Home / بەشی مێژووی كورد / نەجیبە خانی جەلیزاده

نەجیبە خانی جەلیزاده

2386

ئافرەتی رووناکبیری تێکۆشەری کورد خاتوو “نەجیبە خانی جەلیزاده” لەشەوی 11 لەسەر 12ی مانگی حوزەیرانی 1999دا لە تەمەنی 82 ساڵیدا کۆچی دواییکرد و زنجیرەیەک کتێبی مێژوویی و فۆلکۆری بە دەسنووسی لەپاش بەجێما.

ئەم ئافرەتە خزمەتگوزارە پێشکەوتنخوازەی کورد لە 1917.09.08دا لەشاری کۆیه، شاری وێژە و هونەر و زانست، لە دایکبووه. کچی مەلای گەورەی زانا و شاعیری شیعری کۆمەڵایەتی بووه. لەو کاتەی، کە خەڵکی شاری کۆیە لە سەرەتاکانی بیستەکانی سەدەی رابوردوودا کوڕەکانیان نەدەناردە قوتابخانەی فەڕمیی، باوکی زانا و چاکەخوازی ئەو کچەی خۆی لەگەڵ کوڕان لەساڵی 1924دا لە قوتابخانەی سەرەتای کۆیە لەبەر خوێندن دانا، تاکو بووە پۆلی پێنجەم و خاوەن زانیاری رۆشنبیرییەکی هۆشیارانه، خەڵکەکە بەگەرمیەوە رۆڵەکانی خۆیان لەبەر خوێندن دانا.

ئەو ئافرەتە هۆشیارە زیرەکە لەسەرەتای چلەکانی سەدەی بیستەمەوە تێکەڵ بەخەباتی رامیاری میللەتەکەی بووە و بووەتە لایەنگیرێکی دڵسۆتی و چالاکی پارتی هیوا و ئافرەتانی شارەکەی بۆ خەباتکردن لە پێناوی وەدەستهێنانی مافی خۆیان و نەتەوەکەیان هۆشیار کردۆتەوه.

لەگەڵ دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە 1941.08.16دا بووەتە ئەندامێکی دڵسۆزی ئەو پارتە نەتەوەییە دیموکراتییەی کورد و رۆڵێکی رامیاری باشی لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و هەستی نیشتمانی لەنێو ئافرەتانی شارەکەیدا هەبووه، بەتایبەتی لەسەردەمی کۆماری دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی پێشەوا قازی محەمەدی نەمر.

لەگەڵ دامەزراندنی رێکخراوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە 1953.12.11دا رۆڵێکی باشی تێدا گیڕاوە و بەنهێنی بەسەرۆکی یەکێتی ئافرەتان لە کۆیە هەڵبژێردراوە و لەدوای بەرپابوونی شۆڕشی 14ی تەممووزی 1985یشدا بەشێوەیەکی ئاشکرا بەسەرۆکی یەکێتی ئافرەتەکانی کوردستان – لقی کۆیە هەڵبژدراوە و لەئاهەنگ و بۆنە نیشتمانیەکاندا وتاری یەکێتی ئافرەتانی خوێندۆتەوە و مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و بزوتنەوەی ئافرەتانی کوردستانی بۆ جەماوەر شیکردۆتەوه.

خاتوو نەجیبە بەشداریی لە شۆڕشی ئەیلوولدا کردوو و لە دوای نسکۆهێنانی ئەو شۆڕشە مەزنەش بەکاریگەریی پلانە چەپەڵەکەی جەزائیر لە 1975.03.06دا لە ساڵی 1975-1977 لە ئێران ماوەتەوە و ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆری ژیانی دەربەدەری چەشتووه، ئینجا گەڕەواتەوە کۆیە و لەو شارەدا رۆڵێکی کۆمەڵایەتی وەک “حەپسەخانی نەقیب” لە سلێمانیدا بینیووە و هەموو لایەک رێزیان لێناوه، چەند ساڵێک پێش کۆچکردنی روو دەکاتە شاری هەولێری پایتەخت و لە ئەنجامی پیریی تووشی نەخۆشی ئێسکەنەرمەی قاچ هات.

ئەم ئافرەتە رووناکبیرە لە ماوەی ژیانیدا سێ بەرگ لە تەفسیری قورئانی لە نووسینی مەلای گەورەی باوکی بە چاپگەیاندووە و لە نووسینەکانی خۆیشی کۆمەڵێک بابەتی بەنرخی بەدەسنووسی لەپاش بەجێماوە و لەوانەش:

1. مێژووی کۆیه
2. مێژووی بنەماڵەی جەلیزاده
3. هەواڵی رووداوەکانی کوردستان لەسەردەمی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول لە 1961دا
4. کۆمەڵێک لە چیرۆکی فۆلکلۆری و دیاری کوردەواری

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …