Home / به‌ڵگه‌نامه‌ / نیگارە تەمەن زیاتر لە چوار هەزار ساڵەکەی کە نزیکی سی و پێنج ساڵ پێش ئێستا لە بێتواتە/ڕانیە/کوردستان دزراوە، چیرۆکەکەی چۆنە؟

نیگارە تەمەن زیاتر لە چوار هەزار ساڵەکەی کە نزیکی سی و پێنج ساڵ پێش ئێستا لە بێتواتە/ڕانیە/کوردستان دزراوە، چیرۆکەکەی چۆنە؟

13096110_827406144054104_2393335891368437246_n

نیگارە تەمەن زیاتر لە چوار هەزار ساڵەکەی کە نزیکی سی و پێنج ساڵ پێش ئێستا لە بێتواتە/ڕانیە/کوردستان دزراوە، چیرۆکەکەی چۆنە؟

نووسینی: سۆران حەمەڕەش
زۆربەی جار هەمان شت دەنووسمەوە کە دەگمەنن ئەو شوێنانەی جیهان کە هێندەی کوردستان مێژووی دێرینیان دەوڵەمەند بێت، سەرەڕای ئەوە هێندەی سەرقاڵی مێژووی دوێنێی عەرەب و فارس و تورکین، لەوەی خۆمان دابڕاوین. تەنها ئەو تێکستانەی کە لە شاری کەرکوک/نوزیدا دۆزراونەتەوە لە هەموو تێکستی فارسی کۆن زیاترن کەچی بە نزیکی لە سەدا سەدی خوێنەواری کورد لێیان بێ ئاگان و لە دانیشتندا کە باسی فارس، عەرەب یان تورک دەکرێت، زۆر جار خوێنەواری کورد ئەوان بە خاوەن شارستانی و خۆ بە داماو و بێ فەرهەنگ دادەنێت.
کوردستان بە دەیان نیگاری هەڵکەندراوی تێدایە. ژمارەیەکیان تەمەنیان زیاتر لە چوار هەزار ساڵە و هەندێکیان تەمەنیان زیاتر لە دەهەزار ساڵە و هەندێکیان نووسینیان لەگەڵە و هەندێکی تریان بی نووسینن. یەکێک لەو نیگار و نووسینە گرنگانە، بەردە هەڵکەندراوەکەی بێتواتەیە. چیرۆکی ئەم بەردە، بەشێکی تر لە داماوی و بە تاڵانبردنی شوێنەوارەکانی کوردستان دەخاتە ڕوو.
ساڵی ١٩٧١ مۆزەخانەی ئیسرائیلی پارچە بەردێک لە پیاوێکی ئەوروپی دەکڕێت و بەو جۆرە ئەو پارچە بەردە لەو ساڵەوە دەبێتە موڵکی مۆزەخانەی ئیسرائیلی و ئەوان دەبنە خاوەنی. لە بنەچەدا ئەو پارچە بەردە لە گوندی “بەردی سانجیان” ی ناوچەی بێتواتەی سەر بە قەزای ڕانیە لە پارێزگای سلێمانیەوە دەبرێت. هەروەها لە هەمان گوند دا لە ساڵی ١٩٧٧ مۆزەخانەی عێراقیش سێ پارچە بەردی تر لەوێوە دەبەنە مۆزەخانەکەیان کە تەواوکەری ئەو بەردەن و هەر پەیوەندیان بە پاتشای ناوچەیی “ئیدین سین” ەوە هەیە.
ئەوەی لە وێنەکەدا دەبینرێت ئەو پارچە بەردەیە کە لە مۆزەخانەی ئیسرائیلە. بەردەکە ٩٢ بە ٩٣ سانتیمەترە، وێنەی سەرەکی بریتیە لە نیگاری پاتشای سەرکەتووی دەوڵەتە شاری سیموروم کە ناوی “ئیدی سین” بووە. پاتشاکە بەپێوە وەستاوە و دوژمنەکەی لە ژێر پێیدایە و لەبەردەم خودایەکی مێینەدا سنگی دەرپەراندووە و کەوانێک بەدەستی چەپیەوە و کوتەکێکی بە دەستی ڕاستی هەڵگرتووە و وەک زۆرینەی نیگارەکانی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە، پاتشاکە بێ ڕیش و سمێڵە و کڵاوێکی تایبەتی لەسەردایە کە هاوبەشی لەگەڵ زۆربەی کڵاوی پاتشاکانی ناوچەکە هەیە و پەشتەماڵێکی کورتی بەستووە. پاتشاکە لە ڕووی بەرزیەوە هەمان بەرزی خوداکەی هەیە، بەڵام وێنەی پاتشاکە باشتر لەوەی خوداکە ماوەتەوە. دوژمنەکەی لە ڕووی قەبارەوە زۆر بچووکترە و لە ژێر پێیدایە، ئەو جیاوازیە گوزارشە لە مەزنی خۆی و بچووکی دوژمنەکەی.
لە سەر بەردەکە و لە دەوروبەری نیگارەکان، نووسینێکی زۆر هەڵکەندراون کە لەلایەن خەڵکی ناوچەکە و بە زمانی ئەکەدی نووسراون (لەبەر کورتی بابەتەکە، لێرەدا تەرجومەکەی دانانێم). بەردەکە بەبۆنەی سەرکەوتنی پاتشاوە هەڵکەندراوە لە کۆمەڵێک جەنگدا، بۆیە نووسینەکە ئاماژە بە سەرکەوتنی پاتشا و دانانی باج لەسەر ناوچە ژێردەستەکاندایە. لەو نووسینەدا باسی خودا سەرەکیەکانی ئەو سەردەمە و سەرکەوتنی پاتشای مەزنی ناوچەکە دەکات بەسەر هەموویاندا. هەروەها وەک نەریتێکی پەێرەوکراوی ئەو سەردەمە، هەڕەشەی ئاینی لە هەر کەسێک دەکات کە زیان بەو بەردە هەڵکەندراوە بگەیەنێت.
دەسەڵاتی پاشاکانی سیموروم هەتاوەکو سەرپێڵی زەهاو ڕۆیشتوون و هەندێک سەرچاوەی نوێ، یەکێک لە نیگارە هەڵکەندراوەکانی ناوچەی سەرپێڵ کە پێشتر بە ئانوبانینی دانراوە، بە نیگاری ئیدین سین-ی پاشای سیموروم یان کوڕەکەی ئەنزەبازونە دادەنێن. سیموروم زیاتر لە چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر دەوڵەتە شارێکی زۆر گرنگی نزیک سلێمانی بووە و ئەمڕۆ دۆزینەوەی ئەم شارە لەوانەیە دەرگایەکی گەورە بەسەر مێژووی دێرینی کوردستاندا بکاتەوە و پێ دەچێت کە ژمارەیەکی زۆر نووسین لە ناو شوێنەواری ئەو دەوڵەتە شارەدا پارێزرابێت.
لە چەند شوێنێکی تری کوردستاندا ناوی پاشای سیموروم هاتۆتەوە. لە ساڵی ١٩٧٩ دا لە گوندی قەرەچەتانی سەر بە پارێزگای سلێمانی، پارچە بەردێکی تر لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە دۆزراوەتەوە. خۆشبەختانە ئەو بەردە لە لایەن خەڵکەوە پارێزراوە و دواتر پێشمەرگەی شەهید، حەمەغەریب هەڵەدنی لای خۆی هەڵیگرتووە هەتاوەکو ساڵی نەوەدەکان کە پێشکەشی مۆزەخانەی سلێمانی کردووە و ئەمڕۆ لە مۆزەخانەی سلێمانیدا ناوی ئەو شەهیدە لە تەنیشت بەردەکەوە نووسراوە. نووسینی سەر ئەو بەردەش دیسان هەر سەبارەت بە پاشای دەوڵەتە شاری سیموروم، ئیدین سین – ە.
وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا دەوڵەتە شاری سیموروم لە چەند سەرچاوەیەکدا ناوی هاتووە و چەندین پارچە نووسراو سەبارەت ئەو دەوڵەتە شارە لە مۆزەخانەی جیاوازدا هەیە. سەرەڕای ئەوە هەتاوەکو ئەمڕۆ مێژووی تەواوی ئەم دەوڵەتە شارە نەنووسراوە و ئەو بەردەی ئەمڕۆ لە مۆزەخانەی ئیسرائیلە، دەشێت بەشێکی زۆر بچووک بێت بەبەراورد بە ئاسەواری شاری سیموروم کە هەتاوەکو ئەمڕۆ وونە. بە دڵنیایی کورد لە ساڵی ١٩٧١ ڕۆڵی هەبووە لە دزینی ئەو پارچە ئاسەوارە و دواتر فرۆشتنی بە مۆزەخانەی ئیسرائیل لەبەر ئەوەی ئەو کاتە دەسەڵاتی شۆڕشی کورد بەسەر ئەو ناوچانەدا زاڵ بووە. هیوادارم ئەمڕۆ هەوڵەکانم لە ناو تێکستە دێرینەکاندا هاوکار بن لەوەی کە لە دەرفەتی گونجاودا ئەو شوێنەوارە گرنگەی ناوچەکە بدۆزرێتەوە و ئەمجارە لە دزی و تیکدان بپارێزرێت و بەشێکی گرنگی ڕابردوومان بخرێتەوە ڕوو.
نووسینی سۆران حەمەڕەش
تێبینی: ئەو وێنانەی دەبینرێت هەروێنەی هەمان نیگارن و یەکێکیان ڕەنگاوڕەنگ و ئەوانی تریانان ڕەش و سپی و دەستکردن. بەڵام لە بنەچەدا وێنەی سەر ئەو بەردە زۆر وەستایانە کشێراون و ووردەکاری نووسینەکانی هونەرێکی زۆر نایابی سەردەمی خۆی بووە. بە داخەوە لەسەر فەیسبوک نەتوانرا وێنەی ووردتر بخرێتە ڕوو.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …