ن: رێبوار مه‌عرووف زاده
مێژووی مرۆڤایه‌تی مڵمڵانێ و ناته‌باییه‌کی بازنه‌ییه له مرۆڤه‌وه بۆ مرۆڤ، که له ئاستی ورد و تاکه‌وه له نێوان ئه‌ندێشه و کرده‌وه‌ی مرۆڤه‌کانه‌وه به‌ره‌و ئاستی فره و کۆمه‌ڵگه‌کانه‌وه هه‌ڵده‌کشێ و له نێوان ئایین، ئایدیۆڵۆژی و نه‌ته‌وه‌کان له سه‌ر خاک، ده‌ریا و سامان و ده‌سه‌ڵات به‌رجه‌سته و سه‌ر له نوێ رووبه‌ڕوی مرۆڤ ده‌بێته‌وه. له کات و شوێنی جیاجیادا له سه‌ر بابه‌تێک ڵێدوان، نووسین و کرداری جیاواز هاتۆته ئاراوه و دواجار “هه‌قیقه‌ت”ی جیاوازیش به‌رهه‌م هاتوه. هه‌قیقه‌تی مێژوو بریتییه له رووبه‌ڕوبوونه‌وه و به نێویهکداچوونێکی به‌رده‌وامی نێوان خوا و مروڤ، ئاسمان و زه‌وی، خاک و ده‌ریا، ئایین و زانست، ئه‌خڵاق و سیاسه‌ت، داگیرکه‌ر و رزگاریخواز، ده‌سه‌ڵاتخواز و ئازادیخواز، مرۆڤکۆژ و مرۆڤدوسته‌کان. له مێژووی نه‌ته‌وه‌ی کورددا به شوێن هه‌قیقه‌تی قازی محه‌ممه‌د ده‌که‌وین، سه‌ر له نوێ دادگایه‌ک دروست ده‌که‌ین، به شوێن ئه‌وه ده‌که‌وین که ئاخۆ که‌سایه‌تی، به‌رپرسیاره‌تی و ئه‌خڵاقی قازی محه‌ممه‌د، ئه‌ندێشه و کرداری، شێوازی ژیان و مه‌رگی چ جۆره “بوون”ێکه؟ ئه‌و “بوون”ه له کوێدا ده‌ستپێده‌کا و له کام پێگه‌دا جێ ده‌گرێ و دواجار به پشتبه‌ستن به رێبازه‌که‌ی سیمای مرۆڤی کورد ده‌ستنیشان ده‌که‌ین.
قازی محه‌ممه‌د له 11 ی گۆڵانی ساڵی 1900 له دایک ده‌بێ. له خزمه‌ت باوک و مامی بیرمه‌ندی فێری زانست، یاسای شه‌رع و جوامێری ده‌بێ. به هه‌وڵی خۆی له هه‌ڵومه‌رجی پارچه‌کراو و ڵاوازکراوی کوردستاندا فێری زمانی فارسی، عه‌ره‌بی و تورکی ده‌بێ. هه‌روه‌ها له هه‌ڵومه‌رجی نفووزی زڵهێزه‌کان به سه‌ر ئێران‌دا شاره‌زایی به سه‌ر ئینگڵیسی و فه‌رانسه‌وی و رووسی په‌یدا ده‌کا. له ساڵی 1923 تا 1925 به‌رپرسی ئێداره‌ی رۆشه‌نبیری و ئه‌وقافی مهاباد له ئه‌ستۆ ده‌گرێ. ساڵی 1926 له دوای ده‌ست له کارکێشانه‌وه‌ی مامی”میرزا ئهبوڵقاسمی سهیفوڵقوزات” ده‌بێته به‌رپرسی فێربوون و په‌روه‌رده‌ی شار. له‌و پێگه‌یه‌دا یه‌که‌مین خوێندنگه‌ی کچانه‌ی شار ده‌کاته‌وه. لێره‌دا قازی محه‌ممه‌د له تاک و گه‌نجێکی بڵیمه‌ت و جوامێر که سه‌رقاڵی ئه‌نجامدانی به‌رپرسیاره‌تی کۆمه‌ڵایه‌تییه سه‌رتر نییه، ئه‌و لێره‌دا له فه‌زایه‌کدا به‌رپرسیاره‌تی ئه‌نجامده‌دا، له فه‌زایه‌کدا ده‌بینێ و قسه و هه‌ڵسووکه‌وت ده‌کا، که نه له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی شا و نه له گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێرده‌ست خۆی رووبه‌ڕو ناکاته‌وه، به‌ڵکوو به‌رپرسیاره‌تی ئه‌و لێره‌دا ته‌نیا له نێوان تاکه‌که‌سی خۆی و خه‌ڵک دایه.
له راستتیدا قازی محه‌ممه‌د له‌و دۆخه‌دا ده‌ستیی به ئه‌نجامدانی به‌رپرسیاره‌تی و دیاڵۆگێکی کۆمه‌ڵایه‌تی کردوه که له‌ودا هه‌ر تاکه‌که‌سی خۆی و خه‌ڵک بوونی هه‌یه. له ساڵی 1936 زایینی له نێو سه‌ربازه‌کانی پادگانی شاردا، به زمانی کوردی له سه‌ر دۆخی ئه‌و کاتی وڵات ره‌خنه و گازنده‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌کا، ئه‌و کاره تووڕه‌یی ره‌زاشای ڵێ ده‌که‌وێته‌وه و قازی محه‌ممه‌د له سه‌ر پۆسته‌که‌ی لاده‌بردرێ و ئه‌و سزایه تاکوو 25 ی ئاگۆستی ساڵی 1941، که هێزه هاوپه‌یمانه‌کان هێرش ده‌که‌نه سه‌ر ئێران و شا بۆ جه‌زیره‌ی موریس دوورده‌خرێته‌وه، درێژه ده‌کێشێ. لێره‌دا قازی محه‌ممه‌د به‌رپرسیاره‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ به‌رپرسیاره‌تی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی به‌رفراوان ده‌کاته‌وه واته له فه‌زایه‌کدا قسه و هه‌ڵسووکه‌وت ده‌کا که هه‌م ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی و هه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێرده‌ست بوونی هه‌یه. ئه‌و به وتن و هه‌ڵسووکه‌وتی خۆی رووبه‌ڕوی زۆڵمی شا و سستی نه‌ته‌وه‌که‌ی ده‌بێته‌وه. لێره‌دایه که قازی محه‌ممه‌د ده‌ست به ئه‌نجامدانی به‌رپرسیاره‌تی و دیاڵۆگێکی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی ده‌کا، به‌ڵام له‌و دۆخه‌شدا قازی محه‌ممه‌د هه‌ر وه‌ک تاكێکی هوشیار به‌رپرسیاره‌تی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی، له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر جۆره گرووپ و پێکهاته‌یه‌کی سیاسی و نه‌ته‌وه‌ی، به ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نێ. دیاره کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد”ژ.ک” که رێکخراوێکی ناسیۆناڵیستی بوو، له ساڵی 1938وه به شێوه‌یه‌کی نهێنی چاڵاکی ده‌کرد، جۆره فۆرم و بناخه‌یه‌کی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی دژبه‌ر و جیاواز له ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی دامه‌زراندبوو. له ساڵی 1941 که سپای یه‌کیه‌تی سۆڤییه‌ت له به‌شێک له خاکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان جێگیر ده‌بێ، له پێناو پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌که سی که‌س له سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و ده‌ره‌به‌گ و که‌سایه‌تییه‌کان بۆ باکوو بانگهێشت ده‌کرێن که قازی محه‌ممه‌د یه‌کێک له‌و که‌سایه‌تییانه ده‌بێ. له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که قازی له‌و کاته‌دا ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه(ژ.ک) نه‌بووه، به‌ڵام به هۆی که‌سایه‌تی به‌رزی، له سه‌ر خۆیی و بوێری و هه‌روه‌ها شاره‌زایی به سه‌ر زمانی رووسیدا به کرده‌وه سه‌رۆکایه‌تی وه‌ڤده‌که له ئه‌ستۆ ده‌گرێ. له‌و دۆخه‌دا قازی محه‌ممه‌د به‌رپرسیاره‌تییه‌کی زۆر گه‌وره‌تر له جاڕان له ئه‌ستۆ ده‌گرێ چۆنکه له رووبه‌ڕوبوونه‌وه له گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌دا(رووسه‌کان) نوێنه‌رایه‌تی ویست و شۆناس و که‌سایه‌تی خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌کا. پاش گه‌رانه‌وه‌یان خه‌ڵکی شار شوورایهک پێکدێنن که به‌رپرسیاره‌تی ئه‌و شوورایه به قازی محه‌ممه‌د ده‌سپێرن. به دوای ئه‌و دهستنیشانکردنهیه که قازی محه‌ممه‌د ناچار ده‌بێ به‌رده‌وام دیاڵۆگێکی کۆمه‌ڵایه‌تی له گه‌ڵ خه‌ڵک بکا واته رێنوێنیان بکا و راوێژیان لێوه‌رگرێ. له‌و دۆخه‌دا چێدیکه ئه‌و وه‌ک تاکه‌که‌سێک، به پێی ویست و روانگه‌ی خۆی، به‌رپرسیار نییه، به‌ڵکوو له به‌رامبه‌ر ئاسایش و ژیانی خه‌ڵک به‌رپرسیار ده‌بێ. هه‌ر ئه‌و به‌رپرسیاره‌تی و پێگه جه‌ماوه‌رییه به‌هێزه و کارامه‌یی قازی محه‌ممه‌د، رێبه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵه ناچار ده‌کا داوای ئه‌ندامه‌تی له‌و بکه‌ن و دواجار قازی محه‌ممه‌د له ساڵی 1944 رێبه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵه له ئه‌ستۆ ده‌گرێ. دواتر له کۆتاییه‌کانی مانگی سێپته‌مبه‌ری 1945 قازی محه‌ممه‌د بۆ جارێکی دیکه سه‌ردانی باکوو ده‌کا، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان وه‌ک سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک به هاورێیه‌تی ئه‌ندامانی رێبه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵه سه‌ردانی کۆماری ئازه‌ربایجان ده‌کا و چاوی به باقرۆف ده‌که‌وێ.
له دوای گه‌رانه‌وه‌یان له باکوو له 25 گه‌ڵاوێژی 1945دا له راگه‌یه‌ندراوێکدا، که به واژۆی 71 که‌س له که‌سایه‌تییه‌کان و ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه(ژ.ک) ده‌گا، دامه‌زرانی حیزبی دێموکرات راده‌گه‌یه‌نن. له یه‌که‌مین کۆبوونه‌وه‌ی حیزب‌دا 43 که‌س وه‌ک کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و قازی محه‌ممه‌دیش وه‌ک به‌رپرسی کۆمیته‌که هه‌ڵده‌بژێردرن. له 2ی رێبه‌ندانی هه‌مان ساڵدا به پشتگیری و ڵایه‌نگری 20 هه‌زار هاووڵاتی، پێکهاتوو له عه‌شایر و روناکبیران و خه‌ڵکی کوردستان، حکوومه‌تی کۆماری کورستان داده‌مه‌زرێ و قازی محه‌ممه‌دیش وه‌ک سه‌رۆک کۆماری کوردستان ده‌ستنیشان ده‌کرێ. لێره‌وه قازی محه‌ممه‌د به‌رپرسیاره‌تییه‌کی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی وه‌ئه‌ستۆ ده‌گرێ، به‌ڵام جیاوازییه‌که لێره‌دا ئه‌وه‌یه که ئه‌و پێگه‌یه واته سه‌رکۆماری کوردستان، که له‌ودا دیاڵۆگ،قسه و هه‌ڵسووکه‌وت ده‌کا، ده‌بینێ و ده‌نووسێ و بڕیار ده‌دا پێگه‌یه‌کی شه‌خسی نییه که خۆی دروستی کردبێ، به‌ڵکوو پیگه‌یه‌کی گرووپی و خه‌ڵکییه. پێگه‌یه‌که که خه‌ڵک له کات و شوێنێکی دیاریکراودا پێیان ئه‌سپاردوه و هه‌ر خه‌ڵکیش ده‌توانن لێی بستێننه‌وه. له‌و فه‌زایه‌دا قازی محه‌ممه‌د شه‌خسییه‌تێکی حقووقییه که هه‌ر چی بکات به حیسابی میلله‌تێک ده‌نووسرێ. به هێنانه‌وه‌ی چه‌ند نموونه‌یه‌ک له نووسین و کردار و بڕیاری سه‌رکۆماری کوردستان هه‌وڵ ده‌ده‌ین شێوازی ئه‌نجامدانی به‌رپرسیاره‌تی قازی محه‌ممه‌د له ئاست هاووڵاتیانی، له ئاست نه‌ته‌وه‌کانی دیکه، له ئاست ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی و زڵهێزه‌کان و دواجار له ئاست ئه‌و کات و سه‌رده‌م نیشان بده‌ین:
1_ سه‌رۆک کۆماری کوردستان و هاووڵاتیان: له سه‌رده‌می کۆماری کوردستان چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی رۆژنامه و گۆڤار به شێوه‌یه‌کی دامه‌زراوه‌یی و له ژێر ئامانجێکی درێژخایه‌ن و هه‌مه‌ڵایه‌نه ئه‌نجام درا. له بڵاوکراوه‌کانی ئه‌و کات ده‌کرێ ئاماژه به ده‌رچوونی رۆژنامه‌ی کوردستان، هاوار، نیشتمان و گروگاڵی منداڵان( یه‌که‌مین بڵاوکراوه‌ی تایبه‌ت به منداڵان له مێژووی کورددا) و … بکه‌ین. قازی محه‌ممه‌د سه‌رکۆماری کوردستان له وتاری خۆیدا له رۆژی دامه‌زراندنی کوماری کوردستاندا له 2ی رێبه‌ندانی ساڵی 1945 دا به‌مجۆره باس له ئامانجی خۆیان له چاپ و بڵاوکردنه‌وه ده‌کا: ” چه‌ند قۆتابخانه‌ی کچان وکورانمان کرده‌وه، قۆتابخانه‌ی شه‌وانه‌مان دایر کرد و کتێب به زمانی کوردی وه‌رگێران. کچ و کور و پیاوی گه‌وره له قۆتابخانه‌کاندا شه‌و و رۆژ به زمانی کوردی ده‌رس ده‌خوێنن له جیاتی ئه‌وه‌ی شه‌ش حه‌وت ساڵ خه‌ریکی خوێندن و فێربوونی فارسی بن له مانگێک و دوو مانگدا ده‌بنه خوێنده‌وار و هه‌موو شتێک ده‌خوێننه‌وه و ده‌نووسن. بۆ ناساندنی ڵیاقهتی میللی و ده‌رخستنی ژیانی ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگیی کورد و بۆ راگه‌یاندنی هاواری خۆمان به گوێی دنیای به‌شه‌رییه‌ت و عه‌داڵه‌ت پێویستیمان به وهسیڵهی چاپ و بڵاوکرنه‌وه بوو، چاپخانه‌ی زۆر چاک دانرا، له شاری خۆماندا به زمانی خۆمان، به چاپخانه‌ی خۆمان گۆڤار و رۆژنامه ده‌رده‌چێ و بیر و هه‌ست و داخوازی ئێمه له دنیادا بڵاو ده‌کاته‌وه.”
له راستیدا له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا که چاپ و بڵاوکردنه‌وه بوونی نییه، له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا که خه‌ڵک نه‌خوێنده‌وارن و توانایی نووسین و خوێندنه‌وه‌یان نییه، مرۆڤ ئاماده‌بوونیکی به‌رته‌سک و ڵاوازی هه‌یه و نه‌ته‌وه‌ش هه‌ر بوونی نییه. ئه‌گه‌ر که‌سێک نه‌توانێ بخوێنێته‌وه و بنووسێ، به‌و واتایه‌یه که له جۆغرافیای ماڵ و عه‌شیره و گه‌ره‌ک و شاره‌که‌ی، خۆی به‌ند کردوه و قه‌تیس ماوه‌ته‌وه، فراوانتر و دوورتر و سه‌رتر له‌و شوێن و کاته به‌رته‌سک و دیاریکراوه‌ی که تێیدایه نه ده‌توانێ ببینێ و نه ده‌توانێ قسه بکا و نه ده‌توانێ خاوه‌نی ویست و شۆناس بێ. له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا که قۆتابخانه و چاپ و بڵاوکردنه‌وه بوونی هه‌بێ، تاکێک ده‌توانێ بیر و هه‌ست و ویستی خۆی بۆ هه‌زاران که‌س بنووسێ و هه‌زاران که‌س ده‌توانن دۆخ و ویستی یه‌کتر ببینن، هه‌ر تاکێک مه‌جاڵی دیاڵۆگ و به‌شدارییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی په‌یدا ده‌کا و هه‌مووان ده‌بنه خاوه‌نی پێیه‌ک، بناخه‌یه‌ک و مێژوویه‌کی هاوبه‌ش و نه‌ته‌وه‌یی. ئه‌وه‌ی که سه‌رکۆماری کوردستان دروستی ده‌کا بریتیه له مه‌جاڵێک بۆ دیالۆگێکی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌جاڵێک بۆ بوون به “هاووڵاتی”، هه‌وڵێک بۆ دروستکردنی بناخه و مێژوویه‌کی نه‌ته‌وه‌یی. به‌رهه‌می ئه‌و هه‌وڵه ئه‌وه‌یه که ئێمه ده‌توانین بگه‌رێینه‌وه بۆ زیاتر له 65 ساڵ له‌وه پێشوو و بزانین که له جیهانی ئه‌مرۆدا بۆ کورد بێ وڵات و بێ ده‌وڵه‌ته. به‌رهه‌می ئه‌و هه‌وڵه ئه‌وه‌یه که کرده‌وه و ئه‌ندێشه‌یه‌ک به تێپه‌رینی کات له نێو ناچێ و مێژوویه‌کی هاوبه‌ش دروست ده‌بێ.
2_ سه‌رکۆماری کوردستان و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه: “له حه‌وتووی یه‌که‌می ساڵی 1946 دا کاتێک قازی محه‌ممه‌د له به سه‌رکردنه‌وه‌یه‌کی ناوچه‌کانی باکووری رۆژئاوای ئازه‌ربایجانی رۆژئاوادا سه‌ردانی شاری ورمێی کرد، هه‌وڵیدا چاوی به قه‌شه‌ی کڵیسای ئاشوورییه‌کان بکه‌وێ و تێی بگه‌یه‌نێ که کورده‌کان ڵایه‌نگری مافی ئاشوورییه‌کانن و رێگه ناده‌ن تراژێدییه‌کانی پێشوو دووباره بێته‌وه و قه‌شه‌ی دڵنیا کرده‌وه و پێی گووت” سه‌رده‌می ترس به سه‌ر چووه.”
پێویسته سه‌رنج بده‌ینه ئه‌و بابه‌ته که ده‌کرێ که‌سێک ساڵانێک سه‌رکۆمار بێ، ساڵانێک سکرتێر بێ، به‌ڵام قه‌ت رێبه‌ر نه‌بێت. ڵێره‌دا سه‌رۆک کۆماری کوردستان رێبه‌ره، چۆنکه له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که هاوپێوه‌ندی نێوان دوو قۆناخی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی ده‌بینێ، هه‌وڵ ده‌دا به سه‌ر هه‌ڵه‌کانی رابڕدوودا بچێته‌وه و بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی بباته نێو قۆناخێکی نوێ. تێده‌کۆشێ که پێوه‌ندی نێوان کورد و ئاشووری سه‌ر له نوێ دابرێژێته‌وه و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی کورد بکاته بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئازادیخواز، بزووتنه‌وه‌یه‌ک که سه‌رتر له ئازادی خاک ده‌روانێ و مه‌به‌ستی دابینکردنی ئاسایش و ئازادی بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی و بۆ مرۆڤه‌کانه.
3_ سه‌رکۆماری کوردستان و زڵهێزه‌کان: “له دێکومێنتی یه‌کیه‌تی سۆڤییه‌تدا له زمانی رۆژنامه‌ی(اطلاعات)دا هاتووه: پێشه‌وه‌ری و قازی له باکوو بوون، پێشه‌وه‌ری و کاربه‌ده‌ستانی ده‌ره‌وه سوور بوون له سه‌ر ئه‌وه که کوردستان ببێته به‌شێک له ئازه‌ربایجان و سه‌ر به ئه‌وێ ببێت، به‌ڵام قازی محه‌ممه‌د به تووندی دژی ئه‌و هه‌ڵوێسته راوه‌ستاوه و بڕیاری له سه‌ر نه‌داوه و رایگه‌یاندوه ئه‌گه‌ر کوردستان بریاڕه سه‌ر به ته‌ورێز بێت باشتر وایه سه‌ر به ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی تاران بمێنێته‌وه.”
لێره‌دا سه‌ربه‌خۆیی و خه‌ڵکی بوونی سه‌رکۆماری کوردستان و بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کورد ده‌رده‌که‌وێ. بزووتنه‌وه‌یه‌کی شۆرشگێر بزووتنه‌وه‌یه‌که، سه‌رچاوه‌گرتوو و پشتئه‌ستوور به ویست و هێزی خه‌ڵکه، که نوێنه‌رایه‌تی ویستی خه‌ڵکه‌که‌ی له به‌رامبه‌ر هێزه‌کانی دیکه ده‌کا نه‌ک ئه‌وه‌ی که ببێته به بازرگان و ده‌ڵالی نێوان خه‌ڵکه‌که‌ی و زڵهیزهکان. پێویسته سه‌رنج بده‌ینه ئه‌وه که سیاسه‌ت شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاته، به‌ڵام شۆڕشگێری خه‌باته بۆ ئامانجی گشتی و خه‌ڵک. که‌سێک ده‌توانێ سیاسه‌ت بکا به بێ ئه‌وه‌ی تووشی خه‌ساری جیددی بێ، به بێ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕوی کوشتن ببێته‌وه به‌ڵام ئه‌و که‌سه قه‌ت شۆڕشگێر نییه. ئه‌و دۆخه کاتێکه که که‌سایه‌تییه‌ک ره‌هه‌ندی ئه‌خڵاقی که‌مره‌نگ ده‌بێته‌وه و ڵۆژیکی بازار و قازانج به سه‌ریدا زاڵ ده‌بێ. له‌و فه‌زایه‌دا سیاسه‌تکردن خاوه‌نی ئه‌خڵاق و به‌رپرسیاره‌تی له به‌رامبه‌ر خه‌ڵکدا نییه، به‌ڵکوو سیاسه‌تکردن پیشه‌یه‌که هه‌ر وه‌ک دووکاندارێتی و بازرگانی کردن.
کۆماری کوردستان به چه‌ند هۆیه‌ک، له‌وانه کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی یه‌کیه‌تی سۆڤییه‌ت له ئێران، رووخانی کۆماری ئازه‌ربایجان له 13 دێسامبه‌ر که له‌ودا رێبه‌رانی کۆماری ئازه‌ربایجان له سه‌روویانه‌وه پیشه‌وه‌ری بۆ سۆڤییه‌ت هه‌ڵاتن و هه‌روه‌ها به هۆی خیانه‌تی سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان، له 17 دێسامبه‌ری سالی 1946 پاش 11 مانگ رووخا. قازی محه‌ممه‌د وه‌ک سه‌رکۆماری کوردستان بۆ دوایین جاڕ له 6 ی دێسامبه‌ر له مزگه‌وتی هه‌باس ئاغا له گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی کۆمار و سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کاندا کۆ ده‌بێته‌وه. له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا قازی محه‌ممه‌د و سه‌دری قازی باس له به‌رگری کردن له به‌رامبه‌ر سپای شادا ده‌که‌ن، به‌ڵام سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان دژی ئه‌و بوچوونه راده‌وه‌ستن. دواجار خه‌ڵک ده‌ستبه‌رداری ئازادی و ده‌ستکه‌وته‌کانی کۆماری کوردستان و له راستیدا ده‌ستبه‌رداری که‌سایه‌تی هاووڵاتی بوونیان ده‌بن. به‌و پێیه هێزه‌کانی شا له 26 سه‌رماوه‌زدا مهاباد داگیر ده‌که‌نه‌وه. ڵێره‌دا چێدیکه قازی محه‌ممه‌د سه‌رۆک کۆماری کوردستان نییه و هیچ جۆره به‌رپرسیاره‌تییه‌کی حقووقی نییه. ئه‌وه‌ی که قازی محه‌ممه‌د ده‌مێنێته‌وه و هه‌ڵنایه‌ت، به‌رپرسیاره‌تییه‌کی حقووقی نییه چۆنکه له هیچ یاسایه‌کدا، له کاتێکدا که خه‌ڵک خۆیان به‌رگری ناکه‌ن، داوا له سه‌رۆک کۆماره‌که‌یان ناکه‌ن که له ئه‌گه‌ری کۆشتندا هه‌ڵنه‌یه‌ت و بمێنێته‌وه. به‌وپێیه ڵێره‌دا مانه‌وه‌ی قازی محه‌ممه‌د به‌رهه‌می به‌رپرسیاره‌تی و ئهخڵاقێکی شه‌خسییه. دیاره له دادگایی کردنی قازی محه‌ممه‌ددا 12تاوان وه‌ک بانگهێشتکردنی بێگانه بۆ وڵات، دروستکرنی نه‌خشه‌ی کوردستانی گه‌وره‌ی، راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی حکوومه‌تی کوردستان و داگیرکردنی به‌شێکی گه‌وره له خاکی ئێران به ناوی خاکی کوردستان و … رووبه‌ڕوی ده‌که‌نه‌وه. ئه‌وان چاوه‌روانیان نه‌ده‌کرد قازی محه‌ممه‌د بمێنێته‌وه، به‌ڵام که مابووه هه‌وڵیاندا که‌سایه‌تی سه‌رۆک کۆماری کوردستان له نێو ببه‌ن. له‌و فه‌زایه‌دا جه‌سته‌ی قازی محه‌ممه‌د هه‌ره‌شه‌ی کۆشتنی لێده‌کرێ، به‌ڵام ئامانج له‌و هه‌ره‌شه‌یه کۆشتنی ئه‌ندێشه و که‌سایه‌تی سه‌رۆک کۆماری کوردستانه. قازی محه‌ممه‌د رووبه‌ڕوی هه‌ڵبژاردنێکی زور دژوار ده‌بێته‌وه، هه‌ڵبژاردن له نێوان مردن و ژیان، جه‌سته و ئه‌ندێشه، رۆح و مادده. دیاره مرۆڤ هه‌م له جه‌سته و هه‌م له ئه‌ندێشه پێکهاتووه واته ناکرێ مرۆڤێک هه‌بێ به بێ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی جه‌سته بێ. ڵیرهدایه که قازی محه‌ممه‌د سه‌رتر له ئه‌خڵاقی مرۆڤ ده‌روا و ده‌ست ده‌کا به دیاڵۆگکردن له نێوان ئه‌ندێشه و ئازادی، ده‌ست ده‌کا به فیداکردنی جه‌سته له پێناو پاراستنی ئه‌ندێشه و که‌سایه‌تی سه‌رۆک کۆماری کوردستان. له دنیادا زۆر رێبه‌ر هه‌ن که ژیانی خۆیان به‌ختی ئازادی کردوه، به‌ڵام مردنیان به ده‌ست خۆیان نه‌بووه. قازی محه‌ممه‌د خۆداوه‌ندی کورده چۆنکه نه‌ک هه‌ر ژیانی، به‌ڵکوو مردنی جه‌سته‌شی له چنگ خۆی ده‌گرێ و به‌ختی ئازادی و سه‌ربه‌ستی کوردی ده‌کا. خۆداوه‌ندی کورد بنیاتنه‌ری رێبازێکه که له‌ودا ژیان و جه‌سته‌ی مرۆڤ ده‌چێته خزمه‌ت ئه‌ندێشه‌ی ئازادی.
سه‌رچاوه‌کان:
1_ به‌ختیار عه‌لی، ئه‌خڵاق له کوێوه سه‌رهه‌ڵده‌دات؟
2_ ژۆرژ پۆڵیتسێر، بنه‌ماکانی فه‌ڵسه‌فه، وه‌رگێران بۆ کوردی: هادی محه‌ممه‌دی
3_ د.ئه‌فراسیاو هه‌ورامی، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له سه‌رده‌می شه‌ڕی دووه‌می جیهانیدا
4_ محه‌ممه‌د ره‌زا سه‌یف قازی، نهێنییه‌کانی دادگایی‌کردنی قازی محه‌ممه‌د، وه‌رگێران بۆ کوردی: عه‌لی ئه‌کبه‌ر مه‌جیدی
5_ بڵاوکراوه‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستان، یادی 60 ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی پێشه‌وا و هاورێیانی
6_ به‌دره‌دین ساڵح، سه‌رۆک کۆماری کوردستان له به‌رده‌م دادگای ئێران‌دا