Home / بەشی مێژووی كورد / عیزی زەریر، فەیلەسوفە نابیناکەی هەشت سەد ساڵ پێش ئێستای هەولێر، کێ بوو؟

عیزی زەریر، فەیلەسوفە نابیناکەی هەشت سەد ساڵ پێش ئێستای هەولێر، کێ بوو؟

%d8%b9%db%8c%d8%b2%db%8c-%d8%b2%db%95%d8%b1%db%8c%d8%b1

عیزی زەریر، فەیلەسوفە نابیناکەی هەشت سەد ساڵ پێش ئێستای هەولێر، کێ بوو؟

نووسینی: سۆران حەمەڕەش

هەندێک جار کە لەگەڵ هاوزمانێکتدا باس لە فەرهەنگ و مێژووی کورد دەکەیت، بە گشتی لە ژێر کاریگەریی میدیای عەرەبی و فارسی و تورکیدا، دەستبەجێ شتێکی چاوەروانکراو دەگووترێت؛ “کورد قەت هیچی نەبووە”. بە دڵنیایی سەد ساڵ لە داگیرکردن و کاریگەریی میدیای دەوڵەتە دراوسێکانمان کە پڕن لە ژەهری تێکدانی ناسنامە و فەرهەنگی کوردی، وای لە تاکی کورد کردووە کە بە تەواوی بێ بڕوا بێت بە خۆی و نائاشنا بێت بە چەندین کەسایەتی جیهانیی کورد، بۆیە هێشتا نەتوانراوە ئەو کەسایەتیانە بە کۆمەڵگە بناسێنرێن و بیروبۆچوونیان بە کۆمەڵگەی کوردی ئاشنابکرێن. نموونەکان زۆرن؛ لێرەدا ئاماژە بە زانا و فەیلەسوفی کورد عیزی زەریر دەکرێت. عیز پیاوێکی نابینای کورد بووە و لەدایکبووی ساڵی ١١٩٠ ز بووە لە گوندی ئەڤشای سەر بە شاری نوسەیبینی باکوری کوردستان. ئەمڕۆ ئەو شارە هێندە نزیکە لە سنووری ڕۆژئاوای کوردستان، گرانە کە بزانرێت ئەو گوندە دەکەوێتە باکور یان ڕۆژئاوای کوردستانی ئەمڕۆوە. عیز ناوی تەواوی بریتیە لە حەسەن کوڕی موحەمەد کوڕی ئەحمەد کوڕی نەجای غەنەوی ئەبو موحەمەدی نابینای هەولێری و بە عیز ناوبانگی دەرکردووە. هەروەک دەبینرێت عیز هەرچەندە بە بنەچە هەولێری نەبووە بەڵام نازناوی هەولێری هەڵگرتووە. هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە تەمەنێکی لاویدا بۆ خوێندن ڕووی کردۆتە هەولێر و ماوەیەکی زۆری ژیانی لەوێ بەسەر بردووە و دوایی ڕووی کردۆتە موسڵ و ئەمجا کۆتایی ژیانی لە شام جێگریر بووە کە لە ڕابردوودا بەشێکی زۆری ئەو وڵاتە ناوچەی کوردنشین بووە و بەشێک بووە لە خاکی کورد.
عیز وەک کەسێکی شارەزا لە زمان و شیعر و هەروەها بە فەیلەسوف لە قەڵەم دراوە، بەڵام لای موسوڵمانەکان بە تایبەت بەوە ناسرابوو کە بێ ئاین بووە و نوێژی نەکردووە و هیچ پابەندیەکی بە ئاینەوە نەبووە و بە ئاشکرا بۆچوونی بێ دینی خۆی دەربڕیوە، بۆیە سەرچاوە مێژووییەکان بە بێ دین و زەندیق ناوی دەهێنن. سەرەرای بۆچوونی ئاینی، بەهۆی زانایی و کارامەییەوە، ڕێزێکی زۆر گیراوە و زۆر لە پیاوە دەسەڵاتدارەکانی سەردەمی خۆی دەچوون سەردانیان دەکرد. عیز لەوە ناچێت بە سەردانی گەورەپیاوان و دەسەڵاتداران خۆشحاڵ بووبێت و زۆربەی جار ئیهانەی ئەو دەسەڵاتدارانەی دەکرد. کەچی بەهۆی زاناییەوە زۆربەیان دوودڵ نەبوون کە جارێکی تر سەردانی بکەنەوە. جگە لە ئیبن خەلەکان، کە ئەویش بەشێکی زۆری ژیانی لە هەولێر بەسەر بردبوو، کاتێک کە بوو بە قازی قازیەکان لە شام، کە پلەیەکی زۆر بەرز بووە لە دەوڵەتدا، کە چوو سەردانی عیزی کرد لە شام، عیز وەک پیشەی هەمیشەیی بێبایەخ مامەڵەی لەگەڵ کرد و ئەوە ئیبن خەلەکانی زانای کوردی بێزار کرد و بۆیە ئیبن خەلەکان دوای ئەو ڕۆژە جارێکی تر سەردانی نەکرد و عیزی پشت گوێ خست. عیز کەسێکی بیر قوڵ بووە و شارەزای لە ئاین و زانستە دێرینەکاندا هەبووە و کارامە بووە لە ژیربێژی (منطق) و فەلسەفە و شیعر و زماندا. عیز بیر و بۆچوونی ئاینی تایبەتی خۆی هەبووە و بۆچوونە ئاینیەکانی لەگەڵ ئەو سەردەمەدا نەگونجاوە، بۆیە پەیوەندی باشی لەگەڵ ئەو کەسانە هەبووە کە پەیڕەوی ئاینی ئیسلامیان نەکردووە و کریستیان و جوەکان وەک کەسێکی زانا و سەرچاوەی زانیاری ڕوویان تێکردووە و سەردانیان کردووە.
عیز هاوڕێی منداڵی میر ئەبی هیجای هەزەبانی هەولێری بووە، کە ئەویش مێژوونوس و شاعیرێکی کورد بووە و لە بیر و بۆچووندا هەندێک نزیکیان هەبووە (بەندە کۆپیەکی کتێبیە مێژووییەکەی هەزەبانی لەلایە). ئەو کاتەی کە عیز لە شام بووە، ئەبی هیجای هەزەبانی هەولێری والی شام بووە. میر ئەبی هیجای هەزەبانی لە ساتەکانی مردنی عیز- یشدا لەلای دەبێت و هەزەبانی دەڵێ کە پێش مردنی، عیز داوا دەکات خواردنی برنج و ماستی بۆ بکەن، کەمالی حەکیم کە لەوێدا ئامادە دەبێت دەڵێت ئەو خۆراکە خراپە بۆی، بەڵام عیز دەڵێت ئەم لەشە هەڵوەشاوە و ئەوەی ماوەتەوە ئەوە ناهێنێت کە بهێڵرێتەوە، وازم لیبهێنن ئەوەی کە دڵم دەیەوێت با بیخۆم و بەوجۆرە ئەوە دوا خواردنی دەبێت و لە ساڵی ١٢٥٢ ز دا کۆچی دوایی دەکات.
هەندێک لە سەرچاوەکان بەراورد دەکەن لە نێوان عیزی زەریر و ئەبی عەلای معەریدا و بە هاوبیر دایان دەنێن، هەرچەندە ماوەیەکی بەرچاو لە نێوان ژیانی ئەو دوو کەسایەتیەدا هەبووە و پێناچێت کە عیز ئاشنای کارەکانی ئەبی عەلای معەری بووبێت. عیز زانایەکی گەورە بووە بەڵام جگە لە هەندێک لە شیعرەکانی هیچ کام لە کتێبەکانی چنگ ناکەوێت، پێم وایە بۆچوونی ئاینی و دانانی بە “زەندیق” لەلایەن موسوڵمانەکانەوە، لەوانەیە هۆکاری نەپاراستنی بەرهەمە ئەدەبیەکانی بووبێت. هیوام وایە لە داهاتوودا زیاتر سەبارەت فیکر و بۆچوونی ئەم زانا کوردە بزانرێت و بەرهەمە فەلسەفیەکانی بکەوێتە بەردەم خوێنەری کورد.
ئەمەش نموونەیەک لە شیعرەکانی عیزە:
لو كان لي الصبر من الأنصار … ما كان عليك هتكت أستاري
ما ضرّك يا أسمر لو بتّ لنا … في دهرك ليلةً من السّمّار ومنه:
لو ينصرني على هواه صبري … ما كنت ألذ فيه هتك السّتر
حرّمت على السمع سوى ذكرهم … ما لي سمرٌ سوى حديث السّمر
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
تێبینی:
– وێنەکە وێنەیەکی خەیاڵیە و بنەچەی مێژوویی نیە.
سەرچاوەکان:
– الصفدي، نكث الهميان في نكت العميان، الوراق.
– محمد بن شاكر الكتبي (٢٠٠٠) فوات الوفيات، دار الكتب العلمية للنشر والتوزيع.
– ابي الهیجاء، الامیر عز الدین محمد بن ابي الهیجاء ابن محمد الهذبانني الاربلي (١٩٩٣) تاریخ ابي الهیجاء، ریاض الصالحین، مصر.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …