Home / بەشی مێژووی كورد / سیاسەتی مەعنەوی لە مێژووی کوردستاندا،بەشی سێیەم

سیاسەتی مەعنەوی لە مێژووی کوردستاندا،بەشی سێیەم

سیاسەتی مەعنەوی لە مێژووی کوردستاندا،بەشی سێیەم

15093102016_14508592_1284623688239051_642323586_n

سەباح موفیدی

بەرەی یەکەم: نیوەی دووەمی سەدەی 19 (شێخ عوبەیدوڵڵا)

بە هۆی تێکەڵبوونی ئایین لەگەڵ سیاسەت لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی وەک لایەنگری ئایینزای سوننە و دەوڵەتی ئێران وەک لایەنگری شێعە، رێچکە و تەريقەتە عیرفانی و سۆفییانەکان کە بە جۆرێ بێلایەنتر بوون ئەگەرچی خۆیان لە چوارچێوەی سوننەدا بوون، چاکترین پاڵپشتی مەعنەوی بوون بۆ کوردان و لە کوردستاندا زۆر گەشەیان سەند. لەم راستایەدا تەریقەتی نەقشبەندی وەک دژکردەوە و هەڵوێستی دژ بە دەسەڵاتی زوڵم و زۆری هەر دوو دەوڵەتی ناوبراو لە کوردستاندا زیاتر وەرگیرا. ئەم تەریقەتە بانگەشەی دژایەتی زوڵم و بێدادیی و گەڕانەوە بۆ سەرچاوەکانی هەق و راستی و کەمتر نزیکبوونەوە لە سەرانی دەوڵەت و کاربەدەستانی دەکرد و جۆرێ جێگرەوەی شۆڕشگێڕانەش بوو تا ئاستێ کە خەلیفەکانی مەولانا خالید نەقشبەندی، وەک شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، شێخانی بارزانی و شێخ سەعیدی پیران، نموونەی رێبەرە شۆڕشگێڕەکان دەبن لە دژی دەسەڵاتی زوڵم و زۆر. بۆیە هەندێ کەس لەو باوەڕەدا بوون کە ئەو تەریقەتە سیاسی بووە.[1] شێخەکانی نەقشبەندی بە هۆی تەقوا و “مەعنەوییەت” جێگە و پێگەی زۆریان لە کۆمەڵگا هەبوو. لەناوبردنی ناوچە میرنشینەکانی کوردەواری لەلایەن دوو دەوڵەتی عوسمانی و ئێرانەوە، بواری بۆ دەرکەوتنی “شێخ”ەکان وەک رێبەرانی سیاسی خۆشکرد. پاش زاڵبوونی عوسمانییەکان بەسەر میرانی کوردا شێخەکان تەنیا هێزی ئەخلاقی بوون کە دەیانتوانی بەندوباو بهێننەوە کۆمەڵگای کوردی و لە ئاژاوە رزگاری بکەن. لە ساڵانی ١٨٥٠ شێخەکانی شەمزینان و بەرزەنجە و بارزان سەریانهەڵدا کە پیشاندەری مەیلی کۆمەڵگای کوردی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی پاش میرە کوردەکان بوو.[2]

لە نێو شێخاندا شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری (شەمزینی) (1883-1830) یەکەم کەسایەتی بوو کە هاتە نێو کۆڕی خەبات و بە کەڵک وەرگرتن لە تەشەنەی مەعنەوی وەکو سەرکردەیەکی نەتەوەیی بۆشایی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا پڕ کردەوە. شێخ عوبەیدوڵڵا لە بنەماڵەی شێخانی نەهری بوو کە خاوەن تەشەنەی ئایینی و دنیایی بوون. خانەقای شێخ لە نەهری بێجگە لەوە کە ببوو بە ناوەندێکی بانگەشەی تەریقەت، بنەکەیەکی گەورەی ئاڵوگۆڕی هزریی و سیاسیش بوو.[3] ئەو شارەزای عیرفان و ئایین، خوێندەوارێکی باڵادەست و هۆنەر بوو کە دیوانی هۆنراوە و کتێبی “عەقیدەنامەی” کوردی هەیە. لە سەردەمی خۆیدا گەورەترین و تاقانە شێخی راهێنەری تەریقەتی نەقشبەندی بووە کە بە هۆی زانایی، چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتی کۆمەڵایەتی و دادپەروەریی، جێگە و پێگەیەکی بەرزی کۆمەڵایەتی هەبوو. وێڕای پێشەوای خەڵک بوون لە باری مەعنەوی و تەریقەتدا، خاوەن هێز و شکۆ و سامان بوو و رەوشت بەرزیی و دادپەروەریی وەها بوو کە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتیدا هیچ زۆردارێک نەیدەتوانی هیچ جۆرە دەسدرێژییەک بکاتە سەر خەڵکی بێ دەسەڵات.[4]

بروینسێن، شێخ عوبەیدوڵڵا بە رێزدارترین رێبەری مەعنەوی کورد لە سەردەمی خۆیدا ناو دەبات.[5] باری مەعنەوی شێخ هەم ببوە هۆی گەشەی ئەخلاقیات و سیاسەتی ئەخلاقی لە کەسایەتی شێخدا و هەم ورەی ئەوی بۆ هەوڵ و تێکۆشان و خۆبەخشین بەهێز کردبوو. بە هۆی ئەو مەعنەوییەتەی شیخەوە بوو کە شێخ عوبەیدوڵڵا لە سەردەمی خۆیدا تەشەنەدارترین کەس لە کوردستان بووە و لە ناو کوردانی سنووردا، زۆر لە سوڵتانی عوسمانی پیرۆزتر بووە. بۆ سەرۆک هۆزەکان “حەزرەتی شێخ” بوو و موریدی وایشی هەبووە کە دەسبەجێ فەرمانەکەیان جێبەجێ کردووە و خەڵکیش بە “باوک” ناویان بردووە و خۆیشی لە دوای سوڵتانی عوسمانی و شەریفی مەککە بە سێیەم کەس زانیوە و لە راستیدا ببووە مەلیکی شارستانی و پەسەندکراو و دانپیانراوی کوردان.[6] ئاکار و هەڵسوکەوتیشی لەگەڵ دیکەی ئایین و نەتەوەکان وەک مەسێحی، ئاسووری و ئەرمەنی ناوچەکە هاوڕێیانە، ئاشتیخوازانە، رێزلێگرانە و جوان بووە.[7]

دوای سەرکوتکردنی میرە کوردەکان، شێخ عوبەیدوڵڵا وەک بانگخواز و رزگارکەر دەرکەوت و بەرنامە و ئامانجی سیاسی بۆ چارەی کێشەی کورد راگەیاند.[8] نزیکەی هەموو بزووتنەوەکانی پێش شێخ عوبەیدوڵڵا بە سەرکردایەتی میر و سەرۆک هۆزەکان بوون کە مەلا و شێخ نەبوون. لە جیاوازیی نێوان شێخ عوبەیدوڵڵا و میر بەدرخاندا ئۆلسۆن دەڵێت: “دۆخ و پێگەی عوبەیدوڵڵا وەک شێخێک ئەو هەلەی بۆ رەخساند کە وشە و شێوەزاری ئایینی پڕ لە هێما و رەمز و بەڵێنی مەسێحایی لە مەبەستە نەتەوەییەکاندا بگونجێنێت، و ئەمە شتێ بوو کە لە دەست میر بەدرخان بەگ کە مەلا نەبوو، وێرای میر و رێبەری یەکیەتی هۆزەکان، بەر نەدەهات”.[9] بە وتەی کوچەرا شێخ یەکێک لەو خاوەن کەراماتانە بوو کە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی بۆ ماوەیەک رێبەرایەتی کرد و یەکەم مانیفیستی نەتەوەخوازیی کوردی دەرکرد.[10] ئەو رێبەرێکی ئایینی و سیاسەتوانێکی سەردەمی تازەی کورد بوو کە یەکێک لە گرنگترین شۆڕشەکانی سەردەمی هاوچەرخی کوردی رێبەرایەتی کرد و یەکەمین رێبەریی ئایینی-سیاسی کوردستان و لە گرنگترینی ئەم جۆرە رێبەرانە بوو.

بەرەی دووەم: نیوەی یەکەمی سەدەی بیست (شێخ مەحموود، شێخ سەعید و شێخ رەزا)

پاش تێکچوونی شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵا، خەبات بە تەواوەتی نەکوژایەوە و ژیلەمۆی ئاگرەکەی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا پڕتینتر بڵێسەی سەندەوە, کە ئەم جارە شێخانی قادری و ئایینی عەلویش تێوەگلان. شێخ مەحموود و شێخ سەعید و شێخ رەزا لە باشوور و باکووری کوردستان قرمەیان لە شۆڕش هەڵساند.
بنەماڵەی شێخ مەحموودی حەفید، بە گشتی ناوبانگیان بە خواپەرستی و رەوشتبەرزیی دەرکردبوو. رەنگدانەوەی ئەم رەوشتبەرزیی و مەعنەوییەتە لە بوێری و خەباتی شێخدا بەرچاو بووە. لە شۆڕشی شێخ مەحموودا، باری مەعنەوی هۆی ورە بەرزی و سەرکەوتنی و سووکە دەمارگرژی ئایینی کە هەندێ جار هانی دەدا بەرەو تورکان بڕوات لە بەرانبەر بەریتانیادا هۆی تێکشکانی بوو. بەوەشەوە شێخ وەک سەرکردەیەکی نەتەوەیی کورد، هێمای پاکی و خۆڕاگری بوو. شێخ مەحموود لە ژێر ناوی “شەڕی پیرۆز” (جیهاد) و شەهید بوون لە رێگای ئیسلامدا لە هەندێ شەڕ لە دژی ئینگلیز و هەروەها رووسیا بەشداری دەکرد.[11] ئەمە بەشێکی پێوەندیی بە باوەڕی ئەوەوە هەبوو کە ئیسلامی لە دژی مافی گەلان نەزانیوە و بۆ ئەو شەڕ بۆ مافی کورد وەک شەڕ لە پێناو ئاییندا پیرۆز بووە.[12]

سیاسەتی گشتی شێخ مەحموود لە پێناو کوردستاندا بوو، ئەگەرچی هەندێجار دەکەوتە داوی هەستی ئایینی و فریوی سیاسی و هەرکات لە بەریتانیا بێهیوا دەبوو بەرەو تورکان و فارسان دەڕۆشت. بانگی جیهادی شێخ لە دژی بەریتانیا بۆ سەربەخۆیی کوردستان بوو، ئەگەرچی لەو کاتەدا هەڵەیەکی سیاسی بوو. شۆڕشی شێخ مەحموود بۆ بەرگری لە خەلافەتی عوسمانی نەبوو چۆن وێرای پێوەندیی بنەماڵەکەیان لەگەڵ دەزگای خەلافەت و بڕێ ئۆگری ئایینی بەو هێمایە، هەم لەلایەن عوسمانییەکانەوە زەجری دیبوو و هەم شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵا و کەسانی تر پێش ئەو هەبوون و کاریگەرییان لەسەر ئاگایی نەتەوەیی ئەو هەبوو, ئەوەندەش دڵی بە پاراستنی خەلافەت خۆش نەبوو و زیاتر وەک ئامرازی سیاسی لە دژی بەریتانیا لەو سەمبولە کەڵکی وەردەگرت. هەڵسوکەوتی سیاسیشی پیشان دەدا کە بۆ دەستەبەرکردنی مافی کورد و سیاسیکاریی بوو کە تاوێ بە لای  تورکان و تاوێ بەریتانیا رادەکێشرا.

بە گوتەی کوچەرا، لە نێو رێبەرە ئایینیەکاندا شێخ مەحموودی سەرکەوتووانەتر توانی داخوازیی کورد و بیرۆکەی رۆژئاوایی واتە مافی چارەی خۆنووسین لێکتر گرێبدا. کەسێ کە وەرگێڕدراوی کوردی دوانزەهەمین مادەی سەرۆک “ویلسۆن” لە “بەرنامەی ئاشتی جیهان”دا و راگەیەندراوەکەی فەڕەنسە و ئینگلیز کە لە پێوەندیی لەگەڵ مافی کورد بوون، لەسەر لاپەڕەکانی قورئان نووسی و بە حوکمی نووشتە لەسەر باسکی گرێدابوو و تا دوا هەناسە دەیگوتەوە.[13]

شێخ سەعید و شێخ رەزا

شێخ سەعیدی پیران لە بەناوبانگترین شێخەکانی نەقشبەندی و رێبەرێکی کاریزماتیک و خاوەن تەشەنە بوو کە شۆڕشی ساڵی 1925ی رێبەرایەتی کرد. شێخ وێرای ئەوەی کە ئیماندارێکی بە بڕوا و بە ئەمەگ بوو، نەتەوەخوازێکی پڕهەست و توندڕەو بوو و یەکەمین ئامانجی دامەزراندنی کوردستانی سەربەخۆ بوو. رێبەرایەتی شێخ سەعید، هەندێ چاوەڕوانی مەسێحایی و هەروەها سەربەخۆیخوازانەی لە نێو پێڕەوانیدا هەڵخڕاند.[14] رێژەی موریدانی شێخ لە نێوان چل تا پەنجا هەزار کەس مەزندە کراوە. ئامانجی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیرانیش وەرگرتنی مافی سەربەخۆیی و پێکهێنانی حکومەتی نەتەوەیی بوو کە لەو پێناوەدا لە هەستی نەتەوەیی و ئایینی کەڵکی وەرگرت. لەڕاستیدا ئەم شۆڕشە لەلایەن رێکخراوێکی سیاسییەوە واتە “ئازادی” ئامادەکاری بۆ کرا و بەڕێوەبەرانی شۆڕشەکە ئاگایانە شێخ سەعیدیان بۆ رێبەرایەتی هەڵبژارد کە لە کاریزما، تەشەنە و دزەی زۆری شێخ بۆ ورووژاندنی ئاپۆرەی خەڵک کەڵک وەرگرن.[15] وێرای تەشەنەی زۆری نەتەوەخوازان کە مەلا نەبوون و رێکخراوە نەتەوەییەکان، سەرکردایەتی شۆڕشی شێخ سەعید بە ئەستۆی شێخەکان بوو. ئەمە کە شۆڕش رەنگ و بۆنی ئایینی لێ بوو، ئاکامی هەڵسەنگاندنی کۆنگرەی ساڵی 1924ی رێکخراوی “ئازادی” بوو کە وەک ستراتێژی و تاکتیکی پێویست بۆ سەرکەوتنی شۆڕش لەبەرچاو گیرا. لە کاتێکدا کە شۆڕشی شێخ سەعید نەتەوەیی بوو، بزواندن و بانگەشە و هێماکانی ئایینی بوون.[16]

بە وتەی بروینسێن، ئامانجی روونی شۆڕشە ناسیۆنالیستییەکەی شێخ سەعید پێکهێنانی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ بوو کە تێیدا رێز لە بنەما ئیسلامییەکان بگیردرێت. ئەگەرچی گوتراوە کە ئەو “لە سەرەتاوە بە هۆی ناسیۆنالیزمەوە ورووژابوو و وەک ئامرازێک لە ئایین کەڵکی وەردەگرت”[17]، ئەمە بەو واتایە نییە کە شێخ باوەڕی ئایینی نەبوو بەڵکو هەڵوێستە توندە ئایینییەکانی بە ناچار وەک ئامراز و کەڵکوەرگرتن لە ئایین بوون، بۆ ئەوەی هەم خەڵک هان بدات و هەم لە ژێر ناوی ئاییندا لە دژی رانەوەستن. لەڕاستیدا لەبەر ئەوەی کە لە 1924 بەملاوە بە تێکچوونی خەلافەت، رەژیمی تورک ببووە لائیک، کورد دەیویست لە ژێر ناوی ئاییندا بە ئامانجی سیاسی خۆی بگات و ئەگەریش نەتوانێت دەسەڵاتی خەلافەتی گشتی بخاتە ژێر رکێفی خۆی لانیکەم حکومەتێکی کوردی سەربەخۆ پێکبهێنێت، بۆیە رێکخراوی “ئازادی” بڕیاریدا لە پشت شێخ سەعید شۆڕش بکەن. شێخ هەم پێڕەوانی زۆری هەبوو کە بێ پرسیار فەرمانەکەیان جێبەجێ دەکرد، هەم بەشداری شێخ رواڵەتی ئایینی بە بزووتنەوە دەدا کە دەبووە هۆی دەستەبەری پاڵپشتی زیاتر، هەم شێخ دەبووە هۆی یەکیەتی و پێوەندی هۆزە جیاوازەکان. هەستی مەعنەوی و دڵسۆزی شێخ وایکردبوو کە خۆی وەک بەرزترین فەرماندەری بەرەکانی شەڕ بێت. شێخ سەعید سەرۆک هۆزەکانی بۆ “شەڕی پیرۆز” لە دژی ئەنقەرە بانگهێشت کرد.[18] زۆرێک لە فەرماندەران و پلەبەرزانی شۆڕش پیاوە ئایینیەکان بریتی لە شێخ و مەلایان بوون. شێخانی نەقشبەندی رۆڵێکی گرنگیان لەم شۆرشەدا هەبوو.

کەواتە شۆڕشی شێخ سەعید نە تەواوەتی ئایینی و نە تەواوەتی ناسیۆنالیستی بوو لەبەر ئەوەی کە دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەیی خۆی رەوایی ئایینی لە پشت بوو و ئەرکی ئایینیش بوو. بەڵام هاندەرێتی گەڵاڵەداڕێژەرانی شۆڕشەکە بێگومان ناسیۆنالیستی بوو و مەعنەوییەت هێزی خەبات و ورەبەرزی پێ بەخشیبوون. بە دڵنیاییەوە شێخ خۆی کەسێکی زۆر لە خوا ترس بوو و هاوکات رێزی لە کەسانی تر بە بیری جیاوازەوە دەگرت. ئامانجی سەرەکی شێخ پێکهێنانی کوردستانی سەربەخۆ بوو. رێبەران و گەڵاڵەداڕێژەرانی شۆڕش وایاندەزانی کە ئاژاوەی ئایینی زیاتر کاریگەرە لە بەدەستهێنانی پاڵپشتی ئاپۆرەی خەڵکدا تاکو پڕوپاگەندەی ناسیۆنالیستی. تاڕادەیەک هەر بەم بۆنەوە شێخەکان وەک سەرۆکانی شۆڕش هەڵبژێردران. بزووتنەوەکە ناوی شەڕی پیرۆزی لەسەر دانرا و شێخ خۆی بە ئەمیرولموجاهدین ناوبرد. ئەمە هەڵبەت بە واتای ئامانجی ئایینی لە پشت بزووتنەوەکە نەبوو. بەوەشەوە مەعنەوییەت و باوەڕی ئایینی بوو کە وای دەکرد قورئان لەسەر چەک بکەن و بۆ شەڕ بچن. پاساوی ئایینی بۆ کردەوەکەیان شۆق و ورەی بەشداربووانی شۆڕشی زیاتر دەکرد.[19]

بە وتەی بروینسێن، ئەگەرچی شێخ سەعید رەخنەی لەسەر شێخەکانی تر هەبوو، بە بێ رایەڵەی نەقشبەندی، ئەو نەیدەتوانی ئەو هەموو شەرڤانانە بورووژێنێت. بە بێ بڕوا بە پیرۆزیی شێخ، ئەوان بەوجۆرە دەمارگرژانە شەڕیان نەدەکرد.[20] شێخ سەعید لە کاتی شۆڕشیدا فتوایەکی دەرکردبوو و خۆی بە “ئەمیرولموجاهدین”ی شۆڕش ناودێر کرد و جەختی کردبوو کە پێشەوای تەریقەتی نەقشبەندییە و نوێنەری خەلیفە و ئیسلامە و داوای لە هەمووان کردبوو کە پێوەندیی بەم جیهادەوە بکەن بۆ پێکهێنانی خەلافەتی نەقشبەندی. لە هێرشی شێخ سەعید بۆ سەر دیاربەکر، کوردەکان بە بانگی “الله اکبر”ەوە داوایان لە تورکەکان کرد خۆ بەدەستەوە بدەن. لە گرتنی “ئالازیگ”دا شێخ شەریف فەرماندەی هێزی شێخ سەعید بێ خوێنڕشتن چووە ناو شار چۆن خەڵک لەلایەن گەورەکانی شارەوە ئاگادار کرابوونەوە کە “ئەم شێخانە دەیانەوێت خەلافەت و شەرێعەت دامەزرێنن.”[21]

بەپێچەوانەی راگەیاندنەکانی تورک کە شێخ سەعیدیان بە کۆنەپەرست و دەمارگرژی ئایینی و دواکەوتوو دەزانی، ئەو خاوەن کەسایەتی نەتەوەخواز و دژە چەوساندنەوە بوو.[22] بە گوێرەی تورکە شۆڤێنیستەکان شێخ سەعید دەیویست لە ژێر ناوی ئاییندا کوردستانی سەربەخۆ دابمەزڕێنێت. لە کاتی دادگاییدا لە 1925، شێخ سەعید لە وەڵامی ئەوەیدا کە چ پاڵی پێوەنای شۆڕش بکەی؟ بە هەست و ئیمانێکی بەرزەوە دەڵێت: “کردەوەی ستەمکارانە و کوشت و بڕی دژ بە کورد پاڵیان پێوە نام تۆڵەیان بستێنمەوە. بە ناوی خوا شۆڕشەکەم هەڵایساند و بە بیروباوەڕی خۆم سەرقاڵی جێبەجێکردنی بووم. کوردە زۆرلێکراوەکانتان لە ماڵەکانیان وەدەرنا، لەگەڵ ئافرەتان بێ ئەخلاقیتان کرد. منیش بۆ تۆڵەی ئەو کردەوە دزێوە و ناڕەوایە بڕیامدا لە جیاتی کوشتنی هەر کوردێک شەست تورک بکوژم و تا مردن هەوڵی دامەزراندنی حکومەتێکی کوردی سەربەخۆ بدەم. ئەمە ئەرکی سەرشانی ئێمە بوو، من ئەو بیروباوەڕەم خستووەتە مێشکی هەموو ئەو پیاوە ئایینیانەی کە لەگەڵمدا بوون.”[23] ئەم وتانە، نیشانەی کاریگەریی مەعنەوییەت و دڵپاکی شێخ لەسەر سیاسەتی ئەو و پیشاندرەی “سیاسەتی مەعنەوی” ئەون.

لە پاش شێخ سەعید، شۆڕش هەر بەردەوام بوو و رێبەرانی ئایینی بەشدار و بنەما مەعنەوییەکانیش سووتەمەنی گڕ و تینی بوون. لەم پێوەندییەدا دەکرێ بە سید رەزا، یەکێک لە سەرۆکە بەناوبانگەکانی شۆڕشی دێرسیم ئاماژە بکرێت. لە نامەیەکدا بۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا دەنووسێت کە: “… سێ میلیۆن کورد لە تورکیا دەژین، دەیانەوێ بە زمانی خۆیان بخوێنن و بنووسن و لە ئاشتی و هێمنیدا بژین. ئازادییان هەبێ، دابونەریت و کەلەپوور و رەگەزی خۆیان بپارێزن، ئاخۆ رەوایە کوردەکان کە داوای مافی زەوتکراوی خۆیان دەکەن، لەلایەن ئێوەوە بە تاوانبار بناسرێن؟ پێویستە دەوڵەت ئەو داوایانە وەدی بێنێت، تا ئەو گەلە نەجیبە لە ژێر باری چەوسانەوەی نەتەوایەتی رزگاری بێت…”[24] بەمجۆرە لە نامەیەکدا ویستێکی ئاشتیخوازنە و مرۆیی دەردەبڕێت کە ئێمەی کورد: “شتێک جگە لە ئاشتی و ئازادی لەگەڵ پاراستنی رەگەز، زمان، دابونەریت، کەلەپوور و شارستانییەتمان ناوێت.”[25] شێخ رەزاش بە ئاواتی تۆڵەستاندنەوە لەلایەن لاوانی کوردستان و بە هاواری “بژی کوردستان” لە 1937 دا دەچێتە پێی سێدارە.[26]

کەواتە بنەمای خەبات و داخوازیی شێخ سەعید و دواتریش شێخ رەزای دێرسیم، مرۆیی بوو و ئامانجیان بەدەستهێنانی مافی رەوای کورد و ژیان لە ئاشتی و ئازادیدا بوو، بە جۆرێ کە نادادپەروەریی بێ بەزەییانە لە دژی گەلی کورد کۆتایی پێ بێت.

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانیتر کلیکی ئەم لینکانە بکە:

بەشی یەکەم
بەشی دووەم


[1]  محەمەد حەمە باقی، شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری (1880) لە بەڵگەنامەی قاجاری دا، هەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی، چاپی یەکەم، 2000، ل. 52-49.
[2]  اولسن، 1377، ص 15.
[3]  مەدەنی، 2000، ل. 157.
[4]  محەمەد حەمە باقی، 2000، لل. 45-47.
[5] Bruinessen, 1992, p. 250.
[6]  محەمەد حەمە باقی، 2000، لل 6-54.
[7]  محەمەد حەمە باقی، 2000، ل 102.
[8]  محەمەد حەمە باقی، 2000، ل. 14.
[9]  اولسن، 1377، ص. 20.
[10]  کوچرا، 2008، ص. 18.
[11]  جلال تقی، مبارزە خلق کرد علیە استعمار انگلیس، ترجمە: احمد محمدی، سنه (سنندج)، 1374، ص. 19.
[12]  سەبارەت بە ئیسلام و ناسیۆنالیزمی کورد بڕوانە: ئەبوبەکر عەلی، ئیسلام و ناسیۆنالیسم، چاپی هەولێر، 2000.
[13]  کوچرا، 2008، ص. 20.
[14]  اولسن، 1377، صص. 81 و 192.
[15]  محمد امین زکی، تحقیقی دربارە کرد و کردستان، ترجمە و توضیح: حبیب الله تابانی، انتشارات آیدین، چاپ اول، 1377، ص. 191.
[16]  اولسن، 1377، ص. 232-231.
[17] Bruinessen, 1992, pp. 266 – 265.
[18] Bruinessen, 1992, pp. 281 – 282 & 285.
[19] Bruinessen, 1992, p.  298.
[20] Bruinessen, 1992, p.211.
[21]  اولسن، 1377، صص. 164 و 166 – 167.
[22] Bruinessen, 1992, p.210.
[23]  مەدەنی، 2000، ل. 266.
[24]  مەدەنی، 2000، ل. 290.
[25]  کوچرا، ص. 21.
[26]  مەدەنی، 2000، ل. 291

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …