Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووی كۆنی كورد / کورد لەنێوان زەردەشتی و ئیسلامدا

کورد لەنێوان زەردەشتی و ئیسلامدا

کورد لەنێوان زەردەشتی و ئیسلامدا19291521122015_MAIN_Alan_Flickr

نوسینی:یاسین تەها

دەسپێك:
پاش شەپۆلێك لە ریكلامی میدیایی بۆ پەسەندكردنی ئاینی زەردەشتی و دەستبەكاربوونی هەندێ رێكخراوو ئۆرگانی جیاجیا بۆ ئەم مەبەستە لەناو هەرێمی كوردستان، چەند پرسیارێك لەبارەی پەیوەندی كورد بە ئاینی زەردەشتی ـ یەوە دروست بووە كە چەند سالێك لەمەوبەر رۆشتبوە ناو ئەرشیفی مێژووی نەتەوایەتیمان. ئەم بابەتە تیشك دەخاتە سەر چییەتی ئاینی زەردەشتی و پەیوەندیی بەگەلی كوردو چۆنییەتی كۆتاییهاتنی باڵا دەستیی لە وڵاتی كورداندا بەهۆی دەركەوتن و بڵاوبونەوەی ئاینی ئیسلام.

كەسایەتی زەردەشت
سەرەتاو كۆتایی ئاینی زەردەشتیی بەخودی كەسایەتی زەردەشتەوە پەیوەستە. قسەو باسی زۆر لە سەر ژیاننامەو كارنامەو تەنانەت ئەگەری ئەفسانەیی بوونی خودی كەسایەتی زەردەشت هەیە، بەڵام بەپێی زۆربەی سەرچاوەكان چ ئەوانەی پەیوەست بە مێژووی كۆن و چ ئەوانەی تایبەتن بەسەدە ناوەنجییەكانی ئیسلام، زەردەشت سەر بەمیدییەكانە كە لە نێوان سەدەكانی 8_6 پێش زاین شاری هەمەدانیان كردبووە پایتەختی خۆیان و باوەڕ وەهایە باپیرانی رەسەنی نەتەوەی كورد بن. باوكی زەردەشت (بوروزهازيو) كە كەسایەتییەكی بەناوبانگ نییە خەڵكی هەرێمی ئازەربایجانەو دایكیشی (دوغدما) خەڵكی شاری ڕەی (الري)كە لە نزیك تارانی پایتەختی ئێراندای ئێستادایە. ناوبراو لە ساڵی 660 پ. ز لە نزیك دەریاچەی ورمێ لە دایك بووە كە ئێستا بەشێكە لە رۆژهەڵاتی كوردستان. زەردەشت لە تەمەنی حەوت ساڵیدا چووەتە لای حەكیمێكی مەجوسی كە هۆزێكی تایبەتی میدی ـ ن و خاوەن بیروباوەڕێكی كۆنترن لە زەردەشتی كە هەر بەمەجوسی دەناسرێت. لای ئەم حەكیمە زەردەشت جگە لە پرۆگرامی خوێندنی باوی سەردەمی خۆی، زمان و وێژەو زانستی نوژداریی خوێندووە كە پێداویستییەكی سەرەكیی ئەو سەردەمە بووە. هەرچەندە بەڵگەی راستەوخۆ لەبارەی رەچەڵەكی زەردەشتەوە لەبەردەستدا نییە، بەڵام زۆرێك لە توێژەران و رۆژهەڵاتناسان پێیانوایە لە نەتەوەی كوردە، بەڵگەشیان بۆ ئەم قسەیە ئەوەیە لەخاكێكدا لەدایكبووە كە نیشتمانی هۆزی موكریانە، جگە لەوەش زمانی كتێبە پیرۆزەكەی (ئاڤێستا) نزیكە لە زمانی خەڵكی ناوچەكە ئەگەر هەمان زمان نەبێت(1).

ئاینی زەردەشتی 
زەردەشت یەكێكە لەو كەسانەی بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كردووە، هەروەها بانگەوازی خەڵكی كردووە شوێنی بكەون، ئاینەكەشی بەشێوەیەكی گشتیی بریتییە لە: پەرستنی خودا، دژایەتی شەیتان، فرمان بەچاكە و نەهی لە خراپە، دووركەوتنەوە لە كرداری كەچ و بەد. زۆربەی رێنماییەكانیتری ئاینەكەشی زیاتر لە دەوری بوونی خوایەكی باڵادەست دەسورێتەوە كە لای ئەوان پێی دەوترێت (ئەهورامەزدا). زەردەشتییەكان بڕوایان بە حەتمیەتی كۆتایی دونیا هەیە كە رۆژی پەسڵانەو لەوێدا بەهەشت و ئاگر هەیەو دواتر خراپەكاران بەیەكجاریی لەناو دەچن(2). ئەم دیدو تێڕوانینە ئاینیانەش كە زۆر نزیكە لە رێنمایی ئاینە ئاسمانییەكانیتر پاڵی ناوە بە زۆرێك لەتوێژەرانەوە زەردەشتیی بەئاینێكی ئاسمانی بدەنە قەڵەم و شوێنكەوتووەكانیشی بە ئەهلی كیتاب بناسێنن(3)، بەڵام لەبەر ئەوەی وا بڵاوە كە زەردەشت وتویەتی “رووناكی و تاریكی دوو بنەڕەتی دژ بەیەكن و بنەمای هەموو بوونەوەر پێكدێنن”(4)، هەروەها لەبەر ئەوەی رێنماییەكانی زەردەشت جەخت لەوە دەكەنەوە كە هێزی شەڕی دژە خواوەند ناچنە ژێر هەژموون و دەسەڵاتی ئەوەوە (5)، ئەوەی لێ فام دەكرێت كە ئەم ئاینە یەكتاپەرستی و دوالیزمەی دژ بەیەكی ئاوێتە كردبێت، بە واتایەكیتر دوو جۆر خواوەندی لەبوونەوەردا بڕیار داوە كە خوای خێرو خوای شەڕن، بە پێوەرە ئیسلامییەكەش ئەمە دەكاتە ئەوەی بوونی هاوبەش (شریك) ی بۆ خودای تاقانە بڕیار لێ دابێت (6). بەڵام بەدوور نازانرێت ئەم گومان و ئاڵۆسكانە دەربارەی خودا كاری جێگرەوەو جێنشینەكانی زەردەشت بێت و بەشێك بێت لە شێواندن(تحریف) ی رێنماییەكانی نەخاسمە گەر ئەوە بزانین زۆربەی هەرە زۆری كتێبە پیرۆزەكەی زەردەشت (ئاڤێستا) لە دەمی داگیركاریی ئەسكەندەری مەكدۆنیدا بۆ ئێران لەناو چووەو فەوتاوەو دوای سەردەمێكی زۆر دیسانەوە سەر لەنوێ نوسراوەتەوە (7)، بەم پێیەش زۆربەی ئەدەبیات و دەقەكانی ئێستای زەردەشتیی هی پاشینەكانن و رەسەن و تایپی یەكەم نین و گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە.

بڵاوبونەوەی ئاینی زەردەشتی لە كوردستان
زۆربەی هەرە زۆری مێژوونوسان و توێژەران پێیانوایە بەر لەهاتنی ئیسلام، ئاینی زەردەشتی ئاینی زۆرینەی گەلی كورد بووە (8)، هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا شتێكی بەڵگە نەویست و زانراوە كە زەردەشتی تاقە ئاینی كورد نەبوە، رەنگە زۆرینەو باڵادەستییەكەشی بەرێژەیەكی زۆر نەبووبێت لەناو كورد، چونكە لە دێر زەمانەوە گەلی كورد لە سایەی فرەیی ئاین و ئاینزادا ژیاوە،لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بەرێژەی جیاواز ئاینەكانی جوولەكە، كریستیانی، ئێزیدی، مانی، مەزدەكی و پەرستنی دیارە سروشتییەكان باوو بڵاو بوە(9).
داتاو دراوە مێژوییەكان ئاماژە بەوە دەكەن هەرچەندە زەردەشت لە ناوچەیەكی كوردنشیندا سەریهەڵداوە، بەڵام سەرەتا ئاینەكەی وەكو پێویست لەناو گەلی كورددا نەیتوانیوە جێگەی خۆی بگرێت و بڵاو ببێتەوە، ناچار زەردەشت پەنای بردوەتە بەر پادشایبەشە رۆژهەڵاتییەكانی ئێران بەناوی (گشتاسپ) كە شاری بەلخی كردبووە پایتەختی خۆی كە دەكەوێتە باكوری ئەفغانستانی ئێستا. ئەم پادشایە هەر بەوە نەوەستا كە خۆی بچێتە سەر ئاینی زەردەشتی بەڵكە خەڵكی میرنشینەكەی ناچاركرد ئەم ئاینە بكەنە ئاینی خۆیان و، لە پاش كوژرانی زەردەشت گرنگیی بەئاینەكەی داوەو درێژەی بە بڵاوكردنەوەی داوە (10)، بەم پێیەش پادشا گشتاسب هۆكاری سەرەكیی بڵاوبونەوەو ناساندنی ئاینی زەردەشتییەو هەر لەمەملەكەتی ئەویشەوە هاتوەتەوە بۆ وڵاتی كوردان، لە سایەی سیاسەتەكانی ئەم پادشایەدا زەردەشتی لەنێوان سەدەكانی 6_5 پ. ز بووە ئاینی باڵاو یەكەم لە سەرجەم بەشەكانی وڵاتی ئێرانی ئێستا، بە ناوچە كوردنشینەكانیشەوە (11). سەرباری ئەم پشتگیرییە سیاسییەش لە سەدە كۆتاییەكانی پێش زایندا ئاینی زەردەشتی چوەتە قۆناغی مت بوون و خامۆشی و هیچ چالاكییەكی ئەوتۆ دەربارەی تۆمار نەكراوە تا ئەوكاتەی كە فارسە ساسانییەكان لە ساڵی 226 زاینی كردیانە ئاینی فەرمی لە دەوڵەتی خۆیان (ساسانی)، بەم هۆیەشەوە زەردەشتی بوو بەئاینی سنوری قەڵەمڕەوییەكەیان كە هەرێمی چیاو باشووری هەرێمی چیاو ناوچەكانی دەوری ئازەربایجانی دەگرتەوە كە دەكاتە رۆژهەڵاتی كوردستانی ئێستا (12)، جگە لەو ناوچە كوردییانەی سەر بە دەوڵەتی ساسانی بوون، ژمارەیەكی زۆری كورد لە قوڵایی وڵاتی فارس و ئێران ژیاون كە بەپێی هەندێ ئامار لە سەدەكانی ناوەڕاستی ئیسلامیدا ژمارەیان زیادیكردوە بۆ نیو ملیۆن خێزان (13)، بێگومان ئەمانەش لەژێر كاریگەریی بە فەرمی ناساندنی ئاینی زەردەشتیدا بوون لە لایەن ساسانییەكانەوە، بەڵام ئەم كاریگەرییەی ئاینی زەردەشتی لە ناوچەكانی جەزیرە (باكوری كوردستان) كاڵتر بوەو ئەم ناوچانە زیاتر كەوتوونەتە ژێر كاریگەریی ئاینی جوولەكەو كریستیان، ئەمەش بەڕوونی لە شوێنەوارە دێرینە دۆزراوەكان و كلتووری ئەو ناوچەیەدا دیارە. لەگەڵ هاتن و دەركەوتنی ئیسلامیشدا خۆری ئاینی زەردەشتی رووی لە ئاوابوون كردو وەكو ئاینی زۆرینە و باڵا دەستی وڵاتی ئێران و بەشە جیاجیاكانی كوردستان كۆتایی پێهاتووە (14).

بەردەوامیی كاریگەریی زەردەشتی لەسەر كورد
هەندێ لە رۆژهەڵاتناسان پێیانوایە سەرباری ئەوەی كوردەكان لە سەدەی حەوتەمی زاینیدا بەشێوەیەكی بەربڵاو چوونەتە سەر ئاینی ئیسلام بەجۆرێك لە جۆرەكان كاریگەریی ئاینی زەردەشتیان لەسەر ماوە كە سروتە سەرەكییەكانی بریتییە لە پەرستشی خۆرو ئاگر و دانانی ئاگر بە بنەڕەتی دابو دەستورە ئاینییەكان(15). بەرای ئەم توێژەرانە ئەم كاریگەرییەی زەردەشتی لە سەر كورد لەوەدا دیارە كە كورد تائێستاش بوونی ئاگر و ئاگردان لە ماڵدا بەنیشانەی بەردەوامیی خێزان دەزانن(16). هەروەها گێڕانەوە مێژوییەكان ئاماژە بەوە دەكەن زەردەشتییەكان و سروتەكانی زەردەشتی لە ناوچە كوردنشینەكان تا سەردەمانێكی درەنگی سەردەمی عەبباسی (749_1258ز) درێژەو بەردەوامیی هەبووە، هەروەها لە ناوچەكانی ئێران و لەو دەڤەرە كوردییانەی سەر بەئێران بوون، زەردەشتی و مەجوسییەكان گەورەترین كەمایەتی ئاینی بوون لەژێر سایەی حوكمڕانی خەلافەتی عەباسی(17). هەر لەم سەردەمەشدا گەڕیدەو مێژوونوسەكان تێبینی ئەوەیان كردووە ئاتەشگەیەكی گەورەی زەردەشتی لە ناوەڕاستی سەدەی دەیەمی زاینی لە شاری ورمێ ـ ی باكوری رۆژئاوای ئێران هەبووە كە رووگەی ئاگر پەرستەكانی هەموو ناوچەكە بووەو هیچ كات ئاگردانەكەی خامۆش نەبووە (18). هەروەها لە شاری حەلوان و ناوچەكانیتری دەوروبەری تا سەدەی سیازدەیەمی زاینی ئاتەشگەی زەردەشتی بینراون، لەكرماشان ئاسەواری زۆری زەردەشتی دۆزراوەتەوە كە هێمایە بۆ خواوەندی (ئاهورا مەزدا) (19). هەر لەم سەدەیەشدا (13 ز) یاقوتی حەموی ئاماژەی بە بوونی گوندێكی زەردەشتی كردووە بەناوی “بیت النار” لە نزیك شاری هەولێر (20)، یەكێك لە شاعیرەكانی عەرەبیش بەناوی (ابن المستخف ـ 1237 ز مردووە) ڕقی لە بوونی وەها گوندێكی زەردەشتی بوەتەوەو لە دوو دێڕ شیعردا دەڵێت 
أربل دار الفسق حقاً فلا يعتمد العاقل
لو لم تكن دار فسوق لما أصبح بيت النار دهليزها (21)
هەتا بەرەو ناوچەكانی باكوری كوردستانیش بڕۆین ئەم بڵاوبونەوەو كاریگەرییەی زەردەشتی لاواز دەبێت بەجۆرێك تەنها یەك ئاماژەی گەڕیدە ناسر خوسرەو (1088ز، مردووە)لە بەردەستدایە كە باس لە بوونی كۆمەڵێك زەردەشتی دەكات لە شاری ئەرزن ـ ی هەرێمی ئەرمینیا بەبێ ئەوەی رەگەزیان دیاریی بكات، بە وتەی ئەم گەڕیدەیە ئەم كۆمەڵە زەردەشتییە كە عەبدولرەقیب یوسف بەكوردیان دەداتە قەڵەم لە سایەی حوكمی ئیسلام پارێزگارییان لە ئاینی خۆیان كردووە (22).
بەڵام تا لە سەرچاوە مێژوییەكان ورد ببیتەوە ئەوە دەردەكەوێت كە ئاینی زەردەشتی لە بۆتەی ئیسلامدا بەردەوام تواوەتەوەو هەمیشە بەرەو لاوازیی و بچوكبونەوە رۆشتوە لەسەر دەستی موسوڵمانەكان، لەم میانەیەدا سەرچاوە مێژوییەكان باس لەوە دەكەن لە ساڵی 282 ك/895 ز موسوڵمانەكان یەكێك لە گەورەترین پەرستگاكانی ئاگریان لە شاری هەمەدانی رۆهەڵاتی كوردستان رووخاند و ئاگرەكەیان كوژاندەوە،لە كاتێكدا ئەم ئاتەشگەیە یەكێك بووە لە سێ ئاتەشگە سەرەكییەكەی وڵاتی ئێران (23). روخاندنی ئەم ئاتەشگایە بەدوای ئەوەدا هات كە لە ساڵی 280ك/893ز خەلیفەی عەباسی كردنەوەی ئاگری نەورۆزی لە زەردەشتییەكانی سنوری قەڵەمڕەویی خەلافەت قەدەغەكرد(24). سەردەمی حوكمڕانیی بوەیهییەكانی لێ دەربچێت (946_1055ز)  كە خۆیان بە نەوەی ساسانییەكان دەناساندو نەرم بوون بەرانبەر زەردەشتییەكان، لەوەی كە وەك ئەهلی كیتاب مامەڵەیان لەگەڵیاندا كردن و نوێنەریان بۆ دیاریی كردن لە كۆشكی خەلافەت(25) بەردەوام قەبارەی زەردەشتییەكان لە بچوكبونەوەو پووكانەوەدا بوەو نەیانتوانیوە بە ئۆقرەیی بژین، بۆ نمونە شەرعزانەكان بڕیاندا خوێنی هەموو كەسێكی مەجوسی یەكسان بێت بە 1/15 خوێنی هەر تاكێكی موسوڵمان، كە ئەمەش ئاماژەیە بۆ تەنگەتاوكردن و بەكەم تەماشاكردنیان (26)،رەنگە هۆكاری ئەمەش ئەوەبێت كە بەردەوام بەچاوی بت پەرست و ئاگر پەرست و مەجوسی تەماشای زەردەشتییەكان كراوە نەك ئاینێكی ئاسمانی كە هەمان مافی جوولەكەو كریستیانەكانیان هەبێت وەك ئەوەی لە سەردەمی فتوحاتی ئیسلامی بڕیاری لێدرا دەربارەیان.

كۆتاییهاتنی زەردەشت پاش باڵا دەستبوونی ئیسلام
تێكڕای سەرچاوە مێژوییەكان كۆكن لەسەر ئەوەی كۆتاییهاتنی باڵادەستی ئاینی زەردەشتی لە كوردستاندا بەهۆی بڵاوبونەوەی ئیسلامەوە بووە كە وردە وردە بوەتە جێگرەوەی ئەم ئاینە. هەرچەندە هەندێ لە مەشخەڵهەگرانی زەردەشتی باس لەوە دەكەن ئاینەكە بەتۆپزی و لەژێر زەبری “فتوحاتی ئیسلامی” دا كۆتایی پێهاتووەو بەشێوەیەكی ئارەزوو مەندانە نەبووە، بەڵام تائێستا ئەو پرسیارە هەر بێ وەڵامە بۆچی ئیسلام كۆتایی بە ئاینی زەردەشتی هێنا، كەچی جوولەكەو كریستیان و شوێنكەوتوانی ئاینی ئێزیدی لە سایەی حوكمڕانە موسوڵمانەكاندا پارێزگارییان لە ئاینەكانی خۆیان كردووەو كۆمەڵگا ئاینییەكانی خۆیان پاراست؟. محەمەد ئەمین زەكی بەگ ئاماژە بەوە دەكات پیاوە ئاینییەكانی زەردەشتی لە كوردستان خەڵكیان هاندا بەرەنگاری ئیسلام ببنەوەو تا ماوەیەك بۆیان رۆشتە سەر، بەڵام هەر كە نامۆیی ئیسلام لەلای خەڵكی كورد ڕەوییەوەو خەڵك ئاشنا بوون بەم ئاینە نوێیە كردیانە بەدیلی زەردەشتی و بەكۆمەڵ قبوڵیان كرد (27).  دەقە مێژوییەكان ئاماژە بەوە دەكەن لە سەرەتادا موسوڵمانەكان مامەڵەی شوێن كەوتوانی ئاینە ئاسمانییەكانیان كردووە لەگەڵ پەیڕەوانی ئاینی زەردەشتی(28)، بەڵام بەتێپەڕبوونی كات ئەم ئاینە لە كوردستان رووی لە پووكانەوەو لەناوچوون كردوەو درێژكراوەو پاشماوەی بۆ سەردەمی نوێ نەبووە، بەم پێیەش ئەوانەی ئێستا بانگەشەی پەیڕەوی زەردەشتی دەكەن تەوژمێكی نوێن و وەكو جوولەكەو كریستیانەكان درێژكراوەو بەردەوامیی پێشینەكانی خۆیان نین كە پارێزگارییان لە مانەوەی ئاینەكەیان كردبێت بەبێ بچڕان. 

ئەنجام
لەم گوزرە مێژوییەی سەرەوە دەگەینە ئەم ئەنجامانەی خوارەوە
ـ زەردەشت یەكێكە لەوانەی بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كردووە. بنەماكانی ئاینەكەشی خاڵی لێكچونی زۆری تیایە لەگەڵ ئاینە ئاسمانییەكان، بەڵام لە جیاكردنەوەی خوای خێر (ئەهورامەزدا) و خوای شەڕ (ئەهریمەن) لەگەڵ بیری تاقانە پەرستی ئیسلامی (توحید) دژ دەوەستێتەوە.  
ـ زەردەشت لە ناوچەیەكی كوردیی لە دایكبووە، بەڵام ئاینەكەی لەسەرەتادا لەناو كورددا بڵاو نەبوەتەوە، بەڵكە لە فارسەوە گوازراوەتەوە بۆ كورد.
ـ زەردەشتی تاقە ئاینی باوو بڵاو نەبووە لەناو كورد دا، بەڵام باوەڕ وایە رێژەی شوێنكەوتوانی لە هەمویان زیاتر بووبێت. 
ـ دەسەڵات رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە باڵادەستكردنی ئاینی زەردەشتی لە ئێران و بەم هۆیەشەوە گوازراوەتەوە بۆ بەشە كوردییەكانی بن دەستی ساسانییەكان، كاریگەریشی لەسەر ناوچە كوردییەكانی بن دەستی بێزەنتی (هەرێمی جەزیرە) لاواز بووە كە لەژێر هەژموونی ئاینەكانی جوولەكەو كریستیاندا بوون.
ـ بەشی زۆری دەقە پیرۆزەكانی ئاینی زەردەشتی فەوتاون و دواتر داڕێژراونەتەوە، بەم هۆیەشەوە بەدوور نازانرێت دووچاری شێوان و دەستكاریی بووبێتەوە بەتایبەت لە مەسەلەی خوای خێرو خوای شەڕ. 
ـ هەرچەندە ئیسلام لەسەرەتادا مامەڵەی ئاینی ئاسمانیی كردوە لەگەڵ ئاینی زەردەشتی بەڵام هەر لەسەر دەستی ئەم ئاینە كۆتایی بە هەژموون و باڵادەستیی هاتووە لەكوردستان، بەڵام بەشێوەیەكی خێراو دەمودەست نا بەڵكە بەپێی تێپەڕبوونی كات.


سەرچاوەو پەراوێزەكان:
( ) المسعودي: مروج الذهب،تحقيق كمال حسن مرعي، المكتبة العصرية، بيروت، 2005م،ج1، ص 175؛ الشهرستاني: الملل والنحل، دار الكتب العلمية، بيروت، ط3، 1992م، ج2، ص 265؛ خليل عبدالرحمن: أفِستاالكتابالمقدسللديانةالزرادشتية، روافد للثقافة والفنون، دمشق ط2، 2008م،ص 27؛ شفيع الماحي أحمد: زرادشت والزرادشتية، مجلس النشر العلمي، الكويت، 2011م، ص ص 15 _18 النقشبندي: الكرد في لرستان الصغرى (الشمالية) و شهرزور خلال العصر الوسيط، دراسة سياسية وحضارية، مؤسسة ذين، السليمانية، 2011م،ص ص 104 _ 105؛ نوري إسماعيل: الديانة الزرادشتية (مزديسنا)، دار علاءالدين، دمشق، ط7، 2009، ص 9؛ زرار توفيق صديق: القبائل والزعامات الكردية بالعصر الوسيط، مؤسسة موكريانى للبحوث والنشر، أربيل، 2007م، ص 142؛ عبد الرقيب يوسف: الدولة الدوستكية في كردستان الوسطى، دار ئاراس، أربيل، 2002م، ج2، ص 173؛ آرثر كريتنس: إيران في العهد الساسانيين، ترجمة يحيى الخشاب، دار النهضة، بيروت، د.ت، ص 103. 
(2) ماري بويس: تأريخ الزرادشتية من بدايتها حتى القرن العشرين، ترجمة خليل عبدالرحمن، مركز الدراسات الكردية، السليمانية، 2010م، ص 92؛ شفيع الماحي: زرادشت والزرادشتية، ص 31؛ حامد عبدالقادر: زرادشت الحكيم، مركز الإنماء الحضاري، القاهرة، 2006م، ص 80.
(3) أبي يوسف: الخراج، دار المعرفة، بيروت، 1979م،ص 129؛ الشهرستاني: الملل والنحل، تحقيق أحمد فهمي محمد، دار الكتب العلمية، بيروت، ط3، 1992م، ج5، ص 266؛ تهامي العبدولي: اسلام الأكراد، دار الطلیعة، بیروت، 2007م، ص 90؛ أحمد علي عجيبة: دراسات في الأديان الوثنية القديمة، دار الآفاق العربية، القاهرة، 2004م، ص 118. 
 (4) الشهرستاني: الملل والنحل، ج2، ص 266؛ عبدالرفيع حقيقت: دور الإيرانيين في الحضارة، ترجمة علاء الدين عبدالعزيز السباعي، المركز القومي للترجمة، القاهرة، 2012م، ص 144. 
(5) ماري بويس: دور الإيرانيين في الحضارة، ص 92؛ أحمد علي عجيبة: دراسات في الأديان الوثنية القديمة، ص 118؛ أحمد أمين: فجر الأسلام، دار الكتاب العربي، لبنان، ط10، 1969م، ص 101.
(6) تهامي العبدولي: إسلام الأكراد، ص 90.
(7) المسعودي: مروج الذهب، ج1، ص 175؛ عبدالله مبلغي العباداني: تأريخ الديانة الزرادشتية، ترجمة عبدالستار قاسم كلهور، مؤسسة موكريانى، أربيل، ط1، 2011م،ص 76.
 (8) إبراهيم مرجونة: تاريخ الأكراد، مؤسسة شباب الجامعة، الأسكندرية، 2010م ص 438؛ تومابوا: مع الأكراد، ترجمه: آواز زنكنة، دار الجاحظ، بغداد، 1975م، ص 102؛ أنور المايي: الأكراد في بهدينان، مطبعة خبات، دهوك، ط2، 1999م،ص 80؛ محمد أمين زكي: خلاصة تاريخ الكرد، ترجمة محمد علي عوني، د.ن، مصر، ط2، 1961م، ص 161.
(9) المسعودي: مروج الذهب، ج2، ص 97؛ ابن خلدون: العبر،بيت افكار الدولية، الأردن _ السعودية، 1992م،ص 561؛ صموئيل أتينجر: اليهود في البلدان الإسلامية 1850 _ 1950م، ترجمة جمال أحمد الرفاعي، عالم المعرفة، الكويت، مايو 1995م، ص 15؛ تومابوا: مع الأكراد، ص 102؛ محمد أمين زكي: خلاصة تاريخ الكرد، ص 161؛ ياسين طه: الاتجاهات الدينية والمذهبية عند الكرد في العصر العباسي الثاني (232_656ه ـ 847_1258م)، قسم التاريخ، كلية الآداب، جامعة المنصورة، 2015م (رسالة ماجستير).   
(10) الدينوري: الأخبار الطوال،تحقيق عبدالمنعم عامر، وزارة الثقافة والإرشاد القومي، مصر، د.ت،ص 25؛ المسعودي: مروج الذهب، ج1، ص 175؛ شفيع الماحي: زرادشت والزرادشتية، ص 28.
(11) اليعقوبي: تاريخ اليعقوبي،دار صادر، بيروت، د.ت، ج2، ص176؛ محمد أمين زكي: خلاصة تاريخ الكرد، ج،1، ص 121؛ أرثر كريستنس: إيران في عهد الساسانيين، ص 570؛ النقشبندي: الكرد في لرستان وشهرزور، ص 105.
(12) خليل عبدالرحمن: أفستا الكتاب المقدس، ص 27؛ حامد عبدالقادر: زرادشت الحكيم، ص 27.
(13) ابن حوقل: صورة الأرض، دار صادر، بيروت، ط2، د.ت، ق2، ص 273، ق2، ص ص 269 _ 271؛ ماركو بولو: رحلات ماركوبولو، ترجمة عبدالعزيز جاويد، الهيئة المصرية العامة للكتاب، القاهرة، 2002م،یص 69.
(14) كلثومة جميل: كردستان في عهد الساسانيين 224 _ 630م، مطبعة وزارة التربية، أربيل، 2007م، ص 49؛ تومابوا: مع الأكراد، ص 103؛ محمد أمين زكي: خلاصة تاريخ الكرد، ص 287. 
(15) عبدالرفيع حقيقت: دور الإيرانيين في تاريخ الحضارة، ص 147.
(16) تومابوا: مع الأكراد، ص 99_ 127. 
(17) ابن حوقل: صورة الأرض، ق2، ص 273؛ إدوارد براون: تاريخ الأدب في إيران، ترجمه أحمد كمال الدين، د.ن، الكويت، 1984م، ج1، ص 310. 
 (18) أبی دلف: الرسالة الثانية، تحقيق بطرس بولغاكوف أنس خالدوف، مؤسسة ذين، السليمانية، 2012م، ص 101.
(19) القزويني: نزهة القلوب، نزهة القلوب، دنياى كتاب، تهران، 1963م، ص 127؛ أحمد ميرزا:غربي أقليم الجبال في صدر الأسلام حتى 132 هـ _ 749 م، دراسة في تاريخها السياسي، رسالة ماجستير، قسم التاريخ، كلية الآداب، جامعة صلاح الدين، 1995م، ص 56؛ حكيم خوشناو: الكرد وبلادهم عند البلدانيين والرحالة المسلمين (232 _ 846/626 _ 1229م)، دار الزمان، دمشق، 2009، ص 278.
(20) ياقوت الحموي: معجم البلدان،دار صادر، بيروت _ 1997م، ج1، ص 522.   
(21) الصفدي: الوافي بالوفيات، تحقيق أحمد الأرناؤوط وتركي مصطفى، دار إحياء التراث العربي، بيروت، 2000م، ج18، ص 130. 
(22) ناصر خسرو: سفرنامة، ص 51. 
(23)  أحس التقاسيم في معرفة الأقاليم، دار صادر، بيروت، د.ت، ص 394؛ ابن حوقل: صورة الأرض، ق2، ص 273؛ رشاد ميران: رةوشى ئاينى و نةتةوةيى لةكوردستاندا، مركز برايتي، كردستان العراق، ط2، 2000م، ص 28؛ إدوارد براون: تاريخ الأدب في إيران، ترجمه أحمد كمال الدين، د.ن، الكويت، 1984م، ج1، ص 310. 
(24) السيوطي: تاريخ الخلفاء، دار التقوى، مصر، 2006م، ص 264. 
(25) مارى بويس: تأريخ الزرادشتية، ص 182؛ آدم متز: الحضارة الإسلامية، في القرن الرابع الهجري ترجمه محمد عبدالهادي أبو ريده، بيروت، ط5، د.ت، ج1، ص 78 _88. 
(26) آدم متز: الحضارة الإسلامية في القرن الرابع الهجري، ترجمة محمد عبدالهادي أبو ريده، بيروت، ط5، د.ت، ص 88. 
(27) محمد أمین زكی بك: خلاصة تاریخ الكرد، ص 188. 
(27) أبي يوسف: الخراج، ص 130؛ أنور المايي: الأكراد في بهدينان، ص 65؛ أحمد أمين: فجر الإسلام، ص 101. 

About زريان احمد

Check Also

بە هیندۆئێرانیی کردنی کوردەکان

هه‌ڵكه‌وت پشده‌ری بەشی دووەم لە ناو ٥١ سەرچاوەی نێوان ٢١٠٠ بۆ ٦٠٠ ساڵ پ. ز. …