Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووی ئەلفوبێی کوردی بە پیتی عەرەبی(بەشی یەکەم)

مێژووی ئەلفوبێی کوردی بە پیتی عەرەبی(بەشی یەکەم)

لثقل

مێژووی ئەلفوبێی کوردی بە پیتی عەرەبی.

ن/ ھێمن حەسەن ڕۆستەم

بەشی یەکەم …

دەستپێک …

کورد وەک نەتەوەیەکی دێرین و زیندوو بۆ پاراستنی زمانەکەی پەنای بردۆتە بەر نوسین ، ئاشکرایە نوسین بریتیە لە کۆمەڵێ ڕەمز و پەیڕەو . نەتەوەی کورد بە درێژایی مێژوو لە نوسیندا چەند ئەلفوبێیەکی بەکار ھێناوە ، بەڵام لە ئێستادا سێ ئەلفوبێ بەکاردێنێت ،  بریتین لە : ( ئەلفوبێی کوردی بە پیتی عەرەبی ، ئەلفوبێی لاتینی ، ئەلفوبێی سلاڤی ) ، دێرینترینیان لەم سێ ئەلفوبێیە ئەلفوبێی عەرەبییە ، ئەم ئەلفوبێیە بریتیە لە ( ٣٤ ) پیت ، پیتەکان بریتین لە : ( ئـ ـ ا ـ ب ـ پ ـ ت ـ ج ـ چ ـ ح ـ خ ـ د ـ ر ـ ڕ ـ ز ـ ژ ـ س ـ ش ـ ع ـ غ ـ ف ـ ڤ ـ ق ـ ک ـ گ ـ ل ـ ڵ ـ م ـ ن ـ هـ ـ ە ـ و ـ ۆ ـ وو ـ ی ـ ێ ) لەدانانی ئەم ئەلفوبێیە کەڵک وەرگیراوە لە ئەلفوبێی زمانیی عەرەبی ، بەڵام ئەم ئەلفوبێیە تایبەتە بە زمانیی کوردیی ، لەڕووی ژمارە و شێوەی پیتەکانەوە جیاوازە لە ئەلفوبێی عەرەبی ، ئەلفوبێی فارسی . ھەندێک لە زمانەوانەکانی کورد بە ئەلفوبێی کوردی ئارامی ناوی دەھێنن ، ڕەنگە ئەم بیرە لە ھەستی سۆزداری بۆ نەتەوەی کورد سەرچاوەی گرتبێت ، ڕاستە ئەلفوبێیەکە لە بنەڕەتدا ئەلفوبێی ئارامییە ، بەڵام ئێمەی کورد لە زمانی عەرەبییەوە وەرمانگرتووە ، پێویستە ھەر بە ئەلفوبێی کوردی بە پیتی عەرەبی ناوی بھێنین ، ناشکرێت ناوی ئەلفوبێی كوردیی بەتەنھا بۆ ئەم ئەلفوبێیە بەکاربھێنین ، چوونکە لە ئێستادا کورد یەک ئەلفوبێ بەکار ناھێنێت تا گوزارشت بێت لە ئەلفوبێیەکی دیاری کراو ، بەڵکوو ناوھێنان (ئەلفوبێی کوردیی ) گوزارشتە لە ھەموو ئەلفوبێیەکانی ئێستای زمانی کوردی.

ھۆکارەکانی بەکارھێنانی ئەلفوبێی عەرەبی لەلایەن نەتەوەی کوردەوە .

١. ھۆکاری سیاسیی : بەبڕیارێکی ڕامیاری لە سەردەمی دەسەڵاتی خەلیفەکانی دەوڵەتی ئومەویی ( الأموية)لە لایەن خەلیفە ( عبدالملیک بن مروان ) چاکسازی لە دامودەزگای دەوڵەیدا کراو، زمانی عەرەبی بوو بەزمانی ڕەسمی و کارگێڕی . ( نەتەوەکان و ھەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئومەویی وەک ( بیزەنتینیەکان ، خاکی ئێران ، شام ، عێراق ، میسر ) بە فەرمانی ( عبدالملیک بن مروان ) ،زمانی عەرەبی بەناچاری سەپێنرا بەسەریاندا و بوو بەزمانی نوسین ، ئاخاوتن ، دامەدەزگای میری ، مامەڵەی کارگێڕی … ) . ( تاریخ الدولة الأموية ، د.محمد سهيل طقوش ، ص ٩٨-٩٩ )

لە ساڵی ٧٤ کۆچی ، بەرامبەر بە ٦٩٥ زاینی دراوی بیزەنتینیەکان و ساسانییەکان   بە بڕیاری ( عبدالملیک بن مروان )گۆڕا بۆ دراوی دەوڵەتی ئومەویی ، لەسەر ڕووی دراوەکە (محمد رسول الله ) و (لا إله إلا الله وحدە) نەخشێنرا .

( التعريب في العصرين الأموي والعباسي ، د. توفيق سلطان اليوزبكي).

صيصثب

دیناری دەوڵەتی ئومەویی ، ساڵی ٧٤ ھ ، ٦٩٥ زاینی . سەرچاوە ( ویکیبیدیا ، ar.wikipedia.org دینار أموي )

٢- ھۆکاری ئاینی : لەدوای بڵاوبوونەوەی ئاینی ئیسلام و فتوحاتەکانی دەوڵەتە ئیسلامییەکان ، قورئانی پیرۆز کە بەزمانی عەرەبی بوو ، بوو بەزمانی ئاین ، بەزمانییەکی پیرۆز تەماشا دەکراو ، بەھۆی پیرۆزکردنیەوە ھاوڵاتیانی ژێر فەرمانڕەوای دەوڵەتە ئیسلامییەکان گرنگیان پێدەدا ، پیاوانی ئاینی ئیسلام لە ڕێگەی مزگەوت ، حوجرەکان ، گوتار ، کۆڕوکۆبوونەوە ، زمانی عەرەبیان دەگەیاند بەخەڵکی و تاوەکو فێری خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز و نوسینی ببن ، ئەمە وایی کرد تا ئەم سەردەمە زمانی عەرەبی بە زمانێکی پیرۆز سەیر بکرێت ، جێگەی گرنگیپێدان بێت

 ٣- ھۆکاری زانستی و وێژەیی : دوابەدوای بڕیاری تەعریبکردنی زمانی عەرەبی و ناساندنی بە زمانی دەوڵەت و کارگێڕی ، ( عبدالملیک بن مروان دەستی کرد بە وەرگێڕانی کتێبەکانی ئەو نەتەوانەی کەوتبونە بن دەسەڵاتی ئیسلام ، ھەرچی ئەوکتێبانە ھەیە کە بەزمانی خەیرە عەرەب نوسراون وەرگێڕان بۆ زمانی عەرەبی وەک کتێبی ( فارسەکان ، بیزەنتینییەکان ، یۆنانیەکان ، میسرییەکان … ) ، ئەم ھەوڵە بەردەوام بوو تاوەکوو سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکان ، لەم سەردەمەدا زمانی عەرەبی بە زانست و فەلسەفە و وێژە تێرکرا . دامەزراندنی ھەرسێ قوتابخانەی ( حران ، نصيبين ، جنديسابور) لە سەردەمی عەباسییەکاندا کاریگەریەکی بەرچاوی بەسەر زمانی عەرەبیەوە بەجێ ھێشت و زمانی عەرەبی لە زانستی کیمیا و فەلسەفەی یۆنانیدا پاراوترکرد) . ( التعريب في العصرين الأموي والعباسي ، د. توفيق سلطان اليوزبكي )  ( ئیبن وەحشییە باس لە دوو کتێب دەکات ، بە زمانی کوردی و خەتی ماسی سۆراتی نوسراوە ، لە شام دۆزراونەتەوە و عبدولملیک بن مروان لای خۆی پاراستویەتی ، وەریگێڕاوە بۆ سەر زمانی عەرەبی ، یەکێک لەو کتێبانە باس لە کشتوکاڵ و باخداری دەکات ، ئەوی تریشیان باس لە دۆزینەوە و دەرھێنانی ئاو دەکات لە ژێر ئەو زەوییانەدا کە وشکن ) . ( شوق المستھام فی معریفة رموز الاقلام )  .

ئەم ھۆکارانە بووە ھۆی ئەوەی نەتەوەی کورد وەک نەتەوەکانی تری ژێردەسەڵاتی ئاینی ئیسلام بەر ھەژموونی زمان و نوسینی عەرەبیی بکەوێت . دەرئەنجامی بەسیاسیکردنی زمانی عەرەبی وایکرد ئەو نەتەوانەی بۆماوەیەکی زۆر زمانی و نوسینی عەرەبی سەپێنرا بەسەریاندا ، لە نوسین و ئەدەبیاتی باپیرانیان داببڕێن و بێئاگا بن لێیان .

لەدوایی لاوازبوونی دەوڵەتی عەباسی و دەرکەوتنی چەند دەوڵەتێکی تر ، وەک ( سامانییەکان ، غزنەویەکان ، سەلجوقیەکان ، )

نەتەوەکانی کورد و فارس و تورک  ئەفغانستانگەڕانەوە سەر نوسین بەزمانی خۆیان بە پیتی عەرەبی ، بەڵام ھەرزوو درک کرا بەو کەموکوڕیانەی ئەلفوبێی عەرەبی بەرامبەر بە زمانی ( کوردی و فارسی و تورکی و ئەفغانی ) ، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە پیتەکانی ( پ، ژ ، چ ، گ ، ڤ ) خرانە ناو ئەلفوبێی عەرەبی ، بەم جۆرە ئەلفوبێی عەرەبی لای ئەو نەتەوانە لە ( ٢٨ ) پیتەوە بوو بە ( ٣٣ ) پیت .

ئەلفوبێی عەرەبیی : ( أ، ب، ت، ث، ج، ح، خ، د، ذ، ر، ز، س، ش، ص، ض، ط، ظ، ع، غ، ف، ق، ك، ل، م، ن، هـ، و، ي )

‎پیتەکانی ( پ ، ژ ، چ ، گ ، ڤ ) ڕوون نییە لە لایەن کێ و چی نەتەوەیەکەوە داھێنراون و خراونەتە ناو ئەلفوبێی عەرەبییەوە ، چوونکە ئەدەبی نوسراوی (کوردیی و فارسی دەری ) ھاوسەردەمە لەتەک یەکدا و بۆ سەدەی چواری ھیجری بەرامبەر بە سەدەی ١٠ زاینی دیاری کراوە ، پێویستە ئاماژە بکەین بە پیتی ( ڤ ) کە تا ئێستا لای فارسەکان پێی نانوسرێت بەڵام لای کوردان پێی دەنوسرێت ، کوردەکان لە چەند سەردەمێکی جیاوازدا گۆڕانکاری و چاکسازی لە ئەلفوبێکەیاندا کردووە و سیمایەکی کوردانەیان پێ بەخشیوە ، لە سەرەتای سەدەی بیستدا توانیان ئەلفوبێیەک تایبەت بەخۆیان دابنێن ، ئەو پیتە عەرەبیانەی کە بەرامبەر بە ھیچ دەنگێکی کوردی نین لایبەن و پیتی نوێ بخەنە ئەلفوبێیەکەیان .ئەو پیتانەی لە سەدەی بیستدا لابران بریتیبوون لە پیتەکانی ( ث ، ص ، ض، ذ ، ط ، ظ )

مێژووی ئەلفوبێی کوردیی بە پیتی عەرەبی :

ئەگەر بمانەوێت ساڵ و سەدەی ئەلفوبێی کوردی بە پیتی عەرەبی دیاری بکەین ، دەبێت بۆ مێژووی وێژەی نوسراوی کورد بەو ئەلفوبێیە بگەڕێینەوە . بە بۆچوونی ( د.مارف خەزنەدار ) بۆ شاعیری ئەھلی تەسەوف ( بابە تاھیری ھەمەدانی) لە ساڵی ٩٣٧ ز – ١٠١٠ ز ) بە زاری لووڕی دەگەڕێتەوە . بابە تاھیر بەدەر لە پیتە عەرەبیەکان پیتەکانی ( پ، چ ، ژ ، گ، ڤ ) بەکار ھێناوە ، کەواتە ئەلفوبێی کوردی لەو دەمەدا بەدەر لە (٢٨ )پیتەکەی ئەلفوبێی عەرەبی ، (  ٥ )پیتی دیکەی ھەبووە . ئەو پیتانەی لای نوسەران و شاعیرانی کلاسیکی کورد تا کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست پێی دەنوسرا بریتیبوون لە : ( أ، ب، پ ، ت، ث، ج ، چ ، ح، خ، د، ذ، ر، ز، ژ ، س، ش، ص، ض، ط، ظ، ع، غ، ف، ق، ڤ ، ك، گ ، ل، م، ن، هـ، و، ی )

لثقل

وێنەی کۆپیەک لە دیوانی مەلای جەزیری

لثقلفقص

وێنەی کۆپیەک لە فەرھەنگی ( نوباران)ی ئەحمەدی خانی

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …