Home / بەشی مێژووی كورد / سیاسەتی مەعنەوی لەمێژووی کوردستاندا [بەشی دووەم]

سیاسەتی مەعنەوی لەمێژووی کوردستاندا [بەشی دووەم]

 

سیاسەتی مەعنەوی لەمێژووی کوردستاندا [بەشی دووەم]

15093102016_14508592_1284623688239051_642323586_n

 

د. سەباح موفیدی

سیاسەتی مەعنەوی لە ستاتی[1] جیهانییەوە

لە راستیدا دامەزرێنەرانی ئەمریکا بیرۆکە بنەڕەتییەکانی جان لاکیان وەرگرت و جێبەجێیان کرد کە “بواری پیرۆزی ئەمریکا”یان پێکهێنا و ئەوەش بە کورتی بریتیە لە: تیۆلۆژییەکی سیاسی لەسەر بنەمای پێوەندیی خوا لەگەڵ هەر تاکێکی مرۆڤ کە دەبێتە هۆی پێکهاتنی مافی ئازادی بیروباوەڕ لە کانتێکستێکدا کە خەڵک دەتوانن مەبەستی سیستەم واتە پێکهێنانی کۆمەڵگای چاک لە خوارەوە بۆ سەرێ[2] پێکبهێنن.[3] لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەکرێ بە جێفرسۆن و مەدیسۆن[4] ئاماژە بکرێت کە وێرای ئەوەی کە لە دژی پاڵپشتی دەوڵەت لە ئایین بوون و ئەم باوەڕەیان لە دەرەوەی بڕوای ئایینی خۆیان بوو، ئەوان سێکیولار لە واتای بێ بەندوباوی نادروستدا نەبوون، بەڵکو لە ژێر کاریگەری هەستی ئایینی قووڵ بۆ پێکهێنانی باسیکی شارستانی لەسەر دەوڵەتێکی سێکیولار بوون. لە 1785 دا مەدیسۆن باسی کرد کە دەوڵەت دادوەرێکی رکابەری هەقێقەتی ئایینی نییە و دەستێوەردانی سەوداگەرانەی لە بابەتەکانی پێوەندیدار بە ئاییندا نییە. بۆ مەدیسۆن و زۆرێک لە دامەزرێنەرانی ئەمریکا ئەم چەشنە هەڵسوکەوتە لەگەڵ ئایین بۆخۆی بواری ئیلاهییاتی و ئایینی هەبوو. بۆ ئەوان ئازادی ئایینی – تەنانەت بەرەڵا بوون لە هەر چەشنە ئایینێک – شانازییەک بوو کە لەلایەن خواوە وەک جۆرێ چارەنووس دیاریی کرابوو.[5] ئەم دۆخە لە مێژووی ئەمریکا تاوەکو ئێستاش درێژەی هەبووە و خەڵکەکەشی بە زۆرینە ئایینی ماونەتەوە.

هێزی هەناوی و باوەڕی ئایینی لە “مارتین لۆتەر کینگ”دا، هێزی سەرەکی بزووتنەوەکەی لە دژی نادادپەروەری رەگەزیی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی بوون. ئەوە لە کاتێکدایە کە زۆربەی بەشداربووانی بزووتنەوەی مافی شارستانی (مەدەنی) لایەنگرانی جیایی ئایین و دەوڵەت بوون. کینگ لە ژێر کاریگەریی هەندێ ئیلاهیزاندا بوو کە مەسێحییەتیان “وەک رۆحێکی برایەتی کە بۆ ئەخلاقی کۆمەڵایەتی بانگهێشت دەکات” دەزانی. کینگ و دیتران لە بزووتنەوەکەدا ئەم بیرۆکەیان گۆڕی بە چەمکی “کۆمەڵگای خۆشەویست”،[6] روانگەیەک کە تێیدا مرۆڤەکان پێکەوە بۆ ئاشتی و دادپەروەریی هەوڵ دەدەن. ئایینی کینگ کاریگەری هەبوو لەسەر بنەما و بەهاکانی ئەو. ئەو بنەماکانی نەبوونی توندوتیژی زیندوو کردەوە کە ئەوەی نەک وەکو پاشەکشێ لە سیاسەت بەڵکو وەکو ئامرازی تێکەڵکردنی سیاسەت لەگەڵ ئەخلاقیاتدا راڤە کرد.[7] هەر لەم پێوەندییەدا، لە سەردەمی نوێدا هەندێ جار لە ئەمریکا هەڵبژاردنەکان وەک پێوەری دۆخی پێشکەوتنی مەعنەوی کۆمەڵگا هاتوونەتە ئەژمێر. وەک هەندێ کەس هەڵبژاردنی باراک ئۆبامایان لە ٢٠٠٨ دا لە روانگەی مەعنەوییەوە بە شیاو زانیوە.[8]

وڵاتێکی تر کە بە شێوازێکی تر و بەرچاوتر سیاسەتی مەعنەوی تێدا بینراوە هێندستانە. لە سیاسەتی مەعنەوی هێندستانی سەردەمی بزووتنەوەی رزگاریخوازیدا، ئایین و نیشتمان (هێند) دەبن بە یەکێک. هەر بەو رادەی هێند بوونێکی جوگرافیاییە، وەک “دایکی نیشتمان” بوونیەتێکی ئایینیشە. بیرمەندان و رامیاران و سەرکردەکانی هێند یەک بە دوای یەک ئەم بیرۆکەیان بەهێزتر دەکرد و پەرەیان پێ دەدا. ئەم سیاسەدە لە چاکترین شێوازیدا لە سیاسەت و بزووتنەوەی “گاندی”دا بینرا. گاندی بە دوای پێکهێنانی حکومەتی ئایینی نەبوو، بەڵام وێرای بڕوا بە جیایی “ئایین و دەوڵەت”، قەت ئایین و سیاسەتی لە یەکتر بە جیا نەدەزانی. ئایین و مەعنەوییەتی کردە پاڵپشتی بزووتنەوەی سەربەخۆیی. لەم پێناوەشدا بە هۆی بڕوا بە پلورالیزمی ئایینی تەنیا گرنگایەتی بە ئایینی هێندو نەدەدا. بەڵکو وێرای ئەوەی کە بە شێوەی تاکەکەسی خۆی هێندوو بوو، رێزی لە هەموو ئایینەکانی تر دەگرت و بنەمایەکی یەکسانی بۆ هەموو ئایینەکان لەبەرچاو دەگرت و لەگەڵ پێڕەوانی ئایینەکانی تر هاوکاری دەکرد و هان و یارمەتی دەدان. بۆ وێنە لە بزووتنەوەی خەلافەتدا لە دژی بەریتانیا پاڵیدا بە بسوڵمانەکانەوە.[9]

بۆیە لە هێندا سیاسەتی کەسێک وەک گاندی بە گشتی ناکەوێتە بازنەی سیاسەتی ئایینی (ئەگەرچی لە شێوازی خەباتیدا جۆرێ سیاسەتی ئایینی تایبەتی بۆ بەکارهێنانی هەستی ئایینی هەبوو) و زیاتر لە بازنەی سیاسەتی مەعنەویدا بوو. مەعنەوییەتی گاندی بۆخۆی و دەرەتانی مەعنەوی خولقاو بە هۆی کارە ئایینیەکانی وەک نوێژ و رۆژ و لاڵیانەوە و پاڕانەوەی مەعنەوی کاریگەر بوو لەسەر شێوازی خەباتی ناتوندوتیژانە و خۆڕاگرانەی خۆی و پێرەوانی و هەروەها پێکهێنانی کەسایەتییەکی کاریزما. بە کورتی، هەوڵی گاندی بۆ مەعنەوی کردنی سیاسەت بوو.[10] بەڵام هەندێکی تر لە رێبەرانی ئەوێ سیاسەتی ئایینییان هەبوو بە واتای هەوڵ بۆ سەرکەوتنی پێڕەوانی ئایینێکی تایبەت و لەڕاستیدا ناسیۆنالیزمی ئایینی و بازنەی ئایینی سیاسی. هەندێ لە رێبەرانی هێندوو و زۆرینەی رێبەرانی بسوڵمانی پێش سەربەخۆیی هێندستان بۆ وێنە حەمە عەلی جیناح – کە خۆی سێکیولار بوو بەڵام سیاسەتی ئایینی گرتە پێش – و ئەبولعەلا مەودوودی -کە پێکهێنانی دەوڵەتی ئیسلامی کردبووە ئامانج – لەم تاقمە دواییەن.

بەشی دووەم: سیاسەتی مەعنەوی لە کوردستاندا

ئەگەرچی لە ناو کوردا کەمتر لە باری تیۆریەوە لەسەر سیاسەتی مەعنەوی کار کراوە، بۆ وێنە بەپێچەوانەی ئەوەی لە هێندی کۆتایی سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی بیستدا لەلایەن بیرمەندانێک وەک تیلاک، ئورۆبیندۆ گۆس[11] و… هێنرایە کایەوە و لەڕاستیدا لە تیۆریەوە بۆ کردەوە بوو و لە رێگای مەعنەوی و ئایینیکردنی سیاسەت، ئاپۆرەی خەڵکیان دەرگیری سیاسەت کرد، لە کوردستاندا “دایکی نیشتمان” لە ئاستی پێویستدا پاڵپشتی مەعنەوی بۆ نەدۆزرایەوە و تەنیا باری سیاسی پەتی بەخۆیەوە گرت و دواییش بەجێی دووپاتکردنەوە و درێژەپێدانی بە شێوازی جۆراوجۆر، بە کردەوە ئاسەواری نەما. بەڵام لە کردەوەدا و بەتایبەت لە ئاستی رێبەرایەتی و هێزی خەباتگێڕدا بەشێکی گرنگی خەباتی کوردی لە ژێر کاریگەریی سیاسەتی مەعنەویدا بووە. هەروەها کە ئاماژە کرا سیاسەتی مەعنەوی دەتوانێت نائایینی بێت بەڵام لە کوردستاندا لە ژێر کاریگەریی مەعنەوییەتی ئایینیدا بووە کە کاریگەریی دەروونی هەبووە و تاکی باوەڕمەند رەوشی دەروونی جیاوازیی هەبووە. سیاسەتی مەعنەوی لەسەر بنەمای ئایین و ئیمانی پەتی پیرۆزیی بە خەباتی نەتەوایەتی و هەوڵ بۆ دەرچوون لە ژێر زوڵم و رکێفی بێگانە بەخشیوە و لە پێناوی بەرژەوەندیی نەتەوەییدا ورە و دڵپاکی ئایینی تاکی خستووەتە خزمەت هەوڵی بێ وچان بۆ رزگاریی گەلە چەوساوەکەی. ئەمە لەڕاستیدا بەهاناوە هاتن و یارمەتی ئایینە لە سیاستەدا.

هەر لەو پێوەندییەدا، دەکرێ بگوترێت کە هێز و دەسەڵاتی خاوەن دەسەڵاتەکان لە کوردستاندا دوو سەرچاوەی سەرەکی هەبووە: ناوخۆیی، واتە هێز و توانی خۆیان و هۆز و خێڵیان، و دەرەکی. مارتین ڤان بروینسێن، بە گشتی خودا و دەوڵەت بە سەرچاوە دەرەکییەکانی دەسەڵات لە کۆمەڵگای کوردیدا دەزانێت و بەڕای ئەو کەمتر کەسانێک بە بێ دەست بە داوێن بوونی ئەو دووانە، بە پێگەی بەرز و بەرچاو گەیشتوون. تەشەنەی سیاسی-ئابووری کەسێک رەنگە لە رێگای پێوەنددانی خۆ لەگەڵ خوا سەرچاوە بگرێت. ئەمە بە شێوەی سەرکەوتووانە لە کوردستاندا لەلایەن شێخ و مەلاکانەوە جێبەجێ کرا. بە قسەی ئەو، مەلا مستەفا بارزانی گەورەترین رێبەری سەدەی بیست، پێگەکەی بە هۆی کەڵکی زۆری خۆی و باب و باپیرانی لەم دوو سەرچاوە بووە.[12]

سەرچاوەی دەرەکی “خوا” لە پێوەندیی لەگەڵ ئاییندا دێتە ئاراوە و رەنگدانەوەکەی لە هەندێ قۆناغی خەباتی سیاسی کوردا زەق بووەتەوە. لەم پێوەندییەدا، کریس کوچەرا لە شرۆڤەی بیچمگرتنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردا ئاماژە بە سێ قۆناغ دەکات: فیۆدالی، ئایینی و سیاسی.[13] کە ئەم قۆناغانە هەندێ جار هاوکات پێکەوەش هەبوون. قۆناغی یەکەم تا کۆتایی سەدەی 19 و سەرەتای سەدەی ٢٠ کە دواهەمینیان شۆڕشی سمکۆ بوو، درێژەی هەبوو. لە نیوەی دووەمی سەدەی ١٩ دا قۆناغی دووەم دێتە ئاراوە و چینێکی تازە لە رێبەران کە زۆربەیان لە رێبەرانی ئایینی و شێخانی تەریقەتی قادری و نەقشبەندی بوون، سەرکردایەتی شۆڕش بە ئەستۆ دەگرن. کە من لێرەدا بە پێی ئەو باسانەی لەسەر جیاوازیی سیاسەتی ئایینی و مەعنەوی کرا، قۆناغی دووەم بە قۆناغی زاڵیەتی سیاسەتی مەعنەوی دەزانم. چونكە هیچ کام لە بزووتنەوەکانی ئەم قۆناغە لەڕاستیدا ئایینی نەبوون و شەڕ بۆ ئایینێکی تایبەت نەبوو. مەبەستی کوچەراش ئەوە بووە کە رێبەرانی ئایینی سەرکردایەتی شۆڕشی کوردیان کردووە، نەک ئەوەی کە ئامانجیان خەباتی ئایینی پەتی بووبێت. کەواتە ئەم قۆناغە قۆناغی خەباتی مەعنەوی کورد بووە و سووسە شۆقێکیشی تاوەکو ئێستا لە سیاسەتی کوردیدا ماوەتەوە. لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە قۆناغی سێهەم واتە سیاسەتی حیزبی باڵ دەکێشێت بەسەر خەباتی رزگاریخوازیی کوردا.

لە پێوەندیی لەگەڵ قۆناغی دووەمی ئاماژەپێکرا لە سەرەوە، زۆرێک لە رێبەرانی ئایینی و پێڕەوانی رێچکەی عیرفان و تەسەووف خاوەن مەعنەوییەتی ئایینی تایبەت بوون. مەعنەوییەتی رێبەرانی کورد تواناییەکی پێ بەخشیبوون بۆ بەدواداچوونی ئامانجەکان کە مرۆڤی ئەمڕۆیی کەمتر هەیەتی. زۆربەی ئەو سەرکردە کوردانە خەباتییان بە ئەرکی نەتەنیا نەتەوەیی بەڵکو ئایینی زانیوە و ئامادە بوون خۆیانی بە گیان و دڵەوە بۆ تەرخان بکەن. بەمجۆرە مەعنەوییەتێک دێتە ناو سیاسەتی کردەوەیی و خەبات کە کەمتر بەرژەوەندیی تاک و زیاتر بەرژەوەندیی گەل و چاکەی گشتی لەبەرچاو دەگیردرێت. زۆربەی رێبەرانی پێش قۆناغی نوێ خەبات و هەروەها تاکو چەند دەیەی رابردوو بە کردەوە خاوەن سیاسەتی مەعنەوی بوون. تەشەنە و بڕواداریی ئەم رێبەرانە جگە لە پێگەی بنەماڵە، لەسەر بنەمای بڕوایان بە هێزێکی تایبەت بوو کە لە دەرەوەی چوارچێوەی ئاوەزمەندیی بووە. کەسانێ کە لەلای پێڕەوانیان وەک ئاگادارانی راز و نهێنییەکان بوون و لە رۆح و جەستەدا زۆر بەهێز بوون.

لە روانگەیەکی ترەوە، سیاسەتی کوردی بنەمای لەسەر سیاسەتی مەعنەوی بووە لەو روانگەوە کە هەڵگری پلۆرالیسم و فرەچەشنی، بانگی دادپەروەریی و بەرابەری و ئازادی هەبووە و تێیدا لە هەموو لایەک رێز گیراوە و زۆرینەی تاکی بەشداربووی خەباتیش وێرای باوەڕی ئایینی و خاوەن مەعنەوییەتی تایبەت بوون، بەتایبەت لە ئاستی سەرکردایەتیدا، ئامانجی مرۆیی و بەرفراوانتر لە دەمارگرژی ئایینییان هەبووە و بە دڵی خاوێن و رۆحێکی بەرزەوە خۆیان بۆ بەرژەوەندیی دیتران و هاوبەش (نەتەوەیی) و لە ئاکامدا مرۆڤایەتی تەرخان و بەخت کردووە. بۆ وێنە رێبەرانی بەشێکی زۆر لە خەباتی کوردی وێرای ئایینی بوون، ئامانجی نەتەوەییان هەبووە و لەسەر بنەمای رۆح و مەعنەوییەتێکی تایبەتی خۆیانەوە، خۆیان لە پێناو گەلدا بەخت کردوە. ئەگەرچی ئامانجی نەتەوەیی و مافی بەرابەر لە ئایینیشدا جەختی لەسەر کراوە بەڵام بۆ زیندووکردنەوە و ئامانجی پەتی ئایینێکی تایبەت خەباتیان نەدەکرد و رێزیان لە هەموو گرتووە و لە ئایین و ئایینزا جیاوازەکانیشیان تێدا بووە.

بە وتەی کوچەرا، زۆربەی ئەم رێبەرە ئایینیانە هەر لە شێخ عوبەیدوڵڵا و شێخ عەبدولسەلام بارزانی تا مەلا مستەفا بارزانی لایەنگری جیهانی رۆژئاوا بوون و لە ئایدیالەکانی ئەوان یارمەتییان وەردەگرت.[14] لەڕاستیدا بیرۆکەی رووناکبیرانی کورد کە کەم کەم لەسەر چەمکی ناسیۆنالیزمی رۆژئاوایی زانیارییان دەستەبەر کردبوو لەلایەن شێخەکانی تەریقەتە ئایینییەکانەوە وەرگیرا و بڵاو کرایەوە.[15] شێخەکان و دواتر مەلا گەورەکانی کوردستان جگە لە پیرۆزیی و رەوشتبەرزیی و بەهرە و کەسایەتی بێ وێنە، پێویستیان بە تواناییەکانی سیاسەتوانانی سەردەمی نوێش هەبوو. دەبوا بیانتوانایە پێکدادان و کێشە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەی دادپەروەرانە چارەسەر بکەن. ئەمە نەریتێ بووە کە لە زۆربەی شێخ و مەلاکاندا بینراوە و بە هۆی رێزداربوون لە باری ئایینییەوە لە ناو خەڵکدا، لە پێکدادان و دژبەریەکاندا، نێوبژیوان بوون کە ئەمە بووەتە هۆی تەشەنەی سیاسی ئەوان. ئەم رێبەرانە لە رێگای تەشەنەی بەرچاوی خۆیان لە کۆمەڵگادا، هۆزە کوردییەکانیان یەکدەخست و وەجووڵەیان دەخستن و ویستی گەلی کورد واتە مافی سەربەستانەی دیارییکردنی چارەنووسیان بە روونی هێنایە ئاراوە.

شێخەکان لە باری ئاوەز و هێزی راکێشان و کەرامەتیان لە نێو خەڵکی کوردستاندا ناوبانگیان دەرکردبوو. سەرۆک هۆزەکان پێڕەوییان لێ دەکردن. لە زۆربەی کوردستاندا نەقشبەندییەکان لە رێگای “خانەقا” و قادرییەکان لە رێگای “تەکیە”کانەوە دەسەڵاتی مەعنەوی و هەڵسووڕانی کوردستانیان بە دەستەوەبوو. لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەمەوە شێخەکان بەهێزترین دەسەڵاتی سیاسیان لە سەرتانسەری کوردستاندا هەبوو. زۆربەی شۆڕشە نەتەوەییەکان تا دەست پێکرانی شەڕی دووەمی جیهانی لە ژێر سەرکردایەتی شێخەکاندا بەڕێوەدەبران.[16] شێخەکان هەستی ئایینی و سۆزی کوردایەتییان ئاوێتەی یەکتر کرد و بۆ ئامانجی رزگاریی نەتەوەیی کەوتنە هەوڵ و تێکۆشان. لە درێژەدا بە ئاماژە بە تایبەتمەندییە مەعنەوییەکانی ئەم رێبەرانە، زیاتر کاریگەریی سیاسەتی مەعنەوی لەسەر خەباتی کوردی دەردەکەوێت.

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم کلیکی ئێرە بکە


[1]  “ستاتی” یان لە هەندێ شوێنی کوردەواریدا “سیاتی” وشەیەکی رەسەنی کوردییە بە واتای “پەنجەرە” کە وشەیەکی فارسییە.
[2]  بەپێچەوانەی جیهانبینی ئایینی لە سەرەوە بۆ خوارەوە واتە جیهانبینی ئیلاهییاتی زنجیرە پلیکانی کۆنی لەسەرەوە بۆ خوارەوە و لەسەر بنەمای تیۆری سیاسی نەریتی مەسێحی.
[3] McGraw and Formicola, 2005, p. 10.
[4] Jefferson and Madison
[5] McGraw and Formicola, 2005, p. 11.
[6]Beloved community
[7]Marty Jezer, “The Spiritual Politics of Martin Luther King”, 2003, at: http://www.alternet.org/story/14960/the_spiritual_politics_of_martin_luther_king
[8] See; Government, Politics and Spirituality, at: http://new-age-spirituality.com/wordpress/content/204
[9] See: Sabah Mofidi, The Political functions of religion in contemporary India (Hinduism and Islam), New Delhi: Swastik Publications, 2015.
[10] Gandhi’s idea on spiritual politics, Shashank Sheakhar, HIDAYTULLAH NATIONAL LAW UNIVERSITY, RAIPUR, CHATTISGARH, 2013.
[11] Tilak and Aurobindo Ghose
[12] Martin Van Bruinessen, Agha, Shaikh and State, The Social and Political structures of Kurdistan, London and New Jersey: Zed Books, 1992, p. 205.
[13]  کریس کوچرا، چالش ملت کرد یا رؤیای شیفتە استقلال، ترجمە:عزیز ماملێ، کردستان، سلیمانیە، چاپ دوم، 2008، ص 15.
[14]  کوچرا، 2008، ص. 19.
[15]  رابرت اولسن، قیام شیخ سعید پیران (کردستان 1925)، ترجمە: ابراهیم یونسی، انتشارات نگاه، تهران، چاپ اول، 1377، ص. 16.
[16]  حوسێنی مەدەنی، کوردستان و ستراتێژیی دەوڵەتان، بەرگی یەکەم، 1379ی هەتاوی (2000 ز)، ل. 155.

 

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …