Home / بەشی مێژووی كورد / پوختەیەك لەژیاننامەی شەهید مامۆستا ناصری سوبحانی

پوختەیەك لەژیاننامەی شەهید مامۆستا ناصری سوبحانی

islahweb-8379-1369163514
* مامۆستا ناصری سوبحانی ساڵی ١٩٥١ ی زاینی لەگوندی دوریسان نزیك شاری پاوەی هەورامانی

سەربە پارێزگای کرماشان لەکوردوستانی ئێران چاوی بەدونیا هەڵهێناوە .

*خوێندنی سەرەتای و ناودنی لەگوندەکەی خۆی و شاری پاوە تەواو کردووە .

* پاشان دەستی کردووە بەخوێندنی زانستە شەرعییەکان و ، هەر لەسەرەتای لاوی یەوە زیرەكی و بلیمەتی دەرکەوتووە بۆ ئەو مەبەستەش زۆرێک لەشارو گوندە ناو دارەکانی کوردوستان وەك پاوە و سنە و مەریوان و خانەی بەسەر کردۆتەوە و ، لای زانا گەورە و ناودارەکانی ئەو ناوچانە خوێندویەتی .

* لەگەڵ سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران دژی ڕژێمی شاهەنشاهی کەوتە جموجوڵ و لەشارەکانی پاوە و ڕوانسەر و جوانڕۆسنە و کرماشان و مەریوان چەندین وتاری داوە و بەشداری هەموو چالاکیەکانی جەماوەری ڕاپەڕیوی کردووە .

* لەساڵی ١٩٨٠ دا پەیوەندی کردوە بەکۆمەڵی برایانی موسوڵمانەوە و ، لەماوەیەکی کەم و کورتدا_ لەبەر دڵسۆزی و لێهاتوی _ بووتە جێی متمانەی ئەو کۆمەڵە و ، گەیشتە ئاستی ئەندامانی قیادی لەئێراندا.

* لەچەند ساڵی سەرەتای شۆڕشی ئێراندا هاوکارێکی دڵسۆزی مامۆستای تێکۆشەر و زانای ڕەحمەتی کاک ئەحمەدی موفتی زادە بووە ، مامۆستا مفتی زادە ناصری سوبحانی بە برایەکی خەمخۆر و دۆستێکی زۆر نزیك و پشتیوان و هاوکارێکی بەردەوام دەزانی .

* مامۆستا سوبحانی لەگەڵ کاک ئەحمەد ی موفتی زادە وژمارەیەکی زۆر لەسیاسەت مەدار و زانایانی کوردوستان و ئەهلی سونەتی ئێران لەچەندین هەوڵی گفت و گۆو دانوستاندا لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەئێران بەشدار بووە و ، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین جار سەردانی کرماشان و قوم و تارانی کردووە لەگەڵ گەورە و بەرپرساندا گفتو گۆی ڕاستە و خۆی کردووە ، داکۆکی لەکێشەکانی گەلی کورد بەتایبەتی و ئەهلی سونەت بە گشتی کردووە .

*لەساڵانی یەکەمی شۆڕشی ئێراندا لەگەڵ گەورە سیاسەت مەدارانی ئەو کاتە کوردوستان بەشداری چەندین کۆنگرەی کردووە .

* لەساڵی ١٩٨١ کەشورای ناوەندی ئەهلی سونەت ( شمس ) مامۆستا ناصر یەکێک بوو لەبەشدارە چالاکەکان و ، هەر لەکۆنگرەی یەکەمدا کەلەتاران بەسترا هەڵبژێررا بەنوێنەری پارێزگای کرماشان ، هەروەها لەکۆنگرە دووەمی ( شمس ) یشدا بەشداری کرد .

*هەر لەگەڵ بەستنی کۆنگرەی دووەمدا بەرپرسانی ئێرانی کەوتنە دژایەتی کردنی بەشداران و دەیان کەسیان لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردوستاندا گرت ، فەرمانی گرتن بۆ مامۆستا سوبحانیش دەرکرا ، بەڵام نەکەوتە بەردەستیان . . . بۆیە هەر لە پایزی ساڵی ( ١٩٨٢ ) دا ناوچەکەی خۆی بەجێ هێشت و بەشێوەیەکی نهێنی کەوتە چالاکی کردن لەشارەکانی تری ئێراندا .

* لەساڵی ١٩٨٣ دا سەردانی پاکستانی کردووە ، چەندین دیداری لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو کاتەی شۆڕشی ئەفغان کردووە ، جگە لەوەی کە چاوی بەچەندین کەسایەتی ئیسلامی جیهانی کەوتووە .

* لەبەهاری ١٩٨٨ دا لەگەڵ ژمارەیەک لەبرا هاوکارەکانی سەردانی تورکیایان کرد و لەکۆنگرەیەکی ئیسلامیدا کەتایبەت بوو بەکێشەی کورد بەشداری کردو، وتارێکی بەنرخی لەکۆنگرەکەدا خوێندەوە و ، لەبەر ڕۆشنای قورئاندا مافی گەلان و کێشەی نەتەوەی ڕوونکردەوە .

* لە ٦/٦/١٩٨٨ دا لەشاری سنە لەکاتی میوانداری دا دەستگیر کراو پاش چەند ڕۆژێک لەدەستگیر کردنی دەنگی ناڕەزای لەسەرانسەری ئێرانەوە دەستی پێکرد و دواتر تۆماری ناڕەزامەندی لەچەندین لای ناوەوە و دەرەوەی ئێران ، درایە بەرپرسانی حوکمەتی ئێرانی ، بەڵام بە بێ سود . . . تەنانەت زۆرێک لەسەرکردەو پارت و کۆمەڵە ئیسلامیەکانی دەرەوەی ئێران بەنوسراوی ڕەسمی بەرپرسانی ئێرانیان لەمەترسی ئەگەری ئازاردانی مامۆستا سوبحانیان ئاگادار کردەوە ، لەناو خۆی ئێرانیش بۆ ئەو مەبەستە سەردانی زۆرێک لەبەرپرسان کرا .

* پاش ئەو هەوڵە زۆرانە ، بەرپرسان ( بەرپرسانی ئێرانی ) ، وەفدی بەدواداچونی مەسەلەکەیان ئاگادار کردەوە ، کەپاش چەند ڕۆژێک تەرمی خوالێخۆش بوو لەشاری سنە تەسلیم دەکەنەوە .

* سەر ئەنجام لەشاری قوڕوە کەسەر بە ئوستانی سنەیە لەکوردوستانی ئێران گۆڕی مامۆستایان نیشانی کەس و کاری داو ئاگاداریان کردن کەنابێ تەرمەکەی دەربهێننەوە .

* مامۆستای ڕەحمەتی بەگەواهی زۆرێک لەزانا و کەسایەتیە ئیسلامیەکان ئەهلی ئیجتیهاد بوو خاوەنی توانایەکی زانستی کەم وێنە بوو . هەر بۆیە لەهەموو بوارەکان { تەفسیر و حەدیث و فیقهــ و فەلسەفە و دەعوە و حەرەکەتدا } بۆچون و ئیجتیهاداتی بەهێزی هەبوو.

* مامۆستا ناصری سوبحانی خاوەنی زیاتر لەهەزار کاسێتی پڕکراوەیە لەبوارەکانی ( تەفسیری قورئان و مەسەلە عەقیدەییەکان و ، شەرحی عیبادەت و حیکمەتەکانی و سیستەمەکانی ئیسلام و، زانستەکانی ( علوم القرآن ) و ( اصول الفقه ) و ( علوم الحدیث ) ە . ئەمانەو جگە لەچەندین وتار دەربارەی کێشە ئایدۆلۆژی و سیاسیەکانی سەردەمی پێش و پاش شۆڕشی ئێران ، جگە لەزمانی کوردیش سەدان کاسێتی پڕکراوەی بە زمانی عەرەبی و فارسی هەیە .

* لەبەرهەمە زانستیەکانی تری مامۆستا سوبحانی بەشێوەی باس و نوسین ، ئەمانەن :

١_ ( مجموعة فتاوی ) بەعەرەبیە و دەربارەی زۆرێک لەکێشە هاوچەرخەکان و مەسەلە فارسیە گرنگەکان.

٢_ (الولایة والامامة ) کەبابەتێکی فەلسەفی + سیاسیە و لەڕوانگەی قورئانەوە کێشەی ( ولایة و امامة ) ڕووندەکاتەوە .

٣_ ( مذکرة فی علوم الحدیث ) کەلە ئەساسدا نامەیەکی دورو درێژە بۆ { مجمع السنة النبویة } ی ناردووە ، کە دکتۆر یوسف القرضاوی دەیبات بەڕێوە ، لەم نامیلکەیەدا ژمارەیەک سەرنجی گرنگی خۆی ئەخاتە پێش دەستی پڕۆژەی کۆکردنەوەی فەرموودەکانی پێغەمبەر ؛ صل الله علیه وسلم ؛ .

٤_ مختصر مدراج السالکین . کە کورت کردنەوەیەکی ( تذهیب ) ە کەی عبد المنعم صالحە .

٥_ کتێبێکی گرنگ دەربارەی ( عەقیدە ) کەلەقورئاندا بابەتەکانی دەر دەهێناو ڕۆژانی پێش دەستگیر کرانی پێوەی سەر گەرم بوو ، بەڵام تەواوی نەکرد .

ئەمەو جگە لەدەیان وتار و باس و لێکۆڵینەوە کەبەناوی خوازراو لەگۆڤارە ئیسلامیەکاندا لەساڵانی :
١٩٨٣_ ١٩٨٧ بڵاو کراونەتەوە .
_____________________________

سەرچاوە / کتێبی : مرۆڤ و ڕیبازی ژیان .
ئا / ڕێباز عبدالل

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …