وته‌یه‌ك له یادی تیرۆری دكتۆر قاسملوودا
نوسینی:شوان هەورامی
له رۆژی 13 ی ته‌مووزی 1989 دا له شاری ڤیه‌ننای پایته‌ختی نه‌مسا ، له كاتی گفتوگۆی سیاسیی نێوان سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و به‌رپرسانی ئێران‌دا ، بۆ جارێكی تر تراژیدیای تیرۆری سه‌ركرده‌كانی كورد چه‌ندباره بووه‌وه ، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به فۆرم و شێوازێكی نوێ و له‌ژێر چه‌تری كاری دیبلۆماسیدا .
كتێب و راپۆرتی زۆر له‌سه‌ر شێوازی تیرۆره‌كه نوسراوه ، بۆیه له‌و باره‌وه هیچم نیه باسی بكه‌م ، به‌ڵكو ده‌مه‌وێت له‌م یاده‌دا باسی كه‌سایه‌تیی دكتۆر قاسملوو بكه‌م ، كه له ماوه‌یه‌كی هه‌ستیاردا رێبه‌رایه‌تی حیزبێكی گه‌وره‌ی كوردستانیی كرد و دواجاریش به‌و تراژیدیایه كۆتایی به ژیانی هات . بۆیه لێره‌دا به دوور له عاتیفه‌ی كوردانه ده‌مه‌وێت خاڵه به‌هێز و بێهێزه‌كانی ژیانی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ی مێژووی هاوچه‌رخی كوردستان ئاماژه پێ بده‌م ، كه پێویسته په‌ند له هه‌ردوو لایه‌نی به‌هێز و بێهێزی وه‌ر بگرین ، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه خۆیان به درێژه پێده‌ری رێبازی ئه‌و رێبه‌ره‌ی خۆرهه‌ڵات ده‌زانن .
خاڵه به‌هێزه‌كانی :
ئه‌م سه‌ركرده‌یه خاوه‌نی چه‌ندین خاڵی به‌هێز بوو ، به‌ڵام ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت مه‌رج نیه زه‌مینه و زه‌مان گونجاو بووبن بۆ سه‌ركه‌وتنی له خه‌باتدا ، كه گرنگترینیان ئه‌م خاڵانه‌ن :
1. دكتۆر قاسملوو به پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانی كورد ، خوێنده‌وارێكی زیره‌كیی ئه‌كادیمیی بوو ، هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو بووه هۆی ئه‌وه‌ی زانكۆكانی جیهان حه‌زیان ده‌كرد ئه‌م كه‌سایه‌تیه وه‌كو مامۆستا تیایاندا وانه بڵێته‌وه . ئه‌م مامۆستایهتیهش وایكرد كه تۆڕێكی جیهانی له په‌یوه‌ندیی ئه‌كادیمیی له‌گه‌ڵ خوێندكارهكارهكانیدا درووست بكات . هه‌ر ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه بوو كه وایكرد له لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه كرایه راوێژكاری ئابووریی و زۆر به‌رنامه‌ی سه‌ركه‌وتوانه‌ی پێشكه‌شی ئه‌و حكومه‌ته كرد .
2. زمان زان و دیپلۆماتێكی شاره‌زا و سه‌ركه‌وتوو بوو ، قاسملوو له ریزی پێشه‌وه‌ی هه‌موو سیاسه‌تمه‌دارانی كورده‌وه بوو ، زۆر باش زمانی دیالۆگی له‌گه‌ڵ سیاسه‌تمه‌دارانی جیهاندا ده‌زانیی ، هه‌ر بۆیه توانیبووی تۆڕێكی به‌رفراوانی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ سیاسه‌تمه‌دارانی خۆرئاوایی دروست بكات .
3. هه‌وڵی ده‌دا له‌گه‌ڵ هه‌موو پارچه‌كانی تری كوردستاندا په‌یوه‌ندیی باشی هه‌بێت ، هه‌ر بۆیه‌ش توانی له نێوان ساڵانی ( 1983 – 1985 ) دا زه‌مینه‌ی گفتوگۆی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و حكومه‌تی به‌عس رێك بخات ، كه دواتریش – دوای كۆتایی هاتنی جه‌نگی عێراق و ئێران – مام جه‌لال به دكتۆر قاسملووی وتبوو ئێستا سه‌ره‌ی ئێمه‌یه كه زه‌مینه‌ی گفتوگۆی ئێوه و حكومه‌تی ئێران خۆش بكه‌ین ، كه به‌و تراژیدیایه كۆتایی هات .
4. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دكتۆر كه‌سایه‌تیه‌كی سه‌ربازیی نه‌بوو ، به‌ڵام هه‌میشه سه‌ردانی باره‌گا و ناوه‌نده‌كانی حیزبی دیموكراتی ده‌كرد و پێشمه‌رگه‌كانی به‌سه‌ر ده‌كرده‌وه ، ئه‌م تێكه‌ڵ بوونه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و پێشمه‌رگه‌دا كردبوویه كه‌سایه‌تیه‌كی كاریگه‌ر و كارێزمیی و به گرنگیه‌وه گوێی بۆ ده‌گیرا .
5. رێبه‌رێكی ئیشكه‌ر و ماندوویی نه‌ناس بوو ، له لایه‌ك وه‌كو نووسه‌رێك به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر نووسین و توێژینه‌وه‌كانی ، له لایه‌كی تریش له‌سه‌ر كاری حیزبیی و رێكخراوه‌یی و بۆ هه‌موو ئاسته‌كانی حیزبه‌كه‌ی خولی رۆشنبیریی و رێكخراوه‌یی به‌رده‌وامی هه‌بوو ، له رووی دیپلۆماسیی و پهیوهندییهكانیشهوه به‌رده‌وام بوو له‌وه‌ی دۆست و پشتیوان بۆ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی خۆرهه‌ڵات په‌یدا بكات ، كه‌سایه‌تیه‌كی پراگماتیش بوو له هه‌لسوكه‌وتی سیاسی‌دا و حه‌زی نه‌ده‌كرد له هه‌وڵه‌كانیدا بگاته بنبه‌ست ، كه مه‌خابن زۆر جار سیاسه‌تمه‌دارانی كورد درووشمی كوردستان یا نه‌مانیان به‌و شێوه‌یه مانا كردووه ، كه یا ده‌بێ كورد هه‌موو مافه‌كانی ده‌سته‌به‌ر بكات یا هیچ ، كه ئه‌مه له‌لای سیاسه‌تمه‌دارێكی وه‌كو قاسملوو مانای نه‌بوو .
خاڵه بێهێزه‌كان :
كاتێ كه ئاماژه به خاڵه بێهێزه‌كان ده‌كه‌م ده‌بێ ئه‌وانه‌ی كه عاتیفیانه ئه‌و رێبه‌ره‌یان خۆش ده‌وێت به‌رچاویان ره‌ش نه‌بێت ، چونكه سروشتی مرۆڤه‌كان وایه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌هێزیش بن خاڵی بێهێزیشیان هه‌یه و ئه‌مه‌ش هیچ كاتێ نابێته هۆی له‌ناوبردنی ناوبانگیان ، به كورتی ئاماژه به چه‌ند خاڵیك ده‌ده‌م :
1. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دكتۆر له ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵات خوێندنی ته‌واو كردووه ، كاریگه‌ریی قوتابخانه‌ی سۆسیالیستیی به‌سه‌ره‌وه بوو ، له كه‌سایه‌تیی و له ههلسوكهوتیشیدا ، بگره له‌و كاتانه‌ش كه رێگه‌ی سۆشیال دیموكراتی گرته‌به‌ر هه‌مان هه‌ژموونی په‌روه‌رده‌یی خۆرهه‌ڵاتی له‌سه‌ر مابوو ، بۆیه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی دیموكراسیی ده‌كرد ، به‌ڵام تاكڕه‌وانه زۆر بڕیاری گرنگی ده‌دا ، كه دواجار ئه‌و گفتوگۆیه‌ی كه له‌گه‌ڵ ئێران‌دا ده‌ستی پێكرد یه‌كێك بوو له‌و بڕیارانه‌ی كه زۆربه‌ی زۆری سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كه‌ی ئاگایان لێی نه‌بوو ، هه‌ر بۆیه‌ش تیرۆر كردنه‌كه‌ی شۆكێكی گه‌وره‌ی له‌ناو حیزبه‌كه‌یدا دروستكرد .
2. هه‌مان شێوازی مامه‌ڵه‌ی تاكڕه‌وانه‌ی له‌ناوخۆی حیزب‌دا هه‌لومه‌رجێكی خراپی هێنایه كایه‌وه كه باڵێك له حیزبه‌كه‌ی جیابوونه‌وه و خۆیان وه‌كو حیزبێكی تر راگه‌یاند ، كه تا ئه‌مڕۆش ئه‌و گرفته چاره‌سه‌ر نه‌كراوه ، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه بوو له كۆنگره‌ی حیزب‌دا ئه‌و لیستێكی بۆ خۆی دروستكرد( كه ناسرابوو به لیستی فیكس ) كه ده‌نگیان پێ بدرێت ، زۆرێك له كادیرانی باڵا پێیان راگه‌یاند كه ئه‌و وه‌كو رێبه‌ری حیزب هیچ كه‌س نایه‌وێت جێگه‌ی بگرێته‌وه ، بۆیه پێویسته ئه‌و بێلایه‌ن بێت و رێبه‌رایه‌تی هه‌موو لایه‌ك بكات ، به‌ڵام ئه‌و سوور بوو له‌سه‌ر بۆچوونه‌كه‌ی تا ئه‌و لێكترازانه روویدا .
3. پێش له رێبه‌رایه‌تی دكتۆر قاسملوو دارا تۆفیق ( عه‌بدوڵڵای ئیسحاقی ) سكرتێری حیزبی دیموكرات بوو ، كه له لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه ده‌ستگیر كرا و سه‌رنگون كرا ، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه دكتۆر قاسملوو كه په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر باشی له‌گه‌ڵ سه‌دام و ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كردا هه‌بوو هیچ هه‌وڵێكی نه‌دا بۆ رزگار كردنی ، كه هه‌ندێ ئاگاداری ناوخۆی حیزبه‌كه‌ی هۆكاری ئه‌وه بۆ چه‌ند خاڵێك ده‌گێڕنه‌وه ، كه گرنگترینیان ئه‌وه بووه كه دكتۆر قاسملوو تا ئه‌و كاته‌ش هه‌ژموونی كۆمۆنیسته‌كان و حیزبی ” توده ” ی له‌سه‌ر بووه و ” دارا تۆفیق ” یش كه‌سایه‌تیه‌كی نه‌ته‌وه‌یی بووه و له مه‌لا مسته‌فای بارزانیه‌وه نزیك بووه ، ئه‌گه‌ر بوترێت دكتۆر توانای ئه‌وه‌ی نه‌بووه ناوبراو له چنگی به‌عس رزگار بكات ، به‌ڵام خۆ ناكرێت ناوی ئه‌و سكرتێره شۆڕشگێڕه له ئه‌رشیف و مێژووی ئه‌و حیزبه بسڕدرێته‌وه ، كه نه‌بیستراوه دكتۆر له هیچ كۆنگره و وتارێكدا یادی ئه‌و كه‌سایه‌تیه به‌رز راگرێت . كه ئه‌وه نه‌ك هه‌ر سته‌مه به‌ڵكو هه‌ڵه‌یه‌كی رێكخراوهییشه .
4. له سه‌ره‌تای شۆڕشی گه‌لانی ئێران‌دا كاتێ دكتۆر قاسملوو كۆبوونه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌كانی له سه‌رانسه‌ری كوردستاندا به‌رپا ده‌كرد ، جاری وا هه‌بوو ژماره‌ی ده‌گه‌یشته نیو ملیۆن كه‌س ، به‌ڵام تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت درووشمی ئه‌و حیزبه دیموكراسی بۆ ئێران و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستانه ، كه له‌و كاته‌ی كه ئێران حاڵی په‌شێو بوو ، دووژمنایه‌تی هه‌موو جیهانی ده‌كرد ، هه‌لومه‌رجی كورد زۆر باش بوو بۆ هه‌ر داواكارییه‌ك ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رژێمی نوێ ئاماده نه‌بوو هیچ مافێكی سیاسیی بۆ خه‌ڵكی كوردستان دابین بكات ، ده‌بوو دكتۆر قاسملوو ئیعلانی خولی دووه‌می كۆماری كوردستان بكاته‌وه ، كه ئه‌و كاره له لایه‌ك هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی زۆر به‌رز ده‌جوڵاند و له لایه‌كی تریش ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی كه دواتر روویدا له ده‌ركردنی هێزی پێشمه‌رگه له ناوچه رزگار كراوه‌كانی كوردستان رووی بدایه هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ر به به‌رزیی راده‌گرت ، هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی تا ئه‌مڕؤش مه‌شخه‌ڵی كۆماری كوردستان له هزری هه‌ر كوردێكدا هه‌ڵگیرساوه ، كه ئه‌و بڕیاره ئه‌گه‌ر بدرایه خاڵێكی وه‌رچه‌رخانی گه‌وره و پرشنگدار ده‌بوو له مێژووی ئه‌و رێبه‌ره و خه‌باتی حیزبهكهشیدا .
5. گه‌رچی راگه‌یاندنی ئه‌و كاته‌ی حیزبی دیموكرات و لایه‌نگرانی كۆمه‌ڵه‌یان به درێژه پێده‌ری شه‌ڕی ناوخۆی نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه هه‌ژمار ده‌كرد ، به‌ڵام به پێی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك كه له‌لای به‌نده‌یه سۆشیالیستی نێوده‌وڵه‌تی له پشتی ئه‌وه‌وه بوون كه به دكتۆریان وتبوو پێویسته پێش له‌وه‌ی ئێوه مافی چاره‌نووس به‌ده‌ست بهێنن كۆسپه‌كانی سه‌ر رێگه‌تان ته‌خت بكه‌ن ، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه سه‌ر به كوتله‌ی خۆرهه‌ڵاتن ، كه مه‌خابن ئه‌م جه‌نگه عهبهسیهی نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه به قازانجی گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێران بوو بۆ هه‌موو خاكی كوردستان و ده‌رپه‌ڕاندنی هێزی پێشمه‌رگه له خۆرهه‌ڵاتی كوردستان .
6. هه‌رچه‌نده پێشتریش ئاماژه‌مان پێدا هه‌میشه سه‌ركرده‌كانی كورد له گفتوگۆدا دوو گورزی كه‌مه‌رشكێنیان به‌ركه‌وتووه ، له لایه‌ك ئه‌وه‌ی له گۆڕه‌پانی جه‌نگدا به‌ده‌ستیان هێناوه له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ له ده‌ستیان داوه ، له لایه‌كی تریش هه‌ندێ جار سه‌ركرده‌كان كه‌وتوونه‌ته داوی پیلانی نهیارهكانیانهوه ، ئه‌وه‌ی له ساڵی 1930 دا له شاری شنۆ به ناوی گفتوگۆوه بۆ شه‌هید سمایل خانی سمكۆ هاته پێشه‌وه ، هه‌مان پیلان بوو به شێوه‌یه‌كی تر كه بۆ دكتۆر قاسملوو دانرایه‌وه ، كه تا ئێستاش ئه‌وه نهێنیه‌كی گه‌وره‌یه كه ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره چۆن كه‌وته ئه‌و داوه ترسناكه‌ی حكومه‌تی تارانه‌وه ؟ كه به‌داخه‌وه هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌و تراژیدیایه ئه‌وه بوو كه سه‌ركردایه‌تی سیاسیی حیزبه‌كه‌ی ئاگاداری ئه‌و گفتوگۆیه نه‌بوون ، تا رێوشوێنی ئه‌منیی بۆ بگرنه‌به‌ر و نه‌كه‌ونه ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌وه ، كه‌واته گه‌رچی دكتۆر زیره‌ك بوو به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و تاكڕه‌وییه‌وه كه‌وته ئه‌و داوه ترسناكه‌ی موخابه‌راتی تارانه‌وه !!
لێره‌دا پێویسته یادی بیرمه‌ندی ناوداری كورد ( فازل ره‌سوڵ ) یش به‌رز راگرین ، كه ئه‌ویش بووه یه‌كێك له قوربانیه‌كانی ئه‌و تراژیدیایه ، كه مه‌خابن له لایه‌ن سیاسه‌تمه‌دارانی كورده‌وه نه‌ك یاد ناكرێته‌وه ، به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌وه‌ی له چه‌په‌وه به‌ره‌و ئیسلام گه‌ڕابووه‌وه و بیرمه‌ندێكی گه‌وره بوو له ئاستی بیرمه‌نده گه‌وره‌كانی عه‌ره‌بدا زۆر ناجوامێرانه تۆمه‌تیشی ده‌ده‌نه پاڵ كه گوایه نزیك بووه له ئێرانه‌وه ، جا ئه‌گه‌ر ناوبراو له ئێرانه‌وه نزیك بایه ده‌بوو خه‌ڵات بكرێت وه‌كو دۆسته‌كانی ئێران ، نه‌ك بیده‌نه به‌ر رێژه‌نه‌ی گوللـه .