Home / بەشی مێژووی كورد / ‎خەسرەو خانی ئەردەلان بۆچی پاشایەتی ئێرانی قبوول نەکرد؟

‎خەسرەو خانی ئەردەلان بۆچی پاشایەتی ئێرانی قبوول نەکرد؟

‎سارا ڕەحیم
‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو
‎زانكۆی سۆران
‎کورد لەو نەتەوە دێرینانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە بە درێژایی مێژوو لە سەر خاکی باب وباپیرانی خۆی ژیاوە. هەتا دوژمن هێرشی نەکردبێـتە سەری و خاکی لێ داگیر نەکردبێ ئەم قەت کەڵکەڵەی شەڕ و داگیرکردنی خاکی دراوسێکانی لە سەردا نەبووە. هەمیشە جوامێرانە و دڵپاکانە رێزی لە دوژمنانی لاوازی خۆی گرتووە کەچی هەر ئەو دوژمنانە گەر هەلیان بۆ ڕێکەوتبێ بە ناشیرینترین شێوە و زۆر ناجوامێرانە لە کاتی دۆستایەتی و میوانداری و گوت و بێژدا ئەمیان کوشتووە و تەفروتوونایان کردووە.یەکێک لەو میرانەی کورد کە گرفتاری دڵپاکی خۆی و داوی دوژمنان بوو و بەدەردی سه‌رکرده‌کانیتر چوو خەسرەوخانی ئەردەڵانه‌. ئەم میرەی کورد لە میژوودا بە خەسرەوخانی گەورە یان خەسرەوخانی دووهەم ناوی براوە.

‎خەسرەوخان کوڕی ئەحمەدخان و نەوەی سوبحانوێردی خانی ئەردەڵان بوو. سوبحانوێردی خان که‌ لە دەورەی نادرشای ئەفشاردا هەشت جار والیگەری کوردستانی پێ سپێردرا خەسرەوخانی کوڕەزای زۆرخۆش دەویست و لە بەر ژیری و ئازایەتی رێزی لێ دەنا و هەمیشە دەیگوت دوای من ئەم جێگام دەگرێتەوە. ئاقیبەت ساڵی 1170 کۆچی خەسرەوخان شوێنەکەی باپیری گرتەوە و بوو به‌ دەسەڵاتداری یەکەمی میرنشینی ئەردەڵان. خەڵکی وڵات لە کاتی دەسەڵاتی ئەودا کەوتنە خۆشی و ئاوارەکانیش گەڕانەوە بۆ وڵات. دەسکرایەوە بە ئاوەدانی وڵات و کێڵانی زەوی و زار و کەس لە زوڵم و زۆر نەدەترسا و هەمووان بە خاترجەمی دەژیان. ئەم میرەی ئەردەڵان بە فیتی کەسانی دووزمانی دەوروبەری چەن جار لەلایەن حاکمانی دەوڵەتی ناوەندیی ئێرانەوە لە سەر کار لابرا. بەڵام لە بەر لێهاتوویی دیسان دەسەڵاتی گرتەوە بەدەستەوە. سەردەمی دەسەڵاتداری خەسرەوخان هاوکات بوو لەگەڵ شەڕ و کێشەی بنەماڵەکانی زەند و ئەفشار و قاجار لە سەر بەدەسهێنانی دەسەڵاتداریەتی ئێران. کەریم خانی زەند دوای کوژرانی حەمەحەسەن خانی قاجار باوکی ئاغامحەمەدخان و تێکشکاندنی هێزەکەی بە تەواوەتی دەسەڵاتی ئێرانی دەس کەوت. پێویستە بگوترێ خەسرەوخان پتر نێوانی لە گەڵ حەمە حەسەن خانی قاجار گەرم بوو و چاکەی زۆری لەگەڵ دەکرد. دوای بەدەسەڵات گەیشتنی کەریم خان سڵێمان پاشای بابان هەلی بۆ دەڕەخسێ و بە پارە و دیاری و پێشکەشی دڵی کەریم خان بەدەس دێنێ و داوای دەسەڵاتداریی میرنشینی ئەردەڵان دەکات. کەریم خانیش لە داخی دۆستایەتی گەرمی خەسرەو خان و حەمەحەسەن خانی قاجاڕ لە ساڵی 1177 دا فەرمانی والیگەریی کوردستانی بۆ سڵێمان پاشا دەرکرد و خەسرەوخان هەڵوەدای وڵاتان بوو
‎دوای کوژرانی سڵێمان پاشا و بە دەسەڵات گەیشتنی حەمە پاشا و عەلی خانی کوڕی وڵاتی ئەردەڵان دامەزراوەیی بە خۆیەوە نەبینی هەر بۆیە خەسرەوخانیان بە تاکە کەسێک زانی کە وڵات هێور کاتەوە ناچار لە ساڵی 1180 دا کرایەوە بە والی ئەردەڵان. ئەم جارە ماوەی یانزە ساڵ بەوپەڕی خۆشی و سەرکەوتنەوە والییەتی کرد. وڵاتی ئاوەدان و پڕ پیت و بەرەکەت کرد و هەندێ لەو کارانەی لەو زەمانەدا لە سنە کردوونی بریتین لە: 1_ بنیات نانی حەمام و مزگەوتێک 2_ درووستکردنی چوارباخێکی زۆر بێ وێنە 3_ سازکردنی خانووبەرەی بنکەی فەرمانڕەوایی کە بە تالاری بەرەوتەپۆڵە ناودەبرا.
‎ساڵی 1193 کەریم خان دەمرێ و سەرکردەکانی زەند لە سەر جێنشینی دەبێ بە کێشەیان و عەلیمرادخان کە لە هەمووان بە هێزتر دەبێ جڵەوی دەسەڵات دەگرێ بە دەستەوە.لەو سەروبەندەدا زوڵفەقارخانی ئەفشار کە خزمی نادرشا بوو لەو بۆشایی دەسەڵاتە کەڵکی وەرگرت و داوای پادشایی کرد.لەو لایشەوە ئاغا محەمەدخانی قاجاڕیش داوای دەسەڵاتداریی ئێرانی دەکرد بەڵام ئەو هێزەی نەبوو کارێ بکات. هێزی عەلیمرادخان لە شەڕێکدا لەشکەری زوڵفەقارخانی تێکشکاند و خۆیشیان گرت و کوشتیان. لەم شەڕانەدا ئەحمەدخانی کوڕی خەسرەوخان بە هێزێکی گەورەی ئەردەڵانیەکانەوە پشتیوان و یارمەتی دەری عەلیمرادخانی زەند بوو. دوای ئەم سەرکەوتنانە خەسرەوخان لە سەر داوای عەلی مرادخان دەچێت بۆ چاوپێکەوتنی. لەم ماوەیەدا کە خان لە کوردستان نییە حەمە رەشید بەگی وەکێڵ خەڵکی سنەی هاندا و شکایەت نامەیان لە خەسرەوخان نووسی و ناردیان بۆ عەلیمرادخان. عەلیمرادخان نەیهێشت خەسرەوخان بگەڕێتەوە بۆ کوردستان و فەرمانی والییەتی بۆ کۆهزادخانی کوڕی سوبحانوێردی خان نووسی. بەڵام لەبەر لاوازی و بێ ئەزموونی کۆهزادخان، دوای ماوەیەک خەسرەوخان بە شکۆیەکی تەواوەوە دیسان دەسەڵاتی ئەردەڵانی گرتەوە بە دەستەوە و کۆهزادخانیش بە دیلی دەگرێ بەڵام ئازادی دەکات و لە گوڵ کاڵتری پێ ناڵێ و حەمەڕەشیدبەگی وەکێڵیش دەبەخشێ. کەچی ئەم حەمە رەشیدبەگە هەر وازی لە دوژمنایەتی نەهێنا و لە خەسرەوخان تەکییەوە و هێزی سازکرد و هەڵی کوتایە سەر جوانڕۆ و پاڵنگانیشی گرت و خۆی گەیاندە عەلیمرادخانی زەند و بە تەواوەتی لە خەسرەوخان دڕدونگی کرد کە گوایە ڕه‌نگه‌ جێی پێ لێژکا. عەلیمرادخان کە دوژمنی تری نەمابوو وای بە باش زانی خەسرەوخان بێنێتە ئیسفەهان و بیخاتە ژێر چاوەدێری. هەربۆیە جەعفەرخانی برای بە پێنج هەزار سوارەوە نارد خەسرەوخانی بۆ بگرن و بینێرنە ئیسفەهان. به‌ڵام خەسرەو خان گوێی نەدایە فەرمانی عەلیمرادخان و خۆی نەدا بە دەستەوە و دەرباز بوو. دوای نەمانی خانی ئەردەڵان لە سنە جەعفەرخان بە لەشکەرەوە هاتە ناو شاری سنە و شاریان وێران کرد و زۆر جەزرەبەی خەڵکیان دا.
‎ لە ساڵی 1199 دا عەلیمرادخانی زەند دەمرێ و خەسرەوخان و ئاوارەکانی تر دەرفەت دێنن و دەگەڕێنەوە کوردستان. دوای مردنی عەلیمرادخان لە هەموو لاوە ئاژاوە سەر هەڵدەدا و هەر کەسە و خوازیاری پادشایی ئێران بوو. یەکێ لەوانە ئەڵڵاقولی خانی زەنگەنە بوو کە بە فیتی حەمەرەشید بەگی وەکێڵ لەشکەرێکی لە هۆز و عەشایەرەکانی کرماشان بە تۆپ و تۆپخانەوە سازکرد تا سنە بگرێت و کاری خەسرەوخانی ئەردەڵان یەکلا بکەنەوە. خەسرەوخان بە حەوسەد چەکدارەوە لە نیزیک سونگور بەرایی بە لەشکەری 30هەزار کەسی ئەڵڵاقولی گرت و شەڕێکی قورس لە نێوانیاندا روویدا و یەکێ لە سوارەکانی خەسرەوخان به‌ناوی میرزابه‌گی که‌ڵهوڕ ئەڵڵاقولی خانی بەر پەل دەکەوێ و سەری دەپەڕەنێ و سەرەکەی دێنێتە بەردەم خەسرەو خان، خان به‌توندی خۆی لێ تووڕەدەکا و دەڵێ نەدەبوو سەری ببڕی. لەشکەری ئەڵڵاقولی خان کە فەرماندەکەیان کوژرابوو لە ترسا هەرکەسە و بە لایەکدا هەڵات و تۆپ و تۆپخانە و ئامێرەکانی شەڕ دەس سوارەکانی کوردستان کەوت. هێزی خەسرەوخان کرماشانی گرت و حاجی عەلی خان مامی ئەڵڵاقولی خانی کرد بە حاکمی کرماشان و خۆی گەڕایەوە بۆ سنە.
‎لەو سەردەمەدا لە لایەکەوە ئاغا محەمەدخانی قاجاڕ ڕاپەریبوو و نیازی بوو ئێران بگرێ بە دەستەوە و لە لایەکیشەوە جەعفەرخانی زەند بە مافی خۆی دەزانی جێنشینی پادشا بێ و لە ئیسفەهان ئیدەعای پادشایی دەکرد هەربۆیە لەشکەرێکی سازکرد هەتا ئاغا محەمەدخان سەرکوت بکا. ئاغا محەمەدخان کە خەبەری ئەو لەشکەرکێشیەی بیست هەڵات و بەرەو مازەندەران دەرچوو، خانی زەندیش بێ کێشە و هەرا هاتە سەر تەختی پادشایی و سکەی بە ناوی خۆیەوە لێدا. لەم نێوانەدا حەمەڕەشیدبەگی وەکێڵ دیسان دەکەوێتەوە دوژمنایەتی کردنی خانی ئەردەڵان و خۆی دەگەیەنێتە لای جەعفەرخانی زەند و هانی دەدا هێرش بەرێتە سەر کوردستان.

‎جەعفەرخان وڵامی بۆ خەسرەوخان نارد کە دەبێ بە فەرمانی من بیت و بێی بۆ لایشم. خەسرەوخان بە توندی وڵامی دەداته‌وه‌ و ده‌ڵێ جوابەکەی ها بەدەم شمشێرەوە. خێرا دەکەوێتە کۆکردنەوەی لەشکەر و لەشکەری کوردستان دەباتە بەهاری هەمەدان و لە بەرانبەر لەشکەری زەنددا خێوەت لێدەدا و دەبێتە شەڕ. لە پێشایی لەشکەری جەعفەرخان پتر لە دوو هەزار تۆپ و زەنبوورەک ـ کە تۆپێکی بچووک بوو و لە سەر وشتر دایان دەنا ـ ڕیز کرابوو و سوارەی چەکداریش لە دوای ئەوانەوە بە ڕیز سەف کرابوون. هەر چەکدارێکی ئەردەڵان بچوایەتە پێشه‌وه‌ بە زەبری گوللە بەرەو پاشیان دەکشاندەوە. سێ رۆژ ئاوا رابورد، رۆژی چوارەم سوارەی کوردستانی قسەی خۆیان کردە یەک بێ گوێدانە گوللە و تۆپ تێکڕا هێرشیان برد و خۆیان کرد بە ناو سپای دوژمندا. هەر لە یەکەمین هەڵمەتدا تۆپ و تۆپخانەی دوژمن گیرا و لەشکری زەند تێک شکا و جەعفەر خان هەڵات و بەرەو شیراز ڕەوی .
‎خەسرەوخان دوو سێ ڕۆژ لە بەهار و هەمەدان مایەوە و دیسان حەمەڕەشید بەگی وەکیلیشی بەخشی هەرچەن حەوت ساڵ بوو لە دوژمنایەتی کۆتایی نەکردبوو. لە پاش ڕاونانی جەعفەرخان خەسرەوخان توانی بروجێرد و کەزاز و فەراهان و گوڵپایەگان و مەڵبەندەکانی ئێراق بخاتە ژێر حوکمی خۆی. بە نیازیش بوو ئیسفەهانی پایتەخت بگرێ. لە نیزیک ئیسفەهان ئیسراحەتی دا بە ئۆردوو. شەو لە کاتی پشووداندا لە ناو کۆڕی پیاوماقووڵان و فەرماندەکانی لەشکردا میرزا ئەحمەدخانی وەزیر بە خان دەڵێ ئەمڕۆ ئێراق و خوزستان و لوڕستان و کرماشانت لە ژێر حوکمدایە و ئیسفەهانیش هەر لەئێستاوە تەسلیمە و لە ئێرانیشدا پادشا نەماوە و ئیتر هیچ هێز و لەمپەرێکت لە بەردەمدا نەماوە ببیتە شای ئێران و ئاغا محەمەدخانی قاجاڕیش ئەو هێزەی نییە بەرانبەریـت بکا. واباشە ئاڵای دەوڵەت هەڵکەیت و سکە و خوتبە بە ناوی خۆت بێ. یەکێکیتر لە راوێژکارەکانی بە ناوی جافربەگ ئیزن لە خان دەخوازێ و لە وڵامدا دەڵێ: ئاوات و ئارەزوو هەرگیز نابڕێتەوە و هەر کەس خۆی بداتە دەستیان هەرگیز ناحەسێتەوە. دنیای بێ حەسانەوەش هیچ ناژی.من دەڵێم ئەم خەیاڵانە لێرە جێ بهێڵن و بیر لە گەڕانەوە بکەنەوە. خەسرەوخان ماوەیەک بیر دەکاتەوە و پاشان سەر بەرز دەکاتەوە و لە ژێر کارتێکردنی قسەکانی جافر بەگدا دەڵێ:ئاشکرایە کە ئەمڕۆ لە ئێراندا کەس لە من دەسەڵاتدارتر نیە و کەس ناتوانێ دژایەتیم بکا. بەڵام رۆژان رۆژیان لە دوایە.ئەمڕۆ من ئەتوانم دەسەڵات بەدەس بێنم و سەرکەوتووانە فەرمانڕەوایی ئەم وڵاتە بکەم بەڵام دوای خۆم کورەکانم و جێنشینەکانم و واریسەکان وەها ناجووڵێنەوە کە لە ناو خەڵک و پیاوماقووڵانی وڵاتدا ڕێزیان بمێنێ و ئیتر لێیان ئەتەکێنەوە و ناومان بە خراپە دەبەن و بە زاڵم و داگیرکەرمان دەزانن ، خوا دەسەڵاتی کوردستانم پێ رەواببینێ بەسە و نابێ پێ لە بەڕەی خۆم پتر راکێشم و رەنجی حەوسەد سالەی باب و باپیرانمان بە فیڕۆ بڕوات
‎ بەم شێوازە خەسرەوخانی ئەردەڵان وازی لە گرتنی ئیسفەهان و پادشایی ئێران هێنا و گەڕایەوە کوردستان. بە بۆنەی دۆستایەتییەکی کۆن کە لە گەڵ حەمە حەسەن خانی قاجاڕ هەبووی نامەیەک بۆ ئاغا محەمەدخانی قاجاڕ کوڕی حەمەحەسەن خان نووسی و ئەو وڵاتانەی گرتبوونی لە گەڵ دیل و تۆپخانە و جەواهێراتی پادشایی هەمووی بەو سپارد و بە بێ کەڵک وەرگرتن لەو هەلە مێژووییە پادشایی ئێرانی بەخشی بە بنەماڵەی قاجار.
‎ئایەتوڵا مەردۆخ لە مێژووی کورد و کوردستاندا سەبارەت بە پێوەندیی خەسرەوخانی گەورە و حاکمانی ئێران دەنووسێ :ئاغامحەمەدخانی قاجاڕ پادشای ئێران چەن جار داوا لە خەسرەو خان دەکات بچێ بۆ لای بەڵام ئەو تەفرەی دا و کەسانیتری لە باتی خۆی نارد بۆ پایتەخت. پادشا دوای دووساڵ خۆ نزیک خستنەوە لە خەسرەوخان دیسان دەعوەتی دەکاتەوە. خان کە دۆستی کۆنی باوکی ئاغا محەمەدخان بووە و خزمەت و چاکەی زۆریشی لەگەڵ خودی شا کردبوو ئەحمەدخانی کوڕی بە سەرپەرستی کوردستان دادەنێ و بە بێ ترس لەگەڵ چەن پیاو ماقووڵێکی کوردستانیدا بەرەو پایتەخت دەڕوا. ئاغامحەمەد خان شەش مانگ خەسرەوخان لای خۆی ڕادەگرێ و بە رواڵەت وەک میوانێکی تایبەتی و ئازیز میوانداریی لێ دەکا. ئاغامحەمەدخان هەمیشە ترسی به‌هێزی و لێهاتوویی خەسرەوخانی لە دڵدا بوو هەربۆیە لە فرسەت دەگڕا لە ناوی ببات. ئاخری کاتێ کە دڵنیا دەبێ خەسرەوخان متمانەی پێ دەکا لە پاداشی چاکە و خزمەتی گەورەی خەسرەو خاندا فەرمانی ژارخوارد کردنی دەرکرد و شەوێ ژاریان کردە ناو ئاو و دەرخواردیان دا. ئەو ژەحرە بە تەواوەتی خەسرەوخان شێت دەکات. هەواڵی شێت بوونی خەسرەوخان دەگاتەوە کوردستان لە هەموو لاوە ئاژاوە سەر هەڵدەدا. ئەحمەدخانی کوڕیشی لە کاتی دامرکاندنەوەی ئاگری یەکێ لەو ئاژاوانەدا گوللەی بەر دەکەوێ و جوانەمەرگ دەبێ. ئاقیبەت لە ساڵی 1206 کۆچیدا خەسرەوخان بە هۆی کاریگەری ئەو ژەحرەوە لە تاران دەمرێـت.
‎ئەنجام
‎بەم شێوەیە تۆماری تەمەنی خەسرەوخانی ئەردەڵان ناسراو بە خەسرەوخانی گەورە لە ئاکامی غەدر و خەیانەتی ئاغا محەمەد خانی قاجاڕی شای ئێران ناجوامێرانە پێچرایەوە. ئاوڕدانەویەکی سەرپێیی لەم سەربوردەیەی خەسرەو خان کە لە هەموو کتێبە مێژووییەکاندا بە هەندێ جیاوازییەوە دووپات بووەتەوە پیشانی دەدا کە:
‎1- خەسرەو خانی گەورە بە پێی ڕەوشتی باب و باپیران و نەتەوەکەی سروشتی داگیرکەرانەی نەبووە و ڕازی نەبووە خاکی کەس داگیر بکات و بە سنووری کوردستان ڕازی بووە و تا نەهاتبێتنە سەری ئامادەی شەڕ و هێرش کردن بۆ سەر خاکی دوژمنانی نەبووە.
‎2-بە وتەی کتێبە مێژووییەکان خەسرەوخانی گەورە خوێنەواریی هەبووە و شێعریشی نووسیوە و بێگومان هەستێکی ناسکی بووە و مێژووی خوێناویی پاشایەتیی ئێرانیشی بە جوانی ناسیوە. ئەمیش بارهاتووی کولتوورێ بووە کە بە دوور بووە لە زوڵەم ، درۆ ، غەدر و خەیانەت و خوێن رشتن کە رەفتاری ئاسایی دەسەڵاتدارانی ئێران بوون و رەنگە هەستی کردبێ بۆ دەسەڵاتداری دەبوایە هەمان رێچکەی بگرتایەتە پێش کە لەگەڵ سروشتی ئەودا ناتەبا بووە هەر بۆیە هەوڵی نەداوە دەسەڵاتی ئێران بگرێ بە دەستەوە.
‎3-هەروەک لەم کورتە مێژووەدا دیتمان خسرەوخان مرۆڤێکی بەخشندە و لێبوردوو بووە و قەت خەیانەتی کەسانی دەوروپشتی نەگرتووەتە دڵ و هەمیشە خەتاکانی بەخشیون. ئەم خسڵەتە بە پێچەوانەی رەوشتی پادشاکانی ئێران بووە کە تەنانەت بەزەییان بە باوک و برا و کوڕ و خزم و کەسوکاری خۆیشیاندا نەهاتووتەوە. کوشتن، کوێرکردن، زەعیف کوژی، ژارخواردکردن هەروەها لە کاتی وتووێژ و دۆستایەتیدا کوشتن و لە پشتەوە خنجێری دوژمنایەتی وەشاندن و بە ڕەزیلانەترین شێواز حکومەت کردن پیشەی دەسەڵاتدارنی سەرەڕۆ و نەگریسی ئێران بووە.
‎4-بە پێچەوانەی خووخدەی شاکانی ئێران، نەبوونی تەماح و گوێ نەدان بە پووڵ و پارە و جەواهێرات یەکێکیتر لە خسڵەتەکانی خەسرەوخان بووە. لە مێژوودا باسی ئەوە کراوە لە کاتی شکاندنی دوژمنانی دا توخنی هیچ کام لە شتە بە نرخ و قیمەتیەکان نەکەوتووە. بێگومان بە درێژایی مێژوو داگیرکردنی گەنج و سامانی خەڵک هاندەری زۆر کەس بوون بۆ دەس خستنی پادشایی و دەسەڵات کە خەسرەوخان لەم ڕەوشتە بەدوور بووە و ئەمەش یەکێکیتر بووە لەو هۆکارانەی وا هەوڵی دەس خستنی پادشایی ئێرانی نەداوە.
‎لە کۆتایی دا دەڵێم ئاخۆ ئەگەر خەسرەوخان بیتوانیبایە بەو تایبەتمەندییانەوە کە بووی لەو کاتەدا دەسەڵاتی ئێرانی بگرتایە بە دەستەوە و پادشاییەکی بە پێچەوانەی ڕەوشتی پادشاکانی پێشوو دابمەزراندایە ، ئایا سەرەڕۆیی و ئەو ئاوە خراپە کە لە کۆنەوە بۆ حکومەتکردن لە ئێراندا ڕژابوو کۆ نەدەکرایەوە و ڕەوشتەکە نەدەگۆڕا؟ ئاخۆ چارەنووسی ئێمەی تەریک و پەراوێزخراو هەروا دەبوو؟ ئاخۆ…
‎رەنگە لانیکەم گەندەڵی و خوێنڕشتن و وڵات بەئاودانی قاجاڕەکان و …ی ئەوانیتر بەرۆکی بە ئێران نەگرتایە.

‎سەرچاوەكان: ١-موکریانی،ھەژار(٢٠٠٢)مێژووی ئەردەلان،تھران؛انتشارات تازە نگاە
٢-مستورە،ئەردلان،ماەشرف خانم (٢٠٠٥)تاریخ الاکراد ،ھەولێر ؛ئاراس و چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە
٣-روحانی(شیوا)،بابا مردوخ(١٩٩٢)تاريخ مشاهير كردجلد سوم .تهران :انتشارات سروش
٤-ايت الله مردوخ ،تاريخ كرد و كوردستان

About دیدار عثمان

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …