Home / بەشی مێژووی كورد / بنەماڵەى سەى خامۆش.. شێخ ئامۆش

بنەماڵەى سەى خامۆش.. شێخ ئامۆش

بنەماڵەى سەى خامۆش.. شێخ ئامۆش

1487193689468

نوسینی:حسن محمود حمەکریم

سەیدەکانى بنەماڵەى حەیدەرى گۆران .. خامۆشى .. شەجەرەیان دەگاتەوە سەر سەید محەمەد ئەبولوەفاى دووەم تاجولعارفین ناسراو بە (ناجى) (بەرزنجى) (پوشێنى) (کاژاوى)، کە یەکێک بووە لە حەوتەوانانى چەرخى سوڵتان سەید سەهاک، ئەم بنەماڵەیە سەرپەرشتى کاروبارى ئایینى پەیڕەوانى خۆیان بۆ ماوەى شەش سەد ساڵ لە ناوچەى شارەزورو شارباژێڕو هەمەدان و لوڕستان لە ئەستۆ بووە، واتە لەسەردەمى سوڵتان سەهاکەوە تا ناوەڕاستى حکومەتى سەفەوی 907ـ1144ک م، ڕێوشوێنى ئەم بنەماڵەیە بە پێى شەجەرەیان بە زۆرى لە شارەزوور و هەورامان و پاڵنگان دەبینرێن، بنەماڵەى خامۆشى یەکێکن لە حەوت بنەماڵە مەزنەکەى تەریقەى یارسان، کە زاناو سۆفى و مجدد سوڵتان ئیسحاقى بەرزنجى بۆ ڕێکخستنى تەریقەتەکەى پێکیهێنان بە ناوى: (خامۆشى، شائیبراهیمى، یادگارى، عالى قەندەرى، میرسورى، مستەفایى، حاجى باوەیسى)، بە گوێرەى سەردەمیش دواى ئەوان چوار بنەماڵەى تر دروست بوون بەناوى: (زنورى، ئاتەش بەگى، شاهەیاسى، باباحەیدەرى) لەم تەریقەتە 11 بنەماڵە کەوتەوە، پێشەوایانى ئەو یانزەیە لەسەدەى هەشتەم بۆ سەدەى سیانزەهەمى کۆچى لە کاردابوون، ئەوانە ناونران سەید، سەید بە کەسێک دەوترا کە سەر بەو بنەماڵانەبن و کارو دوعاو نەزرو ڕێوڕەچەى ئەوان جێبەجێ بکەن، زۆربەى ڕەهبەرانى یارسان لە شارەزوورو شارباژێڕو هەڵەبجە (خارخار) و هەورامان بوون.

شەجەرەى بنەماڵەى خامۆشى دەگاتەوە سەر پێغەمبەرى ئیسلام بەم جۆرە: (محمد (د.خ)، فاتمە، على، حسین، زەینولعابدین، محمد باقر، ئیمام جعفرى سادق، سەید محمد مزەفەر، سەى محمد موجتەبا، سەى محمد موتەقى، سەى داود، سەى ئەحمەد، سەى سلیمان، سەى محمد ئەبولوەفا تاج العارفین، سەى حسین، سەى ئەحمەد، سەى خالید، سەى ئەحمەد) کۆمەڵێک زاناو شارەزاى ساداتى بەرزنجى ئیمزایان لەسەر کردوە بەتایبەت کاک ئەحمەدى شێخ کوڕى شێخ مارفى نۆدێ، نووسراوە ئەم شەجەرە ڕاستە، لە کۆنەوە هاتووە، بنەماڵەیەکى بەرزو ناودار بوون لە شارەزوور بۆ ماوەى حەوت سەد ساڵ، هەرچى تانەى لێبدات درۆ دەکات، من هەژارى بازاڕى خوا سەید ئەحمەدى نۆدێیى .. دواى ئەوە شەجەرەیەکى تر دروستکراوە زنجیرەى بنەماڵەکەیان تەواو دەکات تا ئەمڕۆ بەم جۆرە (سەى ئەیاز، سەى تەهماسب، سەى محمود، سەى عیزەتوڵا، سەى سەیفوڵا، سەى موتەلیب، سەى محمەد تاهیر، سەى جەوزى، ئاغا سەى فەرزى، سەى ئەمروڵا، سەى ئەولیا، سەى ئەنبیا، سەى میر عەتار، سەى باغیرەت، سەى خامۆش، سەى شێخ عەلى، سەى ئەبولوەفا، سوڵتان ئیسحاق).. شەجەرەکە وا هاتووە، بەڵام هەڵەى زۆرى تیایەو من دوو تێبینى ورد دەڵێم: 1. ئەوە هەڵەیە ناگاتەوە سەر سوڵتان ئیسحاق، چونکە ئەو بەرزنجیەو نوربەخشیەو خامۆشى نیە. 2. ئەبولوەفا خۆى دەڵێ : ئێوارە کورد بووم، بەیانى کە ڕۆژم کردەوە بومە عەرەبى، واتە من ڕەچەڵەکم کوردە، بەڵام ئاینم عەرەبیە و ئەو شەجەرەى بۆیان دروستکردوم دەمبەنەوە سەر عەرەب .. واتە شەجەرە بەس بۆ پیرۆزکردنە، دەنا ڕەچەڵەک ناگۆڕێ، بێگومان یەکێکى تر لەو ستەمە گەورانەى کە لە گەلى کورد کراوەو ـ کتێبى بنەماڵەى زانیارانیش لەوەدا دەستى کارى باشى نەکردووە ـ ئەو شەجەرە دروستکراوانەیە، کە بە ستەم هەر لەبەر خۆپیرۆزکردن، یان خەڵک بە زۆر ئەوانى پیرۆزکردوە بۆ ئەوەى خەڵکى زیاتر دوایان کەون، ئەوانیان بە عەرەب و بنەماڵەى پێغەمبەر تۆمارکردوە، بەڵام ئەو زاناو شێخە بەرزانە خۆیان بێئەوەش گەورەو ناودارن، خۆیان بڕوایان پێى نیە، هەر وەک لە باباناوسدا وتم، بابا ناوس لە شیعرەکەیدا دەڵێ من ئێستە لە هۆزى جافم و دورتریش بڕۆین دەگەمەوە سەر کەیکاوسى دەوڵەتى ماد، ئەو کاتە ئیسلام هەر ناوى نەبوو، بەڵام دواى خۆى شەجەرەیان بۆ دروستکردوەو، وتویانە نەخێر قوربان تۆ عەرەبیت و لە بنەماڵەى پیرۆزى پێغەمبەرى و منیش پیرۆزم و لە نەوەى تۆم.

 

سەى خامۆش ..

سەى خامۆش یان شێخ ئامۆش، ناوى تەواوى سەى ئەکابێر، کوڕى شێخ عەلى، کوڕى سەی ئەبولوەفاى دووەمە، دواى ساڵى 1495ز، واتە لەسەدەى نۆیەمى کۆچى 814ک یان 844ک لە شێخان لەدایک بوو، لە دەورى منداڵیدا خەریکى خوێندن بووە، پاشان نەحو ێرف و قەواعیدى زمانى عەرەبى و ئەدەبى فارسى و علومى ئیسلامى خوێندوە، ئیجازەى مەلایەتى وەرگرتووە، دواتر خوى داوەتە فەلسەفەو خواناسى و کتێبى زۆرى خوێندوەتەوە، بە گوێرەى نامەى سەرەنجام دواى باوکى سەرپەرشتى بنەماڵەکە خانەدانى ئەبولوەفا دەکات، ئەوکارە بووە هۆى دڵ یەشانى براکانى، لە ئەنجامدا سەرى خۆى هەڵدەگرێ و وڵات جێدەهیڵێ و لە دێی ڕێشاو نیشتەجێ دەبێت، پاشماوەى ژیانى بە بانگەوازو ڕێنوێنى بەسەر بردووە، ئەم بنەماڵە پێشتر بە ئەبولوەفا ناودار بوون، دواتر بەهۆى گەورەیى سەى خامۆشەوە ناسران بە خامۆشى، بەیەکێ لە ڕێبەرانى تەریقەى یارسان ناسراوە، لە کۆتایى سەدەى نۆى کۆچى وەفاتى کردوەو مەرقەدى لە دێى ڕێشاوە نزیک هەڵەبجەو هاوارو شێخان، دەفتەرى تایبەتى بووە بەناوى (کەلامى سەى خامۆش)، پربووە لە شیعرو هۆنراوەى تەڕو پاراو بە شێوەزارى هەورامی، بەڵام زۆرى فەوتاوە، سەى خامۆش شەشەم کەسە لە حەوتەوانەدا ناوى هاتووە، لە پارچەیەکدا دەڵێ: (ڕەفیقى سفڵەو هامڕایى گومڕا .. هەرگیز مەکەرەن یاران هەمڕا .. مەکەفن وە شوون کۆرو ناڕەزا .. پەى وێتان پەیدا پیرێ شارەزا) واتە هاوڕێى مرۆڤى سپلەو گومڕا مەکەن، مەکەونە شوێن پیاوى کوێر و نائاگا، پیرێکى بە ئاگا پەیدا بکەن دەستتان بگرێ .. لە پارچەیەکى تردا دەڵێ: (کوتە خشتێ بیم جە بنە دیوارێ .. ناگا بە زبان ئاما وەجارێ .. واتش ئەمن بیم دێوانەى یارێ .. ئیستا خامۆشم هام نە پێوارێ) واتە: کوتە خشتێکم دى لە بنە دیوارێ، لە پڕ هاتە زوبان و وتى من دێوانەو شەیداى یارێک بووم، ئێستا بێدەنگ و خامۆشم و لەم جێیە ژیان بەسەر دەبەم، لە جێیەکى تردا دەفەرموێ: (بیناى گشت کاران ، بیناى گشت کاران .. ئازیز هەر تۆنى بیناى گشت کاران .. ئەز سوەیلەنان مەڕژێ نە داران .. دڵدار مەوێنى ێوب و ئێواران) واتە : تۆ بیناى گشت کارەکانى، ئازیزو دڵدارو خۆشەویستى منى، منیش بەهۆى تۆوە بومەتە ئەستێرەى سیوەیل، هەموو بەیانى و ئێوارەیەک تیشک ئەڕێژمە دارەکان و خوو خدەى چاک بڵاودەکەمەوەو بەرهەمى ژیانى خۆم دەبینم، هۆنراوەکانى هەموو کۆنەکراوەتەوە  لە پارچەیەکى تردا دەڵێ: (شى نە ئەو مەیدان ، شى نە ئەو مەیدان .. ڕۆسەم پەرەى فیل، شى نە ئەو مەیدان .. ڕۆسەم ، ڕۆسەما، ڕۆسەم موانان .. یاران ڕۆسەم شان ، نە جەم نمانان ..) واتە ڕۆسەم چووە مەیدانەوە بۆ بەرامبەری فیل، ڕۆسەم ئەمان ڕۆسەم فیلى لەناوبردو لەبەردەم هاوڕیکانى ئەم پاڵەوان بازیەى نواند، ئەوانیش پاڵەوانى ئەویان بۆ دەرکەوت.

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …