‌«‌عویصە ابن مالک‌» کە دوا ئاڵقەی زنجیرە باسێکی ناو کتێبەکەی ئیبنو ئادەم خۆیەتی بە ناوی (جواهر المنقول)

2-واقیعا دەرسەکانی بۆ خوایە
چ دەبوو گەر بە کوردی نەبوایە

گوتم ئێستەش لەسەر کەریی ماوی
چا بۆ مستم نەدا لە نێو چاوی

مەسعوود محەمەد

وەشانی یەکەم: گۆڤاری «کۆڕی زانیاری کورد» ساڵی 1974
وەشانی دووم: سایتی www.mamosta.net  ساڵی 2009

تێبینی سایتی مامۆستا .نێت: ئەم گوتارەی «پێشەکی» مامۆستا مەسعوود محەمەد لە کتێبێکی کۆڕی زانیاری کورد لە ساڵی 1974 دا بڵاوکراوەتەوە، پێش گوتەیەکە‌ بۆ سێ گوتاری نێو کتێبی «بەرکوتێکی خەرمانی کوردناسی لە ئەورووپا»‌.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …