Home / بەشی مێژووی كورد / سمکۆی کوردان و مار بێنیامین شیمۆنی ئاسۆڕی

سمکۆی کوردان و مار بێنیامین شیمۆنی ئاسۆڕی

مێژوو بۆ زۆر مەبەستی ئەرێنی تۆمار دەکرێت کە لە سەردەمی مۆدێرندا لە بەر پاراستنی بەرژەوەندی هێز و لایەنی رامیارییەوە تووشی خەوشەداربوون و چەواشەکران بووە. حکومەتەکان و هەندێک لە نووسەرانی سەر بە ڕێبازی جۆراوجۆر، تەکنیک و شێوەی جۆراوجۆر بۆ شاردنەوەی راستییەکان و نەخشاندنی مێژووی دڵخوازی خۆیان بە کار دەبەن. لە هەندێک حاڵەتدا بەڵگەی ساختە و سازکراو بڵاو دەکەنەوە. لە هەندێک حاڵەتدا بە شێوەی سیستەماتیک زۆر بەڵگەی گرنگ سانسۆڕ دەکەن. لە ئەگەری نەگونجان یان نەناسینی ئەم تەکنیکانە پەنا بۆ مێژووی زارەکیی بێ‌بەڵگە دەبەن. لە هەندێک حاڵەتیشدا پرەنسیپەکان و مێتۆدی زانستیی نووسینەوەی مێژوو ڕەچاو ناکەن یان ئەوە کە هەمووی ئەو فۆڕم و تەکنیکانە دەکار دەکەن تا مێژوویەکی تایبەت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان ساز بکەن. مێژووی نەتەوەی کورد لە زۆربەی زەمەن و قۆناخە مۆدێڕن و کۆنەکانی خۆیدا تووشی ئەم جۆرە دەستکارییەی حکومەت، حیزب و کەسانی سەر بە چەمک و ڕێبازی جۆراوجۆر بووە. تەنانەت ڕێی تێچووە کە زۆر کەسیش لاپەڕەکانی مێژوو بۆ ڕژانی قینی دڵی شەخسی خۆیان بە کار ببەن و تۆڵەی بەسەرهاتە تاڵەکانی خۆیان لە نەتەوەیەک بکەنەوە. مێژوو هەر چەند تاڵ بێت، پێویستە وەک خۆی بنووسرێتەوە هەتا وانەی باش و پێویستی بۆ داهاتوویەکی جوانتر لێ وەربگیردرێت. لایەنی هەرە سەرنجڕاکێشی زانستی مێژووش، بۆ بەشی نوێبوونەوە و دۆزینەوەی بەڵگە و لێکۆڵینەوەی زۆرتر دەگەڕێتەوە و تا لێکۆڵینەوە زۆرتر بکرێت، وێنەی ڕابوردوومان ڕوونتر وەبەر چاو دەکەوێت.

لە خوێندنەوەی مێژوودا گەلێک گرنگە کە خوێنەر، خۆی بە دەست نووسەرەوە نەدات و بە وردبینی و وشیارییەوە سەرنجی هەر دەقێک بدات. ئەم سەرنجە پێویستە بە بێ لەبەرچاوگرتنی فاکتەرێکی تایبەتیی بدرێت، چون لە نووسینەوەی مێژوودا ئاساییە کە ببینرێت کەسێک ئێتیکی پاراستنی پرەنسیپ و تایتڵی نەبێت یان ئەوە کە لە ڕووی نائاگاهی و ناوشیارییەوە خۆی لە نووسینەوەی مێژوویەک دابێت کە لە ئاستیدا نییە و لە زانینی وردەکارییەکانی مێژووی پێوەندیداردا کڵۆڵە.

لێرەدا سەرنجی خوێنەر بۆ وێنە بۆ تێکستەکانی «ئەنتۆنی هایمەن» ڕادەکێشم کە جوان دیارە بۆ مەبەستێکی سیاسی و بەرژەوەندییەکی تایبەت کار دەکات. ئەو بە ڕاشکاوی بانگەشەی ئەوەی کردووە کە پرسێک بە ناوی کورد لە وڵاتی ترکیادا بوونی نییە. ئەو جیا لە چەواشەکردنی راستی و ژێرپێنانی ویژدان، لای وایە کە پرسی کورد تەنیا لە ”ایران” و ”عراق”دا بوونی هەیە و «ئینگمار کارلسۆن»ی سویدی ترکیار ئاسایی، هەوڵێکی باشی بۆ سانسۆڕی ڕاستییەکان داوە.[1]،[2]

لەم  بابەتەدا هەوڵ دەدرێت بە کورتیی لەسەر دوو کەسایەتی ناسراو و ناوداری دوو نەتەوە چەند زانیارییەک بخرێتە بەردەستی خوێنەر و لە دادێدا وەکوو پڕۆژەیەکی بەربڵاوتر، بە بەڵگە و زانیاری وردترەوە پاش ساڵانێک لێکۆڵینەوە بە شێوەیەکی بەربڵاوتر بڵاو دەکرێتەوە.

زەمەنی بەرباسی مێژوو هاڵۆز بوو. زلهێزان بەردەوام پلانی جۆراوجۆری لەپێشڕا داڕێژڕاوی خۆیان بەڕێوەدەبرد. شەڕێکی جیهانی لە ئارادا بوو و نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەموو بوار و تێکنۆلۆژیی ئەو سەردەم بێبەر بوون و ئەگەری دەستڕاگەیشتنیان بە بەشێکی کەم لەم بوارانەشدا بەوە بەسترابۆوە کە بە تەواویی خۆیان لە خزمەت پلان و بەرژەوەندییەکانی زلهێزاندا نابا.

زۆرینەی سەرچاوەکان باس لە کوشتارێکی بەربڵاوی ئەرمەنی، یۆنانی و ئاسۆڕییەکان دەکەن کە ئەمە بەشێکی بەلاڕێدابراوی مێژووی ئەو زەمەنە. واتە بەم شێوەیە نییە کە تەنیا هەر ئەو سێ نەتەوانە قوربانیان دابێت و تووشی کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی سیڤیل و بێ‌چەک بووبن، بەڵکوو نەتەوەکانی کورد، پارس و هتدش وەک سێ نەتەوەی باسکراو تووشی ئەو کارەساتە دڵتەزێنانە بوون.

لە ساڵەکانی شەڕی یەکەمی جیهانیدا کوشتار و کۆچی بەزۆری نەتەوەی کوردیش بە شێوەیەکی سیستەماتیک بەڕێوە چوو.[3]،[4]،[5] ناوچەی ورمێ کە بە پێی سەرچاوە کۆنەکانی مێژوو هەمیشە بەشێک بووە لە خاکی کوردستان، بە هۆی پڕپیت و بەرەکەتبوونی ناوچەکە بەردەوام گۆڕەپانی ڕمبازێنی هێزە جۆراوجۆرەکان بووە. لە بواری ستراتێژیکیشەوە بایەخ و گرنگی تایبەتی هەبووە و لە هەمان کاتیشدا بە هۆی نەریت و کولتوورێکی کە کوردی ئەم دەڤەرە هەیانبووە، میوانداری زۆر گەل و هۆزی دیکە بوون کە ڕەچەڵەکیان بۆ شوێنی دیکە دەگەڕێتەوە.

ئەم باسەی ئێستا پێوەندی بە ورمێ‌ی هەرکات کوردستانییەوە هەیە. شارێک کە گەر بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان ئاوڕی لێبدرێتەوە، ناسنامەکەی بۆ نەتەوەی کورد دەگەڕێتەوە، نەک بۆ نەتەوە کۆچبەرەکانی ئاسۆڕی و ترک. «مەتین هێپێر» کە بە شێوەیەکی بێلایەنانە کاری لەسەر مێژووی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، ئاماژەی بەم گرنگە کردووە کە ورمێ و دەڤەری زەریاچەی ورمێ لە کۆنەوە شوێنی ژیانی کوردان بووە.[6] لەو زەمەنەدا کە شەڕی جیهانی بەڕێوە دەچوو، دوو کەسایەتی لە دەڤەری ورمێدا سەرکردایەتی نەتەوەی خۆیان دەکرد. «سمکۆ خانی شکاک» کە سەرکردەیەکی کورد بوو و «مار بێنیامین شیمۆن» کە سەرکردایەتی ئاسۆڕییە کۆچەرەکانی بە دەستەوە بوو.

Smko. Serçawey wêne: Wikimedia

سمکۆی کوردان کەسایەتییەکی نەتەوەیی بوو کە سەرکردەی یەکجار هێژای کوردەکان، پێشەوا ”قاضی محمد” لە چەندان بۆنەی تایبەتدا قسەی لەسەر کردبوو. بە دڵنیاییەوە گەر سمکۆی کوردان کەسایەتییەکی دڵسۆز و هێژا نەبووبایە، پێشەوای کوردان کرێدیت و کەسایەتی خۆی بەوە خەوشەدار نەدەکرد کە بە جوانیی لەسەری دوابا. زەمەنێک کە سمکۆ تێیدا دەژیا، گەلێک هاڵۆزتر لە چاو زۆر زەمەنی دیکەی مێژووی هاوچەرخی نەتەوەی کورد بوو و هەربۆیە ئاساییە بێژین کە گەر کەسێکی دیکەش لە جێگەی سمکۆدا ڕۆڵی گێڕابا، تووشی هەمان پڕۆپاگەندە و شێواندنی کەسایەتییەکەی دەبوو. سمکۆ لە ماوەی ژیانی سیاسیی خۆیدا، سەردانێکی مێژوویی بۆ باشووری نیشتمانەکەی کرد. لەو سەردانەدا لەگەڵ شێخ ”محمود”ی سەرکردە هەوڵی پتەوکردنی یەکگرتوویی هێزی کوردیان دا. شێخ ”محمود” لەو زەمەندا بە تەمای پێکهێنانی ئەڕتەشێکی نەتەوەیی بۆ کوردستان بوو. سمکۆی کوردان پێشنیاری ئەوەی بە شێخ ”محمود” کردبوو کە باشتر وابوو هێرش بۆ سەر داگیرکەرانی کوردستان‌یان لە ”ایران”ەوە دەست پێ کردبا.[7] جیا لەوە کە چالاکییە سیاسی و نیزامییەکانی ئەو لە خزمەتی چەمکی نەتەوەیی کورددا بوو، لە مێژووی ڕۆژنامەوانی نەتەوەی کوردیشدا دەوری هەبوو و ناوی دەهێندرێت.

زلهێزانی چالاک لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا زۆر پلانی نامرۆڤانەیان بەڕێوەبرد کە لە ناوچە کوردستانییەکان زۆرتر لە ژێر بەرنامەکانی ڕووس و ئینگلیس بەڕێوە دەچوو. پیلانی ئەو حکومەتانە هەرکات شاردنەوەی جەنایەت و پلانەکانیان لە ناوچەدا بووە و نووسەرانێکی زۆریش کە لەژێر باڵی ئەو دوو سیستەمەدا ژیابوون، هەوڵیان بۆ شاردنەوەی ئەم ڕاستییانە دابوو. تەنانەت بەشێکیش لەم مێژوونووسانە سەر بە نەتەوەی کورد بوون کە لە خزمەت ئەم بەرنامانەدا کاریان دەکرد.

ئاسۆڕییەکانیش بە هەمان شێوە مێژوویەکی دڵتەزێنیان هەیە کە زۆر مەخابن بوونە بەشێک لە قوربانی پلانگەلەی زلهێزان و هیچ دەستکەوت و گاڕانتییەکیان پاش شەڕی یەکەمی جیهانیش بۆ مسۆگەر نەبوو. تاقمێک ئێلیتی ڕادیکاڵی ناسیۆنالیستیشیان هەیە کە بەردەوام بۆ وەدەستهێنانی بەرژەوەندیی خۆیان، هەوڵیان بۆ قێزەونکردنی وێنەی نەتەوەی کورد داوە. ئەو تاقمە بە شێوەیەکی سیاسیی کار لەسەر مێژوو دەکەن و ئامانجێکی ناپیرۆزیان هەیە کە زەرەر و خەساری هەر دووک نەتەوەی کورد و ئاسۆڕی لێ دەکەوێتەوە. ئەوان هیچکات ئامادە نین کە لەسەر جەنایەت و بەکارهێنانی نامرۆڤانەی ئاسۆڕییەکان لە لایەن زلهێزانەوە تێکستێک ئاراستەی ئەو دەوڵەتانە بکەن و دیواری کورت و ژیاری نەتەوەی کوردیان وەک تاقە ئاڵتێرناتیوی گەییشتن بە ئامانجەکانی خۆیان هەڵبژاردووە.

لە ناوبەری ساڵەکانی ١٩١٥ تا ١٩١٧ی زایینیدا دەڤەری ”آذربایجان” لە ژێر کۆنترۆڵی ڕووسەکاندا بوو. ڕووسەکان لەو ماوەیەدا بە پێی سەرچاوە ناکوردییەکان ڕێژەیەکی زۆریان لە کوردەکان تونا کرد.[8]،[9] لە ساڵی ١٩١٧ی زایینیدا ڕووسەکان خەریک بوون ”آذربایجان” چۆل بکەن. لەو کاتەدا کە ئەوان خەریک بوون لەو دەڤەرە ون بن، نزیکەی پەنجا هەزار چەکداری ئاسۆڕی و ئەرمەنی لە ”آذربایجان”دا هەبوون. ئاسۆڕی و ئەرمەنییەکان لەو ناوچەیەدا سامان و بەرهەمی کشت‌وکاڵی خەڵکی ناوچەیان تاڵان دەکرد، بە تایبەتی ئاسۆڕییەکان کە پێشتر لە ئاناتۆلیا ڕا بەرەو دەڤەری ورمێ گواسترابوونەوە، دەستێکی باڵایان لە تێکدانی ئابووریی ناوچەکە هەبوو و ئازارێکی زۆریان بە خەڵک دەگەیاند.[10]

Mar Benyamin XXIII Shimun. Serçawey wêne: Wikimedia

ئاسۆڕییەکان بەتەما بوون بە تەواویی دەست بەسەر دەڤەری ورمێ دابگرن، هەر بۆیە لە فکری ئەوەدا بوون کە سمکۆ وەک تاقە سەرکردەی هێزی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناو بەرن. لە لایەکی دیکەشەوە دەوڵەتی ”ایران” کە پێشینە و بڕوایەکی قووڵیان لە مێژوودا بە تێڕۆر هەبووە، خوازیاری لەناوبردنی سمکۆی کوردان بوون. دیارییەک بۆ سمکۆی کوردان ناردرا کە ئێستاش تەواو ڕوون نییە لە لایەن ”ایران”ییەکانەوە ناردرابوو یان ئاسۆڕییەکان ئەو کارەیان کردبوو. لە دیارییەکەدا بۆمبێک داندرابوو. سمکۆی کوردان بەو بۆمبە نەمرد، بەڵام براکەی ئەو بە کردنەوەی دیارییەکە کوژرا.[11] کوردەکان ئەمەندە بەم پلانە قێزەوەنە توڕە بوون کە هێرشیان بردە سەر ئاسۆڕییەکان، بەڵام بەهۆی ئەوە کە ئاسۆڕییەکان پڕچەک بوون، لەم هێرشەدا سەرکەوتوو نەبوون و ئاسۆڕییەکان توانیان بەرگری لە خۆیان بکەن. پاش ئەوە کە پاشەکشە بە کوردەکان کرا، کوردەکان هێرشیان بردە سەر ئامریکاییەکانی ئەو ناوچەیە کە پاڵپشتییان لە ئاسۆڕییەکانیان دەکرد. کوردەکان لەو هێرشەدا توانیان دەست بەسەر ماڵیاندا بگرن و بە تۆڵەی پلانی ناشرینی تێڕۆڕی سمکۆی سەرکردەیان بەشێک لە ئاسۆڕییە کۆچەرەکان لەناوبەرن.[12] جیا لە تێکهەڵچوونی ئەو هێزانەش، جەماوەری ناوچەکە بە بوونی هێزی ئاسۆڕییەکان ڕازی نەبوون، بەڵام بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایی جەماوەر لەو دەڤەرەدا کاردانەوەی هێزەکانی ئاسۆڕی لێکەوتەوە و بە چەک و هەڕەشە دەنگی نارەزایی جەماوەریان کپ کرد.[13] ئەم هاڵۆزییانە ڕەوشی ژیانی خەڵکی لە ناوچەکەدا زۆر ناخۆش کردبوو. جیا لەوەش پرسی ئەو نەتەوانە هەروا بە بێ وەڵام و دەستکەوت مابۆوە و زلهێزانیش تەنیا لە ئەگەری کەوتنەبەر مەترسی بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەدا ئامادە بوون کە جووڵەیەک لە خۆیان نیشان بدەن. بۆ ئەوەی کۆتایی بەم کێشانە بهێندرێت، سمکۆی کوردان پێشنیاری دانیشتنێکی بە مار بێنیامین شیمۆن لە ڕێکەوتی ٣ی مارسی ١٩١٨ی زایینیدا کرد. سمکۆ زۆر بە جوانیی پێشوازی لێ کردن و هەر دووک لا لە سەر ئەوە کۆک بوون کە بە یەکەوە هاوکاری بکەن، ڕۆحی برایەتی لە ناویاندا بەرز بکەنەوە و هەوڵ بۆ وەدەستهێنانی مافەکانیان بدەن.[14] تا ئێستاش بە وردیی ڕوون نییە کە سمکۆی کوردان بەڕاستی مەبەستی تۆڵە هەستاندنەوە لە کردەوەی تێڕۆریستی سەرکردەی ئاسۆڕییەکان هەبوو یان ئەوە کە لە دانیشتنەکەدا هەستی بە درۆ و فرت‌وفێڵی ئاسۆڕییەکان کردبوو، بەڵام ئەوەی کە لە کۆی سەرچاوە مێژووییەکان بەجێماوە ئەمەیە کە مار بێنیامین شیمۆن لەگەڵ هاوڕێ چەکدارەکانی تووشی چارەنووسێک بوون کە پێشتر بۆخۆیان بۆ سمکۆیان داڕشتبوو.

مار بێنیامین شیمۆن لەم ڕۆژەدا کوژرا.[15] لەناوچوونی مار بێنیامین شیمۆن خەسارێکی زۆری لە نەتەوەی ئاسۆڕی دا و پەژارەی لەدەستدانی ئەو کەسایەتییە ناسیۆنالیستە ئایینییە بۆ نەتەوەکەی ئەمەندە زۆر بووە کە لە شێعری لەدەستدانیدا ئاماژە بە ناوی سمکۆ کراوە.[16] ئەوەی کە خەساری بە وێنەی گشتیی مێژووەکە گەیاندووە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئاسۆڕییەکان لە نووسینەوەی مێژوودا هەموو لایەنەکانی ڕووداوەکە باس ناکەن. ئەوان پێویستە بەڵگەکانی دەوڵەتی ئامریکا بخوێننەوە و لە پلانەکانی کوشتاری سیستەماتیکی نەتەوەکانی ناوچە بە دەستی بریتانیای مەزن وەک مێژووی ڕاستەقینەی هۆزی خۆیان کەڵک وەربگرن.[17] جیا لەوە پێویستە ئاماژە بەم گرنگەش بکرێت کە بەشێک لە تێداچوونی ئاسۆڕییەکان بە پێی بەڵگەی ناکوردیی حاشاهەڵنەگر بۆ نەخۆشیی بەکۆمەڵی ئاسۆڕییەکان دەگەڕێتەوە کە لە دەڤەری ورمێ‌دا لەو زەمەن پێی تونا بوون.[18]

مار بێنیامین شیمۆن تەنیا کەسایەتییەکی ئایینی نەبوو و هاوکاریی هێزە سیاسییە ڕۆژئاواییەکانیشی دەکرد.[19] ئەو جیا لە ئەرکی ئایینیی خۆی، فەرماندەیەکی هێزی ئاسۆڕییەکانیش بوو. لە یەک لە چالاکییە گەورەکەیاندا کە بە هاوکاری ڕووسەکان بەڕێوەیان برد، هێزەکانی ئاسۆڕی بە سێ گورداندا بەش کران کە دوو دانەیان لە ژێر چاودێریی ڕووسەکان و ئەوی دیکەیان لە ژێر سەرکردایەتیی مار بێنیامین شیمۆن‌ەوە شەڕیان دەکرد. لەو شەڕەشدا توانیان کوردێکی زۆر بکوژن و سەرکەوتنێکی باشیان لە شەڕەکاندا بە دەست هێنا و خزمەتێکی گەورەیان بە بەرژەوەندی ڕووسەکان کرد. بەدوای ئەو سەرکەوتنانەش بوو کە مار بێنیامین شیمۆن سەفەری تیفلیسی کرد. لەوێ لە لایەن «گراند دووک نیکۆلاس»ەوە پێشوازییەکی یەکجار شیاوی لێکرا.[20] مخابن مار بێنیامین شیمۆن یەک لە هۆکارەکانی کێشەی ئێتنیکی لە ناوچە بوو و پاش کوژرانیشی، کوردێکی زۆر بوونە قوربانی هێرشی ئاسۆڕییە چەکدارەکانی ناوچە.[21] توناکردنی چەندان هەزار مرۆڤی ئاسۆڕی بە دڵنیاییەوە بۆ سمکۆ و هێزەکەی وەک ئاو خواردنەوە وابوو و ئەوە کە ئاسۆڕییەکان لەو دەڤەرەدا توانیان درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن، بۆ ئەم گرنگە دەگەڕێتەوە کە سمکۆی کوردان دژایەتی تەنیا لەگەڵ سیاسەتی تێڕۆریستی و نادۆستانەی مار بێنیامین شیمۆن‌ی ئاسۆڕی هەبوو، نەک لەگەڵ نەتەوەی ئاسۆڕی. سەرچاوەکانی پاش شەڕی یەکەمی جیهانی ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە ژمارەی ئاسۆڕییەکانی دانیشتووی دەڤەری ورمێ لە ساڵی ١٩٣٥ی زایینیدا بە پازدە هەزار کەس دەگەییشت.[22] ئەم ژمارەیەش بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی ڕێژەی خەڵک بە پێی خشتەی خەمڵاندنی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و لەبەرچاوگرتنی مێژووی ئەو دەڤەرە پاش شەڕی یەکەمی جیهانی بەو قەناعەتەمان دەگەیەنێت کە ژمارەی ئاسۆڕییەکانی دانیشتووی ورمێ لە پاش کوژرانی مار بێنیامین شیمۆن لە چەند هەزار کەسێک تێنەدەپەڕی. لە هەلومەرجێکی ئاواشدا گەر سمکۆی کوردان دژایەتی نەتەوەی ئاسۆڕی کردبا، دەیتوانی لە ماوەیەکی کورتدا بنە بە ئاسۆڕی ئەو دەڤەرە بهێنێت. سەرنجڕاکێشە کە کاتێک مار بێنیامین شیمۆن لە سەفەری هەندەران بوو، سورمە خانی خوشکی لە ژێر دەسەڵاتی سمکۆی کورداندا ژیانی دەکرد و کەرامەت و ئاسایشی پارێزراو بوو.

بڕوانە ئەم وێنەیەی ژێرەوە.

وێنە لە ئارشیوی واسیلی نیکیتین وەرگیراوە. لە وێنەکەدا سمکۆی کوردان، واسیلی ڕووس و سورمە خانی خوشکی مار بێنیامین شیمۆن دەبیندرێت.

سمکۆ وەک سەرکردەیەکی نەتەوەیی کێشەی لەگەڵ هەموو دەسەڵاتێک هەبوو کە دژ بە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەکەی جووڵاباوە. ئەو هیچکات یاریدەدەری هێزی بێگانە بۆ شکانی برایەکی خۆی یان هێزێکی نەیاری نەبوو. لە مێژووی شۆڕشیشیدا تۆمار کراوە کە هەم دژ بە دەسەڵاتی ترکان دەجووڵاوە و هەم ئەوە کە دژایەتی دەسەڵاتی ”ایران”ییەکانی دەکرد. ئەو خوازیاری دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی بوو و وێڕای ڕێزگرتن لە نەتەوە دراوسێکانی خۆی، شەرمی لەوە دەکرد بە ”ایران”ی بناسرێت.[23] ئەم شێوە بیرکردنەوەیەش بە هیچ شێوەیەک لە خانەی ناسیۆنالیزمی لە چەشنی داگیرکەرانی خاکی کوردستان نییە و مافێکی ڕەوای هەر مرۆڤێکە کە شاناز بێ بەو داب و نەریت و زمانە و ناسنامەیە کە تێیدا لەدایک بووە.

سەرچاوە و بەڵگە مێژووییەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە سمکۆی کوردان سەرکردەیەکی وشیار بوو. ئەو پێش ئەوە کە مار بێنیامین شیمۆن بە مێژوو بسپێرێت، لە پلانی یەکجار ناشرین و نامرۆڤانەی سەرکردایەتیی سیاسی ئاسۆڕییەکان ئاگادار بوو. هەر بۆیەش هیچ بە دوور نازاندرێت کە سڕینەوەی مار بێنیامین شیمۆن تەنیا لە بەر ئەو کارەی ئاسۆڕییەکان بووبێت، کردەوەیەکی زۆر مەترسیدار کە زۆرینەی مێژوونووسە کوردەکانیش پێیان نەزانیوە و تا بە ئێستا لەسەریان نەنووسیوە!

Surme. Serçawey wêne: British policy in Assyrian settlement.

پاش مار بێنیامین شیمۆن تەنیا یەک کەس وەک تاقە ئاڵتێرناتیڤ بۆ سەرکردایەتیی چەکدارە ئاسۆڕییەکان مابۆوە. ئەو بە ناوی «مارشال ئاغا پێترۆس» لە مێژوودا ناسراوە کە سەر بە عەشیرەتی «باز»ی ئاسۆڕییەکان بوو. ناوبراو پێشینەیەکی باشی نەبوو و هەر بۆیەش لە سەرەتادا کێشەیەکی زۆری بۆ یەکخستن و بەڕێوەبەریی هێزی ئاسۆڕییەکان هەبوو. بە تایبەتیی بنەماڵەی مار بێنیامین شیمۆن ئامادە نەبوون پێترۆس وەک سەرکردەیەک قبووڵ بکەن.[24] بەڵام لە ڕاستیشدا ئاسۆڕییەکان چارەیەکی دیکەیان نەبوو. لە ناو ئەواندا جیا لە پێترۆس تەنیا سورمە خانی خوشکی مار بێنیامین شیمۆنیان هەبوو و هەر چەند کە هەوڵێکی بەرچاویشی بۆ خەڵکەکەی خۆیدا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

پێشتر پێترۆس لە ژێر فەرمانی مار بێنیامین شیمۆن‌دا کاری دەکرد.[25] ئەو لە سەرکردایەتیی ئاسۆرییەکاندا ڕۆڵی خۆی بە باشی گێڕا و بە تەواوی پلانەکانی بریتانیای مەزنی لە ناوچەدا بەڕێوە برد. لە دواییدا کە کۆنفرانسی لۆزان بەسترا، پێترۆس‌یش ڕێگەی پێدرا تا لەو کۆنفرانسە گرنگەدا بەشداریی بکات.[26] بە دڵنیاییەوە گەر خزمەتگوزاریی ئەو بۆ بریتانیای مەزن نەبووایە، پێی بەم شوێنە نەدەگەییشت. بەڵگەکانی کۆنفرانسی لۆزان ئەمە دەسەلمێنن کە ئاسۆڕییەکان داوای پێکهێنان و بە فەرمیناساندنی دەوڵەتێکیان بۆ خۆیان کردبوو کە بەشێکی زۆری خاکی کوردستانی لە خۆی دەگرت! ئەو دەوڵەتەی کە پێترۆس لە لۆزان داوای کردبوو، بریتی بوو لە خاکێک کە دەکەوتە ناوبەری موسڵ، هەکاری و ورمێ! ئەمەش واتە داگیرکردنی خاکی کوردستان. هەر لەم پێوەندییەوە تێلێگرافەکانی پێترۆسیش بلاو کراونەتەوە.[27] سەرچاوە ئینگلیسییەکانیش ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە کە ئاسۆڕییەکان گەرەکیان بوو ورمێ بۆ هەتاهەتایە داگیر بکەن.[28] جیا لەم بەڵگە و سەرچاوانەش، سورمەی خوشکی مار بێنیامین شیمۆن بەر لە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی لۆزان باسی لە پێکهێنانی دەوڵەتێک بۆ ئاسۆڕییەکان کردبوو کە سنوورەکەی دەکەوتە ناوبەری ناوچەکانی موسڵ، جزیرە و ورمێی کوردستانی و پێداگریشی لەسەر ئەم گرنگە کردبۆوە کە دەوڵەتەکەیان دەبوا لە ژێر دەسەڵاتی بریتانیای مەزن بەڕێوە چووبا.[29] سورمە لە دواییدا لە ساڵی ١٩١٩ی زایینیدا بەرەو ئینگلیس وەڕێکەوت تا لەسەر پرسی ئاسۆڕییەکان وت‌ووێژ. لە کاتی سەفەرەکەیدا کە ئیتر ئەو لە ناوچەدا نەمابوو و هاوکات ئاسۆڕییەکان پێویستییان هەبوو بە سەرکردەیەکی پیاو بۆ بەڕێوەبەریی شەڕگەکان، ڕێگە بۆ پێترۆس خۆشتر بوو کە بتوانێ بۆشایی سەرکردایەتیی هێزی

Petros. Serçawey wêne: British policy in Assyrian settlement.

ئاسۆڕی پڕ بکاتەوە.[30] پیترۆس ئەوەی لە توانای دابوو کردی تا ببێتە سەرکردەی هێزەکەی خۆی و بریتانیای مەزن لە خۆی ڕازی بکات، بەڵام لە دواییدا لە لایەن ئینگلیسییەکانەوە بە خەیانەتکردن تۆمەتبار کرا و تاوانی هاوکاریان لەگەڵ فەڕانسەوییەکان خستە سەرشانی.[31]،[32] سورمەی خوشکی مار بێنیامین شیمۆنیش کە لە دواییدا لە موسڵ نیشتەجێ ببوو، لە لایەن هێزەکانی ”عراق”ی لەو شارە دەرکرا. سورمە ناچار بوو موسڵ بەرەو ”بغداد” جێبهێڵێت، بەڵام ڕێگەی مانەوەیان لەوێش پێ نەدا. دۆستە ئینگلیسییەکانیشیان لە دوورەوە بینەری دەرکردن و هەڵسوکەوتی دڵتەزێنی ”عراق”ییەکان لەگەڵ سورمەی ئاسۆڕی بوون کە چلۆن بە ڕووخاوی و وێرانییەوە ڕێگەی هەندەرانی لە پێش گرت و بەرەو کیپرۆس (قبرس) کۆچی کرد.[33] ئاسۆڕییە سیڤیلەکانیش کە لە دەڤەری بارزاندا نیشتەجێ ببوون، لە لایەن کوردەکانەوە نە کێشەیەکیان بۆ ساز نەبوو، بەڵکوو ڕێزیان لێ گیرا و ئاسایشیان پارێزرا.[34] لە دواییدا «کۆمەڵگای نەتەوەکان» لە ساڵی ١٩٢٥ی زایینیدا قبووڵی ئەوەی کرد کە ناوچەی دەرەوەی موسڵ زێدی ئاسۆڕییەکانە و دەتوانن لەوێ خۆبەڕێوەبەریی ژێر باڵی ”عراق”یان هەبێت. ئینگلیسییەکانیش کە ئیتر پێویستییەکیان بە ئاسۆڕییەکان نەمابوو، پشتیان بەردان و ”عراق”یش بە دەستێکی ئاوەڵاوە هێرشێکی زۆر دڕەندانەیان بۆ سەر ئاسۆڕییەکان برد. بە هەزاران مرۆڤی سیڤیل و بێ‌چەکی ئاسۆڕی بریتی لە ژن و مناڵی بێتاوان کوژران. ٦٥ گوند لە کۆی ٩٥ گوندەکەیان لێ خاپوور کرا و بەشێکی بەرچاویان لە سەرڕا گەڕانەوە بۆ ورمێ‌ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەشێکیشیان پەنایان بۆ وڵاتی ئامریکا برد.[35] جێگە و پێگەی مار بێنیامین شیمۆنیش دەکرا کە بە «مار شیمۆن ئێشای» پڕ بباوە بەڵام ئەویش لە ساڵی ١٩٧٥ی زایینیدا لە ئامریکا کوژرا.[36]

مار بێنیامین شیمۆن بە دڵنیاییەوە سەرکردەیەکی خۆشەویست بوو بۆ نەتەوەکەی، بەڵام بەداخەوە جیا لە هەموو ئەو نائارامییانەی لە خاکی کوردستاندا نایبۆوە، داڕێژەری ئەو پلانە نادروستەش بوو کە خاکی کوردستان داگیر بکات و دەوڵەتێکی ساختەی لە سەر بونیات بنێت. پرسیارێک کە وەک مێژوو دەبێ لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی جیهانی بکرێت، پێویستە بەم شێوەیە گەڵاڵە بکرێت:

گەلۆ بۆ وێنە بۆ نەروێژییەک ئاساییە کە لە سەر خاکەکەی دەوڵەتێکی ساختەی “عربی” بونیات بنرێت؟ سمکۆی کوردان چ ئاڵتێرناتیڤێکی دیکەی هەبوو کە وڵامدەرانی ئەم پرسیارە خۆیان دەتوانن بۆ خۆشیانی بە ڕەوا بزانن؟

سۆران کرباسیان

٣ی ١١ی ٢٠١٣ی زایینی

 

 

 

Serçawekan:


[1]  Anthony Hyman, ‘Elusive Kurdistan: The Struggle for Recognition’, Conflict Studies, no. 214 (1988), p. 8

[2] Metin Heper, The State and Kurds in Turkey; The Question of Assimilation, ISBN-13: 978–0–333–64628–1, 2007 PALGRAVE MACMILLAN, P 3

[3]  BOA, DH.ŞFR 57/275, İAMM to Diyarbekir, 3 November 1915.

[4]  U.Ü. Üngör, Young Turk social engineering : mass violence and the nation state in eastern Turkey, 1913-1950, UvA-DARE, the institutional repository of the University of Amsterdam (UvA)  2009 Faculty of Humanities, Filename 5: Deportations of Kurds, 1916-1934, Final published version, P 218

[5]  جیا لە دوو سەرچاوەی پێشوو کە ئاماژەیان بەم ڕاستییە کردووە، پێداچوونەوەم کردووە بە سەدان بەڵگەی پێوەندیدار کە لە ئارشیوە جۆراوجۆرەکانی وڵاتانی ئەورووپی دۆزیومنەوە و لەبەردەست دان. جیا لەو بەڵگانە دوو سەرچاوەی ئاڵمانیش بەدەستەوە هەن کە کوشتاری سیستەماتیکی نەتەوەی کورد لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانیدا پشتڕاست دەکەنەوە. ئەم بەڵگانە لە لایەن زۆر لایەن و نووسەرەوە سانسۆڕ کراون و بەشێکیش لە نووسەران پێیان نەزانیوە. پێویستە ئەمەش بگوترێ کە هەر لە سەرەتاوە ”جمعیت اتحاد و ترقی” پلانی ئەوەیان داڕشتبوو کە لە دوای توناکردنی ئەرمەنییەکان، کوردەکانیش بە هەمان شێوە لە بازنەی سیاسی و بوونیان لە ئاناتۆلیا بسڕنەوە. بۆ زانیاری زێدەتر لەم پێوەندییەوە بڕوانە:

a)       The words ‘zo’ and ‘lo’ are derogatory expressions in Turkish, referring to the Armenian and Kurdish languages, respectively. Firat Cewerî, Li Mala Mîr Celadet Alî Bedir-xan (Stockholm: Nûdem, 1998), pp.71-5
b)       U.Ü. Üngör, Young Turk social engineering : mass violence and the nation state in eastern Turkey, 1913-1950, UvA-DARE, the institutional repository of the University of Amsterdam (UvA) 2009 Faculty of Humanities, Filename 5: Deportations of Kurds, 1916-1934, Final published version, P 223

[6]  Metin Heper, The State and Kurds in Turkey; The Question of Assimilation, ISBN-13: 978–0–333–64628–1, 2007 PALGRAVE MACMILLAN, P 35

[7]  Cecil John EDMONDS (Adviser to the Ministry of the Interior, Iraq 1935-1945), KURDS TURKS & ARABS, 1957 London, translated by Ebrahim Younesi 1988, P 343

[8]  W.S. Vanneman,Tabriz,to Scott, New York, 16 Aug. 1915,PHS, RG 91-4-18;F.G. Coan, Urmia, to Robert Speer, New York, 11 July 1916, PHS, RG 91-5-19; Shedd, Measure, 205;c.f., Kasravi,Eighteen Year History, chapterXII.

[9]  Michael Zirinsky, American presbyterian missionaries at Urmia during the great war, PP 8-9

[10]  Brrwane du serçawey pêşû.

[11]  Michael Zirinsky, American presbyterian missionaries at Urmia during the great war, P 11

[12]     ئەم میسیۆنێرییە لە دواییدا لە ڕێکەوتی ٢٤ی ٥ی ١٩١٩ی زایینی لە لایەن ”رضا سوادکوهی” (پهلوی) لەو دەڤەرە دەرکران.

a)      Michael Zirinsky, American presbyterian missionaries at Urmia during the great war, P 11
b)      Michael P. Zirinsky,”Render Therefore unto Caesar the Things Which Are Caesar’s: American Presbyterian Educators and Reza Shah,”Iranian Studies, 1993, PP 340-342.

[13]  Michael Zirinsky, American presbyterian missionaries at Urmia during the great war, P 9

[14]  Ashor Giwargis, The Patriarch Mar Binyamin Shimmun

A Martyr of the Assyrian Nation & the Church of the East, Translated into English by Mary C. (Canada), Article published in the Arabic newspaper, “An-Nahar” on 14 March 2004, 2004 Chicago, The Lighthouse.

[15]  Martin van Bruinessen, A Kurdish Warlord on the Turkish-Persian Frontier in the Early Twentieth Century: Isma`il Agha Simko, Utrecht University, P 18

[16]  Vasily Shumanov, Mar Binyamin Shimmun, 2004 Chicago, The Lighthouse.

تێبینییەک لە سەر ئەو شێعرە: ئاسۆڕییەکان لە تێکستەکەدا سمکۆی کوردانیان بە سمکۆی ”مسلمان” ناو بردووە. ئەمە سەرچاوە لە دژایەتیی خەستی ئاسۆڕییە مەسیحییەکان لەگەڵ ”اسلام” وەردەگرێت، ئەگینا سمکۆی کوردان هیچکات لە پێناو ”اسلام” و هێج چەمکێکی دیکەدا خەباتی نەکرد.

[17]  Mohammad Gholi Majd, The Great Famine & Genocide in Iran: 1917-1919, ISBN-13: 978-0761861676, University Press of America

[18]  Joel E. Werda, The Flickering Light of Asia or The Assyrian Nation and Church, 1924 Author, P 21

[19]  Jessica R. Eber , Fatal Ambivalence: Missionaries in Ottoman Kurdistan, 1839-43,2008 Wesleyan University, P 3

[20]  LT. COL. R. S. STAFFORD D.S.O., M. C. The Tragedy of the Assyrians، THE TRAGEDY OF THE ASSYRIANS، 1935، P  21

[21]  LT. COL. R. S. STAFFORD D.S.O., M. C. The Tragedy of the Assyrians، THE TRAGEDY OF THE ASSYRIANS، 1935، P P 21-23

[22]  LT. COL. R. S. STAFFORD D.S.O., M. C. The Tragedy of the Assyrians، THE TRAGEDY OF THE ASSYRIANS، 1935، P  17

[23]  Thomas Bois, The Kurds, Translated from the French by Professor M.W.M. Welland, 1966 Khayats Beirut, P 148

[24]  LT. COL. R. S. STAFFORD D.S.O., M. C. The Tragedy of the Assyrians، THE TRAGEDY OF THE ASSYRIANS، 1935، P  23

[25]  Robert DeKelaita, The Origins and Development of Assyrian Nationalism, University of Chicago, P 9

[26]  Naures Atto, Hostages in the Homeland, Orphans in the Diaspora: Identity Discourses Among the Assyrian/Syriac Elites in the European Diaspora, ISBN-13: 978-908728 148 9, 2011 Leiden University Press, P 94

[27]  Telegrafekan le jêr em naw u nîşane bllaw bûnetewe.

a)      No.230, 231, No.353 January 15, 1923
b)      No.368 Response to his Excellency Ismet Pasa, No.278C, Response to 16/1/39 (see No.3530) January 18, 1923

[28]  Isaac E. Asia, British Policy In Assyrian Settlement, P 7

[29]  LT. COL. R. S. STAFFORD D.S.O., M. C. The Tragedy of the Assyrians، THE TRAGEDY OF THE ASSYRIANS، 1935، P  63

[30]  LT. COL. R. S. STAFFORD D.S.O., M. C. The Tragedy of the Assyrians، THE TRAGEDY OF THE ASSYRIANS، 1935، P  30

[31]  Ashur Giwargis, The Assyrian Liberation Movement And the French Intervention (1919 – 1922)

[32]  Sargon Dadesho, The Assyrian National Question at the United Nations (Modesto, California, 1987), P 78

[33]  LT. COL. R. S. STAFFORD D.S.O., M. C. The Tragedy of the Assyrians، THE TRAGEDY OF THE ASSYRIANS، 1935، P  166

[34]  Isaac E. Asia, British Policy In Assyrian Settlement, P 13

[35]  Brrwane têkstekanî Banipall Ramsini.

[36]  Hirmis Aboona, ASSYRIANS, KURDS, AND OTTOMANS, 2008 USA, ISBN 978-1-60497-583-3, P 79

تێبینی: ئەم بابەتە پێشتر لە ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ بڵاو ببۆوە کە بەستەرەکەی لە ژێرەوە داندراوە. ئەم بابەتە لەم پێگەیەدا هەندێک گۆڕانی بەسەردا هاتووە و چەند وێنەیەکیشی پێ زیاد کراوە.

http://www.nnsroj.com/detiles.aspx?id=6098&ID_map=25

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …