1
1
(قالینج ئاغا) (گرمێروو)
بەشى سێيەم
کولتوورى قارنچەغە
(قالینج ئاغا) (گرمێروو)
بەشى سێيەم
ھەڵکۆڵينەکانى گردی قالینج ئاغا (1969)
د.بەھنام ئەبولسووف (١٩٣١-٢٠١٢)
دوای ئەم دوو وەرزە کورتە لە ھەڵکۆڵین وبۆگەڕان، چەندین لایەنی ڕابردوو و ئاستی شارستانیی گردی قالینج ئاغای بۆ ئاشکرا کردین (ئەگەرچی بە شێوەیەکی سنوورداريش بێت) ، کە دانیشتوانە دێرینەکانی زیاتر لە پێنج ھەزار ساڵ لەمەوبەر پێی گەیشتبوون، دەستمان کرد بە پلاندانان بۆ ھەڵکۆڵینی ھەمەلایەنە کە ڕووبەرێکی فراوانی تەپۆڵکە شوێنەوارییەکەمان بۆ ئاشکرا بکات، بە تایبەت لە شوێنی خۆیدا بەشی ڕۆژئاوای، کە پاشماوەی دەوڵەمەند بە گۆڕ و دەستکەوتە تەلارسازییەکانی سەردەمی ئوروک بوو. ئامانجمان لەم کارەدا ئەوە بوو:
1- ئەم ھەڵکۆڵینەی لە ساڵی ١٩٦٧ کرابوو تەواوبکەین ،لەترسی ئەوەی نەوەکا گڵەکەی بگوازرێتەوە،یا بە ناڕەوا ھەڵکۆڵینی بۆ بکەن وئاسەوارەکانی دەسکاری بکرێن.
٢- ھەڵدانەوەی ڕووبەرێکی فراوان لە ھەر چینێکی ناوچە نیشتەجێبوونەکان بۆ ئەوەی بتوانین بە ڕوونی پلانی نیشتەجێبوونیان دەستنیشان بکەین، لەوانە خانووی نیشتەجێبوون، بینای ئایینی، ئیمکاناتی گشتی، ڕێگاوبان و ھاوشێوەکانی، لەم قۆناغە گرنگەدا (سەردەمی ئوروک)ی مێژووی عێراقی کۆن (بەڵکو تەواوی لەتەواوی ڕۆژھەڵاتی نزیکى کۆن)، کە گوندەکان دەستیان بە فراوانبوون کرد بۆ ئەوەی ببنە شاری ئاوەدان و پڕئاپۆرە بوون بە دانیشتووانەکانیان بەھۆی خۆشگوزەرانی ئابووری و فراوانبوونی کشتوکاڵ و پسپۆڕی لە پیشەسازییە جۆراوجۆرەکاندا (بڕوانە تێبینی ژمارە یەک سەبارەت بەو شتانەی کە تێیدا باسکراون سەبارەت بە گرنگترین دەستکەوتە شارستانییەکان لە سەردەمی ئوروکدا).
٣- لێکۆڵینەوە لە ئەگەری دۆزینەوەی نموونەی نووسینی وێنەیی سەرەتایی لە چینەکانی سەرەوەی ئەم شوێنە ، کە لە دێرینیدا هاوشانى ئەو نووسینە وێنەییانەی لە ناوەڕاست و باشووری عێراق دۆزراونەتەوەی (لە چارەکی کۆتایی ھەزارەی چوارەمی پێش زایین) لە شارە شوێنەوارییە بەناوبانگەکانی وەک ئوروک، نیپور، ئەلعوقەیر، و جەمدەت نەسڕ دۆزرایەوە. ( ڕەنگە ئەمە ھەندێک ڕۆشنایی بخاتە سەر ئەو کێشە بەردەوامەی سەبارەت بە بنج وسەرچاوەی سۆمەرییەکان و شارستانیەت و زمانەکەیان. نووسەر پێی وایە سەرچاوە و بناغەکانی شارستانیەتی سۆمەری، لەوانەش توخمە جۆراوجۆرەکانی لە تەلارسازی، گلێنە، پەیکەرسازی و ھونەرەکانی دیکە، لە میزۆپۆتامیا لەدایک بووە و پەرەی سەندووە. ھەروەھا پێی وایە ئەو دەنگۆیانەی ھەندێ لە شوێنەوارناسانی ڕۆژئاوا لەم بوارەدا دەیکەن- کە سۆمەرییەکان و شارستانییەت و زمانەکەیان نامۆیە بەم خاکە، ھەندێکجار سەرچاوەیان بە ئاسیای ناوەڕاست دادەنێن و لە کاتیێکی دیکەشدا سەرچاوەی ھەندێک لە توخمە ھونەری و تەکنیکییەکانیان بۆ تورکیا یان ئێران دەگەڕێننەوە- بێ بنەمان.) دۆزینەوەی ھەندێک گڵێنە و ئاسەوارەکانی ئەو سەردەمەی کە بە سەردەمی نەینەوا ناسراوە، چینی پێنجەم ( ئەم قۆناغە ڕاستەوخۆ دوای سەردەمی ئوروک لە باکووری عێراق ھات و ھاوکات بوو لەگەڵ سەردەمی جەمدەت نەسر لە باشوور (و ڕەنگە سەرەتای سەردەمی سەرەتای بنەماڵەکانی سۆمەر)، ئەو قۆناغەی کە نووسین بۆ یەکەمجار لە ناوەڕاست و باشووری عێراق دەرکەوت (نزیکەی ٣٢٠٠ پێش زایین). ناوی بەو شێوەیە ناونراوە (واتە سەردەمی نەینەوا، چینی پێنجەم) دوای یەکەم دۆزینەوەی گڵێنە جیاوازەکانی، لەوانەش جۆرە ڕەنگاوڕەنگ و ڕازاوە بە چاڵی قووڵ، و گڵێنەی سادە و بێ ڕەنگ، لە چینی پێنجەمی چاڵە بۆگەرانە قووڵەکەی گردی قویونجیق لە نەینەوا، لەلایەن پرۆفیسۆر مالۆوان لە ساڵانی ١٩٣١-١٩٣٢. ) لە چینەکانی دواتر (سەرەوە)ی گردی قالینج ئاغا، وایکردووە کە ئەگەری ئەوە لەبەرچاو بگرین کە ڕەنگە لێرەدا دەپی (خشتى نووسراو-بەردەنووس)ئەو نووسراوە سەرەتاییانە بدۆزینەوە. ھەرچەند بەختەوەر نەبووین لەم وەرزەدا بەڵگەی ئەم بابەتە بدۆزینەوە، بەڵام ڕەنگە لە شوێنێکی تری قالینج ئاغا بیدۆزینەوە، کە ڕەنگە لە وەرزەکانی داھاتوودا ھەڵکەندرێت، یان ڕەنگە لە شوێنێکی دیکە لە باکووری عێراق بدۆزرێتەوە.
( ڕەنگە ئێمە لەم ڕووەوە تا ڕادەیەک گەشبین بین، چونکە ڕەنگە دانیشتوانی باکووری میزۆپۆتامیا یەکەم نووسینی وێنەییان پەرە پێنەدابێت، لە کاتێکدا باشوور بە ھۆکاری کولتووری تایبەت و پێویستییەکی زۆر بە بەڵگەنامە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری پەرستگاکان و ھاوشێوەکانی، ڕەنگە دوای چەندین ھەوڵ و تاقیکردنەوە، شێوازێکی ئاسانکراوی نووسینیان داڕشتبێت. لە ھەر حاڵەتێکدا وەڵامی یەکلاکەرەوە لەسەر ئەم بابەتە لە لای کوڵینگی ھەڵکۆڵەرەكانەوە دەبێت.)
ئەنجامی وەرزی سێیەمی ھەڵکۆڵینەکان:ھەرچەندە ئامانجی کۆتایی بەدی نەھات، بەڵام وەرزی سێیەمی ھەڵکۆڵینەکان کە نزیکەی سێ مانگی خایاند لە ھاوینی ساڵی ١٩٦٨ (9 )، لەڕادەبەدەر بەرھەمدار بوو. جگە لەو شوێنەوارە بەرچاوە تەلارسازییە ئایینی و نیشتەجێبوونانەی کە لە سێ چینە ھەڵکەندراوەکەدا دەرکەوتوون، زیاتر لە پەنجا گۆڕی منداڵان لە ژێر زەمینەکانی خانووەکاندا دەرکەوتوون. زۆربەی ئەم گۆڕانە ملوانکەی لە مووروولەتوێکڵە سەدەف و ئێسک و بەردی بەنرخیان تێدابوو، لەگەڵ چەند خشلێکی ڕازاندنەوەیی زێڕین. لە نێویاندا کلدانێکی بچووک و نووکدار ، کە لە شووشەی گڕکانی سپی و شەفاف دروستکرابوو، لە کەمەرەکەیدا پشتبەندێکی زێڕین ھەبوو ، کە ئاماژەیە بۆ پێگەی بەرزی خاوەنەکەی. ھەروەھا ئەم سێ چینە چەندین بووکەڵە-پەیکەری بچووکی گڵینی ژنانیان لێ دۆزراوەتەوە ، کە زۆربەیان دانیشتوون، نیشانەکانی دووگیانییان ھەبووە- ھێماکانی ژیان، منداڵبوون و زاوزێکردنن- ناسراوبە خوداوەندی دایک.
ھەندێک لەو بووکەڵە گڵینانە جۆرێک لە ھێما و گۆڕینی سروشتیان پێشان دەدا. ھەندێکیان شێوەیان وەک لوولەک یان قووچەکی بوو، دەست یان قاچیان نەبوو. سەرەکە بە گشتی بە شێوەیەکی نووکدار نیشان دەدرا ، کە یەک یان چەند پەڵەیەک لە لایەکەوە دەرکەوتبوو، ئەمەش ھەندێک وردەکاری بە دەموچاو دەدا. ھەروەھا دەیان بووکەڵەی ئاژەڵی گڵینی سێ ڕەھەندی دۆزرایەوە، لەوانە ئەسپ، سەگ، بەرخ، گوێدرێژ و تەنانەت پڵنگ.
الدكتور بهنام ابو الصوف،(مجله)سومر،الجزء 1+2 ،1969 ،ص 3-14 ،مجلد 25