Home / بەشی مێژووی كورد / ئیسلام به‌ جه‌نگ، یان به ‌ئاشتى، گه‌یشته‌ كوردستان؟

ئیسلام به‌ جه‌نگ، یان به ‌ئاشتى، گه‌یشته‌ كوردستان؟

حەسەن مەحموود حەمهكریم

به‌شى دووەم وکۆتایی

فتووحات

سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى سه‌ره‌تاى ئیسلام له‌ باره‌ى گرتنى حه‌لوانه‌وه‌ ناكۆكن، سوپاى ئیسلام به‌ سه‌ركردایه‌تى قه‌عقاعى كوڕى عه‌مر ڕووی كرده‌ حه‌لوان و ساڵى 637ز گرتى، به‌ڵام به‌لازه‌رى ده‌ڵێ: جابرى كوڕى عه‌بدوڵاى باهیلى به ‌ئاشتى گرتى و خه‌ڵكه‌ ڕاكردووه‌كه‌ى شاره‌كه‌ (ئه‌مانیان) وه‌رگرت و گه‌ڕانه‌وه‌، به‌ڵام خه‌لیفه‌ بن خه‌یات ده‌ڵێ: به‌شه‌ڕى قورس گیرا، ئیبن كه‌سیر ده‌ڵێ: به‌ڵكو به‌ڕێكه‌وتن حه‌لوان و دێهاته‌كانى ده‌وروبه‌رى گیرا، به‌و مه‌رجه‌ى جزیه‌ بده‌ن، یه‌عقوبى ده‌ڵێ: خه‌ڵكى حه‌لوان له‌ سه‌ده‌ى نۆهه‌مى كۆچیدا، واته‌ دواى دووسه‌د ساڵ له‌ فتوحات، عه‌ره‌ب و فارس و كوردى تیا بووه‌، كه‌واته‌ ساڵى 637 ڕه‌نگه‌ هه‌ر فارس و كوردى تیابووبێت، به‌ ته‌عبیره‌كه‌شدا دیاره‌ كه‌ ناوى كورد له‌دواوه‌ هاتووه‌، واته‌ ژماره‌ى كورد كه‌متربووه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌رگریه‌ك بوبێت، له‌و باوه‌ڕه‌دام فارسه‌كان كردوویانه‌، شاره‌كه‌، له‌به‌ر گرنگى شوێنه‌كه‌ى له‌نێوان شاخ و ده‌شت، له‌نێوان بابل و میدیا، له‌نێوان سه‌واد و جبال به‌ كلیلى ناوچه‌كه‌ دانراوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كۆشكى پاشا و باره‌گاى ئیدارى و سه‌ربازى و بازرگانى زۆرى تیابووه‌ و فارسه‌كان به‌ڕێوه‌یان بردووه‌، ڕه‌نگه‌ هه‌ندێ ئه‌فسه‌ر و فه‌رمانده‌ و سه‌رباز به‌ ماڵ و خێزانه‌وه‌ له‌و شاره‌دا بووبن، یه‌زدگوردى پاشا به‌ماڵ و خزمه‌تكارو پاسه‌وانه‌ تایبه‌تیه‌كانیه‌وه‌، ساڵێك زیاتربوو ئه‌و شاره‌یان جێهێشتبوو به‌ره‌و حه‌لوان، وه‌ك زۆربه‌ى سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن، یان به‌ره‌و قرمسین (كرماشان) هه‌ڵهاتووه‌، كورده‌كان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى ترى شار، ئه‌وه‌ى كه‌ زۆر ترسى نه‌بووه‌و بێده‌سه‌ڵات بوون، كه‌ زانیویانه‌ یه‌زدگورد هه‌ڵهاتوه ‌و سوپاى ئیسلام نێزیك بوه‌ته‌وه‌، ڕه‌نگه‌ هه‌ڵهاتبن و له‌شاخ و دۆڵه‌كانى نزیك خۆیان حه‌شارداوه‌و چاوه‌ڕوانى دۆخه‌كه‌یان كردووه‌، كه‌ ناوچه‌كه‌ ئارام و هێوربوه‌ته‌وه‌، گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ سوپاى سه‌ركه‌وتوو خۆیان به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان ڕێكخستووه‌، مێژوونووسان ده‌ڵێن ئێمه‌ له‌ده‌ماوده‌مى خه‌ڵكى، ئه‌م هه‌واڵانه‌مان وه‌رگرتووه‌، دواى ڕوداوه‌كه‌ به‌ سه‌د ساڵ زیاتر مێژوونووسان ئه‌و ڕوداوانه‌یان نووسیوه‌، من زۆربه‌ى ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌ له‌ هێرشه‌كاندا له‌ كتێبى فتوحاتدا كه‌ باسم كردووه‌، چووم و خاكى ڕوداوه‌كانم بینیوه‌ و چه‌ند سه‌رچاوه‌ى جۆراوجۆرم له‌سه‌ر خوێندوه‌ته‌وه‌، قه‌ناعه‌تى خۆشم چۆن بووه‌ نووسیومه‌، ته‌نها بۆ مه‌دائین (تیسفون) و حه‌لوان سێ چوارجار چووین و ماوینه‌وه‌ و هه‌یوان و ئاسه‌واره‌كانم دیتووه‌، ئه‌رزى واقیعه‌كه‌م بینییوه‌، با ڕوداوه‌كه‌ش زۆر دوور بووبێت، هه‌ندێ له‌ عه‌لمانیه‌كانى كورد حه‌فتا ساڵه‌ به‌ بوختان و هه‌ڵه‌به‌ستنى بێبنه‌ماو ده‌ستێوه‌ردانى مێژوو، چ كاریسه‌یه‌كیان له‌عه‌قڵى تاك و كۆى كوردا دروست كردووه‌ به‌رامبه‌ر فه‌تحى كوردستان، چۆن مێژوویان تێكداوه‌و خه‌ڵكیان به‌نج كردوه‌و ده‌ستێوه‌ردانیان كردووه‌، هه‌تا گومان بۆ كورد دروست بكه‌ن به‌رامبه‌ر عه‌قیده‌و ئیمانى، ئه‌وه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كیه‌كان ده‌ڵێن كوردستان یه‌كه‌م وڵاته‌ به‌ئاشتى ڕزگار بووه‌، به‌لازه‌رى و ئیبن ئه‌سیر چه‌ندجار له‌ چه‌ند شوێندا ئه‌و وته‌یه‌ دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ ورده‌ ده‌رگیرى بوبێت، هه‌ندێكجار هه‌ندێ خێڵى كورد، كه‌ هه‌تا جه‌نگى یه‌كه‌م و دووه‌مى جیهانى هه‌ر ئه‌وه‌ پیشه‌یان بووه‌، خۆیان مه‌ڵاسداوه‌ دواى جه‌نگه‌كان بۆ په‌لاماردانى شوێنى شه‌ڕگه‌كان، بۆ ده‌ستخستنى كه‌لوپه‌لى جیماوى مه‌یدانه‌كه‌، یان له‌ چه‌م و دۆڵ و نێوشاخه‌كان فرسه‌تیان هێناوه‌ په‌لامارى ئه‌و كاروانانه‌یان داوه‌ كه‌ خۆراك و شتیان گواستوه‌ته‌وه‌ بۆ شوێنى شه‌ڕگه‌كان، هه‌میشه‌ له‌ دووى هه‌لى لاواز گه‌ڕاون، ڕه‌نگه‌ خێڵێك یان عه‌شیره‌تێك جوڵانه‌وه‌یه‌كیان بۆ مه‌به‌ستێك كردبێت، یان پێیان كردبن، به‌ڵام ئه‌وه‌ شه‌ڕى سه‌ره‌كى كورد نه‌بووه‌، جه‌نگى نه‌ته‌وه‌یى و بۆ به‌رگرى له‌ خاك نه‌بووه‌، له‌ دواى ده‌وڵه‌تى ماد نزیك به‌ ساڵى 600 پ.ز، هه‌تا زۆر دواى جه‌نگى چاڵدێرانیش 1514 زایینى، له‌ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كدا نه‌هاتووه‌، كورد نابینى له‌ هیچ سه‌نگه‌رێكدا به‌رگرى له‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ى به‌ تایبه‌ت یان خاكى خۆى كردبێت، به‌لازه‌رى ده‌ڵێ كه‌ عه‌ره‌ب نه‌یتوانى دینه‌وه‌ر فه‌تح بكات، به‌ئاشتى له‌حه‌لوان ڕێككه‌وت، دوایش قرمسین هه‌ر به‌ئاشتى بوو، له‌و لاشه‌وه‌ عوتبه‌ ڕویكرده‌ موسڵ، هه‌رچه‌ند لێڵیه‌ك هه‌یه‌ له‌ سه‌ركرده‌كه‌و ساڵى گرتنى موسڵ، له‌موسڵه‌وه‌ ناوچه‌ كوردیه‌كانى باكور به‌ ئاشتى گیران، له‌و لاشه‌وه‌ كه‌ له‌نه‌هاوه‌ند فارس شكا، ئیتر هه‌مه‌دان و ڕه‌ى و مازینده‌ران و خوار قه‌زوێن به‌ئاشتى بوو، هه‌ندێك ده‌ڵێن دواى نه‌هاوه‌ند ڕویان كرده‌وه‌ به‌لاى دینه‌وه‌رو صمیره‌ مهرجا و ئه‌وانى تر، به‌بێشه‌ڕ جزیه‌یان له‌سه‌ر فه‌رز كرا، گوایه‌ كه‌ ئه‌بوموسا له‌نه‌هاوه‌ند گه‌ڕایه‌وه‌، گه‌مارۆى دینه‌وه‌رى داو به‌جزیه‌ ڕێك كه‌وتن، ماسبزان و سیروان (سێڕوان، ڕۆخانه‌) بێشه‌ڕ فه‌تح كرا، ئه‌م هه‌واڵانه‌ پاش و پێشن، ڕه‌نگه‌ شه‌ڕو سوڵحى دواى سه‌رده‌مى عه‌لى و معاویه‌ بن!! به‌لازه‌رى ده‌ڵى ماسبزان پێش نه‌هاوه‌ند گیرا، هه‌رئه‌وه‌ش ڕاسته‌، چونكه‌ ده‌بێ به‌ ماسبزاندا بچیت بۆ نه‌هاوه‌ند، ئه‌نجا صمیره‌و مهرجا گیرا، به‌ڵام خه‌لیفه‌ بن خه‌یات ده‌ڵێ: نه‌خه‌یر، ئه‌و ناوچانه‌ هه‌موو به‌ زۆرى شمشێر گیران، ئیبن كه‌سیر ده‌ڵێ خه‌ڵكى ماسبزان هه‌ڵهاتن بۆ شاخه‌كان و دۆڵه‌كان، كه‌ عه‌ره‌ب چوون بۆ گرتنى شاره‌كه‌یان، ئه‌وه‌ى موسوڵمان نه‌بوو جزیه‌یدا، به‌لازه‌رى ده‌ڵێ كه‌ حه‌لوان گیرا عزره‌ كوڕى قه‌یس چوو بۆ گرتنى شاره‌زوور، به‌ڵام له‌به‌ر به‌رنگارى خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ نه‌یتوانى بیگرێ و گه‌ڕایه‌وه‌، ئێمه‌ نازانین كوێى شاره‌زوور، كام شارو دێ و ناوچه‌ و قه‌ڵا، ئه‌وكاته‌ هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان و موسڵ و هه‌ولێرو كه‌ركوك و ده‌شتى ماهیشت هه‌رێمى شاره‌زوور بووه‌، باشه‌ سوپاكه‌ى عه‌زره‌ دیاره‌ موسوڵمان و عه‌ره‌ب بوون، ئه‌ى سوپاى كورده‌كان سه‌ر به‌ چ میرنشین و ده‌وڵه‌تێكى كوردى بوون، سه‌ركرده‌كه‌یان ناوى چى بوو..؟ پاشتر چیان به‌سه‌ر هات، ئه‌ى كوا به‌ڵگه‌نامه‌ى ڕێكه‌وتن و ئاشتیان..؟ د.ئه‌شاك بولادیانى ڕۆژهه‌ڵاتناس ده‌ڵێ: شاره‌زوور دواى موسڵ گیرا، به‌ڵام به‌لازه‌رى ئه‌وه‌ ڕون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ شاره‌زوور و ناوچه‌كانى سه‌ر به‌موسڵ بوون، هه‌تا سه‌رده‌مى هارونه‌ ڕه‌شید هه‌روا مایه‌وه‌، ئه‌و ناوچه‌ كوردیانه‌ له‌سه‌رده‌مى خه‌لیفه‌ عومه‌ردا گیران، پاشتر كه‌ خه‌لیفه‌ عوسمان له‌فیتنه‌یه‌كدا شه‌هید بوو، بارودۆخ تێكچوو، شیعه‌ و حیزبى عه‌لى و، شیعه‌ى عوسمان و شیعه‌ى معاویه‌و، ده‌رچوونى عه‌لى و هه‌وادارانى، عائیشه‌و هه‌وادارانى، خه‌وارج و هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كان و سه‌به‌ئیه‌كان په‌یدابوون له‌ عێراق و كوردستان و خوزستان، دیاره‌ ئه‌و كاته‌ عێراق و كوردستان مۆڵى خواردوه‌ته‌وه‌ له‌ سوپاى ئیسلامى دژ به‌یه‌كدا، بێگومان بوه‌ته‌ هۆى تێكدانى بارى ئیدارى و دابه‌شبوونى سه‌ربازى جۆراو جۆر، كه‌ جگه‌ خوا كه‌س نازانێ چه‌ند خه‌ته‌رو ئه‌سه‌فبارو گه‌وره‌بوو، ئه‌مه‌ هه‌موو هاوكێشه‌كانى تێكدا، یه‌كیه‌تى میلله‌تى ئیسلامى پارچه‌ پارچه‌و لاوازو بێنرخ كرد، سه‌حابه‌ سه‌حابه‌ى ده‌كوشت، سوپاى عه‌لى له‌ سوپاى عائیشه‌ى ده‌دا له‌به‌سره‌و، له‌ سوپاى معاویه‌ى ده‌دا له‌ باكورى عێراق، ئه‌مه‌ واى كرد، باره‌كه‌ هێنده‌ قێزه‌ون بوو، زۆر خێڵ و عه‌شیره‌ت و شارو ناوچه‌ گومانیان له‌پاكى و پته‌وى و ڕاستى ئیسلام كرد، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌و په‌یمانشكاندن بۆ هاوكێشه‌ ناهه‌مواره‌كه‌ زیادبوو، ئه‌وه‌نده‌یتر بارودۆخه‌كه‌یان ئاڵۆزو شێواو كرد، شه‌ڕو هه‌راى زۆر توندتر هه‌ر له‌ ناوچه‌ى فتوحاتى یه‌كه‌مدا ڕویدا، ڕه‌نگه‌ بڵێم هه‌رشارو ناوچه‌یه‌ك كه‌ پێشتر گیرابێت، دووباره‌ به‌جۆرێك تر گیرایه‌وه‌، ناوچه‌ى به‌سره‌و جسرو هۆڕه‌كانى باشوورى عێراق، تا ڕومادى و ده‌شتى سه‌رسار، كه‌ پێشتر ناوچه‌ى مه‌جووس و فارس بوو، وه‌ موسه‌نناى كوڕى حارسى شه‌یبانى و پاشتر خالید ئازادى كردبوو، ئیسته‌ ناوچه‌ى موسوڵمان و عه‌ره‌به‌و، سوپاى ئیسلام به‌قیاده‌ى عه‌لى و عائیشه‌و معاویه‌، له‌گرتن و ته‌راتێن و سه‌حابه‌ كوژیدان، هه‌ریه‌كه‌ بۆ مه‌به‌ستێكى جیاوازتر له‌ مه‌به‌ستى فتوحاتى یه‌كه‌م داگیرى ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌جه‌نگى جسردا له‌ نێوان فارس و ئیسلامدا نزیك ئاوى فورات چوار هه‌زار سه‌حابه‌ كوژرا، هه‌ر له‌مبه‌ریه‌وه‌ دواى ده‌ ساڵ، شه‌ڕى نێوان عه‌لى و عائیشه‌ ڕویداو، چوار هه‌زار سه‌حابه‌ى تر كوژران، به‌ڵام بۆ مه‌به‌ستێكى تر، كه‌ هاوڕێى نزیكى پێغه‌مبه‌ریشى تیا بوو، پاشتر عه‌لى و حوسه‌ینیش ڕه‌حمه‌تى خوایان لێبێت هه‌ر له‌وناوه‌دا كوژران، له‌ ماوه‌ى بیست و پێنج ساڵدا له‌ ناوچه‌ى فتوحاتى یه‌كه‌مدا ده‌یان فتوحاتى تر (ئه‌گه‌ر ته‌عبیره‌كه‌ درووست بێت)ــ وه‌كو مێژوونووسان به‌ هه‌ڵه‌ ئه‌و ناوه‌یان له‌ هه‌موو په‌لاماره‌ ئیسلامیه‌كان ناوه‌ـ، ڕوى دایه‌وه‌و باسه‌كان تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ بوون، دواى سه‌دساڵ مێژوونوسان هاتوون، ئه‌م ڕوداوه‌ تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵه‌یان ده‌ماوده‌م وه‌رگرتوه‌و نووسیوه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ش دواى هه‌زار ساڵ زیاتر دێین ئیش له‌سه‌ر ئه‌م ده‌قانه‌ ده‌كه‌ین، ئه‌وان وردنه‌بوون له‌وه‌رگرتنى هه‌واڵه‌كاندا، سه‌رده‌مه‌كه‌ى وابوه‌، ڕه‌نگه‌ بۆ پیرۆزیش مباله‌غه‌یان له‌گێڕانه‌وه‌و باسه‌كانى پێغه‌مبه‌رو سه‌حابه‌كاندا كردبێت، شیعه‌ بۆ ئال به‌یت و، سونه‌ بۆ ئه‌وانى تر، به‌ڵام ئێمه‌ كه‌ هه‌موو سه‌رچاوه‌كانمان به‌نووسین له‌به‌رده‌ستدایه‌، با وردترو به‌رچاوڕونتر سه‌رچاوه‌كان لێكبده‌ینه‌وه‌، كه‌ باره‌كه‌ تێكچوو خه‌وارجه‌كان، دواتریش شیعه‌ى عه‌لى كه‌ له‌شه‌ڕدا شكاون، بۆ خۆحه‌شاردان په‌نایان بۆ شاخ و دۆڵه‌كانى كوردستان بردووه‌، كه‌ كوردیش سه‌یریكردون ئه‌مانه‌ موسوڵمان و نوێژكه‌رو زاناو شاره‌زان (واته‌ خه‌وارج)، یان زانیویانه‌ ئه‌وانه‌ى شیعه‌ى عه‌لى له‌نه‌وه‌ى فاتیمه‌و حوسه‌ین و كوڕه‌زازاكانى عه‌لین و كچه‌زازاى پێغه‌مبه‌رن، كورد عاتیفیه‌، له‌مێژوودا زۆرترینى شته‌كانى به‌ عه‌تف وه‌رگرتووه‌ نه‌ك به‌عه‌قڵ، له‌به‌رئه‌وه‌ یارمه‌تى زۆرى ئه‌و هه‌ڵاتوانه‌یان داوه‌و جێیان كردونه‌ته‌وه‌و خۆیان له‌سه‌ر داون به‌كوشت، له‌ فه‌تحى یه‌كه‌مدا شاره‌زورى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ئاشتى فه‌تح بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ شه‌ڕى زۆرى قورس له‌نێوان خه‌وارج و دواتر هه‌ڵهاتنى شیعه‌ى حوسه‌ین ڕویداوه‌، ئه‌مه‌ویه‌كان ده‌یانجار هێرشیان بۆ سه‌ركوتكردن و ڕاوه‌دونانى ئه‌و شیعانه‌ له‌شاره‌زورو جوانڕۆو ناوچه‌ى خانه‌قین و حه‌لوان و دینه‌وه‌رو سیروان كردوه‌و كوردێكى زۆر به‌ دڵسافى و نه‌زانى كوژراوه‌، خه‌ڵكى تر به‌زۆرى باسه‌كانى به‌لازه‌رى ده‌هێنن و به‌ كه‌یفى دڵى خۆیان ناوكێش و ناوبڕو هه‌ڵبژێرى تیا ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ باش نیه‌، منیش هه‌ندێ شتى ترى به‌لازه‌رى ده‌هێنم و خۆتان به‌راوردى بكه‌ن، به‌لازه‌رى له‌كۆتایى سه‌ده‌ى دووى كۆچیدا له‌دایكبووه‌، ساڵى 279ك مردووه‌، له‌ كتێبى فتوح البلداندا، هه‌ندێك پێیان وایه‌ هه‌ندێ بابه‌تى دواى مردنى خۆى كۆكراوه‌ته‌وه‌، زیاتر شتى ته‌رجه‌مه‌ كردووه‌، كتێبى عهد ئه‌ردشیرى له‌فارسیه‌وه‌ به‌شیعر ته‌رجه‌مه‌ كردوه‌ته‌ سه‌ر عه‌ره‌بى، واته‌ شاعیرو خاوه‌ن عاتیفه‌ بووه‌، مرۆڤى عاتیفى له‌ڕوداوه‌كاندا هه‌ڵچوون و داچوون ده‌كه‌ن، حه‌زیان له‌ پیاهه‌ڵدانه‌، له‌ هه‌موو دۆڵێك ده‌هێنن، له‌ هه‌موو شت قسه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌م پێشتر ماده‌یه‌كى هۆشبه‌ر (موخه‌دیر)ى خواردوه‌و عه‌قڵى له‌ده‌ستداوه‌، پاشتر باش بووه‌ته‌وه‌، له‌وه‌وه‌ ناویان ناوه‌ به‌لازه‌رى، واته‌ بیهۆش یان شتى تر، ئه‌وه‌نده‌ى ئه‌م ناوى كوردى له‌و یه‌ك به‌رگه‌ى فتوحاته‌كه‌یدا بردووه‌، ته‌به‌رى له‌و هه‌شت به‌رگه‌دا ناوى نه‌بردووه‌، به‌لازه‌رى له‌هه‌موو مێژوونووسان زیاتر باسى به‌ئاشتى ڕزگاربونى كوردستان ده‌كات، چه‌ند جارێك ده‌ڵێ كورد یه‌كه‌م گه‌لن كه‌ به‌ئاشتى موسوڵمان بون و، له‌ گه‌لانى تر زووتر و ئاسانتر موسوڵمان بوون.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …