Home / ناوداران / حەبێ خان

حەبێ خان

حەبێ خان

fb_img_1476263392388

 

حەبێ خان، کچی کەریم بەگی فەتاح بەگی حەمە پاشای جاف یەکێکە لە ئافرەتە بلیمەت و ناودارەکانی مێژووی هاوچەرخمان . ئەم خاتووە سالار و هەڵکەوتووە ساڵی 1927 لە کەلاری کۆندا چاوی بە ژیان هەڵهێناوە،

 

 

 

لە سایەی باوکیدا، کەریم بەگ ، سەرۆکی عێلی جاف ، و لە ئامێزی خانەوادە ناسراوەکەیاندا پێگەیەنراوە و، لەسەر خۆشەویستیی کورد و کوردستان و دابونەریتی خێڵەکی و کۆمەڵایەتیی ڕەسەنی نێو کوردەواری گۆش و پەروەردە کراوە.

 

 

 

حەبێ خان هەر بە منداڵی لەسەر خواستی باوکی، بۆ ئەو قوتابخانە سەرەتاییە کە تازە لە کەلاری کۆندا دامەزرا بوو، نێردراوە و لەوێ وەکو یەکەمین کچە قوتابی لە مێژووی ناوچەکەیدا شانبەشانی کوڕانی هاوتەمەنی خۆی خوێندوویەتی. ئەوجا حەبێ خان لە ژێر چاودێری و ڕێنمایی باوکی و کەسوکاریدا، دەچێتە مەیدانی سوارچاکی، جریدبازی و تیرهاوێژی و تێیدا پەیتا پەیتا وەک شۆڕە سوارێکی تفەنگچیی شۆخ و شەنگ و کارامە ناوبانگ دەردەکات و دەناسرێت .

 

 

 

حەبێ خان بە وێنەی کەریم بەگی بابی، هەر لە سەرەتای ژیانییەوە نموونەی بەخشندەیی و کوردپەروەریی پێوە دیار بوو، ئەوەبوو لە تافی لاوێتییدا، لە سەرەتای چلەکانی سەدەی ڕابردوودا، هەرچی خشڵ و زێڕێکی هەبووە لە پێناوی ڕێبازی پارتی هیوادا بەخشیویەتی و دەستبەرداری بووە .

 

 

 

چونکە ئەو دەمە (هیوا) لە سنووری گەرمیاندا گەشەی سەندبوو، زۆر لە کەسایەتی و پیاوماقوڵانی ئەو دەڤەری- بە کەریم بەگ و خزمانیشیەوە- لە خۆ گرتبوو. پاشانیش، حەبێ خان وەک زۆر لە ئەندامانی بنەماڵەکەی دەچێتە ڕیزی خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە و لە پێناوی پتەوکردن و گەشەپێدانی ڕێکخستنەکانی ئەم پارتە تێکۆشەرەدا ڕۆڵێکی کوردانە و مەردانەی بەرچاو لە سنووری گەرمیاندا دەبینێت و، لەو پێناوەدا چەندین جار هاتووچۆی نێوان کەلار و کفری و خانەقین و بەغدا دەکات ،  لە بواری ڕێکخستنەکانی ئافرەتاندا بە تایبەتی شوێندەستی دیار دەبێت .

 

 

 

هەر لەو میانەدا حەبێ خان لێهاتووانە شانبەشانی هەڤاڵانیدا، لە چوارچێوەی بارەگای (ڕێکخراوی خەبات) لە کەلاردا (کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو) کۆمەڵێک ئەرک و چالاکیی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری.. ئەنجام دەدەن.

 

 

 

ساڵی 1963 پاش ئەوەی مەحموود بەگی مێردی دەچێتە ڕیزی شۆڕشەوە لە سنووری قەرەداغ، حەبێ خان لەبەر باری ناهەمواری کەلار ناچار دەبێت بگوازێتەوە بۆ گوندی بانسندوق (خوارووی کەلار)، وەلێ زۆری پێناچێت لەسەر دووزمانی و ڕاپۆرتی کوێخای گوندەکە، حەبێ خان بەتۆمەتی ئەنجامدانی چالاکی سیاسیی نهێنی لە پێناو پارتیدا، ڕاپێچی بنکەی پۆلیسی ناحیەی (قەرە تەپە) دەکرێت و ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە و سەر ئێشەیەکی زۆر دەبێت .

 

حەبێ خان و مەحموود بەگی مێردی

 

سەرئەنجام بەڕێوەبەری ناحیەکە، چونکە پیاوچاکێکی سەر بە هۆزی (عەزەی) عەرەبی دەبێت و ڕێزی زۆر لە بەگزادەکانی جاف دەگرێت، هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ و حەبێ خان لەو کێشەیە دەرباز دەکات.

 

 

 

ئیدی حەبێ خان دەگەڕێتەوە بۆ کەلار و سەر لە نوێ لەوێندەر نیشتەجێ دەبێتەوە و تا دواساتەکانی تەمەنی هەمان ڕێبازی کوردانە و مرۆڤانەی نەگۆڕی خۆی پەیڕەو دەکات و، بەهۆی خەسڵەتە بەرزەکانییەوە وەک: ڕاستگۆیی، بەخشندەیی، خواپەرستی، هەژار دۆستی، میهرەبانی، خۆشمەعشەری، هەقبێژی، بوێری….

 

 

 

هەمیشە مایەی ڕێز و حورمەتی خەڵک دەبێت. نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە حەبێ خان وەک زۆر لە نەوەکانی بنەماڵەکەی ئەدەبدۆست و شیعربێژ بووە، لە کات و بۆنەی جیاجیادا کۆمەڵێک هەڵبەستی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیی و لاواندنەوەی بەپێز و هەستبزوێنی هۆنیوەتەوە و ڕاستەوخۆ لەبەر پێشکەشی خزم و دۆست و بیسەرانی کردووە.

 

 

 

وەلێ، (مخابن) زۆربەی ئەو شیعرانە بزربوون و بە دەستمان نەگەیشتوون. ئەوانەشیان کە ماون هێشتا تۆمارنەکراون بەڵکو دەماودەم دەگوترێنەوە. ئەمە لە کاتێکدا شیعرەکانی مینە جافی برای بەهۆی تۆمارکردنیانەوە، گەیشتنە دەستی مامۆستا مستەفا نەریمان و ساڵی (1990) لە دیوانێکی قەشەنگدا بە چاپی گەیاندن و کەوتنە بەر دەستی خوێنەران.

 

 

 

حەبێ خان لە گەڵ نەوەکانیدا

 

 

 

ڕۆژی 11/7/1997 حەبێ خان، شاژنی گەرمیان، پاش تەمەنێکی دەوڵەمەند و پڕ لە خزمەت و هەڵوێستی بەرز ماڵئاوایی یەکجارەکیی لێ کردین.

وێنەو مێژوو

About زريان احمد

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …