Home / به‌ڵگه‌نامه‌ / کورد لە نامەکانی میس بێڵ دا

کورد لە نامەکانی میس بێڵ دا

کورد لە نامەکانی میس بێڵ دا

 

1458723666449

لەئینگلیزییەوە: محەمەد حەمە ساڵح تـۆفـیـق

به‌شی یه‌که‌م

خــوێـنـەری بـەڕێــز:

خاتوو گێرتروود بێڵ، كە بە میس بێڵیان خاتوونی بەغدا ناسرابوو، كەسێكی وریا و بلیمەت و شارەزای وڵاتانی دوورگەی عەرەب و عێراق بوو، عەرەبی و فارسی بە چاكی دەزانی و ساڵی 1917 لەگەڵ سوپای بەریتانیادا هاتبووە عێراق و سكرتێری كۆمیسیاری باڵا و بڕیار بەدەستێكی كاریگەر بووە لە سیاسەتی ئینگلیزدا سەبارەت بە عێراق و مەسەلەی كورد. باوكی ئەم خاتوونە لۆردێكی بەریتانی بوو و ئەمیشبەردەوام لە عێراقەوە نامەی بۆ ناردووە بەشێوەیەكی تاڕادەیەك رۆژانە و راوێژی پێكردووە بۆ راییكردنی كاروباری عێراقی ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا. پاشان لە ساڵی 1926 دا هەر لە بەغدا كۆچی دوایی كردووە و نێژراوە.

من ئەو نامانەم لێرەدا هەڵبژاردووە كەوا كەم تا زۆر پەیوەندییەكیان بە كوردەوە بووە و سەرچاوەی یەكەمم دەقی ئینگلیزیی نامەكانی «میس بێڵ» ە كە خراونەتە سەر تۆڕی ئینتەرنێت. دواتر سوودم لە كتێبێكی بۆ عەرەبی وەرگێڕدراو وەرگرت لەلایەن جەعفەر خەیاتەوە بەناوی «العراق فی رسائل المس بیل» كە لەلایەن «الدار العربیە للموسوعات»ساڵی 2003 چاپ و بڵاوكراوەتەوە و ئەو دەقانەشم كە لەوێ دەستكەوت بەراوردم كردن بە ئینگلیزییەكەی. لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی بنكەی ژین، لە سلێمانی، بكەم كەوا ئەم كتێبە دانسقەیەیان خستە بەردەستم.

بەهیوام ئەم نامانە هەندێك رووناكی بخاتە سەر ئەو زەمان و سەردەمەی كەوا بڕیار بەدەستانی بەریتانیا لە عێراق و ناوچەكەدا چۆن لە پشتی پەردەوە كاریان كردووە و چۆنیان روانیوەتە مەسەلەی كورد لەو دەمەدا.

ئەو نامانەی میس بێڵ كە باسی كورد و مەسەلەی كوردیان تێدا هاتووە:

1

13ی دیسەمبەری1917، بـەغدا

باوك و دایكی ئازیزم، تائێستا پۆستم دەست نەكەوتووە و تاقە سەرچاوەی هەواڵی دنیای دەرەوەم لە ئاژانسە خراپەكەی ڕۆیتەرەوەیە. مۆڵخواردنی ئەڵمان لە بەرەی رۆژئاوادا جێی مەترسییە و نازانین ئەنجامی چۆن دەبێت. ئەمریكییەكان هێز و چەكێكی زۆر دێنن و تۆ بڵێی لە گشت دەریاكان بپەڕنەوە؟ ئەگەر وابێت پاڵپشتێكی باش دەبن. لێرە جەنگ لە كۆتاییدایە بەڵام بەڕێوەبەرێتی هەر لەجێی خۆیدایە. ئێمە دۆڵی فوراتمان تا باشووری رۆژئاوا گرتووەو چووینەتە ئەو ناوچانەوە كەنەخشەیان بۆ نەكراوە و شتێكی ئەوتۆش لەبارەی هۆزەكانی ئەو ناوە نازانین. من لە كۆتایی مانگدا بۆ ئەو ناوچانە شۆڕ دەبمەوە. حاڵی حازر من تاوتوێی جوگرافیای حەوزی فورات دەكەم و بەپێی توانا سكێچی بۆ دەكەم، ئەمەش لەو جۆرە كارانەیە كە تاڕادەیەك مەحاڵە لە ئۆفیسدا ئەنجام بدرێت چونكە هەموو دەم كارت پێدەبڕدرێت و بەگشتی من كتێب و نەخشەكان دەبەمە ماڵەوە و دوای نانخواردنی نیوەڕۆ كاریان لە سەر دەكەم. ڕۆژ بە فڕین دەفڕێت و هەفتەش بە پەلە دەڕوات و زۆر قورسە بیر لەوە بكەیتەوە كە ئێمە ئێستا لە نزیكەی نیوەی زستانداین. تائێستا ئەو بارانەی حەزی لێدەكەین نەباریوە بەڵام ئەوە هەفتەیە سەرماكەی بەدڵمانە و حەوزی ئاوی باخچەكەم ئەو دوو بەیانییە دەیبەستێ و ئەمە زۆر خۆش و جێی سەرسوڕمانە. دوێنێ بەرەبەیان چووم بۆ دەرودەشت و زۆر كەیفم بە تەزینی بەر ئەو هەوا ساردە دەهات و لەپاش سەعاتێك ئەسپ سواری دەست و قاچم سڕ بووبوو. دوای نیوەڕۆیەك چووم بۆ شوێنی پێشبڕكێی ئەسپ لە دەرەوەی شار، كەوا كاپتن لوپتۆن سەرپەرشتی دەكرد. بەڕاستی شوێنێكی خۆش بوو و لەو ناوەدا ئەسپ لە تەویلەیگەورەدا یارییان دەكرد لەژێردارخورمادا و كێڵگەی گەنمەشامی و جۆ و سەوزەواتیان بە تەنیشتەوە بوو. كاپتن لوپتۆن ماینێكی زۆر جوان و ڕەخشنی عەرەبی پێبەخشیم بە مەرجی ڕەزامەندیی جەنەراڵ هۆڵدسوێرس. بۆ ڕۆژی دوایی ئەم پیاوەم لە سەر جادە بینی و بە پێشنیارەكە ڕازی بوو، بەڵام بەو مەرجەی بە تەواوی ئاگام لێبێت و چاودێریی بكەم. دوێنێ دوای نیوەڕۆ سواری بووم و تەماحم خستە بەر سێرپێرسی بچێتە بەشی چاودێریی ئەسپ و داوا بكات جەنەراڵ ئەسپێكی باشی بداتێ. مەیتەرە عەرەبەكەم هۆشداریی ئەوەی دامێ كەوا ئەم ماینە ڕانەهاتووە بە عەرەبانەی ترام و ئۆتۆمبیل و جادەش پڕە لە مانە.

جەنەراڵ هۆڵدسوێرپ پیاوێكی خۆش مەشرەبە و سەرەوكاریی كۆمەڵێك تەویلە دەكات كە دوو هەزار ئەسپیان تێدایە. پێم بڵێ مستەفا پاشات لەبیرە؟ ئەم پیاوە كوردێكی دەسەڵاتدار و دەسڕۆی خانەقینە لە سەر سنووری ئێران و لە مانگی مایسەوە هاتووەتە ئێرە پاش ئەوەی ڕووسەكان بێ ماڵ و حاڵیان كرد كاتێ لەوێ بوون. من ساڵی 1911 لای ئەو ماومەتەوە و زۆری هاوكاری كردم.هەفتەی پێشوو ژنەكەی گەیشتە ئێرە و ڕوخسارێكی جوان و قەشەنگی هەیە و وەك زۆربەی كوردەكان سووروسپی و ناسكە و هاوینی رابوردووی لە چیاكان و ناو هۆز و خێڵەكاندا بەسەربردووە و پاش ئەوەی ڕووس خانەقینیان بەجێهێشت گەڕایەوە ئەوێ. من بانگهێشتم كرد بۆ ئێرە چونكە كاتێ لەوێ بووم بووبووینە هاوڕێ و باسی ئەوەی بۆ كردم كەوا چۆن هەموو چاوەڕێیان كردووین تا فڕۆكەیەكی ئینگلیز دەركەوتووە و بەمە زانیویانە ئێمە نزیكبووینەتەوە و هاكا لەدەست تورك و ڕووس ڕزگارمان كردن. بەهەر حاڵ ئێمە ئەوێش دەگرین، بەڵام ئەگەر ڕووس بە تەواوی لەو سنوورە نەمان، وەك چاوەڕوان دەكرێت. ئەو دەمە ڕەنگە تووشی كێشە وگرفت ببین لەگەڵ ئێراندا چونكە ئەڵمان تۆڕێك سیخوڕ و كرێگرتەیان دروست كردووە.

سوریا شوێنێكی باش و پرشنگدارە بەڵام دەترسم تاسەر وانەبێت.رژێمە تازەكە بەباشی بەڕێوەدەچێت و من سبەینێ لەگەڵ (س) نانی نیوەڕۆ دەخۆم و پیاوێكی خۆش مەشرەبە. لەناو تازە دامەزراوەكاندا كوڕێكی سێر وینگەیتی تێدایەsir R.wingateو دوێنێ نانی لە گەڵم خوارد و چیرۆكی دڵتەزێنی لەبارەی ڕووسیاوە باس دەكرد و كچێكی پرۆفیسۆر ڤینۆگرادۆڤی خواستووە و وای بۆ دەچێت تەواوی خەڵكانی چینی باڵادەست لەناوبرابێتن و كەمیان بە زیندوویی ڕزگاری بووبێت و من لام سەیرە ئەگەر ئەوە ڕاست بێت. ئاخۆ هیچ هەواڵێكی متمانە پێكراوهەیە لەبارەی ئەوەوە كەچی ڕوویداوە؟ پێدەچێت سروشتی ئەو هەواڵانەی وەریاندەگرین بە تەواوی پشت بە بیروڕای ئەو لایەنە ببەستێت كە سەرەوكاریی وێستگەكانی بێتەل دەكات.

هەمیشە كچی دڵسۆز و دڵ لەلاتان

گێرتروود

2

30 ی ئابی 1918

ئەگەر سێرپێرسی زستانی ئەم دواییە لێرە بوایە ئەوە دەیانتوانی كارەكان بێ من رایی بكەن، بەڵام من لەو ساتەوەی كە گەڕامەوە، كابتن ویڵسن هەواڵێكی خراپی پێڕاگەیاندم كە ئەویش دامەزراندنی سێرپێرسی بوو لە تاران.بەڵام لێرە نەبوونی وایلێكردم كەوا من لە سەر هەق نەبم كە لە میانەی زستانی رابوردوودا لەوێ نەبم.ئەوەش شتێكی ئازاربەخش بوو، وانیە؟ چونكە من پاش ئەم هەموو ماوەیە بەشێوەیەك چاوەڕێم دەكرد وەك لە سەر ئاگر بم.

من كوردستانم خۆشویست بە وڵات و خەڵكەكەیەوە و زمانە فارسیەكەم بەس بوو كەوا گفتوگۆی خۆشیان لەگەڵ بكەم، چونكە فارسی وەك دەزانن تابڵێی ئاسانە. من لەو سێ هەفتەیەدا كە بەسواری ئەسپ بەسەرم برد لە گەشتەكەمدا لەوە زیاتر فێر بووم ئەگەر لەماوەی چەند مانگێكدا بە ئۆتۆمبیل بسووڕامایەتەوە لەو وڵاتەدا. بەڵام ئەمە كارێكی پڕ زەحمەت و ماندوێتی بوو، چونكە رێگە و بانەكان بێ ئەندازە خراپ بوون و كەش و هەوا هێجگار گەرم دەبوو لە نێوەڕواندا و ساتەوەختی تاقەت پڕووكێنم تووش هات لە ماندوێتی و بێزاری كەوا لە رۆژانە نووسینمدا باسم نەكردووە، بەڵام هەرگیز لە خەیاڵ و یادەوەریم دەرناچێ. لەگەڵ ئەوەشدا پاش گەڕانەوەم تەواوی چالاكی و ئامادەیم بۆ كار بۆ گەڕایەوە.

ئەو دوومانگەی لە ئێران بەسەرم برد وزەی زۆری پێبەخشیم و ئەمەش كارێكی باشە. چونكە بەشێوەیەكی گشتی ئاگاداریی كاروبار بووم و وای لێكدرم شتەكان باش هەڵبسەنگێنم، بۆیە دەڵێم گەشتەكە ئەو زەحمەت و ماندووبوونەوەی دەهێنا، بێجگە لە خۆشی و كەیف و سەفاكەی.

3

31 ی ئابی 1918

…وەك دەزانن سێرپێرسی رۆیشت بۆ تاران و منیش هزر و ئەندێشەم دابەشبووە بەسەر لەدەستدانی بۆ جاری دووەم و خۆشحاڵیم بەوەی كەوا دوجار هەل و دەرفەت رەخسا كەوا كەسێك دەتوانێت بارودۆخی قورسی ئەوێ چارەسەر بكات، لەكاتێكدا كە سێرمارلینگ نەیتوانی ئەو كارە بكات، لەبەر هۆكاریزۆر كەوا هەمووی لەئەنجامی هەڵەی ئەوەوە نەبوو.

رووس بەشێوەیەك كوردستانی وێران كردووە كە ناچێتە ئەقڵەوە و زستانی رابوردوو هێند كاریگەریی داگیركردنی روسی بەسەرەوەیە كە بە قەدەر هەر وڵاتێكە تووشی وێرانكاریی جەنگ بوو بێت. لە هەندێ شوێن پێنج یەكی دانیشتوانی لە برسا مردوون، چونكە سەرجەمی بەروبوومیان دەستی بەسەردا گیراوە و زۆربەی گوندەكانیان وێران كراوە. ئەو ناوچانەش كە ئێمە توانیومانە دەستی بەسەردا بگرین ئەوە خواردنمان داوە بە خەڵكەكەیان و ئاسایشمان بۆ گێڕاوەتەوە. لێرە هەمووان پێ لەو چاكەیە دەنێن با زمان درێژان لە تاران بۆ خۆیان بڵێن. لە كوردستان هەژار و دەوڵەمەند هەموویان بە پەرۆشن بۆ ئێمە و ئاواتەخوازن ئێمە وڵاتەكەیان بەڕێوە ببەین.

4

9ی مایسی 1920

 

یاداشتێكی نایابمان لە وەزارەتی جەنگەوە پێگەیشت و بۆ ئاگابوون نێردراوە بۆ ئێمە وەزارەتی جەنگ لەم یاداشتەدا سەرنجمان بۆ لای ئەو گەوجێتیە بێسنوورە رادەكێشێت كە لە مەرجەكانی ئاشتیدایە لەگەڵ توركیا. هەروەها یاداشتەكە دەسنیشانی ئەوە دەكات كەوا كێ نیشتەجێ كردنی ئەرمەن لەئەستۆ دەگرێت لە زەوییەكانی توركیا بۆیان تەرخان كراوە. ئێستا ئەستەمووڵ بە تەواوی دەستەوسانە لە جێبەجێ كردنی هەر حوكمێك كە دەریدەكات، تەنانەت ئەگەر مەرجەكانیش قبووڵ بكات. ئەوجا بە چ هۆكارێك پێشنیازی پێكهێنانی حكومەتێكی كوردی خاوەن ئۆتۆنۆمی دەكات و وەزارەتی جەنگ رادەسپێرێت كەوا پێویست دەكات هیچ شتێك لە مەرجەكانی ئاشتیدا دانەنێت كە ئەگەری قبووڵ كردنی نەبێت، چونكە هیچكام لە ئێمە ئامادە نیە پارە و سوپای پێویست دابین بكات بۆ مەبەستێك كە ناكرێت قبووڵ بكرێت بە زەبری هێز نەبێت.لەبەر ئەوە چاوەڕوان دەكەم بانگەوازێكی نوێی ناردبێت بۆ ئەمەریكا و داوای لەویلایەتە یەكگرتووەكان كردبێت كەوا بەرپرسیاریی كێشەی ئەرمینیا لە ئەستۆی خۆی بگرێت.بەهەر حاڵ ئەوان ئەمە رەتدەكەنەوە و ئەگەریش پرس بە منیش بكرێت هەر رەتیدەكەمەوە.لەهەمان كاتدا نەستورییەكان (ئاسورییەكان) بەنیازن بگەڕێنەوەبۆ وڵاتی خۆیان كەوا كوردەكان لێیان داگیر كردوون و لەمەشدا ناتوانین یارمەتییان بدەین.من زۆر بە ترسەوە دەڕوانمە ئەم كێشەیە و بڕوام وایە دەبوو یەكەمجار كەسانێك بنێردرایەن بۆ رێگە خۆشكردن و ترسی ئەوەم هەیە دەردەسەرییەكی خراپ رووبدات و ئەگەرروویشیدا ئەوا ئێمە ناتوانین ویژانی خۆمانی پێ ئاسوودە بكەین. من پێموایە ئەم بزووتنەوەیە خراپ دەورووژێت بەهۆی ئەوەی كە مەرجەكانی ئاشتی هەستی موسڵمانانی ئەنەدۆڵ دەورووژێنێت و دەبێتە هۆی كوشتوبڕێكی گشتی بۆ مەسیحیەكان. پێویستە وەك كۆمێنتێك ئەوە بڵێم كە ئێمە دەتوانین لە ئەستەمووڵدا هەر شتێك بمانەوێبیكەین بەڵام ناتوانین لە ناوەڕاستی ئاسیای بچووكدا هیچ شتێك بكەین.

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …