Home / بەشی مێژووی كورد / کۆماری کوردستان ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان

کۆماری کوردستان ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان

کۆماری کوردستان ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان

FB_IMG_1456904133379

شەریف فلاح

پێناسە:

دەوڵەتێکی دانپیانەنراو: کۆماری کوردستان
سروود: ئەی‌ رەقیب
پایتەخت: مەهاباد
زمان: کوردی
ئایین: ئیسلام
حوکمڕانی: کۆماری
سەركۆمار: قازی محەمەد
سەرۆک وەزیر: حاجی بابە شێخ
سەردەمی مێژوویی: جەنگی سارد
راگەیاندنی سەربەخۆیی: 22 ی‌ کانوونی یەکەمی 1946
پاشەکشێی‌ سۆڤێت: حوزەیرانی 1946
دەستبەسەراگرتنی لەلایەن ئێرانەوە: 15ی کانوونی دووەمی1946
لەسێدارەدانی سەرکردەکان: 30ی ئازاری‌ 1947
رووبەر: لە ساڵی‌ 1946دا 37437 کیلۆمەتر بووە
دراو: ریاڵی‌ ئێرانی

  1. ئاماژە
    کۆماری‌ کوردستان بە یەکەم کۆماری کوردی دەناسرێ و حەوت دەیە پێش ئێستا لە شاری مەهاباد لە کوردستانی رۆژهەڵات دامەزراوە، کۆمار و کیانێکی کوردیی کەمتەمەن بوو کە لە سەدەی بیستدا‌ و لە دوای کۆماری ئارارات- لە تورکیا، دامەزرا.
    رێکەوتی 22ی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 1945 لەسەر بنەمای کۆمەڵەی «ژێکاف» و بە رێبەریی پێشەوا قازی محەمەد لەلایەن «حزبی دیموکراتی کوردستان»ەوە کۆماری کوردستان بە فەرمی راگەیەنرا و نوێنەرانی پارچەکانی کورستانیش تێیدا بەشدار بوون، رۆڵی كارای بارزانییەکانیش بە رێبەریی مەلا مستەفای بارزانی لەبیر ناکرێت. 
    هەرچەند کۆماری کوردستان تەمەنی 11 مانگ بوو، بەڵام لەو ماوە کورتەدا لە بواری جیاجیادا گەلێک دەسکەوتی بەنرخی هەبووە و کاریگەریی لەسەر فۆرمگرتنی شۆڕش و ناسنامەی کورد بەگشتی داناوە و وەک یەکەم کۆماری فەرمی و دیموکراتیکی کورد لە مێژوودا تۆمار کراوە.
    دامەزران‌ و لەناوچوونی کۆمار، بەشێک بوو لە قەیرانی ئێران، ئەو ململانێیەی‌ لەنێوان ئەمریکا‌ و سۆڤیه‌تدا هەبوو کە جەنگی ساردی لێ کەوتەوە.
    پێشینەی سەرهەڵدانی کۆمار
    لە مانگی ئابی 1941، راپەڕینێکی جەماوەری کۆنترۆڵی‌ ناوچە کوردییەکانی لەدەستی حکوومەتی ناوەندیی ئێران ده‌رهێنا. لە شاری‌ مەهاباد، کۆمیتەیەک لە کەسانی چینی مامناوەند بە پشتگیریی سەرۆک خێڵەکان دەسەڵاتی ناوچەكەیان گرتە دەست. پارتێکی سیاسی بەناوی کۆمەڵەی‌ ژیانەوەی کوردستان (ژێ کاف) دامەزرێنرا. قازی محەمەد، سەرۆکی بنەماڵەی‌ قازی، بە سکرتێریی پارتەکە هەڵبژێردرا. کۆمیتەکە بە سەرکردایەتیی قازی محەمەد ناوچەکەیان بە لێهاتوویی‌ و سەرکەوتنێکی بەرچاوەوە بۆ ماوەی 5 ساڵ تا رووخانی کۆمار بەڕێوە برد.
    دامەزرانی کۆمار
    لە ئەیلوولی‌ 1945، قازی محەمەد ‌و سەرکردە کوردەکانی تر، سەردانی تەورێزیان کرد و‌ چاویان بە کونسوڵی‌ سۆڤیه‌ت کەوت و لەبارەی‌ پشتگیریکردنی کۆمارێکی نوێ گفتوگۆیان کرد، لەوێشەوە رەوانەی باکۆ ئازەربایجانی سۆڤیه‌ت کران. لەوێ ئاگادار بوونەوە لەوەی پارتی دیموکراتی ئازەربایجان لە هەوڵی‌ ئەوەدایە دەست بەسەر ئازەربایجانی ئێراندا بگرێت. لە 10ی‌ کانوونی یەکەمدا، پارتی دیموکراتی ئازەربایجان دەستی بەسەر پارێزگای‌ ئازەربایجانی رۆژهه‌ڵات (تەورێز)دا گرت کە پێشتر بەدەست سوپای‌ ئێرانەوە بوو. قازی محەمەد بڕیاری‌ دا هاوچەشنی ئەو کارە دووبارە بکاتەوە، بۆیە دوای چەند مانگ لە دامەزرانی «حزبی دیموکراتی کوردستان» کە لەسەر بنەمای «کۆمەڵەی ژێکاف» لە 22ی‌ کانوونی دووەمی 1946، قازی محەمەد بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی بەرین لە خەڵکی ناوچەکە و نوێنەرانی کوردی پارچەکانی دیکە دامەزراندنی کۆماری کوردستانی راگەیاند.
    ئامانجەکانی کۆماری کوردستان
    1 – ئۆتۆنۆمی بۆ کوردەکانی ئێران لە چوارچێوەی‌ دەوڵەتی ئێراندا.
    2 – زمانی کوردی بکرێتە زمانی راگەیاندن‌ و خوێندن ‌و ئیدارە.
    3 – هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزەری بۆ کوردستان بەمەبەستی چاودێریی دەوڵەت‌ و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان.
    4 – هەموو بەرپرسەکان لە خەڵکی ناوچەکە هەڵبژێردرێن.
    5 – یەکێتی‌ و برایەتی لەگەڵ خەڵکی ئازەربایجان.
    6 – یاسایەک هەبێت بە یەک چەشن مامەڵەی کرێکار ‌و کەسایەتییە باڵاکا بکات.
    کابینەی وەزیرانی کۆمار
    سەرۆک وەزیران: حاجی بابە شێخ
    وەزیری جەنگ: سەیفی قازی 
    وەزیری کیشوەر: محەمەد ئەمین موعینی
    وەزیری ئابووری: ئەحمەد ئیلاهی وەزیری
    پۆست و تەلەگراف: کەریم ئەحمەدیان
    وەزیری فەرهەنگ: مەناف کەریمی 
    وەزیری (تەبلیغات): سەدیق حەیدەری 
    وەزیری کار: خەلیل خوسرەوی
    وەزیری بازرگانی (تیجارەت): حاجی مەستەفا داوودی
    وەزیری وەرزێڕی (کشتوکاڵ): مەحموود وەلی زادە
    وەزیری ڕێگەوبان: ئیسماعیل ئیلخانی زادە
    وەزیری تەندروستی (بیهداری): سەیید محەمەد ئەیووبیان
    وەزیری (موشاویر): عەبدولڕەحمان ئیلخانی زادە
    وەزیری داد: مەلا حوسێن مەجدی
    دەسکەوتەکان
    – کۆماری کوردستان وەك بزاوت و راسانێکی نەتەوەیی، لەلایەن لێکۆڵەر و مێژوونووسانی کوردەوە وەک دەسپێكی شۆڕشی نوێی کورد دێتە ئەژمار کەسێتییەکی نوێ‌ و سەردەمیانە بە تاکی کورد لەباری شوناسخوازی و زەینییەتی رابوونی نەتەوەیی (وشیاریی نەتەوەیی) دەبەخشێ ‌و لە ئەنجامدا باوەڕ بەخۆبوون ‌و خودئاگایی لەناو کۆمەڵگەی کوردستان ‌و تاکی هوشیاری کورددا دەگاتە چڵەپۆپەی خۆی‌. 
    – هەڵکردنی ئاڵای کوردستان‌ لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا، شانازییەکە بۆ کۆمەڵگای کوردستان ‌و نیشانەیەکی روونیشە بۆ شوناسخوازی ‌و رەسەنایەتیی رۆڵە بەئەمەكەکانی ئەو گەلە و هەر بەم پێیە ئەوان دەتوانن لەژێر ئەو هێما‌و سیمبۆلە نەتەوەییەدا داکۆکی لە شوناس و چییەتیی خۆیان بکەن.
    – پێکهێنانی سوپای میللی ‌و ناوی پێشمەرگە بۆ یەکەم جار لە مێژووی کورددا، باوەڕ بە «خۆپاراستن»ی لە تاکی کورددا چێ‌ کرد، کە تا ئێستاش لەوپەڕی بێ‌ئیمکاناتیدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە بە شێوەی خۆڕسک لەلایەن کۆمەڵگای کوردستانەوە وزە و هێزی پێدەبەخشرێ. 
    – وەڕێخستنی چاپخانە و بڵاوکردنەوەی کتێب ‌و پەرتووک‌ و رۆژنامە و پەوەردە و قوتابخانە بە زمانی کوردی، دەسکەوتێکی دیکەی کۆماری کوردستانە کە بۆ یەکەم جار ئەو پەیامەی بە تاکی کورد و کۆمەڵگەکەی دا کە زمان یەکێک لە بنچینەکانی پرسی نەتەوەخوازی‌ و لە فاکتەرە گرنگەکانی نەتەوە و ناسیۆنالیزمی کوردییە. 
    رۆڵی بارزانییەکان
    سه‌ركرده‌ی مێژوویی كورد مەلامستەفای بارزانی، لەگەڵ هێزه‌كه‌ید لە کوردستانی باشوورەوە چووبوونە هانا و یارمەتیی کۆماری کوردستان، رۆڵێکی گرنگ و بەرچاوە و بۆ خۆشی لەلایەن کۆمارەوە وەک ژنەراڵی سوپای میللیی کۆمار دەستنیشان کرا و ئەوانیش به‌شێکی سوپای‌ کۆماریان پێکهێنا. پاش شۆڕشەکانی بارزان کە لە ساڵانی 1930 بۆ 1945 بوون و شێخ ئەحمەدی بارزانی دەوری رێبەریی تێدا بینیوە، لە کۆتاییەکانیدا مەلا مستەفا کە وەک کەسایەتییەکی کاریزما و شۆڕشگێڕ پێگەیشتبوو، سەرکردایەتیی گرتە دەست و هاوکات لەگەڵ دەسپێکی کۆماردا رووی کردە موکریان و لە مەهاباد گیرسانەوە و بەهۆی ئەزموونی شەڕی پارتیزانی، یارمەتیی زۆری کۆمار و سوپای میللیی کوردستانیان دا و لە چەند ناوچەیەکی کۆمار ئەرکی پەروەردە و بار‌ینانی هێزی پێشمەرگەی کۆماری کوردستانیان گرتە ئەستۆ و بەشدارییان لە کۆماری کوردستان وەک لاپەڕەیەکی پرشنگدار و هاوپەیوەندیی نەتەوەیی لەناو کورد دێتە ئەژمار. 
    هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی کۆمار
    ئارچیبالد بولۆچ رۆزڤڵت، کوڕەزای‌ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، تیۆدۆر رۆزڤڵت، لە کتێبەکەیدا «کۆماری کوردیی مهاباد» دەڵێت کێشەی‌ سەرەکیی کۆماری کوردستان ئەوە بوو کە کوردەکان پێویستیان بە سۆڤێت بوو، تەنیا شانسیان، هێزی سوپای‌ سوور بوو، بەڵام ئەم پەیوەندییە نزیکەیان لەگەڵ ستالین‌ و سۆڤیه‌ت وای کرد زۆربەی‌ هێزە رۆژاواییەکان پشتی ئێران بگرن. 
    قازی محەمەد، هەرچەندە نكۆڵیی لەو راستییە نەدەکرد کە لەڕووی داراییەوە پشتیان بە سۆڤیه‌ت بەستووە، ئەوەی رەت دەکردەوە کە حزبی دیموکراتی کوردستان پارتێکی کۆمۆنیست بێت، رای گەیاند ئەوە درۆیەکە کە دەسەڵاتدارانی سوپای‌ ئێران دروستیان کردووە، جگە لەوەی ئامانجەکانی خۆی‌ بە زۆر جیاواز لەوانەی سۆڤیه‌ت لەقەڵەم دا، هەروەها، کۆمارەکە بەدەست چەند کێشەیەکی ناوخۆییەوە ئەیناڵاند.
    جیاوازییەکی گەورە لە نێوان خەڵکی شار‌ و خێڵەکییەکاندا هەبوو و هاوپەیمانێتییەکەیان بۆ مەهاباد لە داڕماندا بوو. وەک چۆن پێشتریش رای گەیاندبوو، خێڵەکان‌ و سەرۆکەکانیان تەنیا لەبەر ئەو هاوکارییە دارایی‌ و سەربازییانە پشتی قازی محەمەدیان ئەگرت کە لە یەکێتیی سۆڤیه‌تەوە وەری دەگرت. لەڕووی داراییەوە مەهاباد و کۆماری کوردستان نشوستی هێنا و ئەوە وەک مەحاڵ وابوو کە مەهاباد لەڕووی داراییەوە هاوتا بێتەوە لەگەڵ ئێران.
    رووخانی کۆمار
    دوای 11 مانگ تەمەنی پڕ دەسکەوتی کۆماری کوردستان لە 26ی ئازاری‌ 1947، بەهۆی‌ گوشاری‌ هێزە رۆژئاواییەکان، بۆ نموونە ئەمریکا، سۆڤیه‌ت پەیمانی بە حکوومەتی ئێرانی دا کە لە باکووری ئێران دەکشێتەوە. لە مانگی حوزەیراندا، ئێران دەستی گرتەوە بەسەر ئازەربایجاندا. ئەمە بووە هۆی‌ دابڕانی کۆماری‌ کوردستان لە سۆڤیه‌ت و دواجار بووە هۆی‌ داڕمانی. لەم خاڵەدا، پشتگیرییەکان بۆ قازی محەمەد لە کەمبوونەوەدا بوون، بەتایبەتی لە نێوان خێڵە کوردەکاندا کە لە سەرەتادا پشتگیرییان لێ دەکرد. بەرهەم ‌و سەرچاوەی‌ داراییان نەما‌ و شێوازی ژیانیان بەهۆی‌ دابڕانەکەوە بەرەو سەختی چوو. یارمەتیی دارایی‌ و سەربازی لە سۆڤیەتەوە نەما‌ و خێڵەکان هیچ هۆکارێکیان بۆ پشتگیریکردنی قازی محەمەد نەدەبینییەوە. زۆرێک لە خێڵەکان قازییان بەجێ‌ دەهێشت. 
    ئەرتەشی ئێران کە قورسترین ئامێری شەریان چەن تانکی کۆن و قۆڕازە بوو، ڕۆژی 20ی سەرماوەزی ساڵی 1325ی هەتاوی (1946ی زایینی) گەیشتە دەرەوەی شاری تەورێز و ڕۆژی 21 بە هەڵاتنی سەرۆکۆماری ئازەربایجان بۆ سۆڤیەت کۆماری ئازەربایجان ڕووخا و ئەرتەش شاری تەورێزی داگیر کرد. دوای ئەوە ئەرتەش لەوێوە بەرەو مەهاباد وەڕێ کەوت. لەو ناوچانەی دیکە لە باشوسری مەهاباد‌دا کە خۆیان بە بەشی کۆمار دەزانی و دەسەڵاتی تارانیان بە حکوومەتی ناوەندی نه‌دەزانی، واتە لە شارەکانی سنە، دیواندەرە، مەریوان هەتا نزیکی سەقز، لە چەند مانگ پێش ئەوە، هێزیان ئامادە کردبوو؛ بەڵام دوای تەورێز ئەرتەش هێزی نوێی لە ڕێگای قەزوێن بۆ سەقز نارد کە لە 20ی سەرماوەز گەیشتنە سەقز و لە ڕێگەی بۆکان بە یارمەتیی هێندێ لە کوردەکانی سەر بە حکوومەتی شا، ڕێگەی مەهابادیان گرتە بەر.
    سوپای ئێران بەوپەڕی درندەییەوە هێرشی کردە سەر شار. لە 5 ی‌ کانوونی یەکەم، ئەنجومەنی شەڕ بە قازی محەمەدیان راگەیاند کە رێ لە هەر پەلامارێکی سوپای‌ ئێران دەگرن کە بکرێتە سەر ناوچەکە. لە 15ی کانوونی یەکەم، سوپای‌ ئێران هاتە ناوچەکە‌ و دەستی بەسەر مەهاباددا گرت. لەگەڵ هاتنیان، چاپخانەی کورد‌ییان داخست، فێرکردنیان بە زمانی کوردی قەدەغە کرد، هەر کتێبێکی کوردییان بدۆزیایەتەوە دەیانسووتاند. قازی وەک سەرکۆمار دەستوور دەدات هەتا دەکرێ لە شەڕ خۆ بپارێزن، چون ماڵوێرانیی پێوەیە. ئەگەرچی لەپێناو وڵات هەموان تێ دەکۆشن، بەڵام بە هۆی جووڵانەوەی سەرنجڕاکێشی هێزەکانی سۆڤیەت، زۆر بە خێرایی، لە ماوەی چەند ڕۆژدا کوردستانی رۆژهەڵات داگیر دەکرێ.
    قازی دەزانێ کە بە زوویی کۆمار دەڕووخێت؛ لە نێوان شەڕ یان خۆبەدەستەوەدان، وەک بەرپرسیارێکی گیانی خەڵک، بۆ بەرگری لە کوشتن و وێرانکردن، وەک قارەمانێکی نەتەوەیی خۆ بەدەستەوە دەدات. هەڵبەت سەبارەت بەوە،‌ ڕەخنە دەگرن کە ئایا ئەگەر قازی لەگەڵ مەلا مستەفا بڕۆیشتایە، دواتر نەیدەتوانی قازانجی زیاتر بێت بۆ گەلەکەی؟‌ بەڵام لە کاتی ماڵئاوایی لەگەڵ مەلا مستەفا، قازی ئاڵای کوردستان دەسپێرێ بە مەلا مستەفا و وەک جوابی ئەو پرسیارە دەڵێ: «من خۆم فیدای خەڵکی دەکەم و هیچکات وەک پیشەوەری و سەرانی ئازەربایجان ناکەم، تا وڵاتەکەم لە خوێندا شەڵاڵ بێت و هەزاران کەس بە کوشت بچن.» 
    دواجار پاش دادگایەکی نادادپەروەرانەی سەربازی و بێ پارێزەر لەلایەن ئەفسەرانی سوپای ئێرانەوە، لە بەرەبەیانی 30ی‌ ئاداری‌ 1947 ، قازی‌ محەمەد و سەدر و سەیفی قازی بەتۆمەتی خیانەت لە دەوڵەتی ئێران هەر لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد ئەو شوێنەی کە کۆماری تێدا راگەیەندرا، لە سێدارە دران.
    کاریگەری و شوێندانەریی کۆماری کوردستان لەسەر کورد و ناوچەکە و ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان، سەرنجی نووسەر، توێژەر و لێکۆڵەرانی کورد و بیانیی رۆژهەڵاتناسانی بۆ لای خۆی راکێشاوە و لەم بارەوەده‌یان کتێب و نامیلکە بە کوردی، فارسی و زمانە بیانییەکان نووسراون هەرچەند کۆماری کوردستان لە روانگەی دوژمنانی کوردەوە کۆتایی پێهات، بەڵام بیر و ئامانج و رێبازی کۆماری لەبن نەهاتن و ئێستاش پاش حەوت دەیە خەبات و قوربانیدان و هەوراز و نشێو «حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران» وەک دامەزرێنەری کۆماری کوردستان هەر بەردەوامە لە خەبات و کەسێتیی «پێشەوا قازی محەمەد»یش لە رێبەرێکی حیزبی و ناوچەییش تێپەڕیوە و بووەتە کەسێتی و رێبەرێکی نەتەوەیی و هەموو ساڵێک بە رێزەوە یادی لەدایکبوون و لەسێدارەدانی لە رۆژهەڵات و باشووری نیشتمان دەکرێتەوە.
    سەرچاوەکان:
    – کتێبی «کۆماری سەربەخۆ (مستقل)ی کوردستان لە نووسینی: سۆران کەرباسیان
    – سەرۆک کۆماری کوردستان: لە نووسینی: سۆران کەرباسیان
    – روانگە – ماڵپەری وێنە مێژووییەکانی کۆماری کوردستان
    – ماڵپەڕی: www.kurd.on

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …