Home / بەشی مێژووی كورد / گەڕانەوە بۆ دەوڵەتی ماد نەک بۆ کاوە و زوحاک

گەڕانەوە بۆ دەوڵەتی ماد نەک بۆ کاوە و زوحاک

گەڕانەوە بۆ دەوڵەتی ماد نەک بۆ کاوە و زوحاک 

FB_IMG_1490032224840

نوسینی:کەیوان ئازد

کاتێک دەمانەوێ سەرەتاکانی مێژووی سەرهەڵدانی (جەژنی نەورۆز) وەک جەژنێک دیاری بکەین، دەکەوینە نێو سەدان سەرچاوە و بیروڕای جیاواز، کە زۆربەیان لە ئەفسانە کۆنەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە. هەربۆیە ساغکردنەوەی ڕاستی و ناڕاستیی ئەو ڕووداو و ئەفسانانە، دەیان توێژینەوەی گەورەی پێویستە، تا ڕەسەنایەتیی ئەو جەژنە لە ئەفسانە هەڵبەستراوەکان جیا بکاتەوە. سەرەتاش با لەوەوە دەست پێبکەین، کە بەو پێیەی (نەورۆز) وەک سەرەتای ڕۆژ و یەکەم مانگ و وەرزی ساڵ لێ ڕوانراوە و چەندین مێژووی بۆ دروست کراوە، هەر بۆیە زۆرترین سەرنجی هۆنەر و ئەدیب و نووسەر و مێژوونووس و تەنانەت خەڵکانی دی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، تا ئەوەی زۆرترین هۆنراوەی کوردی و فارسی بۆ وەرزەکە، کە (بەهار)ە بۆ یادەکە کە (نەورۆز)ە، هۆنراوەتەوە. بەو پێیەشی بەشێکی زۆری سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە یەکەمین کەسێک یادی جەژنی نەورۆزی کردووەتەوە (جەمشید)ی دامەزرێنەری دەوڵەتی پیشدادییەکان بووە، بەڵام ئەوەش دوورە لە ڕاستییەوە، چونکە لەلایەک تا ئێستا مێژووی ئەو پادشایە و تەمەن و ماوەی فەرمانڕەوایەتیی زۆر ڕوون نییە، لەلایەکی دی ئەم پادشایە لای عەرەبەکان بە (متوشلخ) هاتووە. (متوشڵخ)یش کوڕی (ئیدریس)ی پەیامبەر و باپیری (نوح) پەیامبەر بووە. کاتێکیش دەچینە نێو ڕاستیی ئەو تۆمارانەوە، دەگەینە ئەوەی، کە (متوشڵخ) لە سەردەمی سۆمەرییەکاندا ژیاوە، چونکە لە تۆمارەکانی مێژووی کۆندا ئەوە ساغ کراوەتەوە، کە هەریەک لە (ئیدریس و نوح) وەک (دوو) پەیامبەری مێژووی مرۆڤایەتی، خەڵکی شاری (ئوور)ی سۆمەری بوون و هیچیان لە ئاست پایەی پادشادا نەبوون، ئیتر جێگای سەرنج و پرسیارە کەسێکی وەک (متوشڵخ)ی کرابێتە (جەمشید) و وەک پادشا لە وڵاتی ئێراندا فەرمانڕەوایەتیی کردبێت، چونکە چ شاری (ئوور) و چ ئەو دوو پەیامبەرە لە باشووری عێراقدا ژیاون و لە سەردەمی سۆمەرییەکاندا بوون، نەوەک لە خاکی ئێراندا. هەروەها بەر لەوەی ئەم جەژنە بە ڕووداوێکی ئەفسانەییەوە ببەسترێتەوە، کە (کاوە و زووحاک) بوون، سۆمەرییەکان وەک یەکێک لە کۆنترین کۆمەڵانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و میسۆپۆتامیا بەر لە (سێ هەزار) ساڵ پێش زایین و بابلییەکانیش بەر لە (دوو هەزار) ساڵ پێش زایین، یادی ئەم جەژنەیان کردووەتەوە. جەژنەکەشیان بە ڕۆژی دار و درەخت و سەوزایی و دابارینی بەخشندەیی خودا لە ئاسمانەوە بۆ بەندەکانی لەسەر زەوی زانیوە. واتە ئەو ڕاڤەیەیان بۆ (نەورۆز) کردووە، کە پەروەردگار ساڵانە و لە یەکەمین ڕۆژی ساڵدا بەخشندەیی تەواوی ساڵەکەی بەسەر زەویدا باراندووە. ئەوەش کاتێک مرۆڤە بەندەکانی خودا لەو ڕۆژەدا ڕووخۆش و دەم بە خەندە بووبن و پۆشاکی نوێیان لەبەر کردبێت و بۆنی خۆشیان لە خۆیان دابێت. ئەوەش بەو مانایە بووە، کە مرۆڤە بەندەکان لە بەخششەکانی پەروەردگار ڕازی بوون، بەڵام ئەگەر ئەو ڕۆژە مرۆڤەکان خەمناک و پەست و ڕووگرژ بووبن، ئەوا مانای ئەوە بووە، کە بەندەکانی خودا بەو هەموو بەخششانەی خودا ناڕازی بوون، بۆیە پەروەردگار لەبری بارینی بەخششەکانی بۆ ساڵی نوێ توڕەیی خۆی بەسەر بەندەکانیدا باراندووە. ئەم لێکدانەوەیەی سۆمەرییەکانیش بۆ هاتنی ئەو ڕۆژە، بووەتە باوەڕی کۆمەڵ و دانیشتوانی میسۆپۆتامیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست و ساڵانە وەک ئەرکێکی ئایینی یادیان کردووەتەوە. لەم ئەرکەشەوە نەریتی ئایینی بۆ ئەو یادکردنەوەیە سەری هەڵداوە. لە قۆناغی دواتریشدا و لەگەڵ دەرکەوتنی ئایینی زەردەشتیدا، یادی ئەم جەژنە هێزێکی تری بەبەردا کرا، چونکە بە بڕوای ئەو ئایینە هۆکاری گۆڕینی دونیای مادی بوو بۆ دونیای هەتاهەتایی. ئەوەش بەو واتای ئەوەی، کە سەرەتای یەکەم ڕۆژ و مانگ و وەرزی ساڵ، سەرەتای دەرکەوتنی بەخششەکانی پەروەردگار بووە بۆ بەندەکانی و کۆتایی لێپێچینەوەش بووە لە هەڵە و کەموکوڕییەکانی ساڵی ڕابردوو. دیارە بەو پێیەشی دەرکەوتنی ئایینی زەردەشتی، بۆ ناوەڕاستی سەدەی حەوتەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە، بۆیە ئاسایی لەو سەردەمەوە یەکەم ڕۆژی وەرزی بەهار، کە دەکاتە (1ی نەورۆز) وەک جەژنێکی پیرۆز سەیر کراوە و یاد کراوەتەوە. بەو پێیەشی دەرکەوتنی ئەم ئایینە و پەیامبەرەکەی (زەردەشتی کوڕی پورشاسپ) لە سنووری قەڵەمڕەوی (دەوڵەتی ماد) دەگەڕێتەوە، بۆیە ماددەکانیش ئەم بۆنەیان وەک جەژنێکی ئایینی لە چوارچێوەیەکی سیاسیدا کردووەتەوە و بایەخیان پێداوە. دوای مادەکانیش هەریەک لە دەوڵەتەکانی هەخامەنشینی و ئەشکانی و ساسانی، یەک لە دوای یەک ئەو بۆنەیەیان بە جەژنێکی فەرمیی دەوڵەتەکەیان زانیوە و سەرباری ئەوەی، باجێکی ساڵانەیان بە ناوی (نەورۆزانە) داناوە، لە هەمان کاتدا زۆربەی مەراسیم و بۆنە تایبەتییەکانیان لەو ڕۆژەدا ئەنجام داوە. سەبارەت بە کوردیش مێژوویی و زانستیتر بووە وەک دامەزرێنەری دەوڵەتی ماد لێ بڕوانێت، کە لە سەدەی هەشتەمی پێش زایین دەرکەوت و بوونی خۆی سەلماند و بەهۆشییەوە ساڵنامەی کوردیی لێ دەرئەنجام کرا، نەوەک گەڕانەوە بۆ ئەفسانەیەکی دروستکراوەی وەک (کاوە و زووحاک). سەرچاوەکانی ئەم باسە: 1. القلقشندي: صبح الاعشی فی صناعة الانشاء. 2. د.حسین قاسم العزیز: المفصل فی نشاة نوروز الذهنیة الابداعیة 3. عبدالکریم شاهین: عید النوروز- الاصل التاریخي و الاسطورة.

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …