Home / بەشی مێژووی كورد / گەشتی خاتوو بێڵ بۆ هەورامان‌ و شارباژێڕ و کەرکوک‌ و سلێمانی‌ (بەشی یەکەم)

گەشتی خاتوو بێڵ بۆ هەورامان‌ و شارباژێڕ و کەرکوک‌ و سلێمانی‌ (بەشی یەکەم)

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

سەردانێکی خاتوو گێرتروود بێڵی گەورە ڕاوێژکاری بەریتانیا لە بەغدا و دامەزرێنەری دەوڵەتی نوێی عێراق بۆ کەرکووک، سلێمانی، شارباژێڕ، پێنجوێن، هەڵەبجە و هەورامان لە ساڵی ١٩٢١دا و ڕەنگدانەوەی ئەو سەردانە مێژووییە لە دووتوێی نامەکانیدا بۆ باوکی.

٩ی تشرینى دووه‌می 1921

باوكی خۆشه‌یستم، شتێكی باش نییە‌ پێت بڵێم له‌ كوێم، چوونکە‌ به‌ پێی ئه‌وه‌ی له‌ نه‌خشه‌ی جه‌نگیدا دیاریكراوه‌ ده‌بێ پابه‌ند بم پێیه‌وه‌. من شه‌وی 2ی نۆڤه‌مبه‌ر به‌غدام به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر جێهێشت. هەڵبەت‌ تووشی سه‌رسوڕمان نابیت ئه‌گه‌ر ئاگادارى بارودۆخی هێڵی ئاسنی میسۆپۆتامیا بیت و ئه‌وه‌ ببیستی كه‌ پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ جووڵه‌ بكات مه‌كینه‌كه‌ی شكا و دوو کاتژمێر دواتر و له‌ نیوه‌شه‌ودا و دواجار كاتێ كه‌ له‌ خه‌و هه‌ڵسام له‌ قزل ڕه‌بات بووین، ڕێك له‌و شوێنه‌دا كه‌ هه‌ردوكمان پێكه‌وه‌ به‌ره‌و سنووری ئێران ده‌ڕۆیشتین. گرد و به‌رزاییه‌كانی ئێران له‌ حوكمی چاودا بوون و شنه‌بایه‌كی خۆش و فێنكی ئه‌و به‌رزاییانه‌ پێشوازیت لێده‌كات وه‌ك خێر و به‌ره‌كه‌ت. ئێمه‌ كاتژمێرێك یان زیاتر له‌ قزل ڕه‌بات ماینه‌وه‌ و لێره‌ به‌ تۆبزی بڕی پێنج ڕوپێ سزا بۆ هه‌ر پاسپۆرتێكی حاجییه‌ ئێرانییه‌كان وه‌رده‌گیرێت (مه‌به‌ستى زیاره‌تكه‌رانى شاره‌ پیرۆزه‌كانى كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌فه‌ ـ و) كه‌ خۆیان دزیوه‌ته‌وه‌ له‌ داواكاریی پۆلیس كه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌ به‌غدا بده‌ن و سه‌رپێچییان كردووه‌. پاشان خۆم گۆڕی و به‌ هێلكه‌ی كوڵاو قاوه‌ڵتیم كرد له‌گه‌ڵ چایه‌كی گه‌رمی چاكدا و به‌ره‌و كنگربان كه‌وتینه‌ڕێ و موعجیزه‌یه‌ك بوو بۆ خۆی كه‌ فارگۆنه‌كه‌ی من له‌وانیتر نه‌ترازا، چوونکە‌ هێڵه‌ ئاسنه‌كانی میزۆپۆتۆمیا هه‌ژده‌ مانگ له‌و ده‌مه‌ كۆنترن كه‌ تۆ بینیتن و ئێمه‌ش پاره‌مان نییە‌ بۆ كڕینی پێچكه‌ی نوێ و كه‌ره‌سته‌ی یه‌ده‌ك و چاككردنه‌وه‌ و جا وه‌ره‌ بیر له‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی بكه‌ره‌وه‌. ده‌سكی ده‌رگاكان له‌ كردنه‌وه‌دا به‌ده‌ستته‌وه‌ دێن، ئه‌گه‌ر نه‌زانی و ئاگات له‌ خۆت نه‌بوو په‌نجه‌ره‌یه‌كت كرده‌وه‌ ئه‌وه‌ جارێكی تر داناخرێته‌وه‌، به‌لووعه‌ له‌ حه‌مام و ده‌ستشۆره‌كاندا له‌ كاركه‌وتوون و ئه‌گه‌ر بمه‌وێ ئاوی گه‌رمم له‌ مه‌كینه‌كه‌وه‌ ده‌ست بكه‌وێت ده‌بێ كونی حه‌وزه‌كه‌ به‌ كاغه‌ز بگرم. له‌ كنگربان ئۆتۆمبیل چاوه‌ڕێی ده‌كردم و كاتژمێر شه‌شی ئێواره‌ گه‌یشتمه‌ كه‌ركووك و له‌وێ له‌گه‌ڵ ڕاوێژكاری لیواكه‌، مێجه‌ر مارشاڵ مامه‌وه‌. هه‌مان هۆده‌ له‌ حه‌وشه‌ بچوكه‌كه‌دا و جۆگه‌ ئاوێكی پێدا تێده‌په‌ڕی. بیرت دێته‌وه‌ كه‌ تۆ له‌ هۆده‌كه‌ی ئه‌وبه‌ر بوویت؟ من گفتوگۆیه‌كی دوور و درێژم كرد له‌گه‌ڵ مێجه‌ر مارشاڵ سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و خۆت ده‌زانی كه‌ركووك زۆر به‌ توندی سوێندی به‌یعه‌تی بۆ فه‌یسه‌ڵ ڕه‌تكرده‌وه‌ و ئێره‌ نیوه‌ی توركه‌ و نیوه‌ی كورده‌ و خه‌ڵكه‌ توركه‌كه‌ی ڕاشکاوانه‌ ده‌خوازن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر توركیا و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ركووك ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌ڕاستی عێراقه‌وه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ سه‌رناگرێ و به‌شه‌ كورده‌كه‌شی ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ بده‌نه‌ پاڵ ده‌وڵه‌تێكی كوردی ئه‌گه‌ر هاته‌ ئاراوه‌. ئێستا ته‌واوی لیواكه‌ له‌ ژێر ڕكێفی موته‌سه‌ڕیفێكی عه‌ره‌بدایه‌ كه‌ زات ناكات ئاڵای عه‌ره‌بى هه‌ڵبكات و ناشتوانێ ئاڵای به‌ریتانیا هه‌ڵبكات و به‌و ڕه‌نگه‌ هیچ ئاڵایه‌كی هه‌ڵنه‌كردووه‌. فه‌تاح پاشای موته‌سه‌ڕیف هات بۆ ئێوارەخوانێك كه‌ بۆ من ساز كرابوو، فه‌تاح پاشا كه‌م تا زۆر كاربه‌ده‌ستێكی شكۆداری سه‌ر به‌ قوتابخانه‌ی كۆنه‌ و خۆی له‌ دۆخێكی زۆر ناسكدا ده‌بینێ و ته‌نها قه‌ره‌بووی ئه‌و دۆخه‌ی دۆستایه‌تییه‌ به‌تینه‌كه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ ڕاوێژكاردا.

بۆ به‌یانیی ڕۆژی دواتر گه‌وره‌ پیاوی شار سه‌ردانێكی كردم، كه‌ تورك بوو و كه‌سی سه‌ره‌كی بوو له‌ بزووتنه‌وه‌ی سه‌ر به‌ توركدا، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئێستا دۆخی كه‌ركووك دیاری نه‌كرابوو هیچمان باس نه‌كرد له‌ باسی كه‌شوهه‌وا و به‌روبووم به‌ولاوه‌. هه‌ر ئه‌مڕۆش كاتژمێر 11 به‌ ئۆتۆمبێل به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات به‌ڕێكه‌وتم بۆ سلێمانی ڕێگه‌كه‌ یه‌كه‌مجار به‌ دێهاتی ناڕێكوپێكدا ده‌ڕۆیشت به‌ ناو گرد و ته‌پۆڵكه‌ی بچووكدا و ورده‌ ورده‌ هه‌رده‌ و هه‌ڵه‌ت خۆیان كۆده‌كرده‌وه‌ و به‌رزاییه‌كیان پێكهێنا و شۆڕ بووه‌وه‌ بۆ ده‌شتایی و نزماییه‌كی پڕ گژوگیا كه‌ به‌هارێكی بچووك سه‌ریهه‌ڵدابوو و گوڵی په‌مه‌یی په‌یدا بووبوو. كاتێ گه‌یشتینه‌ ترۆپكی به‌رزاییه‌كه‌ له‌ خواره‌وه‌ دۆڵی چه‌مچه‌ماڵمان بینی كه‌ ڕیزه‌ شاخێكی ڕاسته‌قینه‌ له‌وسه‌ریه‌وه‌ بوو، ڕووته‌ن و به‌ردین. له‌ پشتی ئه‌ویشه‌وه‌ زنجیره‌ له‌ دوای زنجیره‌ چیا به‌رزاییه‌كانی هه‌رێمی كوردیان پێكده‌هێنا و تا به‌ره‌و سنووری ئێران بڕۆیشتیتایه‌ی به‌رزتر ده‌بووه‌وه‌. دوور به‌ره‌و باكووری ڕۆژهه‌ڵات بڕۆیت هاوینه‌هه‌واری قه‌ندیل داغه‌ كه‌ لووتكه‌ به‌ به‌فر داپۆشراوه‌كانی چووه‌ به‌ ئاسماندا. گرد و دۆڵه‌كان تا ڕاده‌یه‌ك وه‌ك یه‌ك بوون نه‌ خه‌ڵكیان تێدابوو و نه‌ كشتوكاڵ و تا چاو بڕ بكات فه‌رشی گژوگیا ئه‌و ناوه‌ی گرتبوو و ترۆپكه‌ شاخی به‌ردین لووتی ژه‌ندبووه‌ ئاسمان و هیچ شتێكی تر نه‌بوو. له‌و ناوه‌دا ته‌نها له‌ به‌ر پێماندا گوندی چه‌مچه‌ماڵ دیاربوو، خانووی قوڕی ساپیته‌ فلات له‌ بن گردێكی كۆنی میدییه‌كاندا به‌ ته‌نیشتی یه‌كتره‌وه‌ دروستكرابوو (چه‌مچه‌ماڵ له‌و ده‌مه‌شدا شارۆچكه‌یه‌ك بووه‌ نه‌ك گوند – و). ئه‌مه‌ وڵاتی عه‌شیره‌تی هه‌مه‌وه‌ندی به‌هێز بوو كه‌ به‌رده‌وام مایه‌ی ترس و تۆقاندن بوون بۆ حكوومه‌ت و له‌و گونده‌ په‌رت و بڵاوانه‌ی نێوان گرد و ته‌پۆڵكه‌ و دۆڵه‌كاندا ده‌ژیان و تا ئه‌و ده‌مه‌ی ئێمه‌ هاتین و ته‌ماشامان كرد. هه‌مه‌وه‌ند كۆمه‌ڵێكن له‌ نزیكه‌ی دوو سه‌د ئاغایه‌كی چاوچنۆك زیاتر نین و له‌لایه‌ن جێگرێكی ئه‌فسه‌ری سیاسیی به‌ریتانییه‌وه‌ کۆنترۆڵ و جڵه‌و كراون و ئێمه‌ ته‌نها خانوویه‌كی گه‌وره‌مان بۆ دروستكردبوو كه‌ ئاڵای به‌ریتانیاى به‌ سه‌ره‌وه‌ ده‌شه‌كایه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا نه‌چووه‌ته‌ ناوی و من له‌ ماڵه‌ كوردێكی بچووكدا بینیم له‌ سه‌ر سندووقێكی هه‌ڵه‌وگێڕاو نانی نیوه‌ڕۆی ده‌خوارد و ئاغایه‌كی هه‌مه‌وه‌ندیش به‌ ته‌نیشتیه‌وه‌ چوارمشقی دانیشتبوو، بۆ خۆیان ده‌مه‌ته‌قێیان ده‌كرد. من ده‌ ده‌قیقه‌یه‌ك له‌ لای دانیشتم و له‌و كاته‌دا تایه‌یه‌كی ئۆتۆمبیله‌كه‌یان گۆڕی و پاشان به‌ سه‌ر ناوچه‌یه‌كی هه‌رده‌و هه‌ڵه‌تدا ڕێمان گرته‌به‌ر و ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و ده‌روازه‌ی زنجیره‌ شاخێك هه‌ڵكشاین كه‌ ده‌ربه‌ندی بازیان بوو، ئێمه‌ لێره‌ له‌ هاوینی 1919دا هێزه‌كانی شێخ مه‌حموودمان شكاند و ته‌فروتوونامان كردن . ئه‌وه‌ش چیرۆكێكی دوور و درێژ و پڕ له‌ پێچ و په‌نایه‌ و ته‌ماشای هه‌ر كتێبێكی سپی بكه‌یت تێده‌گه‌ی مه‌سه‌له‌ چی بووه‌ (ئه‌و كتێبه‌ یان ڕاپۆرته‌ به‌رگ سپییه‌یه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت ده‌ریده‌كرد له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ یان كێشه‌یه‌ك – و). له‌ ده‌ربه‌نده‌كه‌دا ژنه‌ كوردێكی به‌ژن و باڵا گۆشتنى ڕووگه‌شمان بینی كۆرپه‌یه‌كی به‌ كۆڵیه‌وه‌ دابه‌ستبوو و مانگایه‌كیش به‌ باره‌وه‌ هێدی هێدی له‌ پێشیه‌وه‌ ده‌ڕۆیشت و ئاژه‌ڵێكی بارهه‌ڵـگری سه‌یر بوو. هه‌ر كه‌ ئێمه‌ی بینی سڵه‌مییه‌وه‌ و دای به‌ تاوێر و به‌ردی قه‌راخ ڕێگه‌كه‌دا و به‌ باره‌وه‌ گلاو كه‌وت. منداڵه‌كه‌ ده‌ستی كرده‌ گریان و ژنه‌ كه‌وته‌ لێدانی مانگاكه‌ و ئه‌میش كه‌وته‌ لنگه‌ فرتێ و وامزانی هه‌ر ئێستا قاچی ده‌شكێ. ئێمه‌ به‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌مان له‌ كوردستان ئه‌م هه‌را و به‌زمه‌مان نایه‌وه‌! له‌ به‌ر ئه‌وه‌ به‌ هه‌ڵه‌داوان ڕامانكرد و باره‌كه‌مان له‌ مانگاكه‌ داگرت و هه‌ڵمانسانه‌ سه‌ر پێ و منداڵه‌كه‌مان گرت تا دایكه‌كه‌ سه‌رله‌نوێ باره‌كه‌ی توند كرده‌وه‌ و ئه‌وجا به‌ خۆشییه‌وه‌ هه‌ر یه‌كه‌ به‌ ڕێی خۆماندا ڕۆیشتین. ڕێگه‌ی ئێمه‌ خۆش و پان و پۆڕ بوو و به‌ دۆڵی بازیاندا خلۆر بووینه‌وه‌ كه‌ به‌ پڵ و پووشی زه‌ردی ئاڵتوونی داپۆشرابوو، له‌وبه‌ری دۆڵه‌كه‌وه‌ زنجیره‌ شاخێكی نزمترمان چاو كرد كه‌ تاسڵووجه‌ داغی ناو بوو. لێره‌ به‌ لێژاییه‌كی پڕ له‌ پووشی نه‌رمدا وه‌ستاین بۆ نانخواردنی نیوه‌ڕۆ و له‌ولامانه‌وه‌ خێزانێكی كورد لۆكه‌یان ده‌چنی له‌ مه‌زرایه‌كی بچووكدا و نه‌مزانی ئه‌مانه‌ له‌ كوێوه‌ هاتوون چوونکە‌ هیچ گوندێكم له‌و ناوه‌دا به‌رچاو نه‌كه‌وت و پاشان ده‌ربه‌ندی تاسڵووجه‌مان بڕی و چووین به‌ دیوی دۆڵی سلێمانیدا كه‌ زۆر به‌رفراوانتر بوو له‌ بازیان و چه‌مچه‌ماڵ. دوور له‌ خواری دۆڵه‌كه‌ دار و خانووه‌كانی شاری سلێمانیمان به‌دیكرد، كه‌ له‌ نزیكه‌ی كاتژمێر پێنجدا پێیگه‌یشتین و له‌و ناوه‌دا له‌ملاو له‌ولاوه‌ چه‌ند گوندێكمان بینی و خه‌ڵك به‌ ڕێگاوه‌ بوون بۆ ماڵی خۆیان و ئافره‌تان گورزه‌ پووش و چیلكه‌یان به‌ كۆڵ هه‌ڵـگرتبوو كه‌ 8 تا 10 پێ درێژ و 4 پێ پان بوو. ئه‌وان وه‌ك هه‌ندێ جۆری قالۆنچه‌ی سه‌یر ده‌هاتنه‌ به‌رچاو كه‌ كۆمه‌ڵه‌ پووشه‌كه‌ به‌ سه‌ر پشتی چه‌ماوه‌یانه‌وه‌ بوو و هیچی تر نه‌ده‌بینرا له‌ دوو قوله‌پێی به‌هێز به‌ولاوه‌ و له‌ره‌له‌ری گورزه‌یه‌ك. خۆر له‌ ئاوابووندا بوو كه‌ ئێمه‌ گه‌یشتینه‌ سلێمانی و یه‌كڕاست چووین بۆ ماڵی مێجه‌ر گۆڵدسمیس، كه‌ خانوویه‌كی قه‌شه‌نگ بوو له‌ سه‌ر شێوه‌ی ئێرانی و باخێكی تێدابوو پڕ له‌ دار هه‌ناری گه‌ڵا زه‌رد هه‌ڵـگه‌ڕاو له‌گه‌ڵ چه‌ند ڕیزه‌ كۆسمۆسێكی دره‌نگ گوڵكردوو. به‌ هۆڵێكی بچووكدا ده‌چیته‌ ژووره‌وه‌ بۆ دیوه‌خانێكی گه‌وره‌ و فراوان و چه‌ند كۆڵه‌كه‌یه‌كی دارینی تێدایه‌ و ده‌ڕوانێته‌ سه‌ر باخچه‌یه‌كدا و له‌وێ دانیشتین و چایان بۆ هێناین. هۆده‌ی خه‌وتنه‌كه‌ی من، وه‌ك هه‌ر هۆده‌یه‌كی خه‌وتنی ئێرانی په‌نجه‌ره‌ی ته‌لبه‌ندی هه‌بوو و به‌ سه‌ر باخچه‌كه‌دا ده‌یڕوانی له‌ به‌رانبه‌ر هۆده‌ی دیوه‌خانه‌وه‌ و له‌ پشتیشیه‌وه‌ هۆده‌یه‌كی گه‌وره‌ی پێشوازی خرابووه‌ سه‌ر خانووه‌كه‌. شوێنه‌كه‌ خۆش و دیواره‌كان سپی و تاقمی جوان له‌ دیواره‌كاندا هه‌بوون و بنمیچی دارین و ئاگردانی گه‌وره‌ گه‌وره‌ زۆری دڵخۆش كردین كه‌ له‌ ئێواره‌دا ئاگری دارمان ده‌بینی ده‌سووتا. سلێمانی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر به‌رزیی 2 – 3 هه‌زار پێ (له‌ ڕووی ده‌ریاوه‌) و وه‌رزی ئه‌م دره‌نگانی پایزه‌ زۆر خۆشه‌. لێره‌ كاپتن بێلی، كه‌ ده‌مێكه‌ ده‌یناسم و خۆشمده‌وێ، یاریده‌ده‌ری مێجه‌ر گۆڵدسمیسه‌، سكرتێره‌كه‌شی كاپتن هۆڵته‌ (كه‌ ڕۆژی دوای ئه‌وه‌ی من گه‌یشتم تووشی ئاوڵه‌ بوو و له‌ جێگادا كه‌وتووه‌، داماو خۆی)، هه‌روه‌ها ئه‌فسه‌ره‌كانی لێڤی كاپتن ماكانت و كاپتن بۆرن بوون، یه‌كه‌میان كه‌سێكی چاك بوو كه‌ به‌ عاده‌ت زۆربه‌ی كاتی له‌گه‌ڵ من به‌ سه‌رده‌برد كاتێ كه‌ ده‌هات بۆ به‌غدا. ئێمه‌ سلێمانی وه‌ك لیوایه‌ك به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ین كه‌ هه‌موو دانیشتووانی كوردن، ڕاسته‌وخۆ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆمیسیاری باڵادا و جیا له‌ عێراق و هیچی تری له‌گه‌ڵ ناكرێت. لێڤییه‌كانی كوردن و هێزی به‌ریتانیمان له‌وێ نییە‌ و هه‌موو كاربه‌ده‌ستان كوردن و هه‌موو كار و ڕایی كردنی مامه‌ڵه‌یه‌ك هه‌ر به‌ زمانى كوردی ده‌كرێت. ئێمه‌ ئێستا وا خه‌ریكی دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نێكی هه‌ڵبژێردراوین كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ چوار ئه‌ندامی حكوومه‌ت (مێجه‌ر گۆڵدسمیس خۆی و سێ كاربه‌ده‌ستی كورد)، چوار نوێنه‌ری شاری سلێمانی و یه‌ك نوێنه‌ریش له‌ هه‌ر قه‌زایه‌ك له‌ چوار قه‌زاكه‌. ئه‌م چواره‌یان ئێستا له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژارندان و كارێكه‌ پێی ئاشنا نین چوونکە‌ پێشتر هیچ كه‌س هه‌ڵنه‌بژێردراوه‌ و كاندیده‌كان زۆر شه‌رم ده‌كه‌ن بێنه‌ پێشه‌وه‌، به‌ ڕاده‌یه‌ك كه‌ ده‌بێ ئه‌فسه‌ره‌ سیاسییه‌كان ڕازییان بكه‌ن و هه‌وڵیان له‌گه‌ڵ بده‌ن. به‌هه‌رحاڵ، ئێمه‌ كه‌م تا زۆر هه‌ر نوێنه‌رایه‌تییه‌كی وڵاتمان ده‌ستده‌كه‌وێت ورده‌ ورده‌ به‌رپرسیارێتیی ده‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆ. له‌ ئێستادا مێجه‌ر گوڵدسمیس ده‌بێته‌ سه‌رۆكی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ چوونکە‌ كه‌سێك نییە‌ له‌و شیاوتر بێت بۆ ئه‌و پۆسته‌، به‌ڵام دواتر به‌هیواین بتوانن كه‌سێك هه‌ڵبژێرن بۆ ئه‌و شوێنه‌ و ڕه‌نگه‌ پیاوێكی خوێنده‌واری خۆوڵاتی بێت، كه‌ زۆرێكیان له‌ ئه‌سته‌مبووڵ فێر بوون، چوونکە‌ توركه‌كان كاتی خۆی زۆر له‌ بنه‌ماڵه‌ گه‌وره‌كانیان بردووه‌ بۆ پایته‌خت. هه‌ر كاتێكدا كه‌ ئه‌وه‌ ئه‌نجامدرا ئه‌وه‌ پێكهاته‌كه‌ ته‌واو ده‌بێت، كه‌ قه‌واره‌یه‌كی ناوخۆیی حوكمی حكوومه‌تی كوردی ده‌كات له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆمیسیۆنی باڵادا و هەڵبەت‌ ئه‌مه‌ شتێكی سه‌رسامكه‌ره‌ كه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا كار له‌م بواره‌دا كراوه‌. له‌ كاتی ده‌سه‌ڵاتی توركدا ته‌واوی هه‌رێمه‌كه‌ له‌ پشێوی و نائارامیدا بووه‌ و هیچ ڕێگاوبانێك سه‌لامه‌تی و ئه‌مانی تێدا نه‌بووه‌ و هیچ كارێكی حكوومه‌ت جێبه‌جێ نه‌ده‌كرا، به‌ڵام ئێستا به‌ ئاشتی و ئارامى كار به‌ڕێوه‌ده‌چێت و چاوچنۆكی و ته‌ماحكاریی سه‌رۆك و ئاغای تیره‌ و هۆزه‌كان به‌ری لێگیراوه‌ و جووتیار ڕه‌ز و باخی خۆی ده‌كێڵێ و تووتنی خۆی ده‌كات و به‌روبوومی خۆی به‌ سه‌لامه‌تی دێنێته‌ بازاڕی سلێمانییه‌وه‌ و ئێستا به‌ سه‌رپه‌رشتییه‌كى كه‌م خه‌ڵكه‌كه‌ خۆیان كاروبارى خۆیان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. داهاتی كورد به‌ ڕه‌سمی ده‌خه‌مڵێنرێت و هه‌روه‌ها ئه‌رك و كاره‌كانی لێڤیش، به‌ڵام ده‌فته‌ر و تۆماره‌كانی ده‌بێ بخرێنه‌ به‌ر پشكنینی كاربه‌ده‌ستی به‌ریتانی له‌ هه‌موو شوێنێك بۆ پشكنین و ڕێكخستن و ڕاست ڕاگرتنی ژمێریاری به‌ شێوه‌یه‌كی دروست و هەڵبەت‌ كاربه‌ده‌ستی به‌ریتانی هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌ كوردی ده‌كات. من ڕۆژانی پێنج و شه‌شی ئه‌م مانگه‌م له‌ سلێمانی به‌سه‌ربرد و یه‌كه‌م ڕۆژم ته‌رخان كرد بۆ بینینی ئه‌م شاره‌ جوان و بچووكه‌ و گه‌ڕان به‌ ناو بازاڕه‌ قه‌شه‌نگه‌كانیدا. كورده‌كان خه‌ڵكێكی ڕووخۆش و به‌ وێڵ و ماریفه‌تن. مێزه‌ری زلى تێكه‌ڵاویان (مه‌به‌ستى تێكه‌ڵكردنی مشكی و جامانه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ده‌مه‌ باو بووه‌ – وه‌رگێڕ) شه‌رواڵی فشه‌ڵ و پانوپۆڕیان كه‌ له‌ ناوقه‌دیانه‌وه‌ به‌ چه‌ندین یارد پشتێنی قوماشی لۆكه‌ به‌ شێوه‌ی قوڵف و گرێ گرێ ده‌یبه‌ستن و چاكه‌تێكی كورتی به‌ سه‌ردا له‌ به‌ر ده‌كه‌ن و سه‌یر ده‌نوێنێ له‌ ته‌ماشا كردندا. پیاوانی شار كه‌وای ڕەنگاوڕه‌نگ یان به‌ ئاوڕێشم چنراو له‌ به‌ر ده‌كه‌ن له‌ ژێر چاكه‌تێكی زۆر كورتدا (مه‌به‌ستی سه‌ڵته‌یه‌ – و) و خه‌نجه‌رێكی مشتوو زیو ده‌كه‌ن به‌ به‌ر پشتێنه‌كه‌یاندا، به‌ڵام كه‌س ئێستا پێویستی به‌وه‌ نییە‌ چه‌ك هه‌ڵبگرێت و بچێ بۆ سه‌ر ئیشی ڕۆژانه‌ی و به‌م پێیه‌ ئه‌گه‌ر ڕه‌زنێ دوان فیشه‌ك له‌خۆ بده‌یت و به‌ چوارده‌وری شاردا بسووڕێیته‌وه‌ و خۆت با بده‌یت قه‌یناكه‌ به‌ڵام نه‌ك له‌ ناو شاردا. لای ئێواره‌ هه‌ر سێ كاربه‌ده‌سته‌كه‌ی حكوومه‌ت هاتن بۆ لام، كه‌ قازی و ماڵ مودیری (به‌ڕێوه‌به‌رى داهات) و داده‌وه‌ر بوون. ئه‌مان هه‌موویان به‌ عه‌ره‌بی قسه‌یان ده‌كرد و خێرا خێرا جه‌ختیان له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ بۆم كه‌ هیچیان له‌گه‌ڵ عێراق و فه‌یسه‌ڵدا نییە‌.

سلێمانیی سه‌ربه‌خۆ – من ته‌نانه‌ت ناڵێم كوردستان – شتێكه‌ كه‌ ئه‌وان فه‌رامۆشیان كردووه‌ و له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا هاوكار بن و ئامۆژگاریی كاربه‌ده‌ستانی كورد بكه‌ن و ئه‌گه‌ر توانیمان پاره‌ په‌یدا بكه‌ین هێڵێكی ئاسن له‌ كه‌ركووكه‌وه‌ ڕاكێشین بۆ ئێره‌ ئه‌وه‌ منه‌تبار ده‌بن، به‌ڵام من پێمڕاگه‌یاندن كه‌ ئه‌م خاڵه‌یان پێده‌چێت جێبه‌جێ نه‌بێت. ڕۆژی شه‌شی مانگ باران بوو به‌ڵام من سه‌رله‌به‌یانییه‌كه‌ی به‌خۆشییه‌وه‌ له‌ بناری شاخدا ئه‌سپ سوارییه‌كی چاكم كرد و جه‌ندرمه‌یه‌كی عه‌ره‌بیزان وه‌ك ڕێپیشانده‌ر یاوه‌ریی ده‌كردم. پاش نیوه‌ڕۆ له‌گه‌ڵ كاپتن ماكانت سه‌ردانی سه‌ربازگه‌ى لێڤیم كرد له‌گه‌ڵ نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ربازی و چه‌ند شوێنێكی تر و یه‌ك له‌ سه‌ربازگه‌كانیان خانووه‌ گه‌وره‌كه‌ی شێخ مه‌حموود بوو. دواتر هه‌ر چوار ئه‌ندامه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌ن هاتنه‌ لام و پێكه‌وه‌ چایه‌كمان خوارده‌وه‌ و سیانیان به‌ عه‌ره‌بی قسه‌یان ده‌كرد و هیوام بۆ خواستن به‌ گشتی سه‌ركه‌وتوو بن له‌ كاروباری ئه‌نجومه‌ن و حكوومه‌ته‌كه‌یاندا و وتیشم ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ له‌ هه‌لومه‌رج و دۆخێكی باشدا بن له‌گه‌ڵ عێراق و چ حكوومه‌تێك هه‌ڵده‌بژێرن لای خۆتانه‌. هه‌روه‌ها ڕه‌زا به‌گی قایمقامیش هات و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌وا ڕه‌نگه‌ كه‌ركووكیش بیه‌وێت بێته‌ سه‌ر سلێمانی به‌ڵام من ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌م پێ قبووڵ نه‌بوو و به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و هه‌سته‌م لا دروست بووبوو كه‌وا كه‌ركووك ناداته‌ پاڵ كه‌س pour le bon motif – بە هۆکارێکی ڕاست و دروست. به‌هه‌رحاڵ ئه‌وان ده‌بێ نه‌خشه‌ی كاری خۆیان دابڕێژن بۆ ڕزگار بوون به‌ڵام ئومێدم وایه‌ ڕێگای گه‌وجانه‌ نه‌گرنه‌ به‌ر. سه‌رله‌ئێواره‌ بوو به‌ باران و هه‌وره‌ گرمه‌ و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ زۆرم هیوا نه‌ما به‌و گه‌شته‌ی به‌نیازی بووم له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كاندا به‌ڵام بۆ به‌یانیی حه‌وتی مانگ هه‌ور به‌ ئاسمانه‌وه‌ نه‌ما و دنیا له‌ دوای ئه‌و بارانه‌ ساف و ڕوون بوو. به‌م پێیه‌ به‌یانیی كاتژمێر نۆ من و كاپتن بێلی كه‌وتینه‌ڕێ به‌ یاوه‌ریی دووسێ جه‌ندرمه‌ كه‌ به‌رگی ڕه‌سمیی سه‌رنجڕاكێشیان پۆشیبوو به‌ جۆرێك كه‌وا له‌گه‌ڵ پێگه‌ و پایه‌به‌رزیی ئێمه‌دا بگونجێ (یه‌كێكیان كه‌ ناوی ساڵح به‌گ بوو و عه‌ره‌بی زانێكی باش بوو به‌ ده‌سته‌جلێكی قاوه‌یی و نه‌خشی چنراوی ئاڵتوونییه‌وه‌، كه‌وته‌ ته‌ك من) و زه‌یا به‌ جووتێ هێستره‌وه‌ كه‌ جانتا و تفاقمانیان هه‌ڵـگرتبوو به‌ دوامانه‌وه‌ بوو. من هیچێكی ئه‌وتۆم له‌گه‌ڵ خۆم نه‌بردبوو بێجگه‌ له‌ كورسی و ده‌ستشۆر و ده‌ستێك جل و كیسه‌ خه‌وێك و ئه‌مه‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌یه‌ كه‌ له‌ كوردستاندا پێویستت پێیانه‌ و تۆش له‌وه‌ تێده‌گه‌یت كه‌وا جارێكی تر دڵم كه‌وته‌ ترپه‌ ترپ به‌ زرنگه‌ی زه‌نگی كاروان له‌ ئاوزه‌نگییه‌كانی لای پاژنه‌مه‌وه‌. ئێمه‌ به‌ سواریی ئه‌سپ یه‌كڕاست به‌ شاخه‌كه‌ی پشتی شاری سلێمانیدا سه‌ركه‌وتین و له‌وێوه‌ و له‌ سه‌ر لووتكه‌ی شاخه‌وه‌ به‌ سه‌ر ته‌واوی وڵاته‌كه‌دا ده‌مانڕوانی و دنیایه‌ك زنجیره‌ شاخی پڕ دارستانمان بینی و لووتكه‌ شاخێكی ڕووته‌نیش كه‌ سنووری ئێرانی دیاری ده‌كرد. كاتێ چووینه‌ ئه‌ودیودا ورده‌ ورده‌ ده‌وه‌ن و داربه‌ڕووه‌كان گه‌وره‌و گه‌وره‌تر ده‌بوون، لێره‌ و له‌وێ هه‌ندێك گۆڕستانمان بینی كه‌ دار تیایدا پیرۆزه‌ و ته‌نانه‌ت نابێ لقه‌ دارێكیشی لێببڕیت بۆ سووتاندن و داری زل زل سێبه‌ریان كردبوو بۆ كێله‌ به‌ردی سه‌ر گۆڕه‌كان. من وایبۆده‌چم كه‌ ئیسلام به‌ سووكی ته‌ماشای خه‌ڵكی چیانشین ده‌كات، چوونکە‌ له‌ هه‌موو لا گۆڕی پیرۆزت به‌رچاو ده‌كه‌وێت پیاوچاكێكی له‌بیركراو یان ته‌واو خه‌یاڵی له‌ ناویاندا نێژراوه‌ و كۆمه‌ڵه‌ به‌ردێكی له‌ سه‌ر كه‌ڵه‌كه‌ كراوه‌ بۆ دیاری كردنی مه‌زاره‌كه‌ی و داربه‌ڕووی لارولوێریان له‌ سه‌ر ده‌ڕوێ و ڕێبواران پارچه‌ قوماشی شه‌كاوه‌ به‌ لقه‌كانیدا هه‌ڵده‌واسن له‌ هه‌ر لایه‌ ترۆپكی گرد و ته‌پۆڵكه‌یه‌ و مه‌زاری ئه‌م حاجی و ئه‌و شێخن وه‌ك خواپه‌رستێكی كۆن له‌ موسڵمانانی ئه‌مڕۆ ده‌خوازن پارچه‌ په‌ڕۆ یان نازانم چییه‌ك بكه‌نه‌ نه‌زر بۆ ئه‌و شوێنه‌ی باوباپیرانیان كڕنووشیان بۆ چیاكان و نووری به‌هه‌شت بردووه‌. به‌م جۆره‌ به‌ دۆڵێكی قووڵدا شۆڕ بووینه‌وه‌ كه‌ لاپاڵه‌كانی به‌ داربه‌ڕوو داپۆشراوه‌ و هه‌موو شتێك جوانیی ئه‌و پایزه‌ دره‌نگوه‌خته‌ی ده‌نواند. داربه‌ڕووه‌كان بڕبڕ له‌ به‌رگی قاوه‌یی و سه‌وزدا ده‌دڕه‌وشانه‌وه‌، داربی، دارچنار و سپیندار له‌ بنی دۆڵه‌كه‌دا دیمه‌نێكی دڵڕفێنی زه‌رد و ئاڵتوونییان ده‌نواند. لێره‌ و له‌وێش ڕه‌زه‌ ترێ هێشتا هه‌ندێ له‌ دوا گه‌ڵامێوی دره‌وشاوه‌یان پێوه‌ مابوو، یان چڵه‌ مێوێك له‌ سه‌ره‌وه‌ تا خوار خۆی له‌ داربه‌ڕوویه‌ك ئاڵاندووه‌. له‌و كاته‌دا هێزێكی سواره‌ هاته‌ سه‌ر ڕێگه‌مان و ئه‌مانه‌ قایمقامی ئه‌و ناوچه‌یه‌ و ده‌ستوپێوه‌ندی بوون و هاتبوونه‌ پێشوازیی كاپتن بێلییه‌وه‌ و كه‌وتنه‌ ته‌كمان بۆ باره‌گای قه‌زا، كه‌ گوندێكی بچووك بوو پێیان ده‌وت كانی سارد و له‌وێ له‌ بیناكانی حكوومه‌تدا دایانبه‌زاندین. ڕه‌نگه‌ وابزانن خانووی گه‌وره‌ و پۆشته‌ و په‌رداخ بووبێتن؟ با بۆت باس بكه‌م چۆن خانوویه‌ك بوو، سێ ژووری له‌ قوڕ و به‌رد دروستكراو به‌ سه‌ر هه‌یوانێكی قوڕدا كراوه‌ته‌وه‌ و بنمیچه‌كه‌ی قامیش و چه‌ند لقه‌ دارێك بوو، هه‌ر سێ ده‌رگاكه‌ قاپیی پێوه‌ نه‌بوو، ئه‌م هۆدانه‌ هیچ په‌نجه‌ره‌یان تێدا نه‌بوو له‌ كونێك زیاتر له‌ بنمیچی هۆده‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ی دووكه‌ڵی ئاگردانی ناوه‌ڕاستی هۆده‌كانی لێوه‌ ده‌رچێت كاتێ ئاگریان تێدا ده‌كرێته‌وه‌. من زانیم دووكه‌ڵ ده‌رناچێت چوونکە‌ به‌ شه‌و جه‌ندرمه‌كانمان له‌ هۆده‌كه‌ی به‌رانبه‌ری ئه‌وه‌ی من ئاگریان كرده‌وه‌ و دووكه‌ڵه‌كه‌ی هه‌موو هاته‌ ژووره‌كانی تره‌وه‌ تا به‌ شتێك گرتیان. له‌ هه‌یوانه‌كه‌دا سفره‌ ڕاخرا و نانێكی به‌تامیان بۆ كردبووین كه‌ بریتی بوو له‌ برنج و گۆشتی كوڵاو و ماستاوی سوێر و ترێی ڕه‌شی بچووك كه‌ دوا به‌ری ترێ بوو له‌م شاخانه‌دا. كاپتن بێلی دواینیوه‌ڕۆكه‌ی زۆر سه‌رقاڵ بوو و یه‌كه‌مجار پێنج شه‌ش بازرگانی كۆكرده‌وه‌ كه‌ له‌ سلێمانییه‌وه‌ هاتبوون بۆ كڕینی تووتنی ئه‌و وه‌رزه‌ له‌ دێهاتی ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ و له‌گه‌ڵیاندا ئه‌و نرخه‌ی بڕییه‌وه‌ كه‌ ئاماده‌ بوون بیده‌ن بۆ كڕینی تووتن و به‌و پێیه‌ ده‌كرا ده‌ یه‌كی حكوومه‌ت به‌ ڕاستی بخه‌مڵێنرێت. دوای ئه‌وه‌ چووه‌ سه‌ر حیسابی عەبدوڵڵا ئه‌فه‌ندیی كاربه‌ده‌ستی ناوخۆیی داهات و چاوی به‌ كاره‌كانیدا خشانده‌وه‌ له‌ ده‌فته‌ر و تۆماره‌كانیدا و په‌ڕه‌ په‌ڕه‌ هه‌ڵیدایه‌وه‌ كه‌ هه‌مووی به‌ زمانی كوردی نووسیبووه‌وه‌ و عەبدوڵڵا ئه‌فه‌ندی به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش ده‌فته‌ر و تۆماره‌كانی خۆی به‌ ڕێكوپێكی ڕاگرتبوو. به‌ڵام من به‌جێمهێشتن و بۆ خۆم كه‌وتمه‌ گه‌ڕان له‌ دۆڵه‌كه‌دا له‌ خوار ئاواییه‌وه‌ به‌ ڕاڕه‌وه‌ پر گژوگیاكاندا و به‌ ناو په‌ڵه‌ تووتنه‌ چێنراوه‌كاندا و په‌ڵه‌ جۆی سه‌وزی زستانه‌دا، تا گه‌یشتمه‌ بن دارتوویه‌كی ئاڵتوونی و له‌وێ بۆ خۆم پاڵمدایه‌وه‌ و ته‌ماشای زنجیره‌ شاخی شین و دارچنارم ده‌كرد كه‌ له‌ ناو چه‌مه‌كه‌وه‌ هه‌ڵكشابوون و ده‌دره‌وشانه‌وه‌. ده‌مه‌و خۆراوا گه‌ڕامه‌وه‌ و ڕوانیم كاپتن بێلی ژمێریاریی خۆی ته‌واو كردووه‌ و له‌ پێش نانی ئێواره‌دا چه‌ندین پیاڵه‌ چای شیرینیان بۆ هێناین و هه‌ر كه‌ پیاڵه‌یه‌كت ده‌خوارده‌وه‌ خێرا یه‌كێكی تریان بۆ ده‌هێنایت و هیچ سوودی نه‌بوو بتوتایه‌ به‌سه‌ ئیتر ناخۆمه‌وه‌. له‌وێ باسی گالیپۆڵی مان كرد كه‌وا كاپتن بێلی شه‌ش مانگى تێدا به‌سه‌ربردبوو وه‌ك ئه‌فسه‌ری تۆپخانه‌ تا تووشی نه‌خۆشیی تایفۆیید (گرانه‌تا) بووبوو و له‌ پێش هێرشه‌كه‌دا ناردبوویانه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌. له‌م شه‌ڕه‌دا چل ئه‌فسه‌ر بێسه‌روشوێن بوون له‌ فه‌وجه‌كه‌دا و بگره‌ فه‌وجه‌كه‌ خۆیشی نه‌ما و ته‌فروتوونا بوو. وادیاره‌ باوه‌ڕ ناكرێ له‌ ناو ئه‌م چیا هێمن و بێده‌نگانه‌ی كورددا شێت و شبرێكی له‌م چه‌شنه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا دنیا بگه‌ڕێ.

بۆ نانى شێوان له‌ نانخواردنی نیوه‌ڕۆ زیاترمان خوارد و دواتر هه‌ر له‌ هه‌یوانه‌كه‌دا لێی خه‌وتم، چوونکە‌ شه‌و له‌ كانی سارددا به‌ واتا خه‌وتن. بۆ سبه‌ى به‌یانیى 8ی نۆڤه‌مبه‌ر، كه‌شێكی خۆش و بێ هه‌وری هه‌بوو، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ سارد بوو ناچا بیت به‌ دوای گه‌رمیی خۆردا بگه‌ڕێیت كه‌ سێ سه‌عات زیاتر بوو هه‌ڵاتبوو به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ تینی نه‌بوو وا هه‌ست بكه‌م جله‌ ته‌نكه‌كانی ئه‌سپ سواریم لێ ببێته‌ بار. كاپتن بێلی به‌ ئه‌رك گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سلێمانی و زۆرم خه‌فه‌ت خوارد بۆ ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه‌ و به‌یانیی كاتژمێر هه‌شت له‌گه‌ڵ ساڵح به‌گ و زه‌یا و دوو هێستر و سێ جه‌ندرمه‌ی تر به‌ڕێكه‌وتم، نه‌ك له‌ به‌ر سه‌لامه‌تی بەڵکوو بۆ ڕاگرتنی شان و شكۆی كاروانه‌كه‌م. گه‌شته‌كه‌م حه‌وت كاتژمێری سواریی برد بۆ شیوه‌كه‌ڵ كه‌ نیو سه‌عات له‌ سنووری ئێرانه‌وه‌ دوور بوو. من هه‌رگیز وڵاتی وا جوان و دڵڕفێنم به‌ چاو نه‌دیوه‌ و سێ جار ڕاڕه‌وی هه‌ورازمان هه‌ڵكشا بۆ دوو یان سێ هه‌زار پێ و پاشان دوو یان سێ هه‌زار پێ شۆڕ ده‌بووینه‌وه‌ بۆ شیوێكی تر و به‌ ناو په‌ڵه‌ داربه‌ڕووی قاوه‌یی سوورباودا به‌و لاپاڵ و نشێویانه‌دا و زینی ئه‌سپه‌كانمان له‌م هه‌وراز و لێژییه‌ی دۆڵ و شیوه‌كاندا ده‌خزا و لاره‌سه‌نگ ده‌بوو. چه‌م و شیوه‌كان پڕبوون له‌ دار قه‌زوان و چنار و سپیندار و بی و تووتڕك به‌ گوێی جۆگه‌ ئاوه‌كاندا و ئێمه‌ له‌ سێ چه‌م و ئاومان دا و په‌ڕینه‌وه‌ چوونکە‌ وه‌رزه‌كه‌ی پایز بوو و له‌ به‌هاراندا هه‌رگیز بواری په‌ڕینه‌وه‌ ناده‌ن له‌ به‌ر ئاو زۆرییان. هه‌موو قه‌دپاڵی گرد و چیاكان یه‌كپارچه‌ ڕه‌ز و دار و ده‌وه‌ن بوون و سه‌وزه‌گیایه‌كی نه‌رمیش سه‌ری ده‌رهێنابوو، به‌ڵام ئه‌م ناوه‌ هه‌مووی چۆڵ بوو و به‌ درێژایی ڕۆژه‌ڕێیه‌كمان چل كه‌س كه‌مترمان بینی به‌ كاروانی بچووك بچووك كه‌ باره‌ تووتن یان گوێزیان پێبوو بۆ بازاڕی سلێمانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی كه‌می ئاواره‌ی ئێران كه‌ له‌ به‌ر ئاژاوه‌ و پشێویی ئه‌و سنوورانه‌ هه‌ڵاتبوون و هه‌ندێ شڕكه‌ و پڕكه‌ی ناوماڵیان له‌گه‌ڵ خۆ هێنابوو. كوردستانی به‌ری لای ئێمه‌ بووبووه‌ جۆرێك له‌ په‌ناگه‌ و داڵده‌ به‌ هۆی ئاشتی و ئارامی و به‌ڕێوه‌بردنی دادپه‌روه‌رانه‌وه‌ و چاودێریی ژماره‌یه‌كی كه‌م گه‌نجی ئینگلیزه‌وه‌. له‌ هه‌ر شوێنێكی ڕێگا تووشی هه‌ر پیاوێك ببوایه‌م ده‌وه‌ستا و سڵاوی بۆ ده‌كردم، نه‌ك له‌ به‌ر شه‌خسی خۆم بەڵکوو له‌ به‌ر گه‌وره‌یی و خێرخوازیی حكوومه‌ته‌كه‌م بێجگه‌ له‌وه‌ش كه‌ غه‌ریب بووم و بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی له‌ ناو خه‌ڵكێكی میوان په‌روه‌ردا بووم.

پاش ئه‌وه‌ی چه‌می سێهه‌ممان بڕی، كه‌ له‌ هه‌مووی جوانتر و دڵڕفێنتر بوو، ڕێك به‌ره‌و شاخه‌كه‌ی سنوور هه‌ڵده‌زناین به‌ڵام به‌ ڕێگایه‌كی پێچاوپێچى بێكۆتاییدا. شتێكی زۆر گرنگه‌ كه‌ هاتنت بۆ كوردستان ته‌نها له‌ پایزدا بێت بۆ بینینی گوڵى سۆرنجانی زه‌رد. هه‌موو قه‌دپاڵێكی به‌ردین تۆپی ئاڵتوونیی گوڵی ئه‌و ڕووه‌كه‌ی له‌ سه‌ر په‌رت و بڵاو بووه‌ته‌وه‌ و خۆی له‌ به‌ر خۆر هه‌ڵخستووه‌ و چه‌شنی ئه‌ستێره‌ ئه‌و خاكه‌ سوورباوه‌ی گرتووه‌ته‌وه‌ و جریوه‌ی دێت له‌ سه‌ری.

ئێمه‌ هه‌ر هه‌ڵكشاین و هه‌ڵكشاین و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ گوندێكمان نه‌هاته‌ڕێ ته‌واوی ڕۆژه‌كه‌ هیچمان نه‌خوارد و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی نێو چیاكان به‌ لێژایی تووش و سه‌ختدا شۆڕ ده‌بووه‌وه‌ من به‌ زۆری به‌ پێیان ده‌ڕۆیشتم بۆ ئه‌وه‌ی ماینه‌كه‌م بپارێزم له‌ گلان و پێش ئه‌وه‌ی ته‌لانه‌كانی شیوه‌كه‌ڵ به‌دی بكه‌ین من هه‌ستم به‌ برسێتیی زۆر ده‌كرد. ئێمه‌ له‌ ناو په‌ڵه‌ تووتنه‌كاندا ڕێگه‌مان ونكرد و كه‌ هاتینه‌وه‌ سه‌ر ڕێ تووشی مودیر بووین كه‌ له‌گه‌ڵ سواره‌كانیدا هاتبوونه‌ پێشوازیمانه‌وه‌، چوونکە‌ كه‌مێ پێش ئه‌وه‌ پیاوێكمان ناردبووه‌ لایان كه‌ هه‌واڵیان بداتێ وا گه‌یشتین. شیوه‌كه‌ڵیش وه‌ك هه‌موو گونده‌ كورده‌كانی تر به‌ لاپاڵێكی تووش و له‌ گوێ چه‌مێكدا دروستكرابوو، له‌ پێشه‌وه‌ خانووه‌كان له‌ دوو نهۆم دروستكرابوون، خواره‌وه‌یان بۆ ئاژه‌ڵ و پاتاڵ و سه‌ره‌وه‌ش بۆ نیشته‌جێی خۆیان، له‌ پشتیشه‌وه‌ بنمیچه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ڕاڕه‌وه‌كه‌دا یه‌كسانه‌ و خانووه‌كه‌ له‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ی خۆی جیاده‌كاته‌وه‌. نهۆمی سه‌ره‌وه‌ له‌ دواوه‌ به‌ سه‌ر ساپیته‌ی گه‌وڕه‌كه‌وه‌یه‌ و به‌ په‌یژه‌یه‌كی داریندا سه‌رده‌كه‌ویت و ده‌چیته‌ دیوه‌خانێكی گه‌وره‌وه‌ كه‌ بنمیچه‌كه‌ی به‌ كۆڵه‌كه‌ دار ڕاگیر كراوه‌ و لێره‌ له‌ سه‌ر قاڵی و دۆشه‌ك داده‌نیشیت و چه‌ند كه‌سێكیش خه‌ریكی چاى لێنانن. ئاگر له‌ ناوه‌ڕاستی دیوه‌خاندا ده‌كرایه‌وه‌ كه‌ یه‌كپارچه‌ ده‌یكرده‌ چه‌ڕه‌ دووكه‌ڵ، یان له‌ ئاگردانێكی ناو دیواره‌كه‌دا له‌ هۆده‌كه‌وه‌ ئاگر ده‌كرایه‌وه‌ و دووكه‌ڵی كه‌متر بوو، له‌م وڵاته‌دا وا دیاره‌ دووكه‌ڵیش به‌كار نه‌ده‌هات. هۆده‌یه‌كیش له‌ پشتی دیوه‌خانه‌وه‌ هه‌بوو زۆر تاریك بوو و ته‌نها له‌ ده‌رگا و هه‌ندێ كونی دیواره‌كه‌یه‌وه‌ كه‌مێك ڕووناكیی پێده‌گه‌یشت و لێره‌دا ئه‌ندامانی خێزان له‌ شوێنێكی هێند پیسدا ده‌ژیان كه‌ هه‌ر باس ناكرێت. له‌ لایه‌كیشه‌وه‌ هۆده‌یه‌كی درێژ و ته‌سك هه‌بوو، به‌ درێژایی دیوه‌خان و هه‌یوانه‌كه‌، كه‌وا بزانم له‌ زستاندا وه‌ك دیوه‌خان به‌كاردێت كاتێ كه‌ دنیا زۆر سارده‌ و ناكرێ له‌ داڵاندا دانیشن، به‌ڵام به‌ زۆری ئێستا به‌تاڵه‌ و ئه‌مه‌ ئه‌و هۆده‌یه‌ بوو كه‌ بۆ من ته‌رخان كرا وه‌ك شوێنی حه‌وانه‌وه‌ و خه‌وتن. لێره‌دا نه‌خشه‌ی خانوویه‌كی كوردی ده‌خه‌ینه‌ڕوو كه‌ له‌ زۆر شوێن به‌مجۆره‌یه‌ به‌ هه‌ندێ جیاوازیی كه‌مه‌وه‌ لێره‌ و له‌وێ (به‌ داخه‌وه‌ له‌ ده‌قه‌ ئینگلیزییه‌كه‌دا وێنه‌كه‌ هاوپێچ نه‌كرابوو – و). سه‌رنج بده‌ كه‌ هۆده‌كه‌ی من له‌و ڕووه‌وه‌ باش بوو كه‌ دوو په‌نجه‌ره‌ی تێدابوو به‌ سه‌ر ساپیته‌ی گه‌وڕه‌كه‌دا ده‌كرانه‌وه‌ و به‌ ئه‌ڵقه‌ڕێزێكی دارین داده‌خران و ته‌لبه‌ندێكی دارینیشیان پێدا گیرابوو كه‌ ده‌كرانه‌وه‌. په‌نجه‌ره‌كان شووشه‌یان پێوه‌ نه‌بوو و زه‌ویی هۆده‌كان هه‌ر به‌ قوڕ سواغ درابوو، دیواره‌كانیش هه‌ر قوڕ بوون و له‌ كون و درزی ژووره‌كه‌وه‌ گیانله‌به‌ری خشۆك و جۆراوجۆر ده‌رده‌چوون كه‌ نه‌مده‌خواست بیانبینم، به‌ڵام سوپاس بۆ خوا وه‌رزی كێچ خه‌ریكبوو به‌ سه‌رده‌چوو.

با ئێستا بێینه‌وه‌ لای شیوه‌كه‌ڵ.

ئێمه‌ چووینه‌ ماڵێكه‌وه‌ كه‌ مودیری تێدا بوو، چوونکە‌ ماڵی خۆی له‌م گونده‌دا نه‌بوو و له‌ دیوه‌خاندا دانیشتین. ده‌ربه‌ندێكی ته‌نگه‌به‌ری بچووك له‌ خوارمانه‌وه‌ پڕ بوو له‌ دار قه‌زوانی جوان و خوڕه‌ی ئاوه‌كه‌ی بووبووه‌ مۆسیقا له‌ گوێی مندا، به‌ڵام هێنده‌م برسیبوو زۆرم چێژ له‌ بیستنی ئه‌و هاژه‌ی ئاوه‌ وه‌رنه‌ده‌گرت و خۆشترین ساته‌وه‌خت ئه‌وه‌ بوو كه‌ مودیر چای ئاماده‌ ده‌كرد و ته‌به‌قێك نانی ته‌نكی كوردی و ماستاوی سوێر و چه‌ند شیشێك كه‌بابی گه‌رمی هێنا. پاشان به‌ زمانێكی فارسیی سه‌ر و گوێلاك شكاو كه‌وتمه‌ ده‌مه‌ته‌قێ له‌گه‌ڵ مودیر و زۆربه‌یان كه‌مێك قسه‌یان پێده‌كرد، چوونکە‌ ئێره‌ سنووری ئێران – كوردستان بوو. پاش تاوێك من چوومه‌ ژووره‌كه‌ی خۆم بۆ ته‌واوكردنی ئه‌م نامه‌یه‌ بۆ تۆ (واته‌ بۆ باوكى – و) كه‌ هه‌مووی هه‌ر له‌ ساته‌وه‌ختی ناڕێك و ڕه‌وته‌نیدا نووسراوه‌. دواتر كاتژمێر شه‌ش گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نانی شێوان له‌گه‌ڵ مودیردا بخۆم. كاتژمێر هه‌شت زه‌یای دڵسۆز ئاوی بۆ گه‌رم كردم و خۆم شۆرد و ڕێك 10 كاتژمێری ته‌واو لێی خه‌وتم بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌ هیچ بكه‌مه‌وه‌ و ئێستا دوای ئه‌وه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ به‌غدام جێهێشتووه‌ وا هه‌ست ده‌كه‌م كه‌سێكی ترم.

لێره‌ نه‌ك هه‌ر ته‌نها خه‌ڵك كه‌مه‌ بەڵکووو سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ باڵنده‌ و ئاژه‌ڵیش كه‌من. له‌ ڕێگه‌ماندا به‌ره‌و شیوه‌كه‌ڵ هه‌ندێك بزنه‌ كێوی و مه‌ڕه‌ كێویمان بینی كه‌ پێشتر نه‌مدیبوون، هه‌روه‌ها كه‌وی قاچ سووری سه‌ر به‌رد و هه‌ندێك قه‌له‌ بازه‌ڵه‌ و هه‌ڵۆ، ئه‌مه‌ هه‌موو ئه‌و باڵنده‌ و ئاژه‌ڵانه‌ بوون كه‌ بینیمن. له‌ به‌هاراندا ته‌واوی وڵاته‌كه‌ ده‌بێ به‌ به‌هه‌شتی گوڵ و گوڵزار و زه‌نبه‌قی ڕه‌ش ڕێك له‌ زه‌وی ڕاستبووه‌ته‌وه‌، زافه‌رانی شین و زه‌ردی پایزه‌، دیانساسی په‌مه‌یی و نه‌عنای سوورباو هه‌موو ئێستا گوڵیان كردووه‌ و هه‌موو جۆره‌كانی ڕوه‌كی پیازی و سه‌لك و ڕه‌گ و جۆره‌كانی تر هه‌موو ئێستا نه‌ماون. یاوه‌ره‌كانم هیچ له‌ پایز ڕانه‌ده‌مان و كاتێ من به‌ سه‌رسامی له‌ به‌رده‌می شكۆی دار قه‌زوانه‌كان و ڕه‌زی سوور هه‌ڵـگه‌ڕاودا ڕاده‌وه‌ستام و ئه‌وان ته‌نها ئه‌وه‌یان ده‌وت كه‌ ئێره‌ له‌ به‌هاراندا زۆر جوانه‌. گوندی شوێن به‌رزی وه‌ك شیوه‌كه‌ڵ، كه‌ نزیكه‌ی هه‌شت هه‌زار پێ له‌ ڕووی ده‌ریاوه‌ به‌رزه‌، ساڵانه‌ ماوه‌ی 3 – 4 مانگ له‌ ژێر به‌فردا ده‌مێنێته‌وه‌. من سه‌رم له‌وه‌ سوڕده‌مێنێ چۆن خه‌ڵكی به‌ زیندوویی هه‌ڵده‌كه‌ن كاتێ كه‌ شه‌كر و چایان لێده‌بڕێت و به‌فریش ڕێگای سلێمانییان لێده‌گرێت. ئه‌وان دارێكی زۆریان هه‌یه‌ بۆ سووتاندن و داربه‌ڕووه‌كانیشیان ئالیكی ئاژه‌ڵیان بۆ دابین ده‌كات و له‌ ناو لقه‌كانی هه‌ر ده‌وه‌نێكی به‌ڕوودا له‌ نزیك گونده‌وه‌ باوه‌شێك گه‌ڵا ده‌بینی. ئێمه‌ له‌ نۆڤه‌مبه‌ردا دیسان كه‌وتینه‌ڕێ و مودیر و ئه‌و كه‌سانه‌مان كه‌وتنه‌ ته‌ك كه‌ له‌ شیوه‌كه‌ڵدا بوون وه‌ك كارمه‌ندی داهات بۆ ئه‌وه‌ی ماوه‌ی چه‌ند میلێكی كه‌م كه‌شوفش به‌ كاروانه‌كه‌ بده‌ن و ڕێگامان بۆ یه‌كه‌م قۆناخی ڕۆژ به‌ قه‌دپاڵه‌كانی سنووری ئێراندا هه‌ر هه‌وراز و نشێومان ده‌كرد و به‌ ناو دارستانی به‌ڕوودا ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌رمان ده‌كرد. دوو جار به‌ ناو گوندێكی بچووكدا تێپه‌ڕین كه‌ له‌ گوێ چه‌مێكدا دروستكرابوو و پڕ بوو له‌ دار قه‌زوان و بی و ده‌وه‌نی تووتڕك، هه‌روه‌ها په‌ڵه‌ تووتن و جۆی زستانه‌ هه‌موو لاپاڵه‌كانی گرتبووه‌وه‌. به‌ڵام هه‌رگیز بیر له‌وه‌ مه‌كه‌ره‌وه‌ كه‌ له‌م گونده‌ برسییانه‌دا جووتیار خاوه‌نی زه‌وی بێت چوونکە‌ ته‌واوی زه‌وی و زار یان لانی كه‌م به‌شی زۆری مڵكی مودیرن، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی باوكی له‌ سه‌رده‌می توركدا قایمقام بووه‌ و به‌و پێیه‌ هه‌موو شتێكی بۆ خۆی قۆرخ كردووه‌. ئه‌و خانووه‌ی من له‌ شیوه‌كه‌ڵدا تیایدا خه‌وتم هی بازرگانێكه‌ و له‌و گونده‌شدا كه‌ پیایدا تێپه‌ڕیم سه‌رنجی خانوویه‌كی نائاسایی باشم دا و دواتر زانیم ئه‌ویش هی هه‌مان بازرگانه‌ و له‌ هه‌ر یه‌كێكیاندا ژنێك و خێزانێكی هه‌یه‌ و له‌ شوێنی تریش هه‌مان شتی هه‌یه‌ و به‌و ڕه‌نگه‌ بۆ هه‌ر شوێنێك بچێت بۆ كار و بازرگانی ماڵێكی خۆی هه‌یه‌. وه‌ك باوباپیرانی ئیسپانیی تۆ، گوندی سێهه‌م كه‌ زۆر له‌وانیتر گه‌وره‌تر بوو، ئه‌وه‌بوو كه‌ مودیری لێده‌ژیا. ئێمه‌ كاتژمێر 11 گه‌یشتینه‌ ئه‌وێ و بۆ نانی نیوه‌ڕۆ لاماندا. من له‌و ناوه‌دا گه‌ڕام و وێنه‌م گرت و له‌ دیوه‌خانه‌كه‌ی مودیردا له‌ به‌ر خۆر دانیشتم و كه‌وتمه‌ چاى خواردنه‌وه‌ له‌ چاوه‌ڕوانیی نانی نیوه‌ڕۆدا، كه‌ نانێكی زۆر تایبه‌ت و چاك بوو له‌گه‌ڵ گۆشتی كوڵاوی نایابدا له‌ سه‌ر برنج، بێجگه‌ له‌ نانی گه‌رم و ماستاو و قووڵینه‌یه‌ك ترێ. ماڵی مودیر گه‌وره‌ و فراوان بوو، دوو هێنده‌ی ئه‌وه‌ی من نه‌خشه‌م بۆ كێشابوو، واته‌ دوو به‌ره‌ خانوو بوو كه‌ دووه‌میان بۆ ژنه‌كان بوو، هه‌روه‌ها ده‌تتوانی به‌ قاڵدرمه‌یه‌ك سه‌ركه‌وی بۆ دیوه‌خانه‌كه‌ی.

پاش نانخواردنی نیوه‌ڕۆ سه‌رله‌نوێ كه‌وتینه‌وه‌ ڕێ و مودیر ماوه‌ی نزیكه‌ی نیو سه‌عاتێك به‌ سواری كه‌وته‌ ته‌كمان. ڕێره‌ومان به‌ شانێكدا ده‌ڕۆیشت و پاشان شۆڕ بووینه‌وه‌ بۆ گوندێكی بچكۆلانه‌ی جوان كه‌ ناوی سووره‌بان بوو. شتێكی سه‌یر بوو كه‌ ئه‌م گونده‌ و هه‌روه‌ها نۆڕكی گونده‌كه‌ی مودیریش له‌ نه‌خشه‌ی جه‌نگیدا ده‌سنیشان كرابوون، به‌ڵام ناوه‌كانیان هێند به‌ نامۆ و زه‌حمه‌ت حینجه‌ ده‌كرا كه‌وا كه‌س نه‌یده‌ناسینه‌وه‌. من لام سه‌یر نه‌بوو، چوونکە‌ ئه‌گه‌ر ئاشنا نه‌بوویتایه‌ به‌ زمانی كوردی نه‌تده‌توانی بیانناسیته‌وه‌ و به‌ پێی ڕه‌گی وشه‌كه‌ ده‌گۆڕان. بۆ نموونه‌ چووڵه‌غان ڕه‌گێكی هه‌بوو و نۆڕكیش له‌ ڕه‌گێكی تره‌وه‌ ده‌هات. له‌ پاش سووره‌بان و كێڵـگه‌ بچووكه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بووه‌كانی، هاتینه‌ ناو چه‌م و دۆڵێكی به‌رفراوانتر كه‌ ناوی ئاوی سیوه‌یل بوو. چه‌مێكی پڕ له‌ گاشه‌ به‌ردی دڵڕفێن و ئه‌ملاو ئه‌ولای لێژگه‌یه‌كی تووش و سه‌خت و به‌ درێژایی ماوه‌ی ڕێكردنمان به‌ سواری هه‌مووی ڕووه‌كی سۆرنجان بوو. پاشان هێدی هێدی له‌ چه‌مه‌كه‌ په‌ڕینه‌ ئه‌وبه‌ره‌وه‌ كه‌ كێڵـگه‌ی درێژ و به‌رفراوان و پڕ له‌ دار و ده‌وه‌ن و جۆگه‌ ئاو و دۆڵ و كه‌ندڕ بوو، ئه‌مه‌ هه‌مووی ده‌ستكردی سروشت بوو و كه‌سی تێدا نه‌ده‌ژیا و كه‌سیش نه‌یكێڵابوو، به‌ڵام گاگه‌ل و مانگای گوندێكی ئه‌و نزیكانه‌ی تێدا ده‌له‌وه‌ڕا كه‌ ئێواران ده‌یانبرده‌وه‌ بۆ گوند. لێره‌دا مودیر سه‌رنجی ڕاكێشام بۆ لای ئارامیی ناوچه‌كه‌ و پاش ئه‌وه‌ی دابه‌زین وه‌خته‌كه‌مان هه‌موو به‌ ده‌مه‌ته‌قێیه‌كی مودیر و ساڵح به‌گ به‌ سه‌ربرد. ساڵح به‌گ پیاوێكی زۆر دڵپاك و كراوه‌ و رێكپۆش بوو به‌ڵام كه‌مێك بێئه‌قڵ بوو، كه‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ شێوازێكی قسه‌كانمان بوو:

– ساڵح به‌گ: خاتوون، ئه‌و كچه‌ ده‌بینی؟ دایكی ته‌مه‌نی هه‌شتا ساڵ بوو كه‌ ئه‌و له‌دایكبوو.

– گێرتروود بێڵ: هه‌شتا ساڵ! ده‌ی وه‌ڵڵاهی ئه‌وه‌ ته‌مه‌نێكی زۆره‌.

– ساڵح به‌گ: به‌ڵێ هه‌شتا یان شه‌ست، ده‌ى با شه‌ست بێت.

من مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه‌م كرد ڕه‌نگه‌ ته‌مه‌نی دایكه‌كه‌ 35 بووبێت.

ئه‌و هیچ كاتێ بۆ وه‌ڵام دانه‌ده‌ما و من لێمده‌پرسی ئه‌م ڕێگا یان ئه‌ویتر بۆ كوێ ده‌چێت و هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و بچووكترین شاڕەزایی نه‌بوو به‌ڵام یه‌كسه‌ر ده‌یوت: “خاتوون ئه‌م ڕێگه‌یه‌ ده‌چێ بۆ فڵانه‌ ناوچه‌ له‌ فڵانه‌ شوێن” و بێ ئه‌وه‌ی هیچ گومانێك پیشان بدات ده‌ستی بۆ ئه‌و لایه‌ ڕاده‌كێشا. كاتژمێر سێی پاشنیوه‌ڕۆ به‌ره‌و سپیاره‌ هه‌ڵكشاین، كه‌ ده‌بوو له‌وێ چاومان به‌ مودیری پێنجوێن بكه‌وێت. من نه‌مده‌زانی ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ له‌وێ له‌ سه‌ر چ بنه‌مایه‌كه‌ و ئه‌گه‌ر من مودیر بوومایه‌ كه‌س قه‌ناعه‌تی پێنه‌ده‌كردم كه‌ تاقه‌ شه‌وێكیش له‌ سپیاره‌دا ببه‌مه‌ سه‌ر. خوایه‌ گیان ئه‌مه‌ چیه ‌و به‌هه‌رحاڵ دێهاتییه‌كان هه‌میشه‌ به‌ وێڵ و كه‌ماڵن و هه‌موو له‌ ژێر دار قه‌زوانێكی گه‌وره‌دا كۆبووبوونه‌وه‌ بۆ پێشوازی و به‌خێرهاتنمان كاتێ كه‌ ده‌گه‌ین و ئه‌وان ئه‌مه‌ پیشه‌یانه‌ هه‌ر كاتێ سه‌ردانى گونده‌كه‌یان بكه‌یت. ئێمه‌ پێنج ده‌قیقه‌یه‌ك پێش گه‌یشتنمان پیاوێكمان نارد هه‌واڵیان بداتێ بۆ ئه‌وه‌ى كۆببنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر تۆ چاره‌كه‌ سه‌عاتێك ته‌رخان بكه‌یت بۆیان ئه‌وه‌ چاوت به‌ پێنج كه‌سی داماوی جل شڕ ده‌كه‌وێت به‌ ترسێكه‌وه‌ سڵاوت لێده‌كه‌ن و ئه‌وجا به‌ ڕێزه‌وه‌ پاشه‌وپاش ده‌كشێنه‌وه‌. خه‌ڵكی سپیاره‌ وه‌ك خه‌ڵكی شوێنه‌كانی تر به‌ڕێز و نه‌زاكه‌ت بوون به‌ڵام ئه‌م گونده‌ هه‌ژارترین و پیسترین ئه‌و گوندانه‌ بوو كه‌ من ڕێم تێكه‌وتن.

سەرچاوە:

Gertrude Bell letters

لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت

About دیدار عثمان

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …