Home / بەشی مێژووی كورد / سلێمانی لەڕوانگەی گەڕیدە ئەوروپییەكانەوە

سلێمانی لەڕوانگەی گەڕیدە ئەوروپییەكانەوە

سلێمانی لەڕوانگەی گەڕیدە ئەوروپییەكانەوە

پ.د.فایەق مستەفا

112642016_2sll

 

 

 

 

 

 

 

لەزۆر بواردا جیاوازە
وەك چۆن زۆرێك هاوڕان لەگەڵمان سەبارەت بەوەی كە سلێمانی لەنێوان شارە كوردستانییەكان و شارەكانی تری عیراقدا لەزۆر رووەوە جیاوازی ئەوتۆی هەیە، راوبۆچوونی گەڕیدە ئەوروپاییەكانیش لەسەر لێبوردەیی و خۆشەویستی و هونەرەكان و تێكەڵی نێوان پیاوان و ژنان بەهەمان شێوەیەو پێیانوابووە سلێمانی زۆر جیاوازی لەگەڵ‌شارە عیراقی و ئێرانی و توركییەكاندا هەیە. لێبوردەیی بەمانای قبوڵكردنی ئەوی دی جیاواز لەتۆ لەئایین و مەزهەب و نەتەوە یان بیروڕای سیاسی. ریچ ئەو خەسڵەتەی لەبوونی سەدو سی ماڵی جولەكە، و نۆ ماڵە مەسیحی كلدان، و پێنج مەسیحی ئەرمەنی، لەشارەكەدا بەدی كردبوو، كە لەگەڵ‌موسڵمانەكانی شارەكە بەشێوەیەكی زۆر سروشتی و ئاسایی ژیانیان بەسەردەبردو پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ‌یەكدی هەبوو.
خۆشەویستی بۆ هونەر
سەبارەت بەخۆشەویستی خەڵكی شارەكە بۆ هونەرەكان، گەڕیدەی ئینگلیزی زۆر بەڕوونی خۆشەویستی خەڵكی سلێمانی بۆ مۆسیقاو گۆرانی و هەڵپەڕكێ بەدی كردووە، ریچ باس لەوە دەكات كە جارێكیان بیستویەتی لەیەكێك لەگەڕەكەكانی سلێمانی زەماوەندێك هەیە، بۆیە بڕیاریداوە یەكێك بێت لەتەماشاكاران و ئامادەبوانی ئەو زەماوەندی ژنهێنانە، ریچ بەم شێوەیە سەبارەت بەو زەماوەندە نووسیویەتی(بۆ ئەوەی نەبیتە جێگەی سەرنج، لەگەڵ‌مستەر بیڵ سەرو عەمامەی شاڵمان لەسەرناو بۆ شاردنەوەی جلەكانیشمان، سەرو عەبای رەشمان بەخۆمان داداو لەپاش ئەو خۆگۆڕینە، بەشەو بەڕێكەوتین بۆ بینینی ئەو زەماوەندە. دوای ئەوەی ماوەیەكی زۆر بەپێ‌رۆیشتین، گەیشتینە شوێنی زەماوەندەكە كە لەماڵێكی ئاساییدا بوو، تێكەڵ‌بەخەڵك بووین و بەسەر دیواری سەربانەكەدا سەركەوتین كە لەزەوییەوە شەش پێ‌بەرز بوو. حەوشەی ماڵەكە شانۆی زەماوەندەكە بوو كە ژمارەیەكی زۆر خەڵكی لێبوو بەهەموو چین و تەمەنە جیاجیاكانەوە، لەلاوێكەوە كە عەمامەیەكی رەنگاورەنگی لەسەرنابوو تا دەگاتە دڕندەیەكی ترسناك كە خۆی لەپێستی بزن هەڵكێشابوو، زۆرێك لەوانە لەهەڵپەڕكێیەكدا كە بە(چۆپی) ناودەبرێت، بەڕیزێك دەستی یەكتریان گرتبوو كە تائەندازەیەكی زۆر تەواوی گۆڕەپانی حەوشەی ماڵەكەیان داگیركردبوو.
ئەو هەڵپەڕكێیە بریتییە لە لەراندنەوەی جەستە بۆ پێشەوەو دواوە، رۆیشتن لەسەرەتاوە بۆ پێشەوەو پاشان بۆ دواوەو كێشانی پێیەكان لەهەندێك جاردا بەشێوەیەكی بەهێز بەزەویدا. ئەو هەڵپەڕكێیە گۆرانییەكی ئێرلەندی بیرخستمەوە، بەو واتایەی ئەوان جارێك بەرز دەبنەوەو جارێكی دی نزم دەبنەوە. لەڕێی هەڵهەڵەوە جاربەجار گوزارشتیان لەخۆشی و شادمانی خۆیان دەكرد. ئەوانەی كە شایی و هەڵپەڕكێیان نەدەكرد لەچوار دەوری دیواری بەرماڵەكەو لەسەر سەربانەوە، تەماشایان دەكرد. ژمارەیەكی دی لەنێوەندی بازنەی هەڵپەڕكێكەراندا بوون كە بریتیبوون لە لەوانەی بەتەپڵ لێدان و زوڕناژەنی و گۆرانی وتن، ئاهەنگەكەیان گەرم دەكرد. ماڵەكە بەسێ‌مەشخەڵ‌رووناك كرابۆوە، بەڵام خەڵك بایەخیان بەدووكەڵ‌و ئەو بۆن و بەرامە ناخۆشە نەدەدا كە لەگڕی مەشخەڵەكانەوە دەهاتەدەر. هەڵپەڕكێكەران زیاتر لەسەعاتێك بەر لەوەی ئێمە بگەین هەر خەریكی سەماكردن بوون، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەك كاتیان بەمشێوەیە بەڕێ‌دەكرد، مۆسیقاكە رادەوەستاو پۆلێك لەوانە گۆڕەپانەكەیان بۆ پۆلێكی دی چۆڵ‌دەكردو بواریان بەكەسانی دی دەدا. نواندن، پاش هەڵپەڕكێكە دەهاتە پێش كە بریتی بوو لەنواندنێكی ساناو بەهەندێك جوڵەو گەمەی جۆراوجۆر، تەماشاكارانی دەهێنایە پێكەنین. 112642016_4sssksksksk
دیمەنێكی زۆر جوان بوو
دوای ئەوە كۆمەڵی یەكەم بازنەو گۆڕەپانەكەی چۆڵ‌كرد، كوردێكی زل و كەتە بۆ چەند خولەكێك بەبازهەڵدانی جۆراوجۆرو هەندێك گەمە كە بەنەقیزەیەك(دار یان پارچە ئاسنێكی چەماوەیە بۆ لێدانی ئاژەڵ‌بەكاردەهێنرێت) ئەنجامی دەدا، خەڵكەكەی دەهێنایە پێكەنین. پاشان ریچ دێتە سەر باسی ژنان كە چەند ئازادن و لەلایەن پیاوانەوە رێزیان لێدەگیرێت. ریچ نووسیویەتی(دوای ئەوە سەرلەنوێ‌مۆسیقاكە لەسەر ئاوازی چۆپی دەستی بەلێدان كردەوە، پۆلێك ژن و كیژۆڵە كە نزیكەی سی كەس دەبوون و جلوبەرگی جوان و نەخشینیان لەبەركردبوو، بەبێ‌سەرپۆش دەستی یەكتریان گرت و بەشێوەیەكی جوان و قەشەنگ هاتنە نێو گۆڕەپانی حەوشەكە، ئەوە دیمەنێكی زۆر جوان بوو، كە بەڕاستی بەلامەوە شتێكی نوێ‌بوو، چونكە تائێستا ژنانی خۆرهەڵاتم نەبینیوە، بەو ئازادییەو بەبێ‌سەرپۆش لەسەركردن، تێكەڵ‌بەپیاوان ببن، بگرە ئازادی ئەوان سەبارەت بەسەرپۆش لەسەرنەكردن، زۆر لەژنانی خێڵە عەرەبییەكان زیاتر بوو. ئەو پۆلە ژنە بەشێوەیەكی لەسەرخۆ بەدەوری گۆڕەپانەكەدا دەسوڕانەوە، لەهەڵپەركێكەیاندا جارێك بەهەنگاوێك رووەو ناوەڕاستی گۆڕەپانەكە دەڕۆیشتن و جارێكی دی دەكشانەوە، لەشولارو سەریان بەشێوەیەكی هاوسەنگ دەلەراندەوە، كە زۆر جوان و سەرنجڕاكێش بوو. ئاوازو نەغمەكان لەسەرخۆو هێمن بوون، ژنەكان بەهیچ شێوەیەك لەهەڵپەڕیندا زیادەڕەوییان نەكردو جوڵەیەكی وەهایان نەنواند كە ببێتە مایەی نەنگی. بەتەواوەتی دڵم بەو دیمەنە كرایەوە كە تەنیا نیو سەعاتی خایاند، پاشان مۆسیقاكە راوەستاو ژنان دوای ئەوەی خۆیان لەسەرەوە تا پێیەكانیان داپۆشی بۆ ماڵەكانی خۆیان گەڕانەوە.
ئەوە لەواقیعدا رێوشوێنێك بوو كە دەبوو پیادە بكرێت، ئەوەی ئەو هەڵپەڕكێیەی بینیبێت لەپیاوان، دەكرا لەشەقامەكانی سلێمانیدا چاوی بەوانە بكەوێتەوە كە زۆرینەیان شۆخ و شەنگ و جوان بوون. دوای وەسفكردنی ئەو دیمەنە، بێهودەییە گەر بڵێین ژنانی كورد لەماڵەكانیاندا لەژنانی عەرەب و تورك كەمتر پۆشتەترن، ئەوان تەنانەت بەرامبەر بەكەسانی بیانیش كەمتر گوێ‌بەو مەسەلەیە دەدەن. رێگە بەكارەكەرە پیاوەكان دەدەن بچنە ماڵەكانیان، كاتێكیش لەماڵ‌دەردەچن، پەشتەماڵێكی شین بەسەری خۆیاندا دەدەن و پەچەیەكی رەش دەپۆشن كە لەوەدا هاوشێوەی ژنانی بەغدان. زۆر بەكەمی دەموچاوی خۆیان دادەپۆشن جگە لەوانەی كە لەچینەكانی سەرەوەن یان ئەوانەی كە نایانەوێت خەڵكی بیانناسێتەوە. وێڕای ئەو ئازادییەو ئەو گوێنەدانە، بەڵام هیچ ژنێك هێندەی ژنی كوردی بایەخ بەئەدەب و ئاكارو پۆشتەیی نادات و لەو رووەوە زۆر لەسەرو ژنانی توركەوەن. پایەی ژنان لەكوردستان زۆر بەرزترە پایەی ژنانی تورك و ئێرانی، بەو واتایەی مێردەكانیان بەشێوەیەكی یەكسان مامەڵەیان لەگەڵ‌دەكەن، ئەوان گاڵتە بەتوركەكان دەكەن كە وەك كۆیلە مامەڵە لەگەڵ‌ژنەكانیان دەكەن و بەكەمتر تەماشایان دەكەن. خێزانەكان سەقامگیرن لەكوردستان كە ئەوەش لای توركەكان زۆر بەكەمی بەدی دەكرێت.
بزاوتنی مەدەنی و بەرەوپێشچوون
لەڕوانگەی هەموو ئەوانەوە، دەتوانین لەنهێنی ئەو بارودۆخە باشە تێبگەین كە لەئێستادا ژنان هەیانە لەسلێمانی، مەبەستم ئەوەیە كە ژنان لەهەموو بوارەكانی ژیاندا لەسلێمانی ئامادەگییان هەیە، پێكهاتەیەكی سەرەكییە لەبزاوتنی مەدەنی و بەرەوپێشچوونی، چونكە خەریكە هەموو ئەو كارانە دەكات كە پیاوان ئەنجامی دەدەن، كرێكارەو جوتیارە، مامۆستاو ئەندازیارو پزیشك و راگری زانكۆیە، وەزیرو پەرلەمانتارو پۆلیس و ئەفسەری هاتووچۆیە، رۆژنامەنووس و هونەرمەندە. چەندین شاعیرو هونەرمەندمان بینیوە كاتێك ژنانی سلێمانی بەدی دەكەن، بەدەنگێكی بەرز هاوار دەكەن: ئێوە ئەی ژنانی سلێمانی كچە شازادەن، كچە شازادەن بەهەموو واتایەك، ئێوە جوان و رێكپۆشن، توێژێكی چالاكن و متمانەی تەواوی كۆمەڵگەكەتان بەدەستهێناوە، بەوپەڕی ئازادییەوە دێن و دەچن، چاوی پیاوان و توانجە ناشیرینەكانیان شوێنتان ناكەون، بەپێچەوانەی هەندێك شاری دی كە تائێستاش ئامادەگی ژنان تێیاندا كەمە، ئەو شوێنانە پڕ دەكەنەوە كە تێیدا كاردەكەن، و ژیان و شادی دەبەخشنە چوار دەورتان، ئامادەگیتان لەشوێنە جیاجیاكانی كۆمەڵگە هیچ كێشەیەك دروست ناكات، ئەوەیە شارستانی راستەقینە. كەواتە ئەو بارودۆخە باش و جیاوازەی كە ژنان لەشاری سلێمانی هەیانە، پاشخان و رەگوریشەیەكی دێرینی هەیە لەڕابردوودا.

خاك

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …