Home / بەشی مێژووی كورد / بۆچی کورد لەناو پاشاكانی “ماد” دا زیاتر شانازی بە کەیخوسرەو دەکات؟

بۆچی کورد لەناو پاشاكانی “ماد” دا زیاتر شانازی بە کەیخوسرەو دەکات؟

146201884800_KAYXUSRAWW

بۆچی کورد لەناو پاشاكانی “ماد” دا زیاتر شانازی بە کەیخوسرەو دەکات؟

بە کوردی کەیخوسرەو بە یۆنانی”کیکسار”بە فارسی “هوخوشترە” کوری “فراوەرتیس” ی کوری “دیاکۆ”ی دامەزرێنەری دەوڵەتی مادە سێیەم پادشای ئیمپراتۆریه‌تی ماده‌ و لە ساڵی ٦٢٥ بۆ ٥٨٥ پ.ز فەرمانڕەوای کردووە بە بەهێزترین پاشای ماد دادەنرێت.

مادەکان لە حەوت هۆزی جیاوازی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتبوون دوای ئەو زوڵم و زۆرەی لەلایەن دەوڵەتی ئاشووری داروسێیانەوە دەکرایە سەریان، بە ناچاری یەکیان گرت لە ژێر سەرکردایەتی “دیاکۆ” دا توانیان دەوڵەتی ماد لە ساڵی ٧٠٠ ی پێش زاین دابمەزرێنن تا ساڵی ٥٥٠ پێش زاین کە بەدەستی “کۆرش”ی فارسی کۆتای پێ هات و جڵەوی دەسەڵات لە ناوچەکەدا لە کوردەکانەوە گۆڕدرا بۆ فارسەکان و تا ئێسه‌یش بەردەوامە .

زۆربەی مێژوونووسانی دنیا هاوڕان لەسەر ئەوەی نەتەوەی کورد پاشماوەی مادەکانن. قسەکردن لەسەر دەوڵەتێکی چەند سەد سالە کە مێژوونووسان بە یەکەم ئیمپراتۆریەتی سەر زەوی ناوی دەبەن، بەهۆی ئەو ڕووبەرە زۆرەی کە فەرمانڕەوای تێدا کردووە، زۆر هەڵدەگرێت بۆیە لێرەدا تەنیا باس لە یەکێک لە پاشاکانیان دەکەین کە بووەته‌ سومبۆلێک لای نەتەوەی کورد و تەنانەت لە مارشی نیشتیمانی كوردستانیش به‌ شانازیییه‌وه‌ دەڵێین ئێمە ڕۆڵەی “کەیخوسرەوین” لە کاتێکدا دیاکۆ دامەزرێنەری دەوڵەتی مادە، بەڵام ئەوەی وای کردوە کەیخوسرەو ئەو ڕۆڵە سومبۆلیە بگێڕێت ئەوەیە کە یەکەمجارە لە مێژووی کورد  پاشایەکی کورد بتوانێت خاکی هەر چوار پارچەی کوردستان ئازاد بکات و بیخاتە سەر دەوڵەتەکەی . هیرۆدۆت مێژوونووسی یۆنانی لە کتێبەکەیدا بەناوی “هیستۆریا” کە لە سەدەی پێنجەمی پێش زاین نووسیویەتی و نزیک بووە لە ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە باسی دەوڵەتی ماد و کەسایەتی کاریزمای کەیخوسرەو دەکات کە چۆن هەوڵی داوە تۆڵەی ئەو زوڵم و زۆرەی ئاشووریییەکان بکاتەوە کە بە درێژای سەدان ساڵ دەرهەق بە مادەکان ئەنجامیان داوە .

هێرۆدۆت دەڵێت دوای ئەوەی باوکی کەیخوسرەو لە ساڵی ٦٢٥ پ.ز لەلایەن ئاشوورییەکانەوە دەکوژرێت ئەم جێگەی باوکی دەگرێتەوە و هەرزوو توانیویەتی سوپایەکی بەهێز پێک بهێنێت و هەموو خاکی “ئێران”ی ئێسته‌ بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە و فارسەکان ناچار بکات بێنە ژێر دەسەڵاتییەوە، دوای ئەوە بڕیار دەدات هەموو ئەو خاکانە ڕزگار بکات کە ئاشوورییەکان دەستیان بەسەردا گرتووە، بۆیە بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی گەورەترین دەوڵەتی دنیا واتە ئاشوورییەکان کە زیاد لە هه‌زار و 500 ساڵ فەرمانڕەوای بەشێکی زۆری “عێراق”ی ئێسته‌ بوون ڕوو دەکاتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئاشوورییەکان.

لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی٦١٦پ.ز سوپای ماد بەرەو ئاشوور هێرشیان برد لەوساڵەدا (ئەراپخا)کەرکووکی ئێسته‌یان لە ژێر دەستی ئاشوورییه‌كان ڕزگار کرد، پاشان ئوربیلوم “هەولێر” و دواتر شاری( تربیس)یان لەباکوری نەینەوا گرت و پاشان لە دیجلە پەڕینەوە و شاری ئاشوور پایتەختی پێشووی ئاشووریییان و ێران کرد، بابلییەکان بە سەرکردایەتی “نەبوپلاسەر”ی پادشای بابل هاتن بۆهاوکاری مادەکان، بەڵام کاتێک بابلییەکان گەیشتن شارەکە لەلایەن مادەکانەوە کۆنترۆڵ کرابوو هەرلەو شارە وێران بووەدا بابلییەکان هاوپەیمانیەکیان لەگەڵ مادەکان بەست،  پاشان سوپای ماد و بابل لە ساڵی ٦١٢ پ.ز هێرشیان کردەسەر نەینەوا و بۆ ماوەی سێ مانگ گەمارۆیاندا لەو ماوەیەدا سێ شەڕی خوێناوی ڕووی دا سەرەنجام پاش دروستکردنی لافاوی دەستکرد بۆ سەر شارەکە و و ڕووخاندنی دیواری شوورای نه‌ینه‌وا، توانیان شارەکە داگیر بکەن و پاشای ئاشوور (سینشاریشکون) خۆی کوشت و بەشێک لە سوپای ئاشوور بەرەو حەڕان ڕایان کرد و شارەکە بە تەواوی وێرانکراو بۆ هەمیشە کۆتایی بە دەوڵەتی ئاشووری هات.

پاش ئەوەی کەیخوسرەو توانی ببێتە هێزی یەکەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵیدا دەست بگرێت بەسەر شانشینی دەوڵەمەندی لیدیا کە دەکەوێتە یۆنانی ئێسته‌وە لەوکاتەدا باوکی قارون کە لە قورئاندا ناوی هاتووە حوکمی یۆنان و بەشێکی تورکیای دەکرد ، دوای چەندان شەڕ و گرتنی بەشێک لە ناوچەکان نەیتوانی هەموو یۆنان بخاتە ژێر دەستی و بەهۆی خۆرگیرانێکەوە هەردوو سوپا لەساڵی ٥٨٥پ.ز کۆتایان بەشەڕ هێنا و کچێکی پاشای لیدیا شووی بە کوڕی کەیخوسرەو کرد وەک سەرەتایەک بۆ کۆتای هێنان بە شەڕەکانیان. هەر لەو ساڵەدا کەیخوسرەو گیانی لەدەست داو “ئەستیاگس_ئەژدەهاگ”ی کوڕی شوێنی گرتەوە تا ساڵی ٥٥٠ پ.ز بەدەستی کۆرش کۆتای بە دەوڵەتی ماد هێنرا.

*سنووری ئیمپراتۆری ماد لە ڕۆژهەڵاتەوە لە ڕووباری جەیحونەوە دەست پێ دەکات، لە باکورەوە ڕووباری ئاراس لە باشورەوە کەنداو لە ڕۆژئاواوە ڕوباری هالیس (قزلئیرماقی ئێسته‌) بەگشتی مێژوونووسان ڕووبەری ئیمپراتۆریه‌تییەکە بە1.3ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە دەخەمڵێنن. دەربارەی مردنی كه‌یخوسره‌و هەندێک لە مێژونووسان ٥٨٥ و هەندێک ٥٨٤ پ.ز دیاری دەکەن. دیاکۆنۆف مێژونووسی گەورەی ڕووسی خاوەنی کتێبی مادەکان پێی وایە لە گۆڕی قسقاپان لە پارێزگای سلێمانی نێژراوە.

تێبینی : وێنەکە شوێنەواری مادیە لە چەمی ڕێزان کە ده‌گوترێ گۆڕی کەیخوسرەوە له‌و شوێنه‌یه‌.

 

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …