Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى جولەکە / پەیوەندی کوردو جولەکە لە مێژووی دێرینی کوردستاندا

پەیوەندی کوردو جولەکە لە مێژووی دێرینی کوردستاندا

484690_413919412026546_679761716_n
فاتیح عەبدوڵڵا شوانی
توێژەر لە مێژووی دێرین، خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی (ئیرلانگن-نۆرمبێرگ)/ ئەڵمانیا
لە لێکۆڵینەوەیەکی وردو زانستیدا دەردەکەوێت: لە مێژووی دێرینی کوردستاندا گەلێک نەتەوەی جیاواز بە ئایین و بیروباوەڕی جیاوازەوە دەرکەوتوون. لێرەدا دەتوانرێت بەسێ کۆمەڵە دابنرێن.

یەکەم: هەندێک لەو گەلانە بەشێوەی ئاشتیانە وەک کۆچەری و گەڕان بەدوای لەوەڕگاو شوێنی باشتر بۆ ژیان هاتونەتە وڵاتی کوردستان و دواتر بوون بە بەشێکی سەرەکی دانیشتوانی کوردستان و رۆڵ و کاریگەری خۆشیان هەبووە لەسەر شارستانی و کلتوری و رامیاری کوردستان و ناوچەکەو تێکەڵ بە گەلانی رەسەنی کوردستان بوون، وەک: کاسی، میتانی و میدی و ئیلامی و ئەسکیسی و هیتی و کیمیری و….تاد.  ئەمانەش زیاتر بە کۆمەڵەی هیندوئەوروپی ناودەبرێن، دواتر بوون بە رەگەزێکی سەرەکی دروستبوونی گەلی گوردو لەگەڵ خەڵکی رەسەنی دانیشتوانی کۆن وەک سۆمەرو سوباری و گوتی و لولوو هۆری و ئورارتو، ماننا…  دا توانەوەو کوردیان دروستکرد.

دووەم: کۆمەڵەیەکی تر بەشێوەی جیاواز جیاواز هاتوون وەک ئاژەڵداری و بازرگانی سەربازی و ئاینی، داوتر بە خۆسەپاندن و کودەتاو شێوازی داگیرکاری، دەستیان گرت بەسەر خاک و ئاوی کوردستاندا، وەک هێزێکی خۆسەپێن مانەوە لە کوردستاندا، ئەوانیش: وەک؛ ئەکەدی و بابلی و ئاشوری و ئاموری و ئارامی و کەنعانی و فارس و عەرەب و تەنانەت لە سەدەکانی ناوەڕاست و نوێدا خەڵکانی تریش هاتن وەک مەغۆل و تاتارو تورک و تورکمان بەخۆیان وبیروباوەڕە ئایینیەکانیانەوە، ئەمانە تاکو ئەمرۆش وەک بێگانەیەک دادەنرێن لە کوردستاندا، ئەگەرچی لەرووی کۆمەڵایەتی وکلتوریەوە بە بەشێک دادەنرێن لە کوردستان، بەڵام مێژووی هاتنیان بۆ کوردستان  بە شێوەیەکی خۆسەپێن و تارادەیەک داگیرکاری بووە. هەروەها هەندێک لەوانە نەک بە گەلی هاوبەش بەڵکو بە داگیرکەرێکی زۆردارو دوژمنی سەرەکی کورد دادەنرێن وەک فارس وعەرەب وتورک.
سێیەم: جۆرە خەڵکێکی تر کە بەزۆرو زۆرداری بە شێوەی راگواستن هێنراونەتە کوردستان و لە نیشتیمانی خۆیان هەڵکەنراون وەک گەلێکی خاک داگیرکراو مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، وەک جولەکەو کەمینەی تر. ئەم کۆمەڵەیە بەتایبەتی جوولەکە بەدرێژای مێژووی کۆن لەلایەن ئاشووری و بابلیەوە تووشی داگیرکاری و تاڵانکاری و کوشتن و راگواستن و ماڵوێرانی هاتوون.

ئەوەی لێرەدا جێگای بایەخی بابەتەکەیە ئەم کۆمەڵەیەیە، واتە جولەکە، گەلی جولەکە یان نەتەوی جولەکە. لەم توێژینەوەیەدا تیشک دەخرێتە سەر هاتنی ئەم گەلە بۆ کوردستانی دێرین و بوونی پەیوەندی ئەم گەلە بە کوردستانی دێرینەوەو ئەو هەنگاوو قۆناغانە روون دەکرێتەوە کە چۆن لەم وڵاتە نیشتەجێبوون و چۆن درێژەیان بە ژیان و پەیوەندی خۆیان داوە لەگەڵ گەلی کوردو دانیشتوانی کوردستاندا.
سەرەتا پێویست دەکات بزانرێت جولەکە چیە؟ جولەکەکان کێێن و پاشان چۆن گەیشتنە کوردستان؟
نوسەری پەرتوکی (جودایزم) لە سەرەتای بابەتەکەیدا دێتەسەر باسی جولەکەو ئەپرسێ جولەکە کێیە؟ باوەڕیان بە چیە؟ چی جێبەجێ دەکەن؟ هەر لێرەدا خۆی وەڵام دەداتەوەو دەلێت: “جولەکە باوەڕیان بە ئاینێکە لە ژیانی رۆژانەیاندا بە کردار جێبەجێی دەکەن لە مێژووی کۆنەوە تا ئەمرۆ”.(١)
ئایینی جولەکە  بە یەکیک لە ئایینە بەرفراوان و زیندوەکانی سەردەم دادەنرێت و لە مێژووی کۆن و سەدەکانی ناوەڕاستداو تاکو ئەمڕۆش لە کوردستان  گاریگەری شارستانی وبوونیان هەیە.
لەئێستادا وەک بەشێکی گرنگی شارستانی کوردستان دادەنرێن، لە زۆربەی شارە گەورەکانی کوردستاندا پاشماوەیان ماوەو هەیە، هەندێک لەوانە مێژووەیەکی کۆنیان هەیەو بوونەتە بەشێکی سەرەکی لە شارستانیەتی کوردستان وەک جولەکەکانی (کەرکوک و هەولێر و ئورفەو سلێمانی و چەندین شاری تری کوردستان….).
چۆنێتی بڵاوبوونەوەی ئەم ئایینە لە کوردستاندا بۆچوونی جیاجیای لەسەرەو زۆری لەسەر وتراوە. لەڕووی خاڵی هاوبەش و پەیوەندیەوە، مێژوویەکی دورودرێژ هەیە لەنێوان جولەکەو کوردو کوردستاندا. لە سەرەتادا گەلانی سامی لە هەزارەی (٢و٣)پ.زدا روویان لە کوردستان کردوە، لە گرنگترینیان ئەکەدی و ئاشوری و ئاموری و ئارامی و کەنعانی و بابلی عارەبە.

لێرەدا خاڵێکی گرنگ باس دەکرێت ئەویش رۆشتنی ئیبراهیمە لە وڵاتی میسۆپۆتامیا بۆ شام و پاشان بۆ نیمچە دورگەی عەرەبی. بەپێی سەرچاوە ئایینیەکان ئیبراهیم بە باوکی نەتەوەی جوو/جولەکە دادەنرێت (Jewish nation) کە لە بنچینەدا بە ئابرام (Abram)(٢) ناسراوە. ئەمەش بە یەکەم خاڵی پەیوەندی کوردو جولەکە دادەنرێت، چونکە زۆربەی سەرچاوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە ئیبراهیم خەڵکی کوردستان بووە. لە ناوچەکانی هەولێر وموسڵ ژیاوە وەک سەرچاوە ئاشوریەکان و ئایینەکان باسی لێوەدەکەن، پاشان لەوێ نەماوە.
ئەو یەکەم جار لە شاری ئوری سۆمەر لە میسۆپۆتامیا بووەو دوای ماوەیەک لەگەڵ باوکی و(Terah) تێراح (٣) و سارای خێزان و برازاکانی چوون بۆ حەران (Harran) کە ناوەندی بازرگانی بووە لە رۆژئاوای کوردستان، لەوێ باوکی دەمرێت، پاشان بە فەرمانی خوا چوو بۆ کەنعان (Canaan)(٤) لەوێ خاک و خەڵک و نیشتیمان و وڵاتی دروست کردووە، بەڵام دوای ماوەیەک قاتوقڕی و برسێتی لەو وڵاتەدا بڵاوبۆتەوەو بریاریدا کەنعان بەجێبێڵی و بچێت بۆ میسر، دوای ماوەیەک دەچێت بۆ ناوچەیەک بەناوی نەقەب و لە ناوچەیەکی نزیک جەلیل (Herbon) بە تەواوەتی نیشتەجێ دەبێت و دەستی بە بانگەوازی ئایینەکەی کردۆتەوە، چونکە سەرەتای دەستپێکردنی ئایینەکەی لە شاری (ئور) بووە لە میسۆپۆتاما. دوای ماوەیەکی زۆر نەوەکانی ئیبراهیم بەو ناوچانەدا بڵاوبوونەوە وەک ئیسماعیل و ئیسحاق و یەعقوب و…هتد.
بەڵگەنامەکانی ماری و (نوزێ- کەرکوک) ئەو راستیانەمان بۆ روون دەکەنەوە کە سەردەمی ئیراهیم و کوڕەکانی بۆ ساڵانی نێوان (٢٠٠٠ بۆ١٥٠٠پ.ز) دەگەڕێتەوە کە هاوسەردەمی ئامووری بووە، دەقەکانی نوزی یارمەتیدەری باشن بۆ ساخکردنەوەی ئەو سەردەم وبابەتە گرنگە.(٥)
بۆ نمونە چیرۆکی ساراو ئیبراهیم، کاتێ چیرۆکی پەیوەندی نێوان ئیراهیم و کچە کەنیزەکێکی ماڵەکەی ئیراهیم ئاشکرادەبێت کە جووتبون لەنێوانیادا روویداوە و مناڵی لێبووە، بەڵام بەهۆی مناڵەکەوە پەیوەندیەکە گۆڕا بۆ مارەکردن و هاوسەرگیری. لە ئەنجامدا بوو بە خیزانی ئیبراهیم و بەوەش مناڵەکە بوو بە بەشێک لە خێزانی ئیراهیم.(٦)
هەرەها لەو کاتەدا کە هۆری و میتانی فەرمانڕەوا بوون(٧). بەڵگەی تر زۆرن کە ئیبراهیم خەڵکی کوردستانە و بە باوە گەورەی سەرجەم پەیامبەران دادەنرێت(٨)، بەڵام دوای باڵادەستبوونی ئاشورو بابل و فراوانبوونی دەوڵەت و ئیمپراتۆریەکەیان توانیان دەست بگرن بەسەر زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کۆندا، بەوەش دوای گرتن و کوشتنی ئەو گەلانەی داگیردەکران بەشێکی زۆریان لێ بەدیل دەگیراو دەهێنران لەناوچەکانی دوور لە زێدی خۆیان وەک کۆیلە کاریان پێکراوە یان بەزۆر نیشتەجێکراون. بۆنمونە، پاشای ئاشووری (ئەداد نیراری سێیەم) دوای لەشکێرکێشی بۆسەر وڵاتی میدیا چووەتە سەر وڵاتی ئیسرائیل(٩).
هەروەها لەسەردەمی پاشای بەناوبانگی ئاشووری (شەلمناسری سێێەم٨٥٩-٨٤٢)پ.ز لە ئەنجامی هیرش و لەشکرکێشێەکانیدا بۆ سەر ئیسرائیل جوولەکەیەکی زۆری بەدیل گرتووەو هێناوێتی لە کوردستان جێگیریکردوون، کە لە سەرەتادا لەناوچەکانی خۆراسان وجەزیرەو ئامادو شارەزوورو حەلوان و خانەقین و کەرکوک بوون کە تاکوو ساڵی ١٩٤٨ مابوون و دوای کۆچیان کرد بۆ ئیسرائیل و ئەمەریکا.(١٠)
ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە ریچارد فرای لە پەرتوکەکەی خۆیدا ئاماژە بەوە دەکات کە میدیەکان لە ساڵانی ٧٤٤پ.زدا خاوەن دەوڵەت بوون و وشەی شانشین (کینگدۆم) بەکاردەهێنێت ودەڵێ ئەسپی وڵاتی میدیا بەناوبانگ بووەو لە هاوشانی میدیاشدا باسی بەهێزی ئورارتوو دەکات.
بێگومان ئەمەش لەسەردەمی تیگلات پلاسەری سێیەمدا بووەو بە بەهێزترین نەیاری ئاشوری داناوەو ناوی (دیاکۆ یان دیائۆکۆ) دێنێت لە وڵاتی ماننا، کە نازانرێت مەبەستی دیاکۆی میدیایە یان نا لەگەڵ خەڵکێکی زۆردا رایان دەگوازێت بۆ سوریا(١١) لە هەمان کاتدا هێرشی کردۆتە سەر ئیسرائیل و باج و پارەی لێ سەندوو تاڵانێکی زۆرو ژمارەیەک دیل.(١٢) پاشان شەلمناساری چوارەم هێرشی کردۆتە سەر وڵاتی جوو(٢٧،٢٩) هەزار کەسی لێ بەدیل گرتوون و رایگواستوون بۆ ناوچەکانی میدیا لە کوردستان، هەموو ئەو باس و سەرکەوتنانەشیان لە بەردەنووسەکانیاندا تۆمارکردووە.(١٣)، دوای ئەمیش سەرجۆنی دووەمی ئاشور دێتەسەر دەستەڵات پەلاماری وڵاتی میدیاو ئوراتو دەدات و خەڵکانێکی زۆری وڵاتی میدیا ئەگوێزێتەوە بۆ سوریاو لەوێشەوە خەڵکێکی زۆری ئیسرائیل وسوریا بەدیل دەگرێت و رایان دەگوێزێت بۆ ناوچەکانی زاگرۆس و وڵاتی بابل.(١٤) هەروەها لە سەردەمی ئەم پاشایەدا کە (حزقیل) فەرمانڕەوا بووە لە ئیسرائیل (٧١٥-٦٨٧پ.ز) سەری بۆ سەرجۆن دانواندووەو ناچاربووە بە ژێردەستی سەرجۆن، بەڵام پەلامارەکانی ئاشور لەسەردەمی جێگرەکانی سەرجۆن زیاتر بوون بۆ نمونە سەنحاریب لە هێرشێکی بەربڵاودا بۆ سەر ئیسرائیل و باسی بەدیلگرتنی سەرکردەکەیان حزقیل و هەزاران جوو دەکات جگە لە تاڵانیەکی زۆری کە لە تابلۆکانی خۆیدا بەسەرکەوتنی گەورە ناوی بردووە.(١٥) هەروەها سەردەمی بابل بەشەپۆلی دووەمی هاتنی جولەکە دادەنرێت بۆکوردستان، بەتایبەتی سەردەمی بابلی نوێ. کاتێ (نەبوخەزنەسر-٦٠٤-٥٦٢پ.ز)هاتەسەردەستەڵات کەبەیەکێ لەبەهێزترین پاشاکانی بابل دادەنریت لەبنیاتنانی شارستانی وئاوەدانی وهونەری وئەندازیاریدا لەمیسۆپۆتامیا تەنانەت ناوی لەئینجیلدا هاتووەلەبەهێزی وناوبانگیدا بەتایبەت کاتێ هێرشی کردۆتەسەر وڵاتی ئیسرائیل وئورشەلیمی داگیرکردووەوپاشاکەیان (یەهوا) سەری بۆدانواندووە، سەرەڕای ئەوەش هەزاران جوولەکەی بەدیلی هێناوەتەوەبۆبابل ولەنێوانیاندا پەیامبەر (دانیاڵ)یشی تێدابووە.(١٦) کە تاکو مردوە لەکوردستان ژیاوە ئێستا گۆڕەکەی لەسەر قەڵای کەرکوکە لە کۆشکێکی کۆندایە و بە ئارامگای  پەیامبەر دانیاڵ ناسراوە.
ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە سەرجەم لەشکرکێشیەکانی ئەم پاشایە بۆ ناوچەکانی وەک سوریاو میسرو باشورو باشوری رۆژئاوا بووە، ئەمەش بەڵگەیەکی گرنگە دەربارەی بوونی ئارامی و رێکەوتنامەیەک لەگەڵ میدیەکاندا لە بەرەی باکورو رۆژهەڵاتەوە بۆیە چڕی هیرشەکانی بۆ ئەو ناوچانەی رۆژئاوا بووە. هەر لەو روانگەیەوە باس لە شەڕێکی گەورەی نێوان بابل و میسر دەکرێ کە هەردولا تەواو تێیدا ماندووبوون وهیچ لایەکیان نەشکان و نەبوخەزنەسر گەڕایەوە بۆ بابل، بەو کارەش جاریکی تر جووەکان کەوتنە خۆرێکخستنەوەو جوڵەو خۆنزیککردنەوە لەگەڵ میسردا، بۆیە دوای چەند ساڵێ پاشای بابل لەساڵی ٥٩٧پ.زدا هیرشی کردەوە سەر وڵاتی ئیسرائیل و ئورشەلیمی داگیرکرد، هەروەها بەرگریەکانی جوولەکەش بەسەرکردایەتی کوڕی (یەهوا) بوو بەناوی (یەهواشیین)و ئەم جارەیان زیاتر لە (١٠٠٠٠) دە هەزار جوولەکە بەدیل گیران و هێنرانەوە بۆ بابل و وەکو جارەکانی تر خەڵکی گەورەو بەناوبانگیان تیابوو وەک پەیامبەر (حزقیل)و لە شاری نیپور جێگیرکران.
هێنانی جولەکەیەکی زۆر بۆ میسۆپۆتامیا لەسەردەستی بابلیەکان کێشەیەکی گەورەی دروست کرد بۆ دەستەڵات، ئەوەبوو ساڵی ٥٩٥پ.ز جوڵانەوەیەکی جەماوەری جوولەکە لە بابل سەریهەڵدا دژی دەستەڵاتی بابل، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، لەلایەن بابلەوە سەرکوت کراو خەڵکێکی زۆری لێگرتن و هەڵیواسین کە تێیدا کەسانی بەناوبانگیشی تیابوو. ئەم راپەڕینەی جوولەکەکان لە میسۆپۆتامیا نەبوخەزنەسری توڕەکرد، ئەوەبوو ساڵی ٥٨٦پ.ز هێرشێكی گەورەتری کردە سەر وڵاتی جووەکان و خەڵکێکی زۆری لێکوشتن و بەدیلگرتن و رەوانەی بابلی کردن.(١٧)
هەروەها ساڵی ٥٨٥پ.زنەبوخەسنەسر پاشای بابل شاری ئورشەلیمی داگیرکردەوەو ئەم جارە زۆرینەی خەڵکی ئیسرئیلی راگوێزان و دەرپەڕاندن بۆ میسۆپۆتامیا.(١٨) دوای ئەو شەپۆلە زۆرانەی هێنانی دیل و راگوێزانی جوو بۆ ناوچەکانی بابل ومیسۆپۆتامیا وکوردستان بەتایبەتی شاری بابل، جوولەکەکان بەتەواوەتی توانییان خۆیان جێگیربکەن و ببنە بەشێکی سەرەکی لە دانیشتوانی ناوچەکەو لە بوارەکانی بازرگانی و بازاڕو کاروباری دەوڵەت و ژیانی کۆمەڵگادا بەشداربوون. لە سەدەی (٦تا ٢پ.ز) بابل بووبوو بە ناوەندی زانستی بۆ جووەکان بەتایبەتی لەرووی ئایینیەوە تادەهات زیاتر پێگەی خۆیان بەهێزتر دەکردو گرنگتر دەردەکەوتن، لە میسۆپۆتامیادا چەندین زاناو قوتابخانەی تایبەت بە خۆیان هەبوو.(١٩) هەر لەو روانگەیەوە توانیویانە کۆمەڵەی ئاینی تایبەت بە خۆیان دروست بکەن.(٢٠)  کاتێ کۆرش ساڵی ٥٥٠پ.ز میدیای داگیرکردو ساڵی ٥٣٩پ.ز چووە بابلەوە یەکەم کاری ئەوەبوو بریاری ئازادی بیروڕاوو گەڕانەوەی جوولەکەی دەرکرد بۆ وڵاتی ئیسرائیل، جووەکانیش پێشوازیەکی گەرمیان لێکردو زۆرێک لە جووەکان گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان، زۆریشیان نەگەڕانەوە.(٢١)  لەگەڵ ئەوەشدا کۆرش رێزی زۆری لێگرتوون و پەرستگاکانیشی بۆیان نوێ کردۆتەوە.(٢٢) هەروەها کاتێ مەسیح لەدایک بوو نێردراوێکی زەردەشتی کە حەوت کەس بوون چوون بۆ ئۆرشەلیم بۆ زانینی راستی و دروستی ئەو ئایینە، چونکە لە ئایینی زەردەشتدا نیشانەکانی پەیامبەری دواتر هەبووە.
هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئایینی مەسیحیەوە سەرچاوەکان باس لە بوونی جولەکە دەکەن لە کوردستاندا بەتایبەتی کە لە هەندێ ناوچەی کوردستانی ژێردەستی رۆم و بیزەنتی بڵاوبوونەتەوە.

بوونی جولەکە لە کوردستان و پەیوەندیان لەگەڵ خەڵکانی دانیشتوی کوردستاندا نکوڵی لیناکرێت. ئەوەش بەو مانایەی جولەکە کە بە چەندین شێوەی جیاجیا هاتبوونە کوردستان ئاشنایەتیان هەبووە بە هاتنی دینێکی نوێ لە وڵاتی ئیسرائیل کە سەرهەڵدانی مەسیحی بوو.
بۆ نمونە یەکێ لە پیاوە بەناوبانگەکانی ئایینی جوو بەناوی (سایینت پاوڵ-Saint Paol) کە ساڵی ٦٥ز مردووە. لە سەروبەندی پەیدابوونی ئایینی مەسیحدا لە ئاسیای بچووک لە شاری تەرتوس لە باکوری کوردستان بووە بۆ بلاوکردنەوەی ئایینەکەیان وەک پیاوی ئایینی جولەکە لەوێ بوو، دوای بڵاوبوونەوەی ئاینی نوێ، دەکەوێتە سەر گەڕان لەسەر راست و دروستی ئەو ئایینە نوێیەو باوەری پێدێنێ و نامەیەک دەنێرێت بۆ هاوئایین و کەسەکانی خۆی کە تێیدا باسی گەشەکردنی ئەو ئایینە نوێیە دەکات و دەڵی من ئەو ئایینە بەراست دەزانم و لەلایەن خواوە هاتووەو هەموو ئەو زانیاریانەی لەم دیینەدا هەن باسی هاتنی دەکەن لە ئایینی جوودا هەن و پەیوەندیان بە ئیبراهیمەوە هەیە.
هەر لە دوای ئەوەشەوە جارێکی تر گەشتێکی فراوانی کردۆتەوە بۆ ناوچەکانی ئاسیای بچووک بۆ بڵاوکردنەوەی ئایینە نوێیەکە کە مەسیحیەت بووە. هەروەها لەگەڵ زاناو دەستەڵاتدارو خەڵکدا گفتوگۆی لەسەر ئەم ئایینە کردووە.(٢٣)
رەگ داکوتانی جولەکەو پەیوەندییان لە کوردستاندا رۆژ لەدوای رۆژ بەهێز بووە، تەنانەت لە سەردەمی ساسانیەکانیشدا رۆڵ و کاریگەری و پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ خەڵک و دەستەڵادا هەبووە بەتایبەتی سەردەمی ئەردەشێر (٢٢٦-٢٤٠ز)، چونکە ئەم پاشایە ئازادییەکی رەهای دابوو بە بیروڕای جیاوازی ئاینی، هەر بۆیە جووەکان خوێندنگەی ئایینیان هەبووە سەرەڕای ئەوەی ئایینی زەردەشتی ئایینی فەڕمی دەوڵەت بووە، بەڵام بە هاتنی شاپوورو لابردنی سەربەستی ئاینی و دەرکردنی یاسای توند، جووەکانی ناچارکرد بەو یاسایانە رازی بن، چونکە گەورەکانیان پێیان وابوو ئەوە یاسای دەوڵەتەو دەبێ ملکەچی بن. ئەگەرچی لە سەردەمی ئەمدا ئاینی تریش سەری هەڵدا وەک مانیزم، بەڵام جووەکان پەیوەندی و چالاکی خۆیان رانەگرت و زیاتر برەویان پێدا لەسەردەستی ناودارەکانیان وەک ئابایا (٢٧٨-٣٣٨ز ) و راڤا (٢٢٩-٣٥٢ز). ئەمانە وەک رابەری ئاینی و فێرکاری ئاینی جوو سەرپەرشتیاری کارو چالاکی و پەیوەندی جووەکان بوون و سەرەڕای بوونی چەندین نووسەرو میژوونوس.(٢٤)
بەم شیێوەیە جولەکەکان لە کوردستان مانەوە تا هاتنی ئیسلام و چەندین سەدەی تر لە دەستەڵاتە جیکانی تری ناوچەکە تا لە ساڵانی چلەکانی سەدەی بیستدا بۆ دروستکردنی دەوڵەتی جوولەکە زۆربەیان لە کوردستانەوە گەڕانەوە ئیسرائیل و تا ئەمڕۆش کوردی ئیسرائیل خۆیان بە کوردستانی دەزانن و هاوسۆزو هاوخەمی کوردن و پەیوەندییەکی باشیش هەیە لەنێوان هەردوو گەلدا، بەڵام هێشتا چوارچێوەیەکی رامیاری و هاوپەیمانی وەرنەگرتووە کە دەکرێت کاری بۆ بکرێت و ئەو پەیوەندییە پتەوتر بکرێت.

پەراوێزو سەرچاوەکان:
.(1)-Dan Cohn-Sherbok:JUDAIZM,History .Believ and Practice,NewYourk,2009,p1
(٢)ئابرام(Abram):ناوی ئیبراهیمە لەتەورات وئینجیلداولەسەرچاوەلاتینیەکاندا.
(٣)تێراح (Terah):ناوی باوکی ئیبراهیمە ،هەروەهابەئازەریش ناوی هاتووە،
(٤)کەنعان(Canaan):کوڕی حامی کوڕی نوحەوبەگەلێکی سامی نەژاد ناسراون لەشام وئیسرائیلداپاشان وەک وڵات.
.Dan Cohn-Sherbok:JUDAIZM,History .Believ and Practice,NewYourk,2009,p19(٥)
.Dan Cohn-Sherbok:JUDAIZM,History .Believ and Practice,NewYourk,2009,p20(٦)
.Colin Walters; Ancient Civilization. Ancient egypt,p28(٧)
(٨)بەشێکی زۆری سەرچاوەکان ئاماژەبەکوردبوونی ئیبراهیم دەکەن ولەسەردەمی پاشائاشوریەکاندابانگەشەی ئەینەکەی کردوەبەڵام لەلایەن نەمردووەوەسزادراوەبڕیاردراوەبسوتێنرێت وئەوەش لەنێوان موسڵ وهەولێردابووە کەتائەمرۆش بەپاشماوەی شاری نەمرود ناسراوە،ئیراهیم رۆژی نەورۆزی هەڵبژاردبۆشکاندنی بتەکان ،چونکەخەڵک هەمووبۆجەژنی نەورۆز چووبوونەدەرەوەی شاروئەویش بەدەرفەتی زانیوەسەرجەم بتەکانی شکاندووەوتەورەکەی داوەتەدەستی بتەگەورەکەیان بۆئەوەی کاتێ وتیان بۆوات کردووەبڵێ بتەگەوەرەکە وای لێکردون ،ئەوانیش ئەزانن بتەکان ناجوڵێنن بۆئەوەی تێیانبگەیەنێت کەبتپەرستی کارێکی دروست نییە.
(٩)فاتح عبدالله‌ محمد : العلاقات السیاسیه‌ و العسكریه‌ بین الاشوریین و المیدیین  ، جامعه‌ السلیمانیه‌ ، 2008  ، ص٣٥.
(١٠) رشاد میران : ره‌وشی‌ ئاینی‌ و نه‌ته‌وه‌ی‌ له‌ كوردستاندا , چ2 ,  2000 ,   ل٢٩.
(١١)Richard Frye; The Heritage Of Persia, Mazda Publishers, costa Mesa,California,1993,p76-77.
.Dan Cohn-Sherbok:JUDAIZM,History .Believ and Practice,NewYourk,2009,p54 (١٢)
.Dan Cohn-Sherbok:JUDAIZM,History .Believ and Practice,NewYourk,2009,p55-58. (١٣)
(١٤)Richard Frye; The Heritage Of Persia, Mazda Publishers, costa Mesa,California,1993,p76-77.
.Dan Cohn-Sherbok:JUDAIZM,History .Believ and Practice,NewYourk,2009,p62-63 (١٥)
.(١٦) Joan Oates, BABYLON, London, Thames, Hudson, 2000,p128-129.
.(١٧) Joan Oates, BABYLON, London, Thames, Hudson, 2000,p129-130.
(١٨)Michael Cook: ABRIEF HISTORY OF THE HUMAN RACE,NEW YORK, LONDON,2003,P139.
(١٩)Dan Cohn-Sherbok:JUDAIZM,History .Believ and Practice,NewYourk,2009,p75.
(٢٠)شوان عوسمان : پرۆسه‌ی‌ به‌ ئیسلام كردنی‌ كوردستان , سلێمانی‌ , 2002 ,ل 91.
Richard Frye; The Heritage Of Persia, Mazda Publishers, costa Mesa,California,1993,p135. (٢١)
(٢٢)Dan Cohn-Sherbok:JUDAIZM,History .Believ and Practice,NewYourk,2009,p75.
(٢٣)Dan Cohn-Sherbok:JUDAIZM,History .Believ and Practice,NewYourk,2009,p107-109.
Dan Cohn-Sherbok:JUDAIZM,History .Believ and Practice,NewYourk,2009,p123-128.(٢٤)

About دیدار عثمان

Check Also

بە هیندۆئێرانیی کردنی کوردەکان

هه‌ڵكه‌وت پشده‌ری بەشی دووەم لە ناو ٥١ سەرچاوەی نێوان ٢١٠٠ بۆ ٦٠٠ ساڵ پ. ز. …