Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووی كۆنی كورد / ئایا کۆڕشی پاتشای فارس کچەزای هەستیاگی پاتشای مید بووە؟

ئایا کۆڕشی پاتشای فارس کچەزای هەستیاگی پاتشای مید بووە؟

12469467_986036971431970_2838320740396544842_o

 

نووسینی: سۆران حەمەڕەش
مێژوو بۆ ئەوە نەکراوە لەوێدا بێت و هەر شتێک گووتراوە بڕوای پێ بکرێت. مێژوو پێویستی بە پرسیارکردن و لێکدانەوە هەیە. دەبێت سەیری ڕووداوەکان بکرێتەوە و گێڕانەوەکان بە پشتگیری بە بەڵگەی جیاواز و خوێدننەوەی نوێ، دڵنیابکرێنەوە. بەداخەوە بەشی گەورەی مێژووی کورد وەک هەقایەتێکی خۆش چەندین ساڵە بۆ یەکی دەگێڕینەوە بێ ئەوەی کە پرسیار سەبارەت بە راستی و دروستیان بکەین. قبوڵمان کردبوو کە کورد ئاریە بێ ئەوەی کە پرسیار بکەین ئاری خۆی چیە، کەچی هەر کە دەکەویتە پرسیارکردن لە ناوەکە و چۆنێتی سەرهەڵدانی، بۆت دەردەکەوێت کە ئەو بۆچوونە و چەندین بۆچوونی تر سەبارەت بە ئێرانی بوون و ئاینی زەردەشتی هەر وا بۆ زیاتر لە سەد ساڵە بێ پرسیارکردن قبوڵکراوە و بەشێکی زۆری زیاتر بیروباوەڕن وەک لە ڕاستی مێژوویی. بۆیە بۆ سەد ساڵە بڕوامان کردووە کە میدەکان نزیکی دوو هەزار وپێنج سەد ساڵ لەمەوبەر لەلایەن فارسەکانەوە کۆتایی بە دەسەڵاتیان هاتووە، کەچی لە ڕاستیدا پاتشای میدەکان نزیکی هەشت سەد دوای ئەو مێژووە لە کوردستاندا هەر حوکمڕان بوون.
بە هەمان شێوە ئەمڕۆ مێژوونوسانی کورد ئەو چیرۆکە دەگێڕنەوە کە گوایە کۆڕش لە باوکەوە فارس بووە و دایکی کچی پاتشای مید بووە و دوایی کۆڕش کۆتایی بە دەسەڵاتی باپیرە میدەکەی هێناوە و دەوڵەتی میدی ڕوخاندووە. هەتاوەکو ئێستا پرسیاری جدیمان لەسەر چیرۆکی خزمایەتی نێوان کۆڕش و هەستیاگی پاتشای میدی نەکردووە و هەوڵمان نەداوە لەو ڕاستیە بگەین و تەنانەت زۆر جار کورد بە توڕەییەوە ئەو ڕووداوە باس دەکات و دەکەوێتە گلەیی کە چۆن ئەو کەسە نیوە کورد/میدە کۆتایی بە دەسەڵاتی میدەکان هێناوە.
سەرەتا دەبێت سەیری بەڵگە مێژووییە دێرینەکان بکەین و بزانین ئەم چیرۆکە چۆن دروست بووە. ئەگەر سەرنج بدرێت، دەبینرێت هەموو ئەو چیرۆکانەی کە ئەمڕۆ سەبارەت بە ژیانی کۆڕشی پاتشای فارس لە ئارادان، لەلایەن یۆنانیەکانەوە نووسراون و چیرۆکەکان بە شێوەی جیاواز نووسراون و هەندێک هاوبەشی و هەندێک جار جیاوازی زۆر لە نێوانیاندا هەن. یەکەم کەس نزیکی دوو هەزار و پێنج سەد ساڵ لەسەر ئەم بابەتەی نووسیوە، مێژوونوسی یۆنانی هیرۆدۆت بووە.
هیرۆدۆت سەرەتا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو ئاشنای سێ جۆر چیرۆک بووە لەسەر کۆڕش و ئەو یەکێکیانی دەنووسێتەوە. ئەو باس لەوە دەکات کە کۆڕش کچەزای هەستیاگی میدی بووە و هەستیاگ خەو دەبینێت و لە ئەنجامدا بڕیار دەدات کە منداڵی کچەکەی بکوژرێت. ئەو کەسەی کە فەرمانەکەی پێ دەدرێت، دەڵێت کوشتوومە بەڵام دەیدات بەشوان و لای شوان بەخێو دەکرێت و تا کۆتایی چیرۆکەکە. زەینەفۆن دواتر ئەو چیرۆکە دەگێڕیتەوە و دەڵێت گوایە کۆڕش لە منداڵیدا داوا لە باپیری دەکات کە ئەو ببێتە مەیگێڕی و ئەویش دیسان دەیکاتە کچەزای هەستیاگی میدی. بەڵام کتێسیاس کە دکتۆری پاتشای فارس بووە و لە هەموویان زیاتر دەستی بە زانیاری مێژویی ناو پاتشا فارسەکان گەیشتووە، ئەو دەڵێت کۆڕش لە خێزانێکی ئاسایی فارس بووە و کوڕی پیاوێک بووە کە شوانی بزن بووە، دوایی بووە بە باخەوان و دواتر مەیگێڕ لای پاتشای مید تا کۆتایی چیرۆکەکە.
هیچ کام لە چیرۆکەکانی کۆڕش وەک یەکتر نین و جیاوازیان هەیە و لە هەمان کاتدا دەبێت ئاگاداری ئەوە بین بۆ ئەو چیرۆکانە دروست کراون. لە ڕاستیدا زۆربەی کەسایەتیە ئاینیە گەورەکان و پاتشا گەورەکان چیرۆکی نائاسایی لە دایکبوونیان بۆ دروستکراوە. بۆ نموونە نزیکی هەزار و هەشت سەد ساڵ پێش کۆڕش، چیرۆکێکی هاوشێوەی کۆڕش بۆ سەرجۆنی ئەکەدی دروسکراوە گوایە باوکی باخەوان بووە و دوایی ئەو بووەتە مەیگێڕی پاتشا و لەوەوە گەورە بووە و بووەتە پاشایەکی گەورە. دەبینرێت لە چیرۆکی ئەردەشیری ساسانیشدا بە هەمان شێوە ساسان شوان بووە، بەڵام لە هەمان کاتدا بنەچەی خێزانی دەگەڕێنێتەوە بۆ پاتشا دێرینەکانی فارس. واتە دروستکردنی چیرۆکی نائاسایی و سەیروسەمەرە بەشێک بووە لە دابونەریتێکی دێرین کە هەمیشە خراونەتە پاش ژیانی پاتشا دێرینەکان.
جگە لەوە، بەستنەوەی کۆڕش بە مید، هیچ مانایەک نادات، لەبەر ئەوەی کە میدەکان لە ڕووی دەسەلآتەوە زۆر گەورەتر و بەدەسەڵات تر بوون لە فارسەکان و ڕێی تێناچێت کە پاتشای مید کچی خۆی بدات بە کوڕی دەسەڵاتدارێکی بچووکتر لە خۆی و بە تایبەت سەرەڕای کەم دەسەڵاتی پادشاکە، ئەو کەسە لە نەتەوەیەکی تر بووبێت. ئەوەی کە ڕوونە زۆربەی کەسایەتیە مێژووییەکان کە ویستوویانە شەرعیەت بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن، خۆیان بەستۆتەوە بە دەسەڵاتێک یان کەسایەتیەک کە لەخۆیان گەورەتر یان دێرینتر بوون. بەهائوڵای پێغەمبەری بەهاییەکان، بنەچەی خۆی بەستۆتەوە بە یەکێک لە ژنەکانی حەزرەتی ئیبراهیمەوە کە سەرەڕای ئەوەی نزیکی سێ هەزار ساڵ لە نێوانیاندا هەیە. مەولانا خالید کە خەڵکی ناوچەی قەرەداخە و کورد بووە، لە هەندێک سەرچاوەی ئیسلامیدا لە باوکەوە بەستراوە بە عوسمانی کوڕی عەفان و لە دایکەوە بە سەیدە فاتمەوە.
لە ڕاسیدا زۆربەی دەسەڵاتدار و حوکمڕانەکانی ڕۆژهەلات هەوڵی بەستنەوەی خۆیان داوە بە کەسایەتیەکی گەورەوە بەمەبەستی پتەوکردنی دەسەڵات و لە هەمان کاتدا هەوڵ دراوە چیرۆکێکی نائاسایی ژیانیان بۆ دروست بکرێیت. بەو جۆرە ئەگەری خزمایەتی نێوان پاتشای فارس و مید ئەگەرێکی نەگونجاوە و وەک ڕوونکرایەوە ئەو چیرۆکانەی کە سەبارەت ژیانی کۆڕش نووسراون زۆرن و زۆر جیاوازی لە نێوانیاندا هەیە. لە هەمان کاتدا بۆمان دەردەکەوێت کە بوونی ئەو جۆرە چیرۆکانە جۆرێکە لە دابوونەریتێکی دێرینی ناوچەکە و ناتوانرێت هیچ کام لەو چیرۆکانە وەک بەڵگەنامەی مێژوویی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. ئەوەی کە ئەگەری ڕاستی هەیە ئەوەیە کە کۆڕش کوڕی دەسەڵادارێک یان پاتشایەکی ناوچەیی فارس بووبێت و لەگەڵ کاتدا بەهێز بووە و دوایی کۆتایی بە دەسەڵاتی میدی هێناوە. بەستنەوەی کۆڕش بە میدەوە هەوڵێکی ژیرانەی فارسەکان بووە بۆ شەرعیەت دان بە دەسەڵاتی فارسەکان و دوایی پتەوکردنی ئەو دەسەڵاتە بۆ پاتشا فارسەکان لە ناو خەڵکی ناوچەکەدا کە ئاگاداری دێرینی دەسەڵاتی میدەکان بوون و لە هەمان کاتدا وەک دابونەریتێکی ئەو سەردەمە ژیانێکی نائاسایی بۆ دروسکراوە.
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
سەرچاوەکان:
-Bradford ,A. S (2001) With Arrow, Sword, and Spear: A History of Warfare in the Ancient World, Greenwood Publishing Group, USA.
– Cederquist, D. (2005) The Story of Baha’u’llah: Promised One of All Religions, Bahai Publishing, USA.
– Gera, D. L. (1993) Xenophon’s Cyropaedia: Style, Genre, and Literary Technique, Clarendon Press, Oxford.
-Herodutes (1975) Book I and II, Harvard University Press, USA.
– Sanjana, D.D.P (1896) The Kârnâmê î Artakhshîr î Pâpakân, Steam Press, USA.
– Xenephon (2010) Cyropaedia: The Education of Cyrus, Digireads.com.

About دیدار عثمان

Check Also

بە هیندۆئێرانیی کردنی کوردەکان

هه‌ڵكه‌وت پشده‌ری بەشی دووەم لە ناو ٥١ سەرچاوەی نێوان ٢١٠٠ بۆ ٦٠٠ ساڵ پ. ز. …