Home / بەشی مێژووی كورد / ڕێکەوتنامەی سایکس بیکۆ دوای 100ساڵ

ڕێکەوتنامەی سایکس بیکۆ دوای 100ساڵ

ڕێکەوتنامەی سایکس بیکۆ دوای 100ساڵ

 

f86d16788cda810f9e785c4174036529_L

 

نوسینی:کەیوان ئازاد

ڕۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٦ی مایسی ٢٠١٦، (١٠٠) ساڵ بەسەر واژۆکردنی رێککەوتننامەی (سایکس – بیکۆ)دا تێپەڕ دەبێت. ئەو رێککەوتننامەیەی لەنێوان (مارک سایکس)ی سیاسەتمەداری بەریتانی و (جۆرج بیکۆ)ی دیپلۆماتکاری فەڕەنسیدا واژۆ کرا.

یەکەمیان سەرباری ئەوەی سیاسەتمەدار بوو، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەریتانیا و بریکاری وەزارەتی دەرەوەی حکوومەتی بەریتانیا و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای شەڕی حکوومەتەکەی بوو لە جەنگی یەکەمی جیھانیدا.

ھەرچی دووەمیانە (جۆرج بیکۆ) باڵیۆزی حکوومەتی فەڕەنسا بوو لە بەیروت. واتە ھەردووکیان دوو سیاسەتمەدار و دیپلۆماتکاری وڵاتەکەیان بوون، کە دەستیان چووە خاکێک و لەنێوان خۆیاندا دابەشیان کرد، کە نە ھی خۆیان بوو، نە پرسیشیان بە ھیچ یەک لە پێکھاتەکانی ئەو ناوچانە کرد. بەمەش بۆ چەندین ساڵ خزمەتێکی گەورەیان بە سیاسەت و ئابووریی وڵاتەکەیان کرد.

ئەوەش دوای ئەوەی توانییان ناوچەیەکی بەرفراوان لە (میسۆپۆتامیا و شام)، کە تا ئەوکات سەر بە ئیمپراتۆرێتی عوسمانی بوو، لەنێوان خۆیاندا دابەش بکەن و لەبری چەند ولایەتێکی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی، بیکەنە چەند دەوڵەتێکی تازە دامەزراو لە خزمەت وڵاتەکەیاندا. وەک دواتریش دەرکەوت لە ھەرسێ ویلایەتی (موسڵ- بەغداد- بەسڕە) دەوڵەتی ئێراق و لە ویلایەتەکانی (دیمەشق و حەلەب) دەوڵەتی سووریا و لە (ویلایەتی بەیرووت) دەوڵەتی لوبنان و لە (ویلایەتی فەلەستین)یش دەوڵەتی ئیسرائیلیان دروست کرد. ئەمە و جگە لە دروستکردنی شانشینی ئوردون لە ناوچەکانی خۆرئاوای ویلایەتی (بەغداد و بەسڕە). واتە (ئێراق) وەک دەوڵەتێک لە ساڵی (١٩٢١ز) و (ئوردون) وەک شانشینێک لە ھەمان ساڵ بۆ بنەماڵەی (شەریف حوسێن) دروست کرا، چونکە لە جەنگی یەکەمی جیھانیدا ئەو کەسایەتییە عەرەبییە حیجازییە، لە ساڵی (١٩١٦ز) سەرکردایەتیی شۆڕشێکی عەرەبیی لە دژی ئیمپراتۆرێتیی عوسمانی کرد. لەبری ئەو چاکەیەش دەوڵەتی بەریتانیا (فەیسەڵی کوڕی شەریف حوسێن)یان کردە پادشای ئێراق و (عەبدولڵای کوڕی شەریف حوسێن)یشیان کردە پادشای ئوردون.

ھەرچی دەوڵەتانی سووریا و لوبنانن، لە ساڵی (١٩٤٦ز) لەلایەن دەوڵەتی فەڕەنساوە سەربەخۆییان پێ درا و وەک دەوڵەت ناسێندران، دوای ئەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی دانی بە سەرخۆییاندا نا. (دەوڵەتی ئیسرائیل)یش لە ساڵی (١٩٤٨ز) بە پشتیوانیی دەوڵەتانی ھاوپەیمانیی ھەردوو جەنگی یەکەم و دووەمی جیھانی لەسەر خاکی فەلەستین دامەزرا، چونکە جووەکان لە ھەردوو جەنگەدا پشتیوانێکی گەورەی سیاسی و ئابووریی وڵاتانی ھاوپەیمان بوون. بەوەش ڕێککەوتننامەکە بووە ھۆکاری چەند گۆڕانکارییەکی گەورە لە نەخشەی سیاسیی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، کە تا ئەوکات، واتە تا ساڵی (١٩١٦ز) بوونی نەبوو.

خاڵی گرنگیش لەو ڕووداوانەدا ئەوە بوو کە ڕێککەوتننامەکە کەوتبووە گەرمەی ڕووداوەکانی جەنگی یەکەمی جیھانی و پرسی دابەشکردنەکەش کەوتە دوای جەنگ. واتە دوای جەنگ دەست بە جێبەجێکردنی بڕگە و ماددەکانی ڕٍێککەوتننامەکە کرا.

ئەوەش ئەمانگەیەنێتە ئەوەی کە ئەگەر کاتی ڕێککەوتننامەکە لە ئاستانەی ڕووداوەکانی جەنگی یەکەمی جیھانیدا بووبێت و جێبەجێکردنەشی کەوتبێتە دوای جەنگ و پرسەکەش بەسترابێتەوە بەو ھێزانەی چووبنە بەرەی دەوڵەتانی براوەی جەنگەوە، ئەوا گومانی تێدا نییە دوای (١٠٠) ساڵ لەو ڕووداوە، ھەردوو وڵاتی بەریتانیا و فەڕەنسا ھەستیان بەوە کردووە، کە ئەوەی دروستیان کرد ھەڵە بووە و زیانی گەورەی بە سیاسەت و ئابووری و ناسنامەی سیاسی ئەوان گەیاندووە. ئەمە و ئەو نەتەوەیەی خاکەکەی بە ناحەق دابەش کرا، لە بەرەی خۆیانە و شەڕی تیرۆریستان داعش دەکات.

ھەر بۆیە لەسەریان پێویستە بیرێک لەو واقیعە بکەنەوە و بە ھەڵە و کاری سیاسیی (١٠٠) ساڵەی خۆیان لە ناوچەکەدا بچنەوە و لەبری پشتیوانی لە دروستکردنەوەی دەوڵەتانی (ئێراق و سووریا)، کە بۆ چەند ساڵێکە لەبەریەک ھەڵوەشاونەتەوە، بە شێوازێکی نوێی سیاسی و لە بەرژەوەندیی ھاوپەیمانە نوێیەکەیان (کورد) دەست بە نەخشە سیاسییە نوێیەکەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بکەنەوە، کە (دەوڵەتی کوردستان) بەشێکە لێی.

لەلای خۆشمانەوە وەک کورد، دوای (١٠٠) ساڵ لەو ڕووداوە پێویستە جارێکی دیکە بە مێژووی سەد ساڵەی ڕابردووی خۆماندا بچینەوە و کارێک بکەین، کە جارێکی دی بێ ویستی کورد بڕیار لەسەر چارەنووسی خاک و نیشتمان و نەتەوەکەمان نەدرێت. واتە دوای (١٠٠) ساڵ لەو ڕووداوە، لەبری ئەوەی خاکەکەمان دابەش بکرێت و نەتەوەکەمان پەرتەوازە بکرێت، (کوردستان) بەرەو سەربەخۆیی و (کورد)یش بۆ سەرفرازی ھەنگاو بنێت. واتە ئەو (دوو) دەوڵەتەی بەر لە (١٠٠) ساڵ کوردستان و کوردیان دابەش کرد، دوای (١٠٠) ساڵ دەوڵەتێکیان لە ناوچەکە بۆ دروست بکەن و چیدیکە نەیکەنە ژێردەستەی ئەو دەوڵەتە دروستکراوانەی لەو ماوەیەدا بە ئاگر و ئاسن وەڵامی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردیان داوەتەوە. خۆ ئەگەر بەر لە (١٠٠) ساڵ تاوانی کوردستان ئەوە بووبێت کە سەر بە ئیمپراتۆرێتی عوسمانی بوو و لەگەڵ ئەو دەوڵەتەدا کەوتووەتە جەنگەوە لە دژی دەوڵەتانی ھاوپەیمان، ئەوا دوای (١٠٠) ساڵ، کورد و سەرکردایەتییەکەی لە بەرەی دەوڵەتانی ھاوپەیماندان لە جەنگی تیرۆریستانی داعش و شەڕی تیرۆریستان و دوژمنانی ھاوپەیمانان دەکەن. ئەوەش دوای ئەوەی ھاوپەیمانان لە گەورەیی و ھێزی کورد و دڵسۆزییان تێگەیشتوون و لەو نەتەوانە نییە کە بێ وەفا بێت و دوای گەیشتن بە دەوڵەت پشت بکاتە دۆستەکانی.

سەرچاوەکانی ئەم باسە:

ونستون چەرچیل: خاترات ونستون چرچیل

حمید احمدی: ریشەھای بحران در خاورمیانە

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …