Home / بەشی مێژووی كورد / فەریدە كوهی كەمالی : راپەڕینەكەی سمكۆ نەتەوایەتیی یان خێڵگەرایی

فەریدە كوهی كەمالی : راپەڕینەكەی سمكۆ نەتەوایەتیی یان خێڵگەرایی

simko - Kopi

راپەڕینەكەی سمكۆ
نەتەوایەتیی یان خێڵگەرایی

فەریدە كوهی كەمالی
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دكتۆر یاسین سەردەشتی

دەروازە

لە ئێراندا، خولیا كوردییەكان بۆ سەربەخۆیی، پێشكەوتنی ئابووریی، هەروەها لەبەرچاوگرتنی مافی كەلتووریی كاتێك پەرەیسەند وەك ئاكامێكی ئەو پرۆسە سیاسیی‌و ئابوورییەی سەبارەت بە گۆڕینی شێوەژیانی خێڵەكان‌و كۆچەرییەكان لەلایەن حكومەتی ناوەندی رەزاشاوە جێبەجێكرابوو. ئەم پرۆسەیە كە لە 1920 كاندا دەستیپێكردبوو، بەزۆرنیشتەجێكردنی خێڵە كۆچەرییەكانی كوردستان‌و دواجار جێگیربوونیانی گرتبووەخۆ. ئەوەی بۆخۆی بووە هۆی لاوازكردنی پەیوەستە ئابووریی‌و كۆمەڵایەتییە سوننەتییەكانی كۆمەڵگەكە. ئەمەش واناكات بوترێت كە هەر كۆمەڵگەیەكی خێڵەكیی كاتێك جێگیردەبێت باوەش بە شوناسی بیری نەتەوەییدا دەكات. لە حاڵەتی كوردانی ئێراندا، زیاتر بەهۆی سیاسەتە سەركوتكارەكانی حكومەتەوە بوو كە خولیا كوردییەكان بۆ خودموختاری‌و لەبەرچاوگرتنی مافی كەلتووریی‌و پێشكەوتنی ئابووریی تروكان.
لەڕووی مێژووییەوە، ناوكی جووڵانەوەی سیاسیی- نەتەوایەتیی كوردانی ئێران نزیكەی هەمیشە لە هەرێمەكانی باكووردا بووە، بەتایبەت لە ناوچەی مەهاباد(سابڵاغ). هۆكارگەلی جیاواز بۆئەوە هەیە كە بۆچی هێندێك لە هەرێمەكانی دیكەی كوردستانی ئێران جۆرە دەربڕینێكی جیاوازیان سەبارەت بە نەتەوایەتیی كوردیی پەرەپێداوە ( زیاتر لەسەر بنەمای ململانێی چینایەتیی لە كۆمەڵگەی كوردییدا راوەستاوە لەبەرامبەر جەختكردنەوە لە خەبات دژی حكومەتی ناوەندیی وەك كێشمەكێشی سەرەكیی )‌و نەبوونەتە بەشێك لە رێكخراوە كوردییە سەرەكییەكە(حدكا). لەباشوور، بەتایبەتی لە هەرێمی كرماشان، دانیشتووانی شیعەی كورد ئینتیمایان بۆ حكومەتی ناوەندییە لە تاران. لەسەقز، كە كۆمەڵگەكە بەشێوەیەكی سوننەتیی كشتوكاڵییە هەروەك لە بەشە ئابوورییەكەدا ئاماژەمان پێدا، جووڵانەوەی نەتەوایەتیی جووڵانەوەیەكە تێیدا زیاتر جەخت لە پرسەكان وەك مەسەلەی ململانێ‌ چینایەتیی نێو كۆمەڵگەی كوردیی خۆی دەكرێتەوە، وەك ئەوەی كێشمەكێشی نێوان حكومەتی ناوەندیی‌و كوردان بێت. ئەمەش پێچەوانەی ئاراستە گشتیی ئەو جووڵانەوە كوردییەیە كە (حدكا) نوێنەرایەتیی دەكات، ئەوەی فرە كاریگەریی لە هەرێمە خێڵەكییە سوننەتییەكانی رۆژئاوا‌و باكووری كوردستانی ئێراندا هەیە.
لەبەر ئەم هۆیەیە من چاو دەبڕمە پەرەسەندنی كۆمەڵگە خێڵەكییەكە وەك ئەوەی كە بوونی هەیە، ئەوەی بە پلەی یەكەم لە ناوچە شاخاوییەكاندا دەبینرێت. پێویستە تێبینی ئەوە بكرێت كە مەبەستم لە هەرێمە شاخاوییەكان ناوچەكانی باكووری رۆژئاواو رۆژئاوای ناوەندیی كوردستانە، كە لەوێ‌ شارو گوندی گرتۆتەخۆ.
پێشتر، رەوشی كۆمەڵایەتیی-ئابووریی كوردانم لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا راڤەكردووەو لە كاریگەرییەكانی سیاسەتەكانی رەزاشام سەبارەت بە خێڵەكان‌و ژیانی كۆمەڵایەتیی-ئابووریی كوردان كۆڵیوەتەوە. لەم بەشەدا، لە سروشتی ژیانە سیاسییە كوردییەكەی چارەكی یەكەمی سەدەی بیستەم دەكۆڵمەوە. لەم چوارچێوەیەدا، مشتومڕ سەبارەت بە كۆت‌وبەندی خێڵگەرایی لەهەمبەر نەتەوایەتیی دەكەم. ئارگومێنتی من ئەوە دەبێت كە ئەم كۆت‌وبەندە بەشێوەیەكی سەرەكیی لە سروشتی كۆمەڵگەی خێڵەكییەوە وەك كۆمەڵگەیەكی رووبەڕوو سەرچاوەی گرتووە، ئەوەی وەك پێناسە، لەمپەرێك بوو لەسەر رێگای پەرەسەندنی نەتەوایەتیی كوردییدا. من تیشك دەخەمە سەر ئەو” revolt/ شۆڕشە”•ی كە لەلایەن ئیسماعیل ئاغای سمكۆوە سەركردایەتیی كرا بۆئەوەی كۆت‌وبەندی كۆمەڵگەی خێڵەكیی كوردیی لەپەیوەندی بە نەتەوایەتییەوە لە ساڵانی 1920كاندا روونبكەمەوە. هەرچەندە، پێش شرۆڤەكردنی شۆڕشەكەی سمكۆ، پێویستە مشتومڕ سەبارەت بە رەوشی سیاسیی‌و كۆمەڵایەتیی خێڵەكان لە ئێراندا بكەم لەماوەی سەدەی نۆزدەیەم‌و سەدەی بیستەمدا. پەیوەندییەكانی نێوان خێڵەكان‌و دەوڵەتە-نەتەوەییەكانی دەوروبەریان‌و هەروەها پەرەسەندنی خودی خێڵەكان راڤە بكەم.

خێڵەكان‌و دەوڵەت لە ئێراندا

پەیوەندیی نێوان خێڵەكان‌و دەوڵەتی ئێران هەمیشە مەسەلەیەكی هەستیار بووە، بەتایبەت لەو قۆناغانەدا كە حكومەتی ناوەندیی لاوازبووە. دوای جێگیركردنی خێڵە كۆچەرییەكان‌و هەروەها پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز‌و تاڕادەیەك چەسپاوی رەزاخان (دواتر رەزاشا)، دەسەڵاتی سیاسیی‌و سەربازیی خێڵەكان بەشێوەیەكی مەزن كەمبۆوە. ئەوان چیدی ئەو توانایەیان نەمابوو كە بەشێوەیەكی جدیی‌و بەردەوام هەڕەشە لەدەوڵەت بكەن. ئەمێستا ئیدی ئەوە دەوڵەتە كە ئەوان كۆنترۆڵدەكات. پێش ئەمە، بۆ چەندین سەدە بوو، خێڵەكان ئامرازێك بوون بۆ چەسپاندنی گروپەكان لەدەسەڵاتدا، كاتی گەیشتنی ئەو گروپانەش بۆ دەسەڵات لەخەمی ئەوەدا بوون كە پشت بە پاڵپشتی بەردەوامی هێزە خێڵەكییەكان ببەستن. ئاشكرایە، دەسەڵات‌و كاریگەرییەكی سیاسیی لەم چەشنە نیگەرانییەكی مەزنی بۆ دەوڵەت هێنابووەكایەوە كە ئارەزووی كۆنترۆڵكردنی خێڵەكان‌و كەمكردنەوەی دەسەڵاتیانی دەكرد. خێڵە كوردییەكانیش لەم رێسایە بەدەر نەبوون.
بۆ چەندین سەدە، كوردان لەنێوان دوو ئێمپراتۆرییەتدا دابەشببوون، كە ئیمپراتۆرییەكانی عوسمانیی‌و فارسییە. هەرچەندە، بەشێكی بەهۆی باری جیۆگرافیی‌و بەشێكیشی بەهۆی لاوازی حكومەتێكی ناوەندیی بەهێز، بۆ دەوڵەت ئەستەم بوو كۆنترۆڵی تەواوی هەرێمەكە‌و هەروەها ژیانی سیاسییشی بكات. سەرۆكە كوردەكان هەردوو دەوڵەتەكەیان لەیەكتر هاندەدا‌و جاروبار وەفاداریی خۆیان لە لایەكەوە بۆ ئەوی دیكە دەگۆڕی. لەكۆتایی سەدەی نۆزدەیەمدا، پاش ئەوەی ئامادەبوونی هێزە دەرەكییەكان، بەریتانیی‌و روسەكان، لە هەرێمەكەدا زیادیكرد، سەرۆكە كوردەكان كە هێزە ئەورپییەكانیان بە دەسەڵاتدارتر لە حكومەتەكانی عوسمانیی‌و ئێرانیی دەزانی، پشتگیریی خۆیان بەوان دەبەخشی‌و ناوبەناو وەفاداریی خۆیان لە هێزێكی ئەوروپییەوە بۆ ئەوی دیكە دەگۆڕی.
رێكخراوی كۆمەڵایەتیی‌و سیاسیی لە كوردستان تاكو سەدەی نۆزدەیەم لەمیرنشینەكانەوە بنەمای گرتبوو، یەكەگەلێكی شێوە-دەوڵەتیی لەلایەن میرەوە فەرمانڕەوایەتیی دەكرا. ئەم میرنشینانە بەشێوەیەكی سەرەكیی كەوتبوونە ناوچە سنوورییەكانەوە. كاتێك حكومەتی ناوەندی نازناوی میرایەتیی پێدەبەخشین، هەروەها مافی پارێزگاریی سنووری نیشتیمانیشی پێبەخشین. بۆئەوەی میرنشینێك یان میرەكەی رەوایەتیی بەدەستبهيَنێت، پێویستی بە دوو پشتگیریی بوو، یەكێكیان لە حكومەتی ناوەندییەوە، ئەوی تریشیان لە سەرۆكە پلە خوارووەكانی هەرێمەكەوە. هەوڵەكانی عوسمانییەكان‌و ئێرانییەكان بۆ دا دامەزراندنی دەسەڵاتێکی بەھێزی ناوەندی ‌و کارگێڕییەکی نوێ بووەھۆی ھەڵوەشانەوەی میرنشینە کوردییەکان. ھەڵوەشانەوەی میرنشینە کوردییەکان کاریگەرییەکی قووڵی لە ئارامیی سیاسیی‌و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی کوردیی کرد بە دوو شێوە: لەلایەکەوە دەسەڵاتی بەناوەندییکراوی سیاسیی لە میرنشینەکاندا بۆ یەکەی زۆر بچووکتر دابەشکرد، لەلایەکی تریشەوە شوێنی دەسەڵاتە نائاینییەکانی میر‌و سەرۆکەکان لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا بە دەسەڵاتی پیاوە ئاینیەکان کە شێخەکان بوون، گیرایەوە.
ھەڵوەشانەوەی میرنشینەکان ئەو ئارامییە رێژەییەی لەقاند کە پێشتر لە کۆمەڵگەی کوردییدا ھەبوو. بەرچاوترین کاریگەریی بریتیبوولە زێدەبوونی نائاسایشیی گشتیی لە ناوچە کوردییەکاندا، ئەوەی ھەروەھا کاریگەریی لەناوچەکانی دەوروبەریش کرد. ئەوەش بەشێوەیەکی سەرەکیی بەھۆی ھەوڵی گچکە سەرۆکەکانەوە بوو کە خوازیاربوون شوێنی میرەکان یاخود سەرۆکە فرە دەسەڵاتدارەکان بگرنەوە، کە بەشێوەیەکی بنەڕەتیی ھەوڵگەلێکی توندوتیژانە بوو. وێڕای ھەوڵی حکومەتەکان بۆئەوەی وەک رێبەرایەتی دەربکەون، بەڵام ھێشتا نەیانتوانی کۆنترۆڵی ھەرێمەکە بکەن‌و ئاسایشی فیزیکی لەوێ زامنبکەن.
ئەو بۆشاییە دەسەڵاتەی بەھۆی ئاوابوونی سەرۆکە دەسەڵاتدارەکانەوە ھاتەئارا، لە سەدەی نۆزدەیەم‌و بیستەمدا رێگەی بۆ پەرەسەندنێکی دیکە خۆشکرد لە کۆمەڵگەی کورددیدا، ئەویش پشکوتنی دەسەڵاتدارێتی سیاسیی شێخەکانی کورد بوو. شەریف ماردین، مشتومڕی لەوبارەیەوە کردووە کە، ئەم پەرەسەندە گرنگە کۆمەڵایەتیی‌و سیاسییە لە تورکیا-واتە دەرکەوتنی شێخەکان- کە تەنیا رێبەرایەتییەکی گرنگی ئاینیی نەبوو، بەڵکو سیاسیی‌و کۆمەڵایەتییش بوو، دەرئەنجامێکی تەنزیمات بوو کە کۆتایی بە خێڵەکان‌و میرنشینەکان ھێنا.
نەمانی ئەو رێبەرایەتییە بەھۆی ھەڵوەشانەوەی میرنشینە گەورە کوردییەکان‌و ھەروەھا ململانێی بەردەوامی نێوان گچکە سەرۆکەکانەوە زامنی ئەوەیکرد کە ھێز کەوتە دەست تەنیا دەسەڵاتێک کە بەھۆی پێگەکەیەوە خۆی لەژێر سایەی پەلاماردا نەدەبینیەوە، ئەوەش دەسەڵاتی شێخەکان بوو. ئەوانەی ھەمیشە خاوەن پێگەیەکی تایبەت بوون‌و پێشتریش وەک رێبەری ئاینیی پەسەندکرابوون. ئەمێستا ئەوان تەنیا کەسانێک بوون کە بێ ھیچ ئینتیمایەکی خێڵەکیی مایەی رێزی خەڵک‌و دانیشتووانەکە بن. ھەروەھا ئەوان لەلایەن سەرۆکخێڵەکانەوە جێگەی رێز بوون‌و بگرە تاڕادەیەکیش لەلایەن حکومەتەوە لە ھەرێمە کوردییەکانی ئێستادا. ئەم پێگە ناوازەیە باڵادەستییەکی زیاتری بەشێخەکان دەدا لەبەرامبەر سەرکردەکانی دیکەدا، ئەوان دەیانتوانی کێشەی نێوان خێڵەکان چارەسەربکەن، ھەروەھا کێشەی نێوان تاکەکانن چ لەنێو خودی خێڵەکان‌و چ لەنێو سەرۆکەکانیاندا، یاخود کێشەی نێوان خێڵەکان‌و حکومەت، بێئەوەی ترسیان لەوەبێت کە بە تەرەفگیریی تۆمەتبار بکرێن. ھەربۆیە چەندە شێخەکان رۆڵی نێوەندگیرییان زێدەتر دەبوو، ھێندەش کاریگەریی‌و پرستیژی زیاتریان بەدەستدەھێنا. نزیکەی لەنیوەی سەدەی نۆزدەیەمەوە(١٨٦٠) تاکو ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، شێخەکان کاریگەرترین سەرکردەی سیاسیی بوون لە تەواوی کوردستاندا. نزیک بە ھەموو راپەڕینە کوردییەکان بۆ خودموختاری یاخود سەربەخۆیی یان شۆڕشەکانی دژبە حکومەت لەلایەن شێخەکانەوە سەرکردایەتیی کران، ئەوانەی لەھەمان کاتدا، ھەروەھا بەدوای خولیای تایبەتییەکانی خۆشیانەوە بوون.

پەرەسەندنە خێڵەکییە کوردییەکان تاکو سەدەی بیستەم

ئەوەندەی پەیوەندی بە رەوشی سیاسیی خودی خێڵەکانەوە ھەبوو، جێبەجێکردنی چاکسازییە کارگێڕییەکانی حکومەتەکان لە ھەرێمەکەدا بووەھۆی گۆڕانی ستراکتۆری بایەخدار لە سەرکردایەتیی خێڵەکییدا‌و ھەڵوەشاندنەوەی سەرۆکایەتییە گەورەکان بۆ یەکەی چکۆلەتر. ئەم سەرۆکخێڵانە پەیوەندی بەھێزی خوێنیان لەگەڵ کەسانی دیکەی خێڵدا ھەبوو‌و لەرووی فیزیکیشەوە لە کەسە ئاساییەکانی خێڵەکەوە نزیکتربوون. ئەم نەزمە نوێیە مانای ئەوەی دەدا کە ئەو یەکێتییەی کە لەنێوان خێڵەکاندا ھەبوو لەنێو رێکخراوی میرنشینەکان یاخود ئەو ھاوپەیمانییەی خێڵەکان، تێکشکاو بەرەو چەندین خێڵی بچووک ملینا کە لەگەڵا یەکدا لە کێشەو ململانێدا بوون. ھەرچەندە، سیاسەتەکانی حکومەتەکان لەمەڕ خێڵەکان ، تێکوپێکدانی رێکخراوە کۆمەڵایەتیی‌و سیاسییە گەورەکانی کورد، ھەروەھا ھەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی خێڵەکان بۆ ئەوەی بتوانێت کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندیی ئاسانتربکات، کۆمەڵگەی کوردیی بەشێوەیەکی مەزن گۆڕیی.
رەوشەکە تاکو ساڵەکانی یەکەمین جەنگی جیھانیی بەردەوامبوو، کاتێک سەرکردە خێڵەکییەکانی کورد جارێکی تر دەرفەتیان دەستکەوتەوە بۆئەوەی ھاوپەیمانێتییەکی نزیکەی مەزنی خێڵە کوردییەکان پێکبھێنن. رووخاندنی ئیمپراتۆریی عوسمانیی‌و لاوازیی دەوڵەتی ئێران، ھەلومەرجێکی لەباری بۆ کوردان فەراھەمکرد کە دەسەڵاتی خۆیان فراوانبکەن. چەندین ھاوپەیمانێتیی پێکھات، ھێندێک لەوانە بیتیبوو لە “ھەڤیرکان”(لەرۆژھەڵاتی ماردین لەتورکیا)، “جەلالی” (لە دەوروبەری چیای ئارارات)، ” پشدەر” ( لە رۆژھەڵاتی قەڵادزە لە عێراق)، “کەلھوڕ” (رۆژئاوای کرماشان لە ئێران)، ھەروەھا “شکاک” (باکووری رۆژئاوای ئێران). ئیسماعیل ئاغای سمکۆ (بابەتی بەشەکەمان) بوو بە سەرکردەی ھاوپەیمانیی شکاک. ئەم ھاوپەیمانێتییە پێکھاتەیەکی سیاسیی بوو، بەوەی چەندین خێڵی جیاواز پێیوەی پەیوەستبوون لەکاتێکدا سەربەستی کار‌وھەڵسوڕانی خۆیان پاراستبوو. ئەوان کەم چەسپاوتر‌و تێھەڵکێشتر بوون‌و ھەروەھا سنوورە جیۆگرافییەکەیان لەھی خێلێک شل‌وکراوەتر بوو. خێڵەکان کە ھاوپەیمانێتیی پێکدێنن گرنگیی‌و کاریگەریی وەکیەکیان نییە، ئەو ھاوپەیمانییە خێلێک ناوکەکەی پێکدێنێت‌و سەرکردایەتییە سیاسیی‌و سەربازییەکەیشی لەو خێڵەوە دەبێت. خێڵی دیکەش ھەن کە لە ناوەندی ئەو رێکخراوەدا نین، بەڵکو زیاتر لە دەورەبەردان. ئەوان بەگشتیی لە لوتکەی سەرکەوتنی ھاوپەیمانێتییەکەدا (بەشێوەیەکی سەرەکیی لەکاتی سەرکەوتن دژی حکومەتی ناوەندیی) پێوەی پەیوەست دەبن، ھەر ھاوپەیمانییەکە تووشی گرفت بێتەوە یەکسەر وازی لێدێنن‌و بەجێیدەھێڵن. شۆڕشەکەی سمکۆ بەباشیی ئەم ھەڵبەز‌ودابەزە رووندەکاتەوە.

خێڵەکان‌و دانیشتووانی ناخێڵەکیی

ناوچە کوردییەکان ھیچ کات بەتەواویی خێڵەکیی نەبوون. ژمارەیەکی گرنگ وەرزێری ناخێڵەکیی کورد ھەبوون کە ھەمیشە لە کوردستاندا ژیاون. ئەوانە ناوی جیاوازیان لە ھەرێمە جیاواز

شۆڕشەکەی سمکۆ

پەرەسەندنی شکاک‌و سەرکردایەتیی سمکۆ
لەساڵی ١٩٢٠دا، خێڵەکانی شکاک کە ھێشتا ژیانێکی تەواو کۆچەرییان دەگوزەراند ناوازە بوون, زۆربەیان خێڵی نیمچە کۆچەریی بوون‌و زۆربەی ساڵیان لە گوندە شاخاوییەکان بەسەردەبرد. لە ھاویندا، مێگەل‌و ماڵاتەکان لەگەڵا چەند ئەندامێکی کەمی خێڵەکەدا بەرەو ھاوینەھەوار کۆچ‌وباریان دەکرد، لەکاتێکدا ئەوانی دیکەی خێڵەکە لە گوندەکان دەمانەوە. ئەوانەی لە گوندەکان دەمانەوە لەنێو دانیشتووانە ناخێڵەکییەکاندا دەژیان کە ھەروەھا غەیرە کوردیشی لەخۆدەگرت. خەڵکە کۆچەرییە خێڵەکییەکە بەسەر گوندنشینە ناخێڵەکییەکەدا باڵادەستبوو.
ھاوپەیمانیی شکاک دووەمین گەورە ھاوپەیمانییە لەنێو رێکخراوە کوردییەکانی ئێراندا. لە ھاوپەیمانیی شکاکدا چەندین خێڵ ھەبوون، بەڵام تەنیا سیانیان کۆنترۆڵی سیاسیی ناوەندییان بەدەستەوەبوو ئەوانیش :عەبدۆیی، مامدۆیی‌و ھەروەھا کاردار بوو. ئەوانەی دیکە سەبارەت بە بڕیارسازیی بایەخێکی ئەوتۆیان نەبوو. لەسەرەتای وەرچەرخانی سەدەکەدا، سێ پیاو ھەبوون کە سەبارەت بە سەرۆکایەتیی باڵای ھاوپەیمانییەتیی شکاک لە رکابەرێدابوون، عەلی ئاغا لە خێڵی عەبدۆیی، کە باپیری جافەرئاغا‌و ئیسماعیل ئاغای سمکۆ بوو. دووەمیان عومەرئاغا مامدۆیی بوو، سێیەمیشیان مستەفائاغا بوو لە خێڵی کاردار. ھەرچەندە، دووانەکەی دواییان کوژران، عومەرئاغا لەلایەن لەشکری ئێرانییەوەو، مستەفائاغاش لەلایەن یەکێک لە رکابەرانیەوە. پاشتر جاعفەرئاغاش(برای سمکۆ) بەشێویەکی چاوەڕواننەکراو لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانییەوە کوژرا. لەبەرئەوە ئەو بۆشاییەی بە نەمانی ئەم سەرکردانە ھاتەئارا زەمینەی بۆ ئیسماعیل ئاغای لاو خۆشکرد کە بە سمکۆ ناسرابوو تاکو ببێتە سەرۆکی ھاوپەیمانێتیی شکاک.
ھەرچەندە، ئەو رەوشە گونجاوە تەنیا بەرپرسیارییەکی ھەندەکیی لە سەرکەوتنی سمکۆ بۆ دەسەڵات ھەیە. کەسایەتیی خودی سمکۆ ھەروەھا جێگەی سەرنجە، ئەو ھەمیشە بەدوای بەدەستھێنانی دۆستانی بەھێزدا بوو لەرێگەی بەستنی ھاوپەیمانیی لەگەڵ خێڵ ‌و کەسایەتیی‌و ھەروەھا دەوڵەتە-نەتەوەییە جیاوازەکاندا. ئەوانەی کە پشتگیریان لێکرد یان پێیەوە پەیوەستبوون ھاوکارییانکرد تاکو نفوز‌و دەسەڵاتی پەرەبسێنێت. ئەو ئەمێستا لەبراکەیەوە فێرببوو چۆن سەرکەوتووانە پەلاماری شارو گوندان بدات، ھەروەھا دوای ھەموو پەلامارێکیش شوێنکەوتووان‌و ھێزی سەربازیی زیچدەتر دەبوو، بەوەش پرستیژێکی زێدەتری پەیدادەکرد. چەندین نموونە لەبارەی ئەم ئاکارە میکاڤیلیستانەیەوە بۆ دەسەڵات پەیداکردن ھەن، کە من لەم چەند لاپەڕەیەی خوارەوەدا قسە لەسەر ھێندێَک لەو نموونانە دەکەم.
سمکۆ لەناوچەکانی رۆژئاوا‌و باشووری دەریاچەی ورمێدا چالاک بوو، ئەو لەوناوچەیەدا ھەر لە ھاوینی ١٩١٨ەوە تاکو ١٩٢١ حکومەتێکی خودموختاری کوردیی دامەزراند. ئەو کاری بۆ رێکخستنی سوپایەکی بەھێزی تایبەت بەخۆی کرد، ئەوەی بۆ ماوەیەک لە ھێزەکانی حکومەت باڵادەستر بوو، ئەو ھێزانەی کە خودی سمکۆ چەند جارێک بەزاندنی. ئەو لەفراوانکردنی ناوچەکانی بندەسەڵاتی خۆی لە دەوربەری دەریاچەی ورمێ بەردەوام بوو، ھەروەھا پەلاماری گوندەکانی دەوروبەری دا تاکو ھێزی سوپاکەی بچەسپێنێت. حکومەت بۆی دەرکەوت کە کۆنترۆڵکی سمکۆ زەحمەتە، ھەرەھا ھاوپەیمانیی شکاک‌و سەرکردایەتییەکەی لەچەند بۆنەیەکدا سەلماندیان کە لە لەشکری حکومەت بەھێزتر‌و بەدەسەڵاتترن. ژمارەی راستیینەی ھێزە سەربازییەکانی ئاسان نییە دەستنیشانبکرێن، بەڵام ئەرفەع ژمارەی خێزانەکانی شکاکی لەسایەی سەرکردایەتیی سمکۆدا بە ٢٠٠٠خێزان لەساڵی ١٩٢٠دا خەمڵاندووە.

چالاکییەکانی سمکۆ لەنێوان ١٩١٨-١٩٢٩
سمکۆ لە یەکەمین جەنگی جیھانییدا بەشداریی نەکرد بەڵکو ھەوڵەکانی خۆی لە فراوانکردنی دەسەڵاتەکەی لە ھەرێمەکەدا چڕکردەوە. ئەو لە ھێنانەدی ئەم ئامانجەدا سەرکەوتووبوو. لەکۆتایی جەنگەکەدا، سمکۆ بەھۆی ئەو ھێزە سەربازییە تاڕادەیەک باڵادەستەی ھەیبوو، بەھێزترین سەرکردەی کوردیی بوو. ئەو چەک‌و جبەخانەیەکی مەزنی دەستکەوت، لەوانە تۆپی قورس کە لە سەربازانی رووسەوە جێھێڵرابوون. ھەروەھا ئەو چەکی لە بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە بەدەست دەگەیشت. نفوزی سیاسیی سمکۆ زیادیکرد. وێڕای کوردان، خەڵکاتێکی دیکەش بەشێویەکی وایان لەقەڵەمدا کە وەک سەرکردەیەک ھێندە گرنگە کە دەبێت زیاتر لەگەڵی ھەڵکەن وەک ئەوەی دوژمنایەتیی بکەن. لەوانەش سۆڤێتییەکان‌و تورکە نوێیەکان‌و حکومەتەکانی ئێران.
سمکۆ بۆئەوەی دەسەڵاتی خۆی بچەسپێنێت، ھەمان کات خۆی لە ھاوکارییکردن لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی ئێرانیی لانەدەدا، بەتایبەتی سەبارەت بە ھاوکارییکردنیان لە پەلاماردانی ئەو دۆستە کۆنانەی کە حکومەتی ئێرانیی بە ئاژەوەگێڕ لەقەڵەمی دەدان. چارەنووسی مارشیمۆن، سەرۆکی سیاسیی‌و ئاینیی نەستورییەکانی ناوچەکە، نموونەیەکە.
بەکۆتاییھاتنی جەنگ، لەپەنا کوردان، گروپێکی ئتنیی دیکە ھەبوون کە خەریکی خۆچەکدارکردن بوون ئەوانیش نەستورییە ئاسورییەکان بوون. ئەوان بەو چەک‌و جبەخانانە خۆیان پڕچەک کرد کە روسەکان لەدوای خۆیان جێیانھێشتبوو، ھەروەھا بڕێکی بەرچاو چەکیان لە ئەمەرنەکانی ئەنەدۆڵەوە بەدەستگەیشتبوو. ھەروەک کورد، ئاسورییەکانیش کە پشتگیریی حکومەتی نوێبنیاتی سۆڤیەتیان ھەبوو، ھەوڵی بەدیھاتنی جۆرە سەربەخۆییەک لە ھەرێمی باکووری رۆژئاوای ئێران. لە پایزی ١٩١٥دا، خێڵە ئاسورییەکانی ھەرێمی ھەکاری باشووری رۆژھەڵاتی تورکیا، لە دەشتی ورمێ‌و سەلماس لە ئێران پەنابەر بوون. سەرکردەکەیان مارشیمون بوو. ئامادەبوونی ئەم ھێزە کە ھیوای دامەزراندنی وڵاتێکی ئاسورییان ھەبوو لەم ھەرێمەدا، لەلایەن ھاوپەیمانەکانەوە ھاوسۆزییان پێشاندرا. چونکە ئەوان وەک ھێزێکی چاوەڕانکراو لەدژی تورکەکان تەماشادەکران کە دەگونجا پێویستیان پێیان بێت. لەساڵی ١٩١٧دا، دەسەڵاتی سەربازیی کۆمەڵگە کریستیانییەکە بەرچاوبوو، مارشیمون نزیک بە ٥٠٠٠چەکداری لەژێر رێبەرایەتیی خۆیدا راگرتبوو. ھەرچەندە، ئامادەبوونی ھێزێکی سەربازیی لەم چەشنەو ھزری خودموختارییەکی کریستیانیی لە ھەرێمەکەدا لەلایەن زۆرینەی دانیشتووانی ناوچەکەوە کە ئازەر‌و کورد بوون بەگەرمیی پێشوازیی لێنەکرا، ئەوانەی کە بۆخۆیان بەدەست برسێتییەوە دەیانناڵاند.
ھەرچەندە، لەماوەی قەیرانی فێبرایەری ١٩١٨دا، دانیشتووانە کریستیانییەکە کاریان بۆ کۆنترۆڵکردنی ورمێ کرد. حکومەتی ئێرانیی نەی

ھاندەر‌و ئامانجەکانی سمکۆ چیبوون؟
سەبارەت بە راڤەکردنی ئاکاری سمکۆ لەبەدواچوونی ئامانجەکانی، مرۆ بە بڕێکی باش لە دڵنیاییەوە دەتوانێت ئەنجامگیریی بکات کە بایەخدارترین ھاندەری سمکۆ‌و شۆڕشەکەی دژی حکومەتی ناوەندیی تەقریبەن بریتیبووە لەو دوژمنایەتییە باوە سوننەتییەی کە خێڵەکانی کورد کەم‌و زۆر دژی ھەر حکومەتێکی ناوەندیی ھەیانبووە. ئەمە ئەوە دەرناخات کە حکومەتی ناوەندیی تاوانبارنییە وەک تۆمەتباردەکرا، بەڵام شەڕکردن دژی حکومەتێکی ناوەندیی دامەزراو بۆ سەرکردەیەکی خێڵەکیی کورد، رێگەیەک بووە بۆ بەدەستھێنانی دانپێدانان‌و رەوایەتیی لە سەرکردەو خێڵەکانی ترەوە. ھەرچەندە، بۆ سمکۆ، ھۆکارێکی فرە شەخسیی دیکە ھەبوو کە تۆڵەسەندنەوە بوو لە حکومەتی ئێرانیی. سمکۆ وەک گەنجەپیاوێک، بەچاوی خۆی کوشتنی جافەرئاغای برای بینیبوو کە سەرۆکی خێڵی عەبدۆیی بوو،‌و لەناوچەی نێوان سەلماس، ورمێ، شنۆ،‌و سەردەشت دادەنیشت. جافەرئاغا لەلایەن حکومەتی ئێرانییەوە دانیپێدانرابوو، بەڵام بۆماوەی چەندین ساڵا ببووە ھۆکاری گرفت‌و دژواریی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێرانیی لەھەرێمەکەدا. ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانییەوە خرایە بۆسەوەو کوژرا. لاشەکەی پارچە پارچەکراو بەدەرگای پادگانی سوپاوە ھەڵواسرا. سمکۆ سوێندی خواردبوو تۆڵەی بکاتەوە. کاتێک تەواو بەھێزبوو، جەنگی دژی حکومەت بەرێوەبرد‌و ھاوشێوەی براکەی لەتاڵانیی شارو گوندەکانی ھەرێمەکە بەردەوامبوو. بەگوێرەی راپۆرتێکی دەزگای تۆماری گشتیی، سمکۆ لەکاتی پەلاماردانی شارەکانی سەڵماس، ورمێ‌و خۆی دا داوای بڕی بودجەی تەرخانکراوی ئەو شارانەی وەک نرخی خۆێنی براکە کوژراوەکەی دەکرد.
سمکۆ، بۆئەوەی ئامانجەکەی بێنێتەدی، ھەوڵیدا پشتگیریی وڵاتانی بەھێز بەدەستبێنێت. ئەوەی لە تێگەیشتن‌و واقیعی ئەو دەمەدا ھەبوو ئەوەبوو کە سەرکردە خێڵەکییە بەرچاوەکان یان ھاوپەیمانینییە خێڵەکییەکان لەپێناو بەدەستھێنانی ئەو پێگەیەدا یاخود بۆ گێڕانەوەی پێگەی خۆیان شتێکی بنەڕەتیی بوو کە پشتگیریی دەوڵەتە بەھێزەکانی ناوچەکە یان دەرەوە بەدەستبێنن. ھەمان کات، دەوڵەتە ناوچەییەکان‌و ئەوانەی نفوزیان لەناوچەکەدا ھەبوو، داوای پشتگیریی بەو چەشنەیان پێَشکەش بە خێڵە جۆربەجۆرەکان دەکرد تاکو زانیاریی سەبارەت بە خێڵە نەیارەکان بەدەستبێنن. بۆنموونە، کاتێک بریتانییەکان لەعێراق سەرکردەیەکی کوردیان وەک سەرکردەی باڵا لەھەرێمەکەدا دەستنیشانکرد، ئەو سەرکردەیە دەسەڵات‌و پرستیژێکی مەزنی بەدەستھێناو بوو بەحوکمداری لیوایەک لەگەڵا رادەیەکی بایەخدار لە دەسەڵاتی کارگێڕیی‌و تەنانەت سەربازییش. ھەربۆیە مەسەلەیەکی ژیانیی بوو بۆ سمکۆ کە پشتگیریی چەند دەوڵەتێکی بەھێز‌و ھەروەھا چەندین خێڵی دیکە بەدەستبێنێت پێش ئەوەی بگاتە ئەو ئاستەی وەک سەرکردەی باڵای ھاوپەیمانیی شکاک دەربکەوێت. لەگەڕان بەدوای پشتگیرییدا، ئەو پەیوەندیی بە وڵاتانی ناوچەکەوە کرد، دەوڵەتەکانی دەرەوەی ھەرێمەکەش ‌و ھەروەھا سەرکردە کوردەکانی دیکە، ھەروەھا لەبۆنەی جیاوازدا ھاوکاریی یەکێک لەوانەی دژی ئەوی تر کردووە.

کەموکورتیی سمکۆ وەک سەرکردەیەکی نەتەوەیی

رێکخراوی سیاسیی
تایبەتمەندیی سەرەکیی جووڵانەوەکەی سمکۆ بریتیبوو لە نەبوونی ئایدیۆلۆجیا‌و رێکخراوێکی سیاسیی. چ پارتێکی سیاسیی یان ھەر رێکخراوێکی دیکە نەبوو بتوانێت لایەنگرانی سمکۆ لەپێناو پرسێکی سیاسیی وەک نەتەوایەتیی تەیاربکات. رایەڵەی پەیوەندییەکانی کە ھەبوون بریتیبوولە کۆمەڵگەی “رووبەڕوو”. ئەوەی پشتی بە پەیوەندیی دەستبەجێی شەخسیی نێوان خۆی‌و ھاوڕێ‌و دەسپێوەندە نزیک‌و شوێنکەوتەکانی دەبەست، کەموکورتییەکی بەم چەشنە شتێکی حەتمییە. رێکخستنی کۆمەڵایەتیی سمکۆ‌و جووڵانەوەکەی بەچەشنێک بوو کە نەیدەتوانی بەرنامەیەکی نەتەوەیی روون‌و باش پێناسەکراو پێشکەشبکات. نموونەی جووڵانەوە نەتەوەییەکانی مێژووی ھاوچەرخ پێشانیدەدەن کە نەتەوایەتیی شێوازێکە بۆ بیرکردنەوە کە تێیدا نزیکەی بڕوایەکی ناعەقڵانیی بە رەوایەتیی‌و پاکیزەیی پرسە نەتەوەییەکە بنجدادەکوتێت. نەتەوایەتیی شێوازێکی بیرکردنەوەیە کە پێویستی بە شوێنکەوتووانێکی وەفادار‌و خۆتەرخانکەر ھەیە کە بەدەر لەھەموو شتەکانی دیکە بەدوای ئەو پرسەبکەون کە پرسی نەتەوەیە، ئەندامان تەنانەت دەشێت یەکتریش نەناسن. ئەوەی جووڵانەوە چەکدارانەکەی سمکۆ لە جووڵانەوەیەکی نەتەوەیی جیادەکاتەوە نەبوونی ئەو وەفاداریی‌و ئینتمایەیە. کارەکتەری رێکخراوەیی کۆمەڵایەتیی‌و سیاسیی‌و سەربازیی راپەڕینەکەی سمکۆ دەتوانێت زیاتر ئەمە روونبکاتەوە.
میرۆسڵاڤ ھۆرچ، لە کۆڵینەوەکەیدا سەبارەت بە جووڵانەوەی نەتەوەیی، چەند پێودانگێک بۆ بوونی جووڵانەوەی نەتەوەیی دیارییدەکات. ئەو وێڕای بوونی یادەوەریی لەمەڕ ھێندێک رابردووی ھاوبەش‌و زمان‌و پەیوەندییە کەلتوورییەکان، جەختدەکاتەوە لە پێویستیی بوونی” چەمکی یەکسانی ھەموو ئەندامەکانی کۆمەڵەکە کەوەک کۆمەڵگەیەکی مەدەنی رێکخراوبێت.” لەوەی ھەمانەو فێریبووین سەبارەت بە سمکۆ‌و راپەڕینەکەی، ئەستەمە درک‌و وێنای ئەوە بکەین کە سمکۆ‌و شوێنکەوتووانی لە چەمکێکی بەو چەشنە کە یەکسانیی ھەموو کوردە لە کۆمەڵگەیەکی مەدەنییدا، تێگەیشتبن، جێبەجێکردنی چەمکێکی بەو چەشنەش ھەر وازلێبێنە.
خەرجی جووڵانەوەکەی سمکۆ پشتی بەو ئاکارە تاڵانکارییەی سمکۆ‌و باج کۆکردنەوەکەی دەبەست. کۆمەڵگەی شوێنکەوتووانی سمکۆ لە بەرھەمھێن پێکنەدەھات بەڵکو لە تاڵانچییەکان پێکدەھات. ئەمەش سیمایەکی گرنگە بۆئەوەی لێیتێبگەین، بۆ ھزرێکی وەک نەتەوایەتیی، ستراکتۆری جۆراوجۆری ئابووریی‌و پەیوەندییگەلێکی کۆمەڵایەتیی جۆراوجۆر‌و داواکاریی سیاسیی،‌و لەگەڵا سەرکردایەتیی پێویستە.

شوێنکەوتووان‌و ھێزی سەربازیی
پەلامارەکانی سمکۆ، وێڕای دەستکەوتە مادییەکانی، ھەروەھا مەبەستگەلێکی سیاسیشی ھەبوو. ئەو پەلامارانە شێوازێک بوون بۆئەوەی سمکۆ لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە، دەسەڵاتەکەی بەرفراوانتربێت، ھەروەھا ھاندەرێکیش بێت بۆ شوێنکەوتووەکانی تاکو لەگەڵی بمێننەوە. لەکاتێکدا کە کرۆکی شوێنکەوتووەکانی پیاوە خێڵەکییەکان بوون، تێگەیشتنیان سەبارەت بە سەرکردەی مەزن لەسەر توانای سەرکردە بۆ بردنەوەی سەرکەوتنە سەربازییەکان راوەستاوە. ھەروەھا بڕی ئەو چەک‌و شمەکە مادییانەی دەگاتە دەست شوێنکەوتەکانی. سەربەستبوون‌و سەربەخۆبوون تەنیا تێگەیشتنێکە لە رووی ئەو ھێز‌و پرستیژەی سەرکردەکانیان‌و دەستکەوتەکانییەوە.

 

 

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …